سۆسیۆلۆژیای خوێندنه‌وه … عه‌باس جه‌میل جێماو
هه‌وڵێك بۆ به‌رچاوروونی خوێنه‌ر و كرانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه
ده‌بێ ئینسان پرسیار له خۆی بكات، كاتێك پرسیار له خۆی ناكات واتا پرسیار له سۆسیۆلۆژیا ناكات، كه پرسیاریش له سۆسیۆلۆژیا ناكات كه‌واتا له ئه‌ده‌ب ناكۆڵێتهوه، بۆیه ده‌بینین ئه‌م هه‌موو ده‌قه ناكامڵه به‌سه‌رماندا تێده‌په‌ڕێت و چاپ و بڵاو ده‌كرێنه‌وه كه‌سیش قسه ناكات، دواتر سه‌رهه‌ڵدانی گرفتگه‌لێك بێ ئه‌وه‌ی كه‌سێك بیری لێ بكاته‌وه و چاره‌یه‌كی بۆ بدۆزێته‌وه، منیش ناچار بكات له‌م فه‌زایه جێم نه‌بێته‌وه، خۆم نادۆزمه‌وه.
بالزاك توانی روئیای فیكری چینایه‌تی بگۆڕێ، باسی جوتیار ده‌كات، باسی ژیانی فه‌ره‌نسا ده‌كات له‌سه‌ره‌تاكانی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م، هاوكات توانی ده‌یان ئه‌دیب و بیرمه‌ندی گه‌وره بخاته ژێر كاریگه‌ری نووسینه‌كانی، ماركس باس له واقیع گه‌رایی ده‌كات و پێی وابوو بالزاك راستگۆترین شتی وتوه له‌مباره‌وه.
مۆلێر به‌كۆمیدیا باس له تاكی بۆرجوازی ده‌كات، ئه‌گه‌ر ئه‌م بیرۆكه‌یه براكتیك بكه‌ینه سه‌ر ژیانی هونه‌ری كوردی و هه‌روه‌ها ژیانی ئاسایی، ده‌بینین هه‌م بۆ هونه‌رمه‌ند و هه‌م بۆ بینه‌ر و گوێگر، فه‌زاكه دوو شتی جیاوازه، به‌ڵام له تێكستی كوردیدا چاره‌سه‌ری ئه‌م ئیشكالیاته هونه‌ری و سۆسیۆلۆژییه نابینین، بۆیه ئه‌مه ئیشی سۆسیۆلۆژیایه، كه له‌كایه‌كاندا كه‌متر گرنگی پێ دراوه.
لێره‌دا ئه‌وه‌مان بۆ روون ده‌بێته‌وه، كه ئه‌وه سۆسیۆلۆژیایه هۆكاری به‌رهه‌مهێنانی تیۆره، بۆ نموونه بونیه‌ی واقیع گه‌رایی دروست كرد.
لهمڕوانگهوه ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ ئه‌ڕستۆ و هیگڵ، كه چۆن ده‌ڕواننه هونه‌ری شیعر، یان هیلیس میله‌ر له كتێبی ئه‌خلاقیاتی خوێندنه‌وه‌دا، به چ شێوه‌یه‌ك خوێندنه‌وه‌ی بۆ لایه‌نی ئه‌خلاقی له دیراسه‌ی ئه‌ده‌بی كردووه، كه سایكۆلۆژیای كه‌سایه‌تی له‌ده‌ق جوداكردۆته‌وه، نموونه‌ی ئیشكردن له‌سه‌ر ده‌قی فه‌لسه‌فی و ئه‌ده‌بییه‌كانی زۆرێك له ئه‌دیب و نووسه‌ری وه‌ك جۆرج ئه‌لیوت و هینری جێمس و هتد.
هه‌روه‌ها رۆڵان بارت باسی مردنی نووسه‌ر ئه‌كات، ده‌لیلی ئه‌وه دێنێته‌وه، كه ده‌قی ئه‌ده‌بی له‌ده‌ستی نووسه‌ر ده‌رئه‌چێت و ئه‌بێته موڵكی خوێنه‌ر، چونكه خوێنه‌ر به دوای مه‌عریفه‌وه‌یه، خوێنه‌ر چاوه‌ڕێی به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی ده‌كات، فیكر و مه‌عریفه له‌یه‌ك جیا ده‌كاته‌وه و وه‌كو چاودێرێك به‌سه‌ر تێكستهكانهوهیه ئینجا به‌سه‌ر ده‌قنووسه‌وه.
