Skip to Content

پاشخان و هۆکارەکانی قەیرانی حکومەت لە عێراق.. وەرگێڕانی بۆ کوردی: کاوە عومەر

پاشخان و هۆکارەکانی قەیرانی حکومەت لە عێراق.. وەرگێڕانی بۆ کوردی: کاوە عومەر

Closed
by September 2, 2022 General, Opinion


چاوپێکەوتنی خەلیل کەیوان لەگەڵ حەمید تەقوایی

لەسەر بنەمای چاوپێکەوتنێک لەگەڵ کەناڵ جدید ئامادەکراوەتەوە


خەلیل کەیوان: پێکهێنانی هێزی ئایینی لە عێراق گەیشتە قۆناغێکی مەترسیدار. بزووتنەوەكە بە سەركردایەتی موقتەدا سەدر كە لە هەڵبژاردنی ساڵی پێشوودا بە ٧٣ كورسی لە كۆی ٣٢٩ كورسی بردەوە، زۆرینەی پێویستی بۆ پێكهێنانی حكومەت بەدەست نەهێنا و دەستی لە پەرلەمان كێشایەوە. هاوپەیمانی هێزەکانی لایەنگری کۆماری ئیسلامی نەیتوانی حکومەت پێکبهێنێت. نزیكه‌ی ساڵێكه‌ عێراق حكومه‌تی نیه‌. لە هەنگاوێکی نوێدا، رۆژی دووشەممە ٧ی ئەیلول، موقتەدا سەدر لە پەیامێکدا رایگەیاند، کە بۆ هەمیشە لە سیاسەت دەکشێتەوە، بەمەش گڵۆپی سەوزی بۆ لایەنگرانی هەڵکرد بۆ هێرشکردنە سەر ناوچەی سەوزی بەغدا، کە پەرلەمان و کۆشکی سەرۆکایەتی لێیە. جگە لە بەغدا، لایەنگرانی موقتەدا سەدر هێرشیان کردۆتە سەر نوسینگەکانی کەتایب ئەهلی حەق و حزبوڵا لە شارەکانی زیقار و بابل و دیوانیە و بەسرە و ئاگریان تێبەرداون. لە میانی تەقەکردن لە لایەنگرانی سەدر لە ڕۆژانی دووشەممە و سێشەممە، زیاتر لە ٢٥ کەس کوژران و زیاتر لە ٣٠٠ کەسیش بریندار بوون. له‌ به‌رنامه‌ی ئه‌مڕۆدا باس له‌ ریشه‌ و هۆكاره‌كانی بارودۆخی ئێستای عێراق و ئاسۆ و چاره‌سه‌ره‌كانی كۆتاییهاتنی بەقه‌یرانی عێراق ده‌كه‌ین.
حەمید تەقوایی عێراق لە لێواری شەڕی ناوخۆدایە. هێزە شیعەکانی سەر بە سەدر و هێزە شیعەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی ڕووبەڕووی یەکتر بونەتەوە. هۆکاری ئەم قەیرانە لەچیدا دەبینیت؟
حەمید تەقوایی: لە ئاستێکی بنەڕەتیدا هۆکاری ئەم قەیرانە حکومەتی نەتەوەیی-ئایینییە کە دوای هێرشی ئەمریکا بۆ سەر عێراق دەسەڵاتیان بە دەستەوە گرتوە. حکومەتی عێراق لەسەر بنەمای دابەشکردنی دەسەڵاتە، لەسەر بنەمای نەتەوە و ئایین لە نێوان سێ هێزدا سەرۆکایەتی کۆمار و سەرۆک وەزیران و سەرۆکی پەرلەمان. ئەمانە بەڕیز لە هێزەکانی کورد و شیعە و سوننە هەڵدەبژێردرێن و تا ئەمڕۆش ئەم دابەشکردنی دەسەڵاتە لە هەموو ئەو حکومەتانەدا بەدی کراوە کە دوای ڕووخانی سەدام هاتونەتە سەرکار. عێراق یەكێكە لەو وڵاتە كەمانەی جیهان كە حكومەتەكەی (پەرلەمان و سەرۆكایەتی کۆمار و سەرۆك وەزیران) بە فەرمی و زۆر بە ڕوونی لەسەر بنەمای دەنگی خەڵك و پرەنسیپی یەك كەس، یەك دەنگ نییە، بەڵكو لەسەر بنەمای هاوسەنگی هێز لەنێوان نەتەوە و ئایینەکاندا لەسەریەک دانراوە.. ئەوەشی بۆ زیاد بکەی کە گەندەڵی و تاوان و هەموو ئەو ئازارانەی کە ئەم حکومەتانە لەعێراقدا هۆکاری بوون. لەم نێوەندەدا کاریگەری و دەستێوەردانی کۆماری ئیسلامی و هێزە بەکرێگیراوە چەکدارەکانیشی ئەو فاکتەرەیە کە ئەم دۆخە ڕەشە خراپتر دەکات.
کۆمەڵەی ئەم هەلومەرجانە دۆخێکی لە عێراقدا خوڵقاندووە کە بە بڕوای من بنەمای قەیرانی حکومەتە لەو وڵاتەدا. خەڵکی عێراق ماوەیەکی زۆرە کە ئەم دۆخەیان ناوێت. خەڵک بە ڕوونی ڕایانگەیاند کە پێویستە ئەو هێزە ئایینی-نەتەوەیانە لە دەسەڵات دووربخرێنەوە لەو ڕاپەڕینە جەماوەرییەدا کە بە شۆڕشی ئۆکتۆبەر یان تەشرین ناسرا و لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ەوە چەند مانگێک بەردەوام بوو. ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌مڕۆ ده‌بینین که‌ گرووپه‌ ئاینییه‌کان ته‌نانه‌ت له‌ سوپاکه‌ی هێزه‌ شیعه‌کانیشدا گیانیان له‌ده‌ستداوه‌، که‌ هێزه‌کانی موقته‌دا سه‌در له‌ به‌رامبه‌ر هێزه‌کانی سه‌ر به‌ کۆماری ئیسلامی ڕیزیان گرتووه‌، له‌ بنه‌ڕه‌تدا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی که‌ خه‌ڵک ده‌یکات هەموو ئەمانەیان ناوێت ولە دژی هەموویان هاتوونەتە سەر شەقامەکان.
هێزێكی چارەنووسساز لە كەشوهەوای سیاسی عێراقدا، دەسەڵاتی شەقام و ناڕەزاییە، كە بۆ یەكەمجار چەند ساڵێك پێش شۆڕشی تشرین سەری هەڵدا، لە هاوینی ٢٠١٥ و لە ساڵانی دواتردا، لە شارە جیاجیاكاندا، لە بنەڕەتدا ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر بە گەندەڵی لە لایەنە حکومییەکان و دروشمی “نە شیعە و نە سوننە” “حکومەتی مەدەنی” بەردەوام بوو. لەم دۆخەدا موقتەدا سەدر کە بەشێکە لە حکومەت، بە سواری شەپۆلی ناڕەزایی خەڵک هەوڵ دەدات فراکسیۆنی رکابەر لە مەیدان دەربکات. بە بڕوای من ئەو ململانێیەی ئێستا کە وایکردووە حیزب و فراکسیۆنەکانی حکومەت لە دوای هەڵبژاردنەکانی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو تەنانەت نەتوانن حکومەت پێکبهێنن، لە بنەڕەتدا دەرئەنجامی ناڕەزایەتی بەردەوامی خەڵکە لە دژی تەواوی سیستەمەکە وحکومەتی ئایینی-نەتەوەی دەسەڵاتدارە.
خەلیل کەیوان: موقتەدا سەدر خۆی رۆڵێکی سەرەکی هەبووە لە قەیرانی ئەم دواییەی حکومەتدا. داواشی لە لایەنگرانی کرد لە پەرلەمان دەربچن و داوای هەڵبژاردنی نوێی کرد. لەسەر چی شەڕ دەکەن؟ ئایا پەیوەندی بە خواستنی پشکی دەسەڵاتەوە هەیە یان بابەتی دیکەی تێدایە؟
حەمید تەقوایی: ئەمە کێشمەکێشێکە بۆ بەدەستهێنانی بەش لە دەسەڵاتدا. لەسەر بنەمای ناکۆکی لەسەر پێگەی باڵای دەسەڵاتە، بۆیە پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە موقتەدا سەدر یەکێک بووە لە هێزە شیعەکان کە بەتەواوی سەر بە کۆماری ئیسلامی بووە. لەگەڵ بەرفراوان بوونی نفوزی کۆماری ئیسلامی لە عێراقدا هاتە مەیدان و جێگەیەکی لە سیاسەتدا دۆزیەوە. موقته‌دا سه‌در له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی شۆڕشی ئۆكتۆبه‌ردا سه‌ره‌تا له‌ به‌رامبه‌ر خه‌ڵكدا وه‌ستا و ته‌نانه‌ت هێزه‌ چه‌كداره‌كانیشی له‌ سه‌ركوتكردنی خه‌ڵكدا په‌یوه‌ندییان به‌ هێزه‌كانی حكومه‌ت و میلیشیاكانی سه‌ر به‌ كۆماری ئیسلامیەوە كرد. له درێژه ی هه ڵمه ته جه ماوه رییه كاندا، لەکۆتاییدا هێدی هێدی زانی كه چیتر به رژه وه ندی ئه ولە نیزیكبوونەوە له كۆماری ئیسلامیدا نییه و هه وڵی دا خۆی له كۆماری ئیسلامی جیا بكاته وه . داواکارییەکی جەماوەری خەڵک بریتی بوو لە بڕینی دەستی کۆماری ئیسلامی لە بارودۆخی سیاسیی عێراق، کە بە دروشمی “بغداد حرە حرە، ئێران، برە برە” (بەغدا، ئازادە، ئازادە؛ ئێران بۆ دەرەوە، بۆ دەرەوە) هاواریان دەکرد ).
ئەم دۆخە وایکرد موقتەدا سەدر لەوە تێبگات کە بە شوێنکەوتنی کۆماری ئیسلامی ناگاتە هیچ شوێنێک و نابێت گرەو لەسەر ئەسپێکی دۆڕاو بکات. بەو جۆرە حسابانە ڕووبەڕووی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی بووەوە و ئەمەش وایکرد لە هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەدا زۆرترین کورسی بەدەست بهێنێت.
مانۆڕەکانی ئەم دواییەی موقتەدا سەدر و لایەنگرانی لە داگیرکردنی پەرلەمان و دواتر جێهێشتنی پەرلەمان و پێشنیارکردنی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و نوێکردنەوەی هەڵبژاردن و هتد، لەسەر ئەم سەرکەوتنەی لە هەڵبژاردنەکاندامەزراوە. کۆماری ئیسلامی کە لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ڕابردوودا دۆڕاوە، لە کۆمەڵگای عێراقدا هێندە بوتە شوێنی نەفرەتی خەڵکی عێراق کە موقتەدا سەدر پێی وایە بە جیاکردنەوەی ئەکاونتەکەی لە فراکسیۆنەکانی لایەنگری کۆماری ئیسلامی دەتوانێت ڕۆڵێکی باڵادەست و چارەنووسساز لە دیاریکردنی حکومەتی عێراقدا بگێڕێت. بۆیە وەک ئاماژەم پێدا، ئەزموونی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی چەند ساڵی ڕابردوو، لە هاوینی ٢٠١٥ تا ئەمڕۆ، نیشانی دەدات کە هیچ کام لە لایەنە دەسەڵاتدارەکان ناتوانن قەیرانی حکومەت لە عێراق چارەسەر بکەن.
خەلیل کیوان: باست لەوە کرد کە سەدر لە ڕاستیدا بەکردوە لە دامێنی کۆماری ئیسلامیەوە پێی گرتوە و لەلایەن ئەوەوە بەرەو پێشەوەی شانۆ ڕاکێشرا. ئەم ڕەوتە لە دوو دەیەی ڕابردوودا لە حکومەتی عێراقدا بووە و هەر بۆیە بەشێکە لە کێشەی خەڵکی ئەو وڵاتە. خەڵک لە شۆڕشی بەناوبراو بە تەشرین (ئۆکتۆبەر)دا هێرشیان کردە سەر نووسینگەکانی هێزەکانی سەدر و ئاگریان تێبەردا. ئایا سەدر لە ژێر کاریگەری شۆڕشی ئۆکتۆبەردا خۆی لە کۆماری ئیسلامی دوور خستۆتەوە، یان لەسەر بنەمایپرەنسیبێک کە خۆی هەیەتی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ناگاتە ڕێککەوتن؟ ئایا جیاوازی راستەقینە لە نێوان سەدر و كۆماری ئیسلامیدا نییە؟
حەمید تەقوایی: جیاوازییان لەسەر نفوز و دەسەڵاتی ئەوانە لە عێراقدا. من پێموانییە بنەما سیاسییەکان یان بەرنامەی سیاسی و پرەنسیبە سیاسییەکان بۆ هیچ کام لەمانە گرنگ بن. كۆماری ئیسلامی دەیەوێت كاریگەری خۆی لە عێراق جێگیر بكات و سەرۆك كۆمار دابنێت و سەرۆك وەزیران دابنێت و لە پەرلەمان كاریگەری زیاتری هەبێت و موقتەدا سەدریش دەیەوێت دەسەڵاتی خۆی لە دژی كۆماری ئیسلامی فراوان بكات. بەڵام وەک لە سەرەوە ئاماژەم پێکرد، ئەوەی لە عێراقدا یەکلاکەرەوەیە پەیوەندییەکانی نێوان هێزەکانی حکومەت نییە، بەڵکو دەسەڵاتی ناڕەزایی جەماوەری خەڵکە. لە ڕاپەڕینی ساڵی ٢٠١٥ و ڕاپەڕینەکانی دواتر و بە تایبەت لە شۆڕشی ئۆکتۆبەردا خەڵک ڕایانگەیاند کە پێویستە گروپە ئایینییەکانی سوننە و شیعە واز لە حکومەت بهێنن. دروشمی ئەوان بریتی بوو لە “نە سوننە، نە شیعە، حکومەتی مەدەنی”. خەڵک ڕایانگەیاند کە پێویستە هەموو لایەن و هێزە سیاسییەکانی دەسەڵاتدار لە عێراق بڕۆن. ڕایانگەیاند کە هەموو ئەو هێزانە گەندەڵن، هەموویان تاوانبارن، و دژی هەموویان بە هێزەکانی موقتەدا سەدر و هێزەکانی کۆماری ئیسلامی و هەموو فراکسیۆنە شیعەکان و سوننەکان و کوردیەکان و هتد، کە لە پەرلەمان، لە سەرۆکایەتی کۆمار، و لە حکومەت، و سەرۆک وەزیرانێکەوە ئامادە بوون، هەستان و ئاگریان لە نووسینگەکانی ئەو هێزانە و کونسوڵخانەی کۆماری ئیسلامی و بارەگاکانی هێزەکانی موقتەدا سەدر لە شارە جیاوازەکان بەردا . ئەم بزووتنەوەیە بۆ چەندین مانگ لە عێراقدا بە بەبەهێزییەوە بەردەوام بوو.
ئەم دۆخە وایکرد موقتەدا سەدر لەوە تێبگات کە چیتر ناتوانێت لە پاڵ کۆماری ئیسلامی بوەستێت. داواکارییەکی گرنگی خەڵک، لە پاڵ دروشمی “نە حکومەتی مەدەنی نە سوننە و نە شیعە”، دەرکردنی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی بوو لە عێراق. كۆماری ئیسلامی رۆڵی راستەوخۆی لە سەرکوتی خەڵكدا گێڕا و لەگەڵ حكوومەتی مالیكی لەگەڵ هێزە نیزامییەكان و نیمچە سەربازییەكانی وەك حەشدی شەعبی و كەتائیبی حزبوڵادا دەستیان بۆ سەکوتی لە خەڵكی دەبرد. داخوازی خەڵک بۆ دەرکردنی کۆماری ئیسلامی لە عێراق لە راستیدا ناڕەزایەتییەکی راستەوخۆ بوو لە دژی هێزە سەرکوتکەرەکانی حکوومەتی دەسەڵاتدار لە عێراق. موقتەدا سەدر کە خۆی لە سەرکوتکردنی خەڵکدا بەشدار بوو، وردە وردە دانی بەوەدانا کە چیتر ناتوانێت پەیوەندی بە کۆماری ئیسلامیەوە هەبێت. بۆیە هەڵوێستی خۆی گۆڕی و داوای کشانەوەی “هێزە بیانییەکان”ی لە عێراق کرد و ڕووبەڕووی هێزەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی بووەوە. تەنانەت ئیدیعای کرد کە ڕوبەڕوی گەندەڵیەکانی حکومەتدا دەبێتەوە، کە خۆی بەشێک بوو لێی! و بەم شێوەیە پێگەیەکی کاریگەرتر و باڵاتری بە بەراورد لەگەڵ هێزەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی دۆزیەوە.
