Skip to Content

نيشانه‌ی پرسیار له‌ناو لاپه‌ڕه‌ی سپی.. سه‌باح ڕه‌نجده‌ر

نيشانه‌ی پرسیار له‌ناو لاپه‌ڕه‌ی سپی.. سه‌باح ڕه‌نجده‌ر

Closed
by تشرینی دووه‌م 11, 2023 General, Poems

١
به‌ندۆڵی كاتژمێری ناو مۆزه‌خانه‌ له‌ ده‌مار به‌تاڵ بووه‌ ‌
وه‌ك گونی نێریی خه‌ساو شۆڕبووه‌ته‌وه‌‌
په‌نجه‌ره‌شی سه‌ری له‌ به‌ر خۆیه‌وه‌ ناوه‌
شاوه‌ڕیخنه‌ و هاوشێوەی کە دێن باڵیان دەنووک
دەنووکیان خەنجەر
چڕنووکیان شمشێر
چاویان ئاژاوه‌گێڕ
هاتنی نیازخراپ
برین بێ سنوور و پێوانە گەورە دەکا و لێوی بزر دەبێ
پێشبینی بوومه‌له‌رزه‌ش ده‌كرێ
شیعر و هاوشێوەی نەرم هەنگاو دەنێن
ڕووبارێک دێ لە سینگی مەلەوان دەدا
دوای ئەوەی چووینە ناوى گوێچكه‌ماسیمان به ‌ده‌سته‌وه‌ بوو
لە خەڵاتی ڕووناکی لێی بووردین
دەتوانین بە یەکتری بڵێین سڵاو و ڕۆژباش
لە سڵاو و ڕۆژباشدا تەواو هەقیقەتین
هەڵمی شەونمین
هەڵمی خوێ نین
ئەسپێکی ڕووخۆش لە حه‌وشه‌ و ماڵمان پشتی خۆش دەکا
تەزوو بە ڕێگادا دەهێنێ و گوێت له‌ ده‌نگی دڵت ده‌بێ و پێت ده‌ڵێ به‌ڵێ
گەشتت بەرەو خەڵاتی ڕووناکی فەرموو ئه‌نگوستیله‌ت له ‌سندووق ده‌ربهێنه‌
گوڵه‌به‌ڕۆژه‌ ئاوڕ ده‌داته‌وه‌
* * *
خۆر له‌ قووڵایی و ڕوونیی ژیان دێته‌ ده‌رێ
دمۆر و دڵڕه‌ش نییه‌ به‌ ده‌می پڕ چرپه‌وه‌ دێته‌ لات

٢
به‌هه‌شت ڕه‌نگی نییه‌ یان ڕه‌نگی نه‌ناسراوه‌
کە لەدایک بوو ماڵیان نزیک گۆڕستان بوو
لە مێردمنداڵیدا بەرخەکانی دەبردە ناو گۆڕستانەکە و دەیلەوەڕاندن
ده‌نگیان ده‌هات و ون نه‌ده‌بوون
گەنج بوو لەم گۆڕستانەدا گۆڕی بۆ زۆر
خزم و کەس و برادەر و ناسیاوی خۆی لێ دا و بەڕێزەوە ناشتنی
دارەبازەشی گەڕاندەوە مزگەوت
ئێستا خۆی و منداڵی و نەوە و گوڵی گه‌رمی تێیدا نێژراون
سەری بە ناوچەوانی ئاسکێک کردووە
لە ڕووناکیی گەردوونیدا
تەماشای هەزارەی تازە دەکات
گوڵی سه‌رگۆڕیش ده‌ژمێرێ
ده‌بێته‌ شه‌هره‌زادی چیرۆك و به‌ردی حه‌وت په‌یكه‌ر ‌

                         *      *      *

كێلێك هه‌موو كێله‌ و ناویش هێزی ده‌ست به‌دڵه‌وه‌گرتن
ده‌یكاته‌ ئومێد‌ ده‌توانین قسه‌ی له‌گه‌ڵدا بكه‌ین

٣
گردێک باخچه‌ و سەنگەری بەسەرەوەیە
درەختی خۆڕسک قەدیان وەک دووگردی نوێژ چنیوە
ناهێڵن خودی لە یەک بترازێ
گەورەی خوداوەندان گرد لەسەر لم باڵا ناکا
کەناری نزم فریودەرە
بەردی گڕکان ناوچه‌وانی بووه‌ته‌ هه‌ست و تووڕەیە
لە کازیوەی لێڵ نامێنێتەوە
خۆڵەمێش لەسەر خۆی لا دەدا
ڕەگ و خۆڵی گەشەکردن بۆ خۆی هەڵدەبژێرێ
دەتوانێ چاوەڕێ بکا
سیشی بەگرانی هەناسە نەدا
* * *
جه‌ژنی به‌ كه‌ژاوه‌یه‌ و لووتكه‌ پێی گوت ونم مه‌كه‌
له‌ باڵای چیایان ئه‌ستێره‌ی كه‌ڵبه‌هار ده‌كوژێ

٤
دەستنووسی ئایین ڕەوشتی یەکەمی زەوی تێدا نییە
نازانرێ پەنجەرە چۆن دروست بوو
ترووسکاییەکی خامۆش
دەستی گرتین و دەزووی یەکتردۆزینەوەی داینە دەست
درەخت ئێوارەخوانی خۆبه‌خشینی
بۆنوبەرامە و بەروبوومی ڕێك خست
کە لێک نزیک بووینەوە ڕەش بووین
شیناییی ئاسمان و ڕوونیی ئاو هه‌ڵبزڕكا
مازوو بە هانای منداڵانەوە هات
کردیانە مووروو و تۆپ و مۆری ده‌رگای به‌هه‌شت
بانگی ئاژەڵمان کرد وەڵامی نەداینەوە
تیرمان سوار کرد و تۆوی سروودی هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندمان وه‌شاند
زەوی چووه‌ توخمی سه‌رسووڕمان و لەپی کردەوە
لە لۆچێکی ڕەوشتی یەکەم دۆزرایەوە
* * *
زه‌وی كه‌ شووره‌ی دانرا و به‌ره‌و شار چوو
له‌ ناوكی گه‌مارۆ درا ڕه‌وشتی بزر بووه‌وه‌
شوباتی 2020 هه‌ولێر

Previous
Next
Kurdish
Powered by TranslatePress