Skip to Content

کۆتایی عەشق وەک کۆتایی پشکۆیە.. چیرۆکە ھەواڵ: ستیڤان شەمزینی

کۆتایی عەشق وەک کۆتایی پشکۆیە.. چیرۆکە ھەواڵ: ستیڤان شەمزینی

Closed
by كانونی دووه‌م 27, 2024 General, Literature

عەشق تەلارێک نییە بە گوڵ و گوڵزار پەرژین کرابێت تا بە ئاسانیی و بێ سڵەمینەوە بەرەو کەنارەکانی ھەنگاو بنێین، عەشق دەریایەکی لاسار و تووڕەیە و زاڵبوون بەسەر شەپۆلە ھەڵچووەکانیدا لە لە باوەشگرتنی ئەستێران زەحمەتترە. عەشق ماندووبوون و رەنجە، ئیرادەیەکی بێ کۆتاییە، ئەو ئیرادەیەی فەرھاد کێوی بێستونی بە دەرزی پێ بنکۆڵ کرد، ئەو ئیرادەیەی قاچی لەسەر زەوی چەقاندووە و سەری لەسەرو بڵندیی خۆر و ئەستێرانەوەیە. ھەنگاوەکانی چوون بۆ نێو مەملەکەی عەشق ئازاراوین، کۆڵانەکانی کۆشکی عەشق وەک کۆڵانەکانی دۆزەخ وان، ئەو رێبوارە لە خۆبردووەی بڕیار دەدات بەرەو ئەو تەلارە بڕوات دەبێت بزانێت فەرشی سوور لەبەر پێی رانەخراوە، بەڵکو بە دڕک و داڵ دەورە دراوە. عاشق نابێت بترسێت، عاشق نابێت بشڵەژێ، عاشق نابێ بلەرزێت، عاشق نابێ دوورەپەرێز بێت، چون عەشق ژان و ئازارە، عەشق جەنگێکی نەبڕاوەی سۆزە، عەشق تۆپەڵێک کۆدی نەبینراوە، لەمسکردن و رامکردنی وەک چنگیرکردنی رووناکی تیشک وایە. عاشق ھەموو کات مەحزونە، عاشق ھەموو کات سەرکەشە، عاشق ھەمیشە شریتی ژیانی لەنێوان ترسێکی تۆقێنەر و دڵنیاییەکی وەھمیدا دەڕوات. عەشق وەک شەراب تاڵە و تفتە، بەڵام تامی خەیاڵەکانی شیرینە، عەشق وەک ئاگر گەرمە، بەڵام وەک ئەو پرشنگدار و رووناکە، عەشق وەک بەفر ساردە، بەڵام ھەروەک وی سپی و بێگەردە، عەشق وەک شاخ سەخت و قایم و باڵابەرزە، بەڵام ھەروەک ئەویش سەرفراز و بڵندە.

عەشق خەونێکی قووڵە

تەلار و ھیوا دەمێک بوو بڕیاریاندا بوو بۆ ھەمیشە بۆ یەکتر بژین و بمرن، گفتوگۆکانی نێوانیان تەنیا و تەنیا باسی عەشق و دەربڕینی سۆز و پەیمان بوو، ئەم دووانە دوو فریشتەی عاشق بوون لە بەرگی دوو مرۆڤی ئەم زەمەنە بێ رەحمەدا. ھیوا وایدەزانی رۆمیۆیە و تەلاریش وایدەزانی ھەر بە تەنیا خۆی (جولێت)ە، بەجووتە دەیانویست موعجیزە بخوڵقێنن، ئەو راستییە رەھایە بە درۆ بخەنەوە کە زەمەنی ئێستا بە زەمەنی کۆتایی دێوانەکان لە قەڵەم دەدات. ھیوا و تەلار وایاندەزانی لە دوای غەرقبوونی تایتانیک و دابڕانی جاک و رۆز لە یەکتر، گەردوون جگە لە عەشقی ئەوان ھیچ عەشقێکی تری بەخۆوە نەدیوە. لە ھەموو بە یەکگەیشتنەکانیاندا وایاندەزانی خەون دەبینن، بەڵام کام خەون؟ خەونێکی قووڵ کە بوراقێکی شین بۆ نێو قووڵترین کەناری ئاسمانت دەیبردن. زۆربەی جار عەشقیان بە خەونێکی ئێجگار قووڵ لێکدەدایەوە، وا بیریان دەکردەوە خەون ھەمیشە و بۆ ھەتاھەتایە دژ و پێچەوانەی واقیعە، بەتایبەتی ئەم واقیعە گەنیوە. عەشقی نێوان ئەم کوڕ و کچە گەنجە کە ھێشتا بیست و پێنج ساڵی تەمەنیان تێنەپەڕیبوو، بەشێوەیەک سەرسوڕھێنەر بوو مەگەر لە توێی کتێب و ئەفسانەکاندا دەستت بکەون، تەنانەت ئەوانەی لە نزیکەوە ئاگایان لەم پەیوەندییە بوو سەریان لەوە سوڕمابوو ھێشتا لەم دنیایەدا عەشقێک بەم رەنگ و شێوەیە ماوە و دەیەوێت تەحەدای ھەموو واقیعێکی داسەپاوی رووت بکات .

وەرزی دابڕان

ئەو ساڵانە وڵات ببووە (گەراجێکی گەورە) و ھەموو گەنجێک جانتاکەی لەبن دەستی بوو تا سەفەری دەرەوەی وڵات بکات، پاپۆڕەکان ببوونە نیشتمانی رەسەنی گەنجانی خێرنەدیوی کورد. ئەو ساتانە باس ھەر باسی سنووری مینڕێژکراو و رێگای بەلەم و شەمەندەفەری قاچاغ بوو، ئەم سەفەرەش ناوی لێنرابوو گەشت لە ناڕەحەتییەکانی دۆزەخەوە رووەو بەھەشتی دڵفڕێن و ئارام. ھیوا بە رەزامەندیی خێزان و مەعشوقەکەی بڕیاری دا وەک ھەموو ئەو گەنجانەی تر ئەم سەفەرە پڕ لە کارەسات و نادیارە دەست پێبکات. زۆربەی ھەرە زۆری ھاوڕێکانی پێیان سەیربوو ھیوا ئەم بڕیارە بە پەلەیەی داوە!، چونکە لەو بڕوایەدا نەبوون ھەفتەیەک دوور لە دڵدارەکەی بتوانێت بژی، بەڵام وەڵامی بۆ ھاوڕێکانی ئەوە بوو دەیگووت: من و تەلار دوو کەس نین، نا، نا بە ھەڵەدا مەچن ئێمە یەکێکین، ئیتر خۆ نەکراوم بە دوولەتەوە تا ھەست بە دابڕان بکەم، من لەگەڵ ئەو دەژیم ھەروەھا ئەویش لەگەڵ من، ئەوە عەشق نییە گەر تۆ ھەستت کرد دووریت لە مەعشووقەکەت، بەڵکو عەشق ئەوەیە بە جۆرێک تێکەڵاو ببن ھیچ سنوور و لەمپەرێک لەنێوان عاشق و مەعشوقدا نەمێنێ، سەرەنجام ببنە یەک گیان، ئەوەش ھەروەک ئاوێتەبوونی دوو کانزا یان دوو رەنگ وایە یان وەک تێکەڵاوکردن و کارلێکردنی ئاو و مەی وایە. ھیوا بەو قەناعەتەوە کە تەنیا نییە و تەلار وەک سێبەر لەگەڵیدایە و بەشێوەیەکی مەعنەویی ھەردەم لەگەڵ یاد و یادەوەریی تەلاردایە، بەرەو ھەندەران بە رێ کەوت. دوای چەند رۆژێک بە رێگەی قاچاغ خۆی گەیاندە وڵاتی تورکیا، پاش مانەوەی چەند رۆژێکی کەمیش، ھیوا ھەموو ئاوات و قەدەر و چارەنووسی خۆی خستە دەستی قاچاخچییەکەوە و بڕیاری دا بە رێی ئاو و بە یەخت بۆ بەری یۆنان بپەڕێتەوە.

کارەساتێکی تاڵ

شەوێکی باراناویی لە پڕ قاچاغچییەکە کە بەلای راستدا دەلەنگی ھاواری کرد، “خێرا بکەن سواری ئەو لۆرییە بن”.، ھیوا وەک ھەموو نەفەرەکانی تر سواری لۆری بوو تا گەیشتە سەر دەریا، لەوێشەوە سواری یەخت بوون بە ئیجەدا بەرەو یۆنان، ترس باڵی بەسەر ھەموویاندا کێشابوو، بۆ ماوەی زیاتر لە کاتژمێرێک ئەو پەنجا نەفەرە نوقمی بێدەنگی ببوون، ئەمەش یارمەتییەکی باشی خەیاڵەکانی ھیوای دەدا. لەپڕ یەکێکیان کە بە قۆشمەچی ناسرابوو، بە دەنگە بەسۆزەکەی گۆرانییەکی حەسەن زیرەکی چڕی و پەردەی ئەو بێدەنگییەی دڕاند، چەند کاتژمێرێک تێپەڕی ھەر بەناو دەریادا رێیان تەی دەکرد، دەریاش تووڕە ببوو ھەر لە منداڵێکی لاسار دەچوو، دەریا ئەو دەریایە نەبوو ھیوا بە رۆژ دیبووی، زۆر لاسار و رق ئەستوور دەھاتە پێش چاو، بەڵام ھەرچۆنێک بوو توانیان بەسەر ترسی خۆیان لە بەرامبەر ھەڵچوونی دەریادا زاڵ بن و بیبەزێنن. ئەوەبوو دواجار گەشتنە کەناری ئارام و لەوێشەوە خزێنرانە پشتی لۆرییەکی ترەوە “کە لەوێ پێیان دەگووت شاحینە” بەرەو ئەسینای پایتەختی دەبردن، ھەر لەگەڵ گەیشتنیان بە ئەسینا ھیوا ھەناسەیەکی ھەڵمژی و بیری کردەوە ئەوە کیشوەرێک لە یارە غەمبارەکەی دوورکەوتۆتەوە.
ھیواا خێرا خۆی ئامادە کرد بۆ ئەوەی بە زووترین کات بگاتە ئیتاڵیا، لەگەڵ قاچاغچییەکی تر رێک کەوت، دوای چوار رۆژی تر بە شاحینە بیگەیەنێتە ئیتاڵیا، دوای ئەو چوار رۆژە لەگەڵ سیانزە کەسی تردا بە ڕێ کەوتن، لە رێگە یەکێک باسی دەفتەرە دۆلار و یەکێکی تر باسی دوکان و بازاڕی دەکرد، یەکێکی تر بە باڵای ئەوروپای پڕ ئافرەتی چاوشین و جواندا ھەڵیدەدا و شیعری دەھۆنییەوە، بەڵام ئەم بێدەنگ لە یادی دڵدارەکەیدا نغرۆ ببوو، وەک مقەبایەک لە تەنیشت نەفەرەکانی ترەوە لە خەیاڵات و خەونەکانی خۆیدا دەژیا، لە ھەرا و ھوریا و چیرۆکەکانی ئەوانی تر تەواو بێ ئاگا ببوو، نەفەرەکانی تر سەریان لەو بێدەنگی و چاو داخستنەی ھیوا سوڕمابوو، چاک دەیانزانی ھیوا چاوی بڕیوەتە شتێک، بەڵام بێ خەبەرن لەوەی ئەو شتە چییە؟. تا مامۆستا ئازاد کە وەک ئەو نەفەرێکی قاچاغ بوو، ھیوای دواند، ئەویش بوخچەی دڵی بۆ کردنەوە و بە دوور و درێژیی و بەلاغەتەکەی خۆیەوە باسی عیشقی بۆ کردن و متی کردن، وای لێکردن ھەموو ئیست بگرن و دەست بخەنە ژێر چەنەگەیان بۆ بیرکردنەوە. ئەم دەمەتەقێیە ھەر بەردەوام بوو تا ئەوەی شۆفێرەکە ھاواری لێکردن دابەزن ئێوە گەیشتنە رۆما، ئەوەبوو یەک یەک دابەزین، بەڵام لەم کاتەدا ئۆتۆمبێلێکی تیژڕۆ لە ھیوای دا و جەستەی لە خوێندا سوور کرد، بەدەم ناڵانەوە تا مردن ھەر ھاواری بوو تەلار، تەلار، بەڵام خوداش بەو ھەموو بەزەییەوە نەگەیشتە فریای! ھیوا لەوێ وەک ئەستێرەیەکی ئاسمانی عەشق کشا، ئەوساتە ساتی نامۆبوون بوو، لەوانەیە ھەر لەو کاتەدا بووبێ کە تەلار پیاڵە چایەکەی لە دەست کەوتە خوارەوە و نەیزانی بۆچی وا لە ناکاو راوەستا و ئیستی گرت. کارەساتە تاڵ و گەورەکە روویدا، ھیوا وەک ئەستێرەیەکی پرشنگدار کشا و تەلاریش وەک مۆمێکی گەش بێ خەبەرە.

مۆمی بەر رەشەبا

ساتێک ھیوا لە ئاسمانی تەلاردا ئاوابوو، تروسکاویی ھیوا و ئومێدی کوژایەوە، وەک مۆمێکی سەرکزی بەر رەشەبا و زریانێکی بەھێز خۆی دەنواند. سەری دنیای لێ ھاتبووەوە یەک، دەیزانی بوونی ئەو بە بوونی ھیواوە واتادارە. بەردەوام دەستە خوشک و ھاوڕێ نزیکەکانی ھەرچەندە دڵیان دەدایەوە، بەڵام ئەو بۆ ساتێک چییە ھێور نەدەبووەوە لە فرمێسک ھەڵڕشتن کە بەسەر روومەتی گەشیدا جۆگەلەی بەستبوو،. چاوە زۆر رەشەکانیشی ھەروەک ئەوەی نوقڵانەی تەعزێیەکیان پێدابێ خۆیان رەشتر دەنواندا بەسەر رووە سپی و نازدارەکەیەوە. تەلار تەواو بێ ئومێد بوو، ئەم دنیا گەورەیەش ئەوەندە بچووک ببووەوە لە پێش چاوانی، وا ھەستی دەکرد لە زیندانێکی تاکەکەسیدایە، تیایدا تەنگە نەفەس دەبوو، خواردنی ئەو ببووە ھەڵمژینی غەم و پەژارە، خەویش بە تەواوەتی ماڵئاوایی لێکردبوو. دەیزانی ئاوابوونی ھیوا ھیچ ھەڵھاتنێکی نوێی بە دواوە نییە، بۆیە ئومێدبڕاو ببوو لەوەی جارێکی تر ھەتاو و رووناکی عەشق روو لە ئاسمانی بکەنەوە. ئەو کەرتێکی تەنیا بوو، بەشەکەی تری خۆی لە دنیای ونی بەرزەخدا بوو، پەلەی بوو بۆ ئەوەی بگاتە لای ئەو، چونکە بۆی ئاسان نەبوو ساڵانێکی دوورودرێژ و بێ بڕانەوە بە تەنیایی و یەک لەتیی بەردەوام بێت و بژی.
پێشتر لە تەلەفۆندا بە ھاوڕێیەکی نزیکی وتبوو، دنیا یەک جار تامی ھەیە و بۆ ھەموو کەسیش یەک ھەل ھەیە، من ھەر زوو زۆر ھەلی خۆمم دەست کەوت لە دۆزینەوەی ھیوادا، بەڵام قەدەری شووم و رەش و ئۆتۆمبێلی دڕندە لێیان زەوت کردم. بۆیە من شانسی خۆمم لە دەستدا، بێگومان دونیا دوو ھەلی تێدا نییە تا من بە تەمای ئەوە بم ھەلی دووەم بێتەوە بەردەمم، منیش بڕیار دەدەم بە شتێک کە ناوی مردنە، رەنگە ئەو مردنە بە لای خۆمەوە ژیان بێت، بەڵام ئێوە لە ھەڵەدان بە مردن و فەنابوون لێی تێدەگەن. بە درێژایی زیاتر لە مانگێک، تەلار لە نێو فرمێسک و خۆخواردنەوەدا بوو، تاو ئەو کاتەی بە ھەموو متمانەیەکەوە بڕیاری دا بە شەش دەنک حەب کۆتایی بە خۆی بھێنێت و لە ژوانگەی بەرزەخدا دەست لەملانی دڵدارە دەم بە خەندە و جوانەمەرگەکەی پڕ بە کامی دڵ سەما بکات، تا دەست لەملان وانەیەکی نوێ و جوانی عەشق پێشکەش بکەن، بەڵکو بەسەر ھەموو قەدەر و چارەنووسە داسەپاوەکاندا زاڵ بن. بەرەبەیانییەکی زوو، لەگەڵ گزنگی خۆر و کازیوەی دەم بەیاندا لە ماڵی تەلار بوو بە شین و شەپۆڕ و واوەیلا، ھەر ھاوار بوو: کچە جوانەکەم رۆ، خوشکە نازدارەکەم رۆ، ئامۆزا بەدبەختەکەم رۆ، رۆ رۆ رۆ و ھەزاران رۆ رۆ.. تەلاریش وەک پەپوولەیەکی ناسک و رەنگین لە سەرەتای وەرزی تەمەن و ژیاندا ئاوابوو، بە ئاوابوونەکەشی وانەیەکی زۆر جوانی پێشکەش کرد، پەیمان و وەفا راستەقینەکەی خۆی بۆ ھیوا سەلماند کە تەنیا ھیوا بۆ تەلار، تەلاریش بۆ ھیوایە و تەواو، ئەمەش ھاوکێشەیەکە ھیچ ھێزێک نییە لە دنیادا بتوانێت بیگۆڕێت.

کۆتایی عەشق وەک کۆتایی پشکۆیە

کۆتایی عەشق سووتماکبوونە، دڵەکان پێش عەشق وەک خەڵوز رەشێکی قەترانین، لە کاتی عەشقیشدا وەک پشکۆیەکی سوور گەش و پرشنگدارن، بەڵام سەرەنجامەکەی چیتر نییە جگە لە بە خۆڵەمێشبوون و کوژانەوەی یەکجاریی. عەشق بە سەختی و دژواریی دەست پێدەکات و ھەرواش کۆتایی پێدێت، عەشق بە ئازار و دڕک لە دڵ چەقین دەست پێدەکات و دواجاریش بە ناکامی و دەستبەتاڵی کۆتایی پێدێت. عەشق مەشخەڵێکی ئاگرە، ئەوەی لێی نزیک بێتەوە جگە لە سووتان و فەوتبوون ھیچی تری بەنسیب نابێت. عەشق کەیف و شادیی نییە، بەڵکو حوزنێکی قووڵە، بە چارەنووسی ھەر کەسێکەوە لکا ئەوا یان دەیکاتە پاڵەوانێکی ئەفسانەیی یان شێتێکی سەرگەردان و پەتەڕی. عەشق وا دەکات مردن لە ئاو خواردنەوە ساناتر بێت، عەشق وا دەکات ژیان مەحاڵ بێت، عەشق وا دەکات فڕین بۆ دوورترین شوێن نزیکترین خاڵ بێت. عەشق وا دەکات زەوی لەسەر لەپی دەست رابگریت، عەشق وا دەکات جڵەو شل بکەیت بۆ سۆز و وەک کۆلارەیەک بەکرەی بۆ شل بکەیت ئیدی بۆ کوێت ببات، دەبێت لە دووی بچیت.
عەشق وا دەکات موعجیزە بخووڵقێنیت، ئاخر عەشق بە ھەموو جۆرێک دژی عەقڵە، ھەروەک چۆن عەقڵ دوژمنایەتی باوەکوژی لەگەڵ عەشقدا ھەیە، ھەر کاتێک عەقڵ تەحەکومی کرد بەسەر مرۆڤدا عەشق ماڵ دەگوازێتەوە و باردەکات بۆ دوورترین دوورگە، ھەرکاتیش عەشق جێی گرت ئەوا عەقڵ بە ھەڵەداوان را دەکات و خۆی لە سۆزی رووتی قورسی عاشق دەرباز دەکات. عەشق چیتر نییە جگە لە وەھمێکی رووت و ھەوایەکی خنکێنەر، ئەو وەک تریاک وایە بێ ئەوەی بزانین و پرسیار بکەین ئاخۆ خۆی چییە و چۆنە؟ مەستمان دەکات و راماندەکێشێتە نێو دنیای پڕ ھەڵبەز و دابەزی خۆیەوە، ھەروەک وتم عەشق گازێکی خنکێنەرە، بەڵام بۆنەکەی ئەوەندە خۆش و مەستکارە ھەرگیز ھەست بە کوشندەییەکەی ناکەین تا نەمرین. عەشق ترسناکترین داھێنراوی مرۆڤە، قورسترین کار و کردەوەیە، زەحمەتترین بیر و ھەوڵە. عەشقی نێوان ھیوا و تەلاریش بەڵگەیەکی زیندووە بۆ گەواھی ئەم رستانە.

سەرنج: ئەم چیرۆکە ھەواڵە لە رووداوێکی واقیعییەوە وەرگیراوە کە ساڵی ٢٠٠٠ روویداوە. تەنیا ناوەکان گۆڕدراون، ئەگەرنا جۆری عەشقەکە و کەساییەتییەکان بە ریالیزمی ھەبوون. ئەم چیرۆکەم لە ساڵی ٢٠٠١ نووسی، بەڵام دەرفەتی بڵاوکردنەوەیم بۆ نەڕەخسا تا چەند ساڵ دواتر.

تێبینی: ئەم چیرۆکە ھەواڵە لە ژمارە “٧٢٢”ی رۆژنامەی “کوردستان راپۆرت” لە رۆژی ٢٧ی تشرینی یەکەمی 2007 بڵاکراوەتەوە. پاشتریش لە بەرگی سێیەمی کتێبی (قوتووی عەتار) لەلاپەڕە ٤٦٨-٤٧٤ بەشێوەی کاغەز لە کوردستان بڵاوکراوەتەوە

Previous
Next
Kurdish