هه‌روه‌ها پێویسته‌ بگوترێ که‌ له‌ چه‌ند ساڵی ڕابردوودا بارودۆخی ناوچه‌که‌ به‌ شێوه‌یه‌ک بوو که‌ کۆماری ئیسلامی به‌ره‌به‌رده‌ کاریگه‌ری خۆی له‌ده‌ستدا و پێگه‌یه‌کی لاوازتری دۆزییه‌وه‌. لێرەشدا بزووتنەوەی خەڵکی عێراق رۆڵی گرنگی هەبوو. ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی خەڵک لە دژی هێزەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی و داخوازی ڕاشکاوانە بۆ دەرکردنی کۆماری ئیسلامی لە عێراق گورزێکی گرینگی لە کاریگەریی کۆماری ئیسلامیی لە عێراق و ناوچەکە دا. موقتەدا سەدر لەم لێدانەدا کشایەوە و ویستی سواری ئەم شەپۆلە ناڕەزایەتی خەڵک بێت و خۆی دووپات بکاتەوە. په یوه ندییه كانی نێوان هێزه كانی حكومه ت له عێراق به هۆی ئه و بارودۆخانه وه دروست ده بووە.
خەلیل کەیوان: دوای ئەوەی موقتەدا سەدر داوای لە لایەنگرانی کرد ناوچەی سەوز بەجێبهێڵن، بەرهەم ساڵح و کازمی ستایشیان کرد و ڕایانگەیاند کە کەسێکی بەرپرسیارە و باسی پێویستی ئەنجامدانی هەڵبژاردنیان کرد، کە ئەمەش یەکێکە لە خواستەکانی موقتەدا سەدرە. پێت وایە سازشێک هەبووە؟
حەمید تەقوایی: چەند رۆژێك لەمەوبەر موقتەدا سەدر رایگەیاند، لە سیاسەت دەكشێتەوە و نوسینگەکانی دادەخات. بەڵام دوای ڕاگەیاندنی دەستلەکارکێشانەوەکەی، وەک لە سەرەتادا ئاماژەت پێکرد، لایەنگرانی هێرشیان کردە سەر ناوچەی سەوز و کۆشکی سەرۆک کۆمار و ناوەندەکانی هێزەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی لە شارە جۆربەجۆرەکان و نائارامی لە عێراق چڕتر بووەوە.
لەلایەکی دیکەوە موقتەدا سەدر سوورە لەسەر هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و نوێکردنەوەی هەڵبژاردنەکان بەو هیوایەی لە هەڵبژاردنی داهاتوودا زۆرینەی بەرزتر بەدەست بهێنێت. ئێستا دوای راگەیاندنی دەستلەکارکێشانەوەی سەدر، فراکسیۆنی بەرامبەر بە خۆشیەوە ئەم داوایەی نیشانداوە و باس لە ئەگەری نوێکردنەوەی هەڵبژاردن دەکات. موقتەدا سەدر هەروەها دەڵێت حەشدی شەعبی کە تا دوێنێ هێزەکانی لەگەڵیدا شەڕیان دەکرد، بە هێزێکی گەل دەزانێت و تەنیا کێشەی لەگەڵ فەرماندەکانیان هەیە! وا دیارە سازانێک کراوە، واتە هەمووان ڕازین لەسەر نوێکردنەوەی هەڵبژاردنەکان و لە بەرامبەردا موقتەدا سەدر هێزەکانی خۆی ڕادەگرێت و لە شەقامەکان کۆیاندەکاتەوە.
هەروەها پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە ئەمە یەکەمجار نییە موقتەدا سەدر بانگەشەی کشانەوە لە سیاسەت دەکات. لە ٩ ساڵی ڕابردوودا حەوت جار لە دۆخێکی هاوشێوەدا ڕایگەیاندووە کە مەیدانی سیاسەت جێدەهێڵێت! ئەمە لە ڕاستیدا مانۆڕێکی سیاسییە و دەتوانرێت بە “بەردەوامی سیاسەت بە شێوازی دیکە” ناوببرێت.
لە هەر حاڵەتێکدا وا دیارە موقتەدا سەدر توانیبێتی ڕکابەرەکانی ناچار بکات کە داوا سەرەکیەکەی ئەو قبوڵ بکات کە بریتییە لە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و نوێکردنەوەی هەڵبژاردنەکان. بەڵام ئەگەر هەڵبژاردنیش نوێ بکرێتەوە، پرسی قەیرانی حکومەت لە عێراق چارەسەر نابێت. وەک لە سەرەوە ڕوونم کردەوە، کۆمەڵگای عێراقی دەسەڵاتی هێزە نەتەوەیی و ئایینییەکان قبوڵ ناکات و ئەم جۆرە مانۆڕ و گەمە سیاسییە لەنێوان نوخبەکاندا بەشوێنێک ناگات. خەڵک دەیانەوێت حیزب و گروپە شیعەکان و سوننەکان، هێزە ناسیۆنالیستە جۆراوجۆرەکانی کورد و بەکرێگیراوە چەکدارەکانی سەربە کۆماری ئیسلامی کە هەموویان بوونەتە هۆی گەندەڵی و تاوان لە عێراقدا، لە حکومەت و کۆمەڵگای عێراق دوور بخرێنەوە. تا ئەم داوایەی خەڵک جێبەجێ نەکرێت، قەیرانی حکومەت لە عێراق بەردەوام دەبێت.
خەلیل کەیوان: کاتێک سەیری دیمەنی سیاسیی عێراق دەکەیت، ئەوە هێزە ئاینییەکانن، بەتایبەتی هێزە شیعەکان، یاریی چی مەیدانە کەن. بزووتنەوەی شۆڕشی ئۆکتۆبەر سێ ساڵ لەمەوبەر بە داخوازییەکانی وەک دەرکردنی کۆماری ئیسلامی لە عێراق، دامەزراندنی حکوومەتێکی مەدەنی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، هەروەها بەدیهێنانی خۆشگوزەرانی، کاریگەریی لەسەر گۆڕەپانی سیاسیی عێراق دانا. ئیستا دۆخی ئەم زبوتنەوەیە چییە کە لە کاتی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنادا دابەزینی بەخۆیەوە بینی؟ لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوودا نزیکەی لە سەدا ٦٠ی خەڵک کە هێزی شۆڕشی ئۆکتۆبەرن، بەشدارییان نەکردووە. ئەم هێزە چۆن دێتە مەیدان و چ رۆڵێکی هەیە لە ئایندەی عێراقدا؟
حەمید تەقوایی: هەروەك وتت بزووتنەوەی جەماوەری ناسراو بە شۆڕشی ئۆكتۆبەر كەمی كردووە، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە كە لە گۆڕەپانی سیاسی عێراق دوور خراوەتەوە، یان تەنانەت كاریگەری ناڕەزایی خەڵك لەسەر هەلومەرجی سیاسی ئەو وڵاتە لاواز بووە. لە عێراقدا خواست و مەیلی قووڵی کۆمەڵگا بەرانبەر بە تەواوی سیستەمی دەسەڵاتدار فاکتەرێکی سیاسی گرنگە. لەماوەی ئەو بزووتنەوەیە جەماوەرییەدا کە لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ دەستی پێکرد و چەند مانگێکی خایاند، ئەو خەڵکەی کە چەندین جار هاتنە سەر شەقامەکان و دروشمیان دژ بە هەموو پارت و فراکسیۆنە دەسەڵاتدارەکان بە کورد و سوننە و شیعەکانەوە دەدا، هاواریان دەکرد “نە شیعە، نە حکومەتی مەدەنی “. ، ڕایانگەیاندووە کە کۆماری ئیسلامی هاوبەشی حکوومەتی عێراقە لە سەرکوتکردن و کوشتنی خەڵک و هاواریان کردووە کە “دەبێت کۆماری ئیسلامی دەربکرێت”، هێشتا ڕۆڵێکی کاریگەریان لە هەلومەرجی سیاسی ئەو وڵاتەدا هەیە. ئه‌مڕۆ ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ له‌ شه‌قامه‌دا نییه‌، به‌ڵكو وه‌ك فاكته‌ر و هێزێكی سیاسی گرنگ، كاریگه‌رییه‌كانی له‌ كۆمه‌ڵگای عێراقدا دیاره‌. دەکرێ بە دڵنیاییەوە بڵێین بەبێ ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەر قەیرانی حکوومەت لە عێراق بەم شێوەیە ڕووی نەدەدا. ئەگەر ئەو ناڕەزایەتیە جەماوەرییانە نەبوایە کە تەواوی سیستەمی دەسەڵاتداری هەژاند، حیزب و فراکسیۆنە نەتەوەیی و ئایینییەکان کێشەیەکی ئەوتۆیان لە حکومەتدا نەدەبوو. دەست بە دەست نانیان دەخوارد و چاپیان دەکرد و فەرمانڕەواییان دەکرد. ئەوە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان بوو کە ئەم هێزانەیان بەو شێویە بەردایە گیانی یەکتر و پرۆسەی هەڵبژاردنی حکومەت و سەرۆک وەزیرانی هێنایە وەستان و ئاگری ململانێ و شەڕی دەسەڵاتی نێوان ئەو هێزانەی کە تا دوێنێ یەکگرتو و پێکەوە بوون، خۆشکرد. قەیرانی حکومەت لە عێراقدا ڕەگ و ڕیشەی لە پەیوەندی نێوان حکومەت و کۆمەڵگادا هەیە، نەک پەیوەندی نێوان حکومەتەکانی نێوان گروپە جیاوازەکان. ئەمەی دووەمیان بەهۆی ڕووبەڕووبوونەوەی کۆمەڵگا لەگەڵ تەواوی حکومەتەوە دروست دەبێت.
لەم نێوەندەدا، لەو کاتەوەی خەڵک لە دژی کۆماری ئیسلامی ڕاپەڕیوە، پێگەی هێزە یەکگرتووەکانی لاواز بووە. یەکێک لە دەرئەنجامەکانی ئەمە ئەوە بوو کە هاوپەیمانی لایەنگرانی کۆماری ئیسلامی لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ڕابردوودا تەنیا ١٤ کورسی بەدەستهێنا و هێزەکانی لایەنگری موقتەدا سەدریش ٧٣ کورسییان بەدەستهێنا. ئەم دۆخە سووتەمەنی ئەم وەهمەی لە چاوی موقتەدا سەدر و لایەنگرانی داوە کە شەقام هی ئەوانە، وەک ئەوەی جەماوەری خەڵک لایەنگری ئەوان بن و هەر بۆیەش دەتوانن لەم گەمەی خەباتی دەسەڵاتەدا سەربکەون. لە کاتێکدا کۆمەڵگا ڕایگەیاندووە کە پێویستە هەموو هێزە ئایینییەکان چ شیعە و چ سوننە لە دەسەڵات دووربخرێنەوە.
بەڕای من ئەو هەڵسەنگاندنەی کە موقتەدا سەدر ئێستا کۆنترۆڵی کۆمەڵگای هەیە و بە ڕواڵەت دەتوانێت دۆخەکە هێور بکاتەوە هەڵەیە. تەنانەت ئەگەر خواستی ئەو بۆ نوێکردنەوەی هەڵبژاردن جێبەجێ بکرێت و سەرۆک وەزیران لە نێو لایەنگرانی خۆی دەستنیشان بکرێت، قەیرانی حوکمڕانی لە عێراق کۆتایی نایەت. لە سەردەمی شۆڕشی تشرین یەكێك لە ئامانجەكانی هێرشەكانی خەڵك نوسینگەكانی هێزەكانی سەر بە موقتەدا سەدر بووە و ئەمڕۆش موقتەدا سەدر دەبێتە ئامانجی راستەوخۆی خەڵكی ناڕازی كاتێك ئۆپۆزسیۆن جێدەهێڵێت و دەستی باڵای لە حكومەتدا دەبێت. وەک لە سەرەوە ڕوونم کردەوە، ناڕەزایی گەلی عێراق تەنیا لەسەر ئەمە یان ئەو لقە شیعە یان سوننە نییە، خەڵک هەڵوەشاندنەوەی هەموو ئەو هێزانەیان دەوێت، حکومەت و کۆمەڵگەیەکی مەدەنییان دەوێت، هەروەها دەسەڵات وەرگرتن لەلایەن کەسێکی وەک موقتەدا سەدرەوە سەد و هەشتا پلە دژی ئەم خواستە بنەڕەتیەی خەڵکە.
بەم باوەڕەوە دەتوانین بڵێین هەرچەندە ئەمڕۆ بزوتنەوەی ئۆکتۆبەر لە شەقامەکاندا نییە، بەڵام وەک فاکتەر و هێزێکی سیاسی لە عێراقدا ئامادەیە، یەکلاکەرەوەیە و بێ گومان هەر ئەم هێزەیە کە دواجار داهاتووی عێراق دیاری دەکات .
