گەڕان بە دوای بەهاکانی جوانیدا لە شیعری گۆران‌دا: دوو ئاست له جوانی-2-… نووسینی/ عەتا قەرەداخی
( بەشی دووەم)
وه‌كو پێشتر ئاماژه‌مان بۆ كرد له كۆى به‌رهه‌می شیعرى گۆران‌دا جوانی بووه‌ته فه‌زایه‌ك كه هه‌ژموونی به‌سه‌ر هه‌موو ده‌قه‌كانیدا كردووه، به‌و ده‌قانه‌شه‌وه كه په‌یوه‌ندییان به بوارى سیاسه‌ت و ئایدیۆلۆژیاوه هه‌یه. مه‌به‌ستمان له‌م قسه‌یه‌ش ئه‌وه‌یه كه گۆران وه‌كو شاعیر پێیوایه شیعر له هه‌ر جۆرێك بێت به‌بێ جوانی بوونی نیه. ئه‌مه‌ش له روانگه‌ى به‌رهه‌مهێنانی شیعرێته‌وه بۆچوونێكی ته‌واو درووسته‌و ئه‌وه‌ى پێكهاته‌یه‌كی زمانی ده‌كات به شیعر ته‌نیا بنیادى نووسین نیه، چی ئه‌و بنیاده كلاسیكی بێت یان نوێ، به‌ڵكو له‌پاڵ بنیادى زمانی یان شێوه‌ى نووسیندا ڕه‌گه‌زێكی تر هه‌یه ئه‌ویش بوونی شیعریه‌ته كه بنه‌ماى سه‌ره‌كی شیعریه‌یتیش جوانیه، هه‌ربۆیه ناشێت به بێ بوونی جوانی شیعریه‌ت و به‌و پێیه‌ش شیعر به‌رهه‌م بێت.
ئه‌م فه‌زاى جوانیه‌ى كه پانتایی شیعرى گۆرانی داگیركردووه به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی دوو بوار ده‌گرێته‌وه، كه ئه‌وانیش ئافره‌ت و سرووشته. ئه‌م دوو ڕه‌گه‌زه هه‌ردووكیان له روانینی فه‌لسه‌فیه‌وه دوو ڕه‌گه‌زى نه‌رم، ناسك، هێمن، سۆزدارن. هه‌روه‌ك هه‌ردووكیان رووبه‌ڕێكن له خه‌یاڵ و ئه‌ندێشه‌و به‌رهه‌مهێنی ئه‌فسانه‌و یۆتۆپیان، كه ئه‌مانه‌ش به‌گشتی به‌شدارى ده‌كه‌ن له به‌رهه‌مهێنانی ده‌قی شیعرى و شیعریه‌ت و داهێناندا. ئه‌وه‌ى جێگاى سه‌رنجه له شیعرى گۆران‌دا ئه‌م دوو ڕه‌گه‌زه به‌ره‌ده‌وام پێكه‌وه دێن و به‌شێوه‌ى ئاڵوگۆڕ ده‌شوبهێنرێن به یه‌كترى. ئه‌ویش به‌پێی پێداویستی ئه‌و ئامانجه‌ى كه ده‌قه‌كه مه‌به‌ستیه‌تی، یان پرسیار و جیهانبینی ده‌قه‌كه ده‌یسه‌پێنێت. هه‌روه‌ك جوانی هه‌ریه‌كه له‌م دوو ڕه‌گه‌زه به‌شێوه‌ى ئاڵوگۆڕ ده‌بێته سه‌رچاوه بۆ جوانی ئه‌ویتریان.
له هه‌ڵبه‌ستی (ئافره‌ت و جوانی) دا گۆران ده‌ڵێت: به‌ڵام ته‌بیعه‌ت هه‌رگیزاو هه‌رگیز… بێ رووناكی یه بێ بزه‌ى ئازیز). كاتێ گۆران له برى زاراوه‌ى سرووشت وشه‌ى ته‌بیعه‌ت به‌كار ده‌هێنێت بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت یان به‌جۆرێك هه‌ستی پێده‌كه‌ین كه وشه‌ى ته‌بیعه‌ت وشه‌یه‌كی شیعریتره بۆ ئه‌و چوارچێوه‌ى كه ئه‌و تیایدا به‌كارى هێناوه. ته‌بیعه‌ت هه‌موو ئه‌و گه‌ردوونه ده‌گرێته‌وه كه هه‌موو بوونه‌وه‌رانی تێدا ده‌ژی به مرۆڤیشه‌وه ئه‌مه بێجگه له ڕه‌گه‌زه نازیندووه‌كان. له‌م گه‌ردوونه‌دا دوو سه‌رچاوه‌ى سه‌ره‌كی رووناكی هه‌ن كه خۆر و مانگن و خۆر سه‌رچاوه‌ى هه‌موو رووناكی و وزه‌یه‌و بێ بوونی ئه‌و ژیان بوونی نیه. به‌ڵام له‌پاڵ ئه‌م سه‌رچاوه گه‌وره‌یه‌دا گۆران سه‌رچاوه‌یه‌كی تر‌ى رووناكی له‌م ته‌بیعه‌تدا دیارى ده‌كات و واینیشان ده‌دات كه سه‌ربارى بوونی خۆر‌و سه‌ربارى بوونی مانگ، ئه‌م ته‌بیعه‌ته به تاریكی ده‌مێنێته‌وه ئه‌گه‌ر بزه‌ى ئازیز، واته ئه‌وى ئافره‌ت بوونی نه‌بێت. كه‌واته لێره‌دا به ئاشكرا ده‌رده‌كه‌وێت كه له دیدى گۆرانه‌وه ئه‌م گه‌ردوونه به‌بێ بوونی ئه‌وى ئافره‌ت به‌بێ به‌خشینی زه‌رده‌خه‌نه‌و بزه‌ى سه‌رلێوى ئه‌وى ئافره‌ت تاریكستانه. كه ئه‌وه‌ش له ئاستێكی قوڵتردا ماناى نه‌بوونی ژیانه به‌بێ ئه‌وى ئافره‌ت. لێره‌وه ئافره‌ت و بزه‌ى سه‌رلێوى كه ده‌بێته پاڵنه‌رو مۆتیڤى رووناك كردنه‌وه‌ى ته‌بیعه‌ت به‌رهه‌مهێنی ژیان و زینده‌گانیه له گه‌ردووندا، هه‌روه‌ك زاراوه‌ى بزه‌ى ئازیز وه‌كو وێنه له ناوه‌رۆكدا ئاستێك له جوانی به‌رهه‌مده‌هێنێت و نهێنیه‌ك له خۆیدا هه‌ڵده‌گرێت.
له وێنه‌ى پێشوودا جوانی ئه‌وى ئافره‌ت ده‌بێته مۆتیڤی به‌رده‌وامی ژیان، به‌ڵام هه‌ر به‌دواى ئه‌وه‌دا شاعیر به‌راوردێك ده‌كات له نێوان جوانی هه‌ندێ له توخمه‌كانی نێو سرووشت و هه‌ندێ به‌شی جه‌سته‌ى ئه‌وى ئافره‌تداو سه‌رئه‌نجامیش قورسایی به‌راوردكردنه‌كه به‌لاى ئه‌وى ئافره‌ت و جوانتربوونی ئه‌و له سرووشت ده‌شكێته‌وه. گۆڕان ده‌ڵێت: (كام ئه‌ستێره‌ى گه‌ش، كام گوڵی كێوى/ ئاڵه وه‌ك گوڵمی گۆى مه‌مكی لێوى).گۆران له‌نێو ڕه‌گه‌زه‌كانی سرووشتدا به‌دواى ده‌گمه‌نه‌كان له جوانیدا ده‌گه‌ڕێت و وه‌ریانده‌گرێت و به‌راوردیان ده‌كات له‌گه‌ڵ هه‌ندێ شوێنی هه‌ستیارى جه‌سته‌ى ئافره‌تدا. له‌و هه‌ڵبژاردنه‌شدا وشه‌ى كام به‌كار ده‌هێنێت كه ماناى هه‌ڵبژاردنی باشترین له ناو ئه‌و پۆل یان ئه‌و چه‌شنه‌دا ده‌گه‌یه‌نێت. كاتێ ده‌ڵێت كام گوڵی كێوى ماناى وایه له‌نێو هه‌موو گوڵه كێوییه‌كاندا ئاڵترینیان هه‌ڵده‌بژێرێت و كاتێكیش ده‌ڵێت كام ئه‌ستێره‌ى گه‌ش، ماناى وایه دوو ئاستی هه‌ڵبژاردن هه‌یه یه‌كه‌میان ئه‌ستێره هه‌ڵده‌بژێرێت و له ئاستی دووه‌میشدا له‌نێو ئه‌ستێره‌كاندا گه‌شترینیان هه‌ڵده‌بژێرێت و به‌راوردیان ده‌كات له‌گه‌ڵ گوڵم، گۆى مه‌مك، لێو، كه ئه‌و وه‌ها وێناى ئه‌م سێ ڕه‌گه‌زه‌ى جه‌سته‌ى ئافره‌ت ده‌كات كه ئاڵن و پێیوایه هیچ ئه‌ستێره‌یه‌كی گه‌ش و هیچ گوڵێكی كێوى له ئاڵیدا شان له‌شانی گوڵمی ئه‌وى ئافره‌ت و گۆى مه‌مكی و لێوى نادات. له‌ڕاستیدا جوانی سرووشت یان وه‌كو گۆران خۆى ده‌یڵێت جوانی ته‌بیعه‌ت، سه‌رچاوه‌یه‌و، ئه‌سڵه‌و هه‌موو جوانیه‌كانی تر له‌به‌رگیراوه‌ى ئه‌ون یان لاسییكردنه‌وه‌ى ئه‌ون. به‌ڵام ئاشكرایه كه له روانگه‌ى گۆرانه‌وه ئه‌وى ئافره‌تیش به‌شێكه له كۆى سیتێمی ته‌بیعه‌ت و له رووى جوانیشه‌وه له‌ئاستی یه‌كه‌مدایه‌و بۆ نیشاندانی جوانی ڕه‌گه‌زه‌كانی سرووشت. له كاتێكدا ئه‌و ڕه‌گه‌زانه لێكچواندنیان پێده‌كرێت له‌گه‌ڵ جوانی ئافره‌تدا یان به‌راورد ده‌كرێن به جوانی ئافره‌ت و زۆربه‌ى كاتیش جوانی ئافره‌ت وه‌كو سه‌رچاوه یان ئه‌سڵ نیشان ده‌درێت و له جوانی ڕه‌گه‌زه‌كانی تر‌ى سرووشت جوانتر به‌رجه‌سته ده‌كرێت. لێره‌وه‌و له‌ئاستی نه‌بینراوى وێنه‌كانی گۆران‌دا وه‌كو به‌شێك له بنه‌ماى ده‌ق، ئه‌و ده‌لاله‌ته به‌رهه‌م دێت كه ئافره‌ت وه‌كو ڕه‌گه‌زێكی مرۆیی و وه‌كو جوانی ئه‌گه‌ر له پێش سرووشته‌وه نه‌بێت ئه‌وا هاوشانی سرووشت و جوانیه‌كه‌یه‌تی.
گۆران هه‌ردوو جوانی ئافره‌ت و جوانی سرووشت پێكه‌وه‌تێكه‌ڵاو ده‌كات و تابلۆیه‌كی قه‌شه‌نگی نموونه‌ى باڵاى جوانی لێ به‌رهه‌مدێنێت. واته شاعیر له به‌ئاگاییه‌وه بێت یان له نائاگاییه‌وه ئه‌و به‌دواى به‌رزترین ئاست له‌جوانی یان جوانی ره‌هادا ده‌گه‌ڕێت. هه‌روه‌ك دیاره نه پێوانه‌یه‌ك و نه ئاستێكی دیاریكراو نیه بۆ جوانی و پێناسه‌یه‌كی ئاشكراش بۆ جوانی ره‌ها نیه، چونكه جوانی په‌یوه‌ندى به هه‌سته‌وه هه‌یه‌و وه‌كو هه‌ر شتێكی تر‌ى ئه‌م گه‌ردوونه شتێكی رێژه‌ییه. له پێكه‌وه‌به‌ستنی جوانی ئافره‌ت و جوانی سرووشتدا گۆران له هه‌ڵبه‌ستی (جوانی لادێ)دا ده‌ڵێت:
چه‌ن جوانی به‌ره‌و مه‌غریب ئه‌چی زه‌رده ئه‌دا لێت
پرشنگی خشڵ ئه‌بڵه‌ق ئه‌كا ده‌وروبه‌رى پێت
ڕۆژى ده‌می كه‌ل حازره بۆ پێشكه‌شی به‌رپێت
ئێواره‌یه وا، هه‌ڵگره سا گۆزه‌ى تازه.
شاعیر وێنه‌یه‌كی به‌رجه‌سته‌ى ئافره‌تی لادێ پێشكه‌ش ده‌كات كه چۆن ده‌می ئێواره یان خۆرنشین گۆزه ده‌نێته سه‌رشانی و به‌ره‌و كانی دێ ده‌ڕوات بۆ ئه‌و هێنان. له‌م وێنه به‌رجه‌سته‌كراوه‌دا جوانیه‌ك نیشان ده‌درێت كه جوانی ساده‌و خاوێن و بێ رتووشی لادێیه، واته جوانی سرووشت. ئافره‌تی لادێ به جوانیه ئاسایی و ده‌ستلێنه‌دراوه‌كه‌یه‌وه وه‌كو به‌شێك له‌و سرووشته وایه كه ده‌ستی مرۆڤـــ و شارستانێتی و ته‌كنۆلۆجیاى پێنه‌گه‌یشتووه. واته گۆران له‌ئاستی قوڵی ئه‌م وێنه‌یه‌دا جوانیه‌ك نیشان ده‌دات كه هاوشانی جوانی سرووشته كه هیچ په‌ڵه‌یه‌كی پێوه نیه یان هیچ په‌ڵه‌یه‌كی به‌رنه‌كه‌وتووه. ئه‌می ئافره‌ت خۆى جوانه، به‌ڵام كاتێ ده‌می خۆرنشین زه‌رده‌ى خۆر لێی ده‌دا زیاتر جوانیه‌كی په‌خش ده‌بێت. ئه‌و باسی ئه‌وه ده‌كات كه ئه‌و خشڵ و زێڕو زیووه‌ى به ئافره‌ته‌كه‌وه‌یه تیشكی زه‌ردى خۆره‌تاوى ده‌می ئاوابوون عه‌كس ده‌كاته‌وه‌و وێنه‌یه‌كی ره‌نگاوره‌نگ په‌خش ده‌بێت و ده‌بریسكێته‌وه، هه‌مان شێوه‌ى ئه‌و ته‌سبیحه قه‌زوانه ئه‌بڵقه‌ى كه چه‌ندین ره‌نگ ده‌نوێنێت و سه‌رنجی مرۆڤـــ بۆ خۆى كێش ده‌كات و ده‌بێته به‌رهه‌مهێنی جۆرێك له چێژ، كه له‌ڕاستیدا چێژى جوانیه. كاتێ ئه‌می شۆخ و شه‌نگ له‌ده‌می خۆرئاوادا به گۆزه‌ى سه‌رشانیه‌وه ڕێگاى كانی ده‌گرێته‌به‌ر، ڕۆژ كه له چركه‌ساتی ئاوابووندایه ئاماده‌یه خۆى بخاته به‌رپێی ئه‌می ئافره‌ت. ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كه ته‌نانه‌ت خۆر سه‌رسامه به‌جوانی ئه‌می ئافره‌ت و ئاماده‌یه له خزمه‌تیدا بێت. لێره‌دا سه‌ربارى وه‌سفكردنی تابلۆى قه‌شه‌نگی خۆرئاوابوون و په‌خشبوونی چه‌ندین ره‌نگ له‌ئه‌نجامی به‌ركه‌وتنی تیشكی زه‌ردى ده‌م كه‌لدا بۆ خشڵه‌كانی ئه‌و، جوانیه‌كه‌ى ئه‌م هێنده كاریگه‌ره كه خۆر هه‌رچه‌نده له ده‌می ئاوابوونیشدایه، به‌ڵام ئاماده‌یه ببێته په‌روانه‌ى ده‌ورى ئه‌م. ده‌شێ گۆران خۆى به‌خۆر چواندبێت و جوانی ئه‌وى كچی لادێ به‌جۆرێك كارى لێكردبێت كه سه‌ربارى هه‌ڵكشانی ته‌مه‌نیش به‌ڵام ئاماده‌بێت له‌به‌رپێی ئه‌وى شۆخدا بمرێت. ئه‌مه‌ش له‌ڕاستیدا بریتیه له قوربانیدان له پێناوى جوانیدا، به‌ڵام جوانیه‌ك كه ده‌ستی لێنه‌دراوه، جوانی كچی لادێ، واته جوانی سرووشتی خاوێن و پاكژ. دیسان لێره‌دا جۆرێك له گه‌ڕانی به‌رده‌وام به دواى گه‌وهه‌رو ماهیه‌تی جوانیدا ده‌رده‌كه‌وێت و ئه‌وى شاعیریش له كۆششی به‌رده‌وامدایه بۆ گه‌یشتن به‌و گه‌وهه‌ره‌ى جوانی و ئاماده‌یشه له‌ناویدا بتوێته‌وه. ئه‌مه‌ش ئه‌وه نیشان ده‌دات كه گه‌ڕانی گۆران به دواى جوانی و گه‌وهه‌رى جوانی و چێژى جوانیدا هاوشێوه‌ى گه‌ڕانی سۆفیه به دواى رۆحی باڵا‌و كۆششكردنه بۆ دۆزینه‌وه‌و گه‌یشتن به‌و رۆحه‌و توانه‌وه تیایدا. به مانایه‌كی تر له روانگه‌ى گۆرانه‌وه جوانی به‌رزو بڵندو پاكژ و بێگه‌رده وه‌كو رۆحی باڵا. هه‌روه‌ك گۆران ویڵ و سه‌وداسه‌رى ئه‌وه‌یه كه بگات به گه‌وهه‌رى جوانی ڕاسته‌قینه كه ئه‌وه‌ش سه‌رئه‌نجام به‌ره‌و قۆناغی جوانیپه‌رستی ده‌یبات. هه‌ر لێره‌شه‌وه‌یه له شیعرى گۆران‌دا په‌یوه‌ستبوونێكی هێجگار قوڵ به ئافره‌ت و سرووشته‌وه هه‌یه چونكه ئه‌م دوو ڕه‌گه‌زه به‌رهه‌مهێنی ئه‌و جوانیه باڵایه‌ن كه ئه‌وى شاعیر له هه‌وڵ و كۆششی به‌رده‌وامدایه تا پێی بگات.
شاعیر نه‌ك هه‌ر به‌چاو جوانی ده‌بینێت و ده‌ناسێت، به‌ڵكو پێده‌چێت له ئاستێكی باڵادا له ده‌ره‌وه‌ى بینین و له‌لایه‌ن هه‌سته‌وه‌ره‌كانی تره‌وه هه‌ستی پێبكرێت. گۆران له هه‌ڵبه‌ستی” له درزى په‌چه‌وه” به‌جۆرێك وه‌سفی جوانی ده‌كات كه هه‌ست ده‌كرێت ئه‌و به چاوى دڵ یان به‌چاوى رۆح، جوان یان جوانی ده‌بینێت. له‌م هه‌ڵبه‌سته‌دا گۆران ده‌ڵێت:
له‌پڕ نازانم چۆن سه‌رم هه‌ڵبڕى
به‌رامبه‌رم به‌ژنێك ده‌ركه‌وت: وه‌ك په‌رى
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى له عه‌باوه ئاڵابوو
له دیمه‌نی شیرینی ئاشكرابوو.
ئه‌و باسی ئه‌وه ده‌كات كه خۆیشی نازانێت چۆن له پڕ سه‌رى هه‌ڵبڕیووه‌و به‌ژنێكی جوانی شێوه په‌رى بینیووه. لێره‌وه ده‌شێ وای لێكبده‌ینه‌وه كه بێجگه له چاوى ئاسایی یان بێجگه له هه‌ستی بیستن، لێره‌دا هه‌ستی تر هه‌یه بۆ په‌یبردن یان زانینی هاتنی ئه‌و شۆخه و هاتنی ئه‌ویش هۆكاربووه بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌می شاعیر له پڕێكدا سه‌رى هه‌ڵبڕێت، واته سه‌رهه‌ڵبڕینی ئه‌م هێزێكی تر درووستیكردووه كه وه‌كو گوتمان ده‌شێ بینین بێت به‌چاوى رۆح یان دڵ. ئه‌وه‌ى ئه‌م ده‌یبینێت له عه‌باوه ئاڵاوه، به‌ڵام له بینینی ئه‌مدا هه‌م وه‌كو په‌رى وابووه، هه‌م له دیمه‌نیدا شیرینی ئاشكرابووه. ئه‌می شاعیر ئه‌و به‌ژنه‌ى بینیوێتی سه‌ربارى ئه‌وه‌ش له عه‌باوه پێچراوه، ده‌یشوبهێنێت به په‌رى. هه‌رچه‌نده ئێمه نازانین ئایا جه‌سته‌ى ئه‌و كه‌سه ده‌شوبهێنێت به په‌رى یان له‌سیماو روخسارى، له كاتێكدا ئه‌گه‌ر ئه‌و له عه‌باوه پێچرابێت ماناى وایه ئه‌م نه سیما‌و نه جه‌سته‌شی به باشی نابینێت. كه‌واته دیسان لێره‌شه‌وه ده‌شێ واى بۆ بچین كه ئه‌م به چاوى رۆح، یان دڵ ده‌یبینێت و بۆى ده‌رده‌كه‌وێت كه هاوشێوه‌ى په‌ریه. هه‌روه‌ك ده‌شێ له‌بنه‌ڕه‌تدا ئه‌م وێنه به‌رجه‌سته‌یه‌ى كه ئه‌و وه‌كو په‌یكه‌ر پێشكه‌شی ده‌كات، له واقیعدا بوونی نه‌بێت و كۆى وێنه‌كه درووستكراو یان به‌رهه‌می خه‌یاڵ و ئه‌ندێشه‌ى شاعیر بێت. ئه‌م لێكدانه‌وه‌یه‌ش زیاتر ڕێگاى تێده‌چێت. ئه‌ویش له‌به‌رئه‌وه‌ى كاتێ ئه‌م خۆى ئه‌فرێنده‌ری ئه‌و وێنه‌یه بێت و له خه‌یاڵدا درووستی كردبێت، ده‌زانێت كه شۆخ و شه‌نگ و فریشته ئاسا درووستی كردووه. له لایه‌كی تره‌وه شاعیر ته‌نیا له دیمه‌نی ئه‌و به‌ژنه‌دا كه له عه‌باوه ئاڵاوه شیرینی ده‌بینێت كه ئه‌ویش دیسان ده‌شێ له ڕێگاى هه‌سته‌كانی تره‌وه بگات به‌و ئه‌نجامه، چونكه هه‌ستی بینین به چاو ناتوانێت خاسێتی شاراوه یان نادیارى شته‌كان دیارى بكات، به تایبه‌تی ئه‌و خاسێتانه‌ى كه ئه‌ركی هه‌سته‌وه‌ره‌كانی تره دیاری‌یان بكات. هه‌رچه‌نده لێره‌دا شاعیر باسی شیرینی مه‌عنه‌وى ده‌كات نه‌ك شیرینی مادى كه ئه‌مه‌ى دووه‌میان له ڕێگاى هه‌ستی چێژكردنه‌وه دیارى ده‌كرێت.
شاعیر له ڕێگاى لێكچواندنی به‌شه‌كانی جه‌سته‌ى ژنەوە، كه ئەوی ژن به په‌رى ناوى ده‌بات، به ڕه‌گه‌زه جۆراوجۆره‌كانی سرووشت، تابلۆیه‌كی ره‌نگاوره‌نگ له چه‌ندین وێنه پێشكه‌ش ده‌كات كه پێكه‌وه به‌رهه‌مهێنی ئاستێكی به‌رز له جوانین و هه‌ردوو ڕه‌گه‌زى سرووشت و به‌شه‌كانی جه‌سته‌ى ئافره‌ت له‌به‌رهه‌مهێنانی ئه‌و جوانیه‌دا به‌شدارى ده‌كه‌ن. شاعیر ده‌ڵێت:
قۆڵ و مه‌چه‌ك ساف و سپی وه‌ك شووشه
سه‌رپه‌نجه‌كان یاقووتێك بوون به ورشه
بێینه سه‌ر چاو: چاوێك… بڵێم چ چاوێك؟
كانی سیحر، ده‌ریاى عیشوه، گێژاوێك
كه‌وا كه‌وته به‌ر شه‌پۆلی هه‌ستی من
له‌و ڕۆژه‌وه هه‌ر نقوم ئه‌بێ به‌ره‌و من.
ئه‌وێك كه له عه‌باوه پێچراوه، ئه‌می شاعیر وه‌سفی قۆل َو سه‌رپه‌نجه‌كانی ده‌كات. قۆڵ ده‌چوێنێت به شووشه‌ی سپی و ساف و بێ خه‌وش، سه‌رپه‌نجه‌كانیش ده‌چوێنێت به یاقووت. لێره‌دا شووشه‌و یاقووت وه‌كو دوو ڕه‌گه‌زى سرووشتی كه هێماى سپێتی و سافی و دره‌وشانه‌وه‌ن، خاوه‌نی پێناسه‌ى خۆیانن و ناسراون، قۆڵ و سه‌رپه‌نجه‌ى ئه‌م له‌گه‌ڵ ئه‌وان لێكچواندنیان پێده‌كرێت به‌مه‌به‌ستی ده‌رخستنی جوانی ئه‌می ئافره‌ت. هه‌روه‌ك چاوه‌كانیشی لێكچواندنیان پێده‌كرێت له‌گه‌ڵ كانی سیحر‌و ده‌ریاى عیشوه‌و گێژاو. له لێكچواندنی قۆڵ و مه‌چه‌ك و سه‌رچه‌نجه‌دا، توخمه كانزاییه‌كانی سرووشت وه‌رده‌گرێت، به‌ڵام له لێكچواندنی چاودا ئه‌و توخم و ڕه‌گه‌زانه وه‌رده‌گرێت كه په‌یوه‌ندییان به ئاوه‌وه هه‌یه. قۆڵ و مه‌چه‌ك و سه‌رپه‌نجه جێگیرن، هه‌مان شێوه‌ى جێگیریى كانزاو ڕه‌گه‌زه ئۆرگانیه‌كانی تر‌ى ناو سرووشت، به‌ڵام چاو به نیگا‌و بینین و په‌خشكردنی نهێنی و هه‌ست و حه‌زو ئاره‌زوو له جوڵه‌ى به‌رده‌وامدایه وه‌كو ئاو كه وه‌ستانی نیه. چاو كانی سیحره، واته سه‌رچاوه‌ى نهێنی و كه‌مه‌ركێشكردنی ڕه‌گه‌زى به‌رامبه‌ره، چاو ده‌ریاى عیشوه‌یه، دیاره عیشوه لێره‌دا بریتیه له حه‌زو ئاره‌زووى دنیایی. به‌م پێیه چاو سه‌رچاوه‌ى نیشاندانی حه‌ز و ئاره‌زووه دنیاییه‌كانه. چاو گێژاوه، واته چاو ئه‌و قوڵایی و ونكه‌رو حه‌شارده‌رو راكێشه‌ره‌یه كه هه‌م شته‌كان په‌رده‌پۆش ده‌كات هه‌م ئاڵۆزیان ده‌كات و هۆكه‌شی ئه‌وه‌یه كه هاوشێوه‌ى گێژاوى ناو ده‌ریاو ئۆقیانووسه‌كان ڕه‌گه‌زى به‌رامبه‌ر راده‌كێشێت و له‌خۆیدا ونی ده‌كات. لێره‌دا شان به‌شانی به‌رهه‌مهێنانی جوانی ئه‌م وێنه یه‌ك له‌دواى یه‌كانه ئاماژه‌ى حه‌ز و ئاره‌زووى جه‌سته‌یی ئه‌وى ئافره‌ت ده‌رده‌خه‌ن و ئه‌وه‌ش نیشان ده‌ده‌ن كه چۆن كاریگه‌رى خۆى له ڕێگاى چاوه‌وه له‌سه‌ر ڕه‌گه‌زى به‌رامبه‌ر داده‌نێت و به‌دواى خۆیدا كێشی ده‌كات و ده‌یخاته گێژاوى ده‌ریاى بێبنه‌وه. لێره‌وه ئه‌و ده‌لاله‌ته به‌رهه‌م دێت كه ده‌ڵێت سه‌ربارى ئه‌وه‌ى كه ڕه‌گه‌زى نێر چه‌ند خۆى به‌هێز نیشان بدات و چه‌ند هێماى پته‌ویى و تووندوتیژى و نه‌چه‌مانه‌وه بێت، به‌ڵام هێشتا نیگا‌و حه‌زو سیحرى چاوى ئه‌وى ئافره‌ت هه‌ژموونی به‌سه‌ر ئه‌می پیاو یان ڕه‌گه‌زى نێردا ده‌كات و موگناتیس ئاسا به‌لاى خۆیدا رایده‌كێشێت و له گێژاوى حه‌ز و ئاره‌زووه‌كاندا ونی ده‌كات. هه‌رئه‌وه‌ش واده‌كات كه ئه‌می شاعیر له‌و ڕۆژه‌وه ئه‌و به‌ژن و باڵا‌و ئه‌و چاوه ئه‌فسووناوییانه‌ى بینیووه كه‌وتووته ناو ئه‌و گیژاوه قوڵه‌وه‌و به‌دوایدا ده‌ڕوات. لێره‌وه ئه‌وه ئاشكرا ده‌بێت كه مرۆڤـــ به سرووشتی عیشقی جوانیه. پاڵنه‌رى ئه‌م عیشقه‌ش دوو ئاسته له چێژ، چێژى رۆحی و چێژى جه‌سته‌یی. یه‌كه‌میان ره‌هه‌ندێكی سۆفیانه‌ى هه‌یه و دووه‌میشیان ره‌هه‌ندێكی دنیایی هه‌یه. مرۆڤ به سرووشتی پێكهاته‌یه‌كه هه‌ردوو ره‌هه‌نده‌كه له بوونی ئه‌ودا كۆده‌بنه‌وه‌و ئه‌گه‌ر جۆرێك له هاوسه‌نگی له نێوان ئه‌م دوو ره‌هه‌نده‌دا درووستبوو، ئه‌وا كه‌سێتی مرۆڤـــ هاوسه‌نگ ده‌بێت و ئه‌م هاوسه‌نگبوونه‌ش هاوشێوه‌ى هارمۆنیاى سرووشته. ئه‌گه‌ر ناهاوسه‌نگیش له په‌یوه‌ندى ئه‌م دوو ره‌هه‌نده‌دا هه‌بێت ئه‌وا ناهاوسه‌نگی كه‌سێتی درووست ده‌كات و ئه‌مه‌ش هاوشێوه‌ى تێكچوونی هارمۆنیاى سرووشته كه مه‌به‌ست له هارمۆنیاى سرووشت پێكه‌وه گونجاندن و پێكه‌وه كاركردن و ته‌واوكردنی یه‌كترى توخم و ڕه‌گه‌زه‌كانی نێو سرووشته.
جوانی لاى گۆران شتێكی بێ لایه‌ن و بێ كاریگه‌رى نیه، به‌ڵكو سه‌ربارى ئه‌وه‌ى سه‌رچاوه‌ى به‌رهه‌مهێنانی چێژه‌و چێژ ده‌به‌خشێت، هه‌روه‌ها رۆڵی كاركه‌رو پاڵنه‌ریش ده‌بینێت له ژیاندا یان به ده‌ربڕینێكی تر وه‌كو مۆتیڤی ژیان كارده‌كات و ده‌بێته هۆى درێژه‌دان به ژیان و زینده‌گانی به تایبه‌تی گۆران دیمه‌نێك پێشكه‌ش ده‌كات كه تیایدا كه‌سێك به‌رجه‌سته ده‌كات كه هیچ چاوه‌ڕوانیه‌كی نه‌ماوه له ژیاندا‌و ته‌نیا چاوه‌ڕوانی مردن ده‌كات، به‌ڵام جوانی ده‌بێته ئه‌و مۆتیڤه‌ى كه هیواى ژیانی لادرووست ده‌كاته‌وه‌و ئومێدپه‌یداكردنه‌وه به ژیان به‌سه‌ر بێ ئومێدى و چاوه‌ڕوانی مردن‌دا زاڵ ده‌بێت. له هه‌ڵبه‌ستی (نیاز)دا گۆران ده‌ڵێت:
چاوه‌نواڕم، سا كه‌ى گه‌ردوون، گه‌ردوونی بێ باك
جانه‌وه‌رى گۆڕ هان ئه‌دا بمكاته خۆراك؟
به‌ڵام ئه‌ى یار، یارى نازدار، شۆڕه‌ژنی شۆخ
به لێوى ئاڵ، به‌چاوى ره‌ش، چاوى ره‌شی تۆخ
به باڵاى به‌رز، به‌ئه‌ندامی نه‌رم و شل و جوان
ڕه‌وتی شیرین، عیشوه‌و نازى گفتوگۆ و جوڵان
به‌م جوانیانه كه زینه‌تی به‌هه‌شتی دنیان
به‌م جوانیانه كه له تۆدا هه‌موویان په‌یدان
له‌و ڕۆژه‌وه دیوومه سیحرى زه‌رده‌په‌ڕى تۆ
دنیاى ده‌روون مه‌له‌كانی هاتووه‌ته‌وه گۆ
سه‌رچاوه‌كه‌ى عومرى جوانیم هاتۆته‌وه قوڵ
باغچه‌ى ژینم پڕ بۆته‌وه له نه‌مامی گوڵ.
ئه‌م له چاوه‌ڕوانی مه‌رگدایه، واته هیچ ئومێدێكی ژیانی نه‌ماوه، به‌ڵام ئه‌وى ژن به جوانیه‌كانی كۆتایی به بێ ئومێدییه‌كانی ئه‌م ده‌هێنێت و ده‌یگێڕێته‌وه‌بۆ ژیان. شاعیر له وه‌سفی ڕه‌گه‌زه جۆراوجۆره جوانه‌كانی جه‌سته‌ى ئه‌وى ژن‌دا هه‌وێنی زینده‌گانی و درێژه‌دان به‌ژیان رامده‌كات. كاتێ باسی به‌شه‌كانی جه‌سته‌ى ژن ده‌كات، وه‌كو هۆكارى گێڕانه‌وه‌ى كه‌سێكی بێئومێدبوو بۆ ئامێزى ژیان سه‌یریان ده‌كات. ئه‌می شاعیر له ڕێگاى نیشاندانی دیمه‌نه جوانه‌كانی جه‌سته‌ى ژن یان ئافره‌ته‌وه ده‌یه‌وێت ئافره‌ت وه‌كو پێكهاته‌یه‌ك له جوانی پێكه‌ش بكات. هه‌ر له‌سه‌ره‌تاشه‌وه ئه‌و ژن وه‌كو یارو یارى نازدار ده‌دوێنێت. كه‌واته لێره‌دا جۆرێك له هۆگرى و په‌یوه‌ندى له نێوان خۆى و ئه‌وى ژن‌دا نیشان ده‌دات كاتێك به ده‌ربڕینی یار ده‌یدوێنێت و له‌پاڵ ئه‌وه‌شدا وه‌سفێكی به‌رزى ده‌كات به ده‌ربڕینی شۆڕه‌ژنی شۆخ كه ئه‌مه‌ش ماناى كۆبوونه‌وه‌ى گه‌لێك سیفاتی جوانیه تیایدا. كه دواتر ئه‌و سیفاته‌نه ورد ده‌كاته‌وه‌و هه‌ریه‌كه‌یان به‌پێی گونجاندن و رۆڵبینین بۆ به‌رجه‌سته‌كردنی تابلۆیه‌كی جوان كه ببێته سه‌رچاوه‌ى به‌خشینی چێژى جوانی به‌كارده‌هێنێت. لێوى ئاڵ، چاوى ره‌شی تۆخ،باڵاى به‌رز، ئه‌ندامی نه‌رم و شل و جوان، ڕه‌وتی شیرین، عیشوه‌ى ناز له گفتوگۆ‌و جوڵانا. ئه‌وه‌ى تێبینی ده‌كرێت له ڕێگاى ده‌ربڕینی زمانه‌وه، گۆران كۆگایه‌ك له خاسێـت و سیفاتی جوانی هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ى بیانداته پاڵ هه‌ر شتێك كه ده‌یه‌وێت وه‌سفی بكات. هه‌ر ئه‌وه‌ش هۆكارى سه‌ركه‌وتنی ئه‌م شاعیره‌یه له‌به‌رهه‌مهێنانی چه‌ندین وێنه‌ى شیعرى ره‌نگاوره‌نگدا كه هه‌ریه‌كه له‌و وێنانه‌ش به‌و ئه‌ندازه‌ى كه به‌شدارى ده‌كات له به‌رهه‌مهێنانی جوانیدا، به‌شداریش ده‌كات له به‌رهه‌مهێنانی شیعریه‌تی ده‌قه‌كانیداو به‌هه‌مان ئه‌ندازه‌ش ده‌بێته ڕه‌گه‌زى یه‌كه‌می زمان یان ده‌ق بۆ هه‌ڵگرتنی ده‌لالات و ماناى جۆراوجۆر به‌پێی ئه‌و چوارچێوه‌یه‌ى كه تیایدا به‌كار ده‌هێنرێت.
ئاوه‌ڵناوه‌كانی (ئاڵ، ره‌ش، تۆخ، به‌رز، نه‌رم، شل، جوان، شیرین)، كه وه‌سفی لێو و چاو و باڵا و ئه‌ندامانی تر‌ى له‌شی ئه‌وى ژن ده‌كه‌ن، له‌لایه‌ك به‌رهه‌مهێنی تابلۆیه‌كن له جوانی، له‌لایه‌كی تره‌وه هه‌ڵگرى ده‌لالاتی مێێتین و له‌پشتی ئه‌مه‌شه‌وه جۆرێك له رۆچوون و شۆڕبوونه‌وه بۆ ئاماژه‌ى سێكسی هه‌یه كه هه‌ستی بینین یان بیستن و به‌ركه‌وتن له‌م ڕه‌گه‌زانه‌ى جه‌سته‌ى مێ یان ئه‌وى ژن‌دا هه‌ستی پێده‌كات یان ده‌یبینێت. شاعیر هه‌موو ئه‌م جوانیانه كۆده‌كاته‌وه‌و به جوانی به‌هه‌شتی دنیا باسیان ده‌كات و هه‌موویشیان له‌وى شۆڕه‌ژنی شۆخ یان له‌وى یاردا هه‌ن. ره‌نگه ئێستا سه‌رنجمان بۆ ئه‌وه بچێت و بپرسین مه‌به‌ست له به‌هشتی دنیا چیه؟ ئاشكرایه ئه‌وه‌ى باوه‌و پێی راهاتووین به‌هه‌شت به‌پێی چه‌مكی ئایین ئه‌و پاداشته مه‌زنه‌یه كه خودا له دواى ڕۆژى لێپرسینه‌وه ده‌یبه‌خشێت به‌و كه‌سانه‌ى كه بڕوادارن و به‌دڵسۆزیه‌وه فه‌رمایشته‌كانی ئه‌ویان جێبه‌جێكردووه. ئه‌م به‌هه‌شته به‌هه‌شتێكی چاوه‌ڕوانكراوه‌و ته‌نیا ئه‌وه‌نده‌ى له‌باره‌وه ده‌زانین كه دنیایه‌كی بێ وێنه‌یه‌و بۆ مرۆڤی زیندوو خه‌ونێكی ئاینده‌ییه. به‌ڵام له‌پاڵ ئه‌م به‌هه‌شته‌دا گۆران باسی به‌هه‌شتی دنیایی ده‌كات. بێگومان مه‌به‌ست له به‌هه‌شتی دنیایی درووستكردنی دنیایه‌كی هاوشێوه‌ى ئه‌و به‌هه‌شته‌یه كه خه‌ونی ئاینده‌یه. ئه‌میش واته به‌هه‌شتی دنیایی درووستكردنی فه‌زاو دنیایه‌كه با بچو‌وكیش بێت كه خاسێته‌كانی به‌هه‌شتی ئه‌و دنیاى هه‌بێت. واته دنیایه‌ك مرۆڤ تیایدا بگات به‌هه‌موو ئه‌و شتانه‌ى كه ئاره‌زووى ده‌كات. گۆران ئه‌و به‌هه‌شته له ئه‌وى ژن‌دا ده‌بینێت، كه‌واته لێره‌دا گۆران ژن هاوشێوه ده‌كات له گه‌ڵ به‌هه‌شتی خودادا. خاوه‌ن بڕوا‌و گوێڕایه‌ڵه‌كانی فه‌رمانی خودا به ئومێدى ئه‌وه‌ن له به‌هه‌شتدا هه‌موو ئه‌و شتانه‌یان بۆ ده‌سته‌به‌ر ببێت كه دڵیان ده‌یخوازێت. ئه‌می شاعیریش وه‌ها سه‌یرى ئه‌وى ژنی شۆخ و شه‌نگ ده‌كات كه جه‌سته‌ى ئه‌و و جوانیه‌كانی ئه‌و ئاماژه‌و جوڵه‌و ڕه‌وتی ئه‌و كه هه‌موویان به‌هه‌شتی فراوانترى جوانی ئه‌ویان پێكهێناوه، ئه‌مى ژن ده‌كه‌ن به‌و به‌هه‌شته‌ى كه هه‌موو خواسته‌كانی دڵی ئه‌مى تێدا ده‌سته‌به‌رو فه‌راهه‌م ده‌بێت، كه ده‌شێ گه‌یشتن بێت به لوتكه‌ى چێژى جه‌سته‌یی و لوتكه‌ى چێژى رۆحی كه دووه‌میان چێژوه‌رگرتنه له جوانیه‌كانی جه‌سته‌و هه‌موو خاسێتێكی ژن. لێره‌دا له ئاستی قوڵتردا هاوشێوه‌بوونێكی ئاشكرا له نێوان به‌هه‌شتی ژن و به‌هه‌شتی ئه‌سڵیدا درووست ده‌بێت كه هه‌ردووكیان له‌به‌خشینی خۆشی و چێژدا هاوشێوه‌ن.
دنیاى پڕ له‌جوانی و چێژى ژن هه‌رئه‌وه نیه چێژ به‌م ببه‌خشێت به‌ڵكو له‌به‌رده‌م ده‌روازه‌كانی مه‌رگه‌وه ده‌یگێڕێته‌وه بۆ ژیان. هه‌روه‌كو خۆى ده‌ڵێت له‌و ڕۆژه‌وه سیحرى زه‌رده‌په‌ڕى ئه‌وى شۆڕه‌ژنی شۆخی بینیووه، هه‌موو شتێك به لایه‌نی ئه‌رێنیدا گۆڕاوه. واته له‌و ڕۆژه‌دا كه ئه‌مى شاعیر چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ى ده‌كرد جانه‌وه‌رى گۆڕ یان ئاشكراتر بڵێین ئیزرائیل بێت و گیانی بكێشێت، پاڵنه‌رى ژیان و به‌رده‌وامبوون له ناخیدا زیندوو بوونه‌وه‌و چالاك بوون و جانه‌وه‌رى مه‌رگیان به‌زاندووه. ته‌نانه‌ت به‌جۆرێك وه‌سفی خۆى ده‌كات نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌ى زیندوو بووه‌ته‌وه، به‌ڵكو گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ قۆناغی لاوێتی، بۆ ئه‌و سه‌روه‌خته‌ى كه هیواو ئاوات و حه‌ز و خۆزگه‌و دنیاویستی هه‌موو بوون و ژیانی ئه‌میان داگیركردبوو.
ئێستا ئه‌م وه‌كو لاوێكی خاوه‌ن خه‌ون و خه‌یاڵی مه‌ودا قوڵ و وه‌كو مرۆڤێكی چالاك خۆى نمایش ده‌كات. هه‌روه‌ك باس له‌وه ده‌كات كه سه‌رچاوه‌ى عومرى جوانی ژیاوه‌ته‌وه. ئه‌م خۆى ده‌چوێنێت به سرووشت، به‌ڵام سرووشتی به‌هار كه كانی و سه‌رچاوه‌كان ده‌ژێنه‌وه. هه‌روه‌ك ژیانی وه‌كو باخچه‌یه‌ك وه‌سف ده‌كات كه پڕبۆته‌وه له نه‌مامی گوڵ. ئاشكرایه كه گوڵ به‌رهه‌می وه‌رزى به‌هاره، كاتێك ئه‌م ژیانی خۆى ده‌چوێنێت به باخچه‌ى گوڵ، مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه كه ئه‌و گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ سه‌رده‌می لاوێتی. هۆكارو پاڵنه‌رو مۆتیڤی سه‌ره‌كی ئه‌م گه‌ڕانه‌وه‌یه له كه‌نارى مه‌رگه‌وه بۆ چالاكترین قۆناغی ژیان، ئه‌وى یاره واته ئه‌وى شۆره‌ِژنی شۆخ به هه‌موو جوانیه‌كانیه‌وه. كه‌واته گۆران بانگه‌شه بۆ ئه‌وه ده‌كات كه ژن یان جوانی ژن كه سه‌رچاوه‌ى چێژى جه‌سته‌یی و رۆحیشه مۆتیڤی سه‌ره‌كی ئه‌م ژیانه‌وه‌یه. هه‌ر لێره‌وه ئه‌و ده‌لاله‌ته به‌ره‌هه‌م دێت كه ژن به جوانیه‌كانیه‌وه، وه‌كو گۆران پێناسه‌ى ده‌كات به گشتی بریتیه له جوانی، نه‌ك هه‌ر بارگاوى كراوه به ڕه‌گه‌زه‌كانی ژیاندۆستی، به‌ڵكو مۆتیڤى ژیاندۆستیه‌و له‌م ده‌قه زمانیه تابلۆئامێزه‌دا به‌جۆرێك هه‌ژموونی ژیان به‌رفراوان و باڵاده‌ست ده‌كات كه مۆتیڤی مه‌رگدۆستی له‌به‌رده‌میدا پاسیڤ ده‌بێت و له‌جوڵه ده‌كه‌وێت و له نێوان دوانه‌ى ژیاندۆستی- ئیرۆس و مه‌رگدۆستی -تاناتۆسدا- ئیرۆس سه‌رده‌كه‌وێت و تاناتۆس ده‌به‌زێت كه سه‌رچاوه‌ى ئه‌م باڵاده‌ستبوونه‌ى ئیرۆس جوانیه‌كانی ژن و خودى ژنه.