نووسه‌ری گوتاری (یاده‌وه‌ری به ته‌نیشت رۆمانه‌وه) چۆن له ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه گه‌یشتووه؟ … کاروان عومه‌ر کاکه‌سوور
له (04.11.2016)دا گوتاری (یاده‌وه‌ری به ته‌نیشت رۆمانه‌وه)م که‌وته به‌رچاو. له‌و خوێنه‌رانه‌م بایه‌خ به ناونیشان ده‌ده‌ن. له‌م سی چل ساڵه‌ی ڕابوردوودا به هۆی لێکۆڵینه‌وه چڕه‌کانی هه‌ندێک له تێیۆرێست و ڕه‌خنه‌سازانی وه‌ک (جیرار جینێت)، (کلود دوشی)، (رۆبێرت شۆلز)، (لیۆ هۆک) و ئه‌وانه‌ی تر چه‌مکی ناونیشان بایه‌خی زیاتری پێ درا، بگره گه‌یشته ئه‌وه‌ی وه‌ک زانست لێی بڕوانرێت، که به ناونیشانناسی (Titrologie) ناسراوه. (جیرار جینێت) ناونیشان به به‌شێکی گرنگی (پاراتێکست: Paratext) داده‌نێت. له کتێبی (پالیمپسێست: ئه‌ده‌ب له پله‌ی دووه‌مداPalimpsests: Literature in the Second Degree)دا، که له ساڵی (1982)دا چاپ کراوه، به‌شێکی تایبه‌تی بۆ ئه‌و چه‌مکه، چه‌مکی (پاراتێکست) ته‌رخان کردووه. ده‌کرێت به کوردی بیکه‌ینه هاوشانی تێکست، یاخود ده‌قهاوشانی. ڕاستییه‌که‌ی (پالیمپسێست) هه‌ر ماتریالێکه شتی له‌سه‌ر نووسرابێت و سڕابێته‌وه، تاکوو بۆ نووسینی تر به کار بهێنرێت. وشه‌که له بنه‌ڕه‌تدا لاتینییه و له زمانه‌کانی تردا گۆڕانی بنه‌ڕه‌تیی به‌سه‌ردا نایه‌ت، بۆیه ئێمه‌یش وه‌ک خۆی ده‌ینووسینه‌وه. هێنده هه‌یه له ئینگلیزییه‌که‌دا به کۆ هاتووه و له کوردی‌دا ده‌بێته تاک، به‌وه‌ی گرامه‌ری ئێمه وا ده‌خوازێت. (جینێت) به‌م شێوه‌یه پێناسه‌ی (پاراتێکست) ده‌کات، که بریتییه له‌و نیشانه و ئایکۆنه لاوه‌کییانه‌ی، کاریگه‌رییان له‌سه‌ر تێگه‌یشتنی تێکسته بنه‌ڕه‌تییه‌که‌دا هه‌یه و ئه‌مانه ده‌گرێته‌وه: ناونیشان (title)، ناونیشانی لاوه‌کی (subtitle)، ناونیشانی ناوه‌کی (intertitles)، ده‌روازه (prefaces)، پاشکۆ (postfaces)، سه‌رنج (notices)، پێشه‌کی (forwards) و زۆری دیکه.(1)
وه‌ک گوتم یه‌کێکم له‌وانه‌ی بایه‌خ به ناونیشان ده‌ده‌ن، بۆیه کاتێ گوتاری (یاده‌وه‌ری به ته‌نیشت رۆمانه‌وه)م بینی، سه‌یرم لێ هات و له خۆمم پرسی باشه، (یاده‌وه‌ری)، که به عه‌ره‌بی (ذاکره) و به ئینگلیزی (Memory)یه، بۆچی ده‌که‌وێته ته‌نیشت ڕۆمانه‌وه؟ تۆ بڵێی ئه‌و نووسه‌ره ویستبێتی یارییه‌کی زمانه‌وانی بکات و به هۆشیارییه‌وه وای نووسیبێت، بۆیه ئه‌و ناونیشانه سه‌یره‌ی داناوه؟ به‌ڵام کاتێ گوتاره‌که‌م خوێنده‌وه، هه‌ر زوو بۆم ده‌رکه‌وت هه‌ڵه‌یه‌کی مه‌عریفییه و تێی که‌وتووه. ڕاستییه‌که‌ی له‌گه‌ڵ خوێندنه‌وه‌ی یه‌ک دوو ڕسته‌ی سه‌ره‌تادا گه‌یشتمه ئه‌و باوه‌ڕه‌ی نووسه‌ری گوتار مادام به زمانی ڕۆژانه ده‌نووسێت، له‌و دوو چه‌مکه نه‌گه‌یشتووه، به‌ڵکوو له ده‌می ئه‌م و ئه‌وه‌وه وه‌ری گرتوون، یان وه‌ک خۆی ده‌ڵێت (گوته‌ی گوتیاران)ن و بیستوونی. به‌پێی ئه‌و مێتۆده‌ی بۆ خوێندنه‌وه هه‌مه، هه‌میشه له‌سه‌ر ئه‌و چه‌مکانه‌دا ده‌وه‌ستم و لێیان ورد ده‌بمه‌وه، کاتێ ده‌که‌ونه به‌رچاوم، بۆیه ده‌مه‌وێت بپرسم یاده‌وه‌ری چییه؟ دیاره ئێمه لێره‌دا نامانه‌وێت به وردی باسی لێوه بکه‌ین، له کاتێکدا ئه‌و چه‌مکه هه‌میشه جێگه‌ی سه‌رنجی فیلۆسۆف و سایکۆلۆجیستان بووه، وه‌ک لای (پلاتۆن)، (ئه‌ریستۆ)، (ئۆگستین) و زۆری دیکه‌دا ده‌یبینین، بگره به ده‌گمه‌ن هه‌یانه خۆی له قه‌ره‌ی نه‌دابێت، به‌ڵام مادام مه‌به‌ستمانه وێنه‌یه‌کی گشتیی لێ به ده‌سته‌وه بده‌ین، ئه‌وا ده‌کرێت لای (هێنری برگسۆن)دا بوه‌ستین، مادام ئه‌و فیلۆسۆفه به‌شێکی زۆری ته‌مه‌نی بۆ ئه‌و چه‌مکه ته‌رخان کردووه. که‌واته ئه‌و وێنه‌یه لای ئه‌و فیلۆسۆفه‌دا ده‌دۆزینه‌وه، به‌تایبه‌تی له به‌شی پێنجه‌می کتێبی (وزه‌ی ڕۆحی، یان وزه- ڕۆحی: Mind-energy)(2)دا، که له ژێر ناونیشانی (یاده‌وه‌ریی ئێستا و پێزانینی ساخته: Memory of the present and false recognition)دا نووسیویه‌تی. به‌گشتی لای (برگسۆن)دا (یاده‌وه‌ری) هاوواتای (هۆشیاری)یه، چونکه به‌بێ یه‌که‌میان بوونی دووه‌میان مه‌حاڵه. هه‌روه‌ها پێی وایه یاده‌وه‌ری وه‌ک وههمیش ده‌رده‌که‌وێت.
نموونه به‌وه ده‌هێنێته کاتێ دیمه‌نێک ده‌بینین، یان گوێمان له گوته‌یه‌ک ده‌بێت، وا ده‌زانین پێشتر ئه‌و دیمه‌نه‌مان دیوه، یان ئه‌و گوته‌یه‌مان بیستووه، بگره ئه‌و وه‌همه ده‌مانگه‌یه‌نێته ئه‌وه‌ی وا هه‌ست بکه‌ین توانای پێشبینیکردنی ئایینده‌مان هه‌یه. مرۆڤ کاتێ دنیای ده‌ره‌وه به‌م شێوه‌یه ده‌بینێت، ئه‌وا له ژێر کاریگه‌ریی ئه‌و وه‌همه‌دا خودی خۆی به نامۆ ده‌زانێت، به‌ڵکوو هه‌ست به دووفاقییش ده‌کات.(3) به‌م شێوه‌یه (یاده‌وه‌ری) به دیارده‌ی سایکۆلۆجی ده‌زانێت، نه‌وه‌ک به دیارده‌ی فیزیۆلۆجی، که هه‌سته‌کانی مرۆڤ ده‌رده‌بڕێت، بۆیه پێی وایه یاده‌وه‌ری دووره له‌وه‌ی ماتریاڵی بێت وه‌ک له کتێبی (مادده و یاده‌وه‌ری:Matter and Memory)دا پێی له‌سه‌ر داده‌گرێت.(4) به‌ڵێ، له دیدی ئه‌مدا ئه‌و وێنه‌یه‌ی لامان دروست ده‌بێت پێوه‌ندیی به هۆشمـانه‌وه هه‌یه، بۆیه ده‌چێته ئاستی (دیوره‌یشن: Duration)(5) و (ئینتیوه‌یشن: Intuition)ـه‌وه، که ئه‌م چه‌مکانه لای ئه‌ودا مانای تایبه‌تیان هه‌یه، به‌وه‌ی پێوه‌ستن به زه‌مه‌نه‌وه و زه‌مه‌نیش بریتییه له که‌ڵه‌که‌کردن و به‌رده‌وامی. به مانایه‌کی تر به‌رده‌وامبوونی ڕابوردوو و گه‌شه‌کردنی، تاکوو ئه‌وه‌ی ده‌بێته داهاتوو، که ئه‌مه هاوشانی دۆخه ده‌روونییه‌کانیشه. لێره‌یشدا یاده‌وه‌ری به هۆی ئه‌و به‌رده‌وامییه‌وه گه‌وره ده‌بێت و گه‌شه ده‌کات. ده‌کرێت زۆر له‌وه زیاتر له‌باره‌ی (یاده‌وه‌ری)یه‌وه لای ئه‌و فیلۆسۆفه‌دا بدۆزینه‌وه، که پێشتریش له گفتوگۆکانمدا لێوه‌ی دواوم، به‌وه‌ی هه‌میشه له‌م ڕووه‌وه کۆمه‌کی کردووم، خۆ ئه‌گه‌ر پێویستی کرد، بۆی ده‌گه‌ڕێمه‌وه، به‌ڵام هێنده به‌سه بزانین (یاده‌وه‌ری) هاوواتای (هۆشیاری)یه. باشه، مادام وایه، چۆن ده‌که‌وێته ته‌نیشت ڕۆمانه‌وه؟ ئه‌و نووسه‌ره چۆن به‌و شێوه‌یه له‌و چه‌مکه گه‌یشتووه؟
گوتاره‌که‌م ته‌واو کرد، بێ ئه‌وه‌ی نه‌ک تێیدا ڕووبه‌ڕووی هیچ زانیارییه‌کی نوێ ببمه‌وه، به‌ڵکوو هه‌ر خێرا بۆم ده‌رکه‌وت نووسه‌ره‌که‌ی ئه‌و زانیارییه سواو و کۆنانه‌یشی به نیوه‌چڵی گواستووه‌ته‌وه. نایشارمه‌وه هه‌ندێک ڕسته‌م هاتنه به‌رده‌م، که باوه‌ڕم نه‌ده‌کرد ڕۆژێک له ڕۆژان هیچ نووسه‌رێک بیاننووسێت. بۆ نموونه ده‌ڵێت یاده‌وه‌ری ده‌قه، دواتر له‌وه‌یش دوورتر ده‌ڕوات و ده‌یکاته ژانر، بێ ئه‌وه‌ی دوور، یان نزیک به لای پێناسه‌ی ده‌ق و ژانردا بچێت، تاکوو بزانین مه‌به‌ستی له‌وانه چییه. هه‌ر شتێک ئێستا بیڵێت، که‌مێک دواتر پێچه‌وانه‌که‌ی ده‌خاته شوێنی، بێ ئه‌وه‌ی بزانێت بۆچی وای کردووه، که ئه‌مه مێتۆدی هه‌موو ئه‌وانه‌یه به تێگه‌یشتنی میللی و به زمانی ڕۆژانه له‌باره‌ی ئه‌و چه‌مکانه‌وه ده‌نووسن، به‌وه‌ی ته‌نیا بیستوویانن و ئاگایان لێ نییه چۆن کاریان پێ کراوه. به پێویستم زانی به مێتۆدی پرسیار ڕووبه‌ڕووی ببمه‌وه، چونکه باوه‌ڕم نییه هیچ شتێکی دیکه هێنده‌ی پرسیار هێزی هه‌بێت ئه‌و چه‌مکانه له ژێر ده‌سته‌ڵاتی تێگه‌یشتنی میللی‌دا ده‌ربهێنێت و بیانخاته ئاستی تره‌وه. هه‌ر خێرا نامه‌یه‌کم له ڕێی ئیمه‌یڵه‌وه بۆ نارد، که کۆمه‌ڵێک پرسیاری له خۆ ده‌گرت، به‌ڵام چوار مانگ زیاتری به‌سه‌ردا تێپه‌ڕی، بێ ئه‌وه‌ی وه‌ڵام بداته‌وه، بۆیه نه‌مویست بگاته پێنج مانگ و یه‌ک دوو جاری دیکه بۆیم نارده‌وه. هێشتا وه‌ڵامی نه‌دایه‌وه. {بڕیارم دا له ڕێی (گۆران عه‌بدولڵا)ی هاوڕێمانه‌وه بۆی بنێرم. پێی گه‌یشت و نامه‌یه‌کی کورتی بۆ نووسیم، که ئه‌مه‌ی تێدا هاتووه: ده‌مێکه ئاگای له ئیمه‌یڵه‌که‌ی نییه، بۆیه نه‌یزانیوه نامه‌یه‌کی وای پێ گه‌یشتبێت…. ئه‌وه بوو منیش نه‌ک هه‌ر نامه‌که، به‌ڵکوو ئه‌م پێشه‌کییه‌یشم بۆ نارد و چه‌ند دێڕێکیشم هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه نووسی. ئه‌ویش دوای خوێندنه‌وه‌ی، نامه‌یه‌کی بۆ ناردووم و تێیدا ده‌ڵێت، که ده‌توانم ئه‌م نامه‌یه‌م، مه‌به‌ست له‌م گوتاره‌یه، بڵاو بکه‌مه‌وه.
