Skip to Content

کۆڤید١٩ یا کۆرۆنا،عەدالەتخواز نیە! … عبدالرحمن محمد(مەلا ڕەحمان ئاوارەکان)

کۆڤید١٩ یا کۆرۆنا،عەدالەتخواز نیە! … عبدالرحمن محمد(مەلا ڕەحمان ئاوارەکان)

Closed
by ته‌مموز 31, 2020 General



تەماشایی ئەم وێنە چینایەتیەی هندستان بکەن، ئەم بەری کۆمەلیک خانووی لە تەنەکە و گونیە و نایلۆن دروستکراو، ئەوبەریش کۆمەڵێک باڵەخانە و کۆشکی بەرز و مۆدێرن!
ئەگەر ئەم کۆمەڵەيی نێو خانووە داڕوخاوەکان نەبن، کۆمەڵەکەی ئەوبەری خانووە ڕازاوەکان، دەبێت بێ شێو سەر بنێنەوە و بە پیسی و بۆگەنی گەڕەکەکانیان لوتی خۆیان بگرن.
ئەندامانی گەڕەکی لە تەنەکە دروستکراوەکان،کاری کۆشک و بۆری ئاو و زێراب و گسکدان و بگرە ئێشکگری شەوانە و ڕۆژانەی گەڕەکە دەوڵەمەندەکان دەکەن، بەڵام خۆیان لە بەر ئەوەی هێندە جێگاکانیان تەسکە، ناتوانن ئاودەست و بۆڕی ئاو و زێرابی خۆیان هەبێت!
ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دەڵێت: بە هیچ شێوەیەک ناتوانرێت یاسایی دوورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتی(ئەوەی کە دوو مەتر لە یەکەوە دوور بیت) بسەپێنرێت لەو جێگایانەدا، چونکە خانووە لە نایلۆن دروستکراوەکان تێکەڵاوی یەکترن!؟
دیارە ئەمە بۆ گەڕەکە هەژار نشینەکانی هەموو جیهان هەمان شتە، لە گەڕەکە هەژارنشینەکانی زۆرئاوا و بەلاش ئاواکانی قەراغی شارەکانی کوردستان بە بەراورد بە فیرعەون ئاواکانی سەنتەری شارەکان! لە پەنجا عەلی بێ ئاوی کەرکوکەوە بەراورد بە ڕێگای بەغداد.
دیارە، لە گەڕەکە هەژارنشینەکانی بەریتانیا و فەرەنسا و ئیتالیا و ئەمەریکا و شوێنەکانی تر هەمان یاسا و ڕێسایە و دیاردەکان هیچ جیاوازیەکیان نیە، لە دەست ڕانەگەیشتن بە هەموو خزمەتگوزاریەکان، کە پێویستە لەم ڕۆژەدا. بە پێێ ڕاپۆرتەکان، گەڕەکە هەژارنشینەکان زیاتر دووچاری ڤایرۆسی کۆڤید ١٩ دەبنەوە تا گەڕەکە دەوڵەمەندنشینەکان، بە ئامارێک، لە مۆمبای هیندستان نیوەی زیاتری دانیشتوانت خانووە لە تەنەکە دروستکراوەکان توشبوونە بەم پەتای کۆرۆنایە.
لە گەڵ ئەم قەیرانەدا، زۆربەی ئەو خەڵکە هەژارانە، دورە دەستن لە ڕشتەکانی خزمەتگوزاریەوە ، وەک نەخۆشخانەی گونجاوی دامەزراو بە هۆکاری پشکنینی پێشکەوتوو و داودەرمانی پێویست، ئەمڕۆ لە شاری هەولێر لە نەخۆشخانەی ڕزگاری چەندەها کەس لە بەر نەمانی یا نەبوونی ئۆکسجینەووە گیانیان لە دەستدا!
ڕاستە هەموومان لە یەک گێژاودایین، بەڵام لە ناو یەک بەلەمدا نین! بۆیە هەژاران کە بنیاتنەری نەخۆشخانەکان و دروستکەری ئۆکسجینەکان و پاککەرەوەی نەخۆش و نەخۆشخانەکانن و ئێشکگری دام و دەزگاکانین، کاتێک نەخۆش دەکەون، خاوەنی هیچ شتێک لەوانە نین کە خۆیان دروستکەریانن !
ڕؤژێک دادێت خاوەن هەموو شتەکان، کە کرێکارانیكن تەنها هێزی بازوویان دەفرؤشن بۆ دابینکردنی پێداویستیەکانی ژیانیان ، بیربکەنەوە و تێ بگەن، دەبێت چارەسەر بۆ ئەمان و منداڵەکانیان بێت پێش بەرپرسێک و دەوڵەمەندێکی خاوەن کۆشک و تەلارەکان، کە لە پارە و سەرمایە زیاتر هیچ شتێکی تریان نیە و ئارەق ناکەوێتە ناوچەوانیان و لە سەر ماندووبوونی دانیشتوانیی خانووە لە نایلۆن و تەنەکە دروستکراوەکان دەژێن.


/٧/٢٠٢٠ ٣٠ azzady22@gmail.com

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish