Skip to Content

سەما لە گەڵ سەرۆک  … شاهۆ تۆفیق

سەما لە گەڵ سەرۆک … شاهۆ تۆفیق

Closed
by ئازار 9, 2017 General, Poems

کات بیست و پێنج و نیوی کرانەوەیە
دەنگی مارشێک، شار پڕ دەکا
لەوانەیە سەرۆکێک بۆ ئێرە بێ
من دەبێ یەکەم پێکی چاوەڕووانیم هەڵبدەم.
ئەستێرەیەک دەپروێ
کەڵەشێرێک بانگ دەدا
سەمایەک لە سەرمدایە.

کات بیست و پێنج و نیوی ئازارە
(با) یەک وێنەی ناو تیڤیەکە لێڵ دەکا
پێدەچێ سەرۆکێک خەوتبێ
پێویستە قەیتانی پێڵاوەکانم شل بکەمەوە
دەرگەیەک خۆی کڵۆم دەدا
مارێک هێلکەکانی دەشکێنێ
سەمایەک لە چاومدایە.

کات بیست و پێنج و نیوی وڕێنەیە
چەند گوللەیەک بەچرپە دێنە ناوسەرم
دەکرێ سەرۆکێک لە کۆبوونەوەدا بێ
من دەبێ بڕشێمەوە
گوڵە مێلاقەیەک درۆ دەڕژێ
پاسارییەک بە چوارپێ سەما دەکا
سەمایەک لە دەستمدایە.

کات بیست و پێنج و نیوی ڕاکردنە
هەتاوێکی سەرخۆش،
لەژێر زەمینەکەدا لاربۆتەوە
لەوەدەچێ سەرۆکێک پلانی شەڕ دابڕێژێ
ئێستە دەبێ کۆللارەیەک دروست بکەم.
کوخێک دەفڕێ
پڵنگێک بە دەستی مێشێکەوە داماوە
سەمایەک لە دڵمدایە.

کات بیست و پێنج و نیوی مەستیە
بەرماڵێک بە ئاسمانی ژورەکەمدا دەخولێتەوە
وابزانم سەرۆکێک خۆی دەشووات
زوو زوو دەبێ فوو لە ڕەژووی چاوم بکەم
پێکێک خۆی دەخواتەوە
مشکێک ئامۆژگاریی کوندەپەپووەکان دەکا
سەمایەک لە ناخمدایە.

کات بیست و پێنج و نیوی داڕوخانە
دەنگی شەیپوری جەنگ، کەڕمان دەکا
پێدەچێ سەرۆکێک،
دەمی لە سینگی دۆستەکەیدا بێ
گەر وابڕوات لە نووسینەوەی خۆم دوادەکەوم
کورسیەک لەسەرشان ڕاکشاوە
مریشکێک وەک” گا” دەبۆڕێنێ
سەمایەک لە چێژمدایە.

کات بیست و پێنج و نیوی چاوەڕووانیە
خومپارەکان، ژاوەژاوی شار کپ دەکەن
نازانم، بەڵام لەوانەیە سەرۆکێک هێڵنج بدا
دەبێ قەیتانی پێڵاوەکانم ببەستم
دوربینێک کوێرایی دادێ
قومریەک گاز لە ڕومەتی سەگێک دەگرێ
سەمایەک لە سینگمدایە.

کات بیست و پێنج و نیوی نائومێدیە
دەنگی چەرخی گالیسکەیەک، دەبیتە گۆرانی
وابزانم سەرۆکێک خیانەت دەکا
پێویستە بیست و یەک شڵپ ئاو بکەم بە داهاتوما
دەمانچەیەک خۆی دەکوژێ
پەپوولەیەک یاسای فڕین دەداتە بەر شەق
سەمایەک لە بیرەوەریمدایە.

کات بیست و پێنج و نیوی گەشانەوەیە
چەند سەربازێک، تارماییمان بە گوللە دادەبێژن
پێدەچێ کچی سەرۆکێک،
نامەیەکی عاشقانەی پێگیرابێ
ئەرکی سەرشانمە، بیست و یەک ڕکات
نوێژی تۆببە بکەم
پەرداخێک ڕوبارەکە هەڵدەمژێ
قەلەباچکەیەک،
کەروێشکەکان فێری دەستپاکی دەکا
سەمایەک لە بیرچوونەوەمدایە.

کات بیست و پێنج و نیوی پەرتبوونە
بارانێک هاتۆتە گیرفانمەوە
دەڵێی سەرۆکێک سەمام لەگاڵ دەکا
دەبێ بەرگی گێلی بپۆشم
ئاوێنەیەک تف لە خۆی دەکا
کوڵەوەیبابێک قاقا پێدەکەنێ
سەمایەک لە سەرۆکمدایە.

کات بیست و پێنج و نیوی چڕبوونەوەیە
تەمێکی سوور دێتە ژورەوە
دڵنیام سەرۆکێک لەدایک دەبێ
دەمرم و
فریای نووسینەوەی وەسێتەکەم ناکەوم
قاپێک، کەوچکەکانی دەشکێنێ
بۆقێک سەما لەگەڵ سەرۆچکەیەکدا دەکا
سەمایەک لە سەمامدایە.

شاهۆ تۆفیق

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish