Skip to Content

چاپکراوەی نوێ\ ڕۆژێک دادێ تۆ دەبیتە شۆڕەبی.. کتێبێکی شیعریی نەزەند بەگیخانی

چاپکراوەی نوێ\ ڕۆژێک دادێ تۆ دەبیتە شۆڕەبی.. کتێبێکی شیعریی نەزەند بەگیخانی

Closed
by تشرینی دووه‌م 11, 2023 Books, General

ڕۆژێک دادێ تۆ دەبیتە شۆڕەبی
کتێبێکی شیعریی نوێی شاعیرێکی تایبەت

وەشانی نووسیار لە وەرزی نوێی کتێبەکانیدا کۆمەڵە شیعری (ڕۆژێک دادێ تۆ دەبیتە شۆڕەبی) لە نووسینی نووسەر و شاعیر نەزەند بەگیخانی چاپ و بڵاودەکاتەوە.
ئەم کتێبە لە دوو توێی ١٧٠ لاپەڕەدا کۆمەڵە شیعرێک دەگرێتە خۆی کە لە رووی فۆرم و ناوەڕۆکەوە ئەزموونێکی نوێی شاعیری بە ئەزموون نەزەند بەگیخانی-یە کە براوەی خەڵاتی شیعریی فێمینی فڕەنسییە (ساڵی ٢٠١٢).
کتێبەکە لە هەشت بەش پێکهاتووە کە وەک هەشت چڵەبی شۆڕبۆتەوە و بە کۆمەڵێ مۆتیڤ و هێڵکاریی هونەرمەندان قەرەنی جەمیل و رێبوار سەعید وێنەڕێژکراوە. بەشەکان بریتین لە: عیشق، لێکترازان، سروودی سروودەکان، پێگەییشتن، من ئەویترە، جەنگەکان درێژن، مەرگ، تاک-بوون لە کۆ-دا.
پارچە شیعرێک لە کتێبەکەکە:
رۆژێک دادێ
تۆ دەبیتە شۆڕەبی
لە کەنارەکانی من دەڕوێی
چڵی ئارەزووت شۆڕ دەبێتەوە ناو ئاوی شینی من
بەناو چۆڵاییەکانی جەستەی نیشتماندا دەڕژێین
دەبینە دەریا و
شەپۆڵ دەدەین
سەما دەکەن یاران
لەسەر پلاژی شیناییمان

نەزەند بەگیخانی: نووسەر و شاعیر، مامۆستای زانکۆ و هەڵگری خەڵاتی ئەکادیمیی ڤینسنت رایت-ە لە زانکۆی سیانسپۆی پاریس. لە ١٩٨٧ ەوە لە مەنفا دەژی و خوێندنی باڵای لە زانکۆی سۆربۆن-ی فڕەنسی تەواو کردووە و دواتر بۆ ماوەی ١٥ ساڵ لە زانکۆی بریستلی بریتانی کاری کردووە. بەگیخانی وەک شاعیرێکی جیهانی ناسراوە و جگە لە کوردی، بە ئینگلیزی و فڕەنسیش دەنووسێ. بە کوردی شەش دیوانی شیعری و بە ئینگلیزی و فڕەنسی سێ دیوانی هەیە. شیعرەکانی بۆ دەیان زمانی زیندوو وەرگێڕدراون و لە ساڵی ٢٠١٢ دیوانی ‘دوێنێی سبەینێ” خەڵاتی فێمینی شیعری فڕەنسی بەناوی “سیمۆن لاندری” وەرگرتووە. ئەو دیوانە دوای نەمانی لە بازاڕ لە ساڵی ٢٠٢٢ لە لایەن کۆمەڵەی شاعیرانی فڕەنسی-یەوە دووبارە چاپ کراوەتەوە. بەگیخانی سەرپەرشتیاری بەشی “نەتەوە و کولتور و ئەدەبییاتی رۆژهەڵات”-ە لە دەزگای چاپ و پەخشی هارماتان لە فڕەنسا.بواری ڕۆژنامەگەریی کولتوورییدا کاری کردووە و لە چەندین ڕۆژنامە و گۆڤار و پێگەدا نووسینەکانی بڵاوکردوونەتەوە.

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish