Skip to Content

لەسـەر ئـاگـرێـکی کــز.. فازیل شـەوڕۆ

لەسـەر ئـاگـرێـکی کــز.. فازیل شـەوڕۆ

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 22, 2022 General


جاران کوا نەوت و گاز و کارەبا هەبوو، چێشتلێنان و ئاوگەرمکردن و خۆگەرمکردنەوە هەمووی بە دار و جیلکە بوو. وەبیرم دێ، نەنکم کە کەیبانوێکی دەستڕەنگین و مەعلان بوو، جاروبار بە ژنانی دەگوت:”مەنجەڵەکە بخەنە سەر ئاگرێکی کز و لێی گەڕێن تا بۆخۆی دەم دەدا.”
ئیمڕۆ، وای دەبینم، برایانی عەرەبی چاوڕەش، بە کۆمەک و پشگیری و ڕاوتەگبیری دەوڵەتدارەکانی دەرودەرواسێی وەک قەتەر و سعوودیە و ئێران، بە دزی و بە ئاشکرا، باشووری کوردستانیان لەسەر ئاگرێکی کز داناوە و هێدی و حەلیم، بە هێمنی و لەسەرخۆیی، وردە وردە بە پێدزە و بە گورگەلۆقە، لە هەوڵی گۆڕینی دیمۆگرافیای ئەو وڵاتەن. لە هەموو شەقام و جادە و کۆڵان و سەرە کۆڵانێکی شارێکی وەکو هەولێڕێ، بە چایخانە و چێشتخانە و دەڵاڵخانە و مەیخانەکانەوە بە زمانی عەرەبی لەگەڵت دەدوێن. تەنانەت سەوزەفرۆش و کۆنەفرۆش و کۆترەفرۆش و نۆکفرۆش و لەبزینەفرۆش و تووتنفرۆشەکانیش. لەسەر دوکانێک، هێندێ بۆیەی نیگارکێشانم دەویست، هەرچەندی کردم و کراندم، خاوەنەکەی، بە کوردی نەیدواندم، ئەو بەعەرەبی و ئەمن بە کوردی، ئەمن بە کوردی و ئەو بە عەرەبی، ئاخر لەو باوڕەدانەبوو، منێک بەو سەرە سپییەوە عەرەبیزان نەبم!
لە سەرکۆڵانی گەڕەکێک، کە زۆرینەی ئێستا عەرەبن، شەش حەوت کوریژگەی پارچەڵەم بینی، خر هەموویان ئاڵایەکی بە قەد دەفتەرێکیان لە ئەنتێنەی پایسیکلەکانیان بەستبوو و بە بازنەیی بەدەوری یەکدا دەخوولانەوە. من وای بۆ چووم، مەحاڵە، ئەو منداڵانە بۆ خۆیان چووبن، بە ڕۆژانەی خۆیان ئەو ئاڵایانەیان کڕێ بێ و لە پاشکۆی پایسکلەکانیان بەرزیان کردبێتەوە، حەتمەن، ئەو ڕەفتارە، دەستێکی ئاقڵمەندتری لە پێشتە، تا لە ئێستاوە لە ناخی ئەو منداڵانە ئەو حەقیقەتە بڕوێنێ کە ئێرە خاکی ئەوانە و نیشانی منی کوردیشی بدا، کە ئەو (لێرەدا حزووری گەرمی هەیە.)
ڕۆستەم حەوێزی شاعیر، لە قەسیدەیەکیدا کە نەخشەی کوردستان دەکێشێ، بەشێک لە شاری کوت و بەدرە و جەسان و سەعدییەی بە خاکی کوردستان داناوە ـ ئەم دەڤەرانەی لە خوارووی خانەقین و بەغدان. کەچی من لە ساڵی (٢٠١٧) ڕێم کەوتە ئاوەدانییەکی دوو سێ ماڵی، لە بناری کێوی ئاوەگرد ـ ئەو چیایەی وەکو قەندیل، هەرگیز و سوپای عێراق نەیتوانی داگیری بکات و هەمیشە بارەگای شوعییەکان بوو، بینیم، هەمووانیان لە برا چاوڕەشەکانی باشووری عێراقن. جا کاتێک ئەو (خەمەم) بۆ هاوڕێیەکم باسکرد کەمەقامێکی باڵای هەبوو هەم لە حزب و هەم لە حکوومەت، بە بزەیەکەوە گوتی:
“وەڵڵا مامۆستا، ئەو عەرەبانە، گاوانی گاوگۆلکەکانی ئێمەن لەو هەوێز و مۆڵگە و تەویلانەی بناری ئاوەگرد، ئەوێ زێدی ئێمەیە!”
روو لە کوێ بکەم، حاجی قادری کۆیی هاوار و فیغانی بوو شینیدەگێڕا:
خاکی جەزیر و بۆتان، یانی وڵاتی کوردان
سەد حەیف و سەد مەخابن، دەیکەنە ئەرمەنستان
منیش دەبێ لەبەرە خۆمەوە، بە دزییەوە بڵێم:
خاکی قەراج و گەرمیان، یانی وڵاتی کوردان
سەد حەیف و سەد مەخابن، دەیکەنە عەرەبستان
جا کوڕگەلینە، ئازیزانی من، (ئەوان)، تەگبیر و مشوورەکەیان هێندە بە ئەقڵمەندی کردوە، کە هەموو کەس پەیی پێ نابا. هەمیشە پایتەخت، دەسەڵاتە، تەنانەت لە کاتی بەرپاکردنی کودەتای سەربازیش، تا پێتەخت نەکەوێ، ئەو وڵاتە هەر لەسەر پێیە، بۆیە (ئەوان) لە هەولێری پێتەختەوە، بە هێمنی و لەسەر ئاگرێکی کز وا نەخشەکەی خۆیان جێبەجێ دەکەن.
بۆ یەکەمین جار، من دوو گومانم لەلا درووست بوو، قەت پشتر، من شتی وام بە خەیاڵ دانەهاتووە:
گومانی یەکەم:
بەڕاستی! بەڕاستی! ئێرە حەویجەیە یان هەولێڕە!
گومانی دووەم:
بەڕاستی! بەڕاستی! ئەمن (ئەبو عەباس)م، یان شەوڕۆ! ـ ئەدی بۆ هەمووان بە عەرەبی دەمدوێنن؟
لە دوبلن، تووشی ئینگلیزێک بووم، هێندە بە جوانی بنزاری حیجازی قسەی دەکرد، بە شیعری میللی عەرەبیشەوە، ئەقلم قبوڵی نەدەکرد. گوتی:”ساڵانێک لە سعوودیە ئەندازیار بووم، ئاخر لەوێ دەبێ بە عەرەبی قسە بکەی!”
لە وڵاتێکی وەکو سعوودیە، کە (١٣٩) نەتەوە و زمانی لێیە، ئەفغانی و مەکسیکی و فیلپینییەکانیش بە عەرەبی قسە لەگەڵ سعوودییەکان دەکەن.
خێرە، لە هەولێر دەبێ، من بە عەرەبی، برا چاوڕەشەکانی باشوور و بدوێنم؟
ئەو ماستە سەر پەتێکی تێدایە.
وەک ئەو ئاگر کزەکەی کە دیمۆگرافیای نیشتیمانەکەم وا دەگۆڕی، جەرگم کزەی لێوەدێ.
لێ نازانم ڕوو لە کوێ بکەم.
خودا شاهیدە، ڕەگەزپەرستیش نیم و بە دەیان هاوڕێی گیانی بە گیانی عەرەبم هەیە.
بەڵام…!

Previous
Next
Kurdish