
ترامپلاند .. نووسینی: کریس هێدجز .. وەرگێڕانی: گۆران عەبدوڵڵا
کودەتای کۆمپانیاکان و ڕووخانی دیموکراسی ئەمریکی زۆر پێش ترامپ دەستیپێکرد. ئەو تەنها ئەوەی ماوە کۆتایی پێدەهێنێت.
کریس هێدجز
3ی ئایار
فاشیستە کریستیانەکان و ئۆلیگارشەکان کە بە خۆشیەوە قەڵەمی تیژ و فەرمانەکانی جێبەجێکردن بە دۆناڵد ترامپ دەدەن، ئەوە ناکەن بۆ شەڕ لە دژی دەوڵەتی قووڵ و چەپی توندڕەو یان پاراستنی ئێمە لە “دژە-سامیەکان”. ئەوان شەڕی ڕاستیە سەلمێنراوەکان، یاسای سەروەری، شەفافیەت و لێپرسینەوە دەکەن کە تەنها لە ڕێگەی پێگەیەکی ئازاد، مافی ناڕەزایەتی، کەلتوورێکی پڕژاوژاو و جوداکردنەوەی دەسەڵاتەکان، لەوانە دادگایەکی سەربەخۆ دەکرێت.
هەموو ئەمانە بناغەی کۆمەڵگەیەکی ئازادە وەکئەوەی لە کتێبەکەمدا “مردنی چینە لیبڕاڵەکان” باسم کردووە. ئەم پێگانە زۆر پێش ترامپ لاواز کرابوون، لەوانە پەخشی گشتی، ئەکادیمیاکان، پارتی دیموکرات، کەلتوورێکی بەکۆمپانیاکراو و بێتام، دادگایەک کە خزمەت بە چینە سەرمایەدارەکان دەکات، کۆنگرێسێک کە لە لایەن لۆبیستەکانەوە کڕدراوە، هەموو ئەمانە وێران کراون. ئەوانە هەر هەمووی بە ئاسانی کراونەتە ئامانج. کەم کەس هەوڵدەدات بەرگرییان لێبکات. ئەوان ئێمەیان فرۆشت. لێگەڕێن با بمرن.
“لەدەستدانی توێژی لیبڕاڵەکان، بۆشاییەکی دەسەڵات دروست دەکات کە لە لایەن بازرگانەکان، قازانجکەرانی شەڕ، چەتەکان و بکوژەکانەوە پڕدەکرێنەوە کە زۆرجار لە لایەن دیماگۆجیستییە کاریزماییەکانەوە سەرکردایەتی دەکرێن”، من لە ساڵی 2010دا لە کتێبەکەمدا نووسیومە. “ئەمە دەرگایەک بەڕوی جوڵانەوە تۆتالیتاریەکاندا دەکاتەوە کە بە گاڵتەکردن و تەحقیرکردنی توێژی لیبڕاڵەکان و ئەو بەهایانەی ئەوان خاوەندارێتییان لێدەکرد سەردەکەون. بەڵێنەکانی ئەم جوڵانەوە تۆتالیتاریانە خەیاڵی و ناواقعیین، بەڵام ڕەخنەکانیان لە لیبڕاڵەکان لەسەر بنچینەیەکی ڕاستەقینەیە.”
فاشیزم لە مایەپووچی لیبڕاڵیزمەوە سەرچاوە دەگرێت کە دەستبەرداری ڕۆڵی سوننەتی خۆی بووە لە دیموکراسی سەرمایەداریدا. ئەوە چیتر کەمترین زیادەڕەوییەکانی چینە دەسەڵاتدارەکان و ئیمپراتۆریەتەکە بە چاکسازیەکانی هەنگاو بە هەنگاو کەم ناکاتەوە. ئەو تەنها کارمەندە بێمافەکانی بەخیانەتی ئەخلاقیانە سەرزەنشت دەکات.
پێگەکانی میدیا زیاتر پەیوەندیەکانیان لەگەڵ دەسەڵاتدارەکان پەرەپێدەدەن وەک ئەوەی مژۆڵی راستییەکان بخۆن. ئەوان درۆ و پرۆپاگاندەیان بڵاوکردەوە بۆ ئەوەی شەڕی عێراق بکەین. ئەوان واڵ ستریتیان گەورە کرد و دڵنیامان کردن کە سەرمایەی ژیانمان بدەین بە سیستەمێکی دارایی کە لە لایەن بازرگانەکان و دزەکانەوە بەڕێوەدەبرێت. سەرمایەی ژیانمان وێران بوو. ئەوان درۆی ڕوسیاگەیتیان پێداین. ئەوان کۆیلەئاسا خزمەت بە لۆبی ئیسرائیل دەکەن، رووماڵی قەتڵوعامی غەززە و خۆپیشاندانەکانی زانکۆکان دەشێوێنن لە پێناوی ناشیرینکردنی فەلەستینیەکان و موسڵمانەکان و خۆپیشاندانی خوێندکاران. ئەوان بە گوێرەی خواستی کۆمپانیاکانی سەرمایەداران دەجوڵێنەوە. ئەوان کێشە بنەڕەتێکانی زۆرینەی کۆمەڵگە لە نەهامەتی و هەژاری نادیدە دەگرن لە کاتێدا ئەمە بەها بنەڕەتێکانی رۆژنامەگەرییە.
زانکۆکان کراون بە کۆمپانیا. بەڕێوەبەرە باڵاکان، کە زۆرجار بە پلەی ماستەر دەرچووی بەڕێوەبردنی بازرگانی (MBA)ن و کەم یان هیچ ئەزموونێکیان لە خوێندنی باڵادا نییە، لەگەڵ راهێنەرە وەرزشیەکان کە توانای بەدەستهێنانی پارەی زانکۆیان هەیە، موچەی زۆر بەرز وەردەگرن کە بە سەدان هەزار دۆلارە، راهێنەرەکان و سەرۆکی زانکۆکان بە ملیۆنان دۆلار قازانج دەکەن.
تۆزێک زیاتر لە 10%ی پۆستەکانی مامۆستایەتی ئێستا ڕێڕەوی پیشەییانەی خۆیان دەگرن. نزیکەی 45% پۆستەکان کاتین یان یارمەتیدەرەکانن. یەک لەسەر پێنجی پۆستەکان بە شێوەی کاتی، کاتی تەواوی کاریان لە پیشەکانی خۆیان دەستدەکەوێت. زانکۆکان، بە کەمکردنەوەی پۆستەکان بە رێڕەوی پشەیی و موچەی گونجاو، بوونەتە بەشێک لە ئابووری گیگ مامۆستایانی یارمەتیدەر و کارمەندە خوێندکارەکان زۆرجار ناچارن داوای بیمەی تەندرووستی بکەن، کاری دووەم وەربگرن لە زانکۆکانی تر، یان کاری ئووبەر یان تاکسی بکەن، یان لە کاشیرەکان، یان خواردن بگەیەنن بۆ گرەبهەب یان دۆرداش، یان چاودێریکردنی سەگ، یان ماڵەکان بپارێزن، یان لە میوانخانەکان کار بکەن، یان لە ژوورەکان کار بکەن، یان چوار یان شەش کەس لە ژوورێکدا بژین، یان لەسەر جێگەی هاوڕێیەک بخەوێت.
مامۆستایەکی کەم موچە کە سەقامگیری کاری نییە، کێشەکان ناهێنێتەوە کە دژ بە روایتە سەرەکیەکان بن، چ لەبارەی نایەکسانی کۆمەڵایەتی، کۆمپانیا رووتێنەرەکان ، تاوانەکانی ئیمپراتۆریەت، قەتڵ وعامەکانی ئیسرائیل، یان هێشتنەوەمان لەدۆخی شەڕی هەمیشەیی. ئەگەر ئەمە بکەن، دەردەکرێن. بەڕێوەبەرە باڵاکانی زانکۆ، لە بەرامبەردا، پاداش وەردەگرن بۆ “کەمکردنەوەی خەرجیەکان”، بە بەرزکردنەوەی خەرجی خوێندن و کرێ، کەمکردنەوەی کارمەندەکان و کرێی کەم. ئەم ناسەقامگیرییە دڵنیایی دەداتە سەرمایەدارەکان کە ئایدیۆلۆژیای نیولیبڕاڵ کە وڵاتەکە وێران دەکات، لەگەڵ قەتڵوعامی غەززە، لە لایەن ئەکادیمیستەکانەوە کە ترسی لەدەستدانی پۆستەکانیان هەیە، پرسیار ناکرێت. دەوڵەمەندەکان و دەسەڵاتدارەکان ستایش دەکرێن. کرێکارە هەژارەکان، ئەوانەی لە زانکۆکان کار دەکەن، لەبیر دەکرێن.
وەکئەوەی ئیرڤینگ هاو لە وتارەکەی 1954دا ” This Age of Conformity” ئاماژەی پێدا، “دونیابینی رۆشنبیران بۆ بەهاگەلێکە کە ناتوانرێت لە شارستانیەتی بازرگانیدا بەدیبهێنرێت — بەرەبەرە جوانی خۆی لەدەستداوە. ئەمە وازلێهێنان نییە لەبەرنامەیەکی دیاریکراو، ئەمە شکستی ئێمەیە.” هاو دەنووسێت: “باوەڕەکەوایە کە سەرمایەداری بزوێنەری پێشکەوتنی مرۆییە، ئەمە لە هەموو سۆشیاڵ میدیاکان بڵاودەکرێتەوە، پرۆپاگەندەی فەرمی بۆدەکرێت، دەزگاکانی ریکلام و نووسینی ئەکادیمیەکان ئەو کەسانەی کە تا چەند ساڵ پێش ئێستا دژبوون.”
“لە راستیدا بێدەسەڵاتەکان ئەو رۆشنبیرانەن- واقیعەیە نوێیەکان- کە خۆیان بە کورسیەکانی دەسەڵاتەوە دەبەستن، لەوێ ئازادی رادەربڕینی خۆیان دەبەخشن بەبێ ئەوەی هیچ پێگەیەکی سیاسی بەدەستبهێنن”، ئارڤینگ هاو ئاماژەی پێدا. “چونکە بۆ مێژووی رۆشنبیرانی ئەمریکی لە چەند دەیەی ڕابردوودا وەک پەیوەندی نێوان ‘سەروەت’ و ‘هۆش’ گرنگە کە هەرکاتێک ئەوان لە دامەزراوە فەرمێکاندا نوقمبوون، نەک تەنها یاخیبوونی سوننەتی خۆیان لەدەست دەدەن، بەڵکو بە ئەندازەیەک یان زیاتر، وەک رۆشنبیرێک کارکردنەکانیان کۆتایی پێدێت.”
هەردوو پارتە دەسەڵاتدارەکە بانگەشەیان بۆ فێڵەکەی نیۆلیبڕاڵیزم کرد بۆ بە ناپیشەسازیکردنی وڵاتەکە، سەپاندنی دەستگرتنەوەی توند، لەناوبردنی ئازادیەکانی ڕێکخستن و وێرانکردنی یاساکانی پاراستنی رێکخستنی گشتی کۆمەڵایەتی. ئەوان کۆمپانیاکانیان دەستئاواڵەکرد لە کۆکردنەوەی سەروەت و دەسەڵات، کە بووە هۆی سەرمایەداری مۆنۆپۆلی و هەندێک لە بەرزترین ئاستەکانی نایەکسانی داهات و سەروەت لە مێژووی ئەمریکادا. بانکەکان، بەشەکانی پەیوەندی، نەوت، چەک، پیشەسازی کشتوکاڵ و خۆراک سوودەکانیان دڵنیادەکەنەوە بە دیاریکردنی نرخەکان، گەمژەیی یان تەنانەت لەناوبردنی پاراستنە داراییەکان، تەندروستی و ژینگەیی یان سووکایەتیکردن بە کارمەندەکانیان. ئەم هێرشە بۆ سەر یاساکانی نیو دیڵ – New Deal -، کە بە زوویی لە ژێر دەسەڵاتدارێتی ترامپدا بە تەواوی لەناودەچن، چینە کارکەرەکانی بێماف کرد کە لە نائومێدیدا دەنگیان دا بە دیماگۆجێک بۆ ڕزگارکردنیان. کە یارمەتی بۆ لایەنە هونەرێکان کەمبووەوە، هونەرمەندان وەک پەخشی گشتی کە بۆ دابینکردنی دەنگە ناڕازێکان ئەوانەی پەیوەندیان بە کۆمپانیاکانەوە نییە دروستکرابوو، ناچار بوون بەدوای سەرچاوەکانی تری یارمەتییدا بگەڕێن لەوانە سەرمایەدارە خاوەن کۆمپانیاکان. ئەنجامەکە وێرانبوونی یەکپارچەیی هونەری و ڕۆژنامەگەری بوو.
فریدریش نیتچە لە “لەنێوان چاک و خراپە“دا ئەوە دەنووسێت کە کەم کەس ئازایەتی ئەوەیان هەیە سەیری ئەوە بکەن کە ئەو پێی دەڵێت چاڵی گڕکانی واقیعی مرۆیی. زۆربەی خەڵک بە وریاییەوە ئەم چاڵە پشتگوێ دەخەن. بەپێی فکری نیتچە هونەرمەندان و فەیلەسوفەکان، کە ئارەزوویەکی نەبڕاوەیان بۆ زانینی ڕاستێکان هەیە. ئەوان دەچنە ناو چاڵی گڕکانی واقیعەکەوە. ئەوان هەتا ئەو شوێنە نزیک دەبنەوە کە ئاگر و گەرما ناچاریان دەکات بگەڕێنەوە. نیتچە دەنووسێت: ئەم هۆشمەندی و ئەخلاقییەتە، باجی خۆی هەیە. ئەو کەسانەی بە ئاگری حەقیقەت دەسوتێن، “منداڵانی سووتاون” هەتیوێکی نەمرن.
کەلتور لە دیموکراسییەکی کارا و چالاکدا رادیکاڵ و گۆڕانکارە. گوزارشت لەوەدەکات کە لەناخماندایە. مانا دەدات بە واقعیەتمان. وادەکات وەک ئەوەی دەبینین بیر بکەینەوە. ڕێگەمان پێدەدات هاوسۆزی ئەو کەسانە بین کە جیاوازن یان ستەمیان لێدەکرێت. ئەوەی لەدەوروبەرمان روودەدات بۆمان ئاشکرا دەکات. رێز لە تایبەتمەندێکان دەگرێت.
جەیمس باڵدوین -James Baldwin- دەنووسێت: “ڕۆڵی وردی هونەرمەند، ئەمجا، ئەوەیە کە ئەو تاریکییە روناک بکاتەوە، رێگاکان لە دارستانی فراواندا بکاتەوە بۆ ئەوەی ئێمە لە هەموو کردەوەکانماندا، ئامانجەکە لەدەست نەدەین، کە دواجار ئامانجەکە ئەوەیە جیهان بکەینە شوێنێکی مرۆییانەتر.”
شەڕی دژ بە لێکۆڵینەوەی سەربەخۆی هۆشمەندانە، هونەر و کەلتوور بۆ ئەوەیە کە نەهێڵدرێت سەیری ناوەوەی ناخی خۆمان بکەین، بۆ ئەوەی جیهان نەکەینە شوێنێکی مرۆییانەتر. “خەڵکانی سووتاو” بێدەنگ دەکرێن یان کەنارگیریان دەکەن. نزیکەی 16,000 کتێب لە قوتابخانەکان و کتێبخانەکاندا قەدەغە کراون پێش ئەوەی ترامپ دەسەڵات وەربگرێت، قەدەغەکردنەکان خێراتر دەبن چونکە کتێبی زیاتر لە قوتابخانەکان و کتێبخانەکان پاکدەکرێنەوە. لە دەوڵەتە ئۆتۆریتاریەکاندا هەراو زەنای مێژووی کەلتورێکی ئایدیاڵی دەکەن کە هەرگیز نەبووە و ئێستاشی لەوەهمێک زیاتر هیچیتر نییە.
کەلتووری جەماوەری سەرچاوەیەکە بۆ تینوویەتی مرۆڤەکان بۆ خەیاڵ، سەرسوڕمان، بەختەوەری و هیوا. پاڵمان پێوەدەنێت بۆ نیشتیمانپەرستیەکی کوێرانە و ئەفسانەی پێشکەوتنی هەمیشەیی. هانمان دەدات وێنەی کەسایەتێکان سەلەبریتیەکان یان خۆمان دروست بکەین بۆ پەرستن، بە تایبەتی لەسەر سۆشیاڵ میدیاکان. ئەنجامەکە وێرانبوونی کەلتووری بووە کە کۆتاییەکەی دەبێتە باخچەی پاڵەوانەکانی ترەمپ و ئەو پێشبڕکێیە گەورەیەی کریسمس کە لەم زستانەدا لە سەنتەری کەنەدی لە واشنتۆن پلانی بۆ دانراوە.
سیاسەتمەدارەکان لە هەردوو پارتە دەسەڵاتدارەکە لە لایەن سەرمایەدارەکان و کۆمپانیاکانەوە ژێر بە ژێر پارەیان بۆ دابینکراوە. لەم سیستەمەی ئێمەدا کە بەرتیل بەیاسایی کراوە، ئەم سیاسەتمەدارانە ئەرکەکانی خاوەنەکانیان لە کۆنگرێسدا جێبەجێ دەکەن. فەیلەسوفی سیاسی شێڵدۆن وۆلن- Sheldon Wolin- ئەم جۆرە حکومەتە بە “تۆتالیتاریزمی پێچەوانە” ناو دەبات. تۆتالیتاریزمی پێچەوانە دامەزراوەکان، نیشانەکان، وێنەکان و زمانەکانی دیموکراسی سەرمایەداری کۆن دەپارێزێت، بەڵام لە ناوەوە کۆمپانیاکان هەموو جوومگەکانی دەسەڵاتیان گرتووە بۆ بەدەستهێنانی سوودی زیاتر و کۆنترۆڵی سیاسی. سیستەمی یاسایی نێودەوڵەتی بەکاردەهێنێت بۆ تاڵانکردنی سەرچاوەکان لە جیهانی سێیەم، هەروەها سەرنگوونکردنی حکومەتەکان کە دژ بە هەژموونی سەرمایەداریانەی کۆمپانیاکانن. ئەمانە سوودی خۆیان دەخەنە سەرووی دادپەروەریەوە. یاساکانی کار لاواز دەکەن و مافەکانی کارمەندان پێشێل دەکەن.
هەڵتەکاندنی ئەم دامەزراوە وێران و گەندەڵکارانە لە لایەن حکومەتی ترامپ ەوە کۆتایی تاقیکردنەوەی ئەمریکی و گۆڕان لە تۆتالیتاریزمی پێچەوانە بۆ دیکتاتۆریەت پیشان دەدات. ئەمە ئاماژەیە بەرەو بەکۆمپانیبونی دونیا کە بە شێوەیەکی زۆر دڕندانەتر، لە سەرمایەداری تۆتالیتاری چین دەچێت کە چاودێری دەوڵەتی گشتگیر، سانسۆری توند، چینە دەسەڵاتدارەکانی بێهەڵبژاردن و بێلێپرسینەوە دەبن، سەرکوتکردنی جوڵانەوەکان لەوانە یەکێتیە کرێکارێکان. ئێمە دەچینە ناو جیهانێکی خەیاڵی جادوویی کە نیشانەی هەموو دەسەڵاتداریەکانە، کە تێیدا زمانەکەی کە بەکاریدەهێنین بۆ وەسفکردنی خۆمان و کۆمەڵگەکەمان هیچ پەیوەندیەکی بە واقیعەوە نییە.
گرنگە بۆ دەسەڵات کە هەموو دامەزراوە سەربەخۆکان، چەندە لاواز یان وێران بن، بێهێزبکرێن. ترامپ، بەپێی راپۆرتەکانی ئاکسیۆس، “هێرش” دەکاتە سەر “پێشکەوتنە ساختەکان” کە کەمبوونەوەی ڕێژەی پەسەندکردنی نیشاندەدەن و داوا دەکات کە پێگەکانی هەواڵ کە ئەمانە بڵاودەکەنەوە “لێکۆڵینەوە لەسەر تەزویر لە هەڵبژاردنەکان بکەن.” ئەمە هەستی هەموو دیکتاتۆرەکانە. ڕاستیە نەگونجاوەکان قەدەغە بکە. کاتێک ئەم دامەزراوانە بێدەنگ یان دەستبەسەر دەکرێن، دەبێتە هۆکاری ئەوەی ئەو درزانەی ناو بینا کۆنەکە کە ڕێگەی بە ناڕەزایەتییەکی بێدەنگ دەدا نەمێنێت. ترس دەبێتە چەسپی پەیوەندی کۆمەڵایەتی. ڕەخنەگرتن دەبێتە تاوان. ئاسایشی ناوخۆیی، جێبەجێکردنی یاساکانی کۆچبەری و خەرجیەکانی سەربازی بە شێوەیەکی زۆر داهاتیان بۆ دابین دەکرێت. لە کاتێکدا پرۆگرامە کۆمەڵایەتیەکان پارەیان بۆ خەرجناکرێت.
خاڵی بنەڕەتی ئەم پرۆژەیە گەورەکردنی سەرۆک و پەرستنیەتی. کۆیلایەتیەکی بێسنوور بەرامبەر سەرکردەی گەورە کرا لە ئاهەنگگێڕانی ترامپ بۆ 100 رۆژەکانی یەکەمی لەگەڵ کاندیدەکانی کابینەکەیدا کە هەر هەموویان کاسکێتی شین و سووریان لەسەر نابوو یان لەسەر مێزەکانیان دایان نابوو، لێینووسرابوو ” Gulf of America”. داواکاری گشتی پام بۆندی- Pam Bondi-، بە شێوەی کۆیلەیەکی نمونەیی لە کۆبوونەوەکەدا، وتی: “بەڕێز سەرۆک، 100 رۆژەکانی یەکەمتان زۆر زیاتر لە هەر سەرۆکایەتیەکی تر لەم وڵاتەدا بووە، هەرگیز. [من] هەرگیز شتێکی لەمجۆرەم نەدیوە، سوپاس.”
ترامپ رەزامەندی نمایشی ٢٥٠ ساڵەی سەربازی بەدەستهێنا لە ساڵرۆژی لە دایکبوونیدا. دوو ستوونی ئاڵای 100 پێی بەرزی چەقاند لە باغچەکەی کۆشکی سپی، بەوئومێدەی ئەگەر پرۆژەکانی لە کۆنگرێس پەسەند بکرێن، وێنەی لەسەر کێوی رەشمۆر هەڵبکەندرێت لەگەڵ جۆرج واشنتۆن، تۆماس جێفەرسن، ئەبراهام لینکۆڵن، و ثیۆدۆر رۆزڤێڵت. ئەو ساڵرۆژەکەی وەک رۆژێکی فەرمی فیدراڵی دەبینێت، وێنەی لەسەر پارەی 250 دۆلاری نوێ و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دەلەسی واشنتۆن بە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دۆناڵد جەی ترامپ ناودەبرێت. ئەو باخچەی نیشتمانی قارەمانەکانی ئەمریکی دروست دەکات و بە دڵنیاییەوە، ئەو پەسەندکردنی 22ەمین چاکسازیەکە دەبینێت کە رێگە بە خزمەتکردنی سێیەم وادەی سەرۆکایەتی بدات. سەرۆک بۆ ژیان!
“منداڵان فێردەکرێن کە ئەمریکایان خۆشبوێت”، ستیڤن میلەر-Stephen Miller- وەک جادوگەرێک وتی. “منداڵان فێردەکرێن کە نیشتیمانپەرست بن. منداڵان فێردەکرێن کە چۆن بەها کۆمەڵایەتیەکان فێربن لەو قوتابخانانەی کە بەپارەی باجدەرە فیدراڵیەکان دەچێتەڕێوە. بۆیە کاتێک وەزارەتی پەروەردە دەکەینەوە و پارە بۆ ویلایەتەکان دابین دەکەین، دڵنیادەبینین کە ئەم پارانە بۆ پەرەپێدانی ئایدیۆلۆژیای کۆمۆنیستی بەکارنەهێنرێن.”
ئەوەی کە لە کۆمەڵگەی ئازادماندا ماوە، مارە ژەهراوێکەی ترامپ کۆتایی پێدەهێنێت، ئەو کارانەی کە ملیاردێر و کەمپانیا گەورەکان برەویانپێدا. ئەمە کۆتایی پرۆسەکەیە، نەک دەستپێک. ترامپ هاوکاری زۆری هەبوو.
وشەیەک هەیە بۆ ئەوانەی کە ئەمەیان بەسەرماندا هێنا.
خەیانەتکارەکان.
نووسینی: کریس هێدجز .. وەرگێڕانی: گۆران عەبدوڵڵا