Skip to Content

چیرۆک/ ڕۆژگار .. ن/جەلال قادر

چیرۆک/ ڕۆژگار .. ن/جەلال قادر

Closed
by تشرینی دووه‌م 21, 2020 General, Literature

:

هەرجارێک سەردانی شارەکەم بکردایە میوانداری (فەرەیدوونی) هاوڕێم دەکرد. ئەمساڵیش زەنگم بۆ لێداو ئاگادارمکردەوە کە چەند کاتژمێرێکتر دەگەمە ماڵی. پێیگووتم : سەرەتا هەوڵدە لە سەنتەری بازار، لەچایخانەکەی جاران، یەکتر ببینین پاشان دەگەڕێینەوە ماڵ.
لەگەل تاریک و لێلێ ئێوارە گەیشتمە بەردەم ئەو چایخانەیەی کە بەڵین بوو یەکتری تیا ببینین.
ڕاستی من لە دوورەوە ئەوم بینی شابنبەشانی برادەرێکیتری سەرقاڵی گفتووگۆکردن بوو، بەرەو ڕووی من دەهات.
بڕیارمدا هەر کە لێمنزیکبوەوە، هەڵسمە سەرپێ و باوەشی پیابکەم. کەچی، کاتێ گەیشتە بەردەم چایخانەکە، لەگەل هەردووو برادەرەکەی بەردەوام بوو لە قسەگێڕانەوە و ئاگای لەمن نەمابوو. زۆرم لا سەیربوو کە هێشتا بە لاچاوێک تەماشای نەکردم!
کاتێ لە گفتوگۆکردن بوونەوە لەگەل هاوڕێکەی تەماشایەکی ناو چایخانەکەیان کرد. منیش بەدەست ئیشارەتم پێدان و هەڵسامە سەرپێ.
فەرەیدوون منی ناساند بە هەردوو هاوڕێکەی کە لەگەلیاندا بوو. لەپاش یەکترناسین و هەواڵپرسی، فەرەیدوون وتی ؛ با پیاسەیەکی ناو بازاڕیش بکەین.
چەند هەنگاوێکمان بڕی، لەبەر پاڵپەستۆی گەشتیار و قەرەباڵخی بازاڕ، وردەوردە فەرەیدوون کەوتەوە تەنیشت برادەرەکەی و دەستیان بە گفتوگۆکردن کردەوە. من و برادەری دووەمی فەرەیدوون کە ناوی (ئیحسان) بوو، تازە یەکترمان ناسیبوو، بەشەرمەوە لەگەل یەکتر دەدواین.
جانتاکەم هێشتا بەسەرشانەوە بوو، لەپڕێکا هەستمکرد کە بەدووی ڕابووردوویەکی دوور کەوتووم. ئێستا فەرەیدوون لە جیهانێكیتردا دەژێت. تەمەنی منداڵی و یادگاری خۆشی نێوان من و ئەو خەریکە کاڵ دەبێتەوە و بەسەردەچێت، ڕۆژگار گۆڕاوە، من دەبێت بیر لەئاییندە بکەمەوە و بۆ باقی تەمەن لەگەڵ خۆمدا ببمە هاوڕێ و ژیانێکی بەختەوەر هەڵبژێرم.
لەپڕێکا ئیحسان خەیاڵی پساندم و لێیپرسیم : لە مێژە فەرەیدوون دەناسیت؟
دەموسیت بڵێم بەلێ لە منداڵییەوە یەکتر دەناسین، بەلام هەر زوو پەشیمان بوومەوە و وتم : هەشت نۆ ساڵێک دەبێت.
بۆ ماوەیەک بە بێدەنگی ڕێگامان بڕی. لە فەرەیدوونی هاوڕێم تەواو دوور کەوتینەوە.
دەستێکم نایە سەرشان ئیحسان و پێمگووت : بەوە دەچێت فەرەیدوون زۆر سەرقاڵ بێت.
_ ئەمشەو پلانمان هەبوو دانیشتنێک سازکەین…بەلام فەرەیدوون لەبەر خاتری تۆ نەیتوانی بەشداربێت.
دڵم گووشرا و هەستمکرد، لەکاتێکی خەراپدا سەردانیم کردووە.
بە ئاسپایی بە ئیحسانم وت : ڕاستی.. منیش ئەمشەو برادەرێکی تایبەتم هەیە دەبێت بیبینم!
_ ئەی بۆچی زووتر بە فەرەیدوونت نەگووت؟
_ ئاخر لەوساتەوەی یەکترمان بینیوە، ئەو مۆڵەتی نەداوە قسەیەکی لەگەلدا بکەم.

لەگەڵ ئیحسان لەسەر شۆستەکە ڕاوەستاین و چاوەڕێی ئەوانمان کرد.
جانتاکەی سەرشانم لە ڕاستەوە گواستەوە بۆ شانی چەپم و وتم : ئیحسان گیان، من بەجێتان دەهێڵم، ئەگەر بتوانیت پەیامەکەم بگەیەنیت بە فەرەیدوون.

  • کەمێک سەبر بگرە ئێستا خۆی دێت و پییبڵێ.
  • نا..باوەڕکە واباشترە من بڕۆم، چونکە لەوانەیە فەرەیدوون بە ڕۆیشتنم دڵتەنگ بێت..بەڵام لەبیرت نەچێت کە پێیبڵێیت یەک دوو ڕۆژتر دەگەڕێمەوە و شەوێکیش میوانداری دەکەمەوە.
    بەدەم قسەکردنەوە، هەنگاوەکانم خێڕاتر هەڵبڕی، هەستمدەکرد هەرچەند دوورتر دەکەومەوە دڵتەنگییەکەم کەمتر دەبێت. هەر بۆیە خێرا دەستم لە تەکسییەک هەڵبڕی و بە شوفێڕەکەم وت : بمگەیەنە هوتێڵێکی خۆش.

دونیا تاریک ببوو، لەبەردەم هوتێڵێک دابەزیم کە چرا ڕەنگاوڕەنگەکانی بۆ گەشتیارەکان ڕازاندبوەوە.
لە پرسگەکە خانمێکی جوان پێشوازی لێکردم و لێیپرسیم : بۆ چەند شەو دەمێنییتەوە؟
سەرەتا ویستم بڵێم هەر ئەمشەو و سبەینێ لەگەل گزنگی بەیان ئەم شارە بەجێدێڵم. بەڵام خانمەکە وتی : ئەگەر دوو شەو بمێنیتەوە، هەرزانترت لەسەردەکەوێت.

  • دوو شەو…
    خانمەکە ناسنامەکەی لێوەرگرتم و ناوونووسی کردم و بە ڕووخۆشییەوە دووبارە لێیپرسیم : دەلێی خەلکی ئەم شارە نیت؟
  • ناوونیشانەکەم لە ناسنامەکەم نووسراوە.
  • بەڵێ…بەهەر حاڵ…فەرموو ئەمە کلیلی ژووری ژمارە (٦٧) و دوو سبەی سەعات دەونیو دەبێت ژوورەکەت چۆڵکەیت و کلیڵەکەش لەسەر ئەم مێزە دابنێت.
  • بەسەرچاو … دوو ڕۆژتر دەتبینمەوە.
  • نەخێر… من تەنها ئەمشەو کاردەکەم، سبەینێ نۆبەی مێردەکەمە.
    ناسنامەکەم کردە گیرفانم و لێمپرسی : دوو شەو چەند دەکات.
  • شەوی پەنجا دۆڵاری ئەمریکی…
    بە سەرسووڕمانەوە وتم : خوشکە خۆمن لە ئەمریکاوە نەهاتووم…من دینارم پێیە.
    _ باشە بەسەرچاو… حیسابەکەت دەکاتە ١٢٥ هەزار دینار، ئەمەش وەسڵەکەت.
    پارەکەم پێدا و بەرەو ژوورەکەم بەڕێ کەوتم.
    هیڵاک و ماندوو، لەسەر قەرەوێڵەی ژووری ٦٧ ڕاکشام، ژوورێکی پاک و خاوێن بوو. درزی پەنجەرەکە کرابۆوە هەوایەکی فێنک دەهاتە ژوور. بیرمکردەوە کە سەرەتا دوشێک بگرم، بەڵام هەرزوو لەترسی ئەوەی نەکا خەوم بڕەوێتەوە پەشیمان بوومەوە.
    سەرم نایە سەرسەرین و خەوم لێکەوت، لاموابێت ئەمە یەکەمینجار بوو لەژیانم سەربنێمە سەرسەرین و وەک بەرخ بخەوم و لەگەڵ ڕووناکی بەرەبەیان بێدار ببمەوە.
    بەیانی زوو، ئاوێکم بەخۆمدا کرد و بە موجەفەکە قژم وشککردەوە. خۆم ئامادەکرد بچمە دەرەوە و چێشتخانەیەکی خۆش بدۆزمەوە نانی بەیانی تیا بخۆم.
    جانتاکەم لە ژەوورەکەم جێهێشت و بە ئاسپایی لە نەردبانەکان هاتمە خوارەوە. بە خەیاڵمداهات کە لە پرسگەکە ببپرسم کە چ چێشتخانەیەک لەم نزیکانە قەیماخ و هەنگوین دەفرۆشن.
    نزیک بە پرسگەکە بوومەوە، لە پڕێکا سەروو گوێڵاکێکی توورشاوی کارمەندێکم بینی لە شیرینی خەودا پرخەی دەهات. جوانتر لێی وردبوومەوە، یەکسەر ناسیمەوە کە ئەمە (ئیحسانی) برادەری فەرەیدوونە، کە دوێنێ ئێوارە پێکەوە پیاسەمان دەکرد.
    بە نیگەرانییەوە گەڕامەوە ژوورەکەم جانتاکەم دایە بانشانم، لەسەرخۆ لە پرسگەکە نزیک بوومەوە بە ئاسپایی کلیڵەکەم لەسەر مێزەکە دانا.
    لەناکاو زەنگی تەلەفۆنی هوتێڵەکە بەرزبوەوە. ئیحسانم بینی بەچاوی خەواڵوو دەستی برد بۆ تەڵەفۆنەکە و وەڵآمیدایەوە.
    کاتێ لە دەرگەی هوتێڵەکە هاتمە دەرەوە بۆ دواجار ئاوڕێکم دایەوە، بیینیم ئیحسان کلیڵەکەی بەدەستەوەیەو تەماشام دەکات.
    منیش بۆ داوجار جانتاکەمدایە سەرشان و خۆم بۆ سەفەرێکی دوور ئامادەکرد!

(پاییزی ٢٠٢٠)

Previous
Next
Kurdish