Skip to Content

وچانێک بەدیار کتێبی (خۆم و ئەستێرە گەشەکان)ەوە.. ئا: عەلی حەمەڕەشید

وچانێک بەدیار کتێبی (خۆم و ئەستێرە گەشەکان)ەوە.. ئا: عەلی حەمەڕەشید

Closed


کەم و دەگمەنن ئەو مرۆڤانەی لەپێناو خزمەتکردن بە کەلتور و فەرهەنگی میللەتەکەیاندا لەگەڵ ئەوەی ماندووبوونێکی زۆر دەچێژن، ئەرکێکی قورسیش دەخەنە سەرشانی خۆیان، جاری وا هەیە لە بواری ئابوورییەوە ئەو کارە پێویستی بە ماددەیەکی زۆر هەیە و هیچ سەرچاوەیەکی داراییش شک نابەن تەنیا ورەی بەرز و گیانی پڕ لە خۆبوردن و ئاسوودەکردنی ویژدان نەبێ، بەڵام بەو بڕە پارەیەی مانگانە دێتە دەستیان یان بەهۆی فرۆشتنی بەشێک لە پێداویستییە سەرەکییەکانی خۆیان و خێزانەکەیانەوە بەدەستیان هێناوە کارەکانی پێ دەکەن.
لەڕاستیدا ئەم پڕۆژەیەی مامۆستا (نەجمەدین عەزیز سمایل) دەستی داوەتێ و بەسەرکەوتوویی بە بەرچاوی هەمووانەوە لە ماوەیەکی کەمدا هەشت بەرگی لە کتێبی (خۆم و ئەستێرە گەشەکان)ی بە چاپ گەیاندووە، ئێمە بەکاری وەزارەت یان دەزگایەکی گەورەی رۆشنبیریی دەزانین، کەچی ئەو بە تەنیا و لەخۆبوردووانە و بێ ماندووبوون بەرگ دوای بەرگ کۆمەڵێک ئەستێرەی گەشی تر بە خوێندەوارانی کورد دەناسێنێ لە هەموو لایەکی کوردستانەوە، واتە لە باکوور، باشوور، رۆژهەڵات، رۆژئاوا و هەندەران و کوردی شوێنەکانی تریشی کۆ دەکاتەوە و لە ئامێزی بەرگێکی قەشەنگدا وەک دیارییەکی بەبەها پێشکەش بە خوێنەرانی میللەتەکەی دەکات، ئێستا کتێبی (خۆم و ئەستێرە گەشەکان) رۆژ دوای رۆژ، جار دوای جار گەشتر و پرشنگدارتر دەبێت. مامۆستا نەجمەدین دەیەوێت هەموو ئەستێرە گەشەکان بکاتە هاوڕێی خۆی و لەوێوە زیاتر بە ئێمەیان بناسێنێ. گرنگی ئەم پڕۆژەیەش لەوەدایە زۆربەی زانیارییەکان لەلایەن خودی کەسەکەوە (ئەستێرەکەوە) بە نامەی تایبەت بۆ مامۆستا نێردراون لەسەر داوای خۆی، کە بە سەرچاوەیەکی راست و دروست ئەژمار دەکرێت، دواتر مامۆستا نەجمەدین هاتووە خۆی زانیارییەکانی جارێکی تر داڕشتۆتەوە، هەروەها لەگەڵ زانیارییەکانیشدا کۆمەڵێک وێنەی کەسەکە بە جیا و لەگەڵ نووسەر و شاعیر و هونەرمەندانی تردا دانراون کە ناوەکانیشیان لەژێر وێنەکاندا نووسراون. هەروەها وێنەی بەرگی کتێبە چاپکراوەکان و شیعر یان بەرهەمێکی کەسەکەشی داناوە.
ئەگەر سەرنج بدەین و یەک بە یەک لاپەڕەکانی هەر بەرگێکی کتێبی (خۆم و ئەستێرە گەشەکان) هەڵبدەینەوە بە ئاشکرا هەوڵ و ماندوو بوون و سەلیقەی ئامادەکار و دیزاینەریش دەردەکەون. ئاشکرایە لەم جۆرە کارانە پێشتر کراون و ئێستاش هەیە و بەردەوامیش دەبێت، بەڵام هیچ کامێکیان وەک پڕۆژەی کتێبی (خۆم و ئەستێرە گەشەکان)ی مامۆستا نەجمەدین درەوشاوە و فراوان نین، چونکە ئەم زۆرترین کەسایەتی لەخۆ گرتووە، کتێبێکە کە پێکەوەییەکی زۆر جوانی پێوە دیارە. ئەوەتا شاعیر و نووسەر و چیرۆکنووس و هونەرمەند و زۆری تریشی هێناوە لە دووتوێی کتێبێکدا بە ئێمەی دەناسێنێت، بە نەوەکانمانی دەناسێنێت ئەوانەی کە تازە روو دەکەنە خوێندنەوە و دەیانەوێت لەو دەریا قووڵەدا مەلە بکەن.
مامۆستا پێمان دەڵێت ئەمانە پێکەوە کوردستان جوانتر و گەشاوەتر و خۆشتر دەکەن. پێمان دەڵێ با هەر بەو شێوەیە بین، چونکە هێز لەو بەیەکەوەبوونمانەدایە و ئەستێرەگەشەکان زیاتر گەشاوە دەبن، زووتر دەگەین بە هیواکانمان، خەونەکانمان زووتر دێنەدی، خونچەکان زیاتر دەگەشێنەوە، تا سرودی ئاشتی و پێکەوە ژیان و سەرکەوتن بدەین بە گوێی هەموواندا.
کتێبی (خۆم و ئەستێرە گەشەکان) هەرچەندە وەک رێکخستنی ناوەکان نە بەپێی پیتەکان، نە بەپێی قۆناغ، نە بەپێی تەمەن، نە بەپێی زۆری ئەزموونی کەسەکان بووە، مامۆستا هاتووە چی و کێ هاتۆتە بەردەستی و تەماشای ژیاننامەکەی کردووە، کە زانیویەتی وەک ئەستێرەی گەش ئەژمار دەکرێت تۆماری کردووە و هەوڵیشیداوە خۆیشی زانیاریی تر دەربارەی پەیدا بکات کە لە ئێستادا لەڕێی ئینتەرنێتەوە هەر چییەکت بوێت لەماوەیەکی زۆر کەمدا دەتوانیت بە دەستی بهێنیت. ئەم هەوڵە پڕ بایەخانەی مامۆستا نەجمەدین وایکردووە پەیوەندی بە چەند کەسێکی خەمخۆر و دڵسۆزی ناو کوردستانیشەوە بکات لە شارەکاندا بەجیا تا ئەوانیش هاوکار و یارمەتیدەریبن بۆ دەستنیشان کردنی کەسەکان و بەدەستهێنانی زانیاری پێویست دەربارەیان، چونکە مامۆستا نەجمەدین خۆی لە هەندەران دەژی، بەڵام خەیاڵی هەر لە کوردستانە و شار بە شار و دێ بە دێ لەپێناو ئەستێرەگەشەکاندا ماندوو بووە.
ئەم پڕۆژەیە دەکرێت بکرێتە سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو بۆ هەموو ئەوانەی کە رۆژێک لە رۆژان دەیانەوێت بەکاریبهێنن بۆ لێکۆڵینەوە و هەر کارێکی توێژینەوە دەربارەی ئەدەب و هونەری کوردی. من وەک نووسەرێک کە بەشانازییەوە یەکێکم لەو ئەستێرانەی کە لە بەرگی پێنجەمی کتێبی (خۆم و ئەستێرە گەشەکان) دا ژیاننامە و بەرهەمەکانیشم بڵاوکراوەتەوە، دەستخۆشی زۆرم بۆ مامۆستا نەجمەدین و هیوای لەشساغی و تەمەن درێژیی بۆ دەخوازم تا ئەم پڕۆژەیە هەر بەردەوام بێت و چەندین بەرگی تری لێ چاپ بکرێت. دەبێت ئەوەش بڵێین هیچ کارێکیش بێ کەموکووڕی نابێت، مامۆستاش هەمیشە بە سنگێکی فراوانەوە ئەو پێشنیاز و تێبینی و سەرنجانەی وەرگرتووە کە لەکاتی ناساندن و بڵاوکردنەوەی هەر بەرگێکی کتێبەکەدا ئاڕاستەی کراوە، بۆیە کە سەرنج لە بەرگەکانی سەرەتا دەدەیت جیاوازییەکی بەرچاویان پێوە دیارە لەگەڵ ئەم بەرگانەی دوایی چونکە مامۆستا ویستوویەتی هەمیشە گرنگی زیاتر بەکارەکەی بدات و کەموکووڕییەکان کەم بکاتەوە کە ئەمەش گەورەیی مامۆستا نیشان دەدات و پەرۆشی بۆ ئەستێرەگەشەکان دەردەخات و دەیەوێت زیاتر سەرکەوتووبێت. خۆیشی هەروەکو ئەستێرەیەکی گەش لەو بوارەدا لەئاسمانی رۆشنبیریی گەلەکەیدا بەگەشاوەیی بمێنێتەوە.
شاعیر و نووسەر (ئەمین محەمەد) لە ناساندنی بەرگی هەشتەمی کتێبی (خۆم و ئەستێرە گەشەکان)دا لە هۆڵی نووسەران لە سلێمانی بە وردی و لە باسێکی جواندا کتێبەکەی زیاتر ناساند بە ئامادەبووان و باسی هەوڵەکانی مامۆستا نەجمەدینی کرد لەو بوارەدا و وەک زانیارییەک بە ژمارە و داتا وتی، تا ئێستا مامۆستا بەو هەشت بەرگە (4472) لاپەڕە و (619) کەسایەتی بەسەر کردۆتەوە کە (71)یان خاتوونن، بەڵام بەرگی هەشتەم کە (536) لاپەڕەیە (17) کەسایەتییان ژنن. باسی لەوەش کرد کە دەبێت ئەوەش بزانین هەندێک کەسایەتی هەن لە ناو کۆمەڵگەدا کە نە نووسەرن و نە شاعیرن و نە هونەرمەندیشن، بەڵام بە کارە گەورە و گرنگەکانیان خزمەتێکی زۆریان بە میللەتەکەیان کردووە و ئەوانیش بمانەوێ و نەمانەوێت ئەستێرەی گەشن کە بە نموونە باسی دکتۆر جەمالی منداڵان لە بواری پزیشکیدا و دکتۆر تەها رەسوڵ لە بواری خزمەتکردن بە ئەدیب و رۆشنبیر و هونەرمەند و بوارەکانی تردا رۆڵێکی باش و گرنگی هەبووە بێ ئەوەی کە ئەمانەی باسم کردن کتێبێکی چاپکراویان هەبێت. زۆر ئەستێرەی گەشی تر ماون کە مامۆستا بەسەریان بکاتەوە بۆ گەیاندنی پەیامە گرنگ و جوان و پڕ خزمەتەکەی.

نەجمەدین عەزیز سمایل
Previous
Next
Kurdish