Skip to Content

نزیکبوونەوە لەوێڵگەی گێڕانەوەکانی ڕۆڵفۆ.. نووسینی: یوسف عزەدین

نزیکبوونەوە لەوێڵگەی گێڕانەوەکانی ڕۆڵفۆ.. نووسینی: یوسف عزەدین

Closed
by شوبات 11, 2022 General, Literature

(خوان ڕۆڵفۆ بەسێ سەد لاپەڕە توانی بگاتە ئاستی سۆفۆکلیس)
گابریل گارسیا مارکیز

پێدەچێت شیاو بێت بڵێین؛ زۆرێک لەو تێکستانەی بەدرێژایی مێژووی نووسین و خوێندنەوە، خوێنەرانیان سەرسامکردووەو توانیوویانە پێ بەپێی زەمەنە جیاوازەکان، لەئاست خوێندنەوەو تەئویلی نوێدا بن، ئەو جۆرە تێکستانەن کەکورت و پوخت و تۆکمە بونیاد نراون، تەنانەت پارادۆکسە فەلسەفی و فیکرییەکانیش؛ ئەوانەی دەکرێت لەدێڕێکی کاریگەردا جێیان ببێتەوە، دواتر هەر ئەو دێڕەشە لەمیانی سەدان لاپەڕە لێکۆڵینەوەو نووسین، هەوڵی یەکاڵاکردنەوەو لێ حاڵیبوونی دەدرێت!؟
کاریگەرترین وتەیەکی مەولانا جەلالەدینی ڕۆمی کەکرۆکی فەلسەفە سۆفیگەرییەکەیەتی.. دەفەرمووێت:
(هەرچییەکیت ببە؛ بەڵام وەرە؟!)
ئیدی ئەم بانگهێشتەیە، گەر من و تۆ؛ بەرەوڕووی بچین، دەتوانین لەمیانییەوە پێ بنێینە نێو مەودایەکی نوێی تێڕوانین و چەشنێکی جودا و نوێ لەمامەڵەکردن لەتەک ئیگۆی خۆمان و دواجار گەیشتنە جۆرێک لەتێڕوانینی باڵاو شایستە؛ بۆ خوێندنەوەیەکی سەرلەنوێی هەموو ئەو شتگەلانەی لەدەرەوەڕا ئابڵووقەیان داوین.
پرسیارێک کەئێخەی زۆربەی خوێنەرانی تێکستە درێژەکان دەگرێت؛ ئاخۆ لەکاتێکدا کافکا لەهەفتا هەشتا لاپەڕەیەکدا باشترین شاکارێکی، مەسخ-ەکەی جێ دەکاتەوە.. یان خوان ڕۆڵفۆ لەسەد لاپەڕەدا یاخوود کەمتردا، پیدرۆ پارامۆ-کەی لەبەرزترین ئاستی تەکنیکی و فانتازیی و بەتازەترین شێوازێکی گێڕانەوەی ناتەقلیدی دەنووسێتەوە؛ بەچەشنێک هەموو خوێنەرە جدییەکانی ئەو نێرێتیڤەی سەرسامکردووە، ڕەنگە یەكێک لەهۆکارەکانی ئەو سەرسامکردنەشی پەیوەست بێت بەئەتمۆسفێرە میتافیزیکییە ناتەقلیدییەکەی. دەشێت خوێنەری جدی؛ لەمیانی وەسف و دەنگ و خشپەو چرپەو سامی گێڕەڕەوە مردووەکانەوە، بێ هیچ زانیارییەکی پێش وەختیش، بزانێت مامەڵە لەگەڵ نێرێتیڤێکی سەیروسەمەرەی کەم وێنەدا دەکات.

بەهەرحاڵ گەر بگەڕێینەوە سەر پرسیارەکەمان؛ ئەی بۆ دەبێت توخمێک لەنووسەران هەبن، بەتایبەتیش ڕۆماننووسان، هیچ ڕێچکەو ڕێگەیەکی درێژدادڕی و ڕێکخستنی قسەوباسی بێسەرەوبەرەو گێڕانەوەی بێتام نامێنێت پەنای بۆ نەبەن!؟ بۆ دەبێت خوێنەری نموونەیی پاش خوێندنەوەی چەند سەد لاپەڕەیەکی ڕۆمانێکی قەبارە گەورەی پێشتر ڕیکلام بۆکراوی گەورەکراو، بگاتە هیچ؛ بگاتە ئەو ڕاستییەی کەلەپشت ئەو هەموو دێڕە سەقەتانەوە، کەسێک لەپشت هالەی گەورەکردنەوە خۆی مەڵاس داوەو دەیەوێت زۆرترین پانتایی بەبێکەڵکترین باس و خواسی زیادە پڕبکاتەوە! چ ئەمە بەشێکە لەو سادییەتەی ئەو جۆرە نووسەرانە دەرئەنجامی کەموکووڕییە سایکۆلۆژییەکانیان پەنای بۆ دەبەن؟! چ خۆ فووتێکردن و خۆ زل پیشان دان بەشێکە لەو چەکە بایۆلۆژییە دێرینەی هەندێک لەئاژەڵان پەنای بۆ دەبەن و مەبەستیانە گیانەوەرانی لەخۆ گەورەتر و بەهێزتری پێ بترسێنن!؟

هەر بۆ نموونە؛ ڕۆماننووسێکی زۆر ناسراوی شایستە بەڕێزو خۆشەویستی بەندە، لەیەکێک لەڕۆمانەکانیدا تاڕاددەی بێزارکردنی خوێنەر باس لەحیکایەت و بگرەو بەردەی فەرش فرۆشێک دەکات.. یان بەباسی کاراکتەرێکی زۆر خۆری نەگبەت؛ خەریکە لەپێستی خۆتت دێنێتەدەر!؟ یان لەشوێنیکی تردا بەحیساب باسی کۆمەڵێک پیاو کوژ، یان ژن کوژت بۆ دەکات، جا واز لەوەش بێنە، هەیانە خەریکی عەتر دروستکردنەو ڕەبەن ئاسا لەقۆناغی پاکبوونەوەیەدا.. بەڵام لەهەمووی هەزەلیتر هەر یەکێک لەم پیاوکوژانە شوێن دەستی کوشتنەکانی جیاوازە لەوەی ترو ئیتر بەچەشنی فیلمی کۆمیدی عەسابەو بەتایبەتیش جۆری ئەنیمەیشنەکەی، یەکێکیان ڕاست و چەپ فیشەک دەنێت بەکوژراوەکانییەوەو یەکێکی تریان نازانم دەینێت بەکوێیەوەو ئیتر خوێنەر نازانیت پێبکەنێت یان بگری!؟ خۆ ئەم نووسەرە بەڕێزە هەر ئەبوو شتێک زانیاری لەبارەی فیشەک تەقاندن و چۆنییەتی کوشت و کوشتار و ئەو جۆرە بگرەو بەردانەی ئیغتیالاتەوە بزانێت!؟ وەک چۆن گابریل گارسیا مارکیز، لەچاوپێکەوتنێکیدا باس لەوە دەکات چۆن فیدڵ کاسترۆ باسی هەڵەیەکی نێو ڕۆمانێکی خۆی بۆ کردووە، لەبارەی مەودای پێکانی ئەو چەکەی کەئەم لەڕۆمانێکیدا باسیکردووە؟! جا ئەوەی بڵێت، ئەدەبی فانتازی و جادووگەری و ئەفسووناویی و هاوشێوەکانی ئەم جۆرە وردەکارییە واقیعییانە لەخۆ ناگرێت، وەڵامەکە ئەوەیە سەرەتا ئەو تێکستەی من بەنموونە هێناومەتەوە چەند خاتریشی بگریت؛ هەر ڕیالیستییە؟! لەوەش زیاتر تەنها لەئەدەبە سوریالییە بەرزەفڕەکاندا دەشێت بەچەشنی سەیرو سەمەرەیی خەونەکان هەموو ئەوەی لەنێو نێرێتیڤێکدا ڕوودەدات شیاوی وەرگرتن بێت، ئەمیش تائەو ڕاددەیەی کەنەبێتە فیلمی کارتۆنی منداڵان.. لەوەش گرنگتر کاتێک دەقێکی جادوویی وەک “فڕینی پیدرۆ لەبێکۆتادا” کەباس لەفڕینی کەسایەتییەکی واقیعیت بۆ دەکات و دەزانیت لەحەقیقەتدا ئەمە ناشێت و کاری کردە نییە.. بەڵام کاتێک پیدرۆ دەفڕێت؛ هەر بەڕاستی وەک کەسێک دەفڕێت کەتوانای فڕینی پێ بەخشرابێت، ئەویش بەکەمبوونەوەی کێشی، یان کەمبوونەوەی هێزی ڕاکێشانی زەمین بۆ کەسەکە.. هەموو ئەمانەش گەر لەنێو فیزیاو تێڕوانینە فیزیاییەکاندا جێشی نەبێتەوە، بەڵام لەپانتایی و مەودایی ئەو ئەدەبە تایبەت و باڵایەدا جێی دەبێتەوە.. سەرنجڕاکێشترین دیمەنێکی نێرەتیڤەکەش بەستنەوەی لاقی پیدرۆیە بەگوریسێکەوە بۆ ئەوەی تەواو لەحەوادا وننەبێت و لەژێر کۆنتڕۆڵدا بمێنێتەوە.. چەند سەیرە کەسێک وەک ئەوەی چەشنە نەخۆشییەکی ناوازەی گرتبێت؛ یان لەبەر هەر هۆکارێکی تر؛ ئەم توانای فڕین و بەرزبوونەوەیەی لادروست دەبێت و دواجاریش دەبێتە ئەو پیاوەی با لەگەڵ خۆی دەیبات!؟

