Skip to Content

هەنگاوێک لە ئێوە.. کەریم قادر

هەنگاوێک لە ئێوە.. کەریم قادر

Closed
by كانونی دووه‌م 14, 2025 General


توندوتیژی هیج ئەنجامێکی نابێت، بە خوێنڕشتن هیچ ئامانجێک بەدینایەت”. ئەگەر ئەمە بکرێتە کردار، ناوچەکە بە تێکڕایی دەحەسێتەوە و دەگەشێتەوە.
هەموومان چ ڕۆژهەڵاتی بین، چ ڕۆژئاوایی بەندەی خودای گەورەین، بەپێی ئایینە ئاسمانییەکان لەیەک دایک و باوکین. کەواتە لە بنەڕەتدا هەموومان خوشک و براین، نەک تەنیا برا.
ماوەیەکە وشەی “برایەتی”بە واتا سیاسییەکەی نەک جیناتەکەیەوە بووەتە وێردی سەرزاری هەندێک لەسەرکردەکان کە پێشتر لەبارودۆخی جودا لەوانی دیکەشمان بیستووە، وێڕای ئەوەی بە خوێنی کورد تینوو بوون.
گەلی کوردستان زیانی بۆ کەس نەبووە و نییە و خاکی کەسی داگیر نەکردووە، بەڵکو بە هزر و کارەکانی لە باڵاکردنی ئەو وڵاتانە دەستەی باڵای هەبووە، بەڵام بێجگە لەوەی ئەوانی دی کوردیان بە برا قبوڵ نەبووە، چەندین ناووناتۆرەی نەشیاویشیان بۆی هۆنیوەتەوە.
بەواتایەکی دیکە، کورد دەستی بۆ توندوتیژی نەبردووە و برایەتی ئەوانی دیکەی ڕەت نەکردۆتەوە، بەڵکو ئەوانی دیکە بەزمانی چەک ڕوبەڕووی هەوڵە ئاشتیخوازەکانی کورد بوونەتەوە، تەنانەت تا بۆیان لوابێت ئازار و ئەشکەنجەیان داوە کە بەپێی کتێبە مێژووییەکان کاتێک کورد لەناوچەکە هەبووە، ئەوان بوونیان نەبووە. تەنانەت سەرۆک مەسعود بارزانی لە هەڵمەتی بانگەشەی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان بەو دەربڕینە بێزاری خۆی دەربڕی، بەڵکو ئەوە خوایە هەموو لایەک بگەڕێنەوە سەر ڕێگە دروستەکەی برایەتی گەلان کە گوتی: ئەوە سەت ساڵە گەلی کورد سزادەدەن، ئەرێ تێر نەبوون؟ کە دەبوو هەمووان ئەو دەربڕینەیان بە گرنگ و دژە خوێنڕشتن وەرگرتبا و بە دیالۆگ و گفتوگۆ کاریان بۆ برایەتییە مێژووییەکە بکردبا.
ئەگەر ڕاست دەکەن کورد برایەکی مێژووییە، دەبێت بۆ ڕاستکردنەوەی ڕەفتارەکانیان داوای لێبوردن لەگەلی کورد بکەن. دواتر لەبەرئەوەی هەمیشە خۆیان لەسەرووی کورد داناوە، بەئاراستەی ئەو برایەتییە هەنگاوێکی بوێرانە بنێن، کوردیش دوو هەنگاو دەنێت، چونکە سوودی بۆ تەواوی ناوچەکە هەیە.

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish
Powered by TranslatePress