Skip to Content

پەیژەیەکم دەوێت پێیدا بڕۆمە خوارەوە بۆ دوێنێ.. دەقی واڵا: ستیڤان شەمزینی

پەیژەیەکم دەوێت پێیدا بڕۆمە خوارەوە بۆ دوێنێ.. دەقی واڵا: ستیڤان شەمزینی

Closed
by شوبات 12, 2024 General, Poems

سەیر ونبووم
لە گێژاوی نوستالیژیادا
غەرقی شێی دوێنێم
ھەزاران جار ئەمڕۆ دەکەمە
قوربانی تەمی پێرێ
ھێشتا وەک مەیتێکی بۆنکردوو
لە کۆڵانەکانی شارێکی بێ ناز کەوتووم
ناتوانم بەسەر پردی ئێستادا
بپەڕمەوە رۆخی داھاتوو
بەسەر قادرمەیەکی پێچەوانەوە
ھەنگاو ھەنگاو
سەر بەرەو خوار رێ دەکەم
بۆ ناو ستیانی یادەوەریی و
ژێرزەمینی گەمەکانی منداڵی
جاڕسم لە دێوەزمەی ئەم ھەموو بەرقە
شەڕی من لەگەڵ ئەلکتریکە
دەمەوێ وەک جاران
لەبەر شەوقی چرا
وەزیفەی وانەکانی قوتابخانە بنووسمەوە
ئای ئەمڕۆ چەندێک سەرشۆڕە
بە بەراوورد بە ویقاری دوێنێ
ئای ئەمڕۆ چەند تیژتێپەڕە
بە بەراوورد خاوخلیچکی دوێنێ
کە بەسەر پشتی کیسەڵەوە رێی دەکرد
گوێیەکانم ئیلتھاب دەکەن
بە بیستنی گۆرانییە قۆڕەکانی ئەمڕۆ
لە نێو نوێنی قەتار و ھۆرەدا نوستووم
دەھری دەبم بە دەنگی دی جەی
فێرم بۆ چێژی سترانێک
گوێ بنێم
بە رادیۆیەکی قیسارەی کۆنەوە
کە خشەخش
دەبێتە بەشێک لە موزیکەکەی
کینەم بەرامبەر ھەر شتێکە
سەر بە رۆژگاری ئەمڕۆ بێت
عاشقی تاڵترین رۆژانی دوێنێم
ھیچ پڕۆژەیەکم نییە بۆ ئایندە
پلانم ھەیە بە سواری فڕۆکەیەکی کۆن
بگەڕێمە سەردەمی زێڕینی جاران
ئای چەند حەز دەکەم
بۆ چەند چرکەیەک کات بکەوێتە
ژێر رکێفی ویستەکانمەوە
ئەوسا ملی زەمەن بەرەو دوا بادەدەم
میلی کاتژمێرەکان
بە پێچەوانەوە دەبزوێنم
تا دەگاتە سەروەختی چاوشارکێم
لە گەڕەکێکی پەڕاوێزخراوی شاردا
تەمەنی ساڵەکان درێژ دەکەمەوە
رەنگە عومری ھەر ساڵێکی منداڵی
بگەیەنمە تەمەنی ساڵێکی رووناکی
ھەر ساڵێکی گەنجیش بکەمە
ھێندەی تەمەنی کورتی نوح
ئای چەند نیگەرانم
ماڵت بە قوڕ بگیرێ دیموکرتیس
چەند بێ ویژدانانە فێرت کردین
ناتوانین دوو جار لە ئاوی رووبارێکدا
تێر بە کامی دڵ مەلە بکەین
ھەنووکە ددان بە خودایەکدا دەنێم
دەسەڵاتی ھەبێت لە ٢٠٢٠ەوە
زەمەن بەرەو خوارەوە بگێڕێتەوە
ئاڕاستەی ساڵەکان پێچەوانە بکاتەوە
کۆتایی بەپێشڤەچوونی مێژوو بھێنێت
ئەمە کاری خوایەتییە لە ئەمڕۆدا
ئاخر من نامەوێت
لەمەوپاش ببینم
ناشخوازم بمرم
دەمەوێت بچمەوە
ناو قۆزاخەی رابردوو
لەوێ لە بری سمارت فۆن
دوو قاپی بەتاڵی ئایس کرێم
بکەمە تەلەفۆنێکی وەھمی
لە جیاتی تۆڕی جاڵجاڵۆکەیی ئینتەرنێت و
بچووکبوونەوەی دنیا بۆ گوندێک
بە ھێزی خەیاڵ گەشت بکەم
ئەو باوەڕەم بۆ بگەڕێتەوە
ئەم دنیایە زۆر لەوە گەورەترە
ئەمڕۆ مرۆڤ بچووکی کردۆتەوە
ھیچ کات
تەڵیسمی جوگرافیا ناکەمەوە
بە نێو داھاتوودا گەشت ناکەم
بەڵێن دەدەم
ھەر لە شوێنی خۆم بمێنمەوە
ھەر لەوێ لە حەوشەی ماڵی دوێنێ
کەڕوو بکەم
خودایەکم دەوێت
دەسەڵاتی بەسەر زەمەندا بشکێت
دوو دڵ نەبێت لە پێچانەوەی ئەمڕۆ
بۆ نێو باوەشی گەرمی دوێنێ
من خودایەکی ئاوھام دەوێت

کۆتایی ئۆگەستی ٢٠١٩
ئەڵمانیا – بیلەفێلد
نەخۆشخانەی گلیاد ئاینس

ئەم تێکستە لەناو تەوالێتدا نووسراوە، ئەو دیمەنە درۆزنانەی بە فەزای شاعیریی ناسراوە بۆ من وا نەبووە، ھیچ کات لە نێوان مۆم و لە باڵکۆنی ماڵێکی ئارامەوە ھیچم نەنوسیوە، من زیاتر لە نەخۆشخانە و تەوالێتدا دەنووسم

Previous
Next
Kurdish