Skip to Content

قەسیدەی ژیانێک بەشمان ناکات.. شیعری: ستیڤان شەمزینی

قەسیدەی ژیانێک بەشمان ناکات.. شیعری: ستیڤان شەمزینی

Closed
by شوبات 23, 2022 General, Poems

ژیانێک بەشمان ناکات
بۆ تامکردنی کۆنە شەرابی
ناو گۆزە پرشنگاوییەکانی عەشق
ژیانێک هەر زۆر کەمە
بۆ جێکردنەوەی ئەو هەموو
ئارەزوو بارانەی هەوری عاتیفە
ژیانێک بەشمان ناکات،
بۆ باڵای بەرزی داستانەکەمان و
مێژووی لێکئاڵانمان
یەک جار ژیان، هەر زۆر کورتە
ژیانێک زۆر هەژارە
بۆ ئەو کۆشکە جەواهیرییانەی
بە سەرکێشیی ئەوین
لەسەر سەحرای مەحاڵ رۆیدەنێین
ژیانێک زۆر خێرایە
بۆ ئەو هێمنییەی من
بۆ ئەو ئارامییەی تۆ
لە تێپەڕین بە کوچەکانی دڵەڕاوکێدا
ژیانێک زۆر دەڵەمەیە
لەبەردەم لەرینەوەی “با”ی هەست و
سەمای شێتانەی خەیاڵەکانی من
ئەبێت ئێمە زیاد لە جارێک بژین
هەر هیچ نەبێت دەبێت
دوو هێندەی نوح
تامی هەرمێی تەمەن بکەین
ئەوسا دەتوانین
تێر بە کامی دڵی خۆمان
وەک دوو شیعری نەنوسراو
شکۆفە بکەین
وەک دوو ئاسکەکێوی
بە لاپاڵی چیای غەریزەدا سەربکەوین
وەک دوو چرا
لە زەمەنی کوێرییدا دابگیرسێین
وەک دوو رێبواری شەکەت
دەستی عەشق بخەینە ژێر باڵی ژیان
وەک دوو دەریای شەپۆلاویی
لەناو یەکتردا چاو لێک بنێین
ئەبێت ئێمە زیاد لە جارێک بژین
یان وەک خدری زیندە
بۆ تا هەتایە بژین
ئەوسا دەتوانین
پەیکەری دڵڕەقی رابوەشێنین و
مۆمی عەشق
لە ئەشکەوتی عەقڵدا هەڵبکەین
ئەوسا دەتوانین
زمانێک بۆ خەون پەیدا بکەین و
قەڵەمێک بدەینە دەست خەیاڵ
دێڕ بە دێڕ خۆی بنووسێتەوە
ئەوسا دەتوانین
چاوێک بۆ بینینی جوانی بدۆزینەوە و
دەستێکی میهرەبانیش بۆ
هەڵگرتنەوەی تەرمی قەدەر
ئەوسا دەتوانین
بچینە سەر مەرقەدی داهاتوو و
نزای پاکبوونەوە بۆ ئەو گوناهانە بکەین
لە رابردوودا کردوومانن
دەبێت ئێمە زیاد لە جارێک بژین
یان هەر هیچ نەبێت
هێندەی مەسیح بژین
ئەو کاتەی بزماری مەنفا
لە خەونی شەوانمان دەچەقێت
یان ئەو ساتەی بە خاچی تەنهاییەوە
وەک کەلاکێکی کۆن هەڵدەواسرێین
خودا هەڵمانبکێشێت بەرەو ئاسمان
بۆ ئەو ئاسمانەی ناوی نیشتمانە
ئەبێت ئێمە زیاد لە جارێک بژین
یان خوێنی عەشتار
بچێتە ناو هەموو دەمارەکانی ژیانمان
ئەوسا دەتوانین
تفەنگی دڵڕەقی بێدەنگ بکەین و
ببینە ئاوازدانەری سروودی ماچ
ئەوسا دەتوانین
پێغەمبەرەکانی عەشق
لە گۆڕستانەکانی بێدەنگی
زیندوو بکەینەوە و
نەیزەکی کینە لە هەسارەی دڵ
دوور دوور بخەینەوە
دەبێت ئێمە زیاد لە جارێک بژین
یان لەم چەرخە سۆزانی و
زەمەنە نەزۆکەدا
هیچ کات لە دایک نەبووین.

ئەڵمانیا – بیلەفێڵد
1-10-2018

Previous
Next
Kurdish