Skip to Content

دەق لەدەرەوەی ئایدیۆلۆژیا.. غازی حەسەن

دەق لەدەرەوەی ئایدیۆلۆژیا.. غازی حەسەن

Closed
by شوبات 23, 2022 General, Literature

ناتوانم بڵێم ئایدیۆلۆژیا دەق دەکوژێت، یان ژەهرێکە هەرچی وزەی دەق هەیە کزی دەکات و دواتریش لەبزاڤی دەخات و دەیکوژێت. ئایدیۆلۆژیا یەکێکە لەگەمەکانی مرۆڤ لەنێو دەقدا. کتێبە پیرۆزەکان پڕن لەئایدیۆلۆژیا، کەچی هێشتا ئەم دەقانە کاریگەریی یەکجار زۆریان لەسەر بیرکردنەوە و داهاتووی مرۆڤەوە هەیە. تەنیا کە دەق دەگۆڕێت بۆ ئایدیۆلۆژیا، دوور نییە خودی ئەو دەقەی، کە هەڵگری فکری مرۆڤایەتییە و بەشێوەیەکی ئاشتیخوازانە نووسراوە، ببێتە سەرچاوە و هاندەری کوشتن و بنەبڕکردنی مرۆڤیش.
دەق؛ ئەو شتانە دەگرێتەوە کە پەیام و مەبەست و کەرەستەی گەیاندن و کارتێکردنیان لەخۆگرتووە، یان لەقسەکەر و نێرەرەوە بە گوێگر و وەرگرەکانی دەگەیەنرێت، لەهەمان کاتدا خوێندنەوەی دەقیش بەئایدیۆلۆژیا هەمان ئاکامی دەبێت، کە پێشتر ئاماژەمان پێدا.
دەقێک ڕەنگە گوتارێکی سیاسی ئاشتیخوازانە بێت و بیەوێت ئاژاوە و شەڕ و ناکۆکی ببڕێتەوە، یان بەپێچەوانەوە گوتارێک بێت لەپێناو سەپاندنی ئیرادەی تاکلایەنە و داگیرکاریی و سڕینەوەی ئەوانی دیکە. هەر چیەک بێت، دەق پێویستی بەفکرە و بیرۆکە و بیروباوەڕێک هەیە، ئەم بیروباوەڕە هەندێک جار هێندە (لەقالب دەدرێت و سنووردار دەکرێت، بەرەو ئایدیۆلۆژیا دەگۆڕێت). هەموو ئایینەکان پەیامێکی مرۆیی گشتگیری نێونەتەوەیی بێ سنوور و چوارچێوەداریان لەخۆگرتووە، لەهەمان کاتدا کە (ئایینێک ئایینێکی دیکە ڕەت دەکاتەوە) ئەم ئایینە بەرەو ئایدیۆلۆژیا دەبردرێت، ئەم بەرەو ئایدیۆلۆژیی بردنە (توندوتیژی و سڕینەوە و ڕەتکردنەوە و کۆیلەکردن و سزا) بەرهەم دەهێنێت. یان کە گوتاری ئایین دەبێتە گوتاری (پیاوسالاری)، یان (گروپێکی دیاریکراو) ئیدی ئەم ئایینە بەرەو ئایدیۆلۆژیای ڕەگەزپەرستی و زمانی جێندەر (نێر، نەژاد، نەتەوەی پەرستی بەرچاوتەنگ) دەبردرێت.
دەق هەر دەقێک بێت، ڕۆمان، شیعر، یان ئەو بۆچوون و لێکدانەوانەی خوێنەر لەخوێندنەوەی دەق دروستیان دەکات، ئەگەر بەرەو ئایدیۆلۆژیا بردران، ئیدی سنوورەکان بەرتەسک دەبنەوە، فرە ڕێگایی و فرە فکر و بیرۆکە نامێنێت و دەسڕێتەوە، یەک ڕەنگ و بیر و شت پیرۆز دەکرێت.
