Skip to Content

تیۆری ( هونەر لە پێناوی هونەر) وە ڕەنگدانەوەی لە سەر خەباتی سیاسی پڕۆلیتاریا!.. بزاڤی مارکسیستی کرێکاران

تیۆری ( هونەر لە پێناوی هونەر) وە ڕەنگدانەوەی لە سەر خەباتی سیاسی پڕۆلیتاریا!.. بزاڤی مارکسیستی کرێکاران

Closed
by November 21, 2020 General

قوتابخانەی فیکری ( هونەر لە پێناو هونەردا) پەیوەندیەکی ڕاستەوخۆی هەیە بە بیروباوەڕی
( بڕناسی ) یەوە .
بیروباوەڕی بڕناسی کە لە ناوی شاخێکی یۆنانیەوە وەرگیراوە لەسەدەی نۆزدەهەمدا سەری هەڵداوە .
وە ئەم قوتابخانە فیکریە ( هونەر وێژە ) لە هەر جۆرە کارکردێکی سیاسی و فیکری و ئاینی و فەلسەفی دا ئەماڵێت و دائەبڕێت و وەپێیان وایە کە ئەدەب و هونەر پێویستە و ئەبێ هەر بۆ خۆی بژی و جوانی خۆی بۆ خۆی بێت خۆی تێکەڵ بە ناکۆکیە سیاسیەکان و فەلسەفیەکان و ئاینیەکانی ناو کۆمەڵگا نەکات .
یەکەمین کەسێک کە زاراوەی ( هونەر لە پێناوی هونەردایە) ڤیکتۆر هۆگۆ بوو کە لە ساڵی ١٨٢٩ لە گەرمەی ووتووێژێکدا لە گەڵ ڤۆڵتێردابەدەستی هێنا وە گەڵاڵەی کرد .
وە دواتریش لایەنگرانی بۆ پەیدا بوو وەک ؛
شاڕڵ بودلێر 1867-1821
لوکانت دیلیل 1804
تیوفیل گوتیە 1872-1811
مالا رامیە 1898
شیلی شاعیر 1822
ورد زورث 1850
وە سەرانی ئەم قوتابخانەیە پێیان وابوو کە ( ئەدەب و هونەر) لە هەموو بەرژەوەندیەکانی تر ڕزگار ئەکەن و بەڕەهەندی ئەیهێڵنەوە .
قوتابخانەی فیکری ( هونەر لە پێناوی هونەردا) پەیوەندیەکی دانەبڕاوی هەیە لەگەڵ قوتابخانەی
( ڕۆمانسیەت) کە زیاتر پشت بەهەست و نەستی کەسایەتی مرۆڤەکان وەک( تاکە کەس) ئەبەستێت ، وە بریتیە لە هەوڵێک بۆ جوانکاری لە ( هونەر و ئەدەبدا) .
یەکێک لە بنەما سەرەکیەکانی سەرهەڵدانی ئەم قوتابخانە فیکریە ئەوەبوو ( هونەر و ئەدەب) پێویستە ڕۆڵی باشترکردنی ڕەوشتی تاکە کەسەکان ببینێت ، وەک ناوەرۆکی پڕۆسەی پەروەردەو فێرکردن .
هەروەک زۆربەی قوتابخانە فیکریەکانی تر ئەم قوتابخانەیەش لەسەرەتاوە لە ئەوروپا سەریان هەڵداوە بە تایبەت لە فەڕەنسا کە دواتر بەرەو ووڵاتەکانی تر ڕۆیشت و بڵاوبۆوە، وەک ئەڵمانیا و ئیتاڵیا و دواتر ئەمریکاو ووڵاتانی تری جیهانیش .
شۆڕشی پیشەسازی سەرچاوەی سەرەکی ئەم قوتابخانەیە بوو کە لەو سەردەمانەدا هەوڵی جیاکردنەوەی ئاین لە دەوڵەت ئەدرا بۆ بەربەرەکانێی هەوڵەکانی کڵێساکان .
هەروەها ( Structuralism – البنيوية) وە بە زمانی فارسی بە واتای ( ساختارگرایی ) دێت ،
بریتین لە زادەی ئەم قوتابخانەیە فیکریە کە لە ئەوروپای نوێدا سەری هەڵدا .
خەسڵەتی سەرەکی ئەم قوتابخانەیە پێ داگرتنە لەسەر جوانی نووسین ، داڕشتن ، دەقەکان ، بە شێوەیەک کە کار لە دڵ و دەروونی مرۆڤەکان بکات ، وە ئەوان بەرەو ڕەوشتێکی جوانتر بەرێت ، وە لە کۆتاییدا هیچ پەیوەندیەکیان بە جیهانی دەرەوەی خۆیەوە وەک سیاسەت و فەلسەفەو بۆچوونەکانی تر ەوە نەبێت.
ستاتیکای جوانی هونەر و ئەدەب شتێکی دابڕاوو جودایە لە دنیای دەروەی خۆی و لە چوارچێوەیەکی داخراوی خودی جوانی ئەدەب و هونەردا ئەهێڵێتەوە .
بەکارهێنانی میتۆدی ئەم قوتابخانەیە لە جیهانی سیاسەتدا ، بەو شێوەیە ڕەنگ ئەداتەوە و بەرجەستە ئەبێتەوە کە دەست نابات بۆڕوخاندنی دەسەڵاتی سیاسی و تەنها لە چوارچێوەی قەیران و ئەزمەکانی ئەم نیزامەدا ئەخولێتەوەو سەدان ڕۆشەنبیرو نووسەری ووردەبۆرژوازی لە چوارچێوەی ئەم بازنەیەدا خۆیان گونجاندووە.
«ڕەهەندیەکان» لە کوردستان نمایەندی ئەم قوتانخانەیەن ، وە لە ڕێگەی مێدیاکان و پەیج و بڵاوکراوەکانی خۆیانەوە نمایەندەی بۆرژوازی لێبڕاڵ ئەکەن ، وە سەرچاوەی هەموو کێشە کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسیەکانی کۆمەڵگا بۆ (ناعەقڵانیەتی ) دەسەڵاتداران وە بۆ تێنەگەیشتنی ئەوان لە داب و نەرێت و پڕەنسیپی ئەخلاقی وە تێنەگەیشتن لە خودی بایەخی لێبڕاڵیزم و پڕەنسیپەکانی ، هەروەها هۆی تەواوی کێشەکانی کۆمەڵگا ئەگێڕنەوە بەتەنها بۆ کارکردو ڕۆڵی ئایینەکان .

ڕەنگدانەوەی لەسەر خەباتی سیاسی پڕۆلیتاریا دا ؛
سیاسەتی ( ڕیفۆرمیستی ) چەپی بۆرژوازیش خۆی لەخۆیدا جۆرێکە لە شۆڕبوونەوە بۆ ناو مانەوە لە چوارچێوەی سیستەمی سەرمایەداری و دەست نەبردن بۆ ڕێکخستنی جەماوەری پڕۆلیتاریاو خەڵکانی کرێکار و چەوساوە لە پێناو ڕوخاندنی دەسەڵاتداریەتی بۆرژوازی لە ناوچەیەکدا یان لە ووڵاتێکدا .
هەروەها دەست نەبردن بۆ کۆتایی هێنان بە (خاوەنداریەتی تایبەتی ) وە هێشتنەوەی ئەو خەباتە لە چوارچێوەی کۆمەڵێک ڕیفۆرمی سیاسی و پیشەیی بۆ جەماوەری ستەمدیدە ، خۆی لە خۆیدا سیاسەتێکە تەنها بۆ هەڵسان بە چالاکی سیاسیەکان ، بەڵام ئامانجی ئەمچالاکیە سیاسیانە بە کوێ ئەگات زۆر گرنگ نیەو پەیوەندی بە جیهانێکی دەرەکی و کارکردێکی ترەوە نیە ، وە پیادەکردنی فەلسەفەی سۆسیال دیمۆکراتیانەی؛
( چالاکی هەموو شتێکەو ، ئامانجیش هیچ نیە ! ) خودی ئیدوارد بڕنشتاین ئەم زاراوەیەی داهێنا و ئەویش لە بەرامبەر دژایەتی ڕوحیەتی شۆڕشگێڕانەی مارکس و ئەنجلز کە پێیان لە سەر ئامانجی خەباتی پڕۆلیتاریا دائەگرت کە بریتی بوو لە
( دیکتاتۆریەتی پڕۆلیتاریا) واتە بەرینترین و فراوانترین دەسەڵاتی دیمۆکراتیانەی پڕۆلیتاریا و شوراکانیان ئەگرێتەوە .
ڕەنگدانەوەی فیکری ( ڕەهەندیەکان ) لە سیاسەتدا و دژایەتی ڕێکخستنی سیاسی و حیزبی لەلایەن ڕەهەندیەکانەوە ، وە دوواتر دژایەتی مارکسیەت ، تەیفێکی تری لە چەپی ڕۆشەنبیر هێناوەتە کایەوە کە ئەیانەوێت توافقێک یاخود خۆگونجاندنێک پێکبهێنن لە نێوان(ڕەهەندیەکان ) وە لە نێوان (سۆسیال دیمۆکراتەکان ) وە لە کۆتاییدا گرنگ ئەوەیە کە سیاسەت لە پێناوی سیاسەتدا شرۆڤە بکرێت وە لە ڕێکخستنی سیاسی پڕۆلیتاریا بەدوور ڕابگیرێت وە ئەڵەتەرناتیڤێکی سیاسی لە دەرەوەی ئاڵتەرناتیڤی مارکسی و ڕێکخستنی پڕۆلیتاریا بەرجەستە بکاتەوە .
بۆ توێژە ووردە بۆرژوازیەکان ئەمە گونجاوترین و ئاسانترین ئاڵتەرناتیڤە کە دەست نابات بۆ ڕێکخستنی پڕۆلیتاریا لە پێناوهەڵپێچانی دەسەڵاتی بۆرژوازی و کۆتایی هێنان بە خاوەنداتیەتی تایبەتی ، وە خۆ خەریکردن بە کارێک کە تەنها لە چوارچێوەی چالاکی مەدەنی یان جەماوەریدا ئەهێڵێتەوە ، کە هیچ جۆرە مەترسیەکی گەورەی نیە بۆ سەر دەسەڵاتداریەتی سیاسی خودی بۆرژواکان ، لەلایەکی تریشەوە هەوڵێکە بۆ خۆڵ کردنە چاوی پڕۆلیتاریا کە بەم جۆرە پێویستە خەبات بچێتە پێشەوە وە لە چاورچێوەی هزرو فیکری
( هونەر لە پێناو هونەردا) بمێننەوەو ، بە واتایەکی تر (سیاسەت لە پێناوی سیاسەت و چالاکدایە، ئامانجیش هەر ئەوەیە! ) نەک لە پێناو دەسەڵاتداریەتی پڕۆلیتاریادایە …


بزاڤی مارکسیستی کرێکاران

Previous
Next