![زنجیره‌یه‌ك گوتار له باره‌ی ناسنامه (1-7) … عه‌بدولموته‌ڵیب عه‌بدوڵڵا زنجیره‌یه‌ك گوتار له باره‌ی ناسنامه (1-7) … عه‌بدولموته‌ڵیب عه‌بدوڵڵا](https://dengekan.info/wp-content/uploads/2018/06/nasnama-780x300.jpg)
زنجیره‌یه‌ك گوتار له باره‌ی ناسنامه (1-7) … عه‌بدولموته‌ڵیب عه‌بدوڵڵا
ناسنامه….
تواناكانی بوونی مرۆڤ
مرۆڤی سه‌ره‌تایی، مرۆڤی پێش داهێنانی نوسین (3200 پ. ز)، مرۆڤێكی عاقلً (هۆمۆ سبتبین-Homo sapiens) بوو. ئه‌و پێناسه‌یه به به‌راورد به مرۆڤی نوێ (هۆمۆ سابینز سابینز- Homo sapiens sapiens) له رووی عه‌قڵه‌وه جیاوازییان نییه، مێشكی مرۆڤی پێگه‌ییوو نزیكه‌ی (1400) گرامه و نزیكه‌ی تریلیۆنێك خانه ده‌ماری تێدایه، وه‌ك تۆڕه‌كانی راگه‌یاندن به‌نێویه‌كداچوونه و كاری پێویستی خۆیان به‌ڕێوه ده‌به‌ن… من نامه‌وێ پرسیاری عه‌قڵ زه‌مانییه، یان مهكانییه، مێشك ناوه‌ندیاری عه‌قڵ و هه‌سته و ئه‌وانیدیكه… دووباره بكه‌مه‌وه، گرنگ ئه‌وه‌یه مرۆڤ بوونه‌وه‌رێكی ئاڵۆزه له رێگای بیركردنه‌وه و عه‌قڵ و ئه‌زموونه‌وه، له دنیای ده‌ره‌وه و ئه‌ویدیكه نزیك ده‌بێته‌وه…
(1)
به‌شێك له ئاڵۆزییه‌كانی مرۆڤ به مه‌رجی خودگه‌رایی (كه‌سایه‌تی، سوبێكت، تاكگه‌رایی، ئیگۆ) دیاری ده‌كرێت و ده‌كه‌وێته نێو مێژوو (زه‌مان)ه‌وه! ئه‌و دیاریكردنه‌ی مرۆڤ، به‌و مانایه دێت، كه بوونی مرۆڤ ملكه‌چی كۆمه‌ڵێك مه‌رجی پێویست ده‌بێت، وه‌ك چۆن تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه… به‌و مانایه‌ش مرۆڤ نوێنه‌رایه‌تی تواناكانی ده‌ستپێشخه‌ری كردن و دووركه‌وتنه‌وه و ئاگایی ده‌كات، واته به‌پێی تێكه‌ڵاوبوونی ئازادانه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌ویدیكه و ده‌وروبه‌ر خۆی ده‌نوێنێ، كه‌واته بوونی مرۆیی له دوو گۆشه‌نیگاوه دیاری ده‌كرێت: یه‌كه‌م، بابه‌تگه‌رایی، واته كۆمه‌ڵێك سنور، كه بارودۆخی بنه‌ڕه‌تی مرۆڤ (مرۆڤی گه‌ردوونی) دیاری ده‌كه‌ن و ده‌یخه‌نه دووتوێی پێداویستییه‌كانی دنیا و حه‌تمییه‌تی دنیاوه. دووه‌م، خودگه‌رایی به‌و مانایه‌ی مرۆڤ تاكێكه، به‌و مانایه‌ی خاوه‌نی شیانی تایبه‌ت به خۆیه‌تی و له‌وێوه بڕیاری قبوڵكردن و ره‌تكردنه‌وه ده‌دات، به‌و مانایه‌ی ئاماده‌یه په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌ویدیكه و ده‌وروبه‌ری بوونی خۆی دروست بكات.
هه‌موو ئه‌وانه به ته‌نیا بوونی مرۆڤ دیاری ناكه‌ن، به‌ڵكو بوونی مرۆڤ ده‌كه‌وێته نێو مێژوو (زه‌مان)ه‌وه، كه‌واته هه‌موو ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی له هه‌بوونی دنیاوه روو ده‌ده‌ن، كاریگه‌رییان به سه‌ر بوونی مرۆڤه‌وه هه‌یه، ئه‌وه‌ش نوێنه‌رایه‌تی سێ ره‌هه‌ندی چه‌مكی (كه‌سایه‌تی و ئه‌ویدیكه و مێژوو) ده‌كات… ره‌هه‌ندی كه‌سایه‌تی، ده‌لاله‌ت له سنوره‌كانی توانا و ئاگایی و خودگه‌رایی مرۆڤ ده‌كات، ره‌هه‌ندی تێكه‌ڵاوبوون به ئه‌ویدیكه و په‌یوه‌ندی دروستكردن له‌گه‌ڵ ئه‌ویدیكه و ده‌وروبه‌ر، مۆڕكی مرۆڤایه‌تی دیاری ده‌كات، ره‌هه‌ندی مێژوو، به‌و مانایه دێت، كه مرۆڤ درێژكراوه‌ی مێژووه و سه‌ر به هه‌بوونگه‌رایی و ئه‌زموون و زه‌مه‌نی خۆیه‌تی… مێژوو به درێژایی بوونی، كۆمه‌ڵێك پرسیار رووبه‌ڕووی مرۆڤ ده‌كاته‌وه، ئایا مرۆڤ ستاتیكه یان دینامیك، ده‌كه‌وێته ژێر پێداویستییه‌كان یان ئازاده، ده‌توانێ دوور له په‌یوه‌ندیكردن به ئه‌ویدیكه‌وه بژی… ئایا له نێوان دوێنێ و ئه‌مڕۆ هیچ په‌یوه‌ندییه‌ك هه‌یه؟!
(2)
هه‌موو ئه‌و گۆڕانكارییه مرۆییانه‌ی له دوێنێدا هاتنه ئاراوه، له‌لایه‌ك سنوره‌كانی توانا و ئاگایی مرۆڤیان پێدیاری ده‌كرێت و ده‌لاله‌ت له دروستكردنی په‌یوه‌ندی مرۆڤ له‌گه‌ڵ ئه‌ویدیكه و ده‌وروبه‌ر ده‌كات، له‌لایه‌كی دیكه په‌یوه‌ندی به هه‌بوون و توانا و بڕیاری مرۆڤه‌وه هه‌یه… بۆ نموونه (مه‌سیح) هات ته‌واوی یه‌قینی یه‌هودی خسته ژێر پرسیاره‌وه، چونكه بانگه‌شه‌كه‌ی هه‌موو مرۆڤایه‌تی گرته‌وه، به‌ڵام دواتر ئه‌و بانگه‌شه‌یه روویه‌كی دیكه‌ی ئایدۆلۆژی ئایینی له‌خۆ گرت، بۆ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێكی جیهانی! به‌مجۆره ئه‌گه‌ر پێشتر قسه ئه‌وه بێت، مرۆڤایه‌تی له پێناو كه‌نیسه‌وه هاتبێته دنیاوه، ئه‌وه دوای ئه‌وه‌ی ئه‌وروپا وه‌ك خودێكی بكه‌ر و زاڵ و داهێنه‌ر خۆی سه‌پاند، ئه‌و قسه‌یه گۆڕا و مانایه‌كی دیكه‌ی له‌خۆ گرت، ئه‌و مانایه‌ی سێنترالیزمی ئه‌وروپی به‌رزی كرده‌وه: مرۆڤایه‌تی له پێناو ئه‌وروپاوه هاتۆته دنیاوه! ئه‌وروپا ته‌واوی ئه‌ویدیكه‌ی داگیر كرد و ویستی داهاتووی رابردووی خۆی له رۆحی ئیمپراتۆرییه‌تی رۆمانی كۆن پراكتیزه بكات، بۆ ئه‌وه‌ی له رێگای ((داهاتووی رابردوو)) ده‌ست به‌سه‌ر ته‌واوی دنیادا بگرێت.
دوای رێنیسانسی ئه‌وروپی ئه‌و فیكره‌یه گۆڕا بۆ فیكره‌ی ده‌وڵه‌تی ناسیۆنالی، ئه‌و گۆڕانه‌ش رێگای له به‌رده‌م جیاكردنه‌وه‌ی كه‌نیسه و ده‌وڵه‌ت خۆشكرد، له‌لایه‌كی دیكه فه‌لسه‌فه و مێژوو، شوێنی ئایدیۆلۆجیی پاپایان گرته‌وه… خودی گوتاری فه‌لسه‌فی، گوتاری ئایینی به‌تاڵكرد و دنیابینی هاته ئاراوه، دنیای ئایینه‌كانی خسته دواوه.
(3)
به‌ره‌وپێشچوونی دنیابینی واتای به‌ره‌وپێشچوونی مرۆڤ له بواره جۆراوجۆره‌كانی وه‌ك مرۆڤناسی، زمان‌ناسی، زانستی كرمۆسۆمهكان و …، هه‌موو ئه‌وانه‌ش كۆمه‌ڵێك پرسیاری تێكئاڵاو به‌رانبه‌ر سرووشتی مرۆڤ دروست ده‌كه‌ن، سرووشتی مرۆڤ و جه‌وهه‌ری مرۆڤ… كۆمه‌ڵێك زاراوه‌ن به‌رانبه‌ر (بوون)ی مرۆڤ! به‌و مانایه‌ش من له هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی مرۆڤ وه‌ك هه‌بوو، وه‌ك شتێكی واقیعی، وه‌ك شتێكی ئاماده… ته‌ماشا ده‌كات، دوور ده‌كه‌ومه‌وه، چونكه (توانای بوون) ده‌كه‌وێته سه‌رووی واقیع و جه‌وهه‌ر و ئاماده‌ییه‌وه، توانای بوون به‌س تواناكانی بوونی مرۆڤ ده‌گرێته‌وه…
تواناكانی بوونی مرۆڤ له رێگای داهێنانه‌وه پێوانه ده‌كرێت، نه‌ك له رێگای چه‌مكی ناسنامه‌وه، به‌ڵام وه‌ك چۆن داهێنان به‌شێك له ئاڵۆزییه‌كانی مرۆڤ ده‌نوێنێ، ناسنامه‌ش به‌شێك له‌و ئاڵۆزییانه‌ی بوونی مرۆڤی له‌خۆ گرتووه… كه‌واته تواناكانی بوونی مرۆڤ كۆی ئه‌و گۆڕانكاری و گواستنه‌وانه به رێژه‌یه‌كی جیاواز ده‌نوێنێ! به دیوه‌كه‌ی دیكه ئاڵۆزییه‌كانی چه‌مكی ناسنامه و چه‌مكی خودگه‌رایی نزیكن له‌یه‌ك… چه‌مكی خودگه‌رایی و چه‌مكی ناسنامه‌ی تاكگه‌را و ناسنامه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و ناسنامه رۆشنبیریی… له‌گه‌ڵ توێژه‌ری ئه‌ڵمانی (ئه‌ریك ئه‌ریكسۆن Eric-Erikson) شێوه‌یه‌كی رێك‌وپێك و میتۆدگه‌رایی وه‌رگرت، به تایبه‌تی چه‌مكی ناسنامه‌ی تاكگه‌را و كۆمه‌ڵایه‌تی…
چه‌مكی ناسنامه له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك چه‌مك ده‌رده‌كه‌وێت، وه‌ك رۆشنبیریی و سیاسه‌ت و زانستی ده‌روونی و لۆجیك و كۆمه‌ڵناسی و هتد، هه‌ندێجاریش هه‌موو ئه‌وانه وشه‌كه ئاڵۆز ده‌كه‌ن! وشه‌ی ناسنامه وه‌ك وشه‌ی خود ده‌خوێنرێته‌وه، به مانای حه‌قیقه‌تی خود و جیاوازییه‌كانی، یان جه‌وهه‌ر و چییه‌تی، یان راستی ره‌ها… به‌ڵام وشه‌ی ناسنامه له‌گه‌ڵ وشه‌ی تایبه‌تمه‌ندی بهیهكدادهچێ! چه‌مكی تایبه‌تمه‌ندی راسته‌وخۆ بوونی ره‌فتاری جۆراوجۆر و په‌رچه‌كردار و به‌رگری و ره‌گه‌ز و ره‌نگ و… له‌خۆ ده‌گرێت.
ناسنامه وه‌ك وشه‌یه‌كی رووت بۆ بنه‌چه‌ی فیكری سه‌ره‌تا و فه‌یله‌سوفانی پێش سوكرات و بارمیندس، هیراكلیتس ده‌گه‌ڕێته‌وه… بارمیندس قسه‌ی تایبه‌تی خۆی له باره‌ی بوون كردووه و هیراكلیتس قسه‌ی زۆری له باره‌ی نێودژی كردووه، هه‌ردووكیان له باره‌ی خود و ئه‌ویدیكه جیاوازن! لای بارمیندس بیركردنه‌وه له گۆڕانی شتێك بۆ شتێكی دیكه قوڕسه، پرسیاری ئه‌وه ده‌كات: ئه‌گه‌ر (ئهلف) له سه‌ر خۆی نه‌وه‌ستێ، ئایا ده‌شێ هه‌ر به (ئهلف) بمێنێته‌وه؟ ئه‌و قسه‌یه ته‌واو له‌گه‌ڵ هیراكڵیتس جیاوازه، چونكه لای هیراكڵیتس هه‌موو شتێك له جوله‌ی به‌رده‌وامدایه: ئێمه ناتوانین دووجار مه‌له له هه‌مان ئاوی رووباردا بكه‌ین، كه‌واته شته‌كان له گۆڕانی به‌رده‌وامدان.
گۆڕان و ئیشكالهتهكانی ئه‌مڕۆی چه‌مكی ناسنامه وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێستا له زانسته مرۆییه‌كان و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان قسه‌یان له باره‌وه ده‌كرێ، له بنه‌ڕه‌تدا بۆ كه‌له‌پوری میتافیزیكی ناگه‌ڕێته‌وه، به‌ڵكو بۆ كۆی گۆڕانكارییه‌كانی دنیای ئه‌مڕۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه! چۆن ده‌شێ له نێو زه‌ماندا بیر له (من) بكه‌یته‌وه؟ ئایا (من) هه‌مان ئه‌و كه‌سه‌م پێش (20) ساڵ هه‌بووم؟ (من) هه‌موو ئه‌و گۆڕانكاری و قۆناغانهم دێته‌وه یاد، كه ئاگایی و هه‌ستی منی پێداتێپهڕیووه… ئه‌گه‌ر له رێگای جه‌ختكردن له تاكگه‌راییه‌وه قسه له ناسنامه‌ی تاك بكه‌ین، ده‌كه‌وینه كۆمه‌ڵێك ورده‌كاری تایبه‌ت به فه‌لسه‌فه‌وه، به‌ڵام به نسبه‌ت بیروڕای گشتی، به‌ڵی (من) هه‌مان كه‌سی پێش بیست ساڵه‌م! پرسیارێكی دیكه ئه‌وه‌یه ئایا مرۆڤ له كاتی له ده‌ستدانی یاده‌وه‌ری، شیزۆفرینیا و له كاتی نووستندا خاوه‌نی (من)ه، یان هه‌ڵگری (من)ی خه‌یاڵكراوه؟
(4)
له فیكری مۆدێرندا چه‌مكی كه‌سایه‌تی له‌گه‌ڵ (دیكارت 1596-1650) بوو به چه‌مكێكی سێنتڕاڵ، كه‌سایه‌تی مرۆڤ به كرده‌ی بیركردنه‌وه و لێوردبوونه‌وه‌ی جیاوازی (گومان، دڵنیایی، ره‌تكردنه‌وه، خه‌یاڵكردن…) دیاری ده‌كرا! چه‌مكی كه‌سایه‌تی له‌گه‌ڵ (كانت 1724-1804) وه‌ك جه‌وهه‌ری ئه‌خلاق ته‌ماشا ده‌كرا، به‌و مانایه‌ش مرۆڤ هه‌ر ته‌نها بوونه‌وه‌رێكی عاقڵ نییه، به‌ڵكو كه‌سێكی ئه‌خلاقییه! جیاوازی كانت له‌گه‌ڵ دیكارت ئه‌وه‌یه، كانت مرۆڤ وه‌ك ئامانجی خۆی ده‌بینێ، نه‌ك وه‌ك ئامرازی بیركردنه‌وه یان بابه‌تی لێوردبوونه‌وه…
به دیوه‌كه‌ی دیكه ئه‌وه‌ی ناسنامه‌ی كه‌سایه‌تی دیاری ده‌كات، سرووشت و یاده‌وه‌رییه: سرووشت، جیاوازی ره‌فتار و په‌یوه‌ندی به ئه‌ویدیكه و دنیا و جیاوازی كه‌سایه‌تی دیاری ده‌كات… یاده‌وه‌ری، حاڵه‌ته ده‌روونییه گۆڕاو و تازه‌كان… هه‌موو ئه‌و حاڵه‌ته ده‌روونییانه‌ش زنجیره‌یه‌ك یاده‌وه‌ری كه‌ڵه‌كه‌كراو به‌یه‌كه‌وه ده‌لكێنن! سرووشت و یاده‌وه‌ری به‌یه‌كه‌وه پارێزگاری له میكانیزمی كه‌سایه‌تی و ناسنامه‌ی كه‌سایه‌تی ده‌كه‌ن… عه‌قڵ و ئاگایی و یاده‌وه‌ری وه‌ك بنه‌مای ناسنامه، لای (شوبنهاوه‌ر) ته‌واو جیاوازه، چونكه شوبنهاوه‌ر پێیوایه عه‌قڵی ئه‌بستراكت شوێنكه‌وتووی ویسته، ویستیش به ویستی ژیان وه‌سف ده‌كات و وه‌ك هێزێكی هه‌ژموونگه‌را به بنه‌مای ناسنامه‌ی ده‌چوێنێ.
هێزی هه‌ژموونگه‌رای ناسنامه‌ی نیشتمانی و ناسیونالی كۆمه‌ڵێك خه‌سڵه‌ت و سیمای رۆشنبیریی گشتی و هاوبه‌شی گه‌ل و نه‌ته‌وه‌یه‌كی دیاریكراو ده‌نوێنێ، به‌ڵام ناسنامه‌ی تاكگه‌را كۆمه‌ڵێك خه‌سڵه‌تی جه‌سته‌یی ئه‌بستراكتی هه‌یه… به‌و مانایه‌ش رۆشنبیریی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی ده‌كه‌وێته به‌رانبه‌ر په‌نجه مۆری تاك، وه‌ك چۆن ده‌شێ له‌گه‌ڵ یه‌كتر هاڕمۆنی بكه‌ونه‌وه، جیاوازیشن! كه‌واته ناسنامه وه‌ك ئه‌وه‌ی بونیادی رۆشنبیریی و كۆمه‌ڵایه‌تی جیاواز دیاری ده‌كات، هه‌ڵگری واقیعێكی بابهتگهرایه، به‌ڵام خودی خهیاڵكهریش رۆڵی تێدا ده‌بینێ؟ ناسنامه‌ی نیشتمانی و ناسیونالی جێگره (تایبه‌تمه‌ندی زمان، ئایین، مێژوو، نیشتمان…) ناسنامه‌ی تاكگه‌را گۆڕاوه، كۆی ئه‌و هه‌ست و خه‌سڵه‌ته گۆڕاو و ئه‌بستراكتانه ده‌گرێته‌وه، كه ده‌كه‌ونه چوارچێوه‌ی تاكگه‌راییه‌وه، ئه‌وه‌ی ناسنامه رۆشنبیریی جیا ده‌كاته‌وه ئازادییه، ئه‌وه‌ی ناسنامه‌ی تاكگه‌را جیا ده‌كاته‌وه تایبه‌تمه‌ندییه.
هه‌ولێر 25/7/2017