من لەپێش ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ لەڕوانگەیەکی ئایدیۆلۆژی کوردایەتی و سیاسی، کە بەسترابۆوە بەفکری چەپخوازیی کوردستانی لەنێو بزاڤی ڕزگاریخوازی کوردستان سەیری گروپێکی ئەدەبی (شیعر)م لە هەولێر دەکرد، نەم دەویست تەنیا و تەنیا لەچوارچێوەی دەق و شیعر بیریان لێ بکەمەوە. لەبەر ئەوەی هەموو هەڵسوکەوت و ڕەفتار و بیرکردنەوەمان لەنێو ئایدیۆلۆژیا دەژیا، ناهەقمان نەبوو، لەهەمان کاتدا هەقیشمان نەبوو. لەم قۆناغە شۆڕشگێڕییەدا من و ڕەنگە هی دیکەش هەبووبن، دروشم نووسینێکی سەر دیوارمان پێ لەهەزار شیعر پێ باشتر بووبێت، یان پۆستەری شەهیدێکمان پێ لەبەرگی دەیان کتێب پێ پیرۆزتر بووبێت. پسەپسێکی نهێنیمان لەدەیان کۆڕی شیعری پێ کاریگەرتر بووبێت. دەوروبەر کاریگەریی زۆری لەسەر بیرکردنەوەی مرۆڤەکان و ڕۆنانی دەقی نووسراو و گوتراو و تەنیا وێناکردنی دەقیش لەنێو فکری مرۆڤەکاندا دەبێت.
ئەز ئەو کاتی ئەم چەشنە بزاڤە ئەدەبییەی (طلیعی/ پێشڕەوی) لەخۆ نابوو کە (سەباح رەنجدەر و ئەنوەر مەسیفی و عەباس عەبدوڵڵا یوسف و حەمە باوەکر و دڵشاد عەبدوڵڵا و هاشم سەراج) کاریان تێدا دەکرد، بە دەقی (مرۆڤ ڕووخێنەرم دەزانین) پێم وابوو، هیچ دەقێک ناتوانێت ببێتە دەقێکی مرۆیی و خزمەتگوزار و نەتەوەیی، ئەگەر باسی نەتەوە و ئازارەکانی مرۆڤ وەکو دروشم و ئایدیۆلۆژیای ڕزگاریخوازی نەکات. قۆناغە سیاسییەکە وابوو، هەموومانی لەقالبی ئایدیۆلۆژیا سنووردار کردبوو. من ئەم جۆرە دەقەم بەپاشکۆ و مرۆڤ ڕوخێنەر، یان بەرهەمی سەردەمی ڕەشبینی جەنگ و داتەپین دەزانی، ڕەنگە هەندێکی دیکەش لەگەڵ من هەمان لێکدانەوەیان هەبووبێت. لەنێو ئەم ئایدیۆلۆژیاستانەدا هەموو بوونێکی دیکەمان لەدەرەوەی (فکر و ڕێکخستن و ئایدیۆلۆژیا)ی تایبەتی خۆمان بە پووچ دەزانی.
نەپیشڕەویی لەشیعردا، نە فۆرمی گران توانیان ئەدەب و گوتاری ئەدەبی بگەیننە قۆناغێکی ئەدەبی یەکلاکەرەوەی داهێنەرانە، نە ئایدیۆلۆژیاش توانی ئەم بزاڤە لەکار بخات. من قسە لەسەر ئێستا و تێڕوانین و لێکدانەوەی خۆمە، نەک دەقی شیعری کەسانێک، کە ئەو کات پێم هەزم نەدەکران. لای من هەنووکە هەموو شتێک دەقە، هەموو دەقێکیش خاوەنی فکرە و بۆچوونێکە. با(شەمەندەفەر گوڵەبەڕۆژەی مێژوو دەکرتێنێ) و یا (مووی ناو کونە دیواران)یش هەبێت. ئەمانەش لەنێو واتایەکی شاراوەدا فکرێکی شاراوەی نادیارمان پێ دەگەیەنن. ئەو کات (ئاو)یش هەبوو (بەفری گەرم) و پرۆژەی کودەتایەکی نهێنی و پرچی ئەو کچە ڕەشمالی گەرمیان و کوێستانە، زریان و شیعرەکانی پەشێو و شێرکۆ و پەرۆش و کەریم دەشتی و جەلال بەرزنجی و ئیسماعل بەرزنجی و ئاوارە و شارباژێری و ئەوانی دیکەش و شتی دیکەش هەبوون، بۆچوونە ڕەخنەییە جدییەکانی ئازاد عەبدولواحیدیش هەبوو. قسەکردن لەسەر چیرۆک کاریان تێ دەکردم، کرێکار لەچیرۆکی کوردی و خوێندنەوەی شار و شتی دیکەش هەر یەکەی پەلێکیان گرتبووم لەنێوان ئایدیۆلۆژیا و دەقدا ڕاکێش ڕاکێشان پێ دەکردم. مەحمود زامدار پڕۆژەی نەوەیەک بوو، هەمیشە دەیویست کەسانێکی دیکە پێ بگەن. ئەو کات دەیانگوت کەسانێکیش لەبۆنەی بەعس شیعر دەخوێننەوە، بۆیە ئێمەی گەنج کە خۆمان خزاندبووە نێو کاری شۆڕشگێڕی بەم شتانە دڵتەنگ دەبووین و هەموو شتێکمان لەنێو ئایدیۆلۆژیا دەبینی. لەهەمان کاتدا هەموو لاپەڕەکانی هاوکاری و بەیان و ڕۆشنبیری نوێ و هەتا ئۆتۆنۆمی و هەر چاپکراوێکی دیکە هەبووایە دەمانخوێندەوە، وەکو ئاشق بۆنی دەقمان دەکرد و شتمان دەخوێندەوە.
سەباح ڕەنجدەر یەکێکە لەوانەی بڕوا ناکەم ئەگەر لەسیاسەتیش بڕوانێت، بەڵام خۆی خزاندبێتە نێو ئایدیۆلۆژیا، ئەو وەکو خۆشی دەڵێت تەنیا و تەنیا دەیەوێت لەنێو شیعردا بژیت، ئەو لەنێو دەقی شیعردا سەیری دونیا دەکات. بۆیە، کە من لەنێو دەقی ئایدیۆلۆژیایەکی دیاریکراوی چەپخوازی سەیری دەقم دەکرد، لەگەڵ دەقی (بێ فکر و ئایدیۆلۆژیا) ڕووبەڕوو دەبووم، لەناخەوە ڕقم لەم جۆرە دەقە بوو، پێم وابووە ئەوانە مرۆڤکوژن، ئیرادەی کەسایەتی و فکری بەرەنگاربوونەوە و ڕێگای ئازادیخوازیمان دەگۆڕن و بەرەو داتەپین و تەسلیم بوونمان دەبەن، ئەمە تەنیا فکری من بەتەنیا نەبوو.
لەگەڵ سەباح ڕەنجدەر لەڕۆژانی ڕاپەڕین بووینە هاوڕێی یەکتر و لەقۆناغی شەقڵاوە بەیەکەوە دەستمان بەکاری ڕاگەیاندن کردووە، هیچ کاتێک لەبیر و بۆچوونی شیعر و ئایدیۆلۆژیا، دەق و حزبایەتی لەگەڵ یەکتر گونجاو نەبووین، لەقۆناغی ئاڵای ئازادیدا جیاوازیمان لەچۆنیەتی بڵاوکردنەوە و هەڵبژاردنی دەقی ئەدەبی زۆرت دەرکەوت، بەڵام من وەکو سەرنووسەری هەفتەنامەکە و ڕەنجدەریش وەکو بەرپرسێکی لاپەڕەی ئەدەبی ڕۆژنامەکە لە هەولێر هیچ ڕۆژێک دژی یەکتر و هەڵسوکەوتی ناحەزانەمان دژ بەیەکتر نەبووە و تاکو ئەمڕۆش هاوڕێ و دۆستی یەکترین و لەبیرکردنەوەمان لەبارەی ئەدەب جیاوازین. ڕۆژێک لەئاڵای ئازادی دەقێکی شیعری ڕەنجدەرمان دیزاینیش کردبوو لەبەر ناوونیشانەکەی (باڵیباڵندە) کە بەم شێوەیە بەیەکەوەی نووسیبوو، لامان دا، من لەگەڵ ئەمجۆرە بەیەکەبەستنەوەی وشەکان نەبووم، خوا هەڵناگرێت (حەمە فەریق حەسەن)یش کە ئەو ئاکات لەگەڵ (حەمەکەریم عارف و عەتا قەرەداغی) لە ئاڵای ئازادی کاریان دەکرد و قسەی یەکەم بۆ ئەوان بوو، پاڵپشتی منی کرد و بابەتەکەمان لادا. من غەدرم لەدەق کرد، لەپێناو خۆبەستنەوە بەیاسای زمان و خۆلەقاڵبدان لەنێو ئایدیۆلۆژیای سیاسی. وەکو چۆن یەکەمین دیداری ڕۆژنامەوانی (جەلالی میرزا کەریم)یشمان بەشێکی لادا و بڵاونەکردەوە کە وابزانم (عەتا قەرەداغی) ئامادەی کردبوو، من بڕوام وابوو دەبێت بابەتی کورت لەئاڵای ئازادی بڵاوبکەینەوە و دەرفەت بەزۆرترین ناو بدەین بابەتەکانیان بڵاوببێتەوە و ڕەنجدەریش لەم بابەتە زۆرپێی داگرت، کە هەمووی بڵاوبکەینەوە، بەداخەوە ئەم دوو پرسیارەمان لادا و نازانم دواتریش چی لێهات.
کارکردن لەنێوان دەق و ئایدیۆلۆژیا، کارێکی ئاڵۆز و قورسە، دوای ساڵانێکی زۆر لەململانێ لەگەڵ خۆم، گەیشتمە ئەم بڕوایەی دەق دەبێت وەکو دەق لەدەرەوەی ئایدیۆلۆژیا شی بکرێتەوە، تەنیا خودی دەقێکی ئایدیۆلۆژیش پێویستە لەدەرەوەی ئایدیۆلۆژیا شی بکرێتەوە، بۆ ئەوەی ناسنامە و پێناسەی دەقەکە وەکو خۆی بنووسینەوە و دەربخەین. مرۆڤ لەنێو زمان و دەقدا پێ دەگات و گەشە دەکات، نەک لەنێو ئایدیۆلۆژیا کە تواناکانی مرۆڤ سنووردار و بچووک دەکاتەوە.
دەق هەموو سەردەمێک دەژی، بەڵام ئایدیۆلۆژیا هەموو ڕۆژێک دەمرێت. دەق ستراتیژێکی درێژخایەنی ئارامی سەقامگیری بۆ ژیان و بوژانەوەی فکری مرۆڤایەتی هەیە، بەڵام ئایدیۆلۆژیا تاکتیکێکی کاتی کورتبینە و لەهەڵبەز و دابەزە، وەکو سیاسەت وایە، دەمرێت و هەموو ڕۆژێک دەمرێت.
دەمێکە لەوە گەیشتووم، کە پێویستە دەق لەدەرەوەی ئایدیۆلۆژیایەکی سنوورداری تایبەت و لەقاڵبدراو بخوێندرێتەوە، تەنیا پێویستە دەقی سیاسیش لەدەرەوەی ئایدیۆلۆژیا بخوێندرێتەوە و وەکو دەق مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، نەک وەکو ئایدیۆلۆژیا، چونکە ئایدیۆلۆژیا ڕەتکردنەوەی بەرانبەرەکەی لەخۆگرتووە. ئایدیۆلۆژیا ئامادە نییە گفتوگۆیەی کراوەی ئازاد لەگەڵ کەسانی نزیکی خۆی بکات، تەنیا ئایدیۆلۆژیا ئامادە نییە گفتوگۆ لەگەڵ خودی خۆشی بکات و گریمانە و گومان و بیرکردنەوەکانی نێو ناخی خۆشی وەکو شتێکی ڕەتکراوە و نامۆ و ژەهراوی سەیر دەکات.
دەق پێش هەموو شتێک دەبێت خودی خۆی وەکو دەق قبووڵ بکات، دەق سنووری نییە، هەمیشە دەپەڕێتەوە بۆ نێو سنووری ئەوانی دیکە، بەڵام ئایدیۆلۆژیا سنووردارە و خودی خۆشی قبول ناکات و ڕێگە بەخۆی نادات بپەڕێتەوە نێو سنووری ئەوانی دیکە و وەکو چوارچێوەیەکی داخراوی توند هەڵسوکەوت دەکات.

Previous
Next
Kurdish