شارستانییەتی زانیاری.. عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا
(تەكنۆلۆژیا، بە داتاكردنی ژیانی مرۆڤ لەپێناو قازانجدا)
لە دوای شارستانییەتی کشتوکاڵی (هێزی خاک) و شارستانییەتی پیشەسازی (کارخانە و بەرهەمهێنان)… مرۆڤ كەوتە نێو كۆمەڵێ گۆڕانکاریی بەردەوام و گەورەی تەكنۆلۆژیا، زیرەکیی دەستکرد و تۆڕە دیجیتاڵییەکانەوە، هەموو ئەو ئامرازانە تەنها ژیانیان نەگۆڕی، بەڵکە شێوازی بیرکردنەوە و تێگەیشتنیان لە لەبارەی ناسنامەی مرۆڤ و جیهانیش گۆڕی؛ بەدیوەكەی دیكە سیستمی دیجیتاڵی بە هەڵكردنی ئاڵای کۆمەڵگای زانیاری یان (شارستانییەتی زانیاری) و لەڕێگای پۆست هیومانیزم و بیرۆکەی سایبۆرگەوە، توانی بیرۆکەی (مرۆڤ وەك ناوەندی بوون) تێكبشكێنێ و پێمان بڵێت ئێمە چووینەتە قۆناغێک کە تێیدا زیرەکیی دەستکرد، هەندێک لە (توانا فکرییەکانمان) لە ئەستۆ دەگرێت و تۆڕە دیجیتاڵییەکان بە شێوەی تۆڕێکی شل و بێ سنوور ژیانمان بەڕێوە دەبات.
لە كۆمەڵگای زانیارییدا پەیوەندییەکان زۆر خێرا دەگۆڕێن، ناسنامە، زانیاری و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەكان لە گۆڕانی بەردەوامدان، بۆ نموونە: ترێندەکانی میدیای کۆمەڵایەتی زوو دروست دەبن و زوو دەفەوتێن، ناسنامەی دیجیتاڵی مرۆڤ بەردەوام دەگۆڕێت… زانیارییەكان بە خێرایی بڵاو دەبنەوە بێ ئەوەی جێگای بیرکردنەوەی قووڵ و فکریی بن، چونكە زۆرجار ئامانج كێشكردنی سەرنجەكانە، نەك بیرکردنەوەی قووڵ… تەکنۆلۆژیا دەتوانێت شێوەی دەسەڵات و کۆمەڵگا بگۆڕێت.
بیرمەندی فێمینیسمی ئەمریکی (شوشانا زوبۆف Shoshana Zuboff- لەدایكبووی 1951) پێیوایە لە سەردەمی تەكنۆلۆژیادا مرۆڤ دەبێتە ماددەی خاو بۆ سیستەمی دیجیتاڵی، چونكە سیستەمی نوێی ئابووری کۆمپانیا دیجیتاڵییەکان بەڕێوەی دەبەن، تەواوی ژیانی مرۆڤ بۆ داتا دەگۆڕن و داتاكان دەكەنە کاڵای بازاڕی… بەو مانایە کۆمپانیاکان لەلایەك دەبن بە دەسەڵاتێکی شاراوەی زانیاری و لەلایەكی دیكە زانیاری و داتاكان دەكەنە سەرچاوەیەكی سەرەکیی بنەماكانی پەیوەندیی و حەز و بازاڕ… بەكورتی سیستەمی ئابووری دیجیتاڵی لەسەر چاودێری و کۆکردنەوەی داتاكانی ژیانی مرۆڤ بۆ قازانجی بازرگانی دامەزراوە.
لە تۆڕی گەورەی ژیان، سروشت و تەكنۆلۆژیا دێتە ئاراوە و لە تۆڕی پەیوەندییە دیجیتاڵییەكان، كۆمەڵگای زانیاری دادەمەزرێت؛ لێرە لە كۆمەڵگای شارستانی جگە لەوەی مرۆڤ لەو تێگەیشتنە کۆنەی ناوەندی بوون و بوونێکی تەنیا و سەربەخۆ و جیاواز ڕزگاری دەبێت… وەک بەشێک لە تۆڕێکی گەورەی بوونەوەرەکان: ئاژەڵ، سروشت و تەكنۆلۆژیا و بە شێوەیەکی تێکەڵ، پەیوەندیدار خۆی وەك بوونەوەرە بەهێزکراوەکان دەبینێتەوە! بەمجۆرە لە كۆمەڵگای زانیارییدا مرۆڤ دەبێت بە بەشێک لە سیستەمێکی گەورەی ژیان و تەكنۆلۆژیا، نەكـ سەرکردە تایبەتمەندە بایۆلۆژیی و ئۆنتۆلۆژییەكەی جیهان!.
دواجار مرۆڤ وەک بوونێکی تێکەڵ لەگەڵ سروشت، ژینگە و تەكنۆلۆژیا، دەبێتە بەشێک لە سیستەمێکی ئەلگۆریتم (Algorithm)ی و ئەلگۆریتم وەك پلانی کارکردن دەبێت بە هێزێکی شاراوەی ڕێکخستنی ژیان، دەبێت بە ئامرازی دەسەڵات و چاودێری شارستانییەتی زانیاری دەكات و هەنگاو بە هەنگاو کێشەكان چارە دەكات و زانیارییەكان شیدەكاتەوە.
سێنسەر و ئارەزوو
تەكنۆلۆژیای دیجیتاڵی هەر تەنها ژیان بەڕێوە نابات، بەڵكە لەڕێگای ئامرازە هەستیارەكانەوە (سێنسەر-(Sensor ەوە ئارەزووەكانی مرۆڤیش بەڕێوە دەبات، چونكە ئامرازە هەستیارەكان زانیاری لەبارەی ڕەفتار و ئارەزووەكانی مرۆڤیش کۆدەکەنەوە، بۆ نموونە: مۆبایل و ساعاتی زیرەک داتای جەستەی مرۆڤ کۆدەکەنەوە، ئەپەکان شێوازی بەکارهێنان و هەڵبژاردنەکان دەناسێنن، سێنسەرەکان لە شوێنە گشتییەکاندا جوڵە و هەڵسوکەوتی خەڵک دەبینن…
بەمجۆرە سێنسەر وەک هەستەکانی مرۆڤ وایە بۆ ئامێرەکان؛ واتە وەک چۆن مرۆڤ بە چاو و گوێ هەست بە دەوروبەر دەکات، ئامرازی سێنسەریش تەواوی گۆڕانکارییە ژینگەییەکان یان شتەکانی دەوروبەر هەست پێدەکات و زانیارییانەكان بۆ سیگناڵێکی ئەلیکترۆنی یان داتا دەگۆڕێت، کە سیستەمێکی وەک کۆمپیوتەر یان ئامێرێکی تری ئەلیکترۆنی دەتوانێت تێیبگات! هەموو جۆرە جیاوازەكانی سێنسەر (سێنسەری گەرما هەست بە گەرمی دەكات، سێنسەری ڕۆناکی– ڕادەی ڕۆناکی دەپێوێت، سێنسەری جوولە- جوولەی کەس یان شت دەناسێت، سێنسەری پاڵەپەستۆی هەوا– فشاری هەوا دەپێوێت، سێنسەری دەنگ…) لەڕێگای مۆبایل و تەلەفۆنە زیرەکەکان، ئۆتۆمبێل، کامێرای چاودێری، ئامێرە زیرەکەکانی ماڵ و ئینتەرنێتەوە زانیارییەكان لە دەوروبەر وەردەگرێت و وەك داتا بە سیستەمە ئەلیکترۆنییەکانی دەبەخشێت و لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیشدا ئەلگۆریتمەكان وەك هێزێکی شاراوە هەنگاو بۆ شیکردنەوەی زانیارییەكان و جێبەجێكردنیان دەنێن.
كەواتە سێنسەر ئامرازێکە بۆ هەستکردن بە دەوروبەر، بە دیوەكەی دیكە زانیاری سێنسەرەکان کاریگەری لەسەر ڕەفتار و ئارەزووی مرۆڤیش دادەنێن، ئەگەرچی ناتوانن بەتەواوی ئارەزووە ئاڵۆزەكانی مرۆڤ شیبكەنەوە! لێرەدا پرسیاری سەرەكی ئەوەیە: ئایا تەکنۆلۆژی لە خزمەت ژیان و بیرکردنەوەی مرۆڤە، یان مرۆڤ ماڵی تەكنۆلۆژیایە؟!
بێگومان لە سەردەمی ئەمڕۆدا سیستمی تەکنۆلۆژیای دیجیتاڵی بەشێکی بنەڕەتی لە ژیانی مرۆڤ پێكدەهێنێ، چونكە ئەمڕۆ ژیان لە ناو تۆڕی زانیاری و پەیوەندیی بەردەوامدا دەگوزەرێت و مرۆڤ دەتوانێت زانیاری زۆر بەدەستبهێنێت و بەخێرایی بڕیارەکانی ژیانی بدات؛ بەڵام لەگەڵ هەموو ئەو خزمەتەی سیستمی دیجیتاڵی بە مرۆڤی دەبەخشێت، كەچی مرۆڤ ماندوو و هەراسانە و کەمترین کاتی بۆ بیرکردنەوەی قووڵ و ئارامی و حەسانەوە هەیە! بۆیە زۆر لە فەیلەسوفان پێیانوایە کە مرۆڤ دەبێت تواناكانی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی خۆی بپارێزێت، بۆ ئەوەی لە ناو ئەم گۆڕانکارییە دیجیتاڵانەدا خۆی نەدۆڕێنێت؛ كەواتە بەڕێوەبردنی ژیان لە سەردەمی دیجیتاڵدا پێویستی بە تێگەیشتنێکی نوێ هەیە کە تێیدا مرۆڤ بتوانێت لەنێوان سوودەکانی تەکنۆلۆژیا و پاراستنی ئازادی و هۆشیاری فکریی هاوسەنگی خۆی ڕابگرێت.
سەرمایەداریی چاودێری
چەمكی سەرمایەداری چاودێری لەلایەن (شوشانا زوبۆف)ەوە داڕێژراوە؛ بەو مانایەی كە ژیان دەکاتە کەرەستەی خاو لە خزمەتی بەرژەوەندییەکانی خۆیدا، بەڵام نەك تەنها وەك مۆدێلێکی بازرگانی، بەڵکە وەك فۆرمێکی بێوێنەی دەسەڵات، کە زوبۆف ناوی دەنێت (دەسەڵاتی ئامرازی)، دەسەڵاتێكـ كە لەڕێگای کۆکردنەوەی (زیادەی ڕەفتاری) و گۆڕینی بۆ (بەرهەمی پێشبینیكراو)هوه کار دەکات و ئامانجی تەنها پێشبینیکردنی ڕەفتاری مرۆڤ نییە، بەڵکە دەستکاریکردن و ئاڕاستەکردنیەتی لەپێناو قازانجدا… بڕوانە سایتی ژنەفتن- سەرمایەداریی چاودێری- شیکردنهوهیهکه بۆ لۆژیکی نوێی دەسەڵات لەسەر بنەمای تێزەکانی -شوشانا زوبۆف، نووسینی د. کامەران محەمەد، 12ی ئهیلول، 2025.
لە سەردەمی دیجیتاڵدا زۆرێک لە پلاتفۆرمەکان و کۆمپانیاکانی وەک: گووگڵ، فەیسبووک و ئەمازۆن، داتای بەکارهێنەران (وەک گەڕان، کلیک، شوێن، کڕین، لایكـ) کۆدەکەنەوە و بەهۆی ئەلگۆریتمەكانەوە لێکۆڵینەوەی لەبارەوە دەكەن و لەوێوە پێشبینی هەڵسوکەوتی داهاتووی مرۆڤ دەكەن… لەو بارەوە (زوبۆف)ی بیرمەند پێیوایە کۆمپانیاکان تەنیا هەڵسوکەوتی مرۆڤ پێشبینی ناکەن، بەڵکە هەوڵدەدەن هەڵسوکەوتی مرۆڤ بگۆڕن بۆ ئەوەی قازانجیان زیاتر بێت.
بە هەمان شێوە یەكێك لە بیرمەندە گرنگەکانی بواری فەلسەفەی زانست و فەلسەفەی پۆست هیومانیزم، فێمینیسم (دۆنا ژان هاراوای-Donna J. Haraway- لەدایکبووی ئەمریكا 1944) دەڵێت: مرۆڤ لە سەردەمی نوێدا تەنیا بوونێکی سرووشتی نییە؛ بەڵکە تێکەڵەیەكە لەنێوان مرۆڤ، ماشین و داتاـدا، ئەوەش واتای (سایبۆرگ) دەگەیەنێت؛ لە بیرۆکەی سایبۆرگدا مرۆڤ نیمچە- مرۆڤ و نیمچە- تەکنەلۆژیایە… بەو مانایە (دۆنا هاراوای) لە تیۆرەكەیدا چەمکەکانی جەوهەرگەرایی ڕەتدەکاتەوە و لەبری ئەوە تێکەڵبوونی ئاژەڵ و ئامێر پێشنیار دەکات و پێیوایە چیدی سنوورەكانی مرۆڤ و ماشێن و تەكنۆلۆژیا جیا ناکرێتەوە؛ واتە مرۆڤ بەشێوەیەکی ڕۆژانە سایبۆرگێکی دیجیتاڵییە. بڕوانە: إبستمولوجيا السايبورج عند دۆنا هاراوای: دراسة في فلسفة العلم النسوية- وائل أحمد صبره و محمد سليم حفني- مجلة كلية الاداب بقنا العدد 60 يوليو 2023.
كەواتە ئەو خزمەتگوزارییانەی لە پلاتفۆرمەکانی گووگڵ، فەیسبووک و ئەمازۆن، كە زۆربەیان (بێ بەرانبەر) پێشکەش دەکرێن، لەڕاستیدا لەسەر بنەمای لۆژیکێکی ئابووریی شاراوە کار دەکەن، کە کاریگەریی قووڵیان لەسەر تاک و ئازادییەكان و کۆمەڵگادا هەیە، بەو مانایەش سەرمایەداریی چاودێری بەقسەی شوشانا زۆبۆف (لۆژیکێکە کە تەکنۆلۆژیا بەکار دەهێنێت و فەرمانی پێ دەکات)، نەک خودی تەکنەلۆژیا بێت! ئەمە خاڵێکی سەرەکییە، چونکە کۆمپانیاکانی چاودێری دەیانەوێت وامان لێبکەن باوەڕ بکەین، کە کارەکانیان حەتمییەتی تەکنەلۆژیاکەن؛ بەڵام نووسەر جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە (حەتمییەتی تەکنەلۆژیایی بوونی نییە) و تەکنەلۆژیا هەمیشە ئامرازێکی ئابوورییە و لە لایەن ئامانجە ئابوورییەکانەوە ئاراستە دەکرێت.
بە كورتی ئەگەر سەرمایەداریی کلاسیکی كاری لەسەر بەرهەمهێنانی کاڵا و خزمەتگوزاری كردبێ، ئەوە سەرمایەداریی چاودێری لەسەر بنەمای گۆڕینی داتای کەسی بۆ کاڵا دامەزراوە؛ بۆیە تاکەکان تەنها وەک بەکاربەر سەیر ناکات، بەڵکە وەک سەرچاوەی داتا دەیانبینێت، کە تێیدا وردترین زانیارییەکانی ژیانیان بۆ سەرچاوەیەکی قازانجبەخش بۆ کۆمپانیا زەبەلاحەکان دەگۆڕدرێت. بڕوانە: ه.س.پ.
ئەلگۆریتم و ئارەزوو
سیستمی تەكنۆلۆژیای دیجیتاڵی بەهۆی ئەلگۆریتمەوە، هەوڵدەدات بزانێت تۆ حەزت لە چییە، چی دەکڕیت، چ کاتێ… پاشان هەموو ئەم حەز و ئارەزووانە بۆ ڕیكلامەكانی زیاد دەكات و بازاڕەكان دەستنیشان دەكات… بەمجۆرە هەڵسوکەوتی مرۆڤ دەبێتە سەرچاوەی داتا بۆ قازانجی بازاڕ و بازاڕكردن، حەز و ئارەزووە کەسییەکان دەبنە سەرچاوەی دەرهێنان، لەبەرانبەردا ئازادی و سەربەخۆییی تاكەكانی مرۆڤ دەبنە زیانی لاوەکی.
پرسیاری سەرەكی ئەوەیە: ئایا ناچارین ژیانمان ڕادەست بکەین، بۆ ئەوەی بتوانین بەشداری لە کۆمەڵگای مۆدێرندا بکەین؟! هەڵبەتە، چونكە ئەمڕۆ مرۆڤ وەك کهرهستهی خاو (کردارەکان، هەستەکان، پەیوەندییەکان، جووڵە و چالاکییەكانی ئۆنلاین)ن! بەمجۆرە سیستمی تەكنۆلۆژیای دیجیتاڵی لەڕێگای پلانی كاركردنی ئەلگۆریتمەكانییەوە بە شێوەیەکی نیمچه نەبینراو و ڕێکخراو کار بۆ گەیشتن بە ئەنجامێکی دیاریکراو دەکات، ئەمەش وا لە بەکارهێنەرانی دەکات هەست بە ئارامییەکی درۆزنانە بکەن، بێ ئەوەی ئاگاداری ئەو ئاستە بەرفراوانەی چاودێری بن، کە بە شێوەیەکی نەرم بەڕێوەیان دەبات! ئەو میکانیزمە نەرمە وا دەکات ڕەفتاری تاکەکان زۆر بە ئاسانی بەهۆی ئەلگۆریتمەوە پێشبینی بکرێت و ببێتە سەرچاوەی قازانجی گەورە بۆ کۆمپانیاکان.
ئارەزووەكانی مرۆڤ زۆر ئاڵۆزن، واتە نە تەواو ڕوونن و نە بە ئاسانی پێشبینی دەکرێن و نە بە تەواوی دەژمێردرێن… بەڵام لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا ئەلگۆریتمەکان بەردەوام هەوڵدەدەن ئەو هەموو ئاڵۆزییە بۆ داتا بگۆڕن، جگە لەوە لە سەردەمی سۆشیاڵ میدیا، ئەلگۆریتم تەنیا ئارەزوو نابینێت، بەڵکە هەندێ جار دروستی دەکاتەوە، بۆ نموونە: دوگمەی (لایک Like) لە فەیسبووکدا نموونەی ئامرازی کۆکردنەوەی داتایە، کە لە ڕواڵەتدا بێ زیان دەردەکەوێت! بەڵام ئەم دوگمەیە لە ڕاستیدا یارمەتیی فەیسبووک دەدات بۆ شیکردنەوەی ئارەزوو، هەست و کارلێکەکانی بەکارهێنەران، کە دەبێتە هۆی دروستکردنی بنکەی داتای زەبەلاح و بەکارهێنانی بۆ پێشبینیکردنی ڕیکلامی ئاڕاستەکراو و تایبەت و ئاڕاستەكردنی مرۆڤ بۆ بازاڕیكردن… بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا مرۆڤ هەمیشە لەگەڵ ئارەزووی ئاڵۆز و ناپێشبینیکراو دەمێنێتەوە.
15/3/2026 هەولێر
