
تاهیر ته‌نتریۆ … عه‌بدولڕه‌حمان فه‌رهادی
ئیسف بخۆ، ئیسف مه‌خۆ
ته‌حسین ده‌رچووی ئاماده‌یی پیشه‌سازی بوو و كوڕی پیاوێكی خواپێ‌داو بوو، كه ئاماده‌یی پیشه‌سازیی ته‌واو كرد، تازه‌كانه شه‌ڕی قادسیه ده‌ستی پێكردبوو، بابی به په‌سه‌ندی زانی بۆ خوێندن بینێرێته ده‌ره‌وه، تا له‌و شه‌ڕه شوومه به‌دوور بێ، ئه‌وكات چوونه ده‌ره‌وه له عیراق قه‌ده‌خه نه‌كرابوو، بابی سه‌فه‌ره‌كه‌ی بۆ ڕیكخست و چه‌ند مانگ دواتر ته‌حسین خۆی له بوخارست بینییه‌وه و له‌وێ به‌قسه‌ی باوكی كرد و داواكاریی خوێندنی پێشكه‌شی كۆلیژی پزیشكیی بوخارست كرد و له‌وێ وه‌رگیرا، ته‌حسین كه‌وته كهشوسرووتێكی تازه كه زۆری به‌لاوه نامۆ بوو، خوێندنی پزیشكیی بوخارست له هه‌موو خوێندنێكی وڵاتان سووك و ساناتر بوو و دوای شه‌ش ساڵان خوێندن، ته‌حسینی ده‌رچووی پیشه‌سازیی به‌شی مه‌عادن، كه به هه‌زار حاڵ ئه‌وێی پێ ته‌واو كرا، هه‌ر به فشه بووه دختۆر ته‌حسین به پسپۆڕیی ته‌ندروستیی گشتی، چه‌ند ساڵ دواتر ته‌حسین گه‌ڕایه‌وه عیراق و ئێستا ته‌حسینی مه‌عادن دختۆرێكی به‌ناووده‌نگی شاره‌كه‌مانه، ههنووكهشی له‌گه‌ڵدابێ كه 2017یه، دختۆر ته‌حسین له هیچ تهبیعاتێكی هه‌شتاكان داینهكهلاندووه، پانتۆڕی شاڕلستۆنی ده‌لینگ سی سانتیمه‌تری كه‌متر له پێی هاڵناكێشێ، هه‌روه‌ها سه‌عاته‌كه‌ی ده‌ستیشی هه‌ر سه‌عاته سێ قورمیشه‌كه‌ی جارانه كه ناوی ئۆریانته، عه‌ینه‌كی برۆداپۆشهریش نه‌بێ، له‌چاوی ناكات، له‌به‌رئه‌وه‌ی قوتهبنهشه، قه‌ت به‌بێ قۆنده‌ره‌ی كهعبولعالیی به ئاوه‌زێنه نایه‌ته ده‌ره‌وه كه شاڕلستۆنهكهی دایده‌پۆشێ، سمێڵیشی شێوه قه‌یتانییه كه ئه‌وكات به لاسایی پاڵه‌وانانی فیلمه هیندییه‌كان له‌ناو جاحێڵان ببووه مۆدێڵ، قه‌سه‌م به‌خوا دختۆر ته‌حسین ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێ، باوه‌ڕ ناكه‌م بتوانێ سپێڵی پاراسیتۆل به پوخته‌یی بنووسێ، له ڕاچێته‌ی نه‌خۆشان پییهكی كه‌پیته‌ڵ ده‌كات و دوای پیتهكهش ده‌یكاته خهتخهتۆكێ و سهیدهڵییهكانیش تێیده‌گه‌ن، له یهكدوو حه‌بی وه‌ك پاراسیتۆل و ئه‌مپیسیلین و تیتراسایكلین و شڕووبی كیبرۆن بترازێ ناوی هیچ حه‌ب و ده‌رمانێكی تر نازانێ. به‌رده‌ستێكی ته‌حسین له نه‌خۆشخانه‌ی كۆماری هه‌بوو ناوی یووسف بوو، كه دختۆر ته‌حسین به ئیسف بانگی ده‌كرد، ئیسف كه‌پووی تووشی ده‌ردێك ببوو، هیچ دختۆرێكی هه‌ولێر سه‌ریان لێ ده‌رنه‌ده‌چوو، خزم و ناسیار ئامۆژگاریی ئیسفیان كرد بۆ چاره‌سه‌ری بچێته به‌غدا، ئه‌وه‌بوو ئیسف ڕووی له به‌غدا كرد و له‌وێ دختۆرێكی پسپۆر پێی گوتبوو(كه‌پووت تووشی شێرپه‌نجه بووه)، بۆیه حه‌بێكی بۆ دانابوو كه به‌رده‌وام بیخوا. ئیسف هاته‌وه هه‌ولێر و له‌سه‌ر حه‌ب خواردنێ به‌رده‌وام بوو و ماوه‌یه‌ك پێ چوو هاته‌وه ده‌وام، ڕۆژانه دختۆر ته‌حسینی مه‌عادن بانگی ئیسفی ده‌كرد و ئامۆژگاریی ده‌كرد كه بایه‌خ به خواردنی حه‌به‌كانی بدات، گوایه ئه‌ویش شاره‌زایه و له‌بواری پزیشكی زۆر تێده‌گا. گفتوگۆ ڕۆژانه‌كانیان به‌به‌ر چاوی كارمه‌ند و خزمه‌تگوزاران ئاوا ده‌ستی پێ ده‌كرد:
– ئیسف، كوڕێ من حه‌به‌كه‌ت بخۆ هاااااا، ئه‌من پێت ده‌ڵێم حه‌به‌كه‌ت به مه‌زبووتی بخۆ، كوڕم بیخۆ له‌بیرنه‌كه‌ی هاااا دوایه ده‌مریی.
– ئاخر دختۆر كه حه‌به‌كه ده‌خۆم كه‌پووم ئه‌ستوور ده‌بی كه‌پوو.
– ئێ مادام كه‌پووت ئه‌ستوور ده‌بی، مه‌یخۆ ، ته‌واو لێگه‌ڕێ مه‌خۆ، وازی لێ بینه، فڕێیده و مه‌خۆ.
– دختۆر ئاخر دهردهكهپووهكهم شێرپه‌نجه‌یه، نه‌یخۆم ترسێكهم بمكوژی.
– ئێ ئیسف مادام وایه بخۆ، ئا ئا بخۆ بخۆ، حه‌به‌كه‌ت بخۆ له‌بیر نه‌كه‌ی هااااااا، ڕۆژانه بیخۆ.
كێوه تانكه‌ری بیر، كێوه ؟
ده‌رده كورد بریتییه له چاندنی ڕقوقینه، ته‌پشوو له یه‌كتر وه‌شاندن، زه‌مكردنی پاشمله، ئیره‌یی به‌یه‌كتر بردن، یه‌كتر قۆپاندنهوه، چاو پێ هه‌ڵنه‌هاتن، پاشقول گرتنهیهك، ڕاپۆرت له‌سه‌ر یه‌كتر نووسین، كۆسپ خستنه به‌رده‌م كاروباری خه‌ڵك، سووك ته‌ماشاكردنی كاری جوانی به‌رانبه‌ر، غه‌در له فهقیروفوقهڕا، داونانه‌وه بۆ یه‌كتر، ململانێی نابه‌جێی حیزبایه‌تی، كێشه بۆ خه‌ڵك دروست كردن، ڕێزنه‌گرتن له خزم و ناسیاوان، قۆڵبڕی و دزیی گه‌وره و زه‌به‌لاح، پاره له‌یه‌كتر خواردن، خیانه‌ت له ئیشوكار، نه‌حه‌وانه‌وه له‌گه‌ڵ دراوسێ و خزموكهس و له‌گه‌ڵ یه‌كتر، موزایه‌ده‌كردن به‌سه‌ر یه‌ك و به گه‌وره ته‌ماشاكردنی دوژمن و ترسان له كۆنه هین، برسیكردنی مامۆستا و لێدانی له لایه‌ن قوتابی، جنێودانی بێ موناسه‌به، پیسوپۆخڵیی به‌رده‌رگا و ماڵه‌وه و خۆنهشووشتن، بۆنی گڵاوی كڵاوجهمهدانی و گۆره‌وی و بنهه‌نگڵ به هاوینان و ده‌ست نه‌شووشتنی به‌رده‌وام و ته‌نانه‌ت له ئاوده‌سته‌وه یه‌كسه‌ر بۆ سه‌ر خوان، ….. تا شتی قۆڕ و خلیچك بژمێری بنی نایه، وه‌ك چۆن له ماتماتیكا یه‌ك ته‌قسیم سفر ئه‌نجامه‌كه‌ی ده‌بێته ما لا نیهایه، ئه‌م ده‌رده كورده‌ش كتومت وایه، هه‌موو لایه‌كی كورده‌واریی گرتووه‌ته‌وه و ده‌ریایه‌كه بنی نایه. وه‌ره ناو مامۆستایانی زانكۆ، ئه‌م قسه له‌سه‌ر ئه‌و ده‌كا، ئه‌و به‌رپێنه ده‌داته ئه‌و، له‌ناو دختۆران هه‌ر وایه، له‌ناو دادوه‌ر و پارێزه‌ر و فه‌رمانبه‌ر و هونه‌رمه‌ند و نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووس و توور فرۆش و ئاسنتاش و دارتاش و سه‌رتاش و كاره‌باچی و وایه‌رمان و فیته‌ر و تهپشووتراش و جڕتلێدهر و ته‌نانه‌ت بیردهردهری ئاوده‌ستیش. ده‌رده كورد له‌ناو بیردهردهری ئاوده‌ست زۆر زه‌قه، بیردهردهران یه‌ك خووی عه‌نتیكه‌یان هه‌یه، توخوا ده‌با بۆتانی باس بكه‌م، له‌وانه‌یه نه‌تانزانیبێ، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه بگه‌نه هه‌ر دیوارێكی پاكوخاوێن، یهكهوسهر سپرای بۆیهكهیان ده‌ردێنن و( ژماره مۆبایل و ته‌نكه‌ری بیر)ی لێ ده‌نووسن، ژمارهكانیشیان ئه‌غڵه‌ب وایه ژماره‌ی جوانن، بیردهردهرانی ئاوده‌ست له هه‌موو كه‌س زیاتر به‌ده‌ست ده‌رده كورده‌وه تلاونه‌ته‌وه، تۆ بڵێ چی؟ گریمان ئه‌مڕۆ بیردهردهرێكی ئاوده‌ست هات و چاوی به‌م دیواره تازهبۆیهكراوه پاكوخاوێنهی مزگه‌فته‌كه‌ی به‌رانبه‌رمان یان قوتابخانه‌كه‌ی ئه‌ودیو یان دیواری هه‌ر ماڵێك كه‌وت، ئه‌وا یهكهوسهر لێی دێته خواره‌وه و سپرای بۆیهكهی له ته‌نكه‌ی باخه‌ڵی یان له شه‌رواڵی ده‌ردێنێ و (ژماره مۆبایل و ته‌نكه‌ری بیر)ی لێ ده‌نووسێ و تێی ده‌ته‌قێنێ، پاشتر به ڕێكه‌وت ته‌نكه‌رێكی تر به‌و ناوه‌دا دێ و چاوی به دیواره‌كه و ژماره مۆبایلی تهنكهرهكهی پێشوو ده‌كه‌وێ، یه‌كسه‌ر ئیره‌یی و خوێڕیاتی هانی ده‌دا بێته خواره‌وه و ژماره مۆبایلی ته‌نكه‌ری پێشوو بسڕێته‌وه و به ڕه‌نگێكی تری بۆیه هیی خۆی لێ بنووسێ، ئیتر زنجیره‌ی مۆبایل نووسینه‌وه و سڕینه‌وه‌ی تری به‌دوادا دێ و دیوارم دیواره ده‌بێته گووخانه‌ی تانكه‌ری بیر و مه‌گه‌ر خوا بزانێ به تابلۆی چ شێوه‌كارێكی سریالیی ده‌چێ! خه‌ریكه ده‌ڵێم دیواره‌كانی پایهتهختهكهمان هه‌مووی بووه‌ته ژماره مۆبایلی گوودهردهران و گوێڕاكێشێكیش نییه ته‌مبێیان بكا. عاره‌ب گوته‌نی (من‌و بلمنو هه‌ولێر صار قه‌ره‌باڵغ). تۆ بڵێی دانیشتووی ئێره هه‌ر خه‌ریكی بخۆ و بڕی بن؟ هه‌مووجار بیرده‌كه‌مه‌وه و ده‌ڵێم خوایه گیان ئه‌م هه‌موو تانكه‌ره، ڕۆژانه ئه‌م هه‌موو ته‌پاڵه‌یه كێوه ده‌به‌ن؟ هاوكێشه‌یه‌كی قورسه، قه‌تم سه‌ر لێ ده‌رناچێ، بۆم شیكار نابێ، به قه‌بری بابم هاوكێشه‌كانی ماتماتیكم له‌كن ساناترن!
له‌تیف لووته‌ی بهرماوهخۆ
له‌تیف لووته به‌رده‌وام دژی پێشمه‌رگه قسه‌ی ده‌كرد و ئه‌وكاته‌ی شۆڕشی كورد تووشی نسكۆ بوو، ئه‌و كۆڵێ خۆشحاڵ بوو، ئه‌و پێشمه‌رگه‌ی به چه‌ته و شه‌قاوه و حیزودز له قه‌ڵه‌م ده‌دا، گوایه خۆی پیاوێكی ماركسییه و له‌ملاو له‌ولا خۆی وا ده‌ناساند گوایه كۆمۆنیسته، كه‌چی هیچی له ماركسییه‌ت و كۆمۆنیست نه‌ده‌زانی، له‌تیف ساڵانێ له‌وه‌به‌ر له كۆڵانه‌كانی سه‌یداوه مریشكێك ده‌دزی و هه‌ر ئه‌و ڕۆژه لێی ئاشكرا ده‌بێ، به‌هۆیه‌وه كه‌وته زیندان و پازده بیست ڕۆژێكیان له به‌ندیخانه‌ی سه‌رای په‌ستا، دواتر له‌تیفه لووته كه له زیندانێ هاته ده‌ر، چووه ڕیزی حیزبێكی كارتۆنیی كوردان كه به‌عس دژی تێكۆشه‌ره ڕاسته‌قینه‌كانی كورد یهكدوو حیزبۆكهی بووكه‌ڵه و به‌رماوه‌خۆری دروست كردبوو و له‌تیف له‌وێ وه‌ك تێكۆشه‌رێكی! مه‌كته‌ب سیاسی مووچه‌یه‌كی مانگانه‌ی قه‌به‌ی مفت ده‌خسته باخه‌ڵ و شه‌وانه‌ش به خۆ‌و ده‌مانچه‌ی پشتیه‌وه، له‌گه‌ڵ یهكدوو ده‌مڕووت و جاشی وه‌ك خۆی له یانه‌كان چاكترین جۆری ویسكیی نۆش ده‌كرد و له جگه‌ره‌ی ڕۆسمانیش بترازێ به لالێویه‌وه نه‌ده‌كرد، جگه له‌وه‌ش به‌عس له بۆنه‌كانی وه‌ك 17-30ی ته‌ممووز ده‌مانچه و پاداشتی به‌هاداری ده‌دانێ، ئەوانیش بۆ بەعس وەفادار بوون و مانگانە ڕاپۆرتی خۆیان لەبارەی کوردپەروەرانەوە دەدایە دائیرەی ئه‌من. له‌ته لووته دوو ساڵ دواتر بووه خاوه‌ن خۆشترین خانوو و تازه‌ترین قه‌مه‌ره‌ش، ئێستا لهتیفۆك جگه له‌وه‌ی مووچه‌ی زیندانییانی سیاسیش وه‌رده‌گرێ گوایه له ڕیزه‌كانی حیزبی كۆمۆنیست تێیكۆشاوه، كه سه‌ری مه‌جلیسان ده‌گری، خۆی به ئه‌كبه‌ر كوردپه‌روه‌ریش داده‌نێ و به‌رده‌وامیش باسی تێكۆشان و كوردایه‌تیی خۆی ده‌كات له سجنی سه‌رای، له دائیره و وهزارهتانیش قسه‌ی ده‌یخوا و به‌رپرسه‌كانیش زه‌نده‌قیان لێی ڕژاوه و حسێبی تایبه‌تی بۆ ده‌كه‌ن. لێخوڕه له‌ته لووته، شۆڕشه!
تاهیر ته‌نتریۆ
تاهیر تهنتریۆی براده‌ری منداڵیم، دراوسێشمان بوو ده‌رگا به ده‌رگا، ناوی ته‌نتریۆ له‌وه‌وه هاتبوو كه ڕۆژێكیان له تۆپانی چووبووه‌وه ماڵه‌وه و زۆری تینوو بووه و به هه‌ڵه شووشه‌ی تهنتریۆی به‌سه‌ر ده‌میه‌وه كردبوو، بۆیه چوار پێنج ڕۆژان له نه‌خۆشخانه بێ زمان كه‌وتبوو و دایه و بابه‌ی ته‌مایان لێ بڕیبوو، به‌ڵام به قه‌ولی باوكی گوته‌نی ڕۆژ له دوای ڕۆژ به‌ره‌و تهحهسسون چوو بوو و ماوه‌یه‌كی پێچوو، هاته‌وه ناومان و دواتر بووه باشترین یاریزانی تۆپی پێی هه‌ڵبژارده‌ی هه‌ولێر، تاهیر ڕقی دونیای له خوێندن بوو، له وانه‌ی ئینگلیزی هڕهی له بڕه