لێرەدا دەبێت ئەوەش بڵێین، هەبوونی وردەکاری لەتێکستدا؛ جیاوازە لەحەشووکردن و درێژدادڕی و پڕکردنەوەو زیادەڕەوەی بەنیازی هەڵخەڵەتاندنی خوێنەر؟! چونکە زۆربڵێیی و حەشوکردن و درێژدادڕی، گوزارشتە لەنەتوانینی نووسەر بەئیدامەدانێکی دیالێکتیکانە، بەوەی مەبەستییەتی بیگێڕێتەوە.. ئەمە جگە لەونکردنی سەرەداوی بنەڕەتی گێڕانەوەکان؛ زۆربەی کاتیش نووسەرانی ئەو جۆرە درێژدادڕییە حەیران ئاسایە، لەتوانایاندا نییە بابەتێکی فرەجەمسەری پەلوپۆ بڵاو، کورت و پوخت لەداڕژگەی تەکنیکێکی ڕاکێشەرانەدا چڕبکەنەوە.
گەورەترین توانستێکی کاریگەرانەی گێڕانەوەی کەمەندکێشانەی گابریل گارسیا مارکیز لەڕۆمانی؛ کۆڵۆڵۆنێڵ کەسی نییە نامەی بۆ بنووسێت-دا دەردەکەوێت، هەروەک بۆخۆشی ئاماژە بەوەدەدات کەبۆیە ڕۆمانی سەد ساڵ لەتەنهایی نووسیووە، تاوەکو خوێنەران ڕۆمانی کۆڵۆنێڵەکەی بخوێننەوە.