له‌مباره‌یه‌وه به‌رهه‌مێكی سارته‌ر وه‌رئه‌گرین له‌ده‌قی (مێشه‌كان) یان له گرێی ئهلكترای سۆفۆكلیس، چه‌ندین روداوی تاقانه‌ی تێدا ده‌بینین، وه‌ختێك به‌دیققه‌ت ته‌ماشایان ده‌كه‌ین، به‌به‌راورد به‌یه‌كتر ده‌قگه‌لێكن خاڵی هاوبه‌شیان تێدا نییه، نه له رووی ده‌رونناسیه‌وه نه ستایلی نووسین نه خوێندنه‌وه‌ی كارێكته‌ر، به‌ڵكو هه‌ر دالێك له‌وانه مهدلولهكهی له‌به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بییه‌كه‌دا به‌ئاسانی بۆ خوێنه‌ر ده‌رئه‌كه‌وێ، چونكه ئه‌مانه سروشتێكی یه‌كپارچه‌ییان هه‌یه (الوحده الموچوعیه)، كه ئه‌ویش په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆی به كۆمه‌ڵگه‌وه‌یه، به‌ومانایه‌ی هه‌ر نووسه‌رێك یان دهقنووسێك به‌ته‌واوی كۆمه‌ڵگه‌ی نه‌خوێندبێته‌وه، ناتوانێ له ده‌قه‌كانیدا ره‌نگبداته‌وه.
ئه‌مه ده‌بێ له‌ناخی خودی نووسه‌ردا هه‌بێ، به‌واتای جیاوازی به‌رهه‌مێك له‌گه‌ڵ به‌رهه‌مێكی تر، له‌كۆمه‌ڵناسیدا وه‌كو ئه‌وه وایه، كه دوو كاره‌كته‌رمان هه‌بێ یان فره پاڵه‌وان، هه‌ر یه‌كه‌یان باس له‌بابه‌تی خۆیان بكه‌ن، بۆ نموونه ویستی شێتێك له‌گه‌ڵ كه‌سێكی عاقڵی ئاسایی یان بیرمه‌ندێك.
ئه‌وه‌ی كه گه‌وره‌تره له‌ناو كۆمه‌ڵناسیدا مه‌سه‌له‌ی شرۆڤه‌كردنی حاڵه‌ته یان دیارده‌كانی كۆمه‌ڵگه، نمونه‌ی نووسه‌رێك له چیرۆكێكدا باس له گره‌وی ژیان ده‌كات، كه ئه‌مه‌یان ده‌روونناسیه، به‌ڵام لایه‌نه‌كه‌ی تری واقیعی كۆمه‌ڵایه‌تییه، بۆ نموونه كاره‌كته‌ری ده‌قه‌كه له‌گه‌ڵ كه‌سێكی ئهرستوكرات یان ده‌وڵه‌مه‌ند خۆی به‌راورد ده‌كات، یان پرۆتستانتی یان كاسۆلیكی، له‌ژیانی كۆمه‌ڵگه‌ی عیراقیش (شیعه و سونه).
ئه‌ده‌بناسی گرنگیدانه به وێناكردنی ژیانی مرۆڤایه‌تی چ له رووی فیكری و مه‌عریفیه‌وه بێت یان سۆز و هه‌ڵچوونه‌كان و تاد، له گشت قۆناغه‌كاندا له‌نێو بازنه‌ی سروشت و كۆمه‌ڵگه و بیركردنه‌وه‌كاندا، له‌سه‌ر بنه‌مای به‌ڵكه و توێژینه‌وه‌ی زانستی، كه له بواره‌كانی ژیان ده‌ستی بۆ ده‌بردرێ، هه‌روه‌ها پۆلێن ده‌كرێت به شێوه زانستی و هونه‌رییه‌كه‌ی، چونكه به‌پێی تیۆری لۆسیان گۆڵدمان بێ، ده‌بێ ئه‌ده‌ب گرێدراوی باری كۆمه‌ڵایه‌تی بێ، به‌پێچه‌وانه‌وه جگه له فانتازییهكی بێ ئامانج شتێكی تر نییه.
