Skip to Content

ئیخوان و ستەمکاریی ئاینیی.. نووسینی: ستیڤان شەمزینی

ئیخوان و ستەمکاریی ئاینیی.. نووسینی: ستیڤان شەمزینی

Closed
by نیسان 5, 2021 General, Opinion, Slider

ئەگەر ئاوڕ لە مێژووی سەدەکانی ناوەڕاست بدەینەوە، بە حوکمی ئەوەی ئاین و فەرمانڕەوایی ئاوێتەی یەک ببوون، ستەمکارییەکی گەورەی ئاینیی سەرتاپای ئەوروپای داپۆشیبوو، ئەم ستەمکارییە گەیشتبووە راددەیەک نەک هەر بێباوەڕانی گرتبووەوە، بەڵکو پەیڕەوانی ئاینزا جوداکانی ناو یەک ئاینیشی نەبواردبوو. بۆ نموونە دادگاکانی پشکنین، جیا لەوەی سزای بێباوەڕانی دەدا، یان سزای هەموو دەنگێکی دەدا کە دژی دەسەڵاتی کڵێسا بەرز دەبووە، هاوزەمان ئەم دادگا کاسۆلیکیانە کەمیان بە مەسیحییە پرۆتستانەکان نەدەکرد. بە کورت و کرمانجی، ئەزموونی سەدەکانی ناوەڕاست ئەوەی پێی نیشانداین، تێکەڵاوکردنی ئاین و سیستمی فەرمانڕەوایی جگە لە ستەمکاریی ئاینیی هیچی تری لێ شین نابێت.

ئیخوان موسلمین بە هەمان نەفەسی کڵێسای سەدەکانی ناوەڕاستەوە، لە ژێر دروشمی “ئیسلام چارەسەرە” ماوەی 85 ساڵە لە هەوڵی بێوچاندایە بۆئەوەی ئاین بکاتە بنەمای فەرمانڕەوایی سیاسیی. ئەگەرچی ماوەی 84 ساڵ لە ژێر پەستانی حکوومەتە نیمچە عەلمانییەکانی میسردا بوون، بەڵام ئەوەی رابەرانی ئیخوان لە هەموو ئەو ماوەیەدا تیۆریزەیان کرد، دروستکردنی بنەمایەکی فکریی بوو بۆ بەستنەوەی ئاین و دەسەڵاتی سیاسیی بە یەکترەوە. وەلێ ئیخوان تا شۆڕشی یەنایری 2011 زیاتر وەک قوربانی دەهاتە بەرچاو، بەڵام فکری ئیخوان ئەوەی لێ دەخوێنرایەوە لەگەڵ گەیشتنیان بە دەسەڵات، شێوەیان لە قوربانییەوە دەگۆڕێ بۆ جەلاد. ئەم شێمانەیەش لە ماوەی یەک ساڵی حکومی “مورسی”دا میسداقییەتی خۆی سەلماند.

رەنگە تا ئێستا وا زانرابێت، ستەمکاریی ئاینیی یان پشکنینی بیروباوەڕ تایبەتە بە ئاینی کریستیانیی، بەڵام لە واقیعدا ئەو تێزە کۆڵەوارە، چوونکە دەشێ لە هەموو حاڵەتێکدا ئەگەر ئاین بکرێتە بناغەی فەرمانڕەوایی هەمان ستەمکاریی بێتە ئاراوە. هەروەک “هاشم ساڵح” باسی دەکات: زیاد لە جارێک ویستیان باوەڕمان پێبێنن دادگاکانی پشکنین تەنیا تایبەتە بە مەسیحییەت و هەرگیز ناشێت و ناکرێت لای ئێمە رووبدات. ئەڵبەتە ئەوە قسەیەکی بێ بناغەیە، بەڵگە مێژووییەکان لە ئێستا و رابردوودا، ئەو بۆچوونە بەتاڵ دەکەنەوە، رەوتی مێژوویی هەردوو ئاینەکە دەیسەلمێنێ تێگەیشتنی هەڵە و دۆگما بۆ ئاین، خۆ بە خۆ دەبێتە مایەی سەرهەڵدانی دادگاکانی پشکنین و زەبر و زۆرکردن لە ئایندا.

