Skip to Content

خەونی شاعیرێک لە دواساتەکانی تەمەنیدا.. سەدیق سەعید ڕواندزی

خەونی شاعیرێک لە دواساتەکانی تەمەنیدا.. سەدیق سەعید ڕواندزی

Closed
by تشرینی یه‌كه‌م 13, 2023 General, Literature

زەمەنی دەروونی لە کردەی نووسینی شیعریدا، دەکەوێتە پێشەوەی زەمەنە فیزیکیەکە. بەو مانایەی شیعر سەرەتا دەرەنجامی ڕامان و بیرکردنەوەی شاعیرە لە ئاست دیاردەکانی ژیاندا و دواتر کۆنتاک لەگەڵ ڕووداو و دیاردە بەرجەستەییەکانی ژیان دەکات. لێرەوەش شاعیر زۆرجار لەو زەمەنە فیزیکیە دادەبڕێت و دەکەوێتە نێو زەمەنی دەروونی خۆیەوە، کە دنیایێکی دیکەی تایبەتە لەو دنیا واقیعییەی ئەو لە ئاستی فیزیکیدا تیایدا دەژیت و بە پێوەری کات پێوانە دەکرێت. بەڵکو ئەو لە نێو زەمەنێکی دیکە دایە، کە زەمەنی دەروونی نێو شیعرە و هیچ پەیوەندییەکی بە زەمەنی دەرەکییەوە نییە کە شاعیر فیزیکیانە تیایدا دەژیت. بۆیە زەمەنی نێو شیعر، دادەبڕێت لەو زەمەنە دەرەکییەوە کاتێ شاعیر باسی زەمەنێک لە شیعر دەکات، ئەوا دەگەڕێتەوە سەر ئەو زەمەنە دەروونییەی نێو ناخی خۆی، کە پێشتر زەمەنێکی فیزیکی بووە و بە پێوانەی کاتەکانی ڕۆژ و مانگ و ساڵ ڕۆیشتووە. بۆیە کاتێ شاعیرێک باس لە زەمەنی خۆی دەکات، ئەوا زەمەنی ئەو، تایبەتە بە ئەو و هیچ پەیوەندییەکی بەوە زەمەنەوە نییە، کە هەمووان تیایدا دەژین و دوای چەند ساتێکی دیکە، ئەویش دەبێتە زەمەنێکی فیزیکی و ڕابردوو. دڵزار، لە دوایین شیعری خۆیدا، کە کورتە شیعرێکی چەند دێڕییە و بەرلە ماڵئاوایی یەکجارەکی بە چەند رٍِۆژێکی کەم نووسیویەتی، تاسە بۆ زەمەنێک دەخوازێت، کە ئەو بە زەمەنی خۆی ناوی دەهێنێت. شاعیر لەو شیعرە کورتەیدا، پانۆڕامای ژیانی خۆی، بەرلە ماڵئاوایی یەکجارەکی دێنێتەوە بەرچاو و بە تاسەوە باس لە زەمەن و تەمەن و ڕۆژگاری ڕابردووی خۆی دەکات ، بە بێ ئەوەی بەراوردی زەمەنی ئێستای بکات، کە بە بڕوای من شتێکی جوانی تێدا نەماوەتەوە، شایەنی ئەوە بێت بەراوردی بکەین بە ڕابردوو. هەڵبەتە، سرووتێکی سایکۆلۆژییانەیە، مرۆڤ کاتێ هەست دەکات بەرە ومەرگ دەڕوات، ئەو هەستەى لا دروست دەبێت، کە وێنە و یادگارییەکان و بیرەوەرییەکانی ژیانی، وەک پانۆڕامایەک بێتەوە بەرچاو و لەوێوەش ئاخ بۆ بە سەرچوونی ژیانی و تەمەنی هەڵبکێشێت، چونکە لەلایەکەوە دەزانێت کە مەحاڵە جارێکی دیکە ئەو ژیان و تەمەنە دووبارە بێتەوە، لەلایەکی دیکەوەش ڕووبەڕووی چارەنووسێکی نادیارکە مەرگە دەبێتەوە، بەڵام دڵزار لەو شیعرەیدا، بەرلە تەمەنی، تاسەی گەرانەوەی زەمەنی ژیانی دەخوازێت و بیر لە بە سەرچوونی زەمەنی ژیانی دەکاتەوە نەک تەمەنی. بێگومان تەمەنی مرۆڤیش بە پێی زەمەنەکان بە سەر دەچێت و کۆتایی دێت، بەڵام زەمەن لێرەدا، بە هیچ شێوەیەک پەیوەندی بە زەمەنی تاکەکەسی خودی شاعیرەوە نییە، بەڵکو ڕەهەندێکی دوورتری هەیە. شاعیر لە سەرەتای شیعرەکەیدا دەڵێت:_
بێزارم ڕۆیی زەمەنم
سەد و یەک ساڵەی تەمەنم
ئای چەندە بێ تینە تەنم
هەر ئێسک و پێسکە بەدەنم
دەسپێکی شیعرەکە، بە بێزاری دەست پێ دەکات. هەموومان لە ساتێک لە ساتەکانی ژیان، هەست بە بێزاری دەکەین، ئەو بێزارییەمان ڕەنگدانەوەی ئەو بارە سایکۆلۆژیەیە، کە دەشێ بە هۆی بەرکەوتن و بینی ڕووداوێک، کارەساتێک، نا ئومێدییەک بێت، بەڵام بێزاری دڵزاری شاعیر، بێزارییەک نییە ڕەنگدانەوەی ئەو بارە سایکۆلۆژیی و جەستەیە بێت کە تیایدا دەژیت، بەڵکو دەرەنجامی ڕۆیشتن و بە سەر چوونی زەمەنێکە، کە ئەو بە زەمەنی خۆی ناوی دەبات. لێرەوەش ئەو پرسیارەمان لا دروست دەبێت، کە ئایا زەمەنی شاعیر کام زەمەنە؟ هەڵبەتە، شاعیر تەمەنێکی زۆر ژیا، بەڵام نەهامەتی و ناخۆشی وچەرمەسەری سیاسی و کەسی و نەتەوەیی زۆریشی لەو ژیانە بینی. لە بیرەوەرییەکانی کەریم شارەزادا، نووسەر باس لەوە دەکات، کە بەردەوام بەعسییەکان فشاریان دەخستە سەر دڵزار تا پاکانە بکات و لە شیوعییەت پاشگەز بێتەوە، بەڵام ڕۆژێک ئەو فشارانە نەیان ڕووخاند. زەمەنی دڵزار، زەمەنی سەختی سیاسی و نەتەوەیی ئێمەیە، بەڵام زەمەنێکیشە پڕ لە جوانی و مرۆڤدۆستی و تێکۆشانی سیاسییانە. زەمەنی دڵزار لێرەدا، زەمەنی هەموو ئەو ئەدگارە جوان و پڕ بەها و مۆڕالە کەسی و مرۆییانەیە، کە لەو ساتانەی تیایدا ژیاوە بوونییان هەبووە. زەمەنی دڵزار، ئاماژەیە بۆ ڕابردووێکی پڕ لە جوانی و خەبات و هەستی بەرزی مرۆیانە، بە پێچەوانەی ئێستا کە زەمەنی ناشرینی و کاڵبوونەوەی هەموو ئەدگارێکی جوانی مرۆییانەیە. گەر سەرنج بدەین دەبینین دڵزاری شاعیر، زەمەنی پێش تەمەن خستووە، واتا سەرەتا زەمەنەکەی بە سەر چووە دواتر تەمەنی، چونکە ئەو دەزانێت ژیان و تەمەنێک لە نێو زەمەنێکی پڕ لە جوانیدا، جوان دەبن و بە پێچەوانەوەش. بۆیە کە باسی رۆِیشتنی زەمەنی دەکات، ئەوا باسی نەمان و ڕِۆیشتنی هەموو ئەو بەهایانەش دەکات، کە ئەو زەمەنەیان پێ دەناسرێتەوە، هەر لە سادەیی ژیان و بەختەوەریی ڕوحییانە و مرۆڤدۆستی و هەستی بەرزی مرۆیانە لە نێو مرۆڤەکاندا، دەنا ئەگەر لە ئاستی سیاسیەوە بڕوانیینە زەمەنی دڵزار، دەبینین زەمەنی چەوسانەوە و کوشتن و خوێن و بێ بەهاکردنی مرۆڤەکانە، بەو پێیەی ئەو خۆی وەک شیوعییەک چەرمەسەری زۆری لە ژیان بینیوە . زەمەن لێرەدا، هەر تەنها مانایەکی پێوانەیی و کاتی نییە، بەڵکو هەموو ئەو ڕواڵەتانەی ژیان دەگرێتەوە، کە ڕەنگڕێژی ژیانی ئەو ساتی دڵزار و کۆمەڵگەی کوردییان کردووە. لێرەوەش ئاخ هەڵکێشانی دڵزار بۆ ئەو زەمەنە، لە ڕاستیدا تاسەیە بۆ گەڕانەوەی ئەو زەمەنە کە ئەو ئەدگارانەی تیادا بووە. بەڵام پرسیار لێرەدا ئەوەیە، دڵزار بۆچی باسی ڕۆیشتنی زەمەنی دەکات؟ بە بڕوای من، ئەمە هەر تەنها پەیوەست نییە بەو ڕواڵەتانەی ژیانی مرۆڤەکان لەو سەردەمدا، بەڵکو دڵزار لە ناخەوە و سایکۆلۆژیانە بەراوردی زەمەنی ئێستای بە زەمەنی دوێنی کردووە و لە پەراوێزی ئەو بەراورد کردنەشەوە، ئەو هەستەی بۆ دروست بووە کە بە خەیاڵ بگەڕێتەوە زەمەنی خۆی، چونکە زەمەنی ئێستا زەمەنی ناشرینییەکان و نەمانی بەها و خەسڵەتە مرۆییەکانە، زەمەنی هەڵپەرستی و نامیهرەبانی و خود ئەڤینییە، کە دەشێ هەموو ئەو دیاردانەی ژیانی ئێستا بە جۆرێک لە جۆرەکان دڵزارییان ئازار دابێت، بۆیە باسی ڕۆیشتنی زەمەنی خۆی دەکات و زەمەن لە پێشەوەی تەمەن دادەنێت، چونکە تەمەن هیچ چێژێکی نییە، ئەگەر لە زەمەنێک نەژیایت پڕ لە خۆشەویستی و جوانی و مرۆڤدۆستی، بۆیە زەمەنی دڵزار، زەمەنی هەموو ئەو شتە جوانانەیە، کە ئەو دوای سەد و یەک ساڵ تەمەنیش، ناتوانێت لە بیریان بکات و تاسەی بینینەوەیان هەر دەکات. لە دوای زەمەن، ئەمجارەیان دڵزار وەسفی باری سایکۆلۆژیی و جەستەیی خۆی لە سەرووبەندی دوا ساتەکانی ژیانیدا دەکات. پێ دەچێت دڵًزاری شاعیر، هەستی بە نزیکبوونەوەی ڕۆژی مردنی خۆی کردبێت، بۆیە بەو شیعرە کورتە کە دوایین شیعریەتی و لە سەر چەرپا نووسیویەتی و چەند ڕۆژێکی کەم دوای شیعرەکە دەمرێت، پانۆڕامای ژیانی خۆی دێنێتەوە بەرچاو. شاعیر لە ئاستی جەستەییدا باسی خۆیمان بۆ دەکات و دەڵێ:
ئای چەندە بێ تینە تەمەنم
هەر ئێسک و پرووسکە بەدەنم
لێرەدا ئێمە، وێنەی مرۆڤێکی بێ هێز، بێ دەسەڵات، بێ توانا لە ڕووی جەستەییەوە دەبینین، کە پیریی تەنگی پێ هەڵچنیوە. بێگومان پیریش یەکێکە لەو وێستەگە پڕ ئازارانەی ژیانی مرۆڤەکان، کە تیایدا هەموو خەون و ئاواتێک هەرەس دێنن و مرۆڤ بە ئومێدەوە ناژیت، چونکە دەزانێت نە لە ڕووی ژیانەوە، نە لە ڕووی تەمەنیشەوە، وەک گەنجێتی لێ نایەتەوە. دڵزار لەو شیعرەیدا، جەستەی بێ تینی خۆی، ڕۆیشتنی زەمەن و تەمەنی، هەمووی وەک فلمێکی سینەمایی لە چەند چرکەساتێکی کەم و لە دوو توێی ئەو چەند دێڕە شیعرییەدا دێنێتەوە بەرچاو. ئیدی ئێمە دەزانین کە دۆخی جەستەیی و ژیانی ئەو مرۆڤە چۆن بووە، ئەم بارودۆخە، هەر مرۆڤێک تێیدا بژیت، کاردەکاتە سەر دەروونی و نائومێد و داڕووخاوی دەکات، بەڵام دڵزار تەنها لە ئاستی جەستەییدا هەست بە بێ توانایی و نەمانی هێز دەکات، دەنا لە ڕووی ڕوحییەوە هێشتا بە هێزە و بەو ئومێدەوە دەڕوانێتە ژیان، کە خەونەکانی دەبنە ڕاستی. ئەو ئاسوودەیە ڕوحیەی شاعیر، وێرای جەستەیەکی بێ هێز و تەنها ئێسک و پرووسک، بە بڕوای من پەیوەندی بەو زەمەنەوە هەیە، کە شاعیر بە زەمەنی خۆی ناوی دەبات و ئەو زەمەنەش ڕابردووە. واتا شاعیر، بە جەستە لە ئێستا دەژیت، بەڵام بە ڕوح، بە یادەوەریی و بیرکردنەوە لە نێو جوانییەکانی ژیانی دوێنێی دایە و هەر ئەمەشە ئەو هەستەی لادروست کردووە، کە بە تاسەوە باس لەوە بکات کە زەمەنی ئەو ڕۆیی. ئەوەی لێرەدا دەڕوات زەمەن نییە بە تەنها وەک پێوانەیەکی پێوانەکردنی کات لە ڕووە فیزیکییەکەی، بەڵکو هەموو ئەو ئەدگارە جوانانەشن کە ژیانی ئەو ڕۆژگارە پێکدەهێنن، هەر لە خەونی گەنجی و خۆشەویستی و مرۆڤدۆستی و تێکۆشانەوە بگرە، تا ئەو هەستە مرۆییە قووڵەی مرۆڤەکان هەیانبوو بە پێچەوانەی ئێستا. زەمەنی دڵزار، زەمەنی شاعیر نییە بە تەنها، بەڵکو زەمەنی ڕۆژگار و زەمەنی هەموو ئەو مرۆڤانەیە کە لەو کاتدا بوونیان هەبووە ودەشێ ئێستا لە ژیاندا نەمابن. ئەو خۆ بواردنەی شاعیر لە زەمەنی ئێستا و گەڕانەوە بۆ زەمەنی ڕابردوو وەک باسمان کرد، دەشێ دەرەنجامی ئەو پەیوەندیی و بەرکەوتنە بێت، کە مرۆڤ لەگەڵ ژیانی بە ناو پێشکەوتووی خاڵی لە بەها مرۆڤایەتییەکانی ئێستا هەیەتی. وەک چۆن لای هەموومان بەردەوام نوستالۆژیای گەڕانەوە بۆ ڕابردوو هەیە، هەمان هەستیش لای شاعیر بەڵام بە زەمەنێکی دوورتر هەیە. ئەو مانەوەیە لە نێو یادگارییەکانی زەمەنی دوێنێ و ژیانی ڕابردوو، لە ڕووی ڕوحییەوە ئاسوودەیەک بە شاعیردەبەخشێت و ئەو ئاسوودەیە، لە ڕووی توانا و هێزی جەستەییەوە گڕووتینێکی پێ نادا، چونکە بە تێپەڕبوونی ڕۆژگار، مرۆڤ بەرە و بێ هێزی و پیری دەچێت و جارێکی دیکە، توانای بایۆلۆژی وەکو خۆی لێ نایەتەوە، بۆیە شاعیر بە جەستە لاوازە، بەڵام بە ڕوح ئاسودەیە و کاتێ سەیری ژیانی خۆی دەکات، لە پەراوێزی ئەو ژیانەی تیایدا ژیاوە، هەست دەکات وەک مرۆڤ ژیاوە و پەرێزی پاکە و باکی بە هیچ شتێک نییە، بۆیە لە شیعرەکەدا، هیچ فۆبیایەکی ترس لە مردن نابینرێت. بەدەربڕینێکی تر، گەر مرۆڤ لە سەرە مەرگ و لەدوایین ساتەکانی تەمەنیدا،جۆرێک لە ترس و دڵەڕاوکێ و نائومێدی بۆ دروستت بێت، بەو پێیەی دەمرێت و بەرە و چارەنووسێکی نادیار دەچێت، ئەوا دَلزار ئازایانە بەرەو مەرگ دەڕوات و ئەوەندەی چاوی لە ژیان و ڕابردووە، ئەوەندەی خەونی ئەوەیە نەتەوەکەی بە مافەکانی بگات، ئەوەندە کاردانەوەی کەسی و فۆبیای دەروونی لە مردن نییە. واتا نزیکبوونەوە لە مردن وەک ڕووداوێکی تۆقێنەر، ئەو هەستەی لای شاعیر دروست نەکردووە، نائومێد و داڕووخاو بێت، بە پێەوانەوە ئەو هێشتا ڕوحێکی خۆڕاگرانەی هەیە و تەنها بەدەنی لاوازە، کە ئەمەش هێمایە بۆ ئەوەی شاعیر لە ڕووی دەروونییەوە هیچ ترسێکی لە مردن نییە و تەنها ئاخ بۆ زەمەنێک هەڵدەکێشێت کە بە سەر چووە. بە بڕوای من دڵزار ئەوەندە کەسێکی شۆڕشگێڕ و چەپ و وابەستە بە بیرو باوەڕی چینایەتی و مرۆڤدۆستی بووە، تەنانەت تا دوایین چرکەساتی تەمەنی پاشگەز نەبۆتەوە لە بیر و باوەڕەکانی، کە ئەمەش یەکێک لە دیارترین خاسیەتەکانی مرۆڤی بە هەڵوێست، تێکۆشەر و تێگەیشتوو و هوشیار، کە هیچ کاتێک ئامادە نییە سەوداو مامەڵە بە بیروباوەڕە مرۆییەکانی خۆی بکات و هەڵوێست و کردارو بیروباوەڕی خۆی مەزاد بکات و بفرۆشێت. دڵزار لە سەرە مەرگدا، خەونی ئەوەیە کوردستانی گەورە ببێتە بە هەشتی جیهان. بێگومان شاعیر دەزانێت کوردستان ئێستا چوار پارچەیە، بەڵام لە شیعرەکەیدا وەک یەک خاک و یەک نیشتمان و یەکەیەکی جوگرافی و نەتەوەیی ناوی دەهێنێت، ئەمەش ئەو پرسیارەمان لا دروست دەکات کە بۆچی شاعیر کوردستانی گەورە وەک بە هەشت وەسف دەکات؟ ئەمە لەلایەکەوە ڕەت کردنەوەی ئەو دیفاکتۆ سیاسیەیە کە کوردستانی لە یەک پارچەوە کردۆتە چەند پارچەیەک و شاعیر بە ڕەهایی ئەو واقیعە ڕەت دەکاتەوە، لەلایەکی دیکەشەوە ئەو کوردستانی گەورە، وەک ئامانجێکی بەدی هاتووی دوور لە ئاییندەدا دەبینێت. ئامانجێک کە هیچ ئەگەر وگومانێک هەڵناگرێت، هەروەک خۆشی دەڵێت:_

جا برایان تێکۆشەران
بە بڕوای من ئەو ڕۆژەدێ
کوردستانی گەورە و گران
دەبێتە بەهەشتی جیهان
شاعیر تا ئەو کاتەی لە ژیان بووە، خەونێکی هەبووە، ئەویش ڕزگاربوونی کوردستان و یەکگرتنەوەی پارچەکانی. لە دوایین ساتەکانی تەمەنیشیدا، هەر بە تاسەی ئەو خەونەوە بەرە و مەرگ دەچێت. شاعیر لە بری ئەوەی نائومێد و خەمگین ببێت، کە بەرە و مەرگ دەچێت و دەستبەرداری ژیان دەبێت، بە پێچەوانەوە ئاواتی ئەوەیە کە کوردستان لە دوا ڕۆژدا ئازاد ببێت و ببێتە بەهەشت. شاعیر هیچ ئەگەرێک بۆ ئەو ڕۆژە دانانێت، بەڵکو بە یەقینەوە چاوەڕوانی ئەو ڕۆژە دەکات و بەمەش ئەو خەونەی نەوە یەک لەدوای یەکەکانی کورد هەیانە، دڵزار دەیسپێرێتە نەوەی داهاتوو. خەونی شاعیر لێرەدا بڕوایە نەک خەون و خەیاڵێکی ڕاگوزەر، شاعیر بە بڕواوە پێشبینی ئەو ڕۆژە دەکات کە کوردستانی گەورە دروست دەبێت و پاشانیش دەبێتە بەهەشتی جیهان. بەمەش دڵزار، خەونی بونیادنانی دەوڵەتی کوردی لە وەهمدا نابینێت، بەڵکو بە بڕواوە موژدەی ئەو ڕۆژە دەدات. بەمەش خەونێک کە تا شاعیر لە ژیاندا بووە و خۆزگەی ئەوەی خواستووە بێتە دی، کوردسانی گەورەیە و کاتێکیش دەزانێت مەرگ دێت و هێشتا ئەو خەونە نەبۆتە واقیع، بە هەمان ئەو خەونەوە کە لە دواساتەکانی تەمەنیدا هەیەتی چاوەکانی لێک دەنێت و ئەو کوردستانەش کە لە دواڕۆژدا وەک بەهەشت دەبێت، دێتە دی. دڵزار، لە دوایین ساتەکانی تەمەنی، خەیاڵ و بیری لای کوردستانی گەورەیە و بێ هێزی تەن و گیان و ئەو دۆخە سەختە جەستەییەی تێیدایە، لە بیر دەکات و تەنها ئاواتی ئەوەیە، ئەو خەونەی کە ئەو لە ژیانیدا بۆی نەهاتە دی و نەیبینی، بۆ نەوەکانی داهاتوو بێتە دی. خەونێک و خۆزگەیەک کە هەر بەتەنها هی شاعیر نییە، بەڵکو هی هەموومانە. دڵزار، دەسپێکی ئەم شیعرەی بە بێزاری دەست پێ دەکات و بە هۆی پیرییەوە، جەستەی تەنها ئێسک و پێستەو زەمەنی خۆشی بەسەر چوو، ئیدی ئەمانە هەموویان ئەو هەستەیان لای شاعیر دروست کرووە، بە بێزارییەوە وەسفی ئێستای ژیانی خۆی بکات. بەڵام دواتر، ئەمجارەیان بە پێچەوانەوە خۆی زۆر دڵشااو بەختەوە دەبینێت و بڕوای وایە لە داهاتوودا، کورستانی گەورە دروست دەبێت و دەبێتە بەهەشتی سەر ڕووی زەمین. لێرەدا، ئەو پرسیارەمان لا دروست دەبێت کە بۆچی دڵزار سەرەتا بە بێزارییەوە باسی ژیانی خۆی دەکات و لە کۆتاییشدا، بە دڵشادی و ئاسوودەیەوە، وەسفی ژیانی دەکات؟ بێگومان ئەم بێزارییە پەیوەندی بەو تەمەنەوە نییە، کە شاعیر لە ژیاندا بەڕێی کردووە، بێزاری دڵزار لەوە سەرچاوەی گرتووە، کە دەمرێت و کوردستانی گەورە، کە خەونی هەزاران مرۆڤی کورد بووە بەرلە مەرگییان، بە داخەوە نابینێت، ئیدی بێزارە لەوەی کە سەدو یەک ساڵەی تەمەنی ڕۆیشت و ئەو خەونەی نەهاتە ی، بۆیە لە سەرە مەرگدا، ئومێدی ئەوەی هەیە، ڕۆژگارێک بێت کوردستانی گەورە ببێتە بەهەشت لە جوانی و خۆشیدا. ئەم خەونە، ئەو هەستە دەروونییەی لا دروست دەکات، کە زاڵ بێت بەسەر بێزاریەکەی و بە پێچەوانەوە خۆی بە دڵشاد و بەختەوەر بزانێت، چونکە بڕوای وایە ڕۆژگارێک هەر دێت، ئەو خەونەی ئەو دەیبینی و تا لە ژیاندا بوو نەبووە ڕاستی، بێتەدی. ئەمە دەریەخات کە وێرای ئەوەی دڵزار کەسێکی شیوعی و چەپ بووەو بڕوای بە خەباتی چینایەتی هەبووە، بەڵام کورستانییانە بیری کرۆتەوەو خەونی ئەوەی هەبووە وەک کوردێک، دەوڵەتی کوردی دروست بێت و کوردستان ببێتە بەهەشت.

*ئەم بابەتە لە هەفتەنامەی ڕێگای کوردستان ژمارە( 1336) ی ڕۆژی 11/4/2023 بڵاوکراوەتەوە.

mm

سەدیق سەعید ڕواندزی، لە ساڵی 1972 لە شارۆچکەی ڕواندز لە دایکبووە. خوێندنی سەرەتایی و دواناوەندی هەر لەو شارە و ساڵی 1993 _1994، بەشی کوردی _ پەیمانگای مەڵبەندی مامۆستایانی لە هەولێر تەواو کردووە. هەر لە ڕواندز دەژیت و خولیایەکی گەورەی بۆ کتێب و خوێندنەوە هەیە و زۆرجاریش وەک خوێنەرێک سەرنجەکانی لە بارەی پرس و بابەتە ئەدەبی و ڕۆشنبیرییەکان و کتێب و تێکست دەخاتە ڕوو.

Previous
Next
Kurdish