Skip to Content

ئەفسانەی جووبوونی هیتلەر… نووسینی: پێشڕەو محەمەد

ئەفسانەی جووبوونی هیتلەر… نووسینی: پێشڕەو محەمەد

Closed
by ئایار 10, 2022 General, Opinion

`

وەڵامێک بۆ بەڕێز ئیدریس مستەفا

کەمێک پێش ئێستا بەڕێکەوت لە فەیسبووک نووسراوەیەکم بەرچاو کەوت بەناوونیشانی «بەڵێ هیتلەر جولەکە دەرچوو!» نووسینی ئیدریس مستەفا، خێرا کردمەوە و سەیرمکرد، کۆی وتارەکە لە کاردانەوەی خێرا بەرانبەر بە بانگەشەیەکی سێرگی لاڤرۆڤی وەزیری دەرەوەی ڕووسیا نووسراوە بۆ وروژاندنی سیاسەتی ئیسرائیل بەوەدا گووتوویەتی «هیتلەر بۆیە پەلاماری ڕووسیای دا چونکە جوو بوو و ڕقی لە ڕووسیا بوو، زیلینسکیش بە هەمان شێوە». ئەم بانگەشە بێ بنەما پڕوپاگەندەییەی سەردەمی جەنگ، بووەتە هۆکار بۆ نووسینی وتارێکی وەها لەلایەن بەڕێز ئیدریس مستەفاوە (کە بێگومان هیچ سەرچاوەیەکی مێژوویی و زانستیی تێدا نییە، بگرە هەر سەرچاوەی نییە) بەدووی بانگەشەکەی لاڤرۆڤ بکەوێت.

هەڵبەت ئەفسانەی جووبوونی هیتلەر شتێکی تازە نییە، کۆنە و ڕیشەکەی بۆ سەردەمی هیتلەر خۆی دەگەڕێتەوە. بەڵام بانگەشەی ئەوەی کە هیتلەر جوو بووە بۆیە ڕقی لە ڕووسیا بووە، بانگەشەیەکی سەردەمی پووچیی و گەمژەییە، چونکە هەر کەسێک کەمێک زەحمەت بەخۆی بدات و بڕوات ئەدەبیاتی نازیی، «خەباتی من»ی هیتلەر، پڕۆژەی باربارۆسا (هێرش بۆسەر یەکێتیی سۆڤێت) و فرمانەکانی «چارەسەری دوایین» بخوێنێتەوە تێدەگات، پەلامار بۆسەر یەکێتیی سۆڤێت کتومت بە مۆتیڤ و پاڵنەرێکی پێچەوانەی بانگەوازە پووچگەرییەکەی لاڤرۆڤەوە بووە. لەگەڵ شۆڕشی ئۆکتۆبەری ١٩١٧دا ڕاستڕەوە ئەڵمانییەکان و ناسیۆنالیستەکان بەردەوام بانگەوازی «بەلشەڤیزمی جوو»یان دەکرد و دەیانگوت جوو شۆڕشی لە ڕووسیا هەڵگیرساندووە و دەیەوێت سەرتاپای ئەوروپا بکاتە جوو. هیتلەر لە سەرتاپای کتێبی «خەباتی من»دا مارکسیزم و ئەنتەرناسیۆنالیزم بە دەسیسە و پیلانی جوو ناودەبات کە ئێستا سوکانی کەشتییەکەیان لە ڕووسیا بەدەستەوە گرتووە و چارۆکەیان بەرەو ئەوروپا لێداوە. هەروەها شۆڕشی ئۆکتۆبەر بە گەفی جوو دەزانێت بۆ هەڵگیرسانی جەنگ و لە ١٩٣٩دا دەڵێت دەرەنجام بەجووکردنی ئەوروپا نابێت بەڵکو قڕکردنی جوو دەبێت لەسەرتاسەری ئەوروپا. هیتلەر کە پەلاماری سۆڤێتی دا، لەژێر ناوی پاککردنەوە و قڕکردنی جوو بوو، چونکە ڕووسیای بەتاکە قەڵای بەهێزی جوو دەزانی. باش ئەوەی دەزانی ئەگەر ڕووسیا لەناو نەبات ناتوانێت خەونی ئەوروپایەکی بێ جوو بەدیبهێنێت. تا ئێرە من نامەوێت بچمە ناو ڕیشەکانی پرسی بینینی کۆمۆنیزم، بەلشەڤیزم و سۆڤێت وەک پیلانی جوو، خوێنەر دەتوانێت بۆ ئەم مەبەستە بگەڕێتەوە بۆ کتێبی «ڕەچەڵەکناسیی کەمپ و کەرنەڤاڵی شکستخواردوان»، لەوێدا بەشێوەی زانستیی و دوور و درێژ ئەم پرسانە شیکراونەتەوە.

بەڵکو ئەوەی دەمەوێت پووچەڵکردنەوەی ئەو بانگەشەیەیە کە دەڵێت هیتلەر لە خێزانێکی بەڕەچەڵەک جوو هاتووە، بەڵام ڕقی لەخۆی بووە یان ئەوەی پێیدەگوترێت «نەفرەتی جوو لەخۆی». یەکێک لەو هۆکارانەی بیانووی داوەتە دەستی کۆنزەرڤاتیڤ و بەشێک لە لیبراڵە ئەڵمانییەکان بڵێن گوایە هیتلەر ڕیشەیەکی جووی هەبووە، بەهۆی نادیاریی شووناسی بەشێک لە خێزانەکەیەوە بووە. ئەم بانگەشەیە هەڵبەت ڕیشەیەکی قووڵتری ئایدیۆلۆژیشی هەیە، بەوەدا دەیەوێت وەحشیگەریی و تاوانی نازیزم لەوەی دەگوترێت «کولتوور و شارستانێتیی ئەوروپیی» دابماڵێت و یان وەک ئێرنست نۆلتە، فەیلەسوفی کۆنزەرڤاتیڤی ئەڵمانیی باسی دەکات، تاوانەکە هیچ ڕیشەیەکی ئەڵمانیی نییە، بەڵکو ڕیشەیەکی ئاسیایی هەیە کە لەڕووسیای «جووەوە» دێت[١]. هەڵبەت زۆر ناچمە ناو ئەم پرسەوە و لە دوو کتێبی ناوبراودا باسی ئەم بابەتانەش کراون.

ناوی باوکی هیتلەر، ئەلیۆس شیکلگروبەر (Alois Schicklgruber) بوو بەڵام هەر زوو واز لە پاشناوەکەی دەهێنێت و دەیکات بە هیتلەر و ئەدۆلف لە گەورەییدا خۆشحاڵبووە بەوەی باوکی پاشناوەکەی فڕێداوە و «هیتلەر»ی هەڵبژاردووە، چونکە بۆ «پاڵەوانێکی نەتەوەیی» سڵاوکردنی وەک «هایل شیکلگروبەر» (Heil Schiklgruber) دەنگدانەوەیەکی «مۆسیقیی» نەدەبوو، بەڵکو «هایل هیتلەر» مۆسیقییتر و کاریزماتیکترە[٢]. نەنکی هیتلەر ناوی ئانا ماریا بووە و ساڵی ١٨٣٧ لەدایکبووە، باپیری هیتلەر ناوی یۆهان گیۆرگ هیدلەر (Hiedler) بووە، لە کڵێسا کاتێک باپیرەی هیتلەر ناوی ئەلیۆس، باوکی هیتلەر، لەکاتی غوسلدا تۆمار دەکات، لە هیچ بەڵگەنامەیەکدا نەهاتووە کە هیچ ڕەگێکی ئەو خێزانە چ لە دایک، چ لە باوکییەوە بچێتەوە سەر جوو. یەکێک لەو هۆکارانەی هیتلەر نەیدەویست قسە لەسەر ڕیشەی خێزانەکەیان بکات، بەهۆی نەنکە هەژارەکەیەوە بووە کە بەگوێرەی عاداتی ئەو سەردەمە بەنایاسایی لەگەڵ باپیرەی هیتلەر، یۆهان گیۆرگ هیدلەر خەوتووە و ئەلیۆسی لێبووە، بەڵام پاشان بە فەرمیی لە کڵێسا تۆمار کراوە تا وەک «زۆڵ» «بێ ناسنامە» نەمێنێتەوە. لە بنەڕەتیشدا فۆرمەکانی پێشووی ناوی هیتلەر ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە، پێش ئەوەی یۆهان گیۆرگ بە هیدلەر بانگبکرێت، ڕیشەی خێزانەکەی دەچووەوە سەر «هوتلەر» (Hüttler) کە بەماناکانی «ڕەنجبەر، کوخنشینی هەژار، هەژاری کۆڵیتنشین، کەلاوەنشین، وەرزێر، مسکێن و هتد» دێت، بەڵام لە ڕەوتی گۆڕانی ناوەکەدا، واتا وردە وردە کاتێک باوکی هیتلەر لەڕووی ئابوورییەوە کەمێک باش دەبێت پاشناوەکەشی دەگۆڕێت، بەرەو «Hietler»، «Hütler»، «Hiedler» و پاشان لەسەر فۆرمی «Hitler» دەگیرسێتەوە، کە ڕیشەی واتاناسییەکەی، بە مانای «پشکهەڵگری بچووک»، یان «دوکاندار»، یاخود لە مانای ئەمڕۆییدا کە بێگومان هیتلەر خۆی زیاتر قبوڵی بووە «وردە-بۆرژوازیی» یان «جووتیاری خاوەن زەوی»[٣].
دەکرێت ئەمڕۆ بە باوکی هیتلەر بگوترێت لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە ڕوولەسەر (sozialer Aufsteiger)، پێیباشبووە لە کۆتاییدا لەسەر پاشناوی «هیتلەر» بگیرسێتەوە، چونکە لە کۆتاییەکانی تەمەنیدا لە هەژارییەوە بەرەو چینی ناوەڕاست سەردەکەوێت و فۆرمی ناوی «هیتلەر» کەمتر دەنگدانەوەی دێهاتییبوون و لادێییبوونی هەبوو. هۆکاری ئەوەی کە ئەدۆلف هیتلەر لە هیچ شوێنێکدا هەوڵنادات باسی پێشینەی باوکی و دایکی بکات، بۆ ئەو حاڵەتی شەرمەزاربوونە لە هەژاریی دەگەڕێتەوە.

ئێستا با بێین ئەو ئەگەرە تاقیبکەینەوە کە دەڵێت باپیرەی هیتلەر، یۆهان گیۆرگ هیدلەر، جوو بووە. لە ڕاستیدا بۆ یەکەمجار دەنگۆی بڵاوبوونەوەی جووبوونی باپیرەی هیتلەر لە ناوەڕاستی دەیەی ١٩٢٠ لە قاوەخانەکانی میونشن بڵاودەبێتەوە، و بڵاوبوونەوەی ئەم دەنگۆیانەش بە جیهاندا بەهۆی چاپەمەنیی بیانییەوە بووە. بۆ نموونە یەکەمجار ڤێرنەر ماسە، نووسەر و کۆنزەرڤاتیڤێکی پرۆتستانتی، لە بنەماڵەیەکی ئەریستۆکرات، ئەم ئەفسانەیە بڵاو دەکاتەوە. ماسە بانگەشەی ئەوە دەکات کە پاشناوی «هوتلەر» (Hüttler) پاشناوێکی جوو بووە و ڕیشەیان دەگەڕێتەوە سەر جووەکانی بوخارێست لە ڕۆمانیا، هەروەها دەشڵێت باوکی هیتلەر لەیانە بارۆن ڕۆتشیلدەوە وەک خزمەتکار لە ڤییەننا دامەزرێنراوە[٤]. بەڵام بەربڵاوترین و جددیترین دەستاودەستکردنی دەنگۆکە دەربارەی جووبوونی هیتلەر لە ناوەڕاستی جەنگی دووەمی جیهاندا ڕوودەدات و ڕاستەوخۆ دەکرێت ڕیشەکەی لە یادەوەرییەکانی یەکێک لە پارێزەرانی نازیی و حوکمڕانی گشتیی پۆڵەندا، هانس فرانک ببینرێتەوە. فرانک دەڵێت لە کۆتایی دەیەی ١٩٣٠دا هیتلەر بانگی کردووە و نامەیەکی لە برازاکەی، ولیام پاتریک هیتلەر پیشان داوە (کوڕی زڕبراکەی باوکی، کە بەماوەیەکی کەم لەو کاتەدا زەواجی لەگەڵ ژنێکی ئیرلەندیی کردووە و ناوی خۆی لە ڤیلهێلمەوە گۆڕیوە بۆ فۆرمی ئینگلیزیی ولیام)، کە هەڕەشەی ئەوە دەکات کۆمەڵە حیکایەتێک دەربارەی پێشینەی هیتلەر بڵاودەکاتەوە کە «خوێنی جوو بە دەمارەکانیدا دێت و دەچێت». فرانک دەڵێت هیتلەر پێیگوتووم جارێکی دیکە بە ڕەگ و ڕیشەی خێزانەکەیدا بڕواتە خوارەوە، فرانک دەڵێت هەندێک زانیاریی دەستکەوتووە کە نەنکی هیتلەر ماریا ئانا شیکلبورگەر کاتێک وەک چێستلێنەر لە خێزانێکی جوو بەناوی فرانکنبێرگەر لە شاری گراتز لە نەمسا خزمەتی کردووە، کوڕەکەی، ئەلیۆس، واتا باوکی هیتلەر، لەیداکبووە. هەروەها دەڵێت فرانکنبێرگەر نەک تەنها مووچەی ماریا ئانا، بەڵکو پارەیان بۆ منداڵەکەش، ئەلیۆس، بڕیوەتەوە. فرانک دەڵێت هیتلەر پێیگوتووە کە دەزانێت باوکی و داپیرەی گووتوویانە باپیرەی بەهیچ جۆرێک جوو نەبووە، بەڵام لەبەرئەوەی داپیرەی و مێردی دواتری زۆر هەژاربوون، ناچاربوون لای خێزانێکی جوو کاربکەن، خێزانە جووەکەش وەک بەزەیی پارەیان پێداون[٥]. یاخود بەگوێرەی دەنگۆکان، دەکرێت نەنکی هیتلەر «بەناشەرعیی منداڵی لە جوویەک بووبێت».

لە ڕاستیدا حیکایەتەکەی هانس فرانک دوای جەنگ لەناوەڕاستی دەیەی ١٩٥٠دا بە فراوانیی بڵاوکرایەوە، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانیش، ئەڵمانیا ناچاربوو خۆی بونیاد بنێتەوە، بۆ ئەم مەبەستەش پێویستی بەوە هەبوو بەشێکی زۆر لە بەرپرس و بیرۆکرات و فەرمانبەر و سەرباز و ئەفسەرە نازییەکان لە دەوڵەتدا دابمەزرێنێتەوە، بۆ ئەم مەبەستەش پێویستی بەوە هەبوو کۆی گوناهەکان بە کەسێک هەڵواسێت و ئابڕووی خۆی پێبکڕێتەوە، باشترین بژاردە هیتلەر خۆی بوو، بۆ ئەریستۆکرات و کۆنزەرڤاتیڤە ئەڵمانییەکان هیتلەرێکی هەژار لە خێزانێکی خزمەتکاری نەمساییەوە، قۆچێکی قوربانیی ئاسان بوو. بەڵام لەڕاستیدا ئەگەر بە وردیی مێژووی خێزانە جووەکانی شاری گراتز هەڵبگرینەوە لە نەمسا و لە شارەکەدا هیچ تۆمارێک نییە بەهیچ شێوەیەک پشتیوانیی لە هەبوونی خێزانێک بەناوی فرانکنبێرگەر بکات، بەدیاریکراویش لەو ساڵەی ئەلیۆسی تێدا لەدایکبووە، خێزانێک بەو ناوە بوونی نەبووە. لە ڕاستیدا هیچ خێزانێکی جولەکە لە سەرتاپای ناوچەی سیتریا لەو سەردەمەدا بوونی نەبووە، بەڵکو تا کۆتاییەکانی دەیەی ١٨٦٠ و سەرەتای ١٨٧٠ هیچ جوویەک بەگوێرەی یاسای نەمسا ڕێگەی پێنەدراوە لەو ناوچەیە نیشتەجێ ببێت. خێزانێک بەناوی فرانکرایتەر (نەک فرانکنبێرگەر) لە گراتز دەژیان، بەڵام جوو نەبوون. تەنانەت هیچ بەڵگەیەک بوونی نییە بیسەلمێنێت ماریا ئانا هەرگیز شاری گراتزی بینیبێت. هیچ نامە و بەڵگەیەکی تۆمارکراو بوونی نییە پیشانی بدات ماریا ئانا پەیوەندیی بە فرانکنبێرگ یان فرانکنڕایتەرەوە هەبووبێت. ئەو ئەفسانەیەی دەڵێت ئەلیۆس لە فرانکنبێرگی جوو لەدایکبووە، بەڵام لە ئەسڵدا ناوی فرانکنڕایتەر، ئەوکاتەی ئەلیۆس لەدایکبووە، فرانکنڕایتەر تەنها تەمەنی دە ساڵان بووە (ئەم تۆمارە مێژووییە ساختانەی هانس فرانک دروستی کردوون، ئەگەر بگەڕێنرێنەوە بۆ ناو سیاقی مێژوویی خۆیان، زۆر بەسانایی بەدرۆ دەخرێنەوە). تەنانەت ئەو بانگەشەیەی هانس فرانک کاتێک پووچەڵ دەبێتەوە کە دەڵێت هیتلەر لە داپیرەیەوە حیکایەتی خزمەتکاربوونی لەماڵە جووەکە بیستووە، ماریا ئانا ساڵی ١٨٤٧ مردووە، لەکاتێکدا هیتلەر لە ١٨٨٩ لەدایکبووە، چل و دوو ساڵ پێش لەدایکبوونی ئەدۆلف مردووە.
تەنانەت ئەوەش گومانهەڵگرە کە فرانک باس لە گەیشتنی نامەکەی پاتریک بۆ هیتلەر دەکات، فرانک فەڵێت هیتلەر پێی گوتووە نامە هەڕەشەئامێزەکەی لە ١٩٣٠ پێگەیشتووە، لەکاتێکدا پاتریک تا دیسەمبەری ١٩٣٨ لە ئەڵمانیای نازیی ماوەتەوە، چۆن دەکرێت و ڕێی تێدەچێت هەڕەشەیەکی هێندە گەورە لە ڕاوێژکارەکەی ئەڵمانیا، ژیانی هەڕەشەچیی نەخاتە مەترسییەوە و تەنانەت ئازادانەش وڵاتەکە جێبێڵێت؟ بەکورتیی باپیرە و داپیرەی هیتلەر هەرشتێک بووبێتن، جوو نەبوون. وەک باسکرا، بەکورتیی: بەجوودانانی هیتلەر خزمەت بە ئایدیۆلۆژیای کۆنەپارێزی ئەڵمانیی دەکات بۆ خۆپاککردنەوەی لەو تاوانە گەورەیەی لە مێژوودا ئەنجامی داوە و هەروەها نیگایەکی کەمیش بەسە تا تێبگەین سێرگی لاڤرۆڤی وەزیری دەرەوە، قسەیەکی گەمژانە و کاردانەوەیەکی ساویلکانەی بەرانبەر ئیسرائیل ئەنجام داوە و خودی قسەکە، ڕیشەیەکی قووڵی دژە-جوایەتیی هەیە.

نووسینی: پێشڕەو محەمەد

سەرچاوەکان

  1. Ernst Nolte, Der europäische Bürgerkrieg 1917–1945: Nationalsozialismus und Bolschewismus, Propyläen-Verlag, Frankfurt am Main, 1988.
  2. August Kubizek, Adolf Hitler. Mein Jugendfreund, Graz (1953), 5th edn 1989, 50.
  3. Rudolf Koppensteiner (ed.), Die Ahnentafel des Führers, Leipzig, 1937, 39-44.
  4. Werner Maser, Hitler: Legend, Myth and Reality, Harpercollins College Div, 1975, pp.12-15.
  5. Hans Frank, Im Angesicht des Galgens, Munich/Gräfelfing, 1953, 330–31.

Previous
Next