ده‌رنه‌ده‌كرد، هه‌مووجار پێی ده‌گوتم: جانم ئه‌من چ داكم ئینگلیزه چ بابم، نازانم ئه‌و ئینگلیزییه چییه تووشی هاتووین! تاهیر له پێنجی سه‌ره‌تایی، وه‌ك خۆی گوته‌نی مه‌كته‌بی دایه به‌ر لووشكان و نه‌هاته‌وه به‌ر خوێندن، كه گه‌وره و هه‌راشیش بوو، حه‌سره‌تی بۆ ئه‌وه هه‌ڵده‌كێشا كه چۆن وه‌ك ئێمه خوێندنی ته‌واو نه‌كردووه. تاهیر ساڵانێك بزر بوو و ده‌یانگوت بووه‌ته پێ میم، به‌ڵام نه‌مانده‌زانی بووه‌ته پێ میمی كامه حیزب! دوای ڕاپه‌ڕینی حه‌شامه‌تی كوردستان له داموده‌زگاكانی به‌عس، تاهیر بواری بۆ ڕه‌خسێنرا له قوتابخانه‌یه‌كی ئێواران به هه‌زار شه‌ڕه شه‌ق و غه‌لوغه‌ش، بڕوانامه‌ی ناوه‌ندی وه‌ربگرێ. تاهیره فه‌ندیم ئێستا كه به ئینگلیزی ده‌دوێ ده‌ڵێی حه‌یرانان ده‌خوێنێته‌وه، شێوه گۆكردن و ئاخاوتنی پڕه له ئحم ئحم، له قسه‌كردنی ئینگلیزی نه‌تری یه‌كجار زۆره، ده‌ڵێی دۆجهكهی مام ڕه‌مه‌زانه، كوره هه‌ر ده‌ڵێی گایه و دهبۆڕی! هه‌ر كه گوێت لێی ده‌بی واده‌زانی تازه له په‌ستی نۆغهرانێ گه‌یشتووه‌ته هه‌ولێر، ئینگلیزییه‌كه‌ی نۆغهرانانهیه و سه‌ربه‌قوڕ دێنێته حیتوهۆڕ، تاهیر به غهلوغهشهوه هات و هێنای تا بووه خاوه‌ن بڕوانامه‌یه‌كی به‌رزیش له زمانی ئینگلیزی. قه‌سه‌م به‌خوا باوه‌ڕ ناكه‌م شتاقه هاووڵاتیی ئینگلیز وشه‌یه‌كی لێ تێبگات، جارێكیان ڕۆژنامه‌نووسێكی ئینگلیز وه‌ك به‌رپرسێكی ئه‌كادیمی داوای له تاهیر ته‌نتریۆ كردبوو وتوێژی له‌گه‌ڵدا بكات، به‌ڵام كابرای ئینگلیز له ئینگلیزییه حهیراناساكهی تاهیر نه‌گه‌یشتبوو و بۆ لێك حاڵی‌بوون، داوای وه‌رگێڕێكی كردبوو. جاران من به حه‌سره‌ت بووم تاهیر بۆ یه‌ك جار عه‌ین و حێ جێگۆڕ نه‌كات، كه‌چی ئێستا شێوه‌زاری خۆی به‌لاوه ناوه و به‌شێوه‌ی ناوچه‌یه‌كی تر قسان ده‌كات و لێیشی ناوه‌شێته‌وه، سه‌ریشی به بۆیه‌ی ماركه ڕۆتانا به باقوبریق ده‌خا و ڕه‌نگی ڕه‌شی قژ و ئه‌برۆ و برژانگی هه‌ر ده‌ڵێی له كونیله ڕه‌شه‌كانی فهلهكهوه بۆی هاتووه، هه‌روابێته‌وه، ئه‌نگوستیله‌یه‌كی زێڕی نقێم پیرۆزهییشی خستۆته په‌نجه‌ی، له خه‌ڵك فێره ساونا و غاردانی پاركیش بووه. تاهیر ئێواران له باره‌گایه‌ك ده‌وام ده‌كا و قهیاسێ مامۆستای زانكۆی له‌ژێر ده‌سته كه له ئه‌مر و نه‌هیی ئه‌و ده‌رناچن. له‌م ڕۆژگاره‌ی ئێستامان پیاوم ده‌وێ له قوتابییانی به‌شی ئینگلیزی بێ ئیمزای تاهیر ته‌نتریۆ بڕوانامه‌ی بدرێـتێ. ئه‌م هه‌رێمۆكه‌ی خۆمان پڕه له تاهیر ته‌نتریۆ، حكوومه‌تن كارگه‌یه‌كی به‌بڕشتی به‌رهه‌م هێنانی تاهیر تهنتریۆكانه، جا چتۆ تاهیر؟ ھیی تڕوتۆپەستوور و كهللةپووت.