له‌وێدا باسی ئه‌وه‌ی کردووه ئاماده‌یه کاتێ ده‌مبینێته‌وه، باوه‌شم پێدا بکات، چونکه من له نامه‌که‌مدا هیوایه‌کی وام خواستووه. واته ئه‌و پرسیارانه نه‌بنه هۆی تێکچوونی پێوه‌ندیی نێوانمان. لێره‌یشدا سوپاسی ئه‌و هه‌سته جوانه‌ی ده‌که‌م، که ئه‌مه لای من مانایه‌کی گه‌وره‌ی هه‌یه، به‌ڵام نایشارمه‌وه حه‌زم ده‌کرد لانی که‌م له‌باره‌ی ئه‌و پرسیارانه‌وه هه‌ندێک قسه‌ی هه‌بن، له کاتێکدا نه‌ک هه‌ر پێوه‌ندییان به گوتاره‌که‌یه‌وه هه‌یه، به‌ڵکوو پێوه‌ستیشن به کۆمه‌ڵێک چه‌مکی ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه‌وه. هیوام ده‌خواست پێش بڵاوکردنه‌وه گفتوگۆیه‌کی قووڵ له‌باره‌ی ئه‌و تێرمانه‌وه بکه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی بابه‌ته‌که‌م به شێوازێکی تر بچووایه‌ته به‌رده‌می خوێنه‌ر، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا ئه‌و هه‌سته‌ی وه‌ک گوتم جوانه، بگره ده‌ڵێم له که‌لتووری ئێمه‌دا ده‌گمه‌نه. پێم وایه ئه‌گه‌ر نه‌وه‌کانی پێشوو بابه‌ته‌کانی خۆیانیان به‌ر له بڵاوکردنه‌وه بۆ یه‌کتر بناردایه، له ئاستی باڵاتر و به شێوازی چاکتر چاپ ده‌کران و ئه‌مڕۆ ئێمه هه‌م له لایه‌ک نه‌ده‌که‌وتینه ژێر باری ئه‌و که‌لتووره ناشیرین و دواکه‌وتووه‌ی شه‌ڕه‌جوێن و له لایه‌کی تره‌وه له ئاستێکی به‌رزتری بیرکردنه‌وه‌دا ده‌ماننووسی}.
ئه‌م پێشه‌کییه‌م له‌به‌ر سێ خاڵ به پێویست زانی: یه‌که‌م، تاکوو ئه‌گه‌ر به کورتییش بێت هه‌ردوو چه‌مکی (ناونیشان) و (یاده‌وه‌ری)ی تێدا ڕاڤه بکه‌م، ئه‌گه‌رچی له نامه‌که‌یشدا که‌موزۆر باسیان لێوه کراوه. دووه‌م، له‌باره‌ی هۆکاری سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌و پرسیارانه‌وه چه‌ند وشه‌یه‌ک بڵێم، که چۆن ناردوومن و وه‌ڵام نه‌دراونه‌ته‌وه. {دواتریش چۆن له ڕێی (گۆران عه‌بدولڵا)ـه‌وه توانیومه پێی بگه‌یه‌نم}. سێیه‌م، پێم خۆشه ئه‌م ئه‌زموونه‌م بخه‌مه به‌رده‌م ئه‌و خوێنه‌رانه‌ی نایانه‌وێت به ئاسانی نووسینی وایان به‌سه‌ردا تێ بپه‌ڕێت، به‌و مه‌به‌سته‌ی ببێته جێگه‌ی گفتوگۆیان، بۆیه نامه‌که وه‌ک خۆی بڵاو ده‌که‌مه‌وه، له کاتێکدا ته‌نیا پێوه‌ندیی به گوتاره‌که‌وه هه‌یه و به هیچ شێوه‌یه‌ک به لای که‌سایه‌تیی نووسه‌ره‌که‌یدا ناچێت.
ڕه‌نگه خوێنه‌ر بپرسێت ئاخۆ گوتارێکی له‌م شێوه‌یه ئه‌وه ده‌هێنێت له‌باره‌یه‌وه بنووسیت. وه‌ڵامی من ئه‌وه‌یه له‌باره‌یه‌وه‌م نه‌نووسیوه، به‌ڵکوو پرسیارم لێ کردووه. هه‌موو ئه‌و چه‌مکانه‌ی لێره‌دا فڕێ دراون و هێنراونه‌ته ئاستی میللییه‌وه، لای فیلۆسۆف و ڕه‌خنه‌سازاندا به شێوه‌ی ترن و کاری گه‌وره‌یان له‌سه‌ر کراوه. واته خاڵی هاوبه‌شیان ته‌نیا ناویانه، که هه‌ر نووسه‌رێک چه‌ند ساده‌یش بێت ده‌توانێت به شێوه‌ی کیریۆسیتی (فزووڵی) ناوی ده‌یان چه‌مک ببیستێت و به زمانی ساده لێیانه‌وه بدوێت، به‌ڵام ئایا ئه‌و چه‌مکانه به‌و شێوه‌یه‌ن؟ ئه‌مه پرسیاره‌که‌یه! به‌ڵێ، ویستوومه له ڕێی پرسیاره‌وه ڕایه‌ڵ (لینک) و کۆنتێکست (سیاق)ـه‌کانیان بدۆزمه‌وه، به‌و مه‌به‌سته‌ی مه‌ودایه‌ک له‌نێوان ئه‌مانه و ئه‌واندا دروست بکه‌م. مادام پرسیار بۆی هه‌یه بگاته هه‌موو کونجێک، بێ ئه‌وه‌ی هێزی خۆی له ده‌ست بدات، ئه‌وا له‌و دیدگه‌یه‌وه ئه‌م نامه‌یه‌م نووسیوه. هه‌موو فیلۆسۆف و ڕه‌خنه‌سازانی دنیایش پێوه‌ستی تێگه‌یشتنی هاوچه‌رخی خۆیانن. به مانایه‌کی تر، ئاستی ئه‌و تێگه‌یشتنه باوه ئه‌وه دیاری ده‌کات تۆ کار له‌گه‌ڵ چیدا ده‌که‌یت، ڕه‌خنه له چی ده‌گریت و چی تێ ده‌په‌ڕێنیت، بۆیه پێم وایه ناکرێت ئێمه خۆمان له‌و گوتارانه دوور بگرین، مادام بمانه‌وێت و نه‌مانه‌وێت به‌شێکی گه‌وره‌ی تێگه‌یشتنی ئه‌مڕۆمان پێک ده‌هێنن، به‌ڵام ئه‌وه گرنگه چۆن ڕووبه‌ڕوویان ده‌بینه‌وه.
ماوه‌ته‌وه بڵێم نووسه‌ری گوتاره‌که ناوی (که‌ریم کاکه)یه، که له‌م چه‌ند ساڵه‌ی ڕابوردوودا کۆمه‌ڵێک کتێبی له بواری ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه‌دا نووسیوه.
ــــــــــــــــــــــــــــــــــ
(1) Gerard Gallant, Palimpsests. Literature in the Second Degree, translated by Channa Newman and Claude Doubinsky, Published by University of Nebraska Press, 1997, p.3
(2) ئه‌گه‌رچی وشه‌ی (Mind) له به‌رانبه‌ر (ئه‌قڵ)، یان (هۆش)ی کوردیدایه، به‌ڵام پێم وایه وه‌رگێڕانی وشه‌ی (spirituelle)ی فرانسی بۆ کوردی له (Mind) گونجاوتره، که مانای (ڕۆحی) ده‌گه‌یه‌نێت و هه‌ر ئه‌وه‌یشه مه‌به‌ستی (برگسۆن). کتێبه‌که خۆیشی له بنه‌ڕه‌تدا به‌و زمانه نووسراوه.
(3) Henri Bergson, Mind-Energy, lectures and essays, translated by H. Wildon Carr; lectures and essays, Edition, reprint, Publisher,Greenwood Press, London, 1975, p.134
(4) Henri Bergson, Matter and Memory, translated by Nancy Margaret Paul and W. Scott Palmer , Published November 8th 1990 by Zone Books (NYC).
(5) ڕاسته (دیوره‌یشن: Duration) زیاتر به مانای (ماوه‌ی زه‌مه‌نی) دێت، به‌ڵام لای (برگسۆن)دا فۆکه‌س ده‌که‌وێته سه‌ر مانای دووه‌م، که (به‌رده‌وامی)یه. ئه‌زموونێکی سایکۆلۆجییه و پێوه‌ندیی ڕاسته‌وخۆی به ناوه‌وه‌ی مرۆڤه‌وه هه‌یه. (یاده‌وه‌ری)یش به‌شێکی دانه‌بڕاوی ئه‌و پرۆسێسه‌یه.
نامه‌یه‌ک بۆ نووسه‌ری گوتاری (یاده‌وه‌ری به ته‌نیشت رۆمانه‌وه)
تۆ چۆن له ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه گه‌یشتوویت؟
برای خۆشه‌ویستم، کاک که‌ریم کاکه!
ڕێم بده وه‌ک هاوپۆل و هاوڕێیه‌کی دێرینت سه‌ڵاو و خۆشه‌ویستیت بۆ بنێرم، هاوکات وه‌ک خوێنه‌رێکیش هه‌ندێک پرسیارت له‌باره‌ی ئه‌و گوتاره‌وه ئاڕاسته بکه‌م، که ئێستا له ژێر ناونیشانی (یاده‌وه‌ری به ته‌نیشت رۆمانه‌وه)، له (ده‌نگه‌کان)دا بڵاوت کردووه‌ته‌وه.(1) ڕه‌نگه وایش پێویست بکات پێشه‌کی هه‌ندێک سه‌رنج له‌باره‌ی مێتۆدی ئه‌م پرسیارانه‌مه‌وه بنووسم. وه‌ک خۆت ده‌زانیت تۆ باسی ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه‌ت کردووه، که من له ناوه‌ڕاستی هه‌شتاکانه‌وه خه‌ریکیم و تاکوو ئه‌مڕۆیش به‌شێکی گه‌وره‌ی ژیانمی داگیر کردووه. ده‌کرێت بڵێم له ڕۆژگاری ئاماده‌ییدا و به شێوه‌ی خۆڕسکانه ده‌ستم دایه گێڕانه‌وه‌ی بیره‌وه‌ری. هه‌وڵم دا تێکه‌ڵی خه‌یاڵی بکه‌م و له‌و ڕێگه‌یه‌وه ژیاننامه‌ی خۆم و ده‌وروبه‌ره‌که‌م بنووسمه‌وه. وه‌ک ده‌زانیت تا ئه‌م ساته‌یش وازم له‌و ستایڵه نه‌هێناوه و به شێوه‌ی جیاوازجیاواز درێژه‌ی پێ ده‌ده‌م.
له ماوه‌ی ئه‌و چه‌ند ساڵه‌ی ڕابوردوودا هه‌ر جارێ بابه‌تێکم خوێندبێته‌وه و هه‌ستم کردبێت پێویسته له‌باره‌یه‌وه پرسیار ئاڕاسته‌ی نووسه‌ره‌که‌ی بکه‌م، درێغیم نه‌کردووه، که له‌م ڕووه‌وه بوومه‌ته خاوه‌نی ئه‌زموونێکی باش و نایشارمه‌وه زۆر سوودم له‌م ئه‌زموونه‌م بینیوه.(2) بۆچی به مێتۆدی پرسیار ڕووبه‌ڕووی نووسه‌ران ده‌بمه‌وه؟ یه‌که‌م، بۆ ئه‌وه‌ی خۆم له‌وه دوور بگرم له‌باره‌ی هیچ شتێکه‌وه بڕیار ده‌ر بکه‌م، که پێم وایه ئه‌مه ته‌نیا دنیای نووسه‌ر بچووک ده‌کاته‌وه. دووه‌م، پرسیار نه‌ک ئازادی له نووسه‌ر ناستێنێته‌وه، به‌ڵکوو وای لێ ده‌کات ئازادیی خۆی له ڕووبه‌ری فراوانتردا پراکتیزه بکات. سێیه‌م، پرسیار پیرۆزی ناهێڵێت، مادام بۆی هه‌یه بگاته هه‌ر خاڵێکی ئه‌و ئۆبجێکت (بابه‌ت)ـه‌وه، که ڕووبه‌ڕووی ده‌بێته‌وه. به‌م شێوه‌یه ئێستا ئه‌م گوتاره‌ی تۆ له ئاستی ده‌سته‌ڵاتی پرسیاری منی خوێنه‌ردا خاوه‌نی هیچ کۆنترۆڵێک نییه، وه‌ک چۆن به‌رهه‌مه‌کانی من له ئاستی پرسیاری هه‌ر خوێنه‌رێکدا باڵانسی خۆیان له ده‌ست ده‌ده‌ن، ئه‌گه‌ر بیه‌وێت ڕووبه‌ڕوویان ببێته‌وه. مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه ته‌نیا پرسیار له ده‌ستی دێت دۆخی هه‌ر تێکستێک بگۆڕێت و ئه‌و به‌شانه‌ی ده‌ر بخات، که شاراوه‌ن. ده‌توانم بڵێم زۆربه‌ی تێیۆرێست و ڕه‌خنه‌سازه گه‌وره‌کانی ئه‌م په‌نجا شه‌ست ساڵه‌ی ڕابوردوو له‌سه‌ر ئه‌وه ڕێکن، که خوێنه‌ر ئێڵه‌مێنت (ڕه‌گه‌ز)ێکی ئاکتیڤ و گرنگه و پێوه‌ندیی ناوه‌کیی به تێکسته‌وه هه‌یه، به ڕاده‌یه‌ک هه‌یانه ده‌یخاته سه‌رووی نووسه‌ره‌وه، وه‌ک لای (رۆڵان بارت)دا ده‌یبینین. دیاره هیچ شتێک ڕێمان لێ ناگرێت له‌باره‌ی هه‌ر بابه‌تێکه‌وه بنووسین و ڕه‌خنه‌ی لێ بگرین، ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت و به پێویستی بزانین، به‌ڵام پێم وایه مێتۆدی پرسیاری ڕووبه‌ڕووی له‌م شێوه‌یه کاریگه‌ریی زیاتری هه‌یه. له‌م ڕووه‌وه هه‌وڵم داوه به وردی بدوێم، بۆ نموونه ده‌کرێت له گوتاری (کارزان ڕه‌حمان و من به ئاڕاسته‌ی دایه‌ڵۆگدا)(3) و نامیلکه‌ی (ئه‌رده‌ڵان عه‌بدولڵا و من له کازینۆی منداڵاندا)دا بۆچوونه‌کانم بخوێنیته‌وه، که تێیاندا به شێوازی خۆم ڕووبه‌ڕووی بڕیاره‌کانیان بوومه‌ته‌وه، هاوکات سیماکانی ڕه‌خنه‌ی میلـلی و زمانی ڕۆژانه‌م پێشان داون.(4) واته ده‌رم خستووه ڕه‌خنه‌گری میلـلی چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ تێکستدا ده‌کات و چۆن بۆ ئاستی میلـلی دای ده‌گرێت، به‌و مه‌به‌سته‌ی سه‌ری لێ ده‌ر بچێت و به پێوه‌ری (چاکه‌وخراپه) هه‌ڵی بسه‌نگێنێت، ئه‌و پێوه‌ره‌ی پێوه‌ندیی ڕاسته‌وخۆی به مۆراڵه‌وه هه‌یه و لانی که‌م له‌گه‌ڵ ده‌رکه‌وتنی به‌رهه‌مه‌کانی (نیتشه)دا له کار که‌وتووه. به‌ڵێ، ئه‌و پێوه‌ره له‌سه‌ر ئاستی فه‌لسه‌فیدا تێک شکاوه و به‌سه‌ر چووه، چجای له ئاستی میللی‌دا، که ئه‌مڕۆ ڕه‌خنه‌گری میللیی ئێمه ده‌ستی پێوه گرتووه. نایشارمه‌وه پرسیاره‌کانم دیسپۆتیکن، واته دڵڕه‌ق و توندوتیژن، که له لایه‌ک سروشتی پرسیار وایه، له لایه‌کی تریشه‌وه پێوه‌ندیی به‌وه‌وه هه‌یه ده‌مه‌وێت بۆ قووڵایی ئاڕاسته بن و توانای تێپه‌ڕاندنیان هه‌بێت. به‌م شێوه‌یه هه‌ر گفتوگۆیه‌ک دابمه‌زرێنم، تێیدا مه‌به‌ستی سه‌ره‌کیم ئه‌و ئۆبجێکته‌یه، که له‌باره‌یه‌وه پرسیار ده‌که‌م، نه‌وه‌ک ئه‌و سه‌بجێکته‌ی خاوه‌نیه‌تی. به مانایه‌کی دیکه ژیانی نووسه‌ر هیچ پێوه‌ندیی به‌م پرسیارانه‌وه نییه، به‌ڵکوو تێپه‌ڕاندنی ئاستی ئه‌و ئۆبجێکته له ڕێگه‌ی دایه‌ڵۆگه‌وه، ئامانجه‌که‌یه. وه‌ک چۆن ڕێ به خۆم ده‌ده‌م له‌باره‌ی هه‌ر بابه‌تێکه‌وه پرسیار بکه‌م و سه‌رنج بنووسم، ئاوایش به مافی خوێنه‌ری ده‌زانم له‌باره‌ی هه‌ر وشه‌یه‌که‌وه به پرسیار ڕووبه‌ڕووم ببێته‌وه. به‌وه‌یش ڕا هاتووم دوای پرسیاره‌کانم یه‌ک دوو پێشنیاز ده‌خه‌مه به‌رچاوانه‌وه، که له‌گه‌ڵ تۆی ئازیزیشدا ئه‌مه‌م پێڕۆیی کردووه. دووباره‌ی ده‌که‌مه‌وه له ڕێز و خۆشه‌ویستی زیاترم بۆت نییه، به‌ڵام ئه‌مانه پرسیاره‌کانمن:
نووسیوته: (دوور نیه تۆش تووشی كتێبێكی وا بووبیت، كتێبێك تێدامابیت داخوا رۆمانه یان یاده‌وه‌ری).
ئایا لای تۆ ڕۆمان و یاده‌وه‌ری دوو کایه‌ی جیاوازن؟ ئایا تۆ ده‌زانیت یاده‌وه‌ری، به عه‌ره‌بی (ذاکره) و به ئینگلیزی (Memory)یه؟ ئه‌گه‌ر وایه چۆن ده‌نووسیت: (هه‌رچی یاده‌وه‌رییه وه‌ك هه‌ر ده‌قێكیتری ئه‌ده‌بی ده‌قه)؟ ئایا یاده‌وه‌ری ده‌قه؟ ده‌قی ئه‌ده‌بییشه؟ ده‌کرێت لێت بپرسم یاده‌وه‌ری لای تۆ چییه و له پرۆسێسی گێڕانه‌وه‌دا چ ئه‌رکێکی هه‌یه؟ ده‌ق به چی تێده‌گه‌یت؟ به چی ده‌گوترێت ده‌ق؟ ده‌توانیت نموونه‌م لای ئه‌و فیلۆسۆف و ڕه‌خنه‌سازانه‌دا بۆ بهێنیته‌وه، که له‌باره‌ی ده‌قه‌وه نووسیویانه؟ ئه‌گه‌ر ده‌ق وه‌ک (پۆل ریکۆر) به‌شێکی ژیانی بۆ تێگه‌یشتنی ته‌رخان کردبێت و له کتێبی (له تێکسته‌وه بۆ کردار: From Text to Action)دا بڵێت: (دیسکۆرسێکه به هۆی نووسینه‌وه داڕێژراوه: a discourse fixed by writing)، ئایا یاده‌وه‌ری ئه‌وه‌یه؟ ئاخۆ یاده‌وه‌ری ڕه‌گه‌زێکی گرنگه له پێکهێنانی تێکستدا، یان هه‌ر خۆی تێکسته؟ ده‌توانیت له‌م ڕووه‌وه به ئاره‌زووی خۆت ته‌نیا یه‌ک نموونه‌م له ئه‌ده‌بی کوردی، یان له ئه‌ده‌بی ده‌ره‌وه‌دا بۆ بهێنیته‌وه؟ له بیرته کاتێ له قۆناغی سه‌ره‌تایی بووین، یه‌کێ له قوتابییه‌کان فیکه‌یه‌کی لێ ده‌دا و له هاوپۆله‌که‌ی ده‌پرسی، ئه‌گه‌ر تۆ زیره‌کیت، ده‌توانیت ئه‌مه بنووسیته‌وه؟ له بیرته ئه‌ویش پێده‌که‌نی و ده‌یگوت: فیکه نانووسرێته‌وه؟(5)
نووسیوته: (چه‌مكی یاده‌وه‌ری له چه‌مكی یاداشت جیاده‌كه‌مه‌وه).
بۆچی، برای ئازیزم، پێت وایه هیچ که‌سێک هه‌یه ئه‌وانه‌ی تێکه‌ڵ کردبێت، یان له یه‌کدیی جوودا کردبنه‌وه؟ مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه هیچ نووسه‌رێک هه‌یه له‌م دنیایه‌دا خۆی به کارێکی واوه خه‌ریک بکات و بڵێ چه‌مکه‌کانی یاده‌وه‌ری و یاداشت پێکه‌وه ده‌به‌ستمه‌وه، یان جوودایان ده‌که‌مه‌وه؟ ئایا ئه‌گه‌ر هه‌ر یه‌ک له (ڤلادیمه‌یر پروپ)، (بارت)، (تۆدۆرۆڤ)، (ئیکۆ)، (جیرار جینێت)، (پۆل ڕیکۆر) و ئه‌وانه‌ی دیکه کاری وایان کردووه، ده‌توانیت سه‌رچاوه‌کانم بۆ بنووسیت؟ ئه‌رێ یاده‌وه‌ری هه‌ر خۆی به‌شێک نییه له پرۆسێسی گێڕانه‌وه؟ ئایا یاداشت خۆیشی به که‌ناڵێکی ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه دانانرێت؟ باشه، هه‌ر له ڕووی تێرمێنۆڵۆجییشه‌وه (یاداشت) مانای (بیره‌وه‌ری) نییه؟ ئه‌گه‌ر وایه، چۆن یاده‌وه‌ری شتێکه له یاداشت، یان با بڵێین له بیره‌وه‌ری جوودا ده‌کرێته‌وه؟ ده‌توانم بپرسم تۆ بۆچی یاده‌وه‌ری له یاداشت جوودا ده‌که‌یته‌وه و به چ تیۆرییه‌کی ڕه‌خنه‌یی پشتقایمیت؟ ده‌کرێت که‌سێک به‌بێ یاده‌وه‌ری یاداشت تۆمار بکات؟ ئایا له‌گه‌ڵ ده‌رکه‌وتنی به‌رهه‌مه‌کانی هه‌ر یه‌ک له (فرۆید)، (هێنری برگسۆن) و (هایدیگه‌ر)دا یاده‌وه‌ری نه‌بووه گرنگترین ئێڵه‌مێنتی ئه‌ده‌ب به‌گشتی و ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه به‌تایبه‌تی؟ ئایا هه‌ر بۆ نموونه هه‌ردوو چه‌مکی (دیوره‌یشن: Duration) و (ئینتیوه‌یشن: Intuition)ی (هێنری برگسۆن)، واته (به‌رده‌وامی) و (حه‌دس)، ئاڕاسته‌ی ئه‌ده‌ب و هونه‌ریان ته‌واو نه‌گۆڕی؟ ده‌توانیت له‌م ڕووه‌وه هه‌وڵه‌کانی (فرۆید) و (هایدیگه‌ر) فه‌رامۆش بکه‌یت؟ ئایا بۆ نموونه به‌رهه‌مه‌کانی (جۆیس) و (فۆکنه‌ر)ت له بیر نین، که چۆن به شێوه‌ی جیاوازتر له نووسه‌رانی پێشوو کار به یاده‌وه‌ری ده‌که‌ن؟ ئایا تابلۆی (جه‌ختکردنه‌وه‌ی یاده‌وه‌ری: The Persistence of Memory)ی (سه‌لڤادۆر دالی)ت نایه‌ته‌وه به‌رچاو؟ دیسان ده‌پرسم تۆ له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ک یاده‌وه‌ری له یاداشت جوودا ده‌که‌یته‌وه؟ ئایا هیچ هێزێک هه‌یه ئه‌و دووانه له یه‌کدی جوودا بکاته‌وه؟ ئه‌رێ چه‌مکی (شه‌پۆلی هۆش) که‌ی و له کوێ سه‌ری هه‌ڵدا، چۆن گه‌شه‌ی کرد، که پێوه‌ندیی ڕاسته‌وخۆی به یاده‌وه‌رییه‌وه هه‌یه؟ ئێتمۆسفێری ڕۆمانی (گه‌ڕان به دوای کاتی ونبوودا)ی (مارسێل پرۆست)ت نایه‌ته‌وه به‌رچاو؟ تۆ بڵێی ئه‌وه ڕێکه‌وت بێت (تۆماس ئیڵیه‌ت) له دوای شه‌ڕی یه‌که‌می گێتییه‌وه و له سه‌ره‌تای (خاکی وێران)دا پێ له‌سه‌ر (یاده‌وه‌ری) داده‌گرێت؟ چه‌مکێکی وا بۆ ئه‌وه‌یه نووسه‌ر کاری نوێ و جیاوازی پێ بکات، یان بڵێ له یاداشتی داده‌بڕم؟ ئایا ئه‌گه‌ر تۆ هه‌ر له بنه‌ڕه‌ته‌وه گوتاره‌که‌تت له‌سه‌ر سێ پایه‌دا هه‌ڵچنیبێت، که هه‌رسێکیانت به هه‌ڵه به کار هێنابێت، ڕێی تێ ده‌چێت شتی نوێ و کاریگه‌رت به ده‌سته‌وه دابێت؟ ئایا ده‌کرێت نووسه‌ر به‌م زمان و تێگه‌یشتنه گوتار له‌باره‌ی ئه‌و چه‌مکانه‌وه بنووسێت، که لینکیان له‌ناو فه‌لسه‌فه، لینگویستیک و کۆمه‌ڵێک کایه‌ی تردا هه‌یه و له‌سه‌ر پرۆبله‌ماتیکی گه‌وره دامه‌زراون؟ ئایا زمانی میلـلی ده‌ره‌قه‌تی بابه‌تی وا دێت؟ نووسه‌رێکی گه‌وره‌ی ئه‌م دنیایه ده‌ناسیت به زمانی میلـلی باسی یه‌ک چه‌مکی کردبێت؟ ئایا زمانی میللی بۆ تێکشکان و تێپه‌ڕاندنه، یان بۆ به به‌کارهێنان وه‌ک ئه‌وه‌ی تۆ کردووته؟
نووسیوته: (دیاره قسه له‌و یاده‌وه‌ریانه‌یه كه به گۆته‌ی گۆتیاران بێت هێند له رۆمان نزیكبوونه‌ته‌وه، ده‌ستی هونه‌ركاری تخووبی نێوانیانی سڕیوه‌ته‌وه).
ده‌کرێت ناوی یه‌کێ له‌و گوتیارانه‌م پێ بڵێیت، که گوتوویانه یاده‌وه‌ری له ڕۆمان نزیک بووه‌ته‌وه، یان دوور که‌وتووه‌ته‌وه؟ ئایا هێشتا سووریت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی یاده‌وه‌ری به ده‌ق بزانیت و له یاداشتی جوودا بکه‌یته‌وه، که هاوکاتیش پێت وایه هه‌ر ئه‌و یاده‌وه‌رییه له ڕۆمان نزیک ده‌بێته‌وه؟ هێشتا ده‌ڵێیت یاده‌وه‌ری له یاداشت جوودا ده‌کرێته‌وه، یان پێکه‌وه ده‌به‌سترێنه‌وه؟ مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه ئایا ئه‌م پرۆسێسه بنه‌مای هه‌یه و مرۆڤ ده‌توانێت ئه‌و دووانه له یه‌کدی جوودا، یان نزیک بکاته‌وه؟ ئایا تۆ دوای چاپکردنی کۆمه‌ڵێک کتێب له بواری ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه‌دا و له‌م سه‌رده‌مه‌ی سه‌رچاوه‌کان به ئاسانترین شێوه ده‌گه‌نه ده‌ستت، بگره وه‌ک (دۆڵۆز) ده‌ڵێت ده‌یانه‌وێت ناچارت بکه‌ن بێیته ده‌نگ؛ هێشتا له نووسینی گوتاردا پشت به (گوته‌ی گوتیاران) ده‌به‌ستیت؟ (گوته‌ی گوتیاران)، ئازیزم؟ ئایا جیاوازییه‌کی گه‌وره له نێوان ئه‌ده‌بی فۆلکلۆر و ئه‌ده‌بی تاکدا نییه؟ باشه، (گوته‌ی گوتیاران) ئه‌گه‌ر له بواری کۆکردنه‌وه‌ی شیعر و هه‌قایه‌تی فۆلکلۆریدا نرخی هه‌بێت، له ڕه‌خنه و لێکۆڵینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بیدا ڕۆڵێکی ده‌مێنێت؟ تۆ گوته‌ی گوتیاران کۆ ده‌که‌یته‌وه، یان له‌باره‌ی چه‌مکه‌کانی ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه‌وه ده‌نووسیت، که هه‌ر یه‌که‌یان بگریت پێویستی به لێکۆڵینه‌وه‌ی چڕ و کاتی زۆر هه‌یه؟ {دیاره مه‌به‌ستم له بواری ئه‌نترۆپۆلۆجیا نییه، که بۆ نموونه (کلود لیڤی شتراوس) له ڕێگه‌ی ڕاڤه‌کردنی ده‌قی فۆلکلۆرییه‌وه هه‌وڵی گه‌وره‌ی بۆ خوێندنه‌وه‌ی تاک و که‌لتووری جۆراوجۆر داوه و قوتابخانه‌که‌ی به (Structural Anthropology) ناسراوه}. به‌کورتی مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه ئه‌م زمانه‌ی پێت نووسیوه نه‌ک له زمانی حه‌فتاکان و هه‌شتاکان، به‌ڵکوو له هیی سییه‌کان و چله‌کانیشی تێ په‌ڕاندووه؟ پێت وایه ڕسته‌ی له شێوه‌ی (ده‌ستی هونه‌ركاری تخووبی نێوانیانی سڕیوه‌ته‌وه)، هیچ هێزێکی ئێستاتیکیی تێدا بێت و بتوانێت شتێک بخاته سه‌ر ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ی خوێنه‌ری زۆر سه‌ره‌تایی هه‌یه‌تی؟ ئایا ئه‌مه که‌موزۆر له‌گه‌ڵ چێژی خوێنه‌ری ئه‌مڕۆدا دێته‌وه؟ ئایا پێت وایه هیچ که‌سێک، به چاوپۆشین له ئاستی تێگه‌یشتنی، له نووسینی ڕسته‌یه‌کی وادا په‌کی بکه‌وێت؟ ئه‌رێ بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤ ڕسته‌ی له‌م شێوه‌یه بنووسێت، پێویستی به‌وه هه‌یه چوار دێڕ له هیچ کتێبێک‌دا بخوێنێته‌وه؟
نووسیوته: (یاداشت هه‌موو ئه‌و یاداشتانه ده‌گرێته‌وه به زمانی ره‌ق و ته‌ق، یان به زمانی سیاسه‌ت و مێژوو، دوور له هونه‌ری گێڕانه‌وه و هونه‌ركاری نووسراون).
ئایا کاتێ پێناسه‌ی بابه‌ت (ئۆبجێکت)ێک ده‌که‌ین، نابێت خودی بابه‌ته‌که له کۆنتێکست (سیاق)ی خۆی دوور بخه‌ینه‌وه و بیهاوێینه کۆنتێکستی دیکه‌وه، تاکوو له ئه‌نجامدا مانای نوێمان بۆ ده‌ر بکه‌وێت، که به هۆی ئه‌و مانا نوێیانه‌وه له خودی بابه‌ته پێناسه‌کراوه‌که ده‌گه‌ین؟ ئه‌گه‌ر وایه، چۆن ده‌نووسیت (یاداشت هه‌موو ئه‌و یاداشتانه ده‌گرێته‌وه)؟ ئایا ئێمه ئه‌گه‌ر نه‌مانزانیبێت یاداشت چییه و تۆ به نیاز بیت پێمانی بڵێیت، چۆن ده‌کرێت خۆی به خۆی پێناسه بکه‌یت؟ چۆله‌که چییه؟ چۆله‌که هه‌موو ئه‌و چۆله‌کانه‌ن، که چۆله‌که‌ن. ئایا ئه‌مه پێناسه‌ی چۆله‌که‌یه؟ ئایا ده‌بێت دوای ئه‌وه بڵێیت من چۆله‌که له فڕین جوودا ده‌که‌مه‌وه؟ کاتێکیش لێت بپرسن بۆچی، تۆ بڵێیت چونکه چۆله‌که خراپ ده‌فڕێت؟ ئایا له‌م حاڵه‌دا تۆ هیچ شتێکت له‌باره‌ی چۆله‌که‌وه پێ گوتووین و ئێمه زانیومانه ئه‌وه چ بوونه‌وه‌رێکه، تا له جۆری فڕینی ده‌عبایه‌کی وه‌ها تێبگه‌ین؟ (دلێر ڕه‌سووڵ)ی هاوڕێمان، یاریکه‌ری ناسراوی باسکیتبۆڵ، له ساڵی حه‌فتاونۆ، که ئه‌وده‌م گه‌یشتبووینه سێیه‌می ناوه‌ندی، له‌و ستادیۆمه‌ی هه‌ولێردا ئه‌م نوکته‌یه‌ی بۆ گێڕاینه‌وه: (کابرایه‌ک به‌رده‌وام ده‌ڵێت پرته‌قاڵ خۆشه. له کوێ وا ده‌ڵێت؟ لای ئه‌وانه‌ی هه‌رگیز پرته‌قاڵیان نه‌دیوه. ڕۆژێکیان منداڵێک ده‌پرسێت: ئه‌رێ، مامه، ئه‌و پرته‌قاڵانه‌ی به‌رده‌وام باسیان ده‌که‌یت، چۆنن؟ ئه‌ویش ده‌ڵێت: ئه‌و پرته‌قاڵانه هه‌ر یه‌که‌ی هێنده‌ی پرته‌قاڵێکه، ڕۆڵه… توومه‌ز کابرا ته‌نیا ناوی پرته‌قاڵی بیستووه…. با گوته‌کانمان سه‌رتاپێیان جیددی نه‌بن، به‌ڵکوو نوکته‌یشیان تێ بکه‌وێت، که هه‌ردووکمان کوڕی گه‌ڕه‌کی نوکته‌ین! هه‌رچه‌ند پێم وایه نوکته لووتکه‌ی جیددییه‌ته وه‌ک لای فرۆیددا ده‌یبینین).
ئه‌وه گریمان (یاداشت هه‌موو ئه‌و یاداشتانه ده‌گرێته‌وه)، به‌ڵام (زمانی ره‌ق و ته‌ق) چییه؟ کام له‌و ڕه‌خنه‌ساز و زمانناسانه‌ی له‌باره‌ی ئه‌ده‌به‌وه نووسیویانه، به‌م شێوه‌یه له زمان دواون؟ زمانی ئه‌م گوتاره‌ت تا چه‌ند به فلێکسه‌بڵ ده‌زانیت؟ تا چه‌ند زمانێکه توانای جووڵه‌ی هه‌یه و ئاڕاسته‌ی نوێ ده‌دۆزێته‌وه؟ بۆچی پێت وایه (یاداشت هه‌موو ئه‌و یاداشتانه ده‌گرێته‌وه به زمانی ره‌ق و ته‌ق، یان به زمانی سیاسه‌ت و مێژوو، دوور له هونه‌ری گێڕانه‌وه و هونه‌ركاری نووسراون)؟
ده‌توانی یه‌ک نووسه‌ری ئه‌م دنیایه‌م پێ بڵێیت له نووسیندا پشتی به یاداشت نه‌به‌ستبێت؟ ئایا هه‌ر بۆ نموونه چی به یاداشته‌کانی (ناوی گوڵ) و (دوڕگه‌ی ڕۆژی پێشوو)ی (ئۆمبێرتۆ ئیکۆ) ده‌ڵێیت؟ زمانی ڕه‌قوته‌قن؟ ئایا کتێبی (ترس و برووسکه)ی (سۆرێن کیه‌کاگۆرد: Søren Kierkegård)ی تیۆلۆجن و فیلۆسۆف زمانێکی ڕهقوتهقی هه‌یه؟ ئایا ئه‌ویش بیره‌وه‌ری نییه، به‌ڵام له فۆرمی فه‌لسه‌فیدا دایڕشتوونه‌ته‌وه؟ ده‌کرێت واز له‌مانه بهێنیت و باسی خۆتمان بۆ بکه‌یت، ئاخۆ پشتت به یاداشت نه‌به‌ستووه؟ (زمانی سیاسه‌ت و مێژوو) چییه، چاوه‌کانی من؟ ئایا ئه‌وانه‌یش دوو چه‌مکی گه‌وره‌ی دنیای فکر نین و ده‌یان فیلۆسۆف و ڕه‌خنه‌سازیان به خۆیانه‌وه خه‌ریک نه‌کردووه؟ ئایا ساده‌ییه‌که له خودی ئه‌و چه‌مکانه‌دایه، یان له به‌کارهێنانیاندا؟ ده‌توانیت ناوی یه‌ک داهێنه‌رم پێ بڵێیت خۆی له‌و دوو چه‌مکه نه‌دابێت؟ هه‌ر بۆ نموونه له بواری فه‌لسه‌فه‌دا (فۆکۆ) و له بواری ئه‌ده‌بدا (جۆرج ئۆرێڵ)ت له خه‌یاڵ نییه؟ ئایا (هیگڵ)، (مارکس)، (ماکس ڤیبه‌ر)، (گرامشی) و زۆری دیکه‌یشمان نین؟ له پێش ئه‌وانیشه‌وه ده‌یانی وه‌ک (پلاتۆ) و (ئه‌ریستۆ)ت ناکه‌وێته‌وه خه‌یاڵ؟ ئه‌رێ زمانی ئه‌وانه ڕه‌قوته‌قه؟ ئایا یاده‌وه‌ریت ناوی ڕۆمانی (1984)ی (ئۆرێڵ)ی بۆ هه‌ڵنه‌گرتوویت؟ هونه‌ری گێڕانه‌وه چییه؟ ده‌توانیت پێناسه‌یه‌کی ئه‌و چه‌مکه بکه‌یت؟ کێن ئه‌وانه‌ی ده‌توانن پێمان بڵێن ئه‌و هونه‌ره له چ تێکستێکدا هه‌یه و له چ تێکستێکیشدا نییه؟ ئایا ئه‌وانه پێویسته له بواری ئه‌ده‌ب و فکردا شاره‌زا بن و به‌شێکی زۆری کاتی خۆیانیان بۆ ته‌رخان کردبن، یان هه‌ر که‌سێک ده‌توانێت کاری وا بکات، هه‌تا ئه‌گه‌ر نه دوور و نه نزیک ئاگای له ناراتۆلۆگی (زانستی گێڕانه‌وه) هه‌بێت؟ به چی ئه‌و شاره‌زاییه بناسینه‌وه؟ تۆ خۆت ئه‌و شاره‌زاییه‌ت هه‌یه و له‌م گوتاره‌تدا ده‌رت خستووه؟
نووسیوته: (ئه‌و جۆره یاده‌وه‌ریانه له ناو كورد ناڵێم نیه، چونكێ پێڕانه‌گه‌یشتووم هه‌رچی هه‌یه بیخوێنمه‌وه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌شبێ زۆر ده‌گمه‌نه، بۆیه ده‌بێت له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ده‌بیاتی كوردی ئه‌و یاده‌وه‌ریانه بخوێنینه‌وه). کام یاده‌وه‌رییه له‌ناو کورددا نییه؟ چۆنت بۆ ده‌رکه‌وت ئه‌و یاده‌وه‌رییانه له‌ناو کورددا نین؟ ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ئه‌وه ڕێک بکه‌وین یاده‌وه‌ری میمۆرییه و میمۆرییش یاده‌وه‌رییه، ئایا یاده‌وه‌ری له‌ناو کورددا نییه؟ ئایا مرۆڤ، یان کۆمه‌ڵگه هه‌یه میمۆریی نه‌بێت؟ ده‌توانیت له گوتارێکی سه‌ربه‌خۆدا پێمان بڵێیت (له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ده‌بیاتی كوردی ئه‌و یاده‌وه‌ریانه) چۆنن؟ ده‌توانم وه‌ک خوێنه‌رێک داوات لێ بکه‌م ته‌نیا یه‌ک نموونه‌م له ئه‌ده‌بی ده‌ره‌وه‌ی کورددا بۆ بهێنیته‌وه، مادام خۆت گوتووته ده‌بێت ئه‌وه بکرێت؟ یان ئه‌گه‌ر پێشتر گوتاری له‌م شێوه‌یه‌ت هه‌یه، ده‌توانیت سه‌رچاوه‌که‌یم پێ بڵێیت؟(6)
نووسیوته: (به پرسیارێكه‌وه ده‌چمه نێوان قسان و به ده‌وری ناونیشانی بابه‌ته‌كه ده‌سووڕێمه‌وه و هه‌وڵی لێ نزیكبوونه‌وه‌ی ده‌ده‌م: داخوا ده‌قێكی دیاریكراو هه‌یه هه‌م رۆمان بێ هه‌م یاده‌وه‌ری؟).
ئایا ئه‌گه‌ر نووسه‌رێکی دیکه پێی بگوتیتایه تۆ به ده‌وری ناونیشاندا ده‌سووڕێیته‌وه، هه‌ستت نه‌ده‌کرد تۆمه‌تی خستووه‌ته پاڵت؟ ئه‌مه زمانی نووسینه؟ بۆ ده‌پرسیت (داخوا ده‌قێكی دیاریكراو هه‌یه هه‌م رۆمان بێ هه‌م یاده‌وه‌ری)؟
ئایا هیچ تێکستێک، به چاوپۆشین له‌وه‌ی چۆنه و چییه، ده‌کرێت به‌بێ یاده‌وه‌ری بێته کایه‌وه؟ ئایا (باشلا‌ر)ی فیلۆسۆفت له بیر چوو، که ته‌نانه‌ت پێی وایه زانستیش یاده‌وه‌ری ڕای گرتووه، ده‌نا له ناو ده‌چێت؟ ئه‌رێ تۆ تاکوو ئێستایش پێت وایه ڕۆمان شتێکه و یاده‌وه‌ری شتێکی دیکه‌یه؟ باشه، نه‌مانگوت یاده‌وه‌ری به‌شێکی گه‌وره‌ی ڕۆمان و هه‌ر جانره‌یه‌کی تره؟
نووسیوته: (له به‌رایی ده‌ڵێم قسه‌ی من له‌وه نیه رۆمان تا كوێ كه‌لك له یاده‌وه‌ری وه‌رده‌گرێ، یان یاده‌وه‌ری تا چه‌ند باڵ به سه‌ر پانتایی رۆمان‌دا ده‌كێشێ).
ئه‌رێ تۆ له بیرت چوو، که یاده‌وه‌ریت له یاداشت جوودا کرده‌وه؟ ئه‌گه‌ر وایه چۆن ڕۆمان که‌ڵکی لێ وه‌رده‌گرێت و باڵ به‌سه‌ر پانتاییه‌که‌یدا ده‌کێشێت؟ ئایا ڕۆمانیش یاداشت نییه؟ ئه‌گه‌ر یاداشت نییه، ده‌توانیت بڵێیت چییه؟ ئه‌رێ ڕۆمان به مانا هه‌ره ساده‌که‌ی یاداشتی کۆمه‌ڵێک کاره‌کته‌ر نییه، که له یاده‌وه‌ریی خۆیاندا پاراستوویانه و له ڕێی ته‌کنیکه‌کانی گێڕانه‌وه‌وه به خوێنه‌ر ده‌گه‌ن؟ ئایا تۆ (یاده‌وه‌ری)ت به چاکی و له شوێنی خۆیدا به کار هێناوه، تاکوو پێمان بڵێیت ڕۆمان که‌ڵکی لێ وه‌ر ده‌گرێت، یان نا؟ ئایا نه‌ک ڕۆمان، به‌ڵکوو هیچ جانره‌یه‌کی دیکه هه‌یه به‌بێ یاده‌وه‌ری دروست ببێت؟ که‌واته گرنگیی ئه‌و پرسیاره‌ی تۆ له کوێدایه؟ ئه‌گه‌ر یه‌کێ ئه‌مه‌ت بۆ بنووسێت: (له به‌رایی ده‌ڵێم قسه‌ی من له‌وه نیه چۆله‌که تا كوێ كه‌لك له فڕین وه‌رده‌گرێ، یان فڕین تا چه‌ند باڵ به سه‌ر پانتایی چۆله‌که‌دا ده‌كێشێ)، چیی پێ ده‌ڵێیت؟ ئه‌گه‌ر ڕۆژگارێک یه‌کێ له‌و نووسه‌ره لاوانه لێت بپرسێت، کاک که‌ریم، تۆ وه‌ک نووسه‌رێکی ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه، که ئه‌زموونت هه‌یه، ده‌توانیت به کورتی پێناسه‌یه‌کی ڕۆمانم بۆ بکه‌یت؛ چ وه‌ڵامێکی ده‌ده‌یته‌وه؟ ئاخۆ پێی ده‌ڵێیت ڕۆمان چییه؟ پێی ده‌ڵێیت بۆ ئه‌م گوتاره‌ت بگه‌ڕێته‌وه؟
نووسیوته: (قسه‌ی من له‌وه‌یه تا چه‌ند یاده‌وه‌ری وه‌ك ژانرێكی ئه‌ده‌بی له ناو رۆمان كه ژانرێكیتره ده‌توێته‌وه و وه‌ك ژانرێكی جیا نامینێته‌وه، له قسان خۆی له ده‌ستده‌دات، یان تێكه‌ڵ نابێت و خۆی ده‌پارێزێت.).
ئه‌گه‌ر نووسه‌رێکی دیکه ئه‌م په‌ره‌گرافه بنووسێت، تۆ هه‌ست ده‌که‌یت وشه‌کان به چاکی ده‌ربڕاون؟ ئه‌گه‌ر خودی نووسین دروستکردنی جیاوازی بێت، وه‌ک (دێریدا) پێی له‌سه‌ر داده‌گرێت، ئایا له گوتاره‌که‌تدا به‌گشتی و له‌م په‌ره‌گرافه‌تدا به‌تایبه‌تی هیچ جیاوازییه‌ک به دی هاتووه؟ شتێکی له زمانی ڕۆژانه (Vulgar language) تێ په‌ڕاندووه؟ ئایا هێشتا سووریت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی بڵێیت یاده‌وه‌ری ژانره و ژانرێکی سه‌ربه‌خۆیشه؟ ده‌کرێت پێم بڵێت چۆن ژانرێکه، دروستتر چۆن جانره (genre)یه‌که؟ له بیرته پێشتر گوتت یاده‌وه‌ری تێکسته؟ ئه‌رێ یاده‌وه‌ری جارێک تێکسته و جارێکی دیکه له‌وه‌یش دوورتر ده‌ڕۆیت و ده‌یکه‌یته ژانر؟ ده‌کرێت له‌م ڕووه‌وه ته‌نیا یه‌ک نموونه‌م بۆ بهێنیته‌وه؟ کامیانه؟ تێکسته، یان جانره‌یه؟ مادام قسه‌ت له‌وه‌یه (تا چه‌ند یاده‌وه‌ری وه‌ك ژانرێكی ئه‌ده‌بی له ناو رۆمان كه ژانرێكیتره ده‌توێته‌وه و وه‌ك ژانرێكی جیا نامینێته‌وه، له قسان خۆی له ده‌ستده‌دات، یان تێكه‌ڵ نابێت و خۆی ده‌پارێزێت)، بۆچی وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی خۆتت نه‌داوه‌ته‌وه؟ ده‌توانم داوات لێ بکه‌م له گوتارێکی سه‌ربه‌خۆدا وه‌ڵامی بده‌یته‌وه؟ ئایا هه‌ر به‌گشتی ئه‌م په‌ره‌گرافه هیچ شتێکی نوێمان پێ ده‌ڵێت؟ پرسیارێکمان لا ده‌ورووژێنێت؟ ئایا (خۆی له ده‌ستده‌دات، یان تێكه‌ڵ نابێت و خۆی ده‌پارێزێت)؟ ئه‌رێ ئه‌م پرسیاره گرنگه، که کردووته؟ ئایا ئه‌و په‌ره‌گرافه له ئه‌نجامی وردبوونه‌وه و پرسیاره‌وه هاتووه‌ته کایه‌وه، یان بۆ ئه‌وه‌یه شتێک له‌باره‌ی ڕۆمان، یاداشت و یاده‌وه‌رییه‌وه بنووسرێت؟ ئه‌رێ تۆ پێشتر نه‌تگوت ئه‌وانه جیاوازن؟ ئه‌دی ئه‌و پرسیاره بۆچی، مادام هه‌ر له بنه‌ڕه‌ته‌وه جوودات کردوونه‌ته‌وه؟
نووسیوته: (ئه‌وه‌ی رۆمان و یاده‌وه‌ری لێكنزیك ده‌كاته‌وه هه‌ندێ ره‌گه‌ز و ته‌كنیكن).
ئه‌دی بۆچی باسی ئه‌و ڕه‌گه‌ز و ته‌کنیکانه‌ت بۆ نه‌کردووین؟ ده‌کرێت له داهاتوودا ئه‌و ڕه‌گه‌ز و ته‌کنیکانه‌مان بۆ باس بکه‌یت؟ ئه‌گه‌ر هه‌ر له بنه‌ڕه‌ته‌وه یاده‌وه‌ری جانره نه‌بێت، به‌ڵکوو مه‌له‌کووتی خه‌یاڵ بێت و به به‌شێکی جوودانه‌کراوه‌ی پرۆسێسی گه‌یاندن و گێڕانه‌وه دابنرێت، (وه‌ک پێشتر من گوتم، نه‌وه‌ک تۆ)، چۆن هه‌ندێک ڕه‌گه‌ز و ته‌کنیک له ڕۆمانی نزیک، یان دوور ده‌که‌نه‌وه؟ بۆ هیچ کاتێک هه‌بووه لێی جوودا بووبێته‌وه، تاکوو ئێستا هه‌ندێک ڕه‌گه‌ز و ته‌کنیک لێی نزیک بکه‌نه‌وه؟(7) ئایا هیچ جووڵه‌یه‌ک به‌بێ یاده‌وه‌ری ده‌کرێت؟ هیچ وشه‌یه‌ک به‌بێ یاده‌وه‌ری ده‌گوترێت؟ مادام هه‌بوونی مرۆڤی بێیاده‌وه‌ری مه‌حاڵه و ڕۆمانیش وه‌ک هه‌ر جانره‌یه‌کی دیکه به‌رهه‌می خه‌یاڵ و بیرکردنه‌وه‌ی ئه‌و مرۆڤه‌یه، ئه‌م گوته‌یه‌ی تۆ بنه‌مای هه‌یه؟ ئه‌گه‌ر پێت بڵێم یه‌ک ده‌نک له‌مه ناگه‌م، گوناهی منی خوێنه‌ره، یان هیی تۆی نووسه‌ر؟
نووسیوته: (تۆ چاودێ زمانی یاده‌وه‌ری نه زمانی مێژووه نه زمانی سیاسه‌ت، رێك زمانی رۆمانه، زمانێكه كه‌م و زۆر شیعرێتی تێیدا زاڵه، به ئاگا له‌وه‌ی شیعرێتی له رۆمان‌دا رێژه‌ییه، به ئاسایی وه‌رگره زمانی یاده‌وه‌ری له زمانی رۆمان سه‌رتریش بێ، ده‌گه‌رێته‌وه ئاستی یاده‌وه‌رنووسه‌كه، كه‌واته ئه‌گه‌ر بته‌وێ له رێی زمانه‌وه ئه‌و دوو ژانره ئه‌ده‌بیه لێك جیا بكه‌یته‌وه، كاری نه‌كرده‌یه.).
ئه‌وده‌م پرسیم و دیسان ده‌پرسمه‌وه زمانی مێژوو چییه و زمانی سیاسه‌ت چۆنه؟ ئایا ئه‌وانه خۆیان هه‌ر به زگ‌ماک زمانیان هه‌یه، یان کاتێک زمان په‌یدا ده‌که‌ن، که ده‌بنه بابه‌ت و له‌گه‌ڵ خودی مرۆڤدا پێوه‌ندی داده‌مه‌زرێنن؟ ئایا ئه‌و مێژوو و سیاسه‌ته‌ی لای (فۆکۆ)دا کاریان پێ ده‌کرێت، هه‌مان ئه‌و مێژوو و سیاسه‌ته‌ن، که لای (فۆکۆیاما)، یان لای (ئۆباما)دا هه‌ن؟ ئایا مێژوو و سیاسه‌ت وه‌ک هه‌موو ئۆبجێکته‌کانی دیکه ناکه‌ونه ژێر ده‌سته‌ڵاتی ئه‌و تێڕوانینه‌وه، که تۆ بۆیانت هه‌یه؟ ئه‌و تێڕوانینه له زمان جوودا ده‌کرێته‌وه؟ ده‌توانیت ناوی یه‌ک فیلۆسۆفم پێ بڵێیت له (سۆکرات)ـه‌وه بۆ (پلاتۆن) و (ئه‌ریستۆ)، له (دێکارت)ـه‌وه بۆ (نیتشه)، (برگسۆن)، (هایدیگه‌ر)، (ڤیتگینیستاین)، (دۆلۆز)، (دێریدا) و ئه‌وانه‌ی دیکه خۆی له‌و پرۆبله‌ماتیکه نه‌دابێت، که هه‌یانه سه‌رجه‌م ژیانی بۆ ته‌رخان کردووه، له کاتێکدا لای تۆ تا ئاستی زمانی میلـلی، بگره خوارتریش دابه‌زیوه؟ ئایا شته‌کان هه‌ر خۆیان زمانیان هه‌یه؟ ئه‌گه‌ر وایه، ده‌توانیت پێم بڵێیت چۆن و به چ شێوه‌یه‌ک؟ ئه‌وه گریمان (زمانی یاده‌وه‌ری نه زمانی مێژووه نه زمانی سیاسه‌ت، رێك زمانی رۆمانه)، به‌ڵام ده‌توانیت پێمان بڵێیت زمانی ڕۆمان چییه؟ ئایا ڕۆمان چه‌مکێکی گشتی نییه و کاتێ تایبه‌تمه‌ندی وه‌ر ده‌گرێت، که نووسه‌ر به زمان و تێڕوانینی خۆی پراکتیزه‌ی ده‌کات؟ ئایا ئه‌م بۆچوونه‌ی تۆ مانای وا نییه ڕۆمان شتێکی فیزیکه‌ڵه و مرۆڤ ده‌توانێت به ئاماده‌کراوی به ده‌ستی بهێنێت؟ باشه، یاده‌وه‌ری ئێڵه‌مێنته و به کار ده‌هێنرێت، یان وه‌ک ڕۆمان ده‌نووسرێت؟ ده‌توانیت دوو نموونه‌م بۆ بهێنیته‌وه، ئینجا چ له ئه‌ده‌بی خۆمان بێت و چ له هیی ده‌ره‌وه‌ی خۆماندا، تاکوو پێمان بڵێیت ئه‌مه‌یان یاده‌وه‌رییه و ئه‌وه‌یان ڕۆمانه؟ ده‌ی، تۆ ناڵێیت زمانی یاده‌وه‌ری ڕێک زمانی ڕۆمانه؟ ئه‌گه‌ر هه‌مان شتن، بۆچی خۆتت به‌وه‌وه ماندوو کردووه جوودایان بکه‌یته‌وه؟ مه‌به‌ستت له (شیعرییه‌ت) چییه؟ ئایا ئه‌وه‌یه، که بۆ نموونه لای (بارت) و (تۆدۆرۆڤ)دا هه‌یه، یان جیاوازه؟ ئایا چه‌مکی شیعرییه‌ت له‌م ڕسته‌یه‌دا هیچ ئه‌رکێکی له ئه‌ستۆدایه؟ ئایا به دروستی و له شوێنی خۆیدا به کارت هێناوه؟ مه‌به‌ستت له (به ئاگا له‌وه‌ی شیعرێتی له رۆمان‌دا رێژه‌ییه) چییه؟ بۆچی هیچ شتێک هه‌یه له ئه‌ده‌بدا ڕێژه‌یی نه‌بێت؟ له‌م گه‌ردوونه‌دا شتێک شک ده‌به‌یت، ڕێژه‌یی نه‌بێت؟ ئایا ئه‌م ڕسته‌یه پێویسته؟ ئه‌گه‌ر ئه‌مجاره‌یان پێت وایه ڕۆمان و یاده‌وه‌ری یه‌ک شتن، بۆ دوای ئه‌وه ده‌نووسیت: (به ئاسایی وه‌رگره زمانی یاده‌وه‌ری له زمانی رۆمان سه‌رتریش بێ).
ئه‌رێ تۆ نه‌بوویت گوتت ئه‌وانه ڕێک وه‌ک یه‌کن؟ بۆچی زمانی یاده‌وه‌ری ده‌که‌وێته سه‌رووی زمانی ڕۆمانیشه‌وه؟ ئایا تۆ لێره‌یشدا پێت وایه ڕۆمان خۆی هه‌ر له بنه‌ڕه‌ته‌وه زمانی هه‌یه، یان جانره‌یه‌که و له ئه‌نجامی پرۆسێسی ئاکتیڤبوونی خه‌یاڵ و زمانه‌وه دێته کایه‌وه؟ مادام تۆ باوه‌ڕت وایه ڕۆمان هه‌ر به زگ‌ماک زمانی هه‌یه، ده‌توانیت پێم بڵێیت چۆن ئه‌و باوه‌ڕه‌ت لا دروست بووه؟ ئه‌گه‌ر یاده‌وه‌ری میمۆری بێت، ئایا ئه‌م گوته‌یه هیچ کاریگه‌رییه‌کی ده‌مێنێت؟ زمانی یاده‌وه‌ری مانای چییه؟ ده‌توانیت یه‌ک دوو نموونه هه‌ر له به‌رهه‌مه‌کانی خۆت بهێنیته‌وه و پێم بڵێیت زمانی یاده‌وه‌ری ڕێک ئه‌مه‌یه، به‌ڵام به هیچ شێوه‌یه‌ک ئه‌وه نییه؟ ئه‌مجاره‌یان بۆچی گوتووته: (كه‌واته ئه‌گه‌ر بته‌وێ له رێی زمانه‌وه ئه‌و دوو ژانره ئه‌ده‌بیه لێك جیا بكه‌یته‌وه، كاری نه‌كرده‌یه)؟ مادام تۆ ئه‌وه باوه‌ڕته، بۆچی جوودایان ده‌که‌یته‌وه؟ ئه‌گه‌ر وایه بۆچی پێشتر پێت گوتین زمانی یاده‌وه‌ری له زمانی ڕۆمانیش باڵاتره؟ ئه‌رێ وه‌ک یه‌ک وان، یان له یه‌که‌وه نزیکن، یاخود له یه‌کدی جیاوازن؟ له‌م سێ شته جیاوازه، کامیان هه‌ڵده‌بژێریت و چی له دووانه‌که‌ی دیکه ده‌که‌یت؟ بێگومان تۆ وه‌ک نووسه‌رێکی ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه ده‌زانیت چه‌مکێک هه‌یه و ناوی ناونیشانناسی (Titrologie)یه، که به تایبه‌تی له بواری سیمۆلۆجیادا به کار ده‌هێنرێت، واته بوونی پێوه‌ندیی ناوه‌کیی ناونیشان به تێکسته‌وه، بۆیه لێت ده‌پرسم ئایا ئه‌و ناونیشانه‌ی هه‌ڵتبژاردووه (یاده‌وه‌ری به ته‌نیشت رۆمانه‌وه) له‌گه‌ڵ بۆچوونه‌کانتدا هیچ هارمۆنییه‌ک دروست ده‌کات؟ ئایا ئه‌گه‌ر هه‌ر له سه‌ره‌تاوه، واته له ناونیشانه‌وه بڵێیت ڕۆمان و یاده‌وه‌ری دوو چه‌مکی جیاوازن، به‌ڵام له ته‌نیشت یه‌کترن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا چۆن دێته‌وه، که جارێک ده‌بنه یه‌ک، جارێک له یه‌ک نزیک ده‌بنه‌وه و جارێکیش جیاوازن؟ ئه‌رێ ئه‌وه‌یشمان نه‌گوت، که یاده‌وه‌ری به‌شێکی دانه‌بڕاوی فکر و خه‌یاڵه، به‌لام لێره‌دا به هه‌ڵه به کار هاتووه؟
ئه‌گه‌ر من ئه‌م گوتانه‌م بنووسیایه، تۆ لێم تێده‌گه‌یشتیت؟ ده‌متوانی له‌و ڕێگه‌یه‌وه ڕووبه‌ڕووی بیرۆکه‌یه‌کت بکه‌مه‌وه، که نوێ بێت و ڕامانت بگۆڕێت؟ ئه‌گه‌ر من له گه‌ڕه‌کی (ئهلف)ـه‌وه به پێ بێم بۆ لای تۆ، که له گه‌ڕه‌کی (بێ)دا نیشته‌جێیت، به‌ڵام پێت بڵێم به فڕۆکه هاتووم، ئایا له‌م حاڵه‌دا هه‌ر شتێکی ناو ئه‌و فڕۆکه‌یه‌ت بۆ بگێڕمه‌وه، به که‌ڵکی ئه‌وه دێت هیچ زانیارییه‌کی له‌سه‌ر هه‌ڵبچنیت؟ ئه‌گه‌ر تۆ هه‌رسێ چه‌مکه بنه‌ڕه‌تییه‌که و کۆمه‌ڵێکی دیکه‌ی لاوه‌کیت به هه‌ڵه پێناسه کردبێت و به زمانی میلـلی لێیانه‌وه دوا بیت، ئه‌و زمانه‌ی خه‌ڵک له کاروباری ڕۆژانه‌یاندا به کاری ده‌هێنن، ئایا هه‌ر زانیارییه‌ک له‌م گوتاره‌تدا هه‌یه، لای منی خوێنه‌ر کاریگه‌ریی ده‌بێت؟ باشه، ئه‌و زمانه‌ت چ دوور و چ نزیک پێوه‌ندیی به ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه‌وه هه‌یه؟
کاک که‌ریمی ئازیز، له‌باره‌ی سه‌رجه‌م ئه‌و وشانه‌ی له‌م گوتاره‌تدا نووسیوتن، پرسیارم هه‌یه، به‌تایبه‌تی له‌باره‌ی چه‌مکی (ڕاستگۆیی)ـه‌وه، که ئه‌مه هیی بواری ئایینه، نه‌وه‌ک هیی بواری ئه‌ده‌ب و فکر، بگره ئه‌ده‌ب و فکر دوو چه‌کی مێتافیزیکین بۆ به‌گژداچوونه‌وه‌ی (ڕاستگۆیی)، که وه‌ک سێنترالێک خۆی سه‌پاندووه. له ئاییندا (ڕاستگۆیی) پێوه‌ره و ده‌سته‌ڵاتداریشه، بگره توانای سڕینه‌وه‌ی هه‌ر شتێکی دیکه‌ی هه‌یه، که به (ڕاستگۆیی) دانانرێت، به‌ڵام له ڕه‌خنه‌دا (ڕاستگۆیی) وه‌ک هه‌ر چه‌مکێکی تر ده‌که‌وێته به‌ر زه‌بری پرسیاری دیسپۆتیک و ده‌سته‌ڵاتی لێ ده‌سه‌نرێته‌وه. ئه‌و شه‌ڕه به ڕوونی لای (دێریدا)دا ده‌بینین، به‌وه‌ی پێی وایه هه‌موو دیوالیزمه‌کان له سه‌پاندنی سێنترالیزمدا به‌شدارن و ده‌بێت هه‌ڵبوه‌شێنه‌وه. (ڕاستگۆیی) چه‌مکێکی فریوده‌ره. بۆ ئه‌وه‌یه ببێته حه‌قیقه‌ت و ڕووبه‌رێکی گه‌وره‌ی گه‌ردوون بسڕێته‌وه، گوایه ئه‌و ڕووبه‌ره (ناڕاستگۆیی)ـه. ئه‌وه ڕاستگۆییه وا ده‌کات حه‌قیقه‌ت وه‌ک شتێکی یه‌قین خۆی ده‌ر بخات و وامان پێشان بدات له‌سه‌ر دژایه‌تی دانه‌مه‌زراوه. له‌سه‌ر ئاستی میلـلیدا (ڕاستگۆیی) زۆرترین ده‌نگ ده‌هێنێت و له به‌رانبه‌ردا (ناڕاستگۆیی) به‌ر نه‌فره‌ت ده‌که‌وێت. له‌مه‌یشدا چ ئایین و چ باوه‌ڕه زاڵه‌کانی دیکه‌ی کۆمه‌ڵگه پاڵپشتی ئه‌و تێڕوانینه میلـلییه‌ن. لێره‌دایه ئه‌ده‌ب گرنگه، که توانای تێکشکاندنی ئه‌و (ڕاستگۆیی)ـه‌ی هه‌یه و ده‌یخاته ژێر گومانه‌وه، به‌وه‌ی دژایه‌تییه‌کانی ناوه‌وه‌ی ده‌دۆزێته‌وه و پایه‌کانی حه‌قیقه‌ت هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه، مادام تێکستی ئه‌ده‌بی په‌نا بۆ مێتافۆر و ڕێتۆریک ده‌بات، که ئه‌و دووانه وا ده‌که‌ن وشه هه‌مان ئه‌و مانایه‌ی نه‌بێت، وا تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگه له کاتێکی دیاریکراودا له‌سه‌ری ڕێک که‌وتوون، به‌ڵکوو ئیمبیگویتی (التباس، غموض) دروست ده‌که‌ن و ئه‌وه ده‌سه‌پێنن به شێوه‌ی جۆراوجۆر لێک بدرێنه‌وه. (پۆل دیمان) ئەم پرۆبلەماتیکە لە ڕووی سیمۆلۆجیاوە ڕاڤە دەکات، واتە پرۆبلەماتیکی نێوان ڕێزمان و ڕەوانبێژی (گرامەر و ڕێتۆریک)، کە ڕێزمان ڕێگەمان دەدات پرسیارەکان بخەینە ڕوو، بەڵام ڕەوانبێژی وا دەکات بوونی ئەو پرسیارانە ببێتە کێشە. بەوەدا هەر ڕستەیەک لانی کەم دوو مانای هەن، مانای لێتراڵ و مانای مێتافۆر، (واتە مانای حەرفی و مانای مەجازی)، ئەوا بونیادی ڕێزمانییانەی تێکست بۆ بونیادی ڕەوانبێژی دەگۆڕێت و ئەوده‌م دەستنیشانکردنی ئەوەی کام لەو دوو مانایە زاڵە، دەبێتە مەحاڵ.(8) به‌م شێوه‌یه سنووری نێوان (ڕاستگۆیی) و (ناڕاستگۆیی)ش وه‌ک سنووری نێوان هه‌موو دیوالیزمه‌کانی دیکه ده‌سڕێته‌وه.
