Skip to Content

بوخاری وشیار کتێبی (دیوەکەی تری دڵدار) بڵاو دەکاتەوە

بوخاری وشیار کتێبی (دیوەکەی تری دڵدار) بڵاو دەکاتەوە

Closed
by تشرینی دووه‌م 2, 2023 Books, General

دڵدار شاعیر و کەسایەتییەکی کاریزمای دیاری ناو مێژوو و ئەدەبی کوردە، نووسەر و لێکۆڵەری ئەدەبیی (بوخاری وشیار) نوێترین کتێبی بەناوی (دیوەکەی تری دڵدار) چاپ و بڵاو دەکاتەوە.
ئەم کتێبە توێژینەوە و لێکۆڵینەوەیە لە کەسایەتی دڵدار و کار و بەرهەمە ئەدەبییەکانی، جیاوازتر لەو کتێب و نووسراوانەی تا ئێستا لەسەر دڵدار نووسراون، ئەم کتێبە دیوێکی تری کەسایەتی دڵدارمان نیشان دەدات، بە پشتبەستن بە دەقەکانی دڵدار و لێکدانەوەی سایکۆلۆجیانە بۆ کەسایەتی دڵدار، سەردەمی منداڵی و پەروەردەبوون و پاڵنەری دەقە شیعرییەکانی دڵدار خراونەتە بەر باس. لە کتێبەکەدا پەردە بەسەر زۆر لایەنی ژیان و دەروونی دڵدار هەڵدراوەتەوە، ژیانی هەژارانەی دڵدار و پەروەردەبوونی دڵدار لە ژینگەیەکی مێینەیی و کێشەی زمانگرنی دڵدار قسەیان لەسەر کراوە و بە گەڕانەوە بۆ قوتابخانە دەروونشیکارییەکان لێکدانەوەی بەجێ بۆ کاریگەرییە دەرەکییەکانی پەیوەست بە دەروونی دڵدار کراون.
کتێبەکە دابەش دەکرێت بەسەر سێ بەش، لە سەرەتادا نووسەر هەوڵدەدات دڵدارمان وەک ئەدیبێک نیشان بدات و گەشە و قۆناغەکانی ئەدەبی دڵدارمان نیشان دەدات، دواتر نووسەر لەژێر ناوی (ڕەهەندە دەروونییەکانی دڵدار) لێکدانەدوە و شیکردنەوە بۆ زۆر لایەنی دەروونی دڵدار دەکات و پێمان دەڵێت کە دڵدار کێشەی شوناسی هەبووە. لە کۆتاییشدا نووسەر لە بەشی (نهێنییە گەورەکەی دڵدار)دا هەوڵدەدات ئەو نهێنیە گەورەی ژیانی دڵدارمان بۆ ئاشکرا بکات کە دڵدار هەرگیز بۆ هیچ کەسێکی ئاشکرا نەکرد و سەرچاوەی بەشێکی زۆری شیعرەکانیشی بوو.
ئەم توێژینەوەیە جیا لە کتێبەکانی تر کە سەبارەت بە دڵدار نووسراون و دڵداریان تەنها وەک سیاسیێک نیشانداوە، هەوڵدەدات دڵدار وەک ئەدیب و مرۆڤێکی کورد نیشان بدات. کتێبی (دیوەکەی تری دڵدار) نوێترین کتێبی (بوخاری وشیار)ەو لە لایەن ناوەندی ڕۆشنبیریی مەم و زین لە هەولێر چاپ و بڵاو دەکرێتەوە.

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish