Skip to Content

مێشوولەکانی ئێوارە ….  ھۆزار ئەحمەد

مێشوولەکانی ئێوارە …. ھۆزار ئەحمەد

Closed
by تشرینی یه‌كه‌م 17, 2018 General

نزیکەی نیو کاژێرە، بەدیار شوعلەی لامپاکەوە گیرم خواردووە، دایکم پێم دەڵێت ھەر مێشوولەیەکت بینی بەم مێش کوژە، بیکوژە، منیش بێ دوودڵی، پێیاندا دەکێشم، ھەر دانەیەکم کوشت، ئەوا دایکمی لێ ئاگادار دەکەمەوە.
زۆر ھەوڵدەدەم بزانم کامەیان نێرە کامەیان مێیە، ئاخر مێیەکان میھرەبانترن ئەوان تەنیا خوێن دەمژن، بەڵام نێرەکان پێمان وەدەدەن، ھەر چۆنێک بێت ئێمە ئەوەندە خوێنمان ھەیە بەشی مێشوولەیەکی بچوکی بدەین، من سەرکێشیم دەکرد تاوەکو مێشوولەکە لە سەر پێستم دەنیشت، ئەگەر پێی وەدام ئەوا نێرە ئەگەر تەنیا خوێنی مژیم، ئەوا مێیە، منیش جۆر و شکڵی نێرەکە دەناسمەوە ئیتر دەکەومە قڕ کردنیان، بەڵام ئەو بیرۆکەیە دایکم بەرھەڵستی کرد و گوتی ماریا کچم ئەوان دوژمنی ئێمەن دووژمنەکانیش جۆریان ھەن ھەندێکیان سەرەتا ماندوت دەکەن وەک مێیەکان، دواتر بەشەکەی تریان دەتکوژن، قسەکانی دایکم دەچوو بە گوێکانم، منیش ئەو خەیاڵانەی کە ھەمبوون ناچار بە ئاڵوگۆڕی بیرۆکەکانی دایکم دەکرد.

دایکم کتریە ئاوی گەرم کردووە، لەسەر کەرپوچێک دایناوە، ڕاڤین دوو ڕۆژە ھەڵامەت و کۆخە ڕەشەی گرتووە، ئیتر دایکم گووتی دەبێت سەری کتریەکە ھەڵبگرین و بەرماڵەکە بەسەر برایەکەم دابدەین و دەمی بکاتەوە تاوەکوو ھەڵمەکە دەچێتە نێو قوڕگی نەرمی دەکاتەوە، یارمەتی دەدا، لەکۆخەکەی تاوەکوو باشتر بێت، بەڵام ئەوە نزیکەی دوو کاژێرە بەسەر چارەسەریەکەی دایکم تێپەڕیوە ڕاڤیار ھێشتا دەکۆخێت، کاتێ دەکۆخێ دایکم ڕادەچڵەکێ، سەیری دەرگای حەوشەکە دەکا، لەپەنجەرەوە، منیش زۆر سەیر دەکەم، تاوەکوو لەو سەراسیمەیەی دایکم تێبگەم، ئاخر دایکم ئەو کاتانەی باوکیشم لەماڵە ھەروا پەرێشان حاڵە بۆ دەرگای حەوشە، منیش ھەمان خووی دایکمم گرتووە و لەگەڵی سەیری دەرگا دەکەم، خۆ دایکم ھەر لە کاتی کۆخینی برایەکەم، سەیری دەرگا ناکا، بەڵکو لەگەڵ تاودانی پشیلە زەردەکەش کاتێ باز دەداتە سەر تەنکی ماڵەوە دەنگ دێ دایکم بە پەلەداوان سەیری پەنجەرە دەکاتەوە، ئەو بۆ ھەر دەنگێک سەرێک لە پەنجەرە ھەڵدەکێشێ، با ئەوە نەشارمەوە کە پرسیاری ئەوەم لێکردووە بۆچی ئەوەندە لە دەرگا ڕادەمێنی، خۆ باوکم تا چەند ڕۆژی تر نایەتەوە، بەڵام ئەو پێم دەڵێ کە خۆم لە باسی گەورەکانم ھەڵنەقورتێنم، منیش بێدەنگ دەبم و حەز دەکەم گەورەبم و بزانم چی لە پشت ئەو دەرگایە ھەیە، لە دڵە خۆم نزا دەکەم دەڵێم خوایە ئەو دەرگایە بە شەو بکرێتەوە.

ھەموو بەیانیەک کاتێ دایکم ڕێگەمان پێدەدا بچینە کۆڵان دەچمە ئەو دیو دەرگاکە ھیچ نابینم، سەیر ئەوەیە دایکم ئەو کات ھیچ سەیری دەرگا ناکا، وەک ئەوە دەرگای شەوان، چاوەڕێی شتێک بکا، یا شتێک بخاتە ژوورەوە. چەند شەوێک بەر لە نەخۆشبوونی ڕاڤیار، کەسێک لە دەرگای دا، زۆر بەھێز لە دەرگای دەدا، بارانێکی بەخووڕ دەباری ئەو کات، دایکم لامپاکەی خامۆش کرد و من و براکەمی خستە ژێر جێگاوە گووتی ئێوە لێرە بن، کاتێ دایکم چووە دەرەوە، منیش ڕامکردە لای پەنجەرەکە، تیشکی ڕووناکی لە ھەورەکە بای ئەوەندە دەیتوانی بۆ ھەرکەسێک کە بیەوەی بە بێ فانۆس ڕێ بکا، بەر پێی خۆی ببینێت، چوون ئەو شەوانە مانگ لە پشت ھەورەکان پڕ ببوو، دایکم لە ژێر بارانەکە بینی، تا نزیک دەرگاکە گووتی ئەوە کێیە، دەنگێک ھەر ئەوەتە و گوێت لێدەبوو ھاتە بەرگوێم، گووتی منم شیرینی دراوسێتان، لەو شەوەوە زانیم ئەو شتەی لە پشت دەرگایەوەیە جێگای خۆشحاڵی دایکم نیە و بەڵکوو دەشێت ترسناک بێت، بەڵام دەمگووت نەء ھیچ شتێک ڕووینەدایە تا من بترسم ئێرە خۆ دەرگای دۆزەخ نیە، باوکم ھەموو جارێک بەو دەرگایە دێتە ژوورەوە، ئیتر بۆ دەبێ ئەو دەرگایەی باوکم پێیدا دەێتە ژوورەوە دەرگای دۆزەخ بێت.

ھەر ھەموو شەوێک لە پەنجەرەکەوە گوێم لە دەنگی لوورەی سەگەکانە، لەگەڵ دەنگی سیرکەی بایەکە تێکەڵ دەبن، دایکم دەڵێت ئەو سەگانە دوورن لێرە، کەچی بایەکە دەنگیانی لە ھەناوی خۆیدا بارکردووە و پێمان دەڵێن ھەموو زەویەکان ھێشتا ژیان بەردەوامە، ئەو بایانە پۆستەچین و نیشانەی ئارامی شوێنەکانی تری زەوین، بەڵام من دەترسم و ھەندێک جار وا گوومانم دەکرد، دایکم لە ترسی سەگەکانە، ئەوەندە چاودێری دەرگا بچوکەکەمان دەکات، بەڵام دایکم ھەمیشە قسەی جیاوازی دەکرد و منیش بەخۆمم دەگووت خۆ سەگەکان ناتوانن لەسەر دەرگا باز بدەن یا کڵۆمی دەرگاکە بکەنەوە، سەرم سوڕمابوو لەو ئاستە ھەستیاریەی دایەم، لە دڵی خۆمدا دەمگوت ئەو لە پاسەوانێک زیاتر ھیچ نیە، تەنانەت شەوێک بە ڕوویم دادایەوە، ئەویش گووتی بەڵێ من پاسەوانم و کلیلی بەھەشت لای منە.

من زۆر ڕقم لە دەنگی زیک زیکەیە، کەچی دایکم دەڵێ ئەو زیک زیکانە، پەیامی تاریکیە پێمان دەڵێن ھەستەکانمان
درۆزنن ئێوە لە نێو تاریکیش ھەر پارێزراون. منیش پێدەکەنم و لەدڵی خۆمدا دەڵێم ئەی بۆ ئەوەندە چاودێری دەرگاکە دەکەیت، بە ڕوومدا دەتەقێتەوە دەڵێ ھا ڕشکن بۆ پێدەکەنی، منیش دەڵێم خۆشم دەوێی دایکە پاسەوانەکەم، ئەو با ھەر ئەو قسانە بکات، بەس من حەز ناکەم دڵی دایکم بشکێنم، ئاخر زیک زیکەکانم خۆشناوێن، دڵنیام دایەم لەبەر ئەوە خۆشی لە زیک زیکەکان دێت، گەر دەنگیش لە پشت دەرگاکەوە بێت دەیەوێت وەک زیک زیکەکان خۆی نیشان نەدات، دایکم دەڵێت ئەو زیک زیکانە نزا دەکەن، ئەوە نوێژی تایبەتی ئەوانە، وەک ھەموو گیانداربکی تر بێجگە لە خواردن و خۆپاراستن، حەزیان بە ئاسوودەکردنی ڕووحیانە، ئەی ھەموو بەیانیەک دەنگی کەڵەشێرەکانی ماڵی مام سمایلی جیرانمان نابیستی، ئەی جریوەی چۆلەکەکان و ئاوازی کوختیەکانی سەر گوێسەبانەی ماڵەکەمان، ئەو دەنگانە مەتەڵی ڕووحن، دایکم دەیگووت ئاژەڵەکانیش یا ئەوەتا وەک مرۆڤ گوناھ دەکەن یا سوپاسگوزارن بۆیە نوێژ دەکەن، منیش گاڵتەم بە قسەکانی دەھات و پێم دەگووت ئەی خۆ ئاودەست شوێنێکی زۆر پیسە خۆ کەسێک دەچێتە ئاودەست پاشان دەبێت دەستنوێژ ھەڵبگرێتەوە، ئەی بۆ ماڵی سیسرکەکان نوێژ دەست نادات و خۆ ئەوان ھەر لە ئاودەست نوێژ دەکەن، کاتێک لە ئاودەست بووم ھەر سیسرکەیەک بھاتایە دەرێ بە قاچەکانم پانم دەکردەوە، کرتەیەکی دەھات، وامبیردەکردەوە ئەوە ئازاری سیسرکەکە نیە، بەڵکو کرتەی جەستەیەتی، کە زۆرم حەز لەو دەنگە بوو، ئەگەر ئازاری نەبێ ڕووحیان نیە جەستەکانیان، ئەوەم بە دایەم گووت ئەویش ھەڕەشەی لێکردم، جارێکی تر ئەگەر سیسرکەکانم کوشت لە وێیان جێ نەھێڵم بەڵکو بە نوکی نەعلەکەم بیانخەمە نێو کوونی ئاودەستەکە.

ڕاڤیار بۆ ساتێک چیە کۆخەی لێنەدەبڕایەوە، من و دایەم، زۆر خەممان بوو، دایکم گووتی دەبێت بیبەینە لای دکتۆر، ھەر ئەو کاتە قەمسەڵەی باوکