
لە سەرەمەرگ بانگت دەكەم چاوەكانم دابپۆشیت.. سهباح ڕهنجدهر
لە قوتابخانە لە هۆبەیەك
دەمانخوێند و لە ئاوێكی تەنك و بە بوار دەپەڕینەوە
دوای سی و یەك ساڵ تەلیسم و تاریكی شكا
لە ساردترین شەودا ژمارەیەك
هاتە سەر شاشەی مۆبایلەكەم و زمانی گەڕا
هەلاو
ڕۆشنایی خودا دوورنییە و دەنگت
خوداوەندیی و پاك و ڕوونە
جیهانی لێوەدێ
فەرموو گیانی من بە
بەڕێزت كێی
تۆ حەسرەتی ئەبەدیی و بكوژمی و هێزی دڵدانەوەش
هەموو شتێكت لەبارەوە دەزانم
پیاوێكی حەز لە كراس و پانتۆڵ و پێڵاوی ڕەش ناكەیت
جلوبەرگی سادە و ماتیش لەبەردەكەی
لەتاو شەڕ لە گەڕەكی زۆربڵێ و هەواڵ ناخۆش
بەدەم خورپەی ڕۆشنایییەوە بارتكرد
ئەم ساتە پەردەی شادیتە
بەرز بەرز ڕایدەگریت و ڕێزی دەگری
بە درێژایی شەڕ تفەنگچییە قەڵب و چرووك و فیتنەچییەكان
نەخشەی هێرشەكانیان لەبەر شەوقی تفەنگەكانیان دەكێشا
ئەم شەوقە چییە
بەردەوام پێشوازییان لێدەكات و باش دەنوون
هەنگاوە یەكەمەكان ئێوە لە كوێن
باڵندە بە باڵەكانیان ڕووناكییان بۆ گواستوونەتەوە
بڕواننە باڵەكانیان پەلوپۆتان بەهێز دەكا و گۆرانی ئاكامن
دوژمن فێری كردن چی پێویستە بیكەن
چاویان ساغە و لە ئاسمان خۆیان
لە بەرد و گوللە و كڵاو دەپارێزن
ئاژاوەی زەویشیان بژار كردووە
دەتوانن لەبەرپێ لایدەن و دەنگی ئومێد هەڵبڕن
بەرانبەر ئومێد ئاوێنە هەیە
ئومێد مانگی بێ سەروشوێن دەهێنێتەوە حەوزی
حەوشە و ڕۆح ئاو دەدا
لە ڕێگاشدا ڕێبوار دەگەڕێتەوە
گەڕانەوە جۆرێكە لە سێبووری
باڵت پێ دەگرێ و لە ئێستای پڕ گرێوگوڵ لەگەڵ خۆتدا هەڵدەكەی
حوزەیرانی 2019 هەولێر