ده‌گه‌ینه ئه‌وه‌ی بڵێین مادام ئه‌ده‌ب زمانێکی دیکه‌ی جیاوازتر له هیی واقیع داده‌هێنێت، ئه‌وه له ڕێگه‌ی ئه‌و جیاوازییه‌وه به‌شێکی زۆری ئه‌و ڕووبه‌ره ده‌ر ده‌خات، که پێشتر ڕاستگۆیی و چه‌مکه‌کانی دیکه‌ی حه‌قیقه‌ت شاردبوویانه‌وه. به‌کورتی ئه‌ده‌بی داهێنه‌ر له‌و ساته‌وه دێته کایه‌وه، که به شێوازی خۆی له دژی (ڕاستگۆیی)دا ده‌جه‌نگێت و هه‌وڵی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌دات. ئه‌وه‌یش سه‌یر نییه، که نووسه‌ری میلـلی هێنده به (ڕاستگۆیی) سه‌رسامه و به‌رگریی لێ ده‌کات، چونکه خاوه‌نی هه‌مان ئه‌و تێگه‌یشتنه‌یه، که لای خه‌ڵکی ئاسایی‌دا هه‌یه، مادام ئه‌و نووسه‌ره له سه‌رچاوه فه‌لسه‌فی و فکرییه‌کانه‌وه دووره و به پله‌ی سه‌ره‌کی پشت به‌و زانیارییانه ده‌به‌ستێت، که ڕۆژانه له ده‌می ئه‌و خه‌ڵکه‌وه وه‌ری گرتوون. (ڕاستگۆیی) خه‌سڵه‌تی سه‌ره‌کیی ئه‌ده‌بی سه‌ره‌تاییه، ئه‌و ئه‌ده‌به‌ی گه‌شه‌ی نه‌کردووه و شتێکی ئه‌وتۆی له ئه‌ده‌بی زاره‌کی تێ نه‌په‌ڕاندووه. به‌وه‌دا ئه‌ده‌ب به‌گشتی و ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه به‌تایبه‌تی (ڕاستگۆیی) تێک ده‌شکێنێت و ئه‌و ڕووبه‌ره ده‌کاته‌وه، که پێشتر به ناوی حه‌قیقه‌ته‌وه داگیر کرابوو، ئه‌وا زمان به هه‌موو ئه‌و کاره‌کته‌رانه ده‌به‌خشێت، که حه‌قیقه‌ت لێ سه‌ندبوونه‌وه. به‌م شێوه‌یه سێنترالیزم نامێنێت و فره‌ده‌نگی دێته کایه‌وه، بگره ئه‌و ده‌نگه جیاوازانه وه‌ک هێزی جۆراوجۆری دژ به تاکه‌حه‌قیقه‌ت ده‌ر ده‌که‌ون، که (باختین) ئه‌و چه‌مکه‌ی داهێناوه و بنه‌ماکانی داڕشتووه.
گرنگیی ئه‌ده‌بی بیره‌وه‌ری، یاخود بایۆگرافیا، تۆ بڵێ ئاوتۆبایۆگرافیا هه‌ر له‌م شوێنه‌دا ده‌رده‌که‌وێت، که نووسه‌ر ڕێگه به ده‌رکه‌وتنی ده‌نگه فه‌رامۆشکراوه‌کان ده‌دات، ئه‌وانه‌ی پێشتر حه‌قیقه‌ت له به‌رده‌می ده‌رکه‌وتنیاندا به‌ربه‌ست بوو. (باختین) به‌رده‌وام له لێکۆڵینه‌وه‌کانیدا ئه‌و جۆره ئه‌ده‌به وه‌ک داهێنانی گه‌وره و کاریگه‌ر ده‌ناسێنێت. ئه‌وانه‌ی له ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه تێده‌گه‌ن و ئه‌زموونیان له‌و باره‌یه‌وه هه‌یه، به چاکی نرخی ئه‌و تێزانه‌ی (باختین) ده‌زانن، که له چه‌مکگه‌لی وه‌ک (که‌رنه‌ڤاڵ)، (پۆلی‌فۆنی)، (ئێنته‌رتێکستواڵ)، (سپه‌یس) و هیی تردا به‌رجه‌سته بوونه. {ئه‌گه‌رچی چه‌مکی ئێنته‌رتێکستوالیتی یه‌که‌مجار لای (جۆلیا کریستیڤا)دا به کار هاتووه، به‌ڵام (باختین) به‌تایبه‌تی له (شیعرییه‌تی دۆیستۆیڤسکی)دا چوارچێوه تیۆرییه‌که‌ی داڕشتووه}. سه‌یر نییه هاوکاتی ده‌رکه‌وتنی فیلۆسۆفانی پۆستمۆدێرنیزم له (نیتشه)وه بۆ (هایدگه‌ر) و له‌وێوه بۆ (دۆلۆز)، (فۆکۆ)، (دێریدا) و ئه‌وانه‌ی دیکه، ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه له شیعر زیاتر بایه‌خ په‌یدا ده‌کات و ئه‌ده‌بی بایۆگرافیایش، که به‌شێکی دانه‌بڕاوی ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه‌یه، ده‌بێته که‌ناڵێکی گرنگی ده‌ربڕین بۆ ده‌نگه فه‌رامۆشکراوه‌کان، به‌وه‌ی ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه توانایه‌کی یه‌کجار گه‌وره‌ی له تێکشکاندنی سێنترالیزمدا هه‌یه، که له‌سه‌ر پایه‌ی حه‌قیقه‌ت و ڕاستگۆییدا وه‌ستاوه، مادام له به‌رهه‌مهێنانی فره‌ده‌نگیدا ده‌ستی کراوه‌یه. با جارێ ئه‌و چه‌ند وشه‌یه به‌س بن له‌باره‌ی چه‌مکی (ڕاستگۆیی)ـه‌وه، کاک که‌ریمی خۆشه‌ویست، به‌ڵام کاتێ پێویستی کرد، بۆی ده‌گه‌ڕێمه‌وه. پێشتریش به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان لێوه‌ی دواوم. هێنده ده‌پرسم تۆ بۆچی پێت وایه (ڕاستگۆیی) له ئه‌ده‌بدا گرنگه؟ ده‌توانی نموونه‌ی داهێنه‌رێکم بۆ بهێنیته‌وه به‌تایبه‌تی له‌م سه‌د ساڵه‌ی ڕابوردوودا به (ڕاستگۆیی) سه‌رسام بووبێت، بگره له دژی نه‌وه‌ستابێته‌وه؟ هه‌ر بۆ نموونه (ساموێڵ بێکیت)ت له بیر چوو؟ له بیرته ئه‌و نووسه‌ره چۆن له دژی ڕاستگۆییدا ده‌جه‌نگا؟
ئه‌گه‌ر داوام لێ بکه‌یت، ئاماده‌م درێژه به‌و پرسیارانه بده‌م. مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه ده‌توانم له‌باره‌ی باقیی گوتاره‌که‌ته‌وه پرسیارت ڕووبه‌ڕوو بکه‌مه‌وه.
ده‌متوانی پرسیاره‌کانت له (ده‌نگه‌کان)دا ئاڕاسته بکه‌م، به‌ڵام وام به چاکتر زانی به نامه‌ی داخراو بۆتیان بنێرم، چونکه هه‌موو هاوڕێ نزیکه‌کانم ده‌زانن هه‌میشه هه‌وڵم داوه یه‌کێک نه‌بم له‌و نووسه‌رانه‌ی خوێنه‌ر به شتێکه‌وه خه‌ریک ده‌که‌ن، که هیچ پرسیارێکی نوێی لا ناورووژێنێت، بگره کاتی به فیڕۆ ده‌دات و به لاڕێیدا ده‌بات. مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه کاتێ بڵاو بکرێته‌وه، که له ئه‌نجامی دایه‌ڵۆگه‌وه چووه‌ته ئاستێکی باڵاتره‌وه. به‌م شێوه‌یه ئه‌م دایه‌ڵۆگه‌یش له نێوان تۆ و مندا ده‌ست پێ ده‌کات. تاکوو ئه‌و کاته‌ی بزانم تێیدا ڕووبه‌ڕووی پرسیاری نوێ ده‌بمه‌وه و به‌ر شتی کاریگه‌ر ده‌که‌وم، به خۆشحاڵی و ئارامییه‌وه درێژه‌ی پێ ده‌ده‌م. خۆیشت دواتر بڕیار ده‌ده‌یت، که ئه‌و گفتوگۆیه به نامه‌ی داخراو بکه‌ین، یان به ئاشکرا، ئینجا چ له (ده‌نگه‌کان)دا بێت، چ له که‌ناڵێکی تردا.
به‌وه‌یش ڕازیم ئه‌گه‌ر له شێوه‌ی نامه‌ی داخراودا بکرێت، تۆ له لای خۆت و منیش له لای خۆمه‌وه هه‌ندێک نووسه‌ر و ڕۆشنبیری دیکه بۆ ئه‌و گفتوگۆیه بانگهێشت بکه‌ین، که ئامانجم له‌وه‌دا ته‌نیا به‌رهه‌مهێنانی پرسیاری نوێیه. هیوادارم لای تۆیش هه‌ر به‌م شێوه‌یه بکه‌وێته‌وه. تۆ چ ڕێگه‌یه‌کت بۆ گفتوگۆ پێ باشه؟ ئه‌وه‌یان بۆ خۆت جێ ده‌هێڵم، چونکه لای من خودی گفتوگۆکه ئامانجه.
ئه‌وه‌یش گرنگه بگوترێت، که پرسیاره‌کانم پرسیاری دادگا نین. واته کاتێ ده‌پرسم: بۆچی وات نه‌کردووه، ئه‌وه له‌به‌ر ئه‌وه نییه ده‌مویست وات بکردایه، به‌ڵکوو بۆ ئه‌وه‌یه زیاتر خۆت له ئاستی منی خوێنه‌ردا بکه‌یته‌وه. کاتێکیش ده‌پرسم: ئایا ده‌توانیت وا بکه‌یت، ئه‌مه مانای ئه‌وه نییه، که پێم وایه له توانات به ده‌ره، به‌ڵکوو به‌پێچه‌وانه‌وه بۆ ئه‌وه‌یه ئه‌و توانایه‌ی هه‌ته، له ڕێگه‌ی ئه‌و پرسیاره‌وه، بجووڵێت. ئایا هیچ شتێکی دیکه هێنده‌ی پرسیار توانای جووڵاندنی چ جه‌سته، چ فکر و چ خه‌یاڵی هه‌یه؟
کاک که‌ریمی خۆشه‌ویست!
دوای ئه‌وه‌ی پرسیاره‌کانم ئاڕاسته کردیت، ڕێ به خۆم ده‌ده‌م جارێک وه‌ک خوێنه‌ر و جارێک وه‌ک هاوڕێیهک پێشنیازێکت بخه‌مه به‌رچاو، که ئه‌ویش هه‌ر له شێوه‌ی پرسیاردایه:
ده‌کرێت جارێکی دیکه به‌م گوتاره‌تدا بچیته‌وه و دایبڕێژیته‌وه؟
پێنج پرسیاری دیکه:
یه‌که‌م: ئایا ئه‌گه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ت دابڕێژیته‌وه، فریای ڕزگارکردنی هه‌ر جوانییه‌کت ناکه‌ویت، که له ڕابوردوودا به ده‌ستت هێناوه؟
دووه‌م: ئه‌گه‌ر خۆت وه‌ک خوێنه‌رێک ئه‌م گوتاره‌ت بخوێنیته‌وه و جوانترین په‌ره‌گرافی تێدا هه‌ڵبژێریت، ده‌ست ده‌خه‌یته سه‌ر کامیان؟
سێیه‌م: پێت وایه ئه‌گه‌ر نووسه‌رێکی داهێنه‌ر بیه‌وێت له‌باره‌ی هه‌ر یه‌ک له چه‌مکه‌کانی ڕۆمان، یاداشت و یاده‌وه‌رییه‌وه باسێک بنووسێت، ئه‌و گوتاره‌ی تۆی بۆ ببێته سه‌رچاوه‌یه‌کی گرنگ؟
چواره‌م: ئایا ئه‌م گوتاره هیچ شتێک ده‌خاته سه‌ر ئه‌وه‌ی، که پێشتر به ده‌ستت هێناوه؟ به مانایه‌کی دیکه: تۆ پێویستت به‌م بابه‌ته هه‌یه، بۆیه نووسیوته و بڵاوت کردووه‌ته‌وه؟
پێنجه‌م: ئه‌گه‌ر ئه‌م گوتاره‌ت پێش بڵاوکردنه‌وه پێشانی یه‌کێ له‌و نووسه‌ره لاوانه‌ی ده‌وروبه‌رت بدابووایه، یان ئه‌گه‌ر بۆ یه‌کێ له‌و مرۆڤه هۆشیارانه‌ت بناردایه، که نانووسن، به‌ڵام له زۆر نووسه‌ری ناسراوی خۆمان زیاتر ده‌خوێننه‌وه و قووڵتر له دنیا ده‌ڕوانن؛ کۆمه‌ڵێ سه‌رنجی وردی له‌باره‌یه‌وه بۆ نه‌ده‌نووسیت؟ ئایا ئه‌و سه‌رنجانه وایان لێ نه‌ده‌کردیت به سه‌رتاپێیدا بچیته‌وه، بگره بگاته ئه‌وه‌ی هه‌ر ده‌ست له بڵاوکردنه‌وه‌یشی هه‌ڵبگریت؟
ماوه‌ته‌وه بڵێم ئه‌م پرسیارانه‌م ته‌نیا پێوه‌ندییان به‌م گوتاره‌ی تۆوه هه‌یه، ده‌نا نه دوور و نه نزیک به لای به‌رهه‌مه‌کانی دیکه‌تدا ده‌چن. هه‌ر تێکستێک پرسیاری جیاوازی خۆی ده‌سه‌پێنێت. پێویسته ئه‌وه‌یش بزانیت، که ئه‌و پرسیارانه به‌و ئه‌ندازه‌یه‌ی ئاڕاسته‌ی تۆن، ئاڕاسته‌ی خۆیشمن، مادام له ئه‌نجامی بیرکردنه‌وه‌ی خۆمه‌وه سه‌ریان هه‌ڵداوه. ده‌بێت هه‌رچۆنێکه سوپاست بکه‌م، که ئه‌و گوتاره‌ی تۆ هێنده‌ی دی له نووسین و بڵاوکردنه‌وه ترساندمی. پێویسته من له‌مه‌ودوا زیاتر ئاگام له خۆم بێت چی به خوێنه‌ر ده‌ڵێم. هیوادارم به‌و ئه‌ندازه‌یه پرسیاره‌کانی منیش ترسیان لای تۆ خوڵقاندبێت. باوه‌ڕ ده‌که‌م وه‌ک زۆر نووسه‌ری دیکه گوتبێتت پێم خۆشه خوێنه‌ر به پرسیار ڕووبه‌ڕووم ببێته‌وه. فه‌رموو، ئه‌وه خوێنه‌رێک و کۆمه‌ڵێک پرسیار!(9)
ڕێز و خۆشه‌ویستیی زیاتر بۆ تۆی ئازیز، کاک که‌ریم گیان!
کاروان کاکه‌سوور
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
(1) بۆم ده‌رکه‌وتووه گوتاره‌که پێشتر له یه‌کێ له ژماره‌کانی ڕۆژنامه‌ی (هیچ)یشدا بڵاو کراوه‌ته‌وه.
(2) بۆ نموونه یه‌کێ له ڕه‌خنه‌گره میلـلییه‌کان، که به‌وه ناسراوه به‌رده‌وام گوتار له دوای گوتار ده‌نووسێت، به پێوه‌ری (چاکه‌وخراپه) بڕیار له‌سه‌ر تێکست ده‌دات و هه‌ر به زمانی ڕۆژانه لێیانه‌وه ده‌دوێت، ماوه‌یه‌ک هه‌ر بابه‌تێکی بڵاو بکردایه‌ته‌وه، به پرسیار ڕووبه‌ڕووی ده‌بوومه‌وه. سه‌ره‌تا وه‌ڵامی هه‌ندێک له پرسیاره‌کانمی ده‌دایه‌وه، به مه‌به‌ستی گفتوگۆ نا، به‌ڵکوو بۆ ئه‌وه‌ی به‌رگری له هه‌ندێک شت بکات، به‌ڵام دواجار ته‌واو ده‌نگی بڕا. ئه‌م ئه‌زموونه‌یش بۆ من گرنگه و ڕۆژگارێک بۆی ده‌گه‌ڕێمه‌وه.
(3) خوێنه‌ر ده‌توانێت گوتاره‌که له (ده‌نگه‌کان)، یان له (ماڵێک له ئاسمان)دا بخوێنێته‌وه.
(4) خوێنه‌ر ده‌توانێت نامیلکه‌که له یه‌كێ له‌و دوو ماڵپه‌ڕه‌ی پێشوودا بخوێنیته‌وه.
(5) به بڕوای (پۆل ریکۆر) تێکست نووسینه‌وه‌ی قسه (speech) نییه، به‌ڵکوو نووسینه‌وه‌ی مانا و مه‌به‌ستی قسه‌یه. ئه‌گه‌ر خودی قسه، یان گوته نه‌نووسرێته‌وه، ئایا یاده‌وه‌ری ده‌نووسرێته‌وه؟ له‌م ڕوانگه‌یه‌وه ڕێ به خۆم ده‌ده‌م بڵێم فیکه نانووسرێته‌وه، به‌ڵام مانا و مه‌به‌ستی فیکه ده‌نووسرێته‌وه. بۆ نموونه: (کوڕه‌که فیکه‌یه‌کی بۆ هاوڕێکه‌ی لێ دا، تاکوو به ئاگای بهێنێته‌وه و پێی بڵێت سه‌یرم بکه!). من لانی که‌م به هۆی خوێندنه‌وه‌ی هه‌ندێک له به‌رهه‌مه‌کانی (ریکۆر)ـه‌وه تێڕوانینێکم له‌باره‌ی تێکسته‌وه لا دروست بووه. هیوادارم (که‌ریم کاکه)یش بمخاته به‌رده‌م تێڕوانینێکی دیکه‌ی جیاوازه‌وه و پێم بڵێت تێکست لای ئه‌و چۆنه. خوێنه‌ر ده‌توانێت له‌م ڕووه‌وه ئه‌م گوتاره بخوێنێته‌وه: (Ricouer: “What is text?” and “Metaphor and the problem of Interpretation”)، که ئه‌مه لینکه‌که‌یه‌تی:
https://thoughtjam.wordpress.com/2007/09/09/ricouer-what-is-text-and-metaphor-and-the-problem-of-interpretation/
(6) سه‌رنجم داوه هه‌موو ئه‌وانه‌ی به زمانی ڕۆژانه باس له چه‌مکه فکری و ئه‌ده‌بییه‌کان ده‌که‌ن، وا له خوێنه‌ر ده‌گه‌یه‌نن، که ڕۆژگارێک زیاتر له باره‌یانه‌وه ده‌نووسن، بێ ئه‌وه‌ی وا بکه‌ن، به‌ڵام خۆزگه (که‌ریم کاکه) له‌وان نه‌چێت و بۆ یه‌که‌مجار ئه‌و به‌ڵێنه بباته سه‌ر! واته لانی که‌م پێمان بڵێت ئه‌و یاده‌وه‌رییانه له ده‌ره‌وه‌ی کورددا چۆنن! من خۆم له ئێستاوه چاوه‌ڕێی ئه‌و بابه‌ته‌یم. (دیاره ئه‌مه ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت باوه‌ڕم وایه یاده‌وه‌ری ده‌نووسرێته‌وه و ده‌کرێته ده‌ق، وه‌ک ئه‌م وای گوتووه و پۆل ریکۆریش پێچه‌وانه‌که‌ی. پێم وایه هه‌ر کاتێ فیکه نووسرایه‌وه به‌و شێوه‌یه‌ی ئه‌م ده‌یڵێت، ئه‌وده‌م نۆره‌ی یاده‌وه‌رییش دێت. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا ئه‌گه‌ر نموونه‌ی بۆ هێنامه‌وه وه‌ک گوتوویه‌تی ده‌بێت کارێکی وا بکرێت، به بایه‌خه‌وه ده‌یخوێنمه‌وه).
(7) خاڵی هاوبه‌شی هه‌موو ئه‌وانه‌ی به زمانی ڕۆژانه ده‌نووسن، باسکردنی ته‌کنیک (Technique)ـه، بێ ئه‌وه‌ی بۆ جارێکیش بڵێن مه‌به‌ستیان له‌و چه‌مکه چییه، چونکه هه‌ر له بنه‌ڕه‌ته‌وه ئه‌و گوتهیهیان وه‌ک فۆلکلۆر له زاری ئه‌م و ئه‌وه‌وه وه‌ر گرتووه و کۆنتێکسته‌کانی ناناسن. ئایا ئه‌گه‌ر بزانن ئه‌و تێرمه له‌ناو فه‌لسه‌فه‌دا خاوه‌نی چ پرۆبله‌ماتیکێکی گه‌وره‌یه، هێنده به ئاسانی لێوه‌ی ده‌دوێن؟ هیوادارم (که‌ریم کاکه) له‌وانه نه‌بێت و ڕۆژگارێک لانی که‌م له‌م ڕووه‌وه گوتارێکمان بۆ بنووسێت. خۆ ئه‌گه‌ر پێشتر نووسیویه‌تی، ئه‌وا کاتێ بۆمی ده‌نێرێت، سوپاسی ده‌که‌م و به بایه‌خه‌وه ده‌یخوێنمه‌وه. له ئێستاوه چاوه‌ڕێی ئه‌و گوتاره‌یم. ڕاستییه‌که‌یشی، که له‌و شوێنه‌دا نووسیویه‌تی: (ئه‌وه‌ی رۆمان و یاده‌وه‌ری لێكنزیك ده‌كاته‌وه هه‌ندێ ره‌گه‌ز و ته‌كنیكن)، مانای وایه ته‌نانه‌ت ڕوانینێکی دروستی نه بۆ (ڕه‌گه‌ز) و نه بۆ (ته‌کنیک)یش هه‌یه، چونکه ئه‌و وای پێشان داوه (ڕه‌گه‌ز) له لایه‌ک و (ته‌کنیک) له لایه‌کی تره‌وه ڕۆمان و یاده‌وه‌ری له یه‌ک نزیک ده‌که‌نه‌وه. گوتمان یاده‌وه‌ری نه له ڕۆمان دوور ده‌که‌وێته‌وه و نه نزیکیش، که ئه‌مه گوته‌یه‌کی بێبنه‌مایه و له ده‌می ده‌رچووه، به‌ڵام ئایا ته‌کنیک خۆی ڕه‌گه‌ز نییه؟ دیاره چه‌مکی ڕه‌گه‌ز (Element)یش وه‌ک هیی ته‌کنیک له‌ناو زماندا خاوه‌نی پرۆبله‌ماتیکی گه‌وره‌یه و کۆمه‌ڵێک مانای زۆر جیاوازی هه‌ن، که به‌پێی کۆنتێکسته‌کان ئه‌و مانایانه ده‌گۆڕێن. باوه‌ڕ ناکه‌م (که‌ریم کاکه) بتوانێت دوو لیست دروست بکات، یه‌کێ بۆ ڕه‌گه‌زه‌کان و ئه‌وه‌ی تریان بۆ ته‌کنیکه‌کان، گوایه ئه‌وانه ڕۆمان و یاده‌وه‌ری له یه‌ک نزیک ده‌که‌نه‌وه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا ئه‌گه‌ر وای کرد، به بایه‌خه‌وه لێی ده‌ڕوانم. کاتێکیش ده‌ڵێم ناتوانێت، مه‌به‌ستم نییه له توانای که‌م بکه‌مه‌وه، به‌ڵکوو له‌به‌ر ئه‌وه‌یه ده‌زانم ته‌کنیک خۆی ڕه‌گه‌زه… به‌ڵام ڕه‌گه‌زی چییه؟ ئه‌وه به‌پێی کۆنتێکسته‌که‌ی ده‌یزانین. به‌کورتی شته‌که به‌م شێوه‌یه‌یه: له لایه‌ک به هه‌ڵه گوتوویه‌تی هه‌ندێک ڕه‌گه‌ز و ته‌کنیک ڕۆمان و یاده‌وه‌ری له یه‌ک نزیک ده‌که‌نه‌وه، له لایه‌کی تریشه‌وه به دروستی وشه‌کانی ڕه‌گه‌ز و ته‌کنکی به کار نه‌هێناوه. من، که به‌رده‌وام گوتوومه ڕه‌خنه‌ی میللی توانای دروستکردنی هیچ ئاڕاسته‌یه‌کی نییه له‌ناو فکر و تێڕوانیندا، له‌گه‌ڵ ئه‌م جۆره نموونه‌یه‌مه. ئه‌وه‌تا ئه‌و چه‌مکانه‌ی دنیای ئه‌ده‌ب و فکر، که فیلۆسۆف و ڕه‌خنه‌سازه گه‌وره‌کانیان به خۆیانه‌وه سه‌رقاڵ کردووه، که‌چی لێره‌دا سووکوئاسان ده‌هێنرێنه ئاستی میللییه‌وه و به زمانی ڕۆژانه قسه‌یان لێوه ده‌کرێت.
(8) John Phillips, Paul de Man’s ’’Semiology and Rhetoric:
https://courses.nus.edu.sg/course/elljwp/deMan.htm
(9) له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بابه‌ته‌که نامه‌یه و ئاڕاسته‌ی که‌سێکی ڕاسته‌قینه‌یه، نه‌وه‌ک گریمانی، بۆیه نه‌مویستووه له‌و چوارچێوه‌یه ده‌ربچم. واته ڕه‌چاوی مێتۆدی نامه‌م کردووه. له‌به‌ر ئه‌وه‌یشه وشه‌ی (کاک)م خستووه‌ته به‌رده‌می ناوه‌که‌ی، له کاتێکدا ئه‌مه شتێکی پێویست نییه له نووسیندا.