خەلیل کەیوان: لە ئێستادا هێزە ئایینیەکان و بەتایبەتی شیعە لە عێراق چالاکن. بزوتنەوەی شۆڕشی ئۆکتۆبەر لە گۆڕەپانەکەدا ئامادە نییە و نابینرێت. له‌م دۆخه‌دا ئه‌و چاره‌سه‌ره‌ چییه‌ كه‌ ده‌بێت بخرێته‌ به‌رده‌م كۆمه‌ڵگه‌ی عێراق بۆ رزگاربوون له‌م هێزه‌ نه‌ته‌وه‌یی-ئایینیانه‌؟
حەمید تەقوایی: بەڕای من خاڵی لاوازی سەرەکی ئەو بزووتنەوەیە کە لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ دەستی پێکرد ئەوەبوو کە حیزب و ڕێکخراو و ڕووخسارێکی دیاریکراوی نەبووە و هەر لەبەر ئەم هۆکارەش نەیتوانی وەک پێویست ڕۆڵ لە سیاسەتدا ببینێت. بزووتنەوە جەماوەریەکان و ناڕەزایەتی شەقام، ئەگەر لەلایەن حزبێک یان هێزێکی سیاسی ڕێکخراوەوە نوێنەرایەتی نەکرێت، ئەگەر کەسایەتییەک یان هێزێکی سیاسی لەسەر گۆڕەپانەکە نەبێت کە نوێنەرایەتی داواکاری و مەیلە ڕادیکاڵەکانی خەڵک بکات و ڕێگە بە هێزە کۆنەپەرستەکان نەدات وەک بزووتنەوەی موقتەدا سەدر ناڕەزایەتیەکانی خەڵک بۆ مەرامی خۆیان بەکار بهێنن.، ئەوان ناگەنە هیچ شوێنێک. ئه‌م کەم ‌بوونه‌ كێشه‌ی سه‌ره‌كییه‌ له‌ بارودۆخی ئه‌مڕۆی عێراقدا. ئەمڕۆ هێزە کۆمۆنیستەکان بە تایبەتحزبی کۆمۆنیستی کرێکاری چەپی عێراق کە خاوەنی هەڵوێستی ڕادیکاڵ و ڕوونن، چالاکن، بەڵام بەداخەوە هێشتا دوورن لەوەی ببنە هێزێکی کۆمەڵایەتی کە لە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکاندا بەشدار و کاریگەر بێت. کۆمۆنیزمی کرێکاری لە عێراقدا دەبێ هەوڵ بدات ببێتە دەنگ و نوێنەری بزووتنەوەی عەلمانی و دژە نەتەوەیی-ئایینی لە عێراقدا.
کێشەی بنچینەیی خەڵکی عێراق لەم ساتەدا ڕزگاربوونە لە حکومەتە ئاینییە نەتەوەییەکان و دامەزراندنی حکومەتێکی عەلمانی و بە بڕوای خودی گەلی عێراق “مەدەنی”. ئەم ئەڵقە سەرەکییە دەبێ لەلایەن کۆمۆنیستەکانەوە وەربگیرێت چونکە تەنها کۆمۆنیستەکان نوێنەرایەتی مەدەنی و کۆمەڵگەی مەدەنی و حکومەتی غەیرە قەومی نائاینی لە عێراق دەکەن ئەمڕۆ. ئاینی و نەتەوەی دەسەڵاتدار هەموویان بەشێکن لە کێشەی قەیرانی حکومەت لە عێراق نەک چارەسەر. لە مامەڵەکردن لەگەڵ قەیران و چەقبەستوویی حکومەتی عێراقدا، هێزە کۆمۆنیستەکان بە تایبەت حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری چەپی عێراق، دەبێت ئاڵای شۆڕشی ئۆکتۆبەر بەرز بکەنەوە و پێناسەی بکەن و پلاتفۆرم و بەیاننامە و میساقەکەی، لە سۆشیال میدیادا دابڕێژن و ڕایبگەیەنن و لە میدیا جیاجیاکاندا.ڕەنگدانەوەی دەنگی ناڕەزایی کۆمەڵگای عێراقی، وەستانەوە لە دژی هەموو ئەو هێزە ئایینییە نەتەوەییانەی کە خەڵکی عێراقیان خستۆتە ناو چاڵی تاریکەوە، لەوانەش فراکسیۆنە شیعەکان و سوننەکان و کوردستانییەکان و لایەنگرانی کۆماری ئیسلامی و موقتەدا سەدر و هتد.. حکوومەتی “نا شیعە، غەیرە سوننە، غەیرە قەومی” و کۆمەڵگەیەکی مەدەنی کە خەڵکی عێراق دەیەوێت مانای راستەقینەی بداتێ. بەڕای من ئەمە گرنگترین ئەرکە کە ڕووبەڕووی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان دەبێتەوە، بەتایبەت حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری چەپی عێراق.
٣١ی ئابی ٢٠٢٢

Previous
Next