لە ماوەی یەک ساڵی حکوومی ئیخوان لە میسر، بەدەر لەوەی ژێرخانی ئابووری زیانی گەورەی بەرکەوت، کەرتی گەشتیاریی هەرەسی هێنا، هەڵئاوسان و بێکاریی گەیشتە لوتکە. لە هەمان کاتدا دەوڵەت بە شێوەیەکی چڕ کەوتە پەلاماردانی ئازادییەکان و سەرکوتی بیروڕای جیاواز و داپڵۆسینی مەعنەویی رۆشنبیران و دەمکوتکردن و دادگایکردنی هونەرمەندان. هەروەک “باسم یوسف” پێشکەشکاری کەناڵی CBC پێناسەی ئەو دۆخەی میسری بە چیرۆکی ئەلف لیلە و لیلە کردبوو. کە لەو چیرۆکەدا ئەندامانی ئیخوان، راگەیاندنکار و رۆژنامەوانان بە شەلاتی و بەڵتەچی “گێرەشێوێن” ناو دەبەن. ئیخوان شێوازی دایەلۆگ و لێکگەیشتنیان گۆڕی بە نەڕە نەڕ و خۆسەپاندن.

لەلایەکی تریشەوە، ستەمکارییەکی نوێ لە بەرامبەر قیبتییە مەسیحییەکان لە نەشونمادا بوو، کە مەترسی کڵپەسەندنی جەنگێکی مەزهەبی لێدەکرا. ئەو ستەمکارییەی لە ماوەی یەک ساڵی حکومی ئیخواندا دژی قیبتی و مەسیحییەکان بەڕێوەچوو نموونەی لە مێژووی میسردا نەبینرابوو. هەروەک “د.نەجیب جوبرائیل” راوێژکاری یاسایی کەنیسەی قیبتییەکان، ئاماژەی پێدابوو “لە سەردەمی موبارەکدا قیبتییەکان بە خراپترین شێوە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرا، بەڵام لە سەردەمی مورسی خەڵتانی خوێن کران. لە زەمانی رۆمانییەکانەوە تا ئێستا رووبەڕووی کارەساتی وانەبوونەتەوە وەک ئەوەی هەنووکە رووبەڕووی دەبنەوە”. ئەمەش ئەو دۆخەمان بیر دەخاتەوە کە بیرمەندی سودانی “حاج وەراق” لە بارەیەوە دوا بوو، کاتێک وتبووی “ئیخوان لە ئەزموونە باشەکانی مرۆڤایەتی داماندەبڕن”.
خولاسە، ئیخوان نەک نەیتوانی لە ئاست داوا و خەونەکانی کۆمەڵگەی میسریدا بێت، بەڵکو دەیویست لە رێگەی ئیخوانیزە و ئیسلامیزەی کۆمەڵگە لەسەر شێوەی ئیسلامگەرایی ئیخوانیی، هەموو خەڵکی میسر لە قاڵب بدات، بۆ ئەمەش سڵی لەوە نەکردەوە حکوومەت لە دەزگایەکی ئیداریی و سیاسییەوە بکاتە دادگای پشکنینی بیروباوەڕ و دامەزراوەیەکی سەرکوتکاری ئاینیی. لەبەر ئەم هۆیە، شۆڕشگێڕان لێنەگەڕان ئیخوان موسلمین لە بری پێشخستنی کۆمەڵگە، چەندین هەنگاو میسر بباتەوە بۆ دواوە.

پێشتریش “خەلیل ئەلعەنانی” لە کتێبەکەیدا “ئیخوانەکانی میسر، ململانێی پەککەوتەیەک لەگەڵ رۆژگار” باسی لەوە کردبوو، ئیخوان ناتوانێت ببێتە هێزێک لەگەڵ دیموکراسی هەڵبکات، چوونکە هیچ بڕوایەکیان بە بەهاکانی دیموکراسی نییە. ئەلعەنانی ئاماژەی بەوە دابوو “لە هەمبەر دیموکراسی سپەیسێکی گەورە هەیە لە ناو ئیخواندا. چوون ئەوان ئەم چەمکە وەک مومارەسە سەیر دەکەن نەک بەها. لەو سۆنگەیەی ئامادەییان هەیە بەشداریی هەڵبژاردن و خۆپیشاندان بکەن، بەڵام قەت نەبووە بڕوایان بە دادپەروەریی و ئازادیی و یەکسانی هەبێ وەک بەهاگەلێگی گرنگی دیموکراسی”. هەر لەم روانگەیەشەوە بوو لە ماوەی یەک ساڵدا، مورسی و ئیخوان لە بری ئەوەی پایەکانی دیموکراسی لە میسر بەهێز بکەن، خەریکی هەڵوەشاندنەوەی ئەو ژێرخانە بوون کە ئەگەری ئەوەی لێدەکرا ئەو وڵاتە بەرەو دیموکراسیی بپەڕێننەوە، بۆ هێنانەدی ئەو ئامانجەش سەرقاڵی بەهێزکردنی دەسەڵاتێک بوون کە جگە لە ستەمکاریی هیچی تری لێ چاوەڕوان نەدەکرا.

دوا پەردەی شانۆگەرییەکە یان کۆتایی ئیخوان؟

ئەگەرچی “ئیخوان” ماوەی 84 ساڵ، هەوڵی بێوچانی دا، بۆ ئەوەی دەسەڵاتی سیاسیی بگرێتە دەست، بەڵام لە یەکەم ئەزموونی خۆی لە دەسەڵاتدا، نەیتوانی لە یەک ساڵ زیاتر بەرگە بگرێت، چوونکە میسری ساتەوەختی دەسەڵاتی ئیخوان، بۆ یەک چرکەش پشووی بە خۆیەوە نەبینی، بەڵکو ئەجیندا مەترسیدارەکانی ئیخوان و مورسی، زیاتر تاوی بە ئاگری شۆڕشێک سەند کە دژ بە ستەمکاریی لەو وڵاتە بەرپاکرابوو. ئیخوان جیا لەوەی دەیویست بەرنامە وشکهەڵاتووە ئاینیی و ئایدۆلۆجییەکەی خۆی بسەپێنێت و کۆمەڵگەی میسریی لە چوارچێوەی بەرنامەی ئاینی و سیاسیی و کۆمەڵایەتی ئیخواندا لە قاڵب بدات، لە هەمان کاتدا لە رووی ئابووری و خزمەتگوزاریی و بوژانەوەی بژێویی هاووڵاتیان و پەیوەندیی دیبلۆماسییەوە، میسری زۆر بەرەو دۆخێکی خراپتر لەو دۆخە برد کە دەسەڵاتی سیاسیی بە دەستی “موبارەک”ەوە بوو.

لە ماوەی یەک ساڵی ئەزموونی دەسەڵاتدارێتی ئیخواندا، رەسیدی جونەی میسریی بە رێژەیەکی باوەڕ پێنەکراو لە بەرانبەر دۆلاری ئەمەریکی دابەزینی بە خۆوە بینی، کەرتی گەشتوگوزار کە کۆڵەگەیەکی سەرەکیی ئابووری میسر بوو، زیانی چەند ملیار دۆلاریی بەرکەوت. عەجز لە بودجەی گشتیی دەوڵەتدا، گەیشتە دوو هێندەی ساڵانی پێشووتر، رێژەی بێکاریی گەیشتە سیانزە لە سەد، بواری بەرهەمهێنان گەیشتە بارێکی زۆر ترسناک، کە زیانەکانی لە چەندین ملیار دۆلار تێپەڕیان کردبوو. بەرنامەی ئیخوانەکان نەک نەیدەتوانی ئەم کێشە زۆر قووڵانە بە پێی پرۆسێسێک بەرەو چارەسەر ببات، بەڵکو خودی دەسەڵات رۆژ لە دوای رۆژ قەیرانەکانی قووڵ و قووڵتر دەکردەوە.

لە سەر هەموو ئاستەکان، کۆمەڵگەی میسری پاش شۆڕش، وەزعی لە کۆمەڵگەی میسری پێش شۆڕش، خراپتر بوو، ئەم دۆخەش بۆ شۆڕشگێڕان و خاوەنە راستەقینەکانی راپەڕینی دژی ستەمکاریی کە گەنجان و رەوتە عەلمانییەکانن، قابیلی قبووڵکردن نەبوو. چوونکە مورسی و ئیخوان دەیانویست ئەو بڕ و پەڕاوێزە ئازادییەی پێشتر لەو وڵاتەدا هەبوو، لە رێگەی سەپاندنی بیر و باوەڕە سەلەفیی و وشکهەڵاتووەکانی خۆیانەوە لە بەینی ببەن. هەر بۆیە مەترسییەکی گەورە لەسەر بواری هونەریی و پەیوەندیی کۆمەڵایەتی و ژیانی تاکە کەسی هەبوو، لەبەرئەوەی ئیخوان دەیویست هەموو ئەوانە لەسەر سترۆکتۆری کولتوورێکی کۆنی بیابانشینی تەمەن 1400 ساڵە وێنا بکاتەوە.

کۆمەڵگەی میسر، شارستانێتی گەلی میسر، کە قووڵاییەکی زۆر دێرینی هەیە، لە بەردەم هەڕەشەی ئیخوان و ئەو ئەجیندا ترسناکەدا بوو کە مورسی تەمای پیادەکردنی بوو. ئیخوان رێگاکانی توندوتیژیی مەعنەویی بە کاردەهێنا بۆ ئەوەی کۆمەڵگە خۆی رادەست بکات، ئەم واقیعەش بۆ میسرێکی چاوگی فیکر و سیاسەت و رۆشنگەریی عەرەبی، نەک هەر مایەی قبوڵکردن نەبوو، بەڵکو بە هەموو شێوەیەک دژی ئەو رەوتە بوو کە شۆڕش لە پێناویدا لە دژی موبارەک بەرپاکرا.
لە میسری ژێر دەسەڵاتی ئیخوان، هاووڵاتیبوونی تاک بە تاکی میسرییەکان “ئەگەر لەسەر بنەمایەکی ئاینیی خۆیان رێکنەخستبایە” لە بن هەڕەشەدا بوو. چوونکە ئیخوان هەرچەندە بانگەشەی میانڕەویی بکات، بەڵام سەرئەنجام نەیدەتوانی لە خەونە گەورەکە خۆی دەرباز بکات کە دامەزراندنی دەوڵەتێکی تیۆکراتییە. لە مێژوودا رووینەداوە هیچ دەوڵەتێکی ئاینی، دیموکراسی بووبێت، بەڵکو دەوڵەتی ئاینی و دیموکراسی دوژمنی باوەکوژی یەکترن. هەروەک “ئەدۆنیس” شاعیر و بیرمەندی عەرەب ئاماژەی بۆ دەکات: مافی تاک لە باوەڕ و ئاینپەروەریی هیچ مشتومڕێک هەڵناگرێت، ئەوە مافێکە من رێزی لێدەگرم و داکۆکی لێدەکەم. بەڵام کۆمەڵگە بەو سیفەتەی گشتێکە، لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوونی ئاینی ناڕوات بەڕێوە، بەڵکو لەسەر هاووڵاتیبوونی مەدەنی دەبێت. تەنیا بەمەش مافەکانی مرۆڤ، دوور لە باوەڕ و ئینتیما و توخم و رەگەز و بنەچەیەکی کۆمەڵایەتی، مسۆگەر دەکرێت. هەر بەکارهێنانێکی سیاسییانەی ئاین، بۆ خۆی شێوازێکی توندوتیژییە نەک لە دژی جەستە، بەڵکو لە دژی رۆحیش.

کۆمەڵگەی میسر، پێشبینیان هەبوو بۆ ئەو رەوتەی ئیخوان گرتبوویە بەر، بەو پێیەی هەر لە سەرەتاوە، مورسی کە لە پشتییەوە رابەری گشتیی ئیخوان و بەرنامەیەکی جەهەنمی ئیسلامی سیاسیی ئامادەیی هەبوو، خواستی هەبوو، میسر بکاتە نموونەیەکی تاقیکراوەی ئەزموونی دەسەڵاتدارێتی ئیخوان، ئەزموونێکی دەسەڵاتدارێتی لەسەر بنەمای ئاینێک یان خوێندنەوەیەکی دیاریکراو بۆ ئاینێک قاچی لەسەر عەرد دانابوو. بەڵام ژ بەرئەوەی ئەو بەرنامە و خەونەی مورسی و ئیخوان هەیانبوو، دژی هەموو بەها مەدەنیی و مودێرنەکانی ژیانی هاوچەرخی مرۆڤایەتی بوو، دژی سکۆلاریزم و دیموکراسیی و ئاشتی کۆمەڵایەتی و ئایندەی پێکەوە ژیان بوو، نەیتوانی لە قۆناغی دەڵەمەیی تێپەڕێت و لەگەڵ لە دایکبوونیدا بوو بە جەستەیەکی ساردەوە بوو. هەر بۆیە بەم شێوەیە دوا پەردەی شانۆگەرییە لەسەر رۆڵی کارەکتەری ئیخوان دادرایەوە و بە لە سێدارەدانی مورسیش دوا بزمار لە روئیای ئیخوان درا بۆ جارێکی تر هاتنەوە سەر دەسەڵات.

گەڕانەوە بۆ خەونەکانی شۆڕش

خۆشبەختانە هەر لە دەستپێکەوە لەو بڕوایەدا بووم، شۆڕش و راپەڕینەکانی وڵاتانی عەرەبی کە لە تونسەوە تاوی سەند و تا نهۆش لە سوریا بەردەوامیی هەیە، شۆڕش نین لە پێناوی ئامانجی ئاینیی، بە دیوێکی تردا فاکتۆری سەرەکیی لە تاوسەندنی شۆڕشەکان، بەرەنگاریی سەرکوتی ئاینیی نەبوو، یان ئامانجی لێی هەوڵدان نەبوو بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی ئاینیی، یاخۆ ئیسلامی، بەڵکو لە سترۆکتۆرەوە ئەم شۆڕشانە شۆڕشی نان و ئازادیی بوون، شۆڕش بوون لە پێناوی باشترکردنی هەلومەرجی ژیان لە کۆمەڵگە عەرەبییەکان، شۆڕش بوون لە پێناوی بەرینکردنی مەوداکانی ئازادیی و چەسپاندنی دادی کۆمەڵایەتی، کە هەر یەک لەمانە بەشێکن لە کرۆکی دیموکراسی، کە لە دونیاشدا هیچ نموونەیەکی دیموکراسی بە بێ بوونی عەلمانییەت لە ئارادا نییە.
ئەگەرچی لە ساتەوەختێکی دیاریکراودا، جۆرێک لە رەشبینی و نائومێدیی لە هەمبەر ئەو شۆڕشانە تەنگی پێ هەڵچینبووین، بەو پێیەی لە بۆشایی دەسەڵاتدا و لە دوای رووخانی رژێمەکان لە میسر و تونس، کێرڤی رێکخراوە ئیسلامییەکان رووی لە هەڵکشان کرد و لە دوا وێستگەشدا “ئیخوان موسلیمین” لە رێگای هەڵبژاردنەوە توانی هەلەکە بە ئاسانی بقۆزێتەوە و دوای 84 ساڵ تەمەنی سیاسیی بگاتە سەر عەرشی دەسەڵات. بەڵام هەروەک بیرمەندی ناسراوی عەرەب “هاشم ساڵح” بۆی چوو بوو، “لە قۆناغی یەکەمدا لە باتی پێشەوە چوون، پاشەکشەیەک دێتە ئارا”. بێگوومان هاتنە سەر دەسەڵاتی ئیخوان، فۆرمێک لە پاشەکشەی شۆڕش بوو، یاخۆ هەرەسی خەونی شۆڕشگێڕان بوو، بەڵام ئەم پاشەکشەیە لە ساڵێک زیاتری نەخایاند.

ئیخوان لە میسر تووشی مەستییەکی جادوویی ببوو، بەوەی پێیوابوو، ئەوەی تا ئێستا رێگربووە لە بەیەک گەیاندنی ئیخوان و دەسەڵات، تەنیا بوونی رژێمێکی پۆلیسی و میلتانتی وەک رژێمی موبارەک بووە، لەم سۆنگەوە سەرمەست بوون بەوەی میسرییەکان سەرسامن بە بەرنامەی ئاینیی ئیخوان، بۆیە لە ماوەی چەند مانگێکدا هەموو شتێکیان لە بیر کرد، بەرنامەی هەڵبژاردنی خۆیان خستە تەنەکەخۆڵی کۆشکی کۆمارییەوە، لە بری باشترکردنی هەلومەرجی سیاسیی و ئابووری و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی میسر، دەستیان دایە پرۆسەی ئیخوانیزەی کۆمەڵگەی میسریی، ئەمەش ناکۆک بوو بەو رۆحە شارسانییەی گەلی میسر کە لە فیرعەونەکانەوە دەستپێدەکات تا هەنووکە. بۆیە کۆمەڵگەی میسریی زۆر زوو لە پەیام و پرۆتۆکۆلەکانی ئیخوان تێگەیشت، زۆر زوو دەرکیان بە مەترسییەکی گەورەتر کرد لە بەردەمیاندا کە چەند قاتی رژێمەکەی موبارەک مەترسیدارتر بوو.
هاشم ساڵح، بیرمەندی گەورەی عەرەب دەڵێ “دیکتاتۆریی ئاینیی گەلێک مەترسیدارترە لە دیکتاتۆرییەتی سەربازیی، چوونکە یەکەمیان راستەوخۆ و بێ جیاوازیی هەڕەشە لە ئازادیی بیر و را و بیرکردنەوە و دەربڕین دەکات”. گەلی میسریی بە هۆشیارییەوە و بە تێگەیشتن لەوەی “ئیخوان” سەرقاڵی ئیسلامیزە و ئیخوانیزەی کۆی دامەزراوە و کایە جۆراوجۆرەکانی ژیانە لەو وڵاتە، بە تێگەیشتن لەوەی “ئیخوان” لە جێگەی دیکتاتۆریی پۆلیسی و سەربازیی پێشوو، سەرقاڵی رۆنانی دیکتاتۆریی ئاینییە، بەردەوامیان بە شۆڕش دا، یان بە مانایەکی دیکە گەڕانەوە بۆ خەونەکانی شۆڕش، گەڕانەوە بۆ بەهاکانی شۆڕش. لەم نێوەندەدا “مەیدانی ئازادیی قاهیرە” بە دەنگێکی بڵند ئەوەی دووپاتکردەوە، شۆڕش کۆتایی نەهاتووە، بەڵکو هێشتا شۆڕش درێژەی هەیە.

ئەوەشی لە چەند ساڵی رابردوودا لە میسر روویدا، “واتە پرۆسەی لادانی مورسی لە دەسەڵات” نەک ناچێتە چێوەی کودێتاوە، بەڵکو بە هەموو شێوەیەک رەنگ و مۆدیلێکی تری شۆڕش بوو، چوونکە کودێتا لەلایەن کەمینەیەکی سوپاوە ئەنجام دەدرێت، بەڵام ئەوەی لە میسر روویدا، سوپا بە دیفاکتۆ کەوتبووە ژێر کارتێکردنی ئەو خرۆشانە گەورەییەی لە شەقامی میسرییدا دەبینرا. ئەگەرچی مورسی سەرۆکێکی هەڵبژێردراو بوو، لە رێگەی سندووقەکانی دەنگدانەوە گەیشتبووە دەسەڵات، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە، خەڵک ناتوانن لە رێگەی چالاکی مەدەنی و خۆپیشاندان و شۆڕشی سپییەوە، سەرۆک لا بدەن. بە پێچەوانەوە ئەوەی لە ئەزموونی دەوڵەتانی دیموکراسی فێری بووین ئەوەیە، شەقام دەتوانێت بە خۆپیشاندانی سەرتاسەریی کە لانیکەم گوزارشت لە رای زۆرینەی هاونیشتمانیان بکات، سەرۆک لا بدات.
من پێموایە لادان و دواجاریش لە سێدارەدانی مورسی “بۆ خۆم دژی سزای لە سێدارەدانم” و هەرەسهێنان بە حکوومەتەکەی ئیخوان لە میسر، سەرەتایەکی نوێ بوو لە ئاستانەی گەڕانەوەی خەونی شۆڕش، ئەو شۆڕشەی سەرەتا گەنجەکان دەستیان پێکرد و دواتر ئیخوان لە کاتی زانینی سەرەو لێژبوونەوەی دەسەڵاتی موبارەک، خۆی بەسەردا سەپاند. ئەم دەلاقەیەی لە میسرەوە کراوەتەوە دەکرێ لە تونس و لیبیا فراوانتر بکرێ، هەرچی سوریاشە لەوە دەچێت ببێتە مەقبەرەی کۆی ئیسلامییە جیهادیی و تەکفیرییەکانی ئەم ناوچەیە. ئەوەی من لەم چرکەساتە و لەگەڵ گەڕانەوەی خەونی شۆڕش وەبیرم دێتەوە، کۆپلەیەک لە گۆرانی “شۆڕش”ی “ڤیرۆنیکا ساسۆت”ە کە دەڵێت “هەموو شتێک بۆنی وەڕسیی لێدێت، بەڵام ژیان پێویستە جۆرێکی تر بێت”. خاوەنەکانی شۆڕش لە میسر لەسەر هەمان ریتم بە دەنگێکی بەرز بە ئیخوان و دەسەڵاتی ئیخوانیان وت، گەرچی لە سایەی حوکمی ئێوە هەموو شتێک بۆنی وەڕسیی لێدێت، بەڵام ئێمە دەمانەوێ ژیان بە جۆرێکی تر بێت. لەوەش گرنگتر بە کردەوە هەنگاویان نا بۆ جۆرێکی تری ژیان.

سوێد – ستۆکهۆلم
شارل هۆڵمن

Previous
Next
Kurdish