Skip to Content

مۆدیلی سیاسی دەسەڵاتی بەلشەفیزم چیە؟ … ئاسۆ کەمال

مۆدیلی سیاسی دەسەڵاتی بەلشەفیزم چیە؟ … ئاسۆ کەمال

Closed
by December 24, 2019 General, Opinion, Slider


ناکۆکی نێوان دیکتاتۆریەتی حزب و هەموو دەسەڵات بۆ شوراکان


لە کاتی دەسەڵاتدا مۆدیلی حزب لەبواری پراتیکی چینایەتی و کۆمەڵایەتیدا بەتەواوی دەردەکەوێ. تیۆری جێنشینی حزب لە جێگای چینی کرێکار ،کە لەلایەن لینین هێنرایە ئارا ، لە شۆڕشی ئۆکتۆبەردا کاتێ بەلشەفیەکان دەسەڵاتیان گرت بەتەواوەتی جێبەجێ کرا. بە پێی ئەم تیوریە دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا بوە دیکتاتۆریەتی حزب، چونکە بەلای لینینەوە، حزب و چینەکە دوو شتی جیاواز نین، هەربۆیە جێنشینی حزب لە جێگای حزب و دیکتاتۆری بەلشەفیەکان لەجێگای پرۆلیتاریا لای ئەو ڕەوایەتی هەیە.
لەوەڵامی سپارتاکیستەکانی ئەڵمانیا و ڕۆزا لوکسبورگدا ،کە ڕەخنە لەم تێڕوانینە دەگرن ، لینین دەڵێ” ئەم پرسیارە دێتە خەیاڵ : کێ دەبێ بە دیکتاتۆریەت هەڵبسێ ؛ حزبی کۆمۆنیست یان چینی کرێکار..ئایا دەبێ بەشێوەیەکی مەبدەئی کاربکەین بۆ دیکتاتۆریەتی حزبی کۆمۆنیست یان دیکتاتۆریەتی چینی کرێکار.”1 بەڕای لینین ئەم پرسیارە جگە لە تێکەڵوپێکەڵی فکری شتێکی تر نیە ، بەڵام لەڕاستیدا ئەمە بنەمای مۆدیلی سیاسی دەسەڵاتە لای بەلشەفیزم. بەپێی تیورێەکەی سەرەوەی لینین کۆمەڵگە دابەش بوە بەسەر چینەکاندا و چینەکانیش بەسەر حزبەکاندا و حزبەکانیش بەسەر گروپێکی سەرکردەی نەگۆڕدا.

هەربۆیە دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا واتە دیکتاتۆریەتی حزب و دیکتاتۆریەتی کۆمیتەی ناوەندی و دواتریش دیکتاتۆریەتی سکرتێر و لیدەری حزب. ئەمە تیۆری جێنشینی لینینە، حزبی کۆمۆنیست جێنشین و نوێنەری چینی کرێکارە. هەربۆیە دیکتاتۆریەت و بڕیار وسیاسەتەکانی حزبی کۆمۆنیست واتە دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا و بەشداری سیاسی و بڕیاری ئەو چینە. بەم پێیە مۆدیلی سیاسی دەسەڵات لای بەلشەفیزم بریتیە لە دیکتاتۆری حزبێک کە بەناوی پرۆلیتاریاوە حوکم دەکا. واتە نەک حوکمی ڕاستەوخۆی چینێک بەڵکو حوکمی ڕاستەوخۆی حزبێک. بەڵام ئەگەر وایە دروشمی “هەموو دەسەڵاتێک بۆ شوراکان” ی شۆڕشی ئۆکتۆبەر چی لێهات؟ بەپێی تیوری جێنشینی ،حزب نوێنەری چینی کرێکارە کەواتە بۆچی شوراکان پێویستە و دیکتاتۆریەتی حزب چی لێ دێت ئەگەر شوراکان هەموو دەسەڵاتێک بن؟ ئایا ئەم دوو قوتبیەی دەسەڵاتدارێتی حزب و شورا چۆن چارەسەر کرا لە سۆڤیەتدا؟ لە سیستەمی دیکتاتۆریەتی حزبی بەلشەفیدا شوراکان لەڕێگەی سیستەمێکی هەڵبژاردنەوە نوێنەرانێک هەڵدەبژێرن کە ئەوان دەبن بە نوێنەری چینەکە لە دەسەڵاتدا.بەڵام لەهەمان کاتدا لەم سیستەمەدا حزب ،کە تەنیا حزبی نوێنەری چینی کرێکارە و بەو پێیەش کە هیچ جیاوازیەکی لەگەڵ چینی کرێکاردا نیە، خۆی دەبێتە نوێنەری ئەم چینە ئیتر دەکەوێتە ناکۆکی لەگەڵ شورادا ئەگەر شوراش ببێتە نوێنەری چینەکە.

ئەم دوو نوێنەرایەتیە نابێ و دەبێ لایەک نوێنەر و دەسەڵاتداربێ. یاخود دەبێ لە شورادا جگە لە حزبی بەلشەفی هیچ نوێنەرێکی تر نەبێ. یاخود دەبێ لە کۆتاییدا نوێنەری شورا لەژێر دەسەڵاتی حزبدا بێ و نوێنەرە ناحزبیەکان دەسەڵاتیان نەبێ تاکو بتوانرێ نوێنەرایەتی حزب و دیکتاتۆریەتی حزب هەمان شت بن ،وە دیکتاتۆریەتی حزب ناکۆک نەبێ بەو نوێنەرانەی شورا کە دژبەحزبی بەلشەفین یان ناکۆکن لەگەڵیدا. چونکە ئەگەر لە شوراکاندا نوێنەرانی حزب قبوڵ نەکران ئەوکاتە چی لە دیکتاتۆریەتی حزب و تیۆری نوێنەرایەتی وجێنشینی حزب لە جێگای چینی کرێکار دێت؟ ئەمە ئەو کێشەیە بوو کە سیستەمی سیاسی بەلشەفیکی لەگەڵ سیستەمی شورایی و نوێنەرایەتی ڕاستەوخۆی کرێکاران و جوتیاران و سەربازاندا هەیبوو. بڕیاربوو سیستەمی بەلشەفی سیستەمی سیاسی سەرمایەداری هەڵوەشێنێتەوە و لە جێگای دەزگای نوێنەرایەتی کەمینە دەزگای ئیداری کۆمەڵگە بەشێوەیەک بێت کە هەموو بەشداربن تیایدا و کاروباری دەوڵەت ببێتە کارێکی ئیداری ناسیاسی کە هەموو هاوڵاتیەک بتوانێ بەشداری تێدابکا نەک ببێتە ئیمتیازی حزبێکی سیاسی دیاریکراو کە دەسەڵاتی کەمایەتی خۆی بەناوی نوێنەرایەتی چینەکەوە بسەپێنێ. حزبی کرێکاری ئەو قوتابخانەیەیە کە کرێکاران تیایدا فێردەبن کە چۆن خۆیان ئیدارەی کۆمەڵگە بگرنە دەست کە چیتر هۆیەکانی بەرهەمهێنان بەدەست کەمایەتیەکەوە نەبێ کە بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆی زۆربەی کۆمەڵگە بکاتە کۆیلەی کرێ. ئەم حزبە لەکاتی گرتنە دەست دەسەڵاتی سیاسیدا جیاوازی بنەڕەتی خۆی لە بورژوازی وەک کەمینەیەک بەوە نیشان دەدا کە دەسەڵات دەکاتە موڵکی گشتی و ڕیگە بە پاوانکردنی دەسەڵات نادات لەلایەن کەمینەیەکی حزبیەوە.
لەم پێناوەشدا پێویستی بەفراوانکردنەوەی ڕیزەکانی حزب و ڕیکخراوە کرێکاریە جەماوەریەکان و ئەو دامودەزگایانەیە کە جەماوەر لەڕێگەیەوە ئیدارەی ڕاستەوخۆی کۆمەڵگە دەگرنە دەست و پیویستیان بە بونی کەمایەتی و نوخبەیەکی سیاسی نامێنێ بۆ ئەوەی لە جێگای ئەوان و بەناوی نوێنەرایەتی ئەوانەوە حوکم بکا. ئەمە پێی دەوترێت دیکتاتۆری چینێک واتە دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا. ئەمە ناوەرۆکی شۆڕشێکی سیاسی و کۆمەلایەتیە کە چینی کرێکار تیایدا دامودەزگاکانی نوێنەرایەتی ناڕاستەوخۆی پێشوو هەڵدەوەشێنێتەوە و ئیدارەی ڕاستەخۆ و خۆبەڕێوەبەری ڕاستەوخۆ دادەمەزرێنێ .
لە شۆڕشی ئۆکتۆبەردا کۆنگرەی شوراکان کە زۆرایەتی بەلشەفیەکان بوون گواستنەوەی دەسەڵاتی بۆ شورای کرێکاران و سەربازان و جوتیاران پەسەندکرد. سەرەتا حزبی بەلشەفیک و باڵی چەپی سۆشیال شۆڕشگێڕەکان حکومەتیان پێک هێنا و دواتر کۆنگرەی شوراکان ئەم نوێنەرانەی بەڕەسمی ناسی . بەڵام دوای ئەمە کاری شوراکان وەک دەسەڵاتی باڵا تەواو بوو و حکومەتی بەلشەفیەکان بوە دەسەڵاتی باڵا و شوراکان بونە جۆرێک لە پەرلەمان کە تەنیا جیاوازیان لەوێدا بوو کە لە خوارەوەش وەک ئۆرگانی لۆکاڵی هەبون. ئیتر سیستەمی شورایی بوو بە هەمان سیستەمی هەڵبژاردنی نوێنەران و ئەم نوێنەرانەش لە سیستەمی دەسەڵاتداری حزبدا جێگەوڕێگەیان دیاری دەکرا و لەژێر فەرمانی حزبدا بوون و نەک لە ژێر فەرمانی ئەو کەسانەی هەڵیان بژاردبون. بەم پێیە نوێنەرانی شورا و شوراکان دەبونە دەزگایەکی شەرعیەتپێدانی دەسەڵاتدارێتی حزب و حزبیش بەپێی ئەوەی خۆی نوێنەری چینەکەیە دەیتوانی ئەم جێگای ئەم نوێنەرانە لە دەسەڵاتدا دیاری بکا نەک نوێنەرانی شورا جێگەی حزب لە دەسەڵاتدا دیاری بکەن. حزب وەک جێگرەوەی شورا و چینەکە خۆی بڕیاری لەسەر هەموو شتێک دەدا بەپێی ئەو شەرعیەتەی کە تیۆری “دیکتاتۆری حزب هەمان دیکتاتۆری پرۆلیتاریایە” پێی دابوو.

بەڵام ئەم ئاڵوگۆڕە لە شۆڕشی چینێکەوە بەرەو دەسەڵاتی تاک ڕەوانەی حزبێک، لە پرۆسەیەکدا جێبەجێکرا و کارێکی یەکسەر و کتوپڕ نەبوو. گۆڕان لەوەی شورای چەکداری کرێکاری و سەربازی و جوتیاری هەبوو و وە کۆمیتەکانی کارگە و مانگرتنی کرێکاران و فراکسیۆنی ناو حزب و ناڕەزایەتی سەندیکا کرێکاریەکان بەدژی ئەم تیۆریەی کورتکردنەوەی دەسەڵات لەدەستی نوخبەیەکی حزبیدا بە پرۆسەیەکی ململانێی سیاسی و فکری و سەرکوتی ئازادیەکاندا تێپەڕی. لێرەدا چەند نمونە لەم ململانێ و کێشمەکێشە لە سۆڤیەت و ناو حزبی بەلشەفیدا دێنینەوە. سەرەتا ڕۆزا لۆکسبۆرگ لە ساڵی ١٩١٨یشدا وەڵامی ئەم تێۆری جێنشینیەی حزب و دیکتاتۆری حزب لە جێگای دیکتاتۆری پرۆلیتاریادا و پەیوەندی سۆشیالیزم بە ئازادیە سیاسەکانەوە بەم شێوەیە دەداتەوە لە وتاری شۆڕشی ڕوسیادا دەڵێ: (پەرەگرافی ١،٢و٣ ئاخر)2
شتێک هەیە (سۆشیالیزم) سیاسیە لە کاراکتەردا، هەمان شت ئابوری و ژیانی کۆمەڵایەتیش دەگرێتەوە. هەموو جەماوەر دەبێ بەشداری بکا.ئەگینا سۆشیالیزم دەبێتە بڕیاردەرکردن لە پشتی چەند مێزێکی ڕەسمیەوە لەلایەن دەرزەنێک ڕوناکبیرەوە. لینین . بەتەواوەتی بەهەڵە مانای شتەکان جێبەجێ دەکا. بڕیار، هێزی دیکتاتۆری چاودێری کارگە، سزای وەحشیانە، حوکمڕانی لەڕێگای تیرۆرەوە- هەمو ئەم شتانە تەنیا ئازارشکێنە. تەنیا ڕیگایەک بۆ لەدایکبونێکی سەرلەنوێ قوتابخانەی ژیانی گشتی خۆیەتی، بێ سنورترینە، فراوانترین دیموکراسی و ڕای گشتی. حوکمڕانی بە تیرۆر تێکدانی ڕەوشتە.

بەبێ هەڵبژاردنی گشتی، بەبێ ئازادی ڕۆژنامەگەری و کۆبونەوەی ڕیگە لێ نەگیراو، بەبێ ئازادی ڕادەربڕین، ژیان دەمرێ لە هەموو دامەزراوەیەکی گشتیدا، ئەبێتە ڕوکەشێکی ڕوت، لەوێدا تەنیا بیرۆکراسی وەک توخمێکی چالاک دەمێنێتەوە. ژیانی گشتی بەشێوەیەکی پلەبەپلە خەوی لێدەکەوێ، چەند دەرزەنێک سەرکردەی حزب کە توانایەکی نەگۆڕ و تەجروبەی بەرتەسکیان هەیە بەڕیوەدەبەن و فەرمانڕەوایەتی دەکەن. لە نێویاندا ، لەڕاستیدا تەنیا یەک دەستە سەروکەلەیان دیارە کە لیدەری دەکەن و نوخبەیەکیش لە چینی کرێکار بانگێشت دەکرێن جاربەجارێک بۆ کۆبونەوەکان کە لەوێن بۆ چەپڵەلێدان بۆ وتاردانەکانی لیدەرەکان، بۆ سەلماندنی ئەو بڕیارە پێشنیارکراوانە بە شیوەیەکی نادیار- لە خوارەوە، ئیتر، کۆمەڵە مەسەلەیەک- دیکتاتۆریەتێک، ئەبێ دڵنیا بکرێتەوە، نەک دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا بەڵکو تەنیا دیکتاتۆریەتی دەستەیەکی سیاسی،ئەمە دیکتاتۆریەتە بەمانایەکی بورژوازی.”
بێگومان لەگەڵ ئەم قسانەی ڕۆزادا لە ناو حزبی کرێکاری بەلشەفی ڕوسیادا فراکسیۆنی جۆراوجۆر هەمان ڕەخنەیان لە مۆدیلی سیاسی حزب و دەوڵەتی بەلشەفی هەبوو و دەیانویست کە وەڵام بەم لادانانەی حزب بگرن لەوەی لە حزبێکی کرێکاریەوە بەرەو حزبێکی بورژوازی هەنگاوبنێ.
ئەلیکساندرا کۆلۆنتای لەساڵی ١٩٢١ دا لە گروپی” ئۆپۆزسیۆنی کرێکاری” ناو حزبی بەلشەفی لە وتاری ” دەربارەی بیرۆکراسی و خود-چالاکی (Self-activity) جەماوەری”دا دەڵێ؛” ئێمە ئازادی نادەین بە چالاکی چینایەتی، ئێمە لە ڕەخنە دەترسین، ئێمە وازمان هێناوە لەپشت بەستن بەجەماوەر: هەربۆیە ئێمە بیرۆکراسیمان لەگەڵدایە.” تەنانەت دەوری شوراکان و هەڵبژاردنی شوراییش نامێنێ و لە جێگایدا دەست نیشانکردنی پۆست لەلایەن حزبەوە جێگای دەگرێتەوە و لێرەدا کۆلۆنتای هاوار دەکا” دەستنیشانکردن تەنیا وەک کارێکی دەگمەن ڕیگە پێدراوە. بەم دواییانە ئەمە ئاشکرابوە وەک یاسایەک. دەستنیشانکردن کارەکتەری بیرۆکراسیە، وە ئێستا گشتی کراوە، یاسایی کراوە و باش – ڕیکخراوە کە ڕۆژانە دەردەکەوێ.” *3
ترۆتسکیش لە کتێبی” شۆڕشی خیانەتلێکراو” ئەم واقعیەتەی کە لەنێو شوراکان و لەنیو حزبیشدا چینی کرێکار و حزب و فراکسیۆنە کرێکاری و جوتیاریەکان سەرکوت کران و قەدەغەکران باس دەکا و دەڵێ؛” حزب لەسەرەتادا دەیویست کە ئازادی ململانێی سیاسی لە چوارچیوەی شوراکاندا بپارێزێ. بەڵام شەڕی ناوخۆ لێدانێکی کوشندەی دا لەم ویستە، حزبە ئۆپۆزسیۆنەکان، یەک بەدوای ئەوی تردا قەدەغەکران، وە سەرکردەکانی بەلشەفی ئەم ڕێکارانەی دژی ئایدیای دیموکراسی شورایی بوو وەک پێویستیەکی کاتی بۆ بەرگری دەبینیەوە، نەک بڕیارێکی مەبدەئی.دواتر کاتێ ڕاپەڕینی کروتشتادت بوو کە ژمارەیەکی تاڕادەیەک باشی بەلشەفیەکانیشی لەگەڵ بوو، کۆنگرەی دەیەمی حزب بڕیاری هەڵوەشانەوەی فراکسیۆنی دا..تیوریەکی تریش لەپاڵ “تیۆری سۆشیالیزم لە تەنیا وڵاتێکدا” داڕیژرا، تیۆریەکی تر بە قازانجی بیرۆکراسی، ئەوەی کۆمیتەی ناوەندی هەموو شتێکە بۆ بەلشەفیەکان ، بەڵام حزب هیچ نیە.” *4
ئەم سێ نمونانەی ڕۆزا و کۆلۆنتای و ترۆتسکی لە شاهیدەکانی مۆدیلی سیاسی دەوڵەتی بەلشەفی نیشانمان دەدا کە چۆن دیکتاتۆریەتی حزبی ناکۆکە بەو تێڕوانینانەی مارکس و ئەنگلس ،کە لینین خۆی لە کتێبی “دەوڵەت و شۆڕش”دا لەسەر دەوڵەتی کرێکاری هێناویەتی. لەوێدا ئینگلس دەڵێ” یەکەم هەنگاو کە دەوڵەت بەڕاستی وەک نوێنەرایەتی هەموو کۆمەڵگە دەستی بۆدەبات ، واتە دەستبەسەرداگرتنی ئامڕازەکانی بەرهەمهێنان بەناوی کۆمەڵگەوە، لە هەمان کاتدا دوایین هەنگاوی ڕاستەوخۆی ئەوە وەک دەوڵەت.”5 دەوڵەتی بەلشەفی دوای گۆڕینی موڵکایەتی سەرمایەداران و خاوەن زەویە گەورەکان بە موڵکی دەوڵەت بەپێچەوانەوە لەسەرجەم بوارەکانی سیاسی ، ئابوری و فەرهەنگیدا ڕۆڵی تایبەتی دەوڵەتی حزبی زیادکرد. لە کاتی دەسەڵاتدا ئێمە لەبەردەم حزبداین لە گەشەکردوترین ئاستی خۆیدا ،ئەویش گۆڕینی حزبە بە دەزگای دەوڵەت. بەڵام چ دەوڵەتێک؟ ئایا دەوڵەتێک کە تەنیا بەشێکی چینی کرێکار بەناوی هەموو چینەکەوە حوکم دەکا؟ بێگومان نەخێر. چونکە فەلسەفەی کۆمۆنیستەکان لە دەسەڵاتی سیاسی وەک مانیفیستی کۆمۆنیست دەریدەبڕێ بریتیە لە ” گرتنی دەسەڵاتی سیاسیە لەلایەن چینی کرێکارەوە”. 6
لێرەدایە کە حزب دەبێ ڕیگا بکاتەوە کە لەم خەباتە سیاسیەدا دژی بورژوازی هەموو چینی کرێکار و بە هەموو حزبەکانیەوە بەشداری بکەن و دەسەڵات بەدەستەوە بگرن. بەلشەفیەکان لە پێش ئۆکتۆبەر ئەم دروشمەیان بەرزکردەوە کە ” هەموو دەسەڵات بۆ شوراکان”، بەڵام تیۆری دیکتاتۆری حزبی لە جێگای دیکتاتۆری پرۆلیتاریا خودی ئەم دروشمەی پێشێلکرد. لە کۆنگرەی یەکەمی شورکاندا دەبینین کە لە ژمارەی دەنگەکاندا ؛ سۆشیال شۆڕشگێڕەکان زۆرینەن ، مەنشەفیەکان دوای ئەوان دێن و بەلشەفیەکان کەمینەن. بە کاریگەری شەپۆلی شۆڕش و چونە سەری وشیاری و چالاکی شۆڕشگێڕانەی کرێکاران و جوتیاران دژی حکومەتی بورژوازی کرنسکی، لە کۆنگرەی دوەمی شوراکاندا دەنگی بەلشەفیەکان دەبێتە زۆرینە (٣٩٩ لە کۆی ٦٤٩)* 7
بەڵام ساڵێک دوای دیکتاتۆریەتی حزبی لە کۆنگرەی شوراکاندا لە کۆتایی ١٩١٨ ڕیژەی دەنگی نوێنەرانی بەلشەفی دەبێتە زۆربەی ڕەها لەبەرئەوەی پرۆسەی یەکلابونەوەی دەسەڵاتی ڕەها بەپێی دیکتاتۆریەتی حزبی هەرچی حزب و ڕیکخراوەی ترە کە لەشوراکاندا بوون لە گۆڕەپانی سیاسی کردە دەرەوە. بەم پێیە شوراکانیش بونە پاشکۆی حزب لە جیاتی ئەوەی حزب لەگەڵ شوراکان و کۆمیتە کرێکاریەکان و سەندیکا و حزبە کرێکاریەکانی تردا نمونە و مۆدێلێکی سیاسی نوێ لە کۆمەڵگەی سیاسی و مەدەنی دروست بکا، حزب بوە قاڵبێک کە هەموو چالاکیەکی سیاسی چینەکەی تێدا بەرتەسک کرایەوە. ئەمەش نیشانەی جیابونەوەی حزبی بەلشەفی لە چینی کرێکار و شۆڕشی کرێکاران دروستکرد.
لینین و بەلشەفیەکان نەک بەهێزی حزبی بەڵکو بە هۆی لە ئارادابونی بزوتنەوەیەکی شۆڕشگێڕانەی چینی کرێکار کە سێ شۆڕشی دژی قەیسەریەت و بورژوازی ڕوسیا کرد توانیان دەسەڵات بگرن. کۆمیتە کرێکاریەکانی کارگە و شورای جوتیاران و سەربازان دەوڵەتی بورژوازیان ئیفلیج کرد ، ئەمانە ئەو بەڵگانە بوون کە لای لینین جێگای جەختکردنەوەبون بۆ ئەوەی بیسەلمێنێ کە بەلشەفیەکان دەتوانن سەرکەوتوبن و لە دەسەڵاتدا بـمێننەوە.8 بەڵام لە پاش شۆڕش حزب لە جیاتی بەهێزکردنی ئەم ئۆرگانانە کەوتە جێگرتنەوەی ئەم ئۆرگانانە بە کەسانی حزب کە لەسەرەوە دیاری دەکران و مەکتەبی سیاسی حزب بوە هەمەکارەی دەوڵەتی سۆڤیەت.

لینین خۆی شاهیدی ئەم دۆخەیە کە باسی سەرهەڵدانی بیرۆکراتیزم وەک دیاردەیەک لە ١٩١٩ەوە دەکا و دواتر ١٩٢١ دەڵێ بیرۆکراتیزم “بەشێوەیەکی ڕۆشنتر و ترسناکتر دەردەکەوێ”.”دەزگای مەرکەزی دەوڵەتی ئێمە لە ماوەی ٣ساڵ و نیوی ڕابردودا چوەتە قۆناغێکی واوەکە ئیتر شێوەی چەقینێکی زیانبەخشی’بیرۆکراتی’ بەخۆوە گرتوە”.”بۆ خەباتی سەرکەوتوانە دژی بیرۆکراتیزم و وەبۆ سەرکەوتن بەسەر ئەو چەقینە زیانبەخشەدادەبێ هێزی نوێ لە خوارەوە بهێنین.” 9 بەڵام “ئێمە بەهیچ شیوەیەک و بەهیچ شیوەیەک لە هێنانە پێشی سیستماتیک و پەیگیری هێزەکانی خوارەوە بۆ سەرەوە کارناکەین.”*10.
ئەو دەڵێ بنەمایەکی تری ئابوری ئەم دیاردەیە دەڵێ”لە وڵاتی ئێمەدا بریتیە لە ‘پەرژوبڵاوی بەرهەمهێنەرانی بچوک، هەژاری، بێ فەرهەنگی، نەخوێندەواری، نەبونی ئاڵوگۆڕ لە نێوان کشتوکاڵ و پیشەسازی و نەبونی پەیوەندی لەنێوان ئەم دوانە و کاریگەریان لەسەریەکتر.”بەڵام ئینکاری لەوە دەکا کە بیرۆکراتی لەناو دەزگای سەربازی و دادوەری و ئەوانی تردا هەبێ، هەرچەند لەو دەزگایانەدا هەن کە ئیدارەی سوپا دەکەن! *11
لە ئاستی حزبیشدا باسی ئەم بیرۆکراتیزمە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ ناکرێ لەلای لینینەوە، بەڵکو تەنیا ئاماژە بەو دیاردانە دەدا کە خۆی نیشانەی ئەم بیرۆکراتیزمەیە و دەڵێ “لەنیوان حزب و دەزگاکانی سۆڤیەتدا شیوازێکی ناتەندروست هاتۆتەئارا..هەموو شتێکی وەزارەتەکان دەبرێتە مەکتەبی سیاسی.پیویستە وەزارەتەکان بەرپرسی کاری خۆیان بن و وانەبێ کەیەکەم بچێت بۆ وەزارەتەکان و دواتر بۆ مەکتەبی سیاسی.دەبێ ئۆتۆریتەی شورای وەزارەتەکانی وڵات ببرێتەسەر.”*12
کەواتە بیرۆکراتیەت بەهۆی تەنیا شیوەی بەرهەمهێنانی بچوکەوە نیە بەڵکو بەپێی ئەم قسانەی سەرەوەی لینین ،لەوکاتەدا کە سەرمایەداری دەوڵەتی ، واتە بەرهەمهێنانی پیشەسازی گەورە،دەبێتە سیاسەتی حزب ئەم دیاردەی بیرۆکراتیەتە لەڕەوتی گەشەکردنیدایە چ لەناو حزب و چ لەدەوڵەتدا.
ئەم مۆدیلەی دیکتاتۆری حزبی کە خۆی سەرچاوەی بیرۆکراتیزمە زۆرزوو ناکۆکی لەگەڵ ئەو قسانەی لینیندا پەیدا دەکا کە لە کتێبی “دەوڵەت و شۆڕش”دا لە٦ خاڵدا دەیوت ” شوراکان نمونەیەکی نوێن لە دەوڵەت کە دەزگای کۆنی دەوڵەت تێک دەشکێنن و دەزگایەکی نوێی دوور لە بیرۆکراتی دروست دەکەن.” * 13
ترۆتسکی دوای دەرکردنی لە دەسەڵات لەلایەن ستالینەوە لەباسی ئەم پرۆسەیەدا بە ڕاشکاوانە دەڵێ” قەدەغەکردنی حزبە سیاسیەکانی ئۆپۆزسیۆن گەیشت بە قەدەغەکردنی چالاکی فراکسیۆنی. قەدەغەی فراکسیۆنی گەیشت بە قەدەغەکردنی بۆچونی ناڕازی بە ڕابەریەک کە هەڵە ناکا. دەسەڵاتی پۆلیسی و بێ ڕەقیبی حزب بوە هۆی پاراستنی دەزگای ئیداری و ئەمەی تا سەرکوت و گەندەڵیەکی تەواوبرد.” *14
ئەم مۆدێلەی دیکتاتۆریەتی حزبی بەلشەفی لە ژیانی سیاسی دەوڵەت و کۆمەڵگەی ڕوسیادا پرۆسەیەکی لە پێشێلکردنی ئازادیە سیاسیەکان دروستکرد کە نەک بورژوازی بەڵکو ناو چینی کرێکار و حزبی بەلشەفی کرێکارانیشی گرتەوە. شوراکانیش کە بنەمای بەدەسەڵات گەیشتنی بەلشەفیەکان بوو لە کۆتایی ئەم پرۆسەیەدا وەک ترۆتسکی دەڵێ؛” شوراکان جێگای خۆیان چۆڵکرد بۆ دامودەزگایەکی بیرۆکراتی سەربەخۆ لە جەماوەر.” *15
حزب کە دەبوایە لەڕیگەی گرتنە دەستی دەسەڵاتی سیاسیەوە جگە لە تێکشکاندنی بەرگری سەربازی بورژوازی ئەرکی تری سیاسی نەبوایە. بەوپێیەی ئەنگلس دەیوت ” کاتێک بەشی سەرەکی ئەرکەکانی دەوڵەت دەبێ بەحسابکردن و چاودێری لەلایەن کریکاران خۆیانەوە، لەکاتەدا دەوڵەت ئیتر “دەوڵەتی سیاسی” نامێنێ، لەوکاتەوە ” ئەرکە گشتیەکان لە ئەرکی سیاسیەوە دەگۆڕێن بە تەنها ئەرکی بەڕیوەبردنی ڕوت.” * 16
ئەمە پرۆسەیەکی شۆڕشگێڕانەیە بۆ ڕزگاربون لە دەست دەوڵەتی بیرۆکراتی .واتە ڕیکخستنی چینی کرێکار و کۆمەڵگە بۆ گۆڕینی بنەماکانی بەڕێوەبردن لە دەوڵەتی سەرمایەداری بە فۆرمی بیرۆکراتی و سەربازیەکەیەوە بۆ فۆرمی خۆبەڕیوەبردنی ئیداری بەبەشداری هەموو هاوڵاتیان. واتە هەڵوەشاندنەوەی هەموو دەزگای بیرۆکراتی کەمینە و هەڵوەشاندنەوەی موڵکایەتی تایبەتی سەرمایەداران و دەزگایەکی سەرکوت کە ئەم موڵکایەتیە دەپارێزێ و گشتی کردنەوەی هۆیەکانی بەرهەمهێنان و گواستنەوە. ئەمە واتە هەڵوەشانەوەی حزبیش لەنێو ئەو دەزگا ئیداریانەدا کە ئیتر مۆرکی سیاسیان پێوەنیە و هەموو هاوڵاتیان بەبێ جیاوازی تیایدا بەشدارن وەک تۆڕێکی کۆمەڵایەتی بۆ دابینکردنی پێداویستیە لۆکاڵی و سەراسەریەکان.
بەلآم بەپێچەوانەوە وەک دەبینین لە دەوڵەتی سۆڤیەتدا “دەوڵەتی سیاسی” تۆخ دەبێتەوە وەک بەشێک لە مۆدیلی سۆشیالیزمی دەوڵەتی و “دەوڵەتی ناسیاسی” لەهیچ شوێنێکی سۆڤیەتدا دەرناکەوێ چونکە حزب جێگای هەموو ئۆرگانە ئیداریەکانی چینەکەی گرتەوە و کردنی بە ئۆرگانی حزبی و کرانە پاشکۆی حزب.
ئەم چڕکردنەوەی دەسەڵاتە لەدەست یەک حزب و یەک ڕابەری و دواتر یەک کەسدا مۆدێلێکی سیاسی سۆشیالیزمی دەوڵەتی دروستکرد کە گونجاو بوو لەگەڵ مۆدیلی ئابوری سەرمایەداری دەوڵەتیدا. دواتر ئێمە دێینە سەر ئەم مۆدێلە ئابوریە بەڵام گرنگە سەرەتا باسێک لە دەوری ئەم مۆدیلە سیاسیەی حزب لە دەسەڵاتدا بکەین کە چۆن بوە هۆی چۆنیەتی گۆڕانی حزبی بەلشەفی لە حزبی کرێکاران و شۆڕشی سۆشیالیستیەوە بەرەو حزبێکی بیرۆکراتی و بەڕیوەبەری سەرمایەداری دەوڵەتی.

——————————————————–
سەرچاوەکان:
*1 لینین ، نەخۆشی چەپڕەوی مناڵانە لە کۆمۆنیزمدا
https://www.marxists.org/arabic/archive/lenin/1920-lwc/05.htm
*2 ڕۆزا لۆکسمبۆرگ ، شۆڕشی ڕوسیا، بەشی شەش، کێشەکانی دیکتاتۆرشیپی،١٩١٨
https://www.marxists.org/archive/luxemburg/1918/russian-revolution/ch06.htm
*٣ ئەلەکساندرا کۆلۆنتای، سەبارەت بە بیرۆکراسی و خودچالاکی جەماوەر،١٩٢١
The Workers Opposition, Alexandra Kollontai 1921،On Bureaucracy & Self-activity of The Masses
https://marxists.catbull.com/archive/kollonta/1921/workers-opposition/ch03.htm
*4 ترۆتسکی،کتێبی “شۆڕشی خیانەتلێکراو
“https://www.marxists.org/arabic/archive/trotsky/1936-rb/ch05.htm
*5 دولت و انقلاب ، فارسی ل ٥٢٢، هەڵبژاردەی نوینەکانی لینین.
*6 https://www.marxists.org/archive/marx/works/1848/communist-manifesto/ch02.htm
*7 ل ٦، ئی هێچ کار، شۆڕشی ڕوسیە، لە لینینەوە تا ستالین بە ئینگلیزی
*8 لینین،٢٧٨ ، ئایا بەلشەفیەکان دەتوانن دەسەڵاتیان بپارێزن؟ بەرگی ٧ هەڵبژاردەی لینین ، چاپی دارالتقدم، مۆسکۆ.
*9 لینین، دەربارەی باجی کەلوپەل ، ل ٨٠٩، فارسی، منتخب اثار.
*10 لینین، دەربارەی باجی کەلوپەل ، ل ٨٠٩، فارسی، منتخب اثار.
*11 لینین،ڕاپۆرتی سیاسی بۆ کۆنگرەی ١١ی حزب، ل٨٥٠ ،فارسی، منتخب اثار.
*12 لینین دەربارەی دەور و ئەرکی سەندیکاکان لە سیاسەتی ئابوری نوێ دا، ل ٨٢٨، فارسی، منتخب اثار.
*13 ٢٧٧، ئایا بەلشەفیەکان دەتوانن دەسەڵاتیان بپارێزن؟ ،بەرگی ٧ هەڵبژاردەی لینین ، چاپی دارالتقدم، مۆسکۆ.
*14 ئارنست ماندل، دەربارەی خۆڕیکخستنی چینی کرێکار لەگەڵ حزبی پێشەنگ https://www.marxists.org/farsi/archive/mandel/works/1990/khod-sazmandehi-hezb.htm
*15 هەمان سەرچاوە.
*16 ل١٢٦، لینین، دەوڵەت و شۆڕش، بەرگی ٧ هەڵبژاردەی لینین ، چاپی دارالتقدم، مۆسکۆ. بەزمانی عەرەبی.

Previous
Next