قسە کردن لە گەڵ تەرم … ڕزگار عومەر
فلیمی Concussion فلیمێکە نەبەردیەکانی زانستی، مرۆڤایەتی، حەقیقەت ناسی، ناکۆك
بوونی لەگەڵ بەرژەوەندە گەورە سەرمایەداریەکانی پشتی وەزرش دەداتە بەر رەخنە. لەم فلیمە؛ کە لەچیڕۆکی ڕاستەقینەی دکتۆرێکی نایجیری وەرگیراوە، کە کۆچی کردووە بۆ ئەمریکا، هەموو ئەم پەیوەندیانە ؛ زانست، حەقیقەت، مرۆڤایەتی دەکەونە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختی پڕ لە قوربانی .
ئەم دکتۆرە نایجیریە کە کارەکەی تایبەتە بە شیکردنەوەی هۆکارەکانی مردنی ئەو تەرمانەی کە دەگەنە بەردەستی، لە ڕێگای ماندووبونێکی زۆرو پڕ لە هەڕەشە بۆ ژیانی خۆی و هاوسەرەکەی (کە لە ڕێگەی ترساندنی مناڵی یەکەمی لەبار دەچێ) دەگاتە چەند حەقیقەتێکی زانستی پزیشکی.
دەگاتە ئەو ئەنجامەی کە یاریزانەکانی تۆپی پێ ی ئەمریکی کە پڕە لە توندوتیژی بەریککەوتنی بە هێزی یاریزانەکان بە تایبەتی ” سەریان” لە گەڵ تێپەربوونی کات و تەمەن، ئەم هەموو بەرکەوتنانە کاریگەری لەسەر مێشك و دەماغیان دادەنێ توشی “لەرزینی میشك” و خەمۆکی و زەهایمەری توندو هەلوەسەیان دەکات لە تەمەنی زۆر زوودا.
ئەم دکتۆرە کاتێ لێکۆلینەوەکانی دەست پی دەکات بۆی دەردەکەوێت کە تەنیا لەو شارەی ئەو لی ی نیشتەجێە ١٢ یاریزان بە هۆی ئەم دەردە خۆیان کوشتووە یان ژیانیان لە دەست داوە.
یەكێتی تۆپی پێ ی ئەم شارە، لەگەڵ دادگاکان تەنانەت پۆلیسیش هەمووی لە دژایەتی کردنەوەو سەلماندنی ئەم لێکۆلێنەوە زانستیانەن ، بە یاسا دەمکوتی دکتۆرو هەموو ئەوانە دەکەن کە یارمەتی دەدەن، تەنانەت دەگاتە ئاستێك کە هەڕەشەی دیپۆرت کردنەوەی ” سنورداش”ی لێبکە ن لە ئەمریکاوە بۆ نایجیریا! تەنانەت بەرێوەبەرەکەی چەندی تۆمەتی زۆر ساویلکانەی دەدرێتە پاڵ وەکو بەکارهێنانی قەلەم کاغەزو ئامێری فاکس و پێویستەیکانی تاقیگە ، هەموو ئەو فشارانە تەنیا بۆ ئەوە بوو ڕێگە بگرن لە بڵاوکردنەوەی لێکۆڵێنەوەیەکی زانستی کە دەریدەخا پەیوەندیەك هەیە لە نێوان وەرزشێك و نەخۆشیەکی میشك/ دەروونی وەرزشکارەکان.
پرسیارێك کە دێتە پێشەوە بۆ دەبێ دژایەتی لێکۆڵینەوەیەکی زانستیی پزیشکی بکرێت! لە چیڕۆکی ڕاستەقینەی پشتی ڕووداوە نیشان دراوەکانی ئەم فلیمە ڕوون دەبێتەوە ؛ کە ئەگەر تەنیا لە ئەنجامی قەناعەت هاتنی لە سەد ١٠٪ دایك و باوکان و تێگەیشتنیان لەم لێکؤلێنەوەو دان پیانانی فەرمی یەکێتی تۆپی پێ لە بوونی پەیوەندیەك لە نێوان ئەم وەرزشەو ئەم نەخۆشیانەی ئەم لێکۆڵینەوە لە ئەنجامی بەڵگەیی تاقیگەیی بە دەستی هێناوە، ئەوا بەرژوەندیەکانی پشتی ئەم وەرزشە سەدان ملیۆن دۆلار زیان بەر بزنسەکەی دکەوێت.
لە یەکێ لەدیالۆگەکانی ئەم فلیـە ڕستەیەکی زۆر مەترسیدار هەیە، کاتێ بە دکتۆر دەڵین ” پێشووتر ئەمریکا لە هەفتەیەکدا یەك ڕۆژی هەبوو بۆ کەنیسە، ئێستا ئەم ڕۆژە تۆپی پێ بردوویەتی، تۆ دەتەوێ ئەم ڕۆژەش ببەیت؟ “
چەند ساڵیك دوای ئەوەی دکتۆر دەردەکرێت لەم شارە بە زۆرە ملێ و بە هەڕەشەی یاسایی و هتد، یاریزانێکیتر لەهەمان شار خۆی دەکوژێت کە هەمان حاڵەتی یاریزانەکانی پێشووی هەیە!
لە ژێڕ فشاری رای گشتی و خێزانەکانی یاریزانەکان پێداچوونەوە بۆ لێکۆڵینەوە زانستیەکانی دکتۆر دەکرێت و ئیعتیباری ئەکادیمی و پزیشکی پێ دەدرێتەوە، ئەم تۆمەتە ساویلکانەی ئارستەی بەڕێوەبەرەکەی کرابوو هەر هەمووی بەتاڵ دەکرێتەوە، دواتر لە هؤڵێکی گەورەدا دکتۆر قسە بۆ کەس وکارو خێزانی یاریزانەکان/ قوربانیەکان دەکات، ئەم قسە کردنە کە دەکرێ ناوی لێبندرێ ” گوتاری سەرکەوتن” ئەو زۆر بە سادەیی بە ئامادەبووان دەڵێت من لە “جیاتی قوربانیەکان قسە دەکەم “.
ڕستە بە ڕستەی دیالۆگەکانی ئەم فلیمە گوشراوێکی خستی حەقیقەتن، دکتۆر لەسەرەتای دەست پێکردن بە کارەکەی ڕەخنەی زۆری لیدگرن و گاڵتەی پیدەکەن ، چونکە ئەو لە گەڵ تەرمەکان قسەی دەکرد!
کە تەرمێک دەهاتە پێشی بۆ ئەوەی هۆکاری مردنی بزانێت ، دەستی بەسەر قژو سەری تەرمەکە دادەهێنا و دەیووت ” ئازیزم ، هیچ نیە، ئێستا هۆکاری مردنەکەت” دەدۆزینەوە ، کاتێ بەرەو ڕووی بوونەوە پێیان ووت تۆ چۆن دەبێ قسە لە گەڵ تەرم بکەیت ؟ ئەو ووتی ” من دکتۆرم دەبێ ڕێز لە نەخۆشی خۆم بگرم ” وەك بڵێ ی لەلای ئەو تەرم فۆرمێکیتری بەردەوامی ژیان بێت!