ڕەسەن و ناڕەسەن.. نەوزاد بەندی
ڕۆژانە گوێمان لە زاراوەی ڕەسەن و ناڕەسەن ئەبێ، لە مرۆڤەکاندا، لە ئاژەڵ و تەنانەت لە ڕووەکەکانیشدا ..
ئەووترێ فڵان کەس ناڕەسەنە، پارێزگاریی لە ئازایەتیی و وەفاداریی و سەرڕاستیی و نیشتمانپەروەریی باب و باپیرانی نەکرد .. یان فڵانە ئەسپ ناڕەسەنە ..فیسار دارگوێز ناڕەسەنە ..
لە ڕاستیدا ڕەسەن و ناڕەسەن دوو سیفەت نین، بەڵکو دوو سیفەتگەلن..
لە دنیادا دوو جۆر بەها و دیاردە هەن، گۆڕاو و نەگۆڕاو.. دیاردە گۆڕاوەکان هەموو شتە ماددیەکانن، بۆ نمونە پێش سەد ساڵ، خانوو لە قوڕ دروست ئەکرا و بە دار سەری ئەگیرا و سەقفەکەیشی قوڕ بوو، بە باگردێن ئەپەسترایەوە بۆ ئەوەی فشەڵ نەبێ و درز نەبات و بارانی لێوە نەیەتە خوارەوە.. پاشان بوو بە خشت .. بەرد ..کۆنکرێت.. بلۆکی دژە سەرما و گەرما و دەنگ.. پلاستیک.. ئەلەمنیۆم و ئەسترۆپۆڵ و کاشی و لامینات و جۆرەها کەرەستەی نوێی بیناسازیی هاتنە ئاراوە، ئەمە پێی دەووترێت پێشکەوتن و پێویستە لەسەرمان پابەند بین پێیانەوە و لێیان سودمەند بین.. بە هەمان شێوە عەرەبانە کە ئەسپ ڕای دەکێشا، بوو بە پاسکیل و مۆتۆر سکیل و ئوتومبیلی سەرەتایی و فڕۆکە و شەمەندەفەر و میترۆ و تراموایی و ئوتومبیلی ئەلەکتریکی پێشکەوتوو.. ووزە لە سوتاندنی دار و خەڵوزەوە، گۆڕا بۆ ووزەی گاز و نەوت و پێکهاتەکانی، پاشان سۆلار سێڵ هاتە ئاراوە.. هەروەها پەیوەندی مرۆڤەکان لە هۆرە و نامە لە ڕێی کۆتر و تەتەر و داهێنانی تەلەفۆنی تەلدار و پۆستی کاغەز و پۆستی ئەلیکترۆنیی و ئیمەیڵ و فاکس و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و تەلەفۆنی بێتەل واتا مۆبایل هەنگاوی خێرا و یەک لەدوای یەکی نا، ئەم شتانە جێی شانازیی میللەتان و مرۆڤایەتیین و هەمووان لەسەریان کۆکن و ژیانی مرۆڤەکانی ئاسان و خۆش کردووە ..
هەمان کات کۆمەڵێک بەها و دیاردە هەن، کە ناکرێ بیانگوڕین، چونکە بە بەها و دیاردە جێگیرەکان دادەنرێن، وەکو وەفا و ئازایەتیی و ڕاستگۆیی و مەردایەتیی و خۆبەختکردن و بیروباوەڕ و نیشتمانپەروەریی و خۆنەویستیی و پاک و خاوێنیی و داوێن پاکیی و ڕەوشت و دەستگرۆیی هەژاران و بەزەیی و غیرەت و هەندێ بەها و دیاردەی تر کە جێگای شانازیی مرۆڤایەتین و ناکرێ دەسکاری بکرێن، چونکە قابیلی دەسکاریکردن نین، بۆ نمونە ڕاستگۆیی چۆن دەستکاریی دەکرێت لە کاتێکدا خۆی دیاردەیەکی جوان و بێ کەم و کوڕییە .. یان وەفاداریی و داوێن پاکیی و خۆبەختکردن، ئەمانە هیچیان کەم نییە تاکو چاکسازییان تێدا بکرێ و پێش بخرێن.
ئەم بەها جێگیرانە ناکرێ گۆڕانکارییان تێدا بکرێ، کڕین و فرۆشتنیان پێوە بکرێ، بکرێنە ئامێرێک بۆ هەڵخەڵەتاندن و بە لاڕێدا بردنی خەڵک ..
هەر بۆیە ناڕەسەن کەسێکە دەستکاریی بەها جێگیرەکانی مرۆڤایەتیی بکات و بە هۆیەوە هەوڵی خۆسەپاندن و فریودانی ئەوانی تر بدات.
ئەووترێ داگیرکەران ناڕەسەنن، چونکە بە جۆرەها دروشمی درۆ و هەڵخەڵتێنەرەوە، میللەتانیان تەفرە داوە و دەستیان بەسەر ژیان و داهات و هیوا و مافەکانیاندا گرتووە..
کەسانی ناڕەسەن، بەردەوام بەها بەرزەکانیان تێدا ئەگۆڕێ، دەستپاکیی باب و باپیرانیان ئەکەن بە دزیی و گەندەڵیی و مافیاگەرێتیی.. نیشتمانپەروەریی و خۆبەختکردنی باب و باپیرانیان تێک دەدەن و ئەیکەنە خۆفرۆشیی و جاشایەتیی و کاسەلێسیی و ئەڵقەلەگوێیی بۆ دوژمنانی میللەتەکەیان.. دەستپاکیی و وەفاداریی و دڵسۆزیی باب و باپیرانیان ئەگۆڕن بە گەندەڵیی و بێ متمانەیی و دوژمنایەتیی هاونیشتمانیان .. ئارامیی ئەگۆڕن بە ترس و نائومێدیی.. هاوژیانیی و هاوسفرەیی ئەگۆڕن بە چینایەتیی و دووبەرەکیی و ..خۆیان و خێزان و بنەماڵەکانیان لە هاوزمانەکانیان جیادەکەنەوە، بۆ خۆیان بەهەشت و بۆ هاونیشتمانەکانیان دۆزەخ دروست ئەکەن .. ئاین و ڕەوشت و داب و نەریتی کۆمەڵگا ئەشێوێنن و .. ئەیکەنە بێ دینیی و بەدڕەوشتیی و لەشفرۆشیی و تێکدانی شیرازەی کۆمەڵایەتیی و خێزان ..بۆ ئەوەیش بەردەوام درۆی شاخدار و هەڵخەڵەتاندن بەکاردێنن.
ناڕەسەنەکان ئەوانەن لە مرۆڤایەتیی باب و باپیر و میللەتەکانیان لادەدەن، لە پێناوی مانەوەیان لە پێگەیەکی بازرگانیی یان ئاینیی و سیاسیدا، واتا لای ئەوان پێگە جێگیرە بەڵام شەرەف و کەرامەت و پیاوەتیی گۆڕاوە و ئەبێ لە خزمەتی پێگەدا بن.. لە پێناوی کۆشک و فڕۆکەی تایبەت و ملیارەها دۆلاری دزراودا، کە شتگەلێکی ماددی و گۆڕاون، هەموو بەها جوانە میللیی و مرۆڤایەتییەکان ئەکەنە قوربانیی و تێک و پێکی دەدەن ..
ئیتر ئاین و ئەدەب و هونەر و جوانیی و پاکیی کۆتاییان دێت .. داهێنان و بەرهەمهێنان و ماف و ئەرک و پێشکەوتن، هەرەس دێنن.. ئاشتی کۆمەڵایەتیی و برایەتیی و هاوخەمیی و هاوژیانیی کۆتاییان دێت.
کێشەی هەرە گەورەی کۆمەڵگا داگیرکراوەکان ئەوەیە، لە ڕێی داگیرکەرە زەبەلاحەکانی دنیاوە، دەسەڵاتگەلێکی ناڕەسەن دەکەن بە فەرمانڕەوایان، پێگەی سیاسییان ئەژارێزن له بەرامبەر دەستکاریکردنی هەموو بەها جوان و جێگیرەکانی کۆمەڵگا، کورسی دەسەڵاتۆکەکانیان بۆ جێگیرئەکەن لە بەرامبەر دزینی هەموو داهاتە ستراتیجییەکانی نیشتمان، ئەوسا ئیتر ڕۆژ بە ڕۆژ ئەو کۆمەڵگایانە بە کاری ژیانکردنی مرۆڤی بەشەرەف نامێنن.. کۆمەڵگایەکی نامۆ بە خۆی دێتە ئاراوە، تیایدا شتە گۆڕاوەکانی وەک پارە و پلە و پۆست پیرۆز و جێگیر و تاپۆ دەکرێن لەسەر چەند دەستە و تاقمێکی ناڕەسەن، لە هەمان کاتدا بەها بەرز و جێگیر و نەگۆڕەکانی کۆمەڵگا ئەگۆڕن و ئەشێوێنن .. ئەوانەیشی بەرگریی دەکەن، لە ڕێی زیندان و تیرۆر و ترس و ڕاوەدوونانەوە،ئەیانفەوتێنن .
ناڕەسەن بازاڕ و متمانە و خزمایەتیی و دراوسێیەتیی و غیرەت و بەرگریی و شۆڕش هەرەس پێدێنێ، ئەیانکا بە هەڵخەڵەتاندن و قۆڵبڕین و دوژمنایەتیی و بێ منەتیی و خۆپەرستیی و کۆیلایەتیی و سەرشۆڕیی و کۆڵدان و خۆبەدەستەوەدان ..
دەزگا و دامەزراوە ڕەسەن میللییی و گشتییەکانی ووڵات ئەپوکێنێتەوە، لە بەرامبەردا دەزگا و دامەزراوەی پریڤەیت و گیرفانبڕ و خوێنمژ بنیات دەنێت، واتا ڕۆژ بە ڕۆژ ووڵات لاواز و هەژار و نەخۆشتر ئەبێ و ..خێزانی ناڕەسەنی فەرمانڕەوایش، ملئەستووتر و دەوڵەمەندتر و بەهێزتر.
هەر بۆیە ئەندازیارێکی ژاپۆن بە ئەندازیارێکی ڕۆژەهەڵاتی ناوەڕاستی وتبوو : ئێوە خەڵکێکی ڕەسەنن لەگەڵ کەمینەیەکی ناڕەسەن، بە پێچەوانەی ئێمەوە کە زۆرینەیەکی ناڕەسەن و کەمینەیەکی ڕەسەنین، بەڵام ئیمە کەمینە ڕەسەنەکە فەرمانڕەوان و ئێوە کەمینە ناڕەسەنەکە بوونەتە فەرمانڕەواتان !!! ئەوەیش شۆڕشێکی خوێناویی ئەوێت، چونکە ناڕەسەن کە دەسەڵاتی پەیدا کرد، لە ڕێی ڕۆژنامە و ڕاگەیاندن و سندوقی دەنگدان ومانگرتنەوە لاناچێت..وەک برینێک وایە، ئەبێ لە ڕەگەوە دەربهێنرێ ..
هەر بۆیە حاڵەتی ناڕەسەنایەتیی لە ئاستی تاکدا شتێکی نامۆ و ترسناک نییە، بەڵام کاتێ ناڕەسەن ئەبێتە فەرمانڕەوا، ئا لەوێدا ئیتر ترسناکیی و وێرانکاریی و وێرانبوونی داب و نەریت و یاسا و دەستوور دێنە ئاراوە.. وەک ئەوە وایه کەسێک شۆفێر نەبێ، ئاساییە بچێتە ناو ئۆتۆبوسێکەوە، بەڵام زۆر ترسناکە ئەگەر ببێتە شۆفێری ئۆتۆبوسەکە..
هەر کۆمەڵگایەک ئەمڕۆی لە دوێنێ خراپتر بوو، ئەوە بزانە ناڕەسەنێک شیرازەی دەسەڵاتی ئەو کۆمەڵگایەی گرتۆتە دەست .. لە هەر کۆمەڵگایەکدا دیاردەی دزیی و ساختە و بێهیوایی و کۆچی بە کۆمەڵی لاوان و زانایان سەری هەڵدا، ئەوا بزانن ئەو کۆمەڵگایه ناڕەسەنێک سواری ملی دەسەڵات بووە تێیدا..
لە هەر کۆمەڵگایەکدا مافی کۆمەڵانی خەڵک پێشێلکران و .. مافەکان تایبەت کران بە خێزان و بنەماڵە فەرمانڕەواکان.. نان و قوتی کۆمەڵانی خەڵک بڕان و .. ملیارەها دۆلار و کۆشک و ژیانی سەروو شاهانە تایبەتکران بە دەستە و تاقمی فەرمانڕەوا.. لە هەر کۆمەڵگایەک ناڕەسەنیی و خوێڕێتیی و بەرەڵایی و لەشفرۆشیی و قومار و بێ ئیشیی و تاوانەکان زیادیان کرد، پارە کەوتە دەستی سوک و ڕیسواکانی کۆمەڵگا، کەچی زانا و دانا و مامۆستا و فەرمانبەرانی کۆمەڵگا برسی و هەژار کەوتن..لە هەر کۆمەڵگایەک ڕەوڕەوەی ئەدەب و هونەر و زانست ڕاوەستێنرا، کۆڵانی هەژارەکان و کۆڵانی دەوڵەمەندەکانی تێدا دەرکەوت، ملیاردێری گەمژە و زانای بێ موچەیی تێدا دەرکەوت، دیاردەی ڕاگەیاندنی ساختە و سێکس و خۆفرۆشیی و پاوانکردنی زەوی و ئاسمانەکانی تێدا سەری هەڵدا، بزانە ئەو کۆمەڵگایە لەلایەن چەند ناڕەسەنێکەوە داگیر کراوە و دزراوە و بە لاڕێدا براوە ..
بەها بەرزە جێگیرەکانی قەڵاچۆ و شێوێنراون و .. لە جێیدا شتە گۆڕاو و هیچ و پوچەکان، جێگیر و پیرۆز کراون ..
هەر کۆمەڵگایەکیش ناڕەسەن فەرمانڕەوای بوو، هیچ هۆکارێکی دیموکراسیی نایهێنێتەوە سەر ڕێ، تەنها و تەنها لە ڕێی شۆڕشەوە ناڕەسەنەکان دەردەپەڕێنرێن و .. شکۆ بۆ کۆمەڵگا ئەگەڕێنرێتەوە، ئەگینا هەتاکو زیاتر کات بڕوا، ناڕەسەنایەتیی زیاتر ڕەگ دادەکوتێ و ..سوکایەتیی و شکاندنی میللەت زیاتر پەرە دەسێنێ و .. وای لێ دێت، ئەوەی ناڕەسەن نەبێ ناتوانێ بژی لە مەملەکەتی ناڕەسەنەکاندا ..
نەوزاد بەندی
