تراژیدیای مه‌کسیم گۆرکی… “ئایکۆنی” پرۆلیتاریا … نووسینی: عبدوڵا حبه-مۆسکۆ … وەرگێڕانی: نەجات عەزیز
زۆرێک له رۆشنبیرانی نه‌وه‌کانی ساڵانی چله‌کان وپه‌نجاکانی سه‌ده‌ی بیسته‌م له‌ژێر کاریگه‌ری ئه‌ده‌بی گه‌وره نوسه‌ری ڕوسی مه‌کسیم گۆرگیدابوون. کاره‌کانی وه‌رگێڕاندرانه سه‌ر زمانی عه‌ره‌بی وزۆر که‌سیش به هێمای خه‌باتی چینی هه‌ژار و”ئه‌و بونه‌وه‌رانه‌ی که به مرۆڤ ئه‌ژمێردران” دائه‌نا، هێزه چه‌په عێراقیه‌کان ڕۆمانی “دایک”یان به نموونه‌ی به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی کرێکا‌ران دانابوو به‌رامبه‌ر زوڵم ومافه زه‌وتکراوه‌کانیان. ئه‌م بۆچونه‌ی رۆشنبیرانی چه‌پی عیراقی هه‌مان بۆچونی یه‌کێتی سۆڤێت بوو له‌سه‌ر گۆرکی. به‌ڵام ئه‌وه‌ی دوای هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی یه‌کێتی سۆڤێت له ساڵی ۱۹۹۱ڕویدا، لیبراڵه ڕوسه‌کان به‌ڕابه‌ری کۆنه کۆمه‌نیست بۆریس یلتسین که لایه‌نگرانی ڕۆژئاوا بوون، هه‌موو توانا‌و چالاکێکانیان ڕووه‌و له‌ناوبردنی هه‌موو هێماکانی سۆڤێتی کۆن خسته گه‌ڕ بۆ له‌ناوبردنی هه‌موو هێماکانی ده‌وڵه‌تی یه‌کێتی سۆڤێتی کۆن. بۆ نموونه، شاری لینیگراند ناوی گۆڕا بۆ سانت- بترسبۆرگ، په‌یکه‌ری سه‌رکرده کۆمه‌نیسته‌کانی وه‌کو لینین ودیزرجنسکی وسه‌فردلۆڤ وزۆری تر له سه‌رکرده به‌لشه‌فێکان لابران له هه‌موو شاره‌کانی ڕوسیا. ئه‌م هه‌ڵمه‌تی لابردنه گه‌وره نوسه‌ری ڕوسی مه‌کسیم گۆرکی (۱۸٦۸ -۱۹۳٦) شی گرته‌وه؛ شاری گۆرکی ناوی گۆڕدرا بۆ نیجنی-نۆفگۆرود هه‌روه‌ها ناوی وێسته‌گه‌ی میترۆکانی مۆسکۆ وسانتپیترسبۆرگ وقازان هه‌موو گۆڕدران. ناوی جاده‌ی گۆرکی سه‌ره‌کی له مۆسکۆ گۆڕدرا بۆ تفیرسکایا په‌یکه‌ره‌که‌شی له به‌رامبه‌ر وێستگه‌ی شه‌مه‌نه‌فه‌ری بیلوروسکی لابرا (به شێوه‌یه‌کی کاتی وه‌کو وترا). هه‌روه‌ها ستۆدێۆی سینه‌مایی، شانۆ، پارک، جاده، په‌یمانگای ئه‌ده‌ب له مۆسکۆ وگه‌لێ زانکۆ وکتێبخانه له شاره‌کانی ڕوسیا که به‌ناوی گۆرکیه‌وه ناونرا بوون ناوه‌کانیان گۆڕدرا بۆ ناوی تر، به‌ڵام ئه‌سته‌مه ناوی گۆرکی له مێژووی رۆشنبیری ڕوسی وجیهانی ڕەشبکرێتەوە سه‌ره‌ڕای هه‌موو هه‌وڵی لیبراڵه‌کان، چونکه گۆرکی (کێوێکە) له جیهانی ئه‌ده‌ب. بۆیه ده‌زگای بڵاوکردنه‌وه‌کان به‌رده‌وامن له بڵاوکردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌کانی ولێکۆلینه‌وه‌کان له باره‌ی ڕۆلی له ئه‌ده‌بی ڕوسی. له‌سه‌ر شانۆی هه‌موو شاره‌کانی ڕوسیاش نمایش‌کردنی به‌رهه‌مه شانۆییه‌کانی به‌رده‌وامیان هه‌یه له‌گه‌ڵ به‌رهه‌مه‌کانی پۆشکین وگۆگۆل وتۆلستۆی وچیخۆف.
له ڕاستیدا به‌لشه‌فێکان له مه‌کسیم گۆرکی (ئه‌مه ناوێکی خوازراوه به‌ڕوسی مانای “تاڵ” دێت) “ئایکۆنێک” یان دروست کرد خه‌ڵکی وەکو نەزرگا سەردانیان لێ ده‌کرد وه‌کو لاشه مۆمیاکراوه‌که‌ی لینین له گۆڕه‌پانی سوور. دوای ئه‌وه‌ی (الحاد) یان وه‌کو ئایدیۆلۆجیای فۆرماڵی ده‌وڵه‌ت ناساند. هه‌ر ئه‌و هەڕەشەی شۆرشە بوو که مژده‌ی هه‌ڵکردنی گه‌رده‌لولی شۆڕشی دا، هه‌ر ئه‌و نوسه‌ره پرۆلیتاریه مه‌زنه که دامه‌زرێنه‌ری “ریالیزمی سۆسیالیستی” ئه‌ده‌ب وهونه‌ری ده‌وڵه‌تی ڕوسیه‌یە. خه‌رمانه‌ی مه‌زنییان به‌ده‌وردا کێشا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هاوڕێی ڤلادیمێر لینین وستالینه ونزیکه له سه‌رکرده‌کنی تری حزب وده‌وڵه‌ت. لایه‌نگیری بەلشه‌فێکان بوو به‌رله شۆڕش وقه‌ڵه‌مه‌که‌ی خستبوه خزمه‌ت شۆڕش وپاڵپشتی هێڵی سیاسیان. ته‌نانه‌ت کار گه‌یشته ئه‌وه‌ی هێرش بکاته سەر شانۆی هونه‌ری مۆسکۆ، به‌هۆی پێشکه‌شکردنی ڕۆمانی “ده‌ستلێوه‌شێنراوه‌کان”ی دیستۆفسکی که سه‌رکۆنه‌ی تیرۆری خه‌باتی سیاسی ده‌کات. ئه‌و ڕۆمانه‌ی لینین به (سخافات) ناوی برد و وتی کاتم نیه بیخوێنمه‌وه و “فڕێمداوه”. ستالین به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ک هه‌وڵی به‌ستنه‌وه‌ی گۆرکی دا به کەسایەتی خۆیه‌وه به‌مه‌به‌ستی بانگه‌شه. بۆیه هه‌وڵی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی دا بۆ یه‌کێتی سۆڤێت دوای ئه‌وه‌ی که به‌جێی هێشت بوو له‌سه‌ر سوڕبونی لینین له ساڵی۱۹۲۱. لینین زۆر سه‌غڵه‌ت بوبو بە داواکارێکانی گۆرکی له به‌رگریکردنی له ڕۆشنبیره “بۆرژوازێکان” له‌ناویاندا شاعیری ئۆروستۆکرات ئەلێکسه‌نده‌ر بلۆک که تووشی نه‌خۆشیه‌کی قورس بوو بو وە پێویستی به چاره‌سه‌ر هەبووله‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات ، به‌ڵام ده‌سه‌ڵات ڕێگه‌ی سه‌فه‌رکردنی پێ نه‌دا له ترسی چالاکیه‌کانی دژی ده‌وڵه‌ت سه‌ره‌ڕای پاڵپشتیکردنی له شۆڕشی ئۆکتۆبه‌ر. سه‌رئه‌نجام مرد دوای، ده‌ستی به ده‌ستی پێکردنێکی دورو درێژ له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه.
هه‌روه‌ها گۆرکی داوای ده‌رکردنی بڕیاری لێبوردنی بۆ شاعیرنیکۆلای گۆمیلیۆڤ (هاوسه‌ری ژنه شاعیر ئانا ئاخماتۆڤا) ی کرد، به‌ڵام دواتر له‌سێداره درا. گۆرکی ڕوسیای به‌جێهێشت پاش ئه‌وه‌ی لینین وتی:”ته‌ندروستیت باش نیه ئه‌بێ سه‌فه‌ر بکه‌یت بۆ چاره‌سه‌ری پزیشکی… ئه‌گه‌ر ڕازیش نه‌بی ئێمه ده‌تنێرین…”. ئیتر سه‌فه‌ری ئه‌ڵمانیای کرد دوای ئه‌وه‌ی نا‌ئومێد بوو له رژێمی نوێی وڵات که پڕاو پڕ بوو له “زوڵمی شۆڕشگێڕی” و “تیرۆری سوور” وزۆری تر له‌و ڕوداوانه‌ی که له‌ساڵانی یه‌که‌می هه‌ڵگیرسانی شۆڕش وشه‌ڕی ناوخۆداڕویان دا. قوربانیه‌کانی چه‌نده‌ها که‌سایه‌تی ڕۆشنبیر وئه‌دیب وهونه‌رمه‌ندی ڕوسیشی تێدا بوو. بۆیه گۆرکی دودڵ بو له پاراوی ڕێبا‌زی شۆرشی سۆسیالیستی ئه‌وکاته، سه‌ره‌ڕای لایه‌نگیری کردنیشی له بزوتنه‌وه‌ی سۆسیال-دیموکراتی له ڕوسیا وبه‌شداری کردنی له شۆڕشی ساڵی ۱۹۰٥ و ڕاوه‌دونانی له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی قه‌یسه‌ری وبه‌ندکردنی. لای گۆرکی سۆسیالیستی به‌مانای خۆشی وخۆشگوزه‌رانی وجه‌ژنی هه‌میشه‌ییه بۆ هه‌موو کرێکا‌ران له سایه‌ی رژێمه نوێیەکه‌دا، به‌ڵام ئه‌وه‌ی که بینیتی دوای هاتنه سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی بەلشه‌فێکان ته‌نها هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنی جوتیاران وکرێکاران بوو؛ نه جوتیار بو به خاوه‌نی ڕاستی زه‌وی و نه کرێکاریش بوبەخاوه‌ن کارگە وه‌کو بانگه‌شه‌یان بۆ دەکرد پێش شۆڕش. سه‌رباری ڕاوه‌دونان وگرتنی هه‌رکه‌سێک بانگه‌شه‌ی فره فکری وسیاسی بکردایه. پیاوانی حزب کارگه‌کانیان به‌ڕێوه ئه‌برد بێ ئه‌وه‌ی هیچ شاره‌زاییه‌کی پیشه‌سازیان هه‌بێت.
هه‌روه‌ها ترۆتسکی هه‌ستا به دروستکردنی سه‌ربازگه‌ی به‌ندکردنه‌کان “گۆلاگ”. زۆرێک له مێژونوسان له‌و باوه‌ڕه‌دان ترۆتسکی به‌م کاره‌ی ئه‌یویست کێشه‌ی وێرانبونی ئابوری سۆڤێت دوای شه‌ڕی ناوخۆ چاره‌سه‌ر بکات به به‌کارهێنانی به‌ندکراوه‌کان له جێبه‌جێ کردنی پرۆژه‌ی کاره‌باو بنیادنانی پیشه‌سازی قورسی ده‌وڵه‌ت. دوای نا ئومێد بوونی گۆرکی له ئه‌نجامی سیاسه‌تی ده‌ساڵاتدارانی نوێ، ناچار له ئه‌ڵمانیا گیرسایه‌وه وده‌ستی کرد به ده‌رهێنانی ڕۆژنامه‌یه‌ک وبڵاوکردنه‌وه‌ی وتار له ڕۆژنامه ئه‌ڵمانێکان به ڕه‌خنه‌گرتنی توند له ده‌سه‌ڵات دارانی سۆڤێت. نوسینه ڕه‌خنه ئامێزه‌کانی وه‌کو: “جوتیارانی ڕوس” و “دڵره‌قی ڕوسی” و “ڕۆشنبیران وشۆڕش” و “نامه‌ی نووسه‌ر وئه‌ده‌ب له زه‌مانی ئێمه‌دا”، هه‌روه‌ها داوا کردنی له ئاناتۆل فرانس به هه‌ستان به هه‌وڵی بانگه‌شه‌یەکی جیهانی له‌پێناو به‌رگریکردن له ئه‌دیبه به‌ندکراوه ڕوسێکان. ئەو هەڵوێستەی گۆرگی بوو به هۆی بێزاری وتوڕه‌بونی لینین که گۆرکی به هاوڕێی نزیکی خۆی دەزانی. ته‌نانه‌ت له‌ماڵه‌کەشیا ده‌ژیا له ساڵی ۱۹۱۰ له کابری کاتی خه‌باتی نهێنی. گۆرکی زۆرجار گفتوگۆی ئەنجام دەدا له‌گه‌ڵ لینین سەبارەت بە بابه‌تی ئایین وڕۆلی له کۆمه‌ڵگا وپه‌یامی ڕۆشنبیری له گۆڕانی کۆمه‌ڵگادا. به‌بۆچونی گۆرکی، ئاسته‌مه کۆمه‌ڵگا پێش بکه‌وێ به‌بێ بوونی پرۆژه‌یه‌کی رۆشنبیری مه‌زن. ڕۆشنبیری بنه‌مای هه‌موو پێشکه‌وتنێکی کۆمه‌لگایه. لینین بوونی ئایینی به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ک ره‌تده‌کرده‌وه له‌ناو کۆمه‌ڵگای سۆسیالیستی‌دا ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به‌به‌کارهێنانی هێزیش بێت. له‌م لایه‌نه‌دا زۆر توندڕه‌و بوو.
بۆیه له ڕوسیا که‌نیسه مێژوویه‌کان وێران کران (کاتیدرای کریستیانی دڵسۆزیان له مۆسکۆ ته‌قانده‌وه که به‌ها بیناسازێکه‌ی هیچ که‌متر نه‌بوو له کاتیدرای وێستمنستر له له‌نده‌ن، کاتیدرای سانت پۆڵس له ڕۆما، کاتیدرای نۆتردام له پاریس…چی ڕوی ئه‌دا ئه‌گه‌ر هه‌موو ئه‌مانه‌ش بتەقێندرانایەوە به دینامێت؟ تێگه‌یشتنی گۆرکی له‌سه‌ر ئایین له‌ژێر کارتێکردنی فه‌لسه‌فه‌ی نیتشه و “مرۆڤی باڵا”،دا بو، وای ده‌بینی که کاره‌که په‌یوه‌سته به‌خودی که‌سه‌که‌وه له ئینتیمای ئایینی وهیچ زه‌روره‌یه‌ک نابینێ له دوورخستنه‌وی خه‌ڵکی ساده له ئایین به زۆره‌ملێی. به‌ڵکو پێویسته بیریان ڕۆشن بکرێت و پله به پله دیدیان بگۆردرێ بۆ ئه‌و دیده سکۆلاریزمیه‌ی که سۆسیالیسته‌کان مژده به‌خشیان بۆ ده‌کرد. پێشتریش گۆرکی ڕه‌خنه‌ی له ڕێبا‌زی لینین ده‌گرت له‌سه‌ر هه‌ستان به شۆرش پێشهاتنی کاته‌که‌ی. وهۆشداری له به‌رکه‌وته ڕوخێنه‌ره‌کانیشی دا له زنجیره‌یه‌ک نووسینی دا به‌ناونیشانی “بیرگه‌لێک له غه‌یرکاتی خۆیدا” (ناونیشانه‌که هی مقاله‌یه‌کی نیتشه‌ی فه‌یله‌سوفه). له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا گۆرکی له ناخی خۆیدا د‌رکی به‌وه ده‌کرد که له‌رۆژگاری شۆڕشدا داهاتوو بۆلینین ئه‌بێت. هه‌روه‌ها لینینیش د‌رکی به‌وه ئه‌کرد که داهاتوی ڕوسیا به‌بێ گۆرکی نابێت، دوای ئه‌وه‌ی ناوبانگی نه‌ک ته‌نها لەڕوسیا به‌لکو ئه‌وروپا وئه‌مه‌ریکاشی گرتبوه‌وه له‌ڕێگای ئه‌و کاره زۆرانه‌ی وه‌کو “منداڵیم”، “له‌نێو خه‌ڵکدا”، “دایک” هه‌روه‌ها چیرۆک وشانۆگه‌ریه‌کانی له‌سه‌ر ژیانی خه‌ڵکانی هه‌ژار ونه‌بوو وبێبه‌ش ولانه‌وازان “پێپه‌تی”. گۆرکی له‌نێوان ساڵانی ۱۹۲۱-۱۹۲۳ ژیانی له‌نێوان پراگ وهیلسنفۆرگ وبه‌رلین به‌سه‌ر برد. پاشان خانویه‌کی له سۆرنتۆ له ئیتالیا کڕی له ساڵی ۱۹۲٤. دواتر له کابری کۆمه‌لێک له شاکاره‌کانی وه‌کو: ڕۆمانی “کاری خێزانی ئارتامۆنۆف” و “زانکۆکانم” نوسي هه‌روه‌ها ده‌ستی کرد به‌نوسینی رۆمانه مه‌زنه‌که‌ی “ژیانی کلیم سامگین”. که ڕه‌وشی یه‌کێتی سۆڤێت ئارام بوه‌وه، ستالیین به‌هه‌مو توانایه‌کیه‌وه هه‌وڵی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی گۆرکی ئه‌دا بۆ نیشتمان (سۆڤێت)، بۆیه گه‌لێک (المغريات)یان پێشکه‌ش کرد له نێویاندا سه‌رپشکردنی له رێکخستنی بزاڤی رۆشنبیری له وڵات‌دا. هه‌روه‌ها دڵنیای کرده‌وه که وڵات ڕگاری بوو له شه‌ڕی ناوخۆ وده‌رهاویشته‌کانی وگوزه‌رانی خه‌ڵک خۆش بووه وو بنیادنانی وڵات د ه‌ستی پێکردوه. ئه‌و هه‌واڵانه‌یش که باس له سه‌ربازگه‌ی به‌ندکردن ئه‌که‌ن ته‌نها پڕوپاگه‌نده‌ی دوژمنانی سۆڤێته.
ڕژێمه تۆتالیتاریاکان هه‌میشه هه‌وڵی کۆنترۆڵ کردن وبه‌کارهێنانی گه‌وره ڕۆشنبیر وزانا وکه‌سایه‌تیه ناسره‌وه‌کانی کۆمه‌ڵگا ئه‌ده‌ن بۆ جوانکردنی ناشیرینیه‌کانیان له‌ناوه وده‌ره‌وه‌ی ووڵات. ئه‌مه ڕێک ئه‌وه بوو که ستالین هه‌وڵی بۆ ئه‌دا. بۆیه گۆرکی له‌ساڵی ۱۹۲۸ له‌سه‌ر داوای ستالین هه‌ستا به ئه‌نجامدانی گه‌شتێک بۆ بینینی ئه‌و کاره چاکانه‌ی کراون له‌و (فه‌ریکه وڵاته‌دا). پاش ئه‌و گه‌شته هه‌ستا به‌نووسین وبڵاو کردنه‌وه‌ی زنجیره‌یه‌ک نوسین به‌ناونیشانی “في ارجاء الاتحاد السوفيتي”. ساڵی ۱۹۳۱ گۆرکی هه‌ستا بە سه‌ردانی کردنی سه‌ربازگه‌ی به‌ندکردن له دورگه‌کانی سۆلۆفیتسکی له باکوری وڵات وستایشی هه‌ڵسوکه‌وت کردن له‌گه‌ڵ به‌ندیه‌کان وباری به‌ندیخانه‌که‌ی کرد. دوای ئه‌م کاره‌ی، زۆر که‌س ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی گۆرکیان سه‌رکۆنه کرد. الکسه‌نده‌ر سۆلجه‌نتسین که خاوه‌نی خه‌ڵاتی نۆبڵ بوو یه‌کێک بوو له که‌سانه که له‌ڕۆمانێکی به‌ناوی”دورگه‌کانی گۆلاگ” نووسی: پڕوپاگه‌نده‌کان گه‌یشتنه سۆلۆفیتسکی (ده‌رباره‌ی هاتنی گۆرکی) پێش سه‌ردانیکردنه‌که – به‌ندێکان دڵه‌کوته گرتنی، کارمه‌ندانی به‌ندیخانه‌که شڵه‌ژان… ئه‌بێ که‌سێک به‌ندکراوه‌کان بناسێ بۆئه‌وه‌ی به‌په‌رۆشیان بۆ ئه‌م سه‌ردانیکردنه بخه‌مڵێنێ. ئه‌وه نووسه‌ره “هه‌ڵۆ وهۆشداری ده‌ری شۆڕش” ونووسه‌ری پله‌یه‌کی ڕوسی! حه‌شارگای زوڵم وزۆرداری وبێده‌نگی ئه‌بڕێت وئه‌نوسێ بۆ که‌سانی خه‌مخۆر ده‌رباره‌ی ڕه‌وشی به‌ندیخانه وبه‌ندێکان زۆر به‌ڕونی! هه‌موو گومانه‌کان ئه‌ڕه‌وێنێته‌وه. داکۆکیان لێ ئه‌کات! …بۆێه سه‌رپه‌رشتیارانی به‌ندیخانه‌که هه‌ستان به ڕازاندنه‌وه‌ی شوێنه‌که وشاردنه‌وه‌ی هه‌موو که‌مو کورتیه‌کان. کرملین ئه‌و به‌ندکراوانه‌ی که ڕه‌وانه‌ی ئه‌وێ ئه‌کرد مه‌به‌ستی بوو که که‌مترینیان به‌زیندوی بمێنێته‌وه. زۆربه‌ی نه‌خۆشه‌کان له هۆبه‌ی چاره‌سه‌ری ده‌رکران وشوێنه‌که پاک کرایه‌وه. هه‌روه‌ها ڕاڕه‌وێکی نوێ بۆ خانه‌ی چاکسازی مناڵان که مناڵی نامۆ-به کۆمه‌ڵگایان تێدا نیه، دروستکرا که هه‌ردوو دیوی به داری سنه‌وبه‌ری کاتی (به‌بێ ڕه‌گ) رازێندرایه‌وه.. له‌وانه‌یه گۆرکی ڕزگارکردنیان وچۆنیه‌تی په‌روه‌رده کردن وئاماده‌کردنیان بۆ ژیان له داهاتوو له‌سێبه‌ری “سۆسیالیستی‌دا” به‌لاوه گرنگ بێت! وه ئیتر ئا به‌مجۆره….
گێڕانه‌وه‌ی ڕوداوه‌کانی سه‌ردانیکردنه‌که له ڕۆمانی”دورگه‌کانی گۆلاگ” ی سۆڵجینتسین، له‌ئه‌زمونی خودی خۆی له‌ئاکامی ده ساڵ له چه‌شتنی ئازاری زوڵم وئیهانه کردنی ناو به‌ندیخانه‌که که به‌سه‌ری بردبوو سه‌رچاوه‌ی گرتوه. دوای هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی یه‌کێتی سۆڤێت هه‌ندێک له دوکێۆمێنته نهێنیه‌کانی کی ج ب – لیژنه‌ی ئاسایشی ده‌وڵه‌ت- په‌یوه‌ست به گۆرکی ئاشکرا کران. له‌نێویاندا، نامه گۆڕینه‌وه‌ی گۆرکی له‌گه‌ڵ سه‌رکرده‌کانی حیزب وه‌کو لینین وستالین ودژیردجینسکی وئه‌وانی تر هه‌روه‌ها هه‌ندێک ڕاپۆرتی کارمه‌ندانی ئاسایش وسیخوره‌کانیان له‌سه‌ر گۆرکی. ئه‌و دۆکیومێنتانه گۆرکی به شێوه‌یه‌کی تر وێنا ئه‌کات نه‌ک به‌و شێوه‌یه‌ی که ئه‌که‌وته به‌رده‌سی خوێنه‌ران له‌سه‌رده‌می سۆڤێتدا. کێشه‌ی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ی که لینین بنیادی نا ئه‌وه بوو که له‌ده‌ستی ئه‌و “شۆرشگێڕانه‌ی که خه‌ونیان به بنیادنانی کۆمه‌ڵگای یه‌کسان وعادیل وه ئه‌بینی” وقوربانی زۆریان دا له پێناو ڕامالینی زوڵم وناعه‌داله‌تی ده‌سه‌ڵاتی قه‌یسه‌ری وبڕوایان به ئایدیۆلۆجیای شۆرشی “سۆسیالیستی زانستی” هه‌بوو، ده‌رچوو وکه‌وته ده‌ست ئه‌و کارمه‌نده حزبیانه‌ی که له‌پێناو پله‌و پایه وده‌سکه‌وتی شه‌خسی هاتبونه نێو حزبه‌وه. هه‌ندێکی تر له ده‌سه‌ڵاتداران له‌وانه بوون که به‌ناوی حزبه‌وه له‌خولیای ده‌سه‌ڵات وکۆنترۆڵ کردنی کۆمه‌ڵگادا بوون نه‌ک خزمه‌ت کردنیان. ئه‌مانه زیاتر گۆرکیان په‌ست کردبوو چونکه وای هه‌ست ئه‌کرد که شۆرش به‌لاڕێدا ئه‌برێ.
له‌ساڵی ۱۹۳۰ گۆرکی بو به‌ئه‌ندامی یه‌کێتی نێنه‌ته‌وه‌یی نوسه‌رانی دیمۆکرات له‌گه‌ڵ رۆمان رۆلان ووایڵتون ووینکلر وألبرت ئه‌نشتاین وهینرک مان ولویس ئه‌راگۆن ووایڵز تریولیه وگه‌لێکی تر له گه‌وره ڕۆشنبیرانی ئه‌وروپی که سه‌رکۆنه‌ی له‌سێداره‌دانی ٤۸ که‌سیان کرد له‌سه‌ر وبه‌ندی “کێشه‌ی برسێتی” له یه‌کێتی سۆڤێت. ساڵی ۱۹۳۲ گۆرکی بۆ یه‌کجاری گه‌رایه‌وه سۆڤێت. له‌ئه‌وروپا گرنگیدان به کاره‌کانی گۆرکی سستیه‌کی به‌خۆوه بینی له ئاکامی سه‌رهه‌ڵدانی ڕێچکه‌ی ئه‌ده‌بی نوێتر. حکومه‌تی سۆڤێت یه‌کێک له کۆشکه گه‌وره‌کانی ملیۆنێر ریابۆنشسکی له‌ناوه‌ڕاستی مۆسکۆ وڤێلای تیسیلی له قرم پێشکه‌ش کرد. ڤێلاکه‌ی قرم بۆڕێگری کردنی بوو له سه‌فه‌ر بۆ کابری له ئیتالیا به‌بیانوی هه‌واگۆڕین چونکه ئاوهه‌وای قرم وباشوری ئیتالیا له یه‌ک ئه‌چوون. هه‌روه‌ها ستافێکی خزمه‌تیان له گه‌ڵ شۆفێر وپزیشک بۆ ته‌رخان کرد. له‌وه‌ش گرنگتر بازنه‌یه‌ک له پیاوانی ده‌زگای ئاسایش به سه‌رۆکایه‌تی هینریک یه‌هودا به‌رێوه‌به‌ری به‌رێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی گشتی ده‌وڵه‌ت ووه‌زیری ناوخۆ (کۆميسیاری گه‌ل بۆ کاروباری ناوخۆ). ئه‌م جوه کۆنه گێره‌شێوێنه که ناوی ڕاسته‌قینه‌ی (یه‌نون گێرشینۆڤیچ یه‌هودا) بوو پاڵپشتی ستالین بوو له‌کاتی ئه‌و خۆپیشاندانانه‌ی که کران له دژی ساڵی ۱۹۲۸. له‌به‌ر ئه‌وه ستالین دواتر پشتی پێبه‌ست له به‌رێوه‌بردنی گرتووخانه‌و به‌ندیخانه‌کان و ئاسایشی وڵات. به‌تایبه‌تیش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خزمی سه‌رکرده‌ی به‌ڵشه‌فی یاکۆڤ سه‌فه‌ردلۆڤ بوو. هاوسه‌ری خوشکه‌زاکه‌ی بوو (به‌ڵام ستالین یه‌هودای له‌سێداره دا له ساڵی ۱۹۳۸به تاوانی هه‌وڵدان بۆ گۆڕینی ده‌سه‌ڵات له‌گه‌ڵ گروپی ترۆتسکیه‌کان).
هه‌موو جموجوڵه‌کانی گۆرکی له‌ژێر چاودێری یه‌هودادا بوو. وهه‌موو وه‌رده‌کارێکانیشی ئه‌گه‌یانده ستالین له‌باره‌ی دانیشتن وکۆبونه‌وه‌کانی له‌گه‌ڵ مه‌کسیمی کوڕی وهاوڕێ نزیکه‌کانی وگفتوگۆکانیان. له ڕاستیدا گۆرکی خرابوه‌وه ناو “قه‌فه‌سێکی ئالتونیه‌وه” به‌کار ئه‌هێنرا له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی حیزبه‌وه بۆ کۆنترۆل کردنی سێکته‌ری ڕۆشنبیری له ده‌وڵه‌تدا. به‌سه‌رپه‌رشتی گۆرکی، ژماره‌یه‌ک گۆڤار وڕۆژنامه‌ی ئه‌ده‌بی ده‌رئه‌چون. یه‌کێتی نوسه‌ران دامه‌رزا، ئینسیکلۆپیدیای “ئه‌ده‌بی جیهانی” ده‌رچوێنرا ویه‌که‌مین کۆنگره‌ی یه‌کێتی نوسه‌ران به‌سترا. گۆرکی تێیدا وتارێکی تێروته‌سه‌لی پێشکه‌ش کرد ده‌رباره‌ی ڕۆڵی نوسه‌رانی سۆڤێت له‌و ده‌مه‌دا وباسی “ریالیزمی سۆسیالیستی” وه‌کو ئاڵایه‌ک که ده‌بێ هه‌موو هونه‌رمه‌ند ونوسه‌رانی ده‌وڵه‌ت له سایه‌یدا هه‌وڵی دوباره بنیاد نانه‌وه‌ی ژیانی کۆمه‌ڵگای سۆڤێتی بده‌ن.
گۆرکی هه‌ر له مناڵیه‌وه به‌که‌سێکی به‌رهه‌ڵستکاری زوڵم وشۆرشگێر ناسرابوو بۆیه قبوڵکردن ومانه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ڕژێمێکی گشتگیر به سه‌رۆکایه‌تی ستالین به کارێکی نامۆ دێته به‌رچاو. پاش گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ یه‌کێتی سۆڤێت گۆرکی تووشی کۆمه‌لێک نه‌هامه‌تی هات ده‌سپێکیان له‌ده‌ست دانی مه‌کسیمی کوڕی بوو که له‌تافی گه‌نجیدا بوو. پڕوپاگه‌نده‌ی ئه‌وه بڵاو بوه‌وه گوایا به پلانی یه‌هودا بووه. به‌گوێره‌ی دانپێدانانی بیوته‌ر کریوتشکۆف که سکرتێر وپاسه‌وان وخانه‌خوێی گۆرکی نوسه‌ر بوو. کریوتشکۆف ئه‌مه‌ی له‌کاتی دادگایی کردنی له‌سه‌ر که‌یسی (التآمر) له ستالین له‌لایه‌ن بوخارین وزینۆفییف وکامینیف وتبوو. هه‌روه‌ها کریۆتشکۆف، که‌دواتر له‌سێداره درا له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌که‌ی دانی به‌وه‌شدا نابوو که تێوه گلاوه له ڕوداوی مه‌کسیم.
وترا که گوایا یه‌هودا ئه‌و کاره‌ی کردوه چونکه مه‌یلی له هاوسه‌ره‌که‌ی مه‌کسیم بووه. به‌ڵام مێژوناسان گومانیان هه‌یه له‌وه‌ی کریۆتیشکۆف که زۆر دڵسۆزي گۆرکی بوو ده‌ستی هه‌بوبێ له کوشتنی کوڕه‌که‌ی که به نه‌خۆشیه‌کی کتوپڕی دڵ مرد. گۆرکی له نامه‌یه‌کیدا بۆ بۆ کریۆتیشکۆف له ساڵی ۱۹۲۷ له سۆرنتۆی ئیتالیاوه نوسیبوی: ” که ده‌وڵه‌مه‌ند بووم په‌یکه‌رێکی گه‌وره‌ی برۆنزت بۆ دروست ئه‌که‌م له گه‌وره‌ترین گۆڕه‌پانی شاردا. ئه‌مه‌ت بۆ ئه‌که‌م چونکه تۆ کتێبه‌کانمت پاراست، به‌ڕاستمه وگاڵته ناکه‌م. من سوپاسی بێپایانت ئه‌که‌م. چۆن ئه‌کرێ که‌سێکی ئاوا دڵسۆز کوڕه‌که‌ی بکوژی هه‌رچه‌نه دانی به‌وه‌دا نابوو له‌ژێر ئه‌شکه‌نجه‌دا. ستالین ترسی له گۆرکی هه‌بوو که هیچ کاتێک نه‌بوو به یه‌کێک له ده‌سته‌ی که‌سانی به‌رده‌ستی. گۆرکی به‌که‌سانی وه‌ک ریکۆف وبوخارین وکامینیف وزینۆفییف ده‌وره‌درابو که رکابه‌ری ستالین بون له لیژنه‌ی ناوه‌ند وستالین حه‌زی لێنائه‌کردن.
له ۱۸ حوزه‌یران ۱۹۳٦ گۆرکی لە دوای چه‌ند رۆژێک له نه‌خۆشیەکی سه‌خت وبێهۆشی کۆچی دوایی کرد له باخی گۆرکی (وشه‌ی گۆرکی لێره به‌مانای “گرده‌کان” دێت له ڕوسیدا به‌خوێندنه‌وه به‌ڵام شێوازی نوسینه‌که‌ی جیاوازه.) له‌ده‌ره‌وه‌ی شاری مۆسکۆ. هه‌مان ئه‌و شوێنه‌ی که لینین تێیدا مرد. پێش مردنی، ستالین به‌یاوه‌ری مۆلۆتۆف وفۆرۆشیلۆف لە دوای نیوه‌ی شه‌و سه‌ردانی کرد. پزیشکه‌کان به ده‌رزیه‌کی کافور هێنایانه هۆش خۆی پێش سه‌ردانی کردنه‌که. دواتر له کاتی دادگایی کردنی گروپه‌که‌ی ترۆتسکی و ” پزیشکه بکوژه‌کان” وابڵاو کرایه‌وه که پزیشکه‌کان به‌مه‌به‌ستی کوشتن برێکی زۆر له کافوریان لێداوه. به‌ڵام هیچ به‌ڵگه‌یه‌کی سه‌لمێنه‌رنیه بۆ ئه مکاره. له‌ڕاپۆرته پزیشکیه‌که‌یدا هاتبوو که هۆی مردنه‌که‌ی له ئه‌نجامی هه‌وکردنێکی توند بوه له به‌شی خواره‌وه‌ی سیه‌کانی که ساڵانێکی زۆر بوو توشی نه‌خۆشی سیل هاتبوو. راپۆرته‌که له‌لایه‌ن تیمێک له گه‌وره پزیشکان له‌ناویاندا وه‌زیری ته‌ندروستی کامینیسکی وپزیشکی کرملین خۆدۆرکۆفسکی وپزیشکان لانگ وبلیتنیۆف وکۆنتچالۆفسکی وسبیرانسکی ولیفین واژۆ کرابوو. زۆرینه‌ی ئه‌مانه‌ی ناویان هات له‌و جوانه بوون که‌دواتر له‌سێداره دران. پرۆفیسۆر داڤیدۆفسکی هه‌ستا به کاری توێکاری لاشه‌که‌ی (تشريح الجثة). کارەکە به‌خێرایی ئه‌نجامدرا هه‌ر له ژووری نوستنه‌که‌ی له‌سه‌ر مێزی نوسینه‌که‌ی. که‌س نهێنی ئه‌م په‌له‌کردنه‌ی نه‌ئزانی وترا که ڕێنماییه‌کان له کرملینه‌وه هاتبوو.
کریوتشکۆف له‌یاده‌وه‌ریکانیدا له‌باره‌ی ئه‌و ڕوداوه‌وه نوسیبووی وئه‌ڵێ: له‌دوای مردنی گۆرکی هه‌ڵسوکه‌وتی پزیشکه‌کان له‌گه‌ڵی گۆڕا. ته‌نها لاشه‌یه‌کی مردو بوو لای ئه‌وان…کاتێ چومه ژوره‌که‌وه ته‌نها لاشه‌یه‌کی له خوێن گه‌وزاوم بینی پزیشکه‌کان ناوسکیان هه‌موو هێنایه ده‌ره‌وه ئینجا شۆرتیان وبه ده‌رزی وده‌زویه‌کی ئه‌ستور سکیان دوریه‌وه. مێشکیان فرێدابوه ناو قابێکه‌وه وبه‌منیان ووت بیبه بۆ “په‌یمانگای مێشک”. به‌گوێره‌ی ووته‌کانی، هیچ نوسه‌رێکی تری ڕوسی به‌وجۆره مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ نه‌کراوه له‌کاتی مردنی. که‌یسه‌که‌ی به ده‌سیسه‌ی سیاسی ناوبردوه. لاشه‌که‌ی گۆرکی سوتێنرا وخۆڵه‌مێشه‌که‌ی کرایه ناو شوشه‌یه‌که‌وه وخرایه ناو دیواری کرملینه‌وه، به‌پێچه‌وانه‌ی وه‌سیه‌تنامه‌که‌یه‌وه که داوای کردبوو له‌ته‌نیشت گۆڕی کوڕه‌که‌یه‌وه له دێر نۆڤۆدیفیتشه بنێژرێت. گۆرکی خۆی خسته ئه‌م گێژه‌نگی پیلانگێڕیەیەوە وڕێگه‌ی خۆشکرد بۆ ده‌ستێوه‌ردانی خه‌ڵکانێکی نامۆ وهێزگه‌لێکی پێچه‌وانه به سروشتی داهێنانی ئه‌ده‌بی خۆی. نه‌ک ته‌نها له‌و کاته‌ی له ژیاندا بوو به‌ڵکو له مردنه‌که‌شیدا. به‌هه‌رحاڵ دواتر ئه‌و پزیشکانه هه‌موو سزای مردنیان به‌سه‌ردا سه‌پێنرا وگوله‌باران کران. ئه‌وترێ ستالین ڕقی له پزیشکه‌کان بوو ڕێگه چاره‌سه‌ره میلیه‌کانی پێ باشتر بوو. وه‌کو خۆ پێچینه‌وه به عابایه‌کی قه‌وقازی به‌مه‌به‌ستی عاره‌قکردن وله کاتی تا لێهاتن. لینینیش هه‌مان بۆچونی هه‌بوو، متمانه‌ی به پزیشکه به‌ڵشه‌فێکان نه‌بوو پزیشکه سویسرێکانی پێ باشتر بوو.
– 2 –
گه‌شتی گۆرکی له‌سه‌ر ڕێی پڕ له ئازاری ژیان له ڕۆژی له‌دایک بونیه‌وه له نیجنی-نوفگۆرۆد وه ده‌ستی پێ‌کرد هه‌تا ڕۆژی مردنی له باخی گۆرکی. ژیانی پڕ بوو له کاره‌ساتی گه‌وره ونوشوستی کاتێک هه‌وڵی خۆکوشتنی دا له‌ته‌مه‌نی ۱۹ ساڵیدا دوای ئه‌وه‌ی نه‌یتوانی بچێته زانکۆی قازان. بۆیه چانسی خوێندنی باڵای له‌ده‌ست چوو. دواتر ئه‌ستێره‌ی له‌جیهانی ئه‌ده‌بدا گه‌شایه‌وه کاتێک چیرۆکی “ماکار تشۆردا” ی بڵاو که‌رده‌وه له ساڵی ۱۸۹۲. دوای ئه‌وه کاره‌کانی تری بڵاوکرایه‌وه که ناوبانگی جیهانی بۆ هێنا وبوو به نوسه‌ری پله یه‌کی ڕوسی دوای مردنی تۆلستۆی ودۆستیوفسکی وتیشخۆف.
مه‌کسیم بیشکۆفی دارتاش، باوکی مه‌کسیم وفارفارا کاشیرینای دایکی له که‌نیسه‌ی شاری نیجنی- نوفگورود هاوسه‌رگیریان کرد. هه‌رگیز له‌بیری ئه‌وه‌دا نه‌بوون که مناڵه نۆبه‌ره‌که‌یان ئه‌بێته یه‌کێک له گه‌وره ئه‌دیبانی ڕوسی. مه‌کسیمی باوک له‌کاره‌که‌ی که کۆمپانیایه‌کی ده‌ریاوانی بوو پله‌ی به‌رز کرایه‌وه وکاری سه‌رپه‌رشتی دروستکردنی که‌وانه‌ی سه‌رکه‌وتنی پێ‌سپێردرا بۆ به‌خێرهاتنی کردنی ئیمپراتۆر ئه‌لێکسه‌نده‌ری دووه‌م له شاری ئستراخان. بۆیه تازه بوک وزاوا له‌و شاره نیشته‌جێ بوون. گۆرکی کوڕ (که‌ناوی ئه‌لیکسی بوو) له‌و شاره له ۱٦ مارت ۱۸٦۸ له‌دایک بوو. به‌ڵام له‌ساڵی ۱۸۷۱ خێزانه‌که‌یان کۆستێکی گه‌وره‌ی که‌وت؛ الێکسی توشی کۆلێرا بوو باوکی که به‌دیاریه‌وه بوو وخزمه‌تی ئه‌کرد ئه‌ویش گیرۆده‌ی هه‌مان ده‌رد بوو. باوکه مرد ومناڵه‌که چاک بوه‌وه. دایکی که چاوه‌رێی مناڵی دووه‌می ئه‌کرد ناوی لێنا مه‌کسیم که له‌دایک بوو، به‌ناوی مێرده کۆچکردووه‌که‌یه‌وه. باوک له ئستراخان بەخاک سپێردرا به‌ڵام مه‌کسیمی برای ئه‌لێکسی له ڕێگای گه‌ڕانه‌وه بۆ نیجنی نۆفگۆرد مرد. گۆرکی له کتێبی “مندالیم” باسی دیمه‌نی منالێکی بچوکی ڕاکشاو له تابوتێکا ئه‌کات، له ناو ئه‌و که‌شتیه‌ی که بردنی بۆ نیجنی نۆفگۆرۆد وچۆن دایکی به‌چاوی ناحه‌زه‌وه ته‌ماشای ئه‌کرد وبه سه‌ره‌خۆر وهۆی بێوه‌ژن که‌وتنی خۆیی ئه‌زانی. به‌م شێوه‌یه وله‌گه‌ڵ ئه‌م ڕوداوه تراجیدیانه ژیانی یه‌کێک له گه‌وره ئه‌دیبانی ڕوسی ده‌ستی پێ‌کرد.. که دایکی شوی دووه‌می کرد باپیری ڕازی نه‌بوو به‌ڵام ناچار بوو کچه‌زاکه‌ی بگرێته خۆی. داپیره ئه‌رکی گه‌وره‌کردنی گرته ئه‌ستۆ وڕۆلێکی کاریگه‌ری هه‌بوو له‌سه‌ری. که بوو به حه‌وت ساڵان ڕه‌وشی مادی باپیری زۆر خراپ بوو بۆیه سه‌ره‌تا ناردی بۆ کارکردن له دوکانی پێڵاوفرۆشێک. دواتر لای خێزانی سێرگییف که خزمی داپیره‌ی بوون وه‌کو خزمه‌تکار، به‌ڵام پاش ماویه‌کی کورت هه‌ڵهات. له‌و کاته‌وه ئیتر شه‌ڕی مان ونه‌مان له ژیانی ئه‌و مناڵه ده‌ستی پێ‌کرد. ئیشه‌کان وگرنگیدانی به شت گۆڕانکاری به‌سه‌ردا هات. قورستین کار کردبێتی له نانه‌واخانه‌یه‌کدا بوو که ده‌بوو به‌یانیان زوو کیسه ئاردی قورس بارکات، هه‌ویر ئاماده بکات، فرن گه‌رمکات، دواتر نان وبه‌رهه‌مه‌کانی تر ببات بۆ بازاڕ وبیانفرۆشێ.
لە سەرەتادا باپیری به‌زۆر ئه‌یبرد بۆ که‌نیسه‌و نوێژ وسروده ئاینیه‌کانی پێ له‌به‌ر ئه‌کرد. له‌وباره‌یه‌وه گۆرکی نووسیویه‌تی:” حه‌زم له ڕۆیشتنی که‌نیسه نه‌بوو، ملی ئه‌گرتم وبه‌زۆر سوجده‌ی پێ ئه‌بردم”. دواتر باپیره وازی لێهێنا وسه‌رپشکی کرد، به‌ڵام دواتر ئه‌لیکسی دانیبه‌وه‌دا نا که حه‌زی تەنها له سه‌یرکردنی نیگاره‌که‌نی ناو که‌نیسه‌و گوێگرتن له سروده خه‌ماوێکان بووە. لەبەرئه‌وه حه‌زی له ڕۆیشتنی مناوه‌له (بۆنه‌یه‌کی ئایینی کریستیانه‌کانه بۆ مناڵان ساز ئه‌کرێت) نه‌بوو. کاتێک بۆ یه‌که‌مجار سه‌ردانی قه‌شه‌ی کرد بۆ ئه‌م مه‌به‌سته، هه‌ستی کرد هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنراوه وئه‌مه کارێکی بێزارکه‌ره. جارێکیان باپیری بڕێک پاره‌ی پێدا بۆئه‌وی بیبه‌خشێته که‌نیسه، به‌ڵام ئه‌و پێی باشتر بوو بچێت یاری پێ‌بکات له‌گه‌ڵ مناڵان وپاره‌که‌ی دۆڕان وبه‌درۆوه به باپیری گوت که‌وا مناوه‌له‌ی ئه‌نجام داوه له لای قه‌شه. به‌مشێوه‌یه ئه‌م مناڵه گه‌وره بوو له که‌شێکی دور له که‌نیسه. داپیره‌شی که زۆر چاودێری بوو، زیاتر گرنگی به چیرۆک وگۆرانیه میلیه‌کان ئه‌دا تاوه‌کو وتنه‌وه‌ی سروده ئایینێکان له گه‌ڵیدا. دیدی نه‌گه‌تیڤیانه‌ی گۆرکی له‌سه‌ر که‌نیسه وئایین له‌و کاتانه‌وه دروست بوو. زیاتریش جێگیر بوو له‌گه‌ڵ ئاشنا بوونی به فه‌لسه‌فه‌ی نیتشه وفه‌یله‌سوفه ئه‌ڵمانێکانی تر. مردنی یه‌ک له‌دوای یه‌کی برا وخوشکه‌کانی ئه‌لیکسی وه‌ک ئه‌وه‌ی بلێی چاره‌نووس به‌مه‌به‌ست الێکسی به‌تاقانه‌یی بهێڵێته‌وه له هه‌ردوو هاوسه‌رگیریه‌که‌ی دایکی. ژیانی له‌لای دایکی دوای هاوسه‌رگیری دووه‌می زۆری نه‌کێشا.
ڕۆژێکیان خه‌ریک بوو مێرده‌که‌ی دایکی به چه‌قۆ بکوژێت ئه‌گه‌ر دایکی دوری نه‌خستایه‌ته‌وه له به‌ر ئه‌وه‌ی به پێڵاو له‌دایکی دابوو. هه‌ڕه‌شه کوشتنی ئه‌و وخۆشی کرد ئه‌گه‌ر جارێکی تر ده‌ستدرێژی بکاته سه‌ر دایکی. جارێکی تر دایکی ناردیه‌وه ماڵی باپیره‌ی. دوای مردنی دایکی باپیره‌ی گووتی: “هێی… ئه‌لێکسی.. تۆ مه‌دالیه نیت بکرێیته مل، بڕۆ له‌ناو خه‌ڵکیدا بژی”. به‌و شێوه‌یه باپیره کچه‌زاکه‌ی ماڵ به‌ده‌ر کرد دوای مردنی دایکی به چه‌ند ڕۆژێک. دایکی ئه‌لێکسی که له خێزانی کاشیرین بوو، زووتر خێزانێکی ده‌وڵه‌مه‌ند بوون به‌ڵام ئێستا سه‌روه‌ته‌که‌یان له ده‌ست داوه. به بۆچوونی باپیره، کچەکەی ته‌نها هۆ بوو که به مناڵه‌که‌ی ئه‌به‌ستێته‌وه. پێشتر که مناڵه‌که‌ی گرتبووه خۆی بۆ ئه‌وی هه‌لی شووکردن بۆ کچه‌که‌ی ده‌سته‌به‌ر کات به‌پیاوێکی ڕێزدار، به‌ڵام دوای مردنی کچه‌که‌ی ئه‌و په‌یوه‌ندیه نه‌ما. باپیره هه‌موو سامانه‌که‌ی له (سفقه) بازرگانی له‌ده‌ست دابوو، ئه‌لکسی بوو بوو به بارێکی قورس بۆی.
نووسه‌رانی ژیانامه‌ی مه‌کسیم گۆرکی له‌وباوه‌ڕه‌دان که ئه‌و ڕوداوانه‌ی له هه‌ردوو کتێبی “منداڵیم” و “له‌نێو خه‌ڵکدا” هاتووه، مه‌رج نیه به‌ده‌قیقی گوزارشت له ژیان وبه‌سه‌رهاتی خۆی له‌لای باپیری یان ئه‌وکاته‌ی ئه‌مشار وئه‌وشاری ئه‌کرد بکات. به‌ڵکو له‌وانه‌یه نووسه‌ر جڵه‌وی بۆ خه‌یاڵ شل کردبێ له وێناکردنی شته‌کان به‌مه‌به‌ستی ڕاکێشانی خوێنه‌ر. له‌وانه‌یه دڵره‌قی باپیره له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌که‌ی ومناڵ ومناڵزاکانی ڕاست بێت، گۆرکی گه‌لێک به‌سه‌رهاتی له‌و جۆره‌ی باسکردوه. به‌ڵام هه‌ر باپیرەش بوو به‌هۆی هه‌ڵکه‌وتنی له خوێندنگای سه‌ره‌تایی له که‌نیسه چونکه به‌زۆر سروود ونزاو چه‌ند پارچه‌یه‌ک له کتێبی پیرۆزی پێ له‌به‌ر ئه‌کرد، له‌و ماوه کورته‌ی که خرایه به‌ر خوێندن.
ئه‌وه‌ی شایانی باسه، گۆرکی خه‌رمانه‌یه‌کی پیرۆزی به‌ده‌وری داپیره‌یدا کێشابوو له کاره ئه‌ده‌بیکانیدا. داپیره که چیرۆکی بۆ ئه‌گێرایه‌وه، بۆ ئه‌و نموونه‌ی چاکه‌و سۆز وچاو ودڵتێری بوو هه‌رچه‌نده باپیره به “ژنه ساحیره پیسه‌که” وه‌سفی ئه‌کرد. به‌ڵام له‌لای ئه‌لێکسی وه‌کو پاکیزه‌ی پیرۆز وسه‌رچاوه‌ی خۆشه‌ویستی بوو که له‌مناڵی لێی بێبه‌ش بوو. له مناڵیه‌وه هه‌ردیمه‌نی لاشه‌ی مردوو، سه‌رما وسه‌رما، لاشه‌ی باوکی له تابوتێکدا برا کۆرپه‌که‌شی له تابوتێکی تردا ئه‌بینی. هه‌تا دایکیشی وه‌کو مردو ئه‌هاته به‌رچاو به بێده‌نگێکه‌ی وڕووه وشک وڕه‌ش هه‌ڵگه‌ڕاوه‌که‌یه‌وه وفه‌رامۆش کردنی ئه‌مه‌وه. دیمه‌نی داگرتنی تابوته‌که‌ی باوکی بۆ ناو گۆڕه‌که‌ی که پڕ بوو له ئاو، له کاتی به‌خاسپاردنیدا وباز بازێنی بۆقه‌کان به ده‌وریدا که دوانیان له سه‌ر تابوته‌که بوو، هه‌میشه له به‌ر چاو بوو. دوای ئه‌وه مردونێژه‌کان خۆڵه‌که‌یان کرد به‌سه‌ردا، بۆقه‌کان هه‌وڵیان دا له چاڵه‌که بێنه ده‌ره‌وه به‌ڵام هه‌وڵه‌کانیان بێ ئه‌نجام بوو. ئه‌م دیمه‌نه هه‌ستی به‌زه‌یی له دڵی ئه‌لێکسی جوڵاند.. به‌و شێوه‌یه گه‌وره‌ی خێزان وبراو بۆقه‌کان به‌ته‌نیشت یه‌که‌وه جێی خۆیان گرت. به‌گشتی گۆرکی هه‌ستی سۆز وبه‌زه‌یی به‌رامبه‌ر مرۆڤ وگیانله‌به‌ر وهه‌تا شته‌کانیش ده‌رئه‌بڕی. بۆیه ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌لشه‌فی هه‌ندێک جار له وه‌ستانه‌وه‌ی گۆرکی وبه‌رگریکردنی له که‌سانێک که ئه‌وان به دوژمنیان دائه‌نا تێنائه‌گه‌یشتن.
داپیره بۆ ئالێکسی جێگای دایکی گرتبوه‌وه، له‌کاتێکدا که هه‌موو جیهان پشتی لێکردبوو. ئه‌و بووبوو به تاکه په‌رژینی ژیان بۆی کاتێک “خواکه‌ی باپیره” ده‌ستبه‌رداری بوو. وه‌کوو ده‌ستبه‌رداربونه‌که‌ی له بۆقه‌کان که به زیندوویی کرانه ژێر خاکه‌وه ومردن. سه‌ره‌ڕای ئه‌وای داپیره که‌سێکی ساده بوو، خوێندن ونووسینیشی نائه‌زانی، به‌ڵام لاری نه‌بوو له خواردنه‌وه‌ی پێکێک له‌گه‌ڵ ده‌ریاوانه‌کان وگێڕانه‌وه‌ی به‌سه‌رهاتی ده‌گمه‌ن له‌و که‌شتیه‌ی که له ئه‌ستراخانه‌وه هێناننیه‌وه. ئه‌و کاره‌ی داپیره بوو به هۆی توڕه‌بوونی فارفارای دایک وپێی وووت “دایکه.. گاڵته‌ت پێئه‌که‌ن.. “ئه‌ویش وه‌ڵامی دایه‌وه “با گاڵته بکه‌ن خوایان له‌گه‌ڵ”
ئه‌لێکسی بچووک پشتی به داپیره قاییم بوو بۆ ڕزگار کردنی له وانی تر له‌کاتی دروست بونی کێشه له‌گاڵیاندا. وه‌کو هه‌موو ژنانی نه‌خوێنه‌واری ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی خێزانه هه‌ژاره‌کان، له‌ته‌مه‌نی ۱٤ساڵیدا درا به‌شوو به پیاوێکی له‌خۆی به‌ته‌مه‌ن تر به‌مه‌به‌ستی دابیکردنی ژیانی داهاتووی. باوکی نه‌بوو، کچی ژنێک بوو سه‌ر به گه‌لی شۆفاشی بوو. نوێژ کردنه‌که‌ی وه‌کو ئه‌وانی تر نه‌بوو، سوجده‌ی ئه‌برد ئینجا چه‌ندجارێک وێنه‌ی خاچی ئه‌کێشا وئه‌پاڕایه‌وه بۆئه‌وه‌ی خوا خۆی نه‌زان ونه‌فره‌تی وهه‌موو ئه‌رتۆدۆکسه‌کان ڕزگار بکات وئه‌یووت: تۆ ئه‌زانی من گوناح ئه‌که‌م به نیه‌ت پاکی.. ئینجا له پاکیزه ئه‌پاڕیه‌وه وڕه‌حمی پێ‌بکات.. ئه‌یوت: تۆ سه‌رچاوه‌ی شادی ودڵخۆشیت، جوان وبێگه‌رد وپاراوی وه‌کو سێ‌و. باپیره زۆر توڕه ئه‌بوو له‌م جۆره نوێژکردنه‌ی ئه‌م. هاواری ئه‌کرد به‌سه‌ریدا وئه‌یوت: هه‌ی نه‌فام چه‌ند جارم پێ ووتیت وفێرم کردووی نێوژ کردن چۆن ئه‌بێ. تۆ هه‌ر ژاوه ژاو ئه‌که‌یت، هه‌ی گومڕا! خوایه چۆن ئه‌مه قبوڵ ئه‌که‌یت.. شۆفاشی به نه‌فره‌ت.
له ڕۆژانی جه‌ژنا کاتێک باپیره‌و کوڕه گه‌وره‌که‌ی له‌ماڵ به‌ده‌ر ئه‌که‌وتن بۆ سه‌ردانی خزم وبراده‌ران، داپیه‌ره هه‌رچی خواردنی خۆش وبه‌تام بوایه ئاماده ئه‌کرد وسفره‌ی ئه‌ڕازانده‌وه له‌گه‌ڵ سوراحیه‌کی سه‌وز که به گوڵی سور نه‌خشێنرابوو له ڤۆدگا.. خاڵی یاکۆفیش گیتاره‌که‌ی ئاماده ئه‌کرد چه‌ند ماڵێکی تریش ئه‌هاتن له گه‌ڵ قه‌شه‌ی که‌نیسه‌که‌ی نزیکیان.. به خواردن وخواردنه‌وه‌و به‌زم وسه‌ما وپێکه‌نین کاته‌که‌یان به‌سه‌ر ئه‌برد. گۆرکی له چیرۆکی “داپیره کۆلینا” باسی پیرێژنێک ئه‌کات له‌ژێرزه‌مینێکی شێداردا ئه‌ژی که‌سانێکی زۆری ئه‌لکهۆلیک وئالوده وئه‌و مرۆڤانه‌ی که به زبڵی کۆمه‌ڵگا ناوئه‌برێن وله دواپله‌ی چڵپاویدان له‌ده‌وری خۆیدا کۆ کردۆته‌وه. پێیان شه‌رم نیه له‌سه‌ر حسابی ئه‌و پیرێژنه هه‌ژاره بژین. داپیره‌ی ئه‌لێکسی هه‌ڵئه‌ستا به کۆکردنه‌وه‌ی خێر وبه‌خشش له خه‌ڵکی خێرخواز له‌پێناو ناندانی ده‌یه‌ها که‌سی ” لانه‌واز وپێپه‌تی ودز وله‌شفرۆش که‌وا به‌شێوه‌یه‌کی کاتی” سه‌رچاوه‌ی بژێوییان له‌ده‌ست دابوو. هه‌موو خه‌ڵکی گه‌ره‌ک وده‌ره‌وه‌ی گه‌ڕه‌ک، شاره‌زای خانه‌دانی وچاو ودڵتێری داپیره‌ی ئه‌لێکسی بوون که ئه‌بوه مایه‌ی ڕق وتوڕه‌یی باپیری. کاتێک ئه‌لێکسی له‌سه‌ر فه‌رمانی باپیره‌ی ماڵبه‌ده‌ر کرا، داپیره‌ی له‌کاتی به‌ڕێکردنی ووتی: “نابێ له‌که‌س توڕه بی. تۆ لوت به‌رزی! له‌به‌ر بچووکترین هۆ توڕه ئه‌بی، ئه‌مه‌ت له باپیره‌ت بۆ به‌جێ ماوه – ئه‌م باپیریه چیه؟ هه‌روا ژیا، وژیا، پیرێکی نه‌فام وتاڵی لێ ده‌رچوو. ئه‌بێ شتێک تێبگه‌ی: خوا میهره‌بانه مرۆڤ تاوانبار ناکات، ئبلیس ئه‌وه ئه‌کات! خوات له‌گه‌ڵ!”.
ئه‌و له بیروباوه‌ڕی کڕیستیانێتی ته‌نها به‌زه‌یی وبه‌خشه‌نده‌یی ئه‌زانی، بۆیه ئه‌لێکسی له ئه‌وه‌وه فێر بوو ڕوو له پاکیزه (مه‌ریه‌م) بکات نه له خودا.. چونکه ئه‌و دایکی هه‌موو جیهانه، واتا دایکی ئه‌میشه. له‌به‌ر ئه‌وه له‌کاتی زیاره‌تکردنی ئایکۆنی پاکیزه، هه‌موو جارێ لێوه‌کانی ماچ ئه‌کرد ئه‌مه‌ش ئه‌بوه هۆی توڕه بوونی خێزانی فاسیلییف له‌کاتی کارکردنی له‌گه‌ڵیان له شوێنه بازرگانێکه‌یان له قازان. ئه‌م هه‌موو به‌سه‌رهاتانه‌ی له کتێبی “مناڵیم” باس کردوو.
گۆرکی ئه‌ڵێ: “به جه‌سته له نیجنی نوفگۆرۆد له دایک بووم به‌ڵام به ڕوح له قازان”. بیرۆکه‌ی باپیره له ناردنی کچه زاکه‌ی بۆ ژیان له “نێو خه‌ڵک” وه‌کو ئه‌وه‌ی خۆی ده‌ستی پێ‌کرد بە کرێکاری که‌شتیوانی له‌سه‌ر ڕوباری ڤۆڵگا، دواتر بوو به “مرۆڤ” کاتێک کرا به سه‌رۆکی ده‌زگای که‌شتیوانی ڕوباروکان وسه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی شار. له ڕاستیدا گۆرکی (عقيدته) له ژیان له قازان دروست بوو به‌تایبه‌تیش کاتێ له نانه‌واخانه‌یه‌ک کاری ئه‌کرد که خاوه‌نه‌که‌ی ناوی دیرینکۆف بوو داهاته‌که‌ی ته‌رخان کردبوو بۆ به‌ره‌وپێشبردنی خوێندن وبزوتنه‌وه جه‌ماوه‌رێکانی شاره‌که. چونکه له‌وکاته‌دا له ڕوسیا که‌سانێک هه‌بوون که ئه‌و جۆره خه‌ونه‌یان هه‌بێ. دێرینکۆف باسی داهاتوی ڕوسیای بۆ ئه‌کرد که کاتێ هه‌وڵی هه‌زاران که‌سی چاک یه‌ک ئه‌گرێ وپۆسته دیاره‌کانی کۆمه‌ڵگا ئه‌گرنه ده‌ست وژیان یه‌کسه‌ر سه‌راپا ئه‌گۆڕێ. گۆرکی له‌سه‌ر ژیانی خۆی له قازان ئه‌ڵێ: ” له ته‌مه‌نی پانزه ساڵیمدا حه‌زێکی زۆری فێربوون دایگرتم، بۆیه سه‌فه‌ری قازانم کرد. چونکه وام ئه‌زانی خوێندن بێ به‌رامبه‌ره له‌وێ، به‌ڵام وا ده‌رنه‌چوو ناچار له نانه‌واخانه‌یه‌ک گیرسامه‌وه مانگی به دوو رۆبڵ ده‌ستم به کار کرد. کاره‌که قورسترین کارێک بوو که له ژینم کردبێتم”. خوێندن له زانکۆی قازان بیرۆکه‌ی یه‌کێک له قوتابیه‌کان بوو که ناسیاوی خۆی بوو سه‌ڕای ئه‌وه‌ی که گۆرکی خوێندنی سه‌ره‌تایی له قوتابخانه‌ی که‌نیسه‌یشی ته‌واو نه‌کردبوو ته‌نها دوو ساڵی له قوتابخانه‌یه‌ک له ده‌ره‌وه‌ی نیجنی نوڤگۆرۆد خوێند بوو. وازی له خوێندن هێنابوو دوای ئه‌وه‌ی توشی نه‌خۆشی سورێژه بوو. ئه‌و هاوڕێیه‌ی هێنای بۆ ماڵی خۆیان، دایکی به موچه‌یه‌کی که‌می خانه‌نشینی له‌گه‌ڵ براکه‌ی تری به‌خێوی ئه‌کردن. دوای چه‌ند ڕۆژێک له‌و ماڵه، د‌رکی به‌وه کرد که ژیان له‌و ماڵه وبه‌وجۆره ئه‌سته‌مه به‌رده‌وام بێت. بۆیه ده‌ستبه‌رداری بیرۆکه‌ی خوێندنی زانکۆ ومانه‌وه‌ی له‌لای ئه‌و خێزانه بوو. به‌گشتی ئه‌و ساتانه‌ی ژیانی گۆرکی که له قازان به‌سه‌ریبرد قورسترین ساته‌کانی ژیانی بوو. له ته‌مه‌نی ۱۹ساڵیدا هه‌وڵی خۆکوشتنی دا له‌به‌ر نه‌بونی وبرسێتی. ده‌مانچه‌یه‌کی په‌یدا کرد وکتێبێکی فیزیۆلۆجی له قوتابیه‌ک وه‌رگرت تاوه‌کو شوێنی دڵ بزانێ له‌ناو جه‌سته‌دا لوله‌ی ده‌مانچه‌که‌ی ئاراسته بکات. ئینجا چووه شوێنێکی به‌رزی نزیک دێره‌که وفیشه‌کێکی نا به خۆیه‌وه. ته‌ته‌ریه‌ک، نه‌ک ڕاهیبه‌کانی ناو دێره‌که به په‌له چوو به‌هانایه‌وه وفریاگوزاری سه‌ره‌تایی بۆ کرد وپۆلیس وئیسعافی لێ ئاگادار کرده‌وه. ئه‌لێکسی ماوه‌یه‌ک له نه‌خۆشخانه مایه‌وه. پزیشکه‌کان وتیان فیشه‌گه‌که به‌شی خواره‌وه‌ی سییه‌کی پێکابوو وچاره‌سه‌ر کرا. دوای ئه‌و کاره‌ساته که‌نیسه فه‌رمانی قه‌ده‌غه لێکردنی که‌نیسه‌ی بۆ ده‌رکرد له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌وڵی خۆکوشتنی داوه، کاتێک پۆلیسێک فه‌رمانه‌که‌ی بۆ هێنا گۆرکی وتی فه‌رمانی نه‌چوونه نێو که‌نیسه‌ی به‌ماوه‌یه‌کی زۆر پێشترله بڕیاری سنودس له بێبه‌ش کردنی تۆلستۆی له که‌نیسه بۆ ده‌رچووه. پۆلیسه‌که داوای لێکردبوو بچێته باره‌گای که‌نیسه وتۆبه بکات وداوای لێ‌خۆش بوون له‌و کاره‌ی بکات به‌ڵام گۆرکی به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ک ڕه‌تی کرده‌وه.
ژیان له قازان چانسێکی ده‌گمه‌ن بوو بۆ شاره‌زابوون له ژیانی لانه‌وازان وئه‌و “بونه‌وه‌رانه‌ی که مرۆڤ بوون” که‌شه‌وانیان له ژێرزه‌مینه‌کان به‌سه‌ر ئه‌برد. هه‌رووه‌ها له‌ڕێی گفتۆکردنه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌و قوتابیانه‌ی که کێکی پێ ئه‌فرۆشتن.
گۆرکی زۆر شت فێر بوو له‌که‌سانی تری وه‌کو دێرینکۆف له‌و شوێنانه‌ی که کاری تێدا کرد وه‌کو وه‌رشه‌ی وێنه‌کردنی ئایکۆن. قابشۆری چێشتخانه ویارمه‌تی ده‌ری چێشلێنه‌ره‌که له سه‌ر پاپۆری “دوبری”. چێشلێنه‌ری پاپۆڕه‌که- سه‌موری- (ناوێکی خوازراوه) سه‌ربازێکی خانه‌نشین بوو سنوقێکی گه‌وره‌ی هه‌بوو له‌ناو پاپۆره‌که جۆره‌ها گۆڤار وڕۆژنامه وکتێبی تێدابوو. گۆرکی له ساڵی ۱۸۹۷ له‌سه‌ری نووسیویه‌تی: ” سه‌مۆرۆف هه‌ستی گرنگیدان به خوێندنه‌وه‌ی کتێبی لا وروژاندم”. گۆرکی که پێشتر ڕقی له خوێندنه‌وه بوو، وای لێهات کتێب بکڕێت له‌و شارانه‌ی که پاپۆره‌که‌یان پێیدا تێپه‌ر ئه‌بوو. ئه‌توانرێ بگوترێ گۆرکی لێره‌وه خولی فێربونی ڕاستی ده‌ست پێ‌کرد. له ڕێی خوێندنه‌وه وه‌ڵامی گه‌لێک پرسیاری سه‌رسورهێنه‌ری ده‌ست که‌وت که پێشتر ڕوون نه‌بوو لای. سه‌مۆری بانگی ئه‌کرده ژوره‌که‌ی خۆی وکتێبێکی ئه‌داێێ ئه‌یوت: بخوێنه.. ئه‌گه‌ر تێنه‌گه‌یشتی چه‌ند جارێکی تر بیخوێنه‌وه.. هه‌تا حه‌وت جار! ئه‌گه‌ر هه‌ر تێی نه‌گه‌یشتی دوانزه جار بیخوێنه‌ره‌وه!
کاتێک چووه سه‌رکاری تریش وه‌کو باخه‌وان وڕاوچی ماسی وئێشگر له وێستگه‌ی شه‌مه‌نه‌فه‌ر، هه‌ر به‌رده‌وام بوو له‌سه‌ر خوێندنه‌وه. خه‌می گه‌وره‌ی ده‌ست که‌وتنی کتێب بوو له هه‌ر که‌سێک بوایه، یان به کڕین ته‌نانه‌ت به دزیش بوایه. ده‌ستپێک حه‌زی له ڕۆمانی کۆمیدی و (المغامرات) بوو، ئه‌مه‌ش دواتر کاریگه‌ری قووڵی له‌سه‌ر شێوازی کارکردنی ئه‌ده‌بی دانا که شێوازی وروژاندنی سۆزی به‌کار ئه‌هێنا وجێی ڕه‌خنه‌ی ڕه‌خنه‌گران بوو. دوای قازان گۆرکی چوو بۆ شاری کراسنۆفیدۆف، ده‌ستی به کارکردن کرد له دوکانی روماس که یه‌کێک بوو له ئه‌ندامانی سه‌ر به بزوتنه‌وه‌ی (نارۆدنیکی) وپه‌یوه‌ندیه‌کی هاوڕێیانه‌ی به‌هێزیان په‌یدا کرد، له ڕێی ئه‌میشه‌وه به بیرۆکه شۆرشگێریه‌کان ئاشنا بوو. کاتێک له کارێکی ئاژاوه‌گێریدا دوکانه‌که‌ی روماس سوتێنرابه هه‌موو کتێبه‌کانییه‌وه، گۆرکی به توندی به‌شه‌ڕ هات له‌گه‌ڵیان.
دوای ئه‌وه له کێڵگه وباخه‌کاندا کاری کرد، ئینجا سواری که‌شتیه‌ک بوو له سامارا وه بۆ ده‌ریای قه‌زوین له‌وێ کاری ڕاوه ماسی ئه‌کرد. دواتر، له شاری تساریتسین له چه‌ند وێستگه‌یه‌کی شه‌مه‌نه‌فه‌ر کاری پاسه‌وانی ئه‌کرد. به درێژایی ئه‌و کاتانه به‌رده‌وام بوو له به‌شداری کردن له خولی خۆ فێرکردن وخۆپێگه‌یاندن چه‌ند جارێکیش ده‌ست به‌سه‌ر کراو خرایه ژێر چاودێری پۆلیسه‌وه. له‌و کاتانه بیرۆکه‌ی په‌یوه‌ندی کردن به ” گروپه‌کانی تۆلستۆی” که له‌هه‌موو ڕوسیا بڵاو بوبووه به‌سه‌ریدا زاڵ بوو. گه‌نجانی ئه‌م گروپانه هه‌ڵئه‌ستان به دامه‌زراندنی کێڵگه‌ی کشتوکاڵی وکارکردن تیایاندا دوور له شاره‌کان. ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه گه‌لێک نوسه‌ری به‌لای خۆیدا ڕاکێشا وه‌کو تشیخۆف، بۆنین، لیونید ئه‌ندرێڤ، هی تریش. گۆرکی له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک گه‌نج رێک که‌وتن له‌سه‌ر ڕوکردنه تیشخۆف بۆ ئه‌وه‌ی پارچه‌یه‌ک زه‌وی کشت‌وکاڵیان پێ ببه‌خشی به‌مه‌به‌ستی دروستکردنی کێڵگه‌یه‌ک. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته گه‌شتێکی نهێنی به خۆشاردنه‌وه له ناو شه‌مه‌نه‌فه‌ر ده‌ست پێ‌کرد به‌بێ بلیت وبه پێ وتاگه‌یشته باخی “یاسنایا بۆلیانا”. به‌ڵام تۆلستۆی له‌وێ نه‌بوو هاوسه‌ره‌که‌ی ووتی چووه بۆ مۆسکۆ. به‌دوایدا چوو به‌ڵام له‌وێش نه‌یبینی، نامه‌یه‌کی بۆ نووسی وتیایدا بیرۆکه‌که‌ی باسکرد وداوای یارمه‌تی لێ کرد به‌ڵام تۆلیستۆی که خۆشی به‌م بیرۆکانه نا ئه‌هات وه‌ڵامی نه‌دایه‌وه. گۆرکی مه‌به‌ستی بوو کۆمۆنه‌یه‌ک دابمه‌رزینێ وتیایدا جێگیر بێ به هێمنی بیر له به‌سه‌رهاتی ژیانی ڕابوردوی بکاته‌وه. ئه‌م پرۆژه‌یه‌ی سه‌ری نه‌گرت چونکه داوا کرا بۆ به‌جێهێنانی خزمه‌تی سه‌ربازی له شاره کۆنه‌که‌یان نیجنی نۆفگۆرۆد.
به‌ڵام له سه‌ر ڕاپۆرتی لیژنه‌ی پزیشکی وبه‌هۆی نه‌بوونی توانای جه‌سته‌یی له خزمه‌تی سه‌ربازی قبوڵ نه‌کرا. ئه‌لیکسی ده‌ستی کرد به فرۆشتنی خواردنه‌وه‌یه‌ک کرد به ناوی “کفاس” (خواردنه‌وه‌یه‌که له نانی جۆ دروست ئه‌کرێ به‌ڵام ئه‌لکهولی تێدا نیه، بۆ پاراستن له گه‌رمای هاوین به سوده). دواتر بوو به نوسه‌ر له ئۆفیسی نوێنه‌ری گشتیه‌ک به ناوی لانین به‌رامبه‌ر ۲۰ ڕۆبڵ له مانگێکدا. موچه‌که‌ی خراپ نه‌بوو، کاره‌که‌شی زۆر قورس نه‌بوو، به‌ڵام ئه‌لێکسی هه‌ستی به‌نامۆیی ئه‌کرد له‌ناو ئه‌و ڕۆشنبیرانه‌دا بۆیه ئه‌وکاره‌ی به‌ێ هێشت ودوباره گه‌شتێکی ده‌ست پێ‌کرد به ناو ڕوسیادا. گه‌لێک کاری تری کرد له به‌نده‌ره ئاویه‌کان وپرۆژه بیناسازێکان وکاری تریش. له کارکردنی له ئۆفیسه‌که‌ی لانین چانسی خوێندنه‌وه‌ی کتێبگه‌لێکی ده‌ست که‌وت که‌وا سه‌رتاپای بیرکردنه‌وه‌ی گۆڕی. له‌وێ کتێبی ” زه‌رده‌شت ئاوای ووت” که‌تیایدا ئه‌ڵێ مرۆڤ ئه‌ڵقه‌ی گوێزانه‌وه‌و تیاچوونه. مرۆڤ وه‌کو “پردێکه” که سروشت دروستی کرد له‌نێوان مرۆڤی باڵا وئاژه‌ڵ. بیرۆکه‌ی “مڕۆڤی باڵا” جێگیر بوو له بیری گۆرکیدا وڕه‌نگدانه‌وه‌ی هه‌بوو له کاره ئه‌ده‌بیکانیدا له‌وانه شانۆگه‌ری “فه‌لسفه” ئامێزی “چڵپاو” که به‌زمانی ساتینه‌وه ئه‌ڵێ:”مرۆڤ حه‌قیقه‌ته.. مرۆڤ چه‌ند سه‌یره! چه‌ند مایه‌ی شانازیه ئه‌م ووشه‌یه-مرۆڤ”.
گۆرکی لۆمه‌ی قسته‌نتین ستانیسلافسکی وڤلادیمێر نیمیرۆڤیچ-دانشینکۆ ده‌رهێنارانی شانوگه‌ره‌که‌ی کرد له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌ته‌واوه‌تی له مه‌به‌ستی تێنه‌گه‌یشتوون. کاتێک باسی مرۆڤ ئه‌کات له شانۆگه‌رێکه که ده‌وڵه‌ت به‌زه‌حمه‌ت ڕێی نمایش‌کردنی دابوو مه‌به‌ستی له مرۆڤی”باشترین” ه، نه‌ک مرۆڤی سه‌رخۆش ونه‌زان ومرۆڤی چڵپاو. نیتشه له‌و کاته‌دا جێ سه‌رنج وگرنگی پێدانی نێوه‌نده ڕۆشنبیریه ئه‌وروپیه‌کان نه‌بو، ته‌نانه‌ت هه‌ندێک به فاشیلیان دائه‌نا. به‌ڵام گۆرکی له ساڵی ۱۸۷۹ له‌سه‌ری نووسیویه‌تی ئه‌ڵێ:”.. به قه‌ده‌ر زانیاری خۆم من نیتشه‌م به‌دڵه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دیموکراتیم به زگ‌ماک وبه هه‌ست بۆیه چاکی ئه‌بینم که دیموکرازه کردن ژیان له‌ناو ئه‌بات وسه‌رکه‌وتن بۆ مه‌سیح نابێ وه‌کو هه‌ندێک باوه‌ڕیان وایه به‌ڵکو سه‌رکه‌تن بۆ گه‌ده ئه‌بێ ” … هه‌روه‌ها نووسیویه‌تی ” نیتشه مژده‌ی “له‌ش ساغ” ی ئه‌دا. دواتر کاتێ گۆرکی گه‌ڕایه‌وه بۆ یه‌کێتی سۆڤێت له سیه‌کانی سه‌ده‌ی ڕابردوو مژده‌ی “له‌ش ساغ” ی وته‌ندروستی ئه‌به‌خشیه‌وه وه‌کو به‌رزتریین به‌هایه‌ک له لای گه‌نجانی سۆڤێت.
به شێوه‌یه‌کی گشتی سه‌رسامی گۆرکی به نیتشه ئه‌گه‌رێته‌وه بۆئه‌و بۆچونه‌ی خۆی که پێی وابوو نیتشه به‌رهه‌ڵستی ڕۆشنبیری بورژوازی کرد وناڕازی بوونی به‌رامبه‌ری ڕاگه‌یاند. بۆ زانینیش، لێکۆڵه‌وه‌ره‌کان له کۆتایی سه‌ده‌ی نۆزده ئاماژه‌یان به نزیکی بیری نیتشه له سه‌ره‌تایدا له‌گه‌ڵ بیری سۆسیالیستی دابوو. هه‌رچه‌نده زۆری نووسه‌ران ڕه‌خنه‌یان له‌م هه‌ڵویسته‌ی گۆرکی هه‌بوو له‌سه‌ر نیتشه. به‌ڵام گۆرکی هه‌ڵوێستی به‌رامبه‌ر نیتشه گۆڕی دواتر وبه سه‌رچاوه‌ی نازیه‌ت وه‌سفی ئه‌کرد له نووسینه‌کانیدا له سه‌رده‌می سۆڤێتدا-“له‌باره‌ی بورژوازی بچوکه‌وه” (۱۹۲۹) وه” له‌باره‌ی مرۆڤی کۆن ونوێوه” (۱۹۳۲) و “گفت‌و گۆ له‌گه‌ڵ لاوان”(۱۹۳٤).
گۆرکی دواتر یه‌که‌مین کتێبه‌کانی کرد به دیاری بۆ سه‌رچاوه‌ی نیعمه‌ته‌که‌ی لانین. که‌رۆژگارێک کتێێبخانه‌که‌ی خستبوه‌وه ژێر ده‌ستی وهه‌لی ئاشنا بوونی به فه‌یله‌سوفه ئه‌وروپێکان بۆ ره‌خساند. دواتر له‌م باره‌وه “زیانه‌کانی فه‌لسه‌فه”ی نووسی له‌ژێر کارتێکردنی خوێندنه‌وه‌کانی له‌وێ. شایانی وتنه ڕوسیا له‌و ساڵاندا ده‌رکه‌وتنی که‌سانی ڕۆشنبیری له هه‌رێمه جیاوازه‌کانیدا به‌خۆوه بینی، که هه‌ریه‌که‌یان به قوتابخانه‌یه‌کی فه‌لسه‌فی دائه‌نرێت پێشه‌نگیشیان تۆلستۆی بوو. ڕه‌خنه‌گران له کۆتاییه‌کانی سه‌ده‌ی نۆزده گۆرکیان له ڕیزبه‌ندی ئه‌دیبه مه‌زنه‌کانی ڕوسیا دائه‌نا، بۆ نمونه کاره‌کانی به تیراژی زیاتر له کاره‌کانی تیشخۆف ده‌ر ئه‌چوون. له نێوه‌نده ئه‌ده‌بیه ڕوسێکاندا گۆرکی به نوێنه‌ری “ڕۆشنبیری ئه‌لته‌رناتیڤ” دائه‌ندرا که کۆمه‌ڵگا به‌دوایدا ئه‌گه‌ڕا لەو کاته‌وه‌ی که یه‌که‌م چیرۆکی “ماکار تشودرا” له ڕۆژنامه‌ی “قه‌وقاز” له ته‌فلیس (ته‌بلیسی ئێستا) وکۆمه‌ڵه چیرۆکی “مقالات وقصص” دەرچون.
3
له‌کاتی هه‌ڵکشانی ئه‌ستێره‌ی گۆرکی وه‌کو نوسه‌رێک وداهێنه‌ری شێوازێکی نوێ، نووسه‌ر ئیڤان بۆنین له‌باره‌یه‌وه ووتی:” له‌گه‌ڵ یه‌که‌م چاوپێکه‌وتن له‌گه‌ڵیدا ناوبانگی له هه‌موو ڕوسیا بڵاوبوه‌وه، دواتر ته‌نها ناوبانگی زیادی ئه‌کرد”. ڕۆشنبیرانی ڕوس سه‌رسام بوون پێی تا ڕاده‌ی شێتی.. وهه‌موو کارێکی نوێی ئه‌بوه ڕوداوێکی گه‌وره له هه‌موو ڕوسیا. به‌ڵام خۆی له گۆڕانی هه‌میشه‌یدا بوو- نه‌ک ته‌نها له شێوازی ژیانی به‌ڵکو له هه‌ڵسوکه‌وتی له‌گه‌ڵ خه‌ڵکیشدا”. ڕاستێکه‌ی ناوبانگی گۆرکی زۆرێک له نووسه‌ره ناسراوه‌کانی هاوده‌می خۆی ناڕه‌حه‌ت کردبوو. وێنه‌کانی له هه‌موو شوێنيک ئه‌فرۆشرا، گه‌نجان له ناوچه‌ی جیا جیا لاسایی شێوازی جل پۆشین وقژداهێنان وجوڵه‌و چۆنیه‌تی ئاخاوتنیان ئه‌کرده‌وه. (به‌م بۆنه‌یه‌وه شایانی ووتنه یه‌کێک له ئه‌دیبه عێراقێکانی ساڵانی په‌نجاکان وشه‌سته‌کان، لاسایی گۆرکی ئه‌کرده‌وه وئه‌گه‌ر بوترایه له گۆرکی ئه‌چی؛ ئه‌وه به پێدا هه‌ڵدان ئه‌یژمارد.) تۆلستۆی له پێشه‌نگی ره‌خنه‌گرانی گۆرکی بوو، پێشه‌کی به پیاوێکی ڕاسته‌قینه‌ی سه‌ر به گه‌له چونکه توانی سه‌رنجی خوێنه‌ران بۆ مرۆڤی ” نێوچڵپاو” و “به‌ته‌واوی داته‌پیو”، په‌لکێش بکات که هه‌موو ئه‌زانین ئه‌و مرۆڤانه برای ئێمه‌ن- به‌ڵام ته‌نها زانینێکی ڕوکه‌شانه. به گوته‌ی تۆلستۆی، گۆرکی ئه‌و مرۆڤانه‌ی به شێوه‌یه‌کی پڕ له خۆشه‌ویستی تێر وته‌سه‌ل وێنا کردوه به ڕاده‌یه‌ک که خۆشویستنی ئه‌و مرۆڤانه‌ی خستۆته دڵی خوێنه‌رانه‌وه. به‌ڕاستی قسه‌کانی زیاده‌ڕۆی تێدایه به‌ڵام جێی لێبوردنه؛ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی” ڕاده‌ی خۆشویستنی ئه‌و مرۆڤانه‌ی له لا زیاد کردین”.
ئه‌بێ دان به‌وه‌دا بنرێت بیری تۆلستۆی و، تۆلستۆی وه‌کو نوسه‌رێک کاریگه‌ری له‌سه‌ر گۆرکی هه‌بوو، وه‌کو خۆی ئاماژه‌ی پێ کردبوو له کتێبه‌که‌ی له‌سه‌ر تۆلستۆی. ناوبانگی گۆرکی دوای ته‌نها پێنج ساڵ له بڵاوکردنه‌وه‌ی یه‌که‌مین کۆمه‌ڵه چیرۆکی، ناوبانگی نووسه‌رانی هاوچه‌رخی خۆی وه‌کو تشیخۆف وکۆرۆلینکۆ وچه‌ندی تریشی داپۆشی بوو. تۆلستۆی له‌و ڕۆژگاره د‌رکی به‌وه کرد که نه‌وه‌یه‌کی نوێ له ئه‌دیبی ریالست له ڕوسیا ده‌رئه‌که‌وێت وه‌کو گۆرکی وبۆنین وئندرێڤ وشمیلیوف وه‌ی تریش که نوێنه‌ری سه‌رده‌مێکی نوێی ئه‌ده‌بی ڕوسی ئه‌که‌ن. گۆرکی خۆی وه‌کو نوسه‌رانی سه‌رده‌می خۆی، ئاوا سه‌یری تۆلستۆیان ئه‌کرد وه‌کو بڵێی له “پله‌ی په‌رستندا” بێت نه‌ک ته‌نها وه‌کو نووسه‌رێک به‌ڵکو وه‌کو که‌سێکی روحانی که ئه‌و بیڕۆکانه‌ی بڵاوی ئه‌کردنه‌وه که‌نیسه‌ی توڕه کردبوو ولێ‌ی حه‌رام کرا بوو. گۆرکی له ژێر کاریگه‌ری بیری سۆسیالیستی‌دا مه‌ودای دابڕانی له که‌نیسه له تۆلستۆی گه‌لێک زیاتر بوو، چونکه له ژێر کاریگه‌ری فه‌یله‌سوفه سۆسیالیسته‌کاندا بوو. هه‌ندێک له ڕه‌خنه گران پێیان وابوو ناڕازی بوونی تۆلستۆی له گۆرکی له‌به‌ر (غیره) بووه – هه‌رچه‌نده ئه‌مه قسه‌یه‌کی بێ مانایه-، به‌تایبه‌تی دوی نمایش کردنی شانۆگه‌ری “چڵپاو” له به‌رلین وچه‌ند شارێکی تری ئه‌وروپا که سه‌رکه‌وتنێکی بێ وێنه‌ی هه‌بوو. هه‌روه‌ها گه‌شته‌که‌ی گۆرکی بۆ ئه‌مه‌ریکا له‌گه‌ل ژنه‌ئه‌کته‌ر ماریا ئه‌ندرێڤا که هاوسه‌ری ناشه‌رعی بوون. هه‌موو رۆژنامه ڕوسی وئه‌مه‌ریکێکان هه‌واڵی سه‌ردانی وکۆبونه‌وه‌کانیا نی له‌گه‌ڵ نێوه‌نده ڕۆشنبیریه ئه‌مه‌ریکیان بڵاو ئه‌کرده‌وه. تۆلستۆی له ڕۆژانه نووسینه‌کانیدا ره‌خنه‌کانی له‌سه‌ر کاره‌کانی گۆرکی که له‌و ڕۆژانه‌دا بڵاو ئه‌کرانه‌وه تۆمار کردوه وبه کارگه‌لێکی “خراپ” و “ناڕاست” وه‌سفی کردون. ئه‌گه‌ری زیاتر ئه‌وه‌یه که تۆلستۆی پێشه‌نگی ئه‌و که‌سانه بوو که هه‌ستیان ئه‌کرد گۆرکی هه‌ڵگری ڕه‌وشتگه‌لێکی نوێیه که زیاتر سه‌رنجی گه‌نجان ڕائه‌کێشێ. فه‌لسه‌فه‌ی تۆلستۆی که بنیاد نراوه له‌سه‌ر ڕزگار بوونی تاک به کاری خێر بۆ گۆڕینی کۆمه‌لگا، به‌رامبه‌ر بوه‌وه له‌گه‌ڵ فه‌لسه‌فه‌ی گۆرکی له کاری “خێری به‌کۆمه‌ڵ” که سۆسیالیستی به‌نگه‌شه‌ی بۆ ده‌کرد. به‌ڵام په‌یوه‌ندی تۆلستۆی وگۆرکی هه‌ر به هێزی مایه‌وه تا کاتی مردنی. هه‌رچه‌نده سۆفیا تۆلستایای هاوسه‌ری تۆلستۆی هه‌ستی به سه‌غڵه‌تی ئه‌کرد کاتێک گۆرکی سه‌ردانی بکردنایه.
وادیاره که به‌ناوبانگی گۆرکی له‌گه‌ڵ مردنیدا وه‌کو “مۆده‌یه‌ک” که کاتی به‌سه‌ر چووبێ کۆتایی هات. هه‌وادارانی ئه‌ده‌ب وه‌کو جاران پۆشکین وگۆگۆل وتۆلستۆی ودۆستۆفسکی له ڕیزی پێشه‌وه دائه‌نێن. ئێستا گۆرکی چیتر ئه‌و پایه به‌رزه‌ی که هه‌یبوو وه‌کو ئه‌دیبی پله یه‌ک له ڕوسیا وده‌ره‌وه‌ی ڕوسیا نه‌ماوه. هه‌موو ئه‌و لێکۆلینه‌وانه‌ی که بڵاو کرانه‌وه له‌سه‌ر ئه‌ده‌بی گۆرکی له سه‌رده‌می سۆڤێتدا له‌ژێر چاودێری به‌شی ڕۆشنبیری له لیژنه‌ی ناوه‌ندی حیزب ده‌رئه‌چوو که پابه‌ندی کۆمه‌لێک بریاری سیاسی بوو له بواري ڕۆشنبیریدا ته‌نانه‌ت هه‌موو گفتوگۆ وخیتابه کانی که له‌و کاته بڵاو کرانه‌وه له‌ژێر چاودێریدا بوون، چاودێری خۆیی له‌ترسی سه‌رکرده‌کان، یان چاودێری توندی حزبی (وه‌کو خیتابه‌که‌ی له یه‌که‌مین کۆنفرانسی یه‌کێتی نوسه‌رانی سۆڤێت). له‌به‌ر ئه‌وه هه‌ڵسه‌نگاندنه‌کان تا ڕاده‌یه‌کی زۆر به‌سیاسیکراو ئه‌مێننه‌وه. به‌ڵام پێش شۆرشی ئۆکتۆبه‌ر کارگه‌لێکی ڕه‌خنه‌یی جدی له سه‌ر داهێنانی گۆرکی بڵاو کرایه‌وه، وه‌کو خوێندنه‌وه‌کانی نووسه‌ر کۆرنێ چايکۆفسکی (نوسه‌ری به‌ناوبانگی چیرۆکی مناڵان که له دوای شۆرش وازی له کاری ره‌خنه‌گرتن هێنا وله‌گه‌ڵ گۆرکی زنجیره “ئه‌ده‌بی جیهانیان” ده‌رئه‌هێنا). له خوێندنه‌وه‌که‌ی که بۆ ڕوحی ئۆراسی (رۆژهه‌ڵاتی) وڕوحی ڕۆژئاوایی گۆرکی کردی له ساڵی ۱۹۲٤ به‌ناونشانی “هه‌ردوو ڕوحی گۆرکی”، نووسه‌ر خه‌مڵاندنێکی زۆر بابه‌تییا نه بۆ که‌سایه‌تی ئه‌ده‌بی گۆرکی ئه‌کات که که‌سایه‌تیه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌که‌ی به پله‌ی یه‌که‌م به‌سه‌ریدا زاڵ بوو. له سه‌رده‌می سۆڤێتدا ووته‌کانی وه‌کو: “دوژمن ئه‌گه‌ر ته‌سلیم نه‌بوو ئه‌بێ له‌ناو ببرێ”…. هه‌روه‌ها خوێندنه‌وه‌که کۆمه‌ڵێ مه‌قاله‌ی تێدایه که چايکۆفسکی نوسییبوی له سه‌ره‌تای ساڵی ۱۹۰۰ هه‌تا هه‌ڵگیرسانی شۆرشی ئۆکتۆبه‌ر۱۹۱۷. ئه‌م ره‌خنه‌گره به‌وه ناسرابوو که بڕوای به‌سه‌رتوێژی کاره ئه‌ده‌بێکان نه‌بوو به‌ڵکو ڕۆئه‌چووه خوارێ به‌ناخی کاره‌که‌دا. کاتێک تشایکۆفسکی خوێندنه‌وه‌یه‌کی له سه‌ر کاره‌کانی گۆرکی نووسی ڕه‌خنه گران هێشتا یه‌ک ڕانه‌بوون له‌سه‌ر پاشخانی (باکگراوند) ئایدۆلۆجی گۆرکی، به شوێنکه‌وتوی بیری نیتشه، یان به بان‌گەوا‌زکه‌ری شۆڕش، یان وه‌سفکه‌ری ژیانی ڕۆژانه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی وه‌کو خۆی، یان وه‌سف ئه‌کرد. به‌ڵام که ڕۆژان تێپه‌ڕین بۆچونه‌کان له‌سه‌ری گۆڕان وبه “به‌هره‌یه‌کی ده‌گمه‌ن” و “تاکڕه‌و” یان دائه‌نا.
ئاشکرایه گۆرکی کاره بنچینه‌یه‌کانی که ناوباگی جیهانی بۆ هێنا، هی پێش شۆرشی ئۆکتۆبه‌ر بوون. له سه‌رده‌می سۆڤێتدا هه‌ندێک کاری ته‌واونه‌بوی که له ڕۆژانی ئاواره‌بونیدا ده‌ستی پێ کردبوو ته‌واو کرد له‌وانه ڕۆمانی گه‌وره‌ی “ژیانی کلیم سامگین”. تشایکۆفسکی باوه‌ڕی وایه که گۆرکی یه‌که‌مین نووسه‌ری ڕوسیه‌یه که باوه‌ڕی به‌وه‌یه ملیۆنه‌ها که‌سی سه‌ر ئه‌م ئه‌ستێره‌یه ئه‌توانن ژیانیان بنیاد بنێن وله دۆزه‌خه‌وه بیکه‌ن به به‌هه‌شت. به‌کار کردن کۆشکێک له بلوور دروست ئه‌که‌ن بۆ نه‌وه‌ی داهاتوو هاواری تیادا به‌رز نابێته‌وه وفرمێسکی تیا ناڕژێ و “نه کۆیله ئه‌بێ ونه گۆڕی بێ خاچ” هه‌موو بابه‌تی داهێنانی گۆرکی ” گرنگیدان به‌م داهاتوه به‌ختیاره‌یه”. گۆرکی عه‌وداڵی گه‌ڕان به‌شوێن خوادا یان حه‌قیقه‌تدا نیه، به‌ڵکو عه‌وداڵی به‌ختیاریه. ئه‌و به‌ختیاریه‌ی که یه‌کسان بێت به‌و نه‌هامه‌تیه‌ی که له‌ژیانی که‌سانی چوارده‌وری بینی له مناڵیه‌وه. مه‌به‌ست له هه‌موو کاره‌کانی له شیعر وپه‌خشان “گۆڕینی مرۆڤایه‌تیه”. ئه‌م شته بوو زیاتر وای لێکرد پاڵپشتی بزوتنه‌وه‌ی سۆسیالیستی شۆڕشگێری بێت. له خه‌ڵکی ساده، زۆر ڕقی له پیاوی (مۆجیک) بوو، پیاوێک، نه‌زان له ژیاندا ته‌نها کاری قورس وخواردنه‌وه‌ی ڤۆدگا وشه‌ڕ ودڵره‌قی ولێدانی ژن به‌پێڵاو ئه‌زانێ. ئه‌و مۆجیکه‌ی که هاوسه‌ره‌که‌ی به‌ستبوو به عه‌ره‌بانه‌یه‌که‌وه وله‌به‌ر چاوی خه‌ڵک به قامچی لێی ئه‌دا وپێئه‌که‌نی به‌تاوانی ناپاکی(خیانه‌ت) وئه‌یگێڕا به‌ناو دێ‌دا. خوێن به‌له‌شیا ئه‌هاته خوارێ له دیمه‌نێکی پڕ له سادیه‌ت بێئه‌وه‌ی که‌سێک هه‌وڵی ڕاگرتنی بدات. به‌ڵام گۆرکی له‌هه‌مان کاتدا به‌زه‌یی به‌و مۆجیکه‌دا ئه‌هاته‌وه. خوێنه‌ر ره‌نگدانه‌وه‌ی به‌زه‌یی له هه‌موو کاره‌کانیدا به‌دی ئه‌کات، ته‌نانه‌ت له هه‌ڵس وکه‌وتی ڕۆژانه‌یشیدا. ئه‌م به‌زه‌یی هاتنه‌وه‌ی گۆرکی لینینی بێزار ئه‌کرد له‌به‌ر ئه‌وه‌ی گۆرکی به‌زه‌یی به ڕۆشنبیره بورژوازێکانا ئه‌هاته‌وه کاتێک لینین وڵات به ده‌ری کردن به که‌شتیه‌ک که ناونرا “که‌شتی فه‌یله‌سوفه‌کان”. ئه‌مه ئه‌و که‌شتیه بوو که ڕۆشنبیرانی پێ نێردرایه ده‌ره‌وه‌ی ڕوسیا دوای شۆرش. ئه‌م کاره‌ش به هه‌وڵی گۆرکی کرا چونکه ئه‌گه‌ر وانه‌بوایه سزای قورس‌تر چاوه‌رێی ئه‌کردن. له‌ڕاستیدا گۆرکی له ده‌ربڕینی هه‌ستی به‌زه‌یی به‌رامبه‌ر به ئازاری خه‌ڵک له سه‌روی هه‌موو نوسه‌ره ڕوسێکانه‌وه‌یه. به‌ڕای ئه‌و، مرۆڤ به‌رجه‌سته‌ی ئازار ئه‌کات که ئه‌بێ که‌م بکرێته‌وه. وبه‌چاوێکی سوکه‌وه سه‌یری مردن ئه‌کات چونکه به‌ڕای ئه‌و ژیانی مرۆڤ له مردن سه‌ختتره. بۆیه ئه‌بێ بیر له مردن نه‌که‌نه‌وه به‌ڵکو بیر له ژیان وچۆنیه‌تی گۆرینی بکه‌نه‌وه به‌ره‌و باشتر.
به‌مجۆره گۆرکی ڕقی له مرۆڤی نه‌زان بوو، له هه‌مان کاتدا به‌زه‌یشی پێدا ئه‌هاته‌وه. هه‌ر له مناڵیه‌وه هه‌وڵی رزگار کردنی خۆی وکه‌سانی تری ئه‌دا به ده‌رهێنانیان له ژیانی بێ مانا، ژیانێک که زیاتر له ژیانی ئاژه‌ڵ ئه‌چێت. به‌بۆچونی ئه‌و، ئه‌و مرۆڤانه وه‌کو نه‌خۆشێکن که جه‌سته‌ی هه‌مو برین وچڵک وگرێیه که به” ئه‌سیایی وڕۆژهه‌ڵاتی ومه‌نگۆلی” ناوزه‌ندی ئه‌کردن…به‌ڵام مرۆڤه‌که‌ی تر که ئه‌و پێشبینی ئه‌کرد؛ مرۆڤێکه به‌هره‌دار، جوان، وپیرۆز له سه‌ره‌تاوه، ته‌نها به لابردنی برین وچڵکو گرێکان سه‌ر له‌نوێ ئه‌بێته‌وه به مرۆڤێکی پاک وله‌ش ساغ وجوان. به‌م شێوه‌یه “باوه‌ڕی گۆرکی” دروست بوو وبه‌دڕێژایی ژیانی داهێنه‌رانه‌ی به نه‌گۆڕاوی مایه‌وه. په‌یامی له ژیاندا چاره‌کردنی ده‌رده کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان بوو. بۆیه له‌سه‌ره‌تای ڕێڕه‌وی ئه‌ده‌بیدا ڕۆمانسیه‌تی هه‌ڵبژارد وه‌کو ده‌رمانی هه‌موو دەردە کۆمه‌ڵایه‌تێکان. له پێش هه‌مویانه‌وه دڵره‌قی که سیفه‌تێکی ڕوسه‌کانه و به‌رامبه‌ری کرابوو به به‌رده‌وامی له سه‌رده‌می منداڵییدا. گۆرکی له پێشه‌کی کتێبی “مه‌قاله‌کانم نوسیویه‌تی: “زۆر سه‌برم کرد به ناچاری بۆ گوێ گرتن به‌بێ گوێدان له ئامۆژگاری کردن له‌سه‌ر مل که‌چ کردن وسه‌برکردن. وه من ئه‌م داوایه قبوڵ ناکه‌م، به‌بێ گومان به زیانی ئه‌زانم بۆ وڵاته‌که‌م”. له‌به‌ر ئه‌مه‌یه که ئه‌ڵێ “ئاسیا له خوێنی ڕوسه‌کاندایه” ئه‌مه‌ش هۆی هه‌موو نه‌خۆشیه کۆمه‌ڵایه‌تیکانی وه‌کو خراپی به‌رێوه‌به‌دنی کاروبار ولاوازی له خۆگونجاندنه له‌ژیاندا. گۆرکی له زۆربه‌ی کاره‌کانی ئه‌م ئاسیایه به تاوانبار ئه‌زانێت له هه‌موو ئه‌و ده‌ردانه‌ی که توشی کۆمه‌ڵگای ڕوسی بووه له ئاڵوده بوون به ئه‌لکهۆڵ له‌گه‌ڵ به‌دخۆراکی (ئه‌وروپێکان ئالکهوڵ ئه‌خۆنه‌وه به‌ڵام خواردنی باشیشی له‌گه‌ڵ ئه‌خۆن) هه‌روه‌ها ته‌مه‌ڵی وبوونی مرۆڤگه‌لێکی وه‌کو ئه‌بلۆمۆڤ وئۆنیگین ورودین (که‌سایه‌تی نه‌گه‌تیڤی ناسراو له ئه‌ده‌بی ڕوسیدا) هه‌روه‌ها ئه‌و دڵره‌قی ووه‌حشییه‌ته بڵاوه‌ی ناو کۆمه‌ڵگا. گۆرکی هۆی هه‌موو ئه‌م نه‌خۆشیه کۆمه‌لایه‌تیانه‌ی گه‌ڕاندۆته‌وه بۆ “ئاسیا”، ده‌رمانی چاکبونه‌وه‌کانیشی له “ئه‌وروپا” ئه‌بینی.
ئه‌گه‌ر هۆی تیاچونی ڕوسیا “ڕۆژهه‌ڵات” بێت ئه‌وا ڕزگار بونیشی له “رۆژئاوایه”. ئه‌م بۆچونه‌ی گۆرکی که گوزارشت له بیروباوه‌ڕی ئه‌کات له کتێبی “حکایه‌ته ئیتالێکان” که پڕه له مۆسیقا‌و وخۆشی وکامه‌رانی ره‌نگی داوه‌ته‌وه. گۆرکی تێیدا باسی کرێکارانی جنه‌وه ئه‌کات که چۆن مناڵانی کرێکاره‌کانی بێرم که مایه پوچ بوون ئه‌گرنه خۆیان وپه‌نایان ئه‌ده‌ن وخواردنیان بۆ دابین ئه‌که‌ن. کاتێکیش کرێکارانی ترامه‌کان مانیان گرت خه‌ڵکی پشگیری لێکردن به ڕووخۆشیه‌وه له‌سه‌ر هێڵه ئاسنینه‌کان دائه‌نیشتن. گۆرکی مه‌به‌ستیه‌تی بڵێ: ڕۆژهه‌ڵات بڕوانه.. فێر به.. لاساییان بکه‌ره‌وه. سه‌یری ژیان بکه له ڕۆژئاوا چه‌ند به‌خۆشی وبێ سه‌رئێشه به‌رێوه ئه‌چێت. ئه‌گه‌ر ڕوسیاش له ده‌ردی ” ڕۆژهه‌ڵات وئاسیا” ڕزگاری بێت ئه‌وا وه‌کو ئه‌وان ئه‌بێت. له‌م ڕوانگه‌یه‌وه هه‌ڵوێستی گۆرکی سه‌رچاوه‌ی گرت له ره‌خنه گرتن له کاری نوسه‌رانی سه‌رده‌می خۆی، ره‌خنه‌ی له رۆمانی “شه‌ڕ وئاشتی” تۆلستۆی وڕۆمانی “ده‌ست لێ وه‌شێنراوه‌کان” دۆستیوفسکی وشیعره‌کانی تویتشیف که به ڕوحی ڕوسیدا هه‌ڵئه‌دا.
گۆرکی که ئه‌یویست ژیان له ڕوسیا وه‌کو ژیانی شارستانی ئه‌وروپی لێبێت، بیری چوبوو که‌وا خۆیشی زاده‌ی ئه‌م “ڕۆژهه‌ڵاته‌یه” وله‌که‌ناری ڤۆڵگا گه‌وره بوو. هه‌ر له مناڵیه‌وه به‌سرود وئاوازه ئایینێکان که داپیره ئه‌یوتنه‌وه وچیرۆکه‌کانی که هه‌مووی له داستانه ڕوسێکانه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتوه گۆش کراوه. سه‌ره‌ڕای ئه‌و دیده‌ی هه‌یبوو، هه‌رگیز شتێکی له باره‌ی ژیانی “لایانگرانی ڕۆژئاوا” له رۆشنبیره ڕوسێکان نه‌نوسی. به‌ڵکو له‌سه‌ر ژیانی چینه هه‌ژاره‌کان وبورژوازیه بچوکه‌کانی دوور له ژیانی خوێنه‌واران وڕۆشنبیران ئه‌ینووسی. شاره‌زاییه‌کی باشی هه‌بوو له‌سه‌ریان وخۆشی له‌و نێوه‌نده په‌یدا بووبوو. هه‌موو ئه‌دیب وڕۆشنبیرانی ڕوسیا له سه‌ده‌ی نۆزده وسه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیست هیوادار بوون ڕوسیا بگاته ئاستی ئه‌وروپا له‌ڕوی زانستی وڕۆشبیری وپیشه‌سازیه‌وه. له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه دوو به‌ره دروست بوو: گۆسۆدارسفنیکی (بانگخوازانی پاراوکردنی ناسنامه‌ی ڕوسی) وزابدنیکی (بانگخوازانی رووکردنه ڕۆژئاوا‌و لاسایی کردنه‌وه‌ی). قه‌یسه‌ری ڕوسی بوترسی مه‌زن، یه‌که‌م که‌س بووکه‌مپینی ڕوکردنه ڕۆژئاوای ده‌ست پێ‌کرد. “په‌نجه‌ره‌ی” له ئه‌وروپا کرده‌وه له پترسبۆرگ بۆ هێنانی دروشمی شارستانی ئه‌وروپی بۆ وڵاته‌که‌ی. به‌ڵام لایه‌نگرانی به‌ره‌ی یه‌که‌م هه‌میشه کاروباری وڵاتیان به‌ده‌سته‌وه بوو هه‌وڵی بنیادنانی شارستانیه‌کی ئۆراسیایان ئه‌دا به‌سود وه‌رگرتن له شارتانیه‌تی ئه‌وروپی به‌ڵام نه‌ک لاسایی کردنه‌وه‌ی. له‌نێو ئه‌م به‌ره‌دا نوسه‌ری موزیک جلینکا وگروپی موزیکی ” گرتنی پێنجی” وگه‌وره ئه‌دیبان پۆشکین وگۆگۆل وتۆلستۆی وداستانه‌که‌ی ودۆستیۆفسکی وتشیخۆف وشۆلۆخۆف وبۆلجاکۆف وگۆرکی خۆی، فه‌یله‌سوف تشاداییڤ وسۆلفۆفیۆف وفیۆدۆرۆف وهه‌روه‌ها وێنه‌کێشان سۆریکۆف ورێبین وفێریشاگین وداهێنه‌ره گه‌وره‌کانی تری ڕوسی.
له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیع، فه‌لسه‌فه‌ی گۆرکی له ژیان، فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌دیب بوو. پزیشکێکی ناسیاوی له‌سه‌ر هه‌ق بوو کاتێ وتی: خه‌یاڵ لای تۆ بیرکردنه‌وه‌ی لۆژیکی داپۆشیوه”. بیرۆکه فه‌لسه‌فێکان له‌لای گۆرکی ئه‌بێته هه‌زاره‌ها که‌سایه‌تی ووێنه‌ی ئه‌ده‌بی له شێوازی گێژه‌ڵوکی زریانێک، که به‌ده‌وریدا ئه‌سورێته‌وه تا ڕاده‌ی بێهۆشی. جێ په‌نجه‌ی ئه‌و بیره فه‌لسه‌فیانه‌ی که وه‌ریگرت له ئه‌نجامی خوێندنی فه‌لسه‌فه له کاتی گه‌نجیدا، له بڕیاریاره‌کانیا دیار بوو کاتی گفتوگۆ‌و دانوستانده‌کانی. به‌ڵام دوور بوو له داهێنانه‌کانی کاتێک خه‌یاڵی ره‌ها ئه‌کرد. له بنه‌ڕه‌تدا، داهێنانی گۆرکی (غه‌ریزی) بوو، به‌هێزیشی له جۆراو جۆرییی که‌سایه‌تی ووێنه‌کان بوو که بینیبونی وناسیبونی له ژیانه پڕ ئێش ومه‌ینه‌تی وکاره‌ساتی دڵته‌زێن ودژبه‌یه‌کی سه‌یر. داهێنانه‌کانی شێوازێکی لۆژیکی وفه‌لسه‌فی نیه. له هه‌ر کتێبێ له کتێبه‌کانی دوو روح هه‌یه: یه‌کێکیان واقعیه وئه‌وی تر دروستکراو، ئه‌مه‌ش له مه‌قاله‌که‌ی “دوو ڕوح”دا هاتوه. ئه‌م جیاوازیه ئه‌بینی ئه‌گه‌ر کاره ئه‌ده‌بیه‌کانی به‌راورد بکه‌ی له‌گه‌ڵ مه‌قاله‌کانی که له بۆنه‌کاندا بڵاو ئه‌کرانه‌وه له میدیاکاندا. گۆرکی ئایدیۆلۆجی چه‌ند جارێک گۆڕی، به‌ڵام که‌سایه‌تیه ئه‌ده‌بێکانی به نه گۆڕاوی مانه‌وه. به دورکه‌وتنه‌وه له “ئاسیا” ده‌ستی پێ کرد به‌ڵام نه بوو به “ئه‌وروپی”. دێی سه‌رکۆنه کرد به‌ڵام شوێنێکی بۆ خۆی نه‌دۆزیه‌وه له شار. هه‌وڵی دا بچێته نێو ئنتلیجنتسیا به‌ڵام له ناخیا خۆی به نامۆ ئه‌بینی تیایدا. به‌م جۆره له هه‌موو ژیانی له چه‌قی دووڕیانه‌کاندا مایه‌وه.
—————————-
لە گۆڤاری هانا، ژمارە 2 بڵاوکراوەتەوە ….