
هـــــــایکۆ.. سمکۆ ئەحمەد ڕەشید
1
ئەو ڕۆژەی دایکم مرد،
ئەوەی لەمن زۆرتر گریــا
ئاسمان بوو
2
لەسەر گۆڕی دایکم
شەڕی مان و نەمان دەکات ـ
پەپوولەیەک.
3
دەمەوێ لە زەوی هەڵبێم
وەک خۆر نا
وەک ( با )یەکی بە پەلە
4
شەو لەوە تووڕەتر نابێ
کەی خەبەریان دەبێتەوە
شەپۆلەکان!
5
کوچە کوچەی ئیعراب گەڕام،
شوێن پێییەکییم نەدۆزییەوە ـ
دادپەروەری!
6
لە گۆڕێکی پاندا
یاری تۆپێن دەکەن
منداڵانی ئاوارە!
7
لەم بتخانەی تاریکییە
تێناگەم
ئیبراهیمەکان چ کارەن؟
8
ئەو سەربازەی دوێنێ لە سەنگەرەکەیدا
نەمامێکی ناشت
ئەم ئێوارەیە خۆی نێژرا
9
هێندە ناسکە،
بەرگەی ماچێکی خۆر ناگرێ
بوکەبەفرینە.
10
لای ڕووبارەکە،
پێکەوە ڕۆژووەکەمان شکاند
من و ئەسپەکەم.
11
دڵتان ڕاخەن،
بارانێکە بەشی هەموومان دەکات
خۆشەویستی!
12
زریانی شێت،
یاری بە پەنجەکانم دەکات
پیری .
13
چەشنی گەڵا،
دەستم خستۆتە سەر دڵم
لەم ئێوارە پاییزییەدا
14
دۆزەخ شەپۆل دەدا یان نا
گرنگ نییە
من لەگەڵ ئاگر ڕاهاتووم.
15
زەرەدەخەنەی ژنێک،
لە بنەبانی دڵمدا دەیشارمەوە
موچڕکی منداڵییم.
16
هەور لەسەر خولەک و چرکەی خۆیەتی،
هاکا لە دایک بوو
باران.
17
دەڕژێمە شەقامە جەنجاڵەکان
لە کەسێک دەگەڕێم پێی بڵێم،
سڵاو هاوڕێم
18
*( نانی پیرۆز،
بە تەنیشت میحرابی کڵێساوە
مشکێک باڵ دەگرێت)
19
گوڵ ناگرێ و .. ناگرێ
خەونێک،
تەمەنێکە دەیبینم
20
شاعیرێک بە ئاسمانەوە،
غەزەلی تەنیایی دەنووسێتەوەـ
مانگ!
21
سپێدە کەی ژان دەیگرێت
کەی دەڕوانێته سەر باخچەی هەتاو
پەنجەرەی شەو؟
22
با شوفێرێکی یاخییە
بێ مۆڵەت
هەورەکان لێدەخوڕێ.
23
کۆتا گۆرانی،
سەری تابووتەکە دادەخاتەوە
پیانۆژەنەکە.
24
بۆ چڵە ناسکەکانی تەنیاییم
دەگەڕێتەوە
ناکۆکی من و با
25
لە هۆڵێکی سارد،
مشتومڕێکی گەرم
دیبەیت!
26
خاڵێک بۆ کۆتایی ئەو جەنگە دانێ
شەش دەیە بەسە
خودای مـــن.
- ئەم هایکوەم لە ڕۆمانی فرانسیسکۆس قەدیسی من هەڵێنجاوە، کاتێک فرانسیسکۆس باس لە پەیدابوونی شەمشەمەکوێرە دەکات و دەڵێت ، شەمشەمەکوێرە سەرەتا مشکێک بووە لە نزیک میحرابی کڵێسا لەتێک نانی بەرەکەتداری کرماندووە، ئیتر باڵی گرتووەو بۆتە شەمشەمەکوێرە.
سمکۆ ئەحمەد ڕەشید