Skip to Content

نامەیەک بۆ هاوڕێیەکی شاعیرم سەباح ڕەنجدەر.. ناڵه‌ حه‌سه‌ن

نامەیەک بۆ هاوڕێیەکی شاعیرم سەباح ڕەنجدەر.. ناڵه‌ حه‌سه‌ن

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 22, 2022 General, Literature

سڵاو هاوڕێی خۆشەویستم (سەباح ڕەنجدەر). بە هیوام ئاسوودە و تەندروست بیت.

بە سەلیقەیەکی پڕ هەستەوە زێتر لە جارێک، قەسیدەی (تەواو بۆ دواجار لێرەوە دەڕۆین)م خوێندەوە، چێژی زۆری پێبەخشیم، بە بڕوای من یەکێکە لە قەسیدە نایابەکانی تۆ، دەقەکە زێتر فۆرمێکی درامی هەیە، دەقێکی درێژ لەنێویدا کۆمەڵێک دەقی تری جودای لەخۆگرتبێت، وەک ئەوەی ڕۆمانێک چەند کاراکتەرێکی سەرەکی هەبێت و هەریەک لەو کاراکتەرانەش بە کۆمەڵێک ڕووداوەوە دەورەدرابن. لەم شێوە دەق و فۆرمانەدا کە زمان بە چڕی ئیشی لەسەر کرابێ و وشە و ڕستەکان لە پەیوەندییەکی توندوتۆڵدا بن، کردنەوەی کۆد و هێماکان بۆ بەرجەستەبوونی خوێندنەوەیەک و دیاریکردنی ناوەڕۆکێک ڕەنگە کارێکی سانا نەبێت، من نامەوێت لەم نامەیەدا باس لە پەیوەندی فۆرم و ناوەڕۆک بکەم، بەڵام هەر ئەوەندە دەڵێم لە هەموو دەقێکی شیعری (ناوەڕۆک) بوونێکی نادیاری هەیە، لەڕێگای خوێندنەوە ئەو بوونە دەردەکەوێت، دەرکەوتنەکانیش لە خوێنەرێکەوە بۆ خوێنەرێکی تر دەگۆڕێت، لە دەقی (تەواو بۆ دواجار لێرەوە دەڕۆین) خوێنەر لە ڕێگەی هەندێک لە وشە و ڕستە و دەستەواژە شیعرییەکانەوە، دوای ڕامان و قووڵبوونەوە دەتوانێ بڕێک لە کۆد و هێماکان بکاتەوە، (ڕەنگە) بە ناوەڕۆک و خوێندنەوەیەک بگات. من بەشبەحاڵی خۆم لەم دەقەدا زۆرێک لە ڕستە و دەستەواژەی شیعری جوانم خوێندەوە، کە هەم چێژبەخش بوون، هەم وەکو میتافۆر و هێما و وێنەی شیعری لە پشتیانەوە هەڵگری کۆمەڵێک گوتن و کێشمەکێش بوون، بەتایبەت کێشمەکێشی نێوان (ژیان و مردن). من لێرەدا (هەندێک) لەم ڕستە و دەستەواژە شیعرییانە دەنووسمەوە دواتر هێندەی بۆم بکرێت قسەیان لەبارەوە دەکەم.
_ لە شیعری (ڕوخسار و شوێن):
دیکتاتۆر بەسەر خوانماندا پژمی
هیچ نیشانەیەکی خواردن نەما
گەڕاینەوە بەرسێبەری درەختی گۆڕستانەکان


مرۆڤ شاراوە و نهێنی درۆی ژیرە
نانی کردە تاشەبەرد


گۆڕیان بەتاڵکردین و ئێسکیان کردە قۆپچە


_ لە شیعری (جێناوەکان):
با بگەڕێینەوە دواوە هێز تووڕەیە لە سێوی کەوتوو
با بگەڕێینەوە دواوە باران خوێواوی لێدەچۆڕێ و
دەیکاتە هەڵم و دەبێتە تانەی چاوە


  • لە شیعری (گەشەی ڕەنگ):
    شۆڕش شەپڕە لێی داوە
    ناتوانێ مەلە بکا

دیکتاتۆر ڕۆنی لەبن پێی شۆڕشگێڕدا
هەڵيخلیسکاند بەرەو ڕووناکییەکی چرووک


_ لە شیعری (ئاوازی چاوپێکەوتن):
سەرزەمین تەواو ماندووە
پێویستی بە چاوپێکەوتنی دەنووک و باڵە


_ لە شیعری (بلیتی ژمارە بیست و هەشت)
هەناسە سواریت باڵندەیەکی هێلکە شکاوی هەڵکورماوە
گوتم لە شاری شیعر دەژیم و هەناسەم نەرم و خۆشە
بە ئارەزووی خۆم لە بەهەشت ناچمە دەرەوە


_ لە شیعری (بێڕەنگ):
ئەو ڕۆژەی مرۆڤ دروست بوو
بێڕەنگ هەموو ڕەنگەکانی دابووە دنیا


_ لە شیعری (کاتی تایبەتی ڕووبار)
کلیل لە دەستی دیکتاتۆر بڕفێنن
بیخەینە گەنجینەی منداڵێک
زۆرنین ئەو دەقانەی بە چەند دێڕێکی شیعری دەتوانن تەعبیر لە تراژیدیایەکی گەورە، یان ژیانێکی پڕ لە ئازار و مەرگەسات بکەن، یان ڕەسمکردنی ئەو زەمەنەی مرۆڤەکان لەنێو شەوەزەنگێکی تاریک و لە گۆڕستانێکی گەورەدا هەناسە دەدەن، یان هەموو خەونە گەورەکان دەبن بە تۆزوغوباری دەم ڕەشەبا. شاعیر لەو دەقەدا ڕۆحێکی تووڕە و ماندووە، بێزار لە هەلومەرجێک کە دەتوانین بە هەلومەرجی مردنی خەونە جوانەکان ناوی ببەین، ڕۆژگارێکە کە دیکتاتۆر خاوەن هەموو دەسەڵات و هێزێکی گەورە و ڕەهایە، لەڕێگەی ئەم هێزەی دیکتاتۆرەوە هەموو پەیوەندییەکان و یاسا و ڕێساکان ناڕێک و ناتەندروست دەبن و جووڵە و ئاراستەکانی ژیان دەشێوێندرێ، کە هیچ بەها و حورمەتێک بۆ ئەوی تر و مرۆڤ و بەها مرۆییەکان نامێنێتەوە، نیشتیمان دەبێتە گۆڕستانێکی گەورە، شاعیر لە شیعری (ڕوخسار و شوێن)دا، وێنەی ئەم نەهامەتیانەمان لە دیمەنێکی شیعریی جوان و سەرکەوتوودا بۆ دەکێشێ و دەڵێ (دیکتاتۆر بەسەر خوانماندا پژمی هیچ نیشانەیەکی خواردن نەما گەڕاینەوە بەرسێبەری درەختی گۆڕستانەکان)، دیکتاتۆر بێڕەحمانە بەسەر خوانەکان دەپژمێ و دەڕشێتەوە، خوانەکان پیس و ژەهراوی دەکات، دواتر هیچ نیشانەیەکی خواردن نامێنێ و سفرەکان بەتاڵ و خاڵیی دەبن، مرۆڤەکانیش بە سکی برسییەوە لەبەر سێبەری درەختی گۆڕستانەکان ڕۆژەکانی تەمەنییان دەژمێرن، چونکە نان بۆتە (تاشە بەردێکی گەورە!). شاعیر لە دێڕێکی تردا وێنەیەکی گەورەترمان بۆ دەکێشێ و دەڵێ (گۆڕیان بەتاڵ کردین و ئێسکیان کردە قۆپچە)، ئەمە دێڕە شیعرێکی تا بڵێی جوان و شیعرییە، پڕ لە جووڵە و پڕ لە قسەیە، واتە دیکتاتۆر لە ڕێگەی ئەو هێز و دەسەڵاتە ڕەهایەی هەیەتی، وەک بازرگانێکی بێڕەحم نەک بەروبوومەکانی سەرزەوی، بەڵکو چاوی بڕیوەتە ئەوانەی ژێرزەویش، ئەوەتا گۆڕەکان بەتاڵ دەکەن و ئێسکەکان دەکەنە قۆپچە، شاعیر لەم وەزعە ناڕازی و نائارامە، چونکە لە خەیاڵی ئەو، گۆڕستان شایستە بە مرۆڤ نییە، لە خەیاڵی ئەو (پەپوولەکان دەمدەخەنە نێو دەمی یەکتری و کەمانچەژەنەکانیش سەمفۆنیای گوڵ و نان دەژەنن!)، ئەو هەمیشە لەنێو خەیاڵە شیعرییەکانیدا، خەون بە دنیایەکی جوانتر و باشتر دەبینێ، لەنێو بیرکردنەوەکانی ئەودا، مرۆڤ پیرۆزترین بوونەوەرە و شایستە بە هەموو خۆشییەک و سەروەرییەکە. ئەوەتا ڕوون و ئاشکرا لە شیعری (بێڕەنگ)دا، پێمان دەڵێ (ئەو ڕۆژەی مرۆڤ دروست بوو بێڕەنگ هەموو ڕەنگەکانی دابووە دنیا!)، دەکرێت (بێڕەنگ) هێما بێت بۆ خالقێک، بەڵام خالقێکی نادیار، لێرەدا سەروەری و بەهای مرۆڤمان بۆ ڕەسم دەکات، شاعیر دەخوازێ ئەم ژیانە بگۆڕێت، سەرزەمین و بەرسێبەر و ماڵەکان نەبنە گۆڕستان (چونکە لای ئەو سەرزەمین تەواو ماندووە، پێویستییان بە چاوپێکەوتنی دەنووک و باڵە) (دەنووک و باڵ) هێمایە بۆ فڕین، واتە جێهێشتنی ئەو سەرزەمینەی کە ماندووە و بۆتە گۆڕستانێکی گەورە، واتە دەخوازێ ژیان بگەڕێتەوە باری ئاسایی و بەها و ڕێز و سەروەری بۆ مرۆڤەکان بگەڕێتەوە، بەڵام گۆڕان بەچی دەکرێت؟ ئەوە ئاشکرایە هەموو گۆڕانێک چ ڕۆشنبیری بێت، یان سیاسی، یان کۆمەڵایەتی، بێگومان بە ڕاسان و شۆڕش دەکرێت، بەڵام هەیهات لێرەدا (شۆڕش شەپڕە لێی داوە ناتوانێ مەلە بکات!)، چونکە (دیکتاتۆر ڕۆنی لەبن پێی شۆڕشگێڕدا هەڵیخلیسکاند بەرەو ڕووناکییەکی چرووک!) واتە دیکتاتۆر ڕۆنی لەژێر پێی شۆڕشگێڕەکان ڕۆکردووە و هەموویان خلیسکاون و کەوتوون، بەمانای هەموویان، یان ئەوەتا لە خشتەبراون، یان ئەوەتا دەستەمۆبوون، ئێستا لەنێو نائومێدییەکی گەورە و لەنێو ڕووناکییەکی چرووک ڕاکشاون)، ئیتر گۆڕان چۆن ڕوودەدات؟ بۆیە شاعیر کە دڵنیا دەبێ لەوەی بەم هەموو کەوتن و نائومێدییە گەورانەوە ترووسکایی هیچ گۆڕانکارییەک نابیندرێ و بەم زووانە هیچ گۆڕانێک ڕوونادات، بەڵام لەگەڵ ئەوەش ناتوانێ بێدەنگ بێت، چونکە ئەو شاعیرە و (شیعریش فۆرمێکی بێدەنگ نییە) بۆیە دەخوازێ (کلیل لە دەستی دیکتاتۆر بڕفێنن بیخەنە گەنجینەی منداڵێک) (گەنجینەی منداڵ) لێرەدا هێمایە بۆ دەستێکی پاک و ئەمین، شاعیر دەخوازێ گەنجینەکە بگوازرێتەوە بۆ دەستێکی ئەمین، تا چیتر مرۆڤەکان سفرەیان خاڵیی نەبێت و لەژێر سێبەری درەختی گۆڕستانەکان ڕانەکشێن، بەڵام شاعیر لەوەش نائومێد دەبێت، واتە بە وەزعێکی ئیفلیج و تا چاوبڕکات هەر تاریکیی بێ، بۆیە هەر لەنێو نائومێدییەکانی خۆی دەمێنێتەوە و دەڵێ (با بگەڕێینەوە دواوە باران خوێواوی لێدەچۆڕێ دەیکاتە هەڵم و دەبێتە تانەی چاو)، ئیتر تەواو، کە باران خوێوای لێچۆڕا، درەخت و گیا و سەوزاییش دەمرن، وردە وردە مرۆڤەکانیش، بەمانای ئیتر (تەواو دواجار هەموومان لێرەوە دەڕۆین)، گوتمان شاعیر لەنێو نائومێدییەکی گەورەدایە، یاخی و بێزار و ماندوو و تووڕەیە، بە گومانێکی تۆخ و بە چاوی ڕەخنەوە لە هەموو گۆشەیەک دەڕوانێت، لە هیچ شوێنێک ئارام ناگرێ و ناحەسێتەوە، لەگەڵ ئەوەی هەموو یاساکان و هەموو دۆخەکان ناڕێک و شێوێندراون، ژیان هیچی بەسەر هیچەوە نەماوە، شاعیر لەم گۆڕستان و لەم ژیانە مەرگەساتییە تەنها شوێنێک شک دەبات بتوانێ تیایدا هەناسە بدات و ئارام بێتەوە ئەویش (شاری شیعرە (وەک ماڵێکی ئارام).) ئەوەتا خۆی لە شیعری (بلیتی ژمارە بیست و هەشت)دا دەڵێ (گوتم لە شاری شیعر دەژیم و هەناسەم نەرم و خۆشە ئەها شیعرم لێدیارە و وەک کاتژمێری چوونە ژوان ڕێکی خستووم)، ئەو دەڵێ (شاری شیعر)، بەڵام شاریش هەر شوێنی ژیانە، بۆیە من دەڵێم ماڵ، واتە لەنێو ئەم هەموو نەهامەتی و نائومێدییە گەورانەدا شیعر تاکە هیوایە کە بۆی دەژی و لەنێو ئەم هەموو ناڕێکیانەدا (ماڵی شیعر) ژیانێکی ئارامی پێبەخشیوە وەک کاتژمێر جەستە و دەروونی ڕێکخستووە. هەر ئەوەندەش نا، دەڵێ (بە ئارەزووی خۆم لە بەهەشت ناچمە دەرەوە)، ئەو شاعیرێکی نوێخواز و داهێنەرە، لەنێو ڕووبەری شیعر و داهێنان ناسنامەی شاعیربوونی بەدەستهێناوە، ئیتر کەسە داهێنەرەکانیش دەبن بە موڵکی مێژوو و مرۆڤایەتی بۆ تاهەتا لەنێو ئەبەدییەتدا دەمێننەوە، لێرە بەهەشت هێمایە بۆ مانەوە لەنێو ئەبەدییەتدا.
تا ئێرە بەشی یەکەمی نامەکەم بوو لە بەشی دووەمدا، دەمەوێت لە دەرگای بابەتێکی گرینگ بدەم ئەویش لە ڕێگەی دێڕە شیعرێکی نێو ئەم دەقە، لە شیعری (جێناوەکان)دا دەڵێت (با بگەڕێینەوە دواوە هێز تووڕەیە لە سێوی کەوتوو.)، لەم دێڕە شیعرەدا جوانییەکی بێوێنە بەرهەم هاتووە لە هەمانکات، بارگاوییە بە خەیاڵی زانستی و فەلسەفی، لە سەرەتا ئەو پرسیارە لەلای خوێنەر دروست دەبێ بۆ هێز تووڕەیە لە سێوی کەوتوو…؟! لەنێو قووڵایی بیرکردنەوەدا ڕاستەوخۆ بیرمان بۆ لای (نیوتن و هاوکێشەی کێشی زەوی) دەچێت، دواتر تێکەڵ بە ململانێی نێوان هێزەکانی مردن و ژیان دەبینەوە. لەم وێنەیەدا دیکتاتۆر زەوی کردۆتە گۆڕستانێکی گەورە، زەوی هێمایە بۆ مردن، ئاسمان لە سەرووی سێوەکەوە، ڕووناکی و خۆرەتاو و ئەستێرەکان و بەپێی بیرکردنەوە ئایینەکان خوداوەندەکانیش لەوێن، خوداوەندیش خاوەن هەموو دەسەڵات و هێزێکە، ئاسمان هێمایە بۆ ژیان، لەنێوان ململانێی (هێزی زەوی و هێزی ئاسمان) سێوەکە ململانێ و ئەنجامەکان یەکلایی دەکاتەوە، دەکرێ سێوەکەش هێما بێت بۆ (مرۆڤەکان و نیشتیمان و هەموو شتە جوانەکان.)، دواجار سێوەکە دەکەوێت.، هێزی مردن واتە (هێزی زەوی) زاڵدەبێت بەسەر (هێزی ئاسمان) واتە هێزی ژیان، بێگومان لەباروزروفێکی وا کە شۆڕش شەپڕە لێی دابێ و شۆڕشگێڕەکان هەڵبخلیسکێن و بکەون، هەروەها چاویان پڕبێ لە ڕووناکییەکی چرووک، ترووسکایی هیچ گۆڕانکارییەک نەبیندرێ و مرۆڤەکان بە سفرەی خاڵییەوە لەژێر سێبەری درەختی گۆڕستانەکان پاڵکەوتبن بێگومان جووڵەکان بە ئاراستەی مردن دەڕۆن بۆیە شاعیر لەنێو ئەو نائومێدییە گەورەیەدا دەڵێت (تەواو بۆدواجار لێرەوە دەڕۆین)، ئەم دێڕە شیعرە ڕەهەند و ماناکانی، بۆ من جگە لە ئێستیتیکا و چێژ، گرینگی و مانایەکی گەورەتری هەبوو، من مانیفێستێکم نووسیوە لە (سێ بەش) پێکهاتووە، گۆشەنیگا و تێڕوانین و بیرکردنەوەکانی ئەزموونی خۆمم بۆ شیعر لەم مانیفێستە چڕ کردۆتەوە، کە بەشی یەکەمی بەناوی (شیعر فۆرمێکی بێدەنگ نییە) (بەشی دووەم شیعر عەشقێکی گەورەیە.) لەم بەشەدا واتە لە بەشی دووەم دەڵێم (شیعر ئەو عەشقەیە پڕاوپڕە لە خەون و ئومێد و جووڵە، فۆرمێکی پڕ لە قسەیە و هاوتەریبە لەگەڵ ژیان و بەها مرۆییەکان، شاعیر بیرمەند نییە، بەڵام لە ڕێگەی بیرکردنەوەکانی دەتوانێ پرسیاری بیرمەندانە بەرهەمبهێنێ، شاعیر فەیلەسووف نییە، بەڵام لە ڕێگەی پاشخانە مەعریفییەکەیەوە دەتوانێ پرسیاری فەلسەفی بوروژێنێ، شاعیر گەڕیدەیەکی جوانناسە بۆ دۆزینەوەی جوانییەکان هەموو گەردوون لەبەردەمی دایە، ئاسمان و کیشوەرەکان و ئۆقیانووسەکان و تەنانەت وردە ئەستێرە دوور دوورەکانیش، دواجار شیعر عەشقێکی گەورەیە، ئەشقیش میلۆدییە بەردەوامەکەی ژیانە و ژیانیش دەقێکی شیعری ناوازەی پڕ لە جوانی و چێژە). ئەم دەقە ئەوەی پیشانداین کە شیعر (فۆرمێکی بێدەنگ نییە)، شاعیر دەتوانێ دەنگ و هاوارەکانی خۆی بەسەر هەموو ئەو هێز و هۆکارانە بەرز بکاتەوە کە دەیانەوێت ژیان ناشیرین بکەن و خەونە جوانەکانی مرۆڤ لەبارببەن، هەروەها شیعر لەتوانایدا هەیە، بارگاوی بێت بە خەیاڵی زانستی و فەلسەفی و لەنێو مەعریفەیەکی فرەڕەهەند ئیش بکات، دواجار پرسیاری زانستیی و فەلسەفیش بورووژێنێ، بۆیە دڵخۆش بووم بە خوێندنەوەی ئەم دەقە بۆ من وەک ئەوە وابوو بە قەڵەمی جوانیی نووسرابێتەوە، ئیتر هاوڕێی شیعرییم، دووبارە هیوای خۆشبەختی و بەختەوەرییت بۆ دەخوازم، بە ئومێدم لەنێو ڕووبەری شیعر و ڕووبەری داهێنان، قەڵەمەکەت هەر بە بڕشت بێ و سڵاو لە شیعری باڵا.

١٢/ ٩ ٢٠٢٠ – کەنەدا

تێبینی قەسیدەی (تەواو بۆ دواجار لێرەوە دەڕۆین) لە (دە) شیعری تر پێکهاتووە بەم ناوانە (ڕوخسار و شوێن, جێناوەکان, ڕێگاکانی دەوروبەر, گەشەی ڕەنگ, ئاوازی چاوپێکەوتن, بلیتی ژمارە بیست و هەشت, ئەمڕۆ گۆرانییەک دەگوترێ, بێڕەنگ, کاتی تایبەتی ڕووبار, ستایشێک بۆ جوودی).

mm

کورتەیەک لەبارەی ژیان و بەرهەمەکانی ( ناڵە حەسەن ) - ناڵە حەسەن لە ساڵی ١٩٦٥ لە شاری هەولێر لە گەڕەکی تەیراوە لە دایک بووە . - خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی هەر لە هەولێر تەواو کردووە . - دەرچووی پەیمانگای پزیشکییە لە شاری موسل ١٩٨٦ - ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری ( نینا ) بووە . - یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی ( کۆمەڵەی هونەری شەبەنگ ) - ئەندامی لیژنەی باڵای ( دەستەی ڕۆژنامەنووسانی ئازاد ) بووە . - لە منداڵییەوە حەز بەخوێندنەوەی شیعر دەکات و لە پۆلی پێنجەمی سەرەتایی داڕشتنێک لەبارەی ( نەورۆز ) بە شیعر بۆ مامۆستاکەی دەنووسێت .. لە قۆناغی ( ناوەندی ) و ( ئامادەیی ) شیعر دەنووسێت و لەبەر هەستی نەتەوایەتی ناتوانێ لە گۆڤار و ڕۆژنامەکانی ئەوکات بڵاویان بکاتەوە . - یەکەمین شیعری خۆی بەناوی ( من کاروانی بەشمەینەتان جێناهێڵم ) لە گۆڤاری ( ڕابەر ) لە ساڵی ١٩٩١ بڵاودەکاتەوە . - لە ساڵی ١٩٩٣ یەکەمین نامیلکەی شیعری بە ناوی ( مۆمێکی نوێی تەمەنم ) بڵاودەکاتەوە . - لە ساڵی ١٩٩٨ کوردستان جێدەهێڵیت . - لە ساڵی ١٩٩٩ لە کەنەدا دەگیرسێتەوە ، لەوساوە تا ئێستا لە کەنەدا دەژیت . - بە بەردەوامی لە زۆربەی ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی کوردستان و سایتە ئەلەکترۆنییەکانی دەرەوە شیعر و لێکۆڵینەوە و بابەتەکانی خۆی بڵاوکردۆتەوە . - لە ساڵی ١٩٩٣ لەگەڵ ( خولیا حسێن ) ی شاعیر ژیانی هاوسەرگیرییان پێکهێناوە ، دوو منداڵیان هەیە بە ناوەکانی ( ڕەها و ڕەهەند ) . - لە سایتی ئەلیکترۆنی ( ئەمڕۆ و دەنگەکان و کوردیپێدیا ) لینکی تایبەت بەخۆی هەیە ، زۆرێک لە کتێب و بەرهەمە ئەدەبی و شیعری و وەرگێڕانەکانی لەوێدا دەست دەکەون . ( ناڵە حەسەن ) تا ئێستا ئەم بەرهەمانەی بە چاپ گەیاندوون ١/ ( مۆمێکی نوێی تەمەنم ) ١٩٩٣ شیعر ٢/ ( ڕەشبەڵەکی ڕۆح ) ١٩٩٦ شیعر ٣/ ( عەشق و بەرائەتی ئاو ) ١٩٩٩ ٤/ ( ڕەنگە ئیرۆسییەکانی ئاگر ) ٢٠٠٣ شیعر ٥/ ( نیگایەک بەسە بۆ مردن ) ٢٠٠٧ شیعر ٦/ ( نەرسیسیزم ) ٢٠٠٦ وەرگێڕان ٧/ ( هونەر و فیگەرە جوانەکانی خەون ) ٢٠١١ لێکۆڵینەوە ٨/ ( چەمکە دەروونییەکان و دەقی ئەدەبی ) ٢٠١٢ لێکۆڵینەوە ٩/ ( لەسەر جەستەی ڕووتت لە خاچمدە ) ٢٠١٤ شیعر ١٠/ ( شیعر و چەمکەکانی ، ئیرۆس و ساناتۆس و ئەبەدییەت ) ... ٢٠١٧ لێکۆڵینەوە چاپی ئەنتەرنێت . ١١/ ( ڕووبەڕوو لەگەڵ شیعر ) ٢٠١٨ لێکۆڵینەوە و دیمانە . ١٢/ ( سارا تیسدەیل ، ژنە شاعیری ئەمریکی ) ... ٢٠١٨ نووسین و وەرگێڕان . ١٣/ ( عەشق جوانترە لە مردن ) ٢٠١٩ شیعر ( سەباح ڕەنجدەر - ناڵە حەسەن ) چاپی ئەنتەرنێت . ١٤/ کتێبی یەکەمی ( دەقی تەمەن ) شیعر ٢٠١٩ ١٥/ ( لە دەرەوەی ژیان دەژیم ) ٢٠٢٠ شیعر ( چاپی ئەنتەرنێت ) . ١٦/ ( گەیشتن بە ڕووبەری شیعر ) ٢٠٢٠ لێکۆڵینەوە . ١٧/ ( ئەدەب و ئایدیۆلۆژیا ) ٢٠٢٠ لێکۆڵینەوە . ١٨/ ( کۆڵانە زەردەکە ) ٢٠٢١ شیعر . ١٩/ ( سوور ڕەشێکی نوێیە ) ٢٠٢١ شیعر . ٢٠/ ( من ژیانم بۆ شیعر دەوێت ) ٢٠٢١ وردە شیعر . ٢١/ ( دیوانی ناڵە حەسەن ) بەرگی یەکەم ٢٠٢١ شیعر . ٢٢/ ( دیوانی ناڵە حەسەن ) بەرگی دووەم ٢٠٢١ شیعر ، ئەم کتابانەی ئامادەن بۆ چاپ . ١/ ( داهێنان و پەنجەرەیەک بۆ ڕوانین ) .. لێکۆڵینەوە . ٢/ ( خەونی من ) .. شیعر ٣/ کتێبی دووەمی ( دەقی تەمەن ) .. شیعر .

Previous
Next
Kurdish