هەر پەیوەست بەقسەوباس دەربارەی حەشوکردن و درێژدادڕی، زاتێکی نەرجسی مەشرەبی خۆشەویست کەبەحیساب ڕۆماننووسە، کار دەگاتە ئەوەی لەڕۆمانێکیدا زیاد لەچل پەنجا لاپەڕەی بەبڵاوکردنەوەی بابەتی وەرگێڕاوی نێو ویکپیدیای ئەم نووسەر و ئەو نووسەر پڕبکاتەوەو لەوانە وەرگێڕانی زانیارییەکانی دەقاو دەقی ویکپیدیای جۆرج سیمینۆن-ەو وەک ئەوەی زانیارییەکان هی خۆی و دەرئەنجامی خوێندنەوەی قووڵی بێت، ئاوا ترنجانوویەتییە نێو بەشی دوور ودرێژی زنجیرە گێڕانەوەی ڕۆمانەکەی و لەهەمووشی سەیرتر خودی بابەتی سەرەکی ڕۆمانەکەی لەهەردوو ڕۆمانی سێبەری باو، گەمەی فریشتە-ی کاڕلۆس ڕویز زافۆن-ەوە دزییەوە!؟ پێشتریش زۆربەی ئەو نێرەتیڤانەی بۆرخیس ساڵانێکی دوور و درێژی تەمەنی لەنووسینیدا سەرفکردبوو، ئەو بێ سڵەمینەوەو شەرمکردن؛ پاش گەمەپێکردنێکی ئیبلیسییانەی زۆر وەستایانەو پێش و پاش خستنێکی کارامانەی ماتماتیکی و کەمێک دەستکاری حیلەبازانە، زۆربەی تێکستەکانی ئەو زاتەی بەهەڵەوگێڕاوی و سەقەتی، کردە داهێنانی خۆی و کەسیفانە لەئەدەبیاتی کوردیدا بەبێدەنگی جێی خۆی کردۆتەوە.. وەک چۆن لەهەندێک وتار و دیالۆگەکانی پێشووتریشدا ئاماژەم پێداوە؛ دزین جیایە لەکەوتنە ژێر کاریگەری، یان ئیلهام وەرگرتن لەنووسەرانی ترو زۆر شێوازی تری ڕێگەپێدراوی ئاشکرا، وەک تەوزیفکردنەوەی فیکرەیەک بەئاماژەکردن بەئەسڵ و فەسڵی سکچڕاڵە نێرەیتیڤەکەی و دانەرەکەی.. بەڵام نەشیاوە تۆ ڕۆحی نووسەرەکە بدزیت و بەتەمسیل کردن و تەقەمووس خۆت لێ ببێتە ئەو!؟ لەوەش سەیرتر ئەوەیە کەسانێک هەبن جا بەڕاست یان بەدرۆ باوەڕ بەوە بهێنن کەتۆ هەر ئەویت؟! چ هەزەلیاتێکە حاڵی ئەو نووسەرانەی کەچەشەبوون بەدزینی ئەدەبیاتی گەلان و تابشنووسن هەر دەدزن؟!

چەند جوانە کاتێک گۆستاڤ فلۆبێر- لەنووسینێکیدا باس لەوە دەکات، پێش ئەوەی بەتەوایی فێری خوێندنەوە ببێت، زۆربەی ڕۆمانی دۆنکیخۆتەی سێرڤانتیسی ئەزبەرەکردووە و تەنانەت لەنووسینی؛ مەدام بۆڤاری-یشدا زۆر سوودی لەشێوازی نووسینی دۆن کیخۆتە وەرگرتووە!؟
بابێینەوە سەر باسی خوان ڕۆڵفۆو بڵێین ئەو جیاواز لەو نووسەرە دیکتاتۆرە سادییانەی، چێژ لەدرێژدادڕی و حەشوکردنی تێکست و ئەشکەنجەدانی خوێنەر دەبینن، مەبەستێتی بەکورتی و پوختی و بەکەمترین گوزارشت و ئاماژە، بتخاتە نێو وێڵگەی گێڕانەوەکانییەوە.. مارکیز سەبارەت بەسەرسامبوونی خۆی بەپیدرۆ پارامۆ دەنووسێت:
(ئەلفارۆ مۆتیس؛ بەهەنگاوە فراوانەکانی شەش نهۆمی بڕی و بەباوەشێک کتێبەوە خۆیکرد بەشووقەکەمداو لەنێو هەموویاندا کورترین و بچوکترین کتێبی جیاکردوەو بەپێکەنینەوە پێی وتم؛ ئەم نەفرەتییە بخوێنەرەوە تا فێر ببیت؟! ئەو کتێبە ڕۆمانی پیدرۆ پارامۆ بوو، هەر ئەو شەوە تا بۆ دووەمجار لەخوێندنەوەی نەبوومەوە، نەمتوانی بخەوم)
کاتێک ڕۆڵفۆ ڕۆمانی پیدرۆ پارامۆ دەنووسێت، سەرەتا لەدووسەدو پەنجا لاپەڕەدا جێی دەکاتەوەو بەڵام دواتر پاش پێداچوونەوەو پاکنووسکردنی سەدوپەنجا لاپەڕەی لێ فڕێدەدات و تەنها سەد لاپەڕەیەکی دەهێڵێتەوە.. ڕەنگە ئەمەش هۆکارێکی تری جوانی و جدییەتی ئەم تێکستە بێت، چ کارەساتێک دەبوو ئەگەر لەجێی لابردنی ئەو کۆمەڵە لاپەڕەیە، ئەوەندەی تریشی بخستایەتەسەر!؟

ئەمە لەکاتێکدا تراژیدیای سەرجەم مرۆڤەکانی ئەمریکای لاتین؛ بەتایبەتیش مەکسیک بەئێستاشەوە بێکۆتا گێڕانەوەو بەسەرهات لەخۆ دەگرێت، سەرباری کێشەی شوناس و ناسنامەو ئینتیمایان، کەمێک هاوشێوەی کورد؛ بەجۆرێکە ڕوون نییە لەڕابردوودا چیبوون؟! لەئێستاشدا چین و لەداهاتووشدا دەبنە چی؟! هەردەم نادیارییەک لەسەرتاپای بوونیاندا هەیە، بێدەسەڵاتی و سەقامگیربوون و مەنگییان، لەهەندێک کاتدا تا ئەو پەڕێتی و کەچی دڕبوون و کوشندەیی و توانای لەناوبردنی بەرامبەریان، لەکاتی چاوەڕواننەکراودا، هەر بەهەمان شێوە تا ئەوپەڕێتی؟!

خوان ڕۆڵفۆ لەبارەی جووتیارە سادەوساکارە مەکسیکییەکانەوە دەڵێت:
(کاتێک لەگەڵیان دەدوێت، وادێت بەخەیاڵتدا کەتوانای کوشتنی مێشێکیان نییە، خەڵکانێک تا ئەوپەڕی لەسەرەخۆو هێمنن… جۆرێک لەو جووتیارانەی لەگەڵ ئەوەی فێڵباز و تەڵەکەبازو لەئامادەباشیدان، بەڵام نیەتیان پاکە؛ کەچی لەگەڵ ئەوەشدا لەپشت هەر پیاوێکیانەوە کۆمەڵێک کاری تاوانکاری شاردراوەتەوە، ئیدی ئیشەکەت لێ تێکەڵ دەبێت.. نازانیت لەگەڵ کێ مامەڵە دەکەیت، لەگەڵ بکوژێکی پڕۆفیشناڵ، یان لەگەڵ جووتیارێکی سادەوساکار!؟)
خوان ڕۆڵفۆ ساڵی ١٩١٨ لەئەپۆلکۆ-سایۆلای سەر بەناوچەی خالیسکۆ-ی مەکسیک هاتۆتە دنیاوە، زێدی نووسەر شوێنێکی وشکوبرنگ و وێرانەخاکە، خەڵکەکەی لەبەر ئەم هۆکارەو لەبەر هەڵگیرسانی شۆڕشەکانی ناوچەکەش، بەناچاری ڕوویانکردۆتە شوێنانی تر.. خانەوادەکەی ڕۆڵفۆش پاش لەدایکبوونی بەچەند ساڵێک؛ ڕوویانکردۆتە سان گابرێل و کەچی لەوێش ئاشووب و نەهامەتی دەستبەردارییان نەبووە. ساڵی ١٩٢٦ شۆڕشی لۆس کریستیرۆس بەرپادەبێت و بۆ سێ ساڵ بەردەوام دەبێت و دەبێتە مایەی کوژرانی باوک و هەموو مامەکانی ڕۆڵفۆ.. لەبارەی ئەمەوە دەڵێت:
(منداڵیم گەلێک سەخت و دژوار بوو.. تەواویی ئەندامانی خانەوادەکەمان، پاش کوژرانیان؛ لاشەکانیان لێرەو لەوێ فڕێدران.. ناتوانین هەموو ئەمە بخەینە ئەستۆی شۆڕش، چونکە ئەوە شتێکە ڕەگ و ڕیشەی لەقووڵاییەکانی ڕابردوودا داکوتیووە، شتێکی قەدەری نالۆژیکیانەیە.. تا ئەمڕۆ یەک هۆکار و بەڵگە نادۆزمەوە کەبووە هۆکاری کوشتنی ئەو کۆمەڵە کەسەی خانەوادەکەمان؛ بەو شێوەیە و هەروەها هەموو ئەو کوشت و بڕو لەناوبردنانەی دیکەش؟!)
ڕۆڵفۆ بۆ بەدەستهێنانی بژێوی ژیانی؛ چەندین ئیش و کاری جۆراوجۆری تاقیکردۆتەوە، ڕەنگە دیارترینیشیان کارکردنی بووبێت لەکارگەی دروستکردنی تایەی ئۆتۆمبێلداو لەنامەکانیشیدا بۆ هاوسەرەکەی ئەو دەمەی دەستگیران بوون، بەسەرهاتی ئەو سەردەمانەی ژیانی، ڕەنگی داوەتەوەو هەر دواتریش ئەم نامانە لەدووتوێی کتێبێکی سەربەخۆدا بڵاوکراونەتەوە.

هەرچەند تێکستە ئەدەبییەکانی ڕۆڵفۆ زانراون؛ بەڵام پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵی دۆزینەوەی کۆمەڵە نووسینێکی نوێی ڕۆڵفۆ؛ دواجار دەرکەوت بابەتەکان بریتیین، لەو موحازەرانەی لێرەو لەوێی ئەم کۆڕو ئەو سیمینار پێشکەشیکردوون، لەگەڵ هەندێک وتاری بڵاونەکراوەش.. بەڵام ئەوەی زانراوە ڕۆڵفۆ ساڵی ١٩٥٣ کۆمەڵە نێرەتیڤی (پێدەشت دەسووتێت) بڵاودەکاتەوەو ١٩٥٥ ڕۆمانی پیدرۆ پارامۆ و پاش یانزە ساڵیش لەبێدەنگی تێکستێکی بەناوی لاکۆردییرا تەواو دەکات و لەنێوان ساڵانی ١٩٥٦-١٩٥٨یشدا (کەڵەشێرێک لەئاڵتوون)ی نووسیووەو ١٩٨٠دا بەچاپێکی زۆر خراپی پڕ لەهەڵە بڵاوکراوەتەوەو دواتر لەساڵی ٢٠١٠دا پاش ڕاستکردنەوەی هەڵەکانی پێشووتر، بەشێوازێکی باشتر چاپکراوەتەوە.
بەڵام ئەو زیاتر بەپیدرۆ پارامۆکەی دەناسرێتەوەو پێی دەگاتە ئاستی نووسەرە باشەکانی جیهان و وەک بۆرخیسیش لەبارەیەوە وتوویەتی:
( پیدرۆ پارامۆ یەکێکە لەباشترین ڕۆمانەکانی ئەدەبی ئیسپانی و بگرە ئەدەبی جیهانیش)
زۆرجاران ڕۆڵفۆ ئەوەی دووبارە کردۆتەوە، ئەو لەخوێنەربوونیدا پڕۆفیشناڵە، بەڵام لەنووسەر بوونیدا تەنها ئارەزوومەندێکە!؟ لەوتارەکانیدا بەتایبەتیش ئەوانەی لەژیانیدا بڵاونەکرابوونەوە.. کۆمەڵێک وردەکاری و زانیاری کاریگەر دەدۆزینەوە، ئاوڕ لەهەندێک نووسەری جدی و کارامەی کەمتر ناسراوی نێو دنیای میدیاتیکی دەداتەوە، بەڕاوبۆچوونی ئەو لەباشترینەکانن لەبواری نووسینی نێرەتیڤ و ڕۆماندا وەک؛ فڕانسیسکۆ ڕۆخاس گۆنزەنلیز، ئەندەریس ئینسبستروسا، ڕۆزا یوکاستیانوس، ڕۆمۆن ڕۆبین، ئیراکیلیۆ زیبیدا.. هەروەها لەوتارێکی بڵاونەکراوەیدا باس لەنێرەتیڤێکی نووسەرێک بەناوی فیرناندۆ ئیسکۆ بینێچی دەکات کەگوایە لەباخا کالیفۆرنیا نیشتەجێیەو یەکێکە لەدیارترین گێڕەڕەوەکانی مەکسیک.

بەڵام لەساڵی ٢٠٠٦دا نووسەرێکی نیشتەجێی هەمان شوێن بەناوی دانێڵ سادا لەبارەی ئەو نووسەرەی ڕۆڵفۆ ئاماژەی پێداوە.. وتی؛ هیچ کەسێک نییە دوورو نزیک هیچ شتێک لەبارەی ئەو نووسەرەوە بزانێت!؟
لەڕوویەکی تریشەوە قسەوباسی گەرم و گوڕ تاهەنووکەش لەنێوان هەوادارانی ئەدەبیاتی ڕۆڵفۆدا بەردەوامە، کەبۆچی هاوشێوەی نووسەرانی تر بەزنجیرەیەک لەڕۆمان و نێرێتیڤی بەردەوام درێژەی بەبڵاوکردنەوەی کتێب نەداوە، هەر بۆ نموونە هاوشێوەی ئەو ڕۆماننووسانەی کەساڵانە یان چەند ساڵ جارێک لانی کەم ڕۆمانێک بڵاودەکەنەوە!؟
پێدەچێت زۆر هۆکار هەبن، بەڵام سەیرترینیان ئەو شوبهاندنەی گەورە نووسەری هیندۆراسی؛ ئۆگۆستۆ مۆنتیرۆسۆ- ی هاوڕێی ڕۆڵفۆیە لەنێرێتیڤێکیداو لەکتێبی(بەرانە ڕەشەکەو حیکایەتی تریش)دا بڵاوکراوەتەوە.. کاراکتەری نێرێتیڤەکە ڕێوییەکە پاش ئەوەی هەست بەبێزاری و بێوازی دەکات، بڕیار دەدات ببێتە نووسەر، هەر بۆیە نێرێتیڤێک دەنووسێت و دەبێتە مایەی سەرسامبوونی خوێنەرانێکی زۆر، ئیتر وێڕای دەستخۆشی و پێداهەڵدانی داوای تێکستێکی نوێی لێدەکەن و ئەویش تێکستی دووهەمیش دەنووسێت و وەک جاری پێشوو مەدح و سەنایەکی زۆر دەکرێت و ئینجا داوای تێکستێکی تریشی لێدەکەن و ئیتر لێرەدا ڕێوی لەبەر ئەوەی ڕێوییە؛ لەگەمەی چواردەورەکەی تێدەگات و دەزانێت ئەم هەموو داواکاری بەردەوامبوونە لێی؛ بۆ ئەوەیە بەنووسینی دەقێکی خراپ تێبکەوێت و تا ئەو دەم هەر ئەم موعجیبانەی لەئێستادا پێیدا هەڵدەدەن؛ لەلووتکەی ناوبانگ و شۆرەتییەوە فڕێیدەنە خوارەوە!؟

——————————————————–
سەرچاوەکان:
*بیدروبارامو/خوان رولفو/ترجمە؛صالح علمانی/سعودیە-الدمام٢٠١٣
*السهل یحترق/خوان رولفو/ترجمە؛علی عبدالرؤوف البمبی/القاهرە٢٠١٣
*https://hafryat.com/ar/blog/%D8%A8%D9%8A%D8%AF%D8%B1%D9%88-%D8%A8%D8%A7%D8%B1%D8%A7%D9%85%D9%88-%D9%84%D8%AE%D9%88%D8%A7%D9%86-%D8%B1%D9%88%D9%84%D9%81%D9%88-%D8%AA%D8%A7%D8%B1%D9%8A%D8%AE-%D8%A8%D8%A3%D9%83%D9%85%D9%84%D9%87-%D9%81%D9%8A-%D9%85%D8%A6%D8%A9-%D8%B5%D9%81%D8%AD%D8%A9-%D9%85%D8%AF%D9%87%D8%B4%D8%A9
*http://dipnotkitap.net/OYKU_ve_NOVELLA/Pedro_Paramo.htm

Previous
Next
Kurdish