مانای هه‌ر به‌رهه‌مێكی ئه‌ده‌بیش وه‌ك راپۆرتێك نییه، تاكو لهتهوهرێك یان دووان گینگڵ بدات، له‌كاتێكدا به‌دنیایه‌ك گفتوگۆ و ده‌نگی جیاواز ده‌ور ده‌درێت، بۆ به‌ستنه‌وه‌ی به‌كایه‌كانی تری كۆمه‌ڵگه‌وه چ له‌رووی بابه‌تییه‌وه بێت یان مه‌عریفی یان شوناسی ئه‌دیب له‌ناو ده‌قدا .. تاد.
ئامانجیشی داكۆكی كردنه، سوسیۆلۆژیای ئه‌ده‌بیش شرۆڤه‌كردنی ئه‌و ئامانجه‌یه، نموونه‌ی رۆماننوسێك، كه واقیعی ئه‌نووسێ و ئه‌وی تر خه‌یاڵی و فانتازی، ماركیز یان سێرڤانتس له‌گه‌ڵ ماكسیم گۆرگی سێ فه‌زای زۆر جیاوازن، عه‌بدوڵڵا سه‌راج و به‌ختیار عه‌لی هه‌روه‌ها زۆر جیاواز.
بابه‌تێك هه‌یه له‌ناو تیوری ئه‌ده‌بی پێ ده‌وترێت بنه‌ماخوازی ئه‌ده‌بی، ئه‌ده‌بیات شیكاری تایبه‌ت به‌خۆی هه‌یه و په‌یوه‌ندی دژه‌كان لێك ده‌داته‌وه، نموونه‌ی فۆرمالیستێك له‌گه‌ڵ ئهزمونگهرێك.
هه‌روه‌ها دۆخی مێژوویی و رواڵه‌تی ئینسان له‌ناو ده‌قدا، به‌واتای ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵناسی جیاوازی به‌رچاو ئه‌كات، جیاوازی مێژوونووسێكی ئه‌ده‌ب له‌گه‌ڵ شرۆڤه‌كارێكی ئه‌ده‌ب وه‌كو مێژوو، چونكه ستراكتۆری ده‌قه‌كان له‌ناو ئهدهبهكاندا ده‌خوێنێته‌وه، بۆ نموونه ئێمه خاوه‌نی هه‌ندێ گرێین له سایكۆلۆژیای ده‌قدا، له ده‌قی ئه‌لكترا كچ حه‌ز له‌باوكی ده‌كات، ئۆدیبیش دایكی، ئه‌گه‌ر چی عوقدهیهكی سایكۆلۆژیه، به‌ڵام په‌یوه‌ندی بهسۆسیۆلۆژیاشهوه هه‌یه، گرێی ئه‌لكترا زاراوه‌یه‌كه له‌لایه‌ن فرۆیده‌وه دانراوه، كه ئاماژه به هۆگربوونی بێ هۆشانه‌ی كچ به‌باوكی ده‌كات و هه‌روه‌ها چۆن ئیره‌یی به‌دایكی ده‌بات و رقی لێده‌بێته‌وه، فرۆید توانی ئه‌م زاراوه‌یه له ئه‌فسانه‌ی ئهلكترای یۆنانی وه‌ربگرێ و له‌به‌رامبه‌ردا گرێی ئۆدیب له‌لایه‌ن نێرینه‌وه.
ئێمه ئه‌مانه وه‌ك ده‌ق وه‌رده‌گرین، ده‌سه‌ڵاتی ده‌قی رابووردووش ئه‌یه‌وێ به‌سه‌ر داهاتوودا جێگیر بێت، به‌واتای نه‌مری ده‌ق، له‌دوای هاتنی ئازادی بۆ ده‌قیش قۆناغێكی تری ده‌قی ره‌سه‌ن دێته ئاراوه، كه هه‌میشه بخوێرێته‌وه.
ئازادی بۆ ده‌ق، ئازادی به‌واتای خۆ دوورخستنه‌وه له‌و كۆت به‌نده‌ی هه‌یه، بۆ نموونه دووركه‌وتنه‌وه له كێش و سه‌روا، هه‌روه‌ها له مۆسیقاشدا چه‌ندین ستایلی نوێ سه‌ریهه‌ڵداوه، نمونه‌ی ئه‌ره‌بێسك، كه‌واتا ئێمه قسه له‌سه‌ر بابه‌تێك ئه‌كه‌ین به‌واتای ده‌قی كراوه، كه به‌ده‌قی ره‌سه‌ن ناسراون.
شرۆڤه‌كاری كۆمه‌ڵناسی ئینتیمای نییه بۆ هیچ یه‌ك له‌مانه، له‌یه‌ك حاڵه‌تدا نیگای هه‌یه ئه‌ویش خیانه‌ت له‌ده‌قدا به‌واتای دزی له‌ده‌قدا، خوێنه‌ری ماتریالیش ئینتیمای هه‌یه، هه‌روه‌ها چه‌پ گه‌راكان و دهروونشیكارهكانیش ئینتیمایان هه‌یه، بۆ نمونه رۆبن هود وه‌كو پاڵه‌وانێك ته‌عامولی له‌گه‌ڵدا ئه‌كرێ وه‌ك ئه‌وه‌ی خۆی خۆی دروست كردبێ له‌ده‌قه‌كه‌دا.
كاتێ قسه له‌سه‌ر ئه‌و بنهماخوازیه ئه‌كرێ بۆ خوێنه‌ری وشیار و شیاو، به‌رهه‌می ده‌ق و توێژینه‌وه‌ی ده‌ق لێره‌وه ده‌ست پێده‌كات، لێره‌وه ئاستی خوێنه‌ر باڵاتر ئه‌بێ و ئه‌چێته پێشه‌وه، چونكه لێره‌وه باسی فاكت ئه‌كرێ، ئه‌و فاكته‌ی خوێنه‌ری ئاسایی له‌ده‌قدا نایبینێت.
مه‌به‌ستی نووسه‌ری جدیش لێره‌وه سه‌رهه‌ڵده‌دات وه‌ك ئه‌وه‌ی بیه‌وێ بڵێت پێویسته خوێنه‌ر ئاڕاسته بكرێت، كرانه‌وه به‌ره‌و فه‌زای كۆمه‌ڵایه‌تی، به‌رامبه‌ر به فیكری نامۆكان، ئه‌مه‌ش به‌هه‌ڵسه‌نگاندن ده‌كرێ، كاتێك به‌راوردكاری بۆ زیاتر به‌رچاوروونی خه‌ڵكی و به‌ره‌و پێشبردنی كۆمه‌ڵكه و رزگاركردنیان له‌جه‌هل و تێگه‌یشتنی نه‌رێنی.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی مایه‌ی هه‌ڵوه‌سته‌كردنه خوێنه‌ری ئێمه له‌م فه‌زایه‌دا، وه‌ك بڵێی له‌ناو زه‌لكاوی جه‌هلدا ئه‌یانه‌وێت گه‌نگه‌شه‌ی بابهتهكان بكه‌ن، ئه‌وه‌نده‌ی له‌هه‌وڵی خوێندنه‌وه‌ی حیكایه‌ته‌كانی نێو تێكسته‌كان بوونه، نیو ئه‌وه‌نده به‌لای خوێندنه‌وه‌ی فاكته‌كاندا نه‌چوونه، به‌واتای تێنه‌گه‌یشتن له‌شێوه‌كانی په‌یوه‌ندی نێوان ده‌ق و ماناكانی پشتی ده‌ق.
ئێستا پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه، تاچه‌ند خوێنه‌ری كورد توانیوێتی خوێنه‌رێكی جددی فكری ئه‌ده‌بی بێت و میتۆده‌كان بناسێ، هه‌روه‌ها له‌ناو ده‌قی كوردیدا خۆی بدۆزێته‌وه؟
هاوكات نووسه‌ری كورد تاچه‌ند توانیوێتی شۆڕبێته‌وه ناو ئه‌و واقیعی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه، كه له فه‌زای بیركردنه‌وه یان له‌په‌راوێزی بیرۆكه و هه‌نگاوه فیكرییهكانیدا وێنای كێشه‌كانی كۆمه‌ڵگه بكات، پشت به‌ستوو به گرینگی‌دان به خوێندنه‌وه‌ی چالاكییه مرۆییه‌كان له‌نێو په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا، چونكه نووسه‌ر یان ئه‌دیب گوێزه‌ره‌وه‌ی بونیادی په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانن له ژیانی مرۆڤایه‌تی.
ئایا نووسه‌ر تا چه‌ند توانیویانه خوێنه‌ر به ئاڕاسته‌ی وشیاری چینایه‌تی و كێشه‌كانیدا ببه‌ن، یان تا چه‌ند هانی خوێنه‌ریان داوه فكر و جوگرافیا و.. تاد، بخوێننه‌وه؟
له كتێبی ره‌خنه له ئایدۆلۆژیای سمكۆ محه‌مه‌د هاتوو (ئێمه باس له كائینێك ده‌كه‌ین (رۆشنبیر) نابێت ده‌ست و پێ سپی بێت، چونكه ئه‌م كائینه هیچ نه‌بێت ده‌زانێ نادادپه‌روه‌ری كامه‌یه و له كوێوه ده‌ستیپێكردووه و بۆ كوێ ده‌چێت و هیچ نه‌بێ دژی بوه‌ستێته‌وه).
ئه‌مه‌یه ئه‌و گرفته‌ی ئه‌مانه‌وێ په‌نجه‌ی بۆ درێژ بكه‌ین، نوسه‌ر و رۆشنبیری ئێمه وه‌ك پێویست نه‌یانتوانیوه ئه‌و ئامانجه بپێكن، كه پێ ده‌وترێت ئاڕاسته‌ی تاكی گۆمه‌ڵگه، به‌پێچه‌وانه‌وه به‌پێی ویستی خوێنه‌ر ده‌قیان نووسیوه، وه‌كو ئه‌وه‌ی ئێستا هه‌ر قه‌ڵه‌م به‌ده‌ستێك بوونه به رۆماننووس.
ئێمه پێویستیمان به پراكتیك كردنی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌گه‌رایی هه‌یه بۆ ده‌قی كوردی، كه له‌م روانگه‌یه‌وه ده‌توانین بڵێین ئێمه له‌مباره‌یه‌وه دهستبهتاڵین، بتوانێ لهتێكستهكاندا شێوازی په‌یوه‌ندی نێوان ده‌ق و ماناكه‌ی شی بكاته‌وه، شرۆڤهكارمان نیه، رۆشنبیری ئاڕاستهكارمان نیه، ململانێی ئه‌ده‌بیمان نیه، وه‌رگرتن و پێدانمان نیه، نازانین مێژوو چیه، جوگرافیا ناخوێنینه‌وه، رۆشنبیرییه‌ك به‌دی ناكه‌ین لۆژیكیانه خوێنه‌ر ئاراسته بكات، لێره‌وه تێده‌گه‌ین، كه كورد له‌ئه‌ده‌بدا به‌تایبه‌تی له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و مێژووه‌یه كه مۆدێرنه تۆماری كرد.
بۆیه هه‌ر به‌م هۆیه‌وه خوێنه‌رمان نه‌یتوانیوه له‌رێی سوسیۆلۆژیاوه شۆڕبێته‌وه نێو ده‌قه‌كان (واقیعی نیه)، فاكت ناخوێنێته‌وه، خۆی لائه‌دا ئه‌ترسێ، به‌زۆری خوێنه‌ری رووكه‌شن، یان روونتر بڵێم ترسنۆك، ئه‌نجامی هه‌موو خوێنه‌رێكی ترسنۆكیش، ئایكۆنی به‌تاڵ و ترسنۆك به‌رهه‌م دێنێ، ئایكۆنی وه‌همی، دوور و نزیكیش خوێندنه‌وه‌مان بۆ كێشه‌كانی چینایه‌تی نه‌بووه.
كاتێكیش په‌ی به كێشه‌ی وشیاری چینایه‌تی نه‌بردرێت، ناتوانین به‌شداری ململانێیه‌ك نه‌كه‌ین له‌كایه‌كاندا، كه بگونجێت، هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌كیش به‌م چه‌شنه له جه‌هلدا ژیان بگوزه‌رێنێ، به‌دڵنیاییه‌وه بۆ ده‌سه‌ڵاتی سیاسیش وه‌ك ئه‌وه وایه هه‌نگوینی له داردا به‌ده‌ستهێنابێت، كورد واته‌نی كاڵا به‌قه‌د باڵا.
بیریشمان نه‌چێت جۆرێكی ترمان هه‌یه له خوێنه‌ر، جیاواز له‌وه‌ی باسمان لێوه‌كردن، كاتێ له خوێندنه‌وه‌ی تێكستێك ئه‌بینه‌وه، ئه‌وه‌نده ئه‌زانین بڵێین ده‌قێكی خۆشه‌وه، نمونه‌ی دوو كه‌سی هاوسه‌فه‌ر، یه‌كه‌میان سه‌فه‌ر بۆ چێژ وه‌رگرتن ده‌كات و دووه‌میان وه‌كو گه‌ریده‌یه‌ك شت ئاشكرا ده‌كات، كه به‌وردی ئه‌ڕوانێته ئه‌و چه‌مكانه‌ی دێنه‌به‌ر زیهنی یان خوێندنه‌وه‌و لێكۆڵینه‌وه له‌و كه‌ره‌سته‌و بابه‌تانه‌ی دێنه به‌ردیدی تا ئاستی توێژینه‌وه‌ی زانستی و سودوه‌رگرتن له مه‌بنا هونه‌ری و زانستیه‌كه‌ی.
نمونه‌ی كۆڵۆمبۆس وه‌ك بارزگانێ، كه به‌رده‌وام له گه‌شتدا بوو، توانی له‌هاوشانی كاره‌كه‌ی یان پیشه‌كه‌ی، شت بدۆزێته‌وه، جیهانێكی نوێ بدۆزێته‌وه (ئه‌مریكا) و هه‌روه‌ها بڵێ زه‌وی خڕه، رامبۆ به‌هه‌مان شێوه بۆ بازرگانی هاته رۆژهه‌ڵات، كه‌چی بوو به‌خاوه‌نی ده‌قی كراوه.
له هونه‌ریشدا گۆرانیبێژ جۆرێكی تره له خوێنه‌ری ده‌ق، هه‌روه‌ها مه‌قام بێژ و شانۆكار و شێوه‌كار تاد، وه‌كو موخاتبێك ئیش له‌سه‌ر ده‌قه‌كان ده‌كات و به‌شێوه‌ی زاره‌كی (شه‌فه‌یی) یان ده‌ست و فڵچه‌كه‌ی، بیرۆكه‌كان ئاڕاسته ده‌كات و بیاگوازێتهوه.
كاتێك ئه‌ڕوانینه مه‌قامه‌كان، ئه‌وانیش ئه‌چنه‌وه بابی كلتوورهوه، كه ئه‌كرێ بڵێین كورد له كۆندا خاوه‌ن گوتار یان هونه‌ری ره‌سه‌ن بووه، كه ئه‌بینین به‌زۆری هه‌وڵێك بوونه بۆ كرانه‌وه به‌رووی كۆمه‌ڵگه‌دا، چ وه‌ك ده‌ق یان وتن، وه‌كو مه‌قامه‌كانی سیاچه‌مانه و هۆره و ئای ئای و لاوك و حه‌یران…تاد.
لێره‌دا یه‌كێك له ستایله‌كانی مه‌قامی حه‌یرانی ده‌شتی هه‌ولێر به نمونه دێنینه‌وه، كه لهتێكستهكهیدا (ئه‌سمه‌ر و مامه‌ر) وه‌ك دوو پاڵه‌وانی ده‌قی مه‌قامه‌كه هاتووه، كاتێ هه‌واڵی برینداربوونی مامه‌ر ده‌گاته ئه‌سمه‌ر، بێ سڵه‌مینه‌وه‌و زۆر بوێرانه به‌مه‌به‌ستی چوونی بۆ لای مامه‌ر، روو ده‌كاته باوكی ده‌ڵێت، (ئیزنیشم بده‌ی هه‌ر ده‌چم، ئیزنیشم نه‌ده‌ی هه‌ر ده‌چم) ئایا لێره‌دا له‌رووی سۆسیۆلۆژی ئه‌ده‌بییه‌وه چی خوێندنه‌وه‌یه‌كمان بۆی هه‌یه، سه‌رباری ره‌هه‌نده مێژووییه‌كه‌ی، كه ده‌بوو ره‌خنه‌گرانی بواری میوزیك و ئه‌ده‌بی، له‌سه‌ر ئه‌و چه‌مكه بوه‌ستابان و قسه‌یان هه‌بوایا، چونكه بوارێكی فراوانی بۆ هێشتوونه‌ته‌وه بۆ گه‌نگه‌شه‌ی بوعدی فیكری و ره‌هه‌ندی كرانه‌وه، وه‌ك باسمان لێوه‌كرد، به‌تایبه‌ت له ناوه‌نده هونه‌ری و مه‌عریفییه‌كان له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ و ده‌ره‌وه، به‌تایبه‌ت ده‌رووبه‌ر.
ده‌ق گه‌لێك كه له‌چوارچێوه‌ی ئه‌و مه‌قامانه‌دا ناسیومانن، كه‌بانگه‌شه بۆ فه‌راهه‌مكردنی ئازادی ژن و وه‌ده‌ستهێنانی شوناسی كه‌سی له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی داخراودا ده‌كات، هه‌روه‌ها وه‌ستانه‌وه له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و عورفه‌ی، كه به‌درێژایی مێژوو به‌سه‌ر ژن‌دا سه‌پێنراوه.
له‌به‌رامبه‌ردا وه‌ك به‌راوردێك بۆ ئه‌و ده‌قانه، تێكستی مه‌قامه‌كان، په‌نجه له‌سه‌ر هه‌ندێ تێكستی پێچه‌وانه‌ی ئه‌و ته‌وژمه فیكرییه دابنێین، كه گوایه بانگه‌شه‌ی ئه‌ده‌بی مۆدێرنه‌ی بۆ ده‌كه‌ن، نمونه‌ی ئه‌و ده‌قه شیعرییه‌ی په‌شێو، كه ده‌ڵێ (له‌ده‌ستم دێ ئه‌ڵقه‌ی په‌نجه‌ت پێ فڕێده‌م، نامه‌ی به‌ختت بسوتێنم)، پاشان جه‌زای گۆرانیبێژ وه‌ك خوێنه‌ر، رێك ئه‌و جۆره خوێنه‌ره‌مان بیردێته‌وه، كه ده‌ڵێ بابه‌تێكی خۆش‌بوو، بێ ئه‌وه‌ی چاوێك بخشێنێت به رووه سایكۆلۆژی و سۆسیۆلۆژییهكهیهوه، كه دوای سه‌دان ساڵ له بانگه‌شه‌ی فیكری ئه‌دیبان و هونه‌رمه‌ندانی مێژووی دێرینی كورد، ئه‌مانه (نمونه‌ی په‌شێو) دێن ئیتیكی ئه‌ده‌بی ئه‌شێوێنن و رۆئیای توندوتیژی ده‌رهه‌ق به‌ژن ئههۆننهوهو نه‌وه‌یه‌كی بێ چاو و رووی پێ به‌رهه‌م دێنن له‌ناو گۆمه‌ڵگه، كه‌چی شاعیری ناسراوی عه‌ره‌ب نزار قه‌بانی به‌پێچه‌وانه‌وه به‌شێكی به‌رچاو له‌گوتار و مه‌به‌ستی ده‌قه‌كانی، بۆ ئازادی ژن و فه‌زای كرانه‌وه بوو له كۆمه‌ڵگه‌ی رۆژهه‌ڵاتی.