دەستنیشانکردنی شێواز لە ڕیتمی ناوەوەی کورتە چیرۆکی ‘گیاندان’.. عبدالسلام اسماعیل صادق
شێواز style)):
ئەگەر بە گشتی باسی شێواز بکەین، دەتوانین بڵێین: هەر کەسێک کۆمەڵێک شێوازی تایبەت بەخۆی هەیە، بۆ نموونە: شێوازی نانخواردن، قسەکردن، بە ڕێگادا ڕۆیشتن، سەیرکردن… بە گشتی هەر مرۆڤێک شێوازی هەڵسوکەوتکردنی خۆی هەیە لە هەموو لایەنەکانی ژیاندا، دەشکرێت شێوازی کەسێک بە شێوازی کەسێکی تر بچێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەر کەسێک بەهۆی چەند شتێکەوە کە دەکرێ بڵێین شێوازی ئەو کەسەیە، دەتوانرێت بناسرێتەوە. ئەگەر لە ڕووی ئەدەبەوە سەیری شێواز بکەین و هەوڵبدەین پێناسەیەکی بۆ بکەین، دەتوانین بەو جۆرە پێناسەی بکەین و بڵێین: شێواز بریتییە لە شێوە جیاوازەکانی مامەڵەکردنی زمان (٢). شێواز لە ئەدەبدا سەروکاری لەگەڵ زمانە، ئەو زمانەی کە ئەدیب بەکاریدێنێت، شێواز لەو زمانە دەردەهێنرێت (شێوازی ئەدیبەکە لە زمانەکەیەوە دەردەکەوێت).
دەتوانرێت شێواز لە سێ ڕوانگەوە دیاری بکرێت، ئەوانیش بیتیین لە: نووسەر، خوێنەر و دەق (٢). ئەوەی کە پێویستە لەبارەی نووسەرەوە بیزانین، فکری نووسەرەکەیە، مارکسی، ئیسلام، بێدینە، لە چ ڕوانگەیەکەوە سەیری ژیان دەکات…تاد. ئەوەی ڕاستی بێت لە پۆست مۆدێرنیزم، نووسەر لە دەق دادەبڕێنرێت و هیچ پەیوەندی بە دەقەکەوە نامێنێت. هەرچی خوێنەرە، پێگەیەکی گرنگی هەیە لە دیاری کردنی شێواز، لە پۆست مۆدێرنیزمدا دۆخێکی نوێ دێتە پێش، ئەویش گرنگیدانە بە خوێنەر؛ خوێنەر بۆیە گرنگە، چونکە ئەگەر دەقێک بێنین و کۆمەڵێک خوێنەر شێوازی ئەو دەقە دیار بکەن، دەبینین جیاوازی هەیە لە نێوان هەموو ئەو شێوازانەی کە خوێنەرەکان دەستنیشانیان کردووە و دەریانهێناوە. لەگەڵ ئەوانەشدا لەڕێی دەقیشەوە دەتوانین شێواز دیاری بکەین، وەکو: زمانی دەق، ڕستەکان لادانەکانیان چین و چۆنن، وەسفەکان چۆنن و واتاکانی چین، هەموو ئەوانە دەچنە ناو ڕوانگەی دەقەوە.
دەشێت شێواز بەپێی ڕەگەزەکانی ئەدەب-یش دەستنیشان بکرێت، کە بریتیین لە ڕەگەزەکانی: زمان، بیر، سۆز و جوانکاری (٣).
شێواز سێ ئاستی هەیە، کە بەهۆی ئەو ئاستانەشەوە دەتوانین شێواز دیاریبکەین، کە ئەوانیش ئاستەکانی ڕیتم، پێکهاتە و دیلال-ە (٤). لە ئاستی ڕیتم، ڕیتمی دەرەوە و ناوەوە هەیە. ڕیتمی دەرەوە بە زۆری خۆی لە کێش و سەروا دەبینێتەوە؛ ڕیتمی ناوەوە-ش پەیوەندی بە دەنگ، بڕگە، وشە، دەستەواژە و ڕستەوە… هەیە. لە دوای ئاستی ڕیتم ئاستی پێکهاتە هەیە، کە بە گشتی ڕێخستنی ڕستەکان، کورتبڕی، درێژدادڕی، پێش و پاش خستنی وشە، پەیوەندی نێوان ڕستەکان و هاوئاهەنگی نێوان ناونیشان و کۆی گشتنی دەقەکە… دەگرێتەوە. ئاستی دیلال کە کۆتا ئاستە، هەرسێ ئاستەکەی ڕەوانبێژی دەگرێتەوە، کە بریتیین لە: ڕوونبێژی، واتاناسی و جوانکاری، لەگەڵ لادانەکان و لایەنی هزری و دەرونی ئەدیب… ئەوەی گرنگە بیڵێم، ئەو ئاستانە لەیەکتر دابڕاو نین، بەڵکو پەیوەندیێکی تەواویان بە یەکترەوە هەیە و تێکەڵ بە یەکتر دەبن.
ڕیتمی ناوەوە لە کورتە چیرۆکی ‘گیاندان’؛ ئەدیب باسی پەیوەندی عاشقانەی نێوان دوو دڵدار، ژوانی نێوانیان، لەیەک دابڕانی ئەو دوو عاشقە دەکات، کە چۆن سەربازەکان دێن و بەسەر گوندەکەیاندا دەدەن و تاڵانکاری و کاولکاری دەکەن و کچانی ئەو گوندەش دەبەن و دەستدرێژیان دەکەنە سەر و لە بیابان زیندە بە چاڵیان دەکەن، کە یەکێک لەو کچانە فاتم-ی مەعشوقە. بەو جۆرە ئەو دوو عاشقە بەیەکتر ناگەن و دیداریان دەچێتە قیامەت.
لەم کورتە چیرۆکەدا، ڕێژەیەکی زۆر ڕیتمی ناوەوە لە هەردوو ڕیتمی دەنگ و وشە بەدی دەکرێت. لە ڕیتمی دەنگییدا دووبارەبوونەوەی دەنگ و دووبارەبوونەوەی بڕگە لە سەرەتا و کۆتایی وشەکان بەدی کرا، وە لە ڕیتمی وشەدا دووبارەبوونەوەی وشە و پێش و پاشکردنی وشە بەدی کرا. لەگەڵ ئەوانەشدا، دووبارەبوونەوەی دەستەواژە و ڕستەش بوونی هەیە.
لە دووبارەبوونەوەی دەنگدا، چەند نموونەیەکمان هەیە، کاتێک ئەدیب دەڵێت: ”من تەنها لەبەر بێ کەسی دایکم بوو دواکەوتم، دەنا ئارەزووم دەکرد منیش دوای ئەو کۆچەت دواتکەوتبام“. دووبارەبوونەوەی دەنگی ‘د’ لەسەرەتای وشەکانی: دایکم، دواکەوتم، دەنا، دەکرد، دوای، دواتکەوتبام، ڕیتمی دروست کردووە.” نەمدەتوانی باوەڕبکەم تۆ کوژراوی، ئاوەزم توانای قبوڵکردنی ئەوەی نەبوو کە دەستانێ هەبن بتوانن تۆی فریشتە بخەنە چاڵێکەوە و بە زیندوێتی داتپۆشن. نەمدەتوانی هەرچەندم دەکرد نەمدەتوانی باوەڕ بکەم تۆ نەماوی، ڕەنگە هۆی ئەوەبێت کە ڕۆحت هەمیشە لەگەڵمدا بووە“. دوازدە جار دووبارەبوونەوەی دەنگی ‘ت’ ڕیتمێکی جوانی بەم پەڕەگرافە بەخشیوە. ”فاتم گیان ئەگەر ئەو ڕۆژە دایکانت دەدی چۆن باوەش بە ئێمەدا دەکەن، هەرچی برینت هەیە ساڕێژ دەبوو، تەمەنێکی درێژ بوو“. دووبارەبوونەوەی دوو دەنگی کۆتایی وشەکانی: ساڕێژ و درێژ، ڕیتمێکی جوانی بەو دێڕە بەخشیوە.” تفێکم لەو تفەنگە بێ دەسەڵاتەی خۆم کرد“. دووبەرەبوونەوەی دوو دەنگ لە سەرەتای وشەکانی: تفێک و تفەنگ، ڕیتمی بەم ڕستەیە بەخشیووە.
هاوپێچ لەگەڵ دەستنیشان کردنی ڕیتمی دەنگی ئەو کورتە چیرۆکە، ئامارێک بۆ پەڕەگرافەکان وەردەگرین، کە چ دەنگێک لە چ پەڕەگرافێکدا زۆرترینجار دووبارە بوەتەوە. کورتە چیرۆکەکە بە گشتی لە ١٤ پەڕەگراف پێکدێت، هەر پەڕەگرافەی دەکرێت لە ١ دەنگ یاخود زیاتریش وەکو ڕیتمی ناوەوە تێیدا دەرکەوتبێ:
١. پەڕەگرافی یەکەم: لەم پەڕەگرافەدا دوو دەنگ زۆرترینجار دووبارە ببوونەوە، ئەوانیش بریتیی بوون لە دەنگەکانی ‘ت’ ٨جار و ‘د’ ٩جار.
٢. پەڕەگرافی دووەم: لەم پەڕەگرافەشدا بەهەمان شێوە، هەر دوو دەنگی ‘ت’ ٢٧جار و ‘د’ ٢١جار زۆرترینجار دووبارە ببوونەوە.
٣. پەڕەگرافی سێیەم: لەم پەڕەگرافەدا سێ دەنگ زۆرترینجار دووبارە ببوونەوە، ئەو دەنگانەش بریتیی بوون لە ‘ت’ ٧٧جار، ‘د’ ٦١جار و ‘ن’ ٦٨جار.
٤. پەڕەگرافی چوارەم: لەم پەڕەگرافەدا دەنگەکانی ‘ن’ ١٩جار و ‘ت’ ٣١جار، زۆرترینجار دووبارە ببوونەوە.
٥. پەڕەگرافی پێنجەم: لەم پەڕەگرافەدا زۆرترینجار دەنگی ‘ک‘ ٣٢جار دووبارە ببووەوە.
٦. پەڕەگرافی شەشەم: لەم پەڕەگرافەدا دەنگەکانی ‘ت’ ١٠جار و ‘ک’ ١٢جار زۆرترینجار دووبارە ببوونەوە.
٧. پەڕەگرافی حەوتەم: لەم پەڕەگرافەدا زۆرترینجار دەنگی ‘م’ ٣٧جار دووبارە ببووەوە.
٨. پەڕەگرافی هەشتەم: لەم پەڕەگرافەدا دەنگەکانی ‘ت’ ١٨جار، ‘م’ ١٦جار و ‘ن’ ٢٣جار، زۆرترینجار دووبارە ببوونەوە.
٩. پەڕەگرافی نۆیەم: لەم پەڕەگرافەدا زۆرترینجار دەنگی ‘ن’ ٢٤جار دووبارە ببووەوە.
١٠. پەڕاگرافی دەیەم: لەم پەڕەگرافەدا زۆرترینجار دەنگەکانی ‘د’ ٢٠جار و ‘ب’ ١٩جار دووبارە ببوونەوە.
١١. پەڕەگرافی یازدەم: لەم پەڕەگرافەدا زۆرترینجار دەنگی ‘م’ ٣٥جار دووباره ببووەوە.
١٢. پەڕەگرافی دوازدەم: لەم پەڕەگرافەدا زۆرترینجار دەنگی ‘ن’ ٤٠جار دووبارە ببووەوە.
١٣. پەڕەگرافی سێزدەم: لەم پەڕەگرافەدا زۆرترینجار دەنگەکانی ‘م’ ١١جار و بزوێنی کورت ‘ە‘ ٢٢جار دووبارە ببوونەوە.
١٤. پەڕەگرافی چواردەم: لەم پەڕەگرافەدا زۆرترینجار دەنگەکانی ‘ن’ ٢١جار، ‘م’ ٢٣جار و بزوێنی کورت ‘ە’ ٤٥جار دووبارە ببوونەوە.
• ئەگەر سەیر بکەین دەبینین لە زۆربەی پەڕەگرافەکاندا دەنگی ‘ت’ زۆرترینجار دووبارە بووەتەوە. کەواتە دەنگی ‘ت’ شێوازی ڕیتمی دەنگیی ئەم دەقەیە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم ڕیتمە لەخۆوە دروست نەبووە، ئەگەر دیقەت بدەین، دەنگی ‘ت’ بە زۆری لە وشەکانی: تۆش، ئەوانی تریش، خۆشەویستم، تف، تفەنگ، نەمدەتوانی… هەموو ئەو وشانە پەیوەندی بە گێڕەڕەوەی دەقەکە (گێڕەڕەوەیەکی هەمان شت زانە)، مەعشوق و لایەنی سێیەمەوە هەیە، بۆیە لێرەدا ڕاستەوخۆ ئاستی ڕیتمی دەچێتە نێو ئاستەکانی پێکهاتە و دیلال و تێکەڵ بە هزر و دەرونی ئەدیب دەبێت.
دوای دووبارەبوونەوەی دەنگ، دووبارەبوونەوەی بڕگە هەیە، هەم لە سەرەتا، ناوەند و کۆتایی وشەکان: ”بۆیە کڕنۆشم دەبرد و دەگریام“. دووبارەبوونەوەی بڕگەی سەرەتای وشەکانی: دەبرد، دەگریام. ”من تەنها لەبەر بێ کەسی دایکم بوو دواکەوتم، دەنا ئارەزووم دەکرد منیش دوای ئەو کۆچەت دواتکەوتبام“. دووبارەبوونەوەی بڕگەی ناوەڕاستی وشەکانی: دواکەوتم، دواتکەوتبام. ”هەر تۆزقاڵێ ئۆقرە بگرە“. بڕگەی کۆتایی وشەکان ‘رە، رە’ دووبارە بووینەوە.
چەند نموونەیەک لەسەر دووبارەبوونەوەی وشە: ”من تەنها لەبەر بێ کەسی دایکم بوو دواکەوتم دەنا ئارەزووم دەکرد منیش دوای ئەو کۆچەت دواتکەوتبام“. دووبارەبوونەوەی وشەی ‘دواکەوتن’، کە دەڵێ ‘دواکەوتم، دوای ئەو کۆچەت دواتکەوتبام’، لێرەدا ڕیتمێکی جوانی دروستکردووە بە دووبارەکردنەوەی ئەو وشەیە.” وایان فێرکردبووم کە خۆشەویستی پاک پەیوەندی نێوان ڕۆح و ڕۆحە نەک جەستە و جەستە“. دووبارەکردنەوەی دوو وشەی جیاواز ‘ڕۆح، جەستە’ ڕیتمێکی ناوازەی دایتە ئەو دێڕە. ”تۆ دەتویست دەستم بگریت و چێژی ماچ و پێکەوە نووسانی جەستە و جەستەم فێربکەی“. لێرەدا نووسەر دەیتوانی تەنیا بڵێت ”پێکەوە نووسانی جەستەم فێربکەی“ بەڵام درێژدادڕی کردووە (کە لێرەشدا دەچێتە نێو ئاستی پێکهاتە)، لەگەڵ ئەوەشدا ڕیتمێکی جوانی بەخشیوەتە ئەم دێڕە. ”من سەختیم زۆر کێشا، بەڵام دەزانم هەموو ئەو سەختیانەی کە من کێشاومە ناگاتە چرکەیەکی سەختیەکانی تۆ، چونکە هەر چۆنێ بوو من خۆم ئەو سەختیەم هەڵبژارد“. بە چوارجار دووبارەکردنەوەی وشەی ‘سەختی’، ڕیتمی بەو ڕستەیە بەخشیووە.” هیوادارم ئەو جەستە پاک و ڕوونەت کە من نەمدەوێرا پەنجەی بۆ بەرم، ئەو جەستە پیرۆزەت بە جەستەی ئەوان لێخن نەبووبێ“. دووبارەکردنەوەی وشەی ‘جەستە’ بووەتە هۆی پێدانی ڕیتم بەم ڕستەیە. ”پێم وابوو ئەو دەنگە تەنها دەنگی خۆی نییە، بەڵکو دەنگی هەموو دایکان ئاوێتەی دەنگی بووە و گوزارشت لەو سەرکەوتنە دەکات“. چوار جار دووبارەکردنەوەی وشەی ‘دەنگ’ ڕیتمێکی جوانی بەخشیووە.
هەروەک باسمان کرد، دووبارەبوونەوەی ڕستە و دەستەواژەش لەم دەقەدا هەیە؛ کە ئەدیب دەڵێت: ”من دەزانم بە دەستی تۆ بوایە بە دووی من بکەوی و بڕۆین، بەڵام بە دەستی خۆت نەبوو، بە دەستی براکانیشت نەبوو، فاتم گیان ئەوجارە بە دەستی کەسانێ بوو کە هیچ مافێکیان بەسەرتەوە نەبوو“ لە دووبارەکردنەوەی دەستەواژەی ‘بە دەستی’ ڕیتمی ناوەوەی دروست کردووە؛ کە دەشڵێت: ”لە دڵی خۆمەوە دەمووت خۆزگە ڕاست بوایە و ئاگاداری نهێنی و غەیب بوایە بۆ ئەوەی ئەم عەشقە خوداییەی منیشی پێ درک بکردایە، دەمووت بریا ڕاست بوایە“، لێرەدا نووسەر دووجار ڕستەیەکی دووبارە کردۆتەوە، کە دەڵێت ‘دەمووت‘ واتە ‘من دەمووت’، سینتاکسییە، جا دووجار دووبارەی کردۆتەوە، بەوەش ڕیتمی دروستکردووە.
بە گشتی دەتوانین بڵێین: کورتە چیرۆکی ‘گیاندان’ یەکێکە لەو دەقانەی کە بۆ کارکردن لەسەر شێوازەکەی، دەتوانرێت ڕیتمی ناوەوە بەکاربهێنرێت، واتە لەڕووی ڕیتمی ناوەوە شێواز دیاریبکەین، چونکە ڕێژەیێکی زۆر ڕیتمی ناوەوەی تێدایە.
————————
سەرچاوەکان:
١.مەرگی مرۆڤ و نیوێک ”ڕۆمانی کۆچ و ١٥ کورتە چیڕۆک“، مەهاباد قەرەداغی، بڵاوکراوەی ئاراس، چاپی یەکەم، هەولێر، ٢٠٠٤.
٢.شێواز لە شیعری کلاسیکیی کوردیدا، حەمە نوری عمر کاکی، چاپخانەی تیشک، چاپی یەکەم، سلێمانی، ٢٠٠٨.
٣. شێواز و شێوازگەری، د.ئیدریس عەبدوڵڵا، هەولێر، ٢٠١٠-٢٠١١.
٤.تیۆری ئەدەبی و شێوازناسی، پیتەر هاڵبێرگ و دانەرانی تر، و: ئەنوەر قادر محەمەد، مەڵبەندی کوردۆلۆجی، سلێمانی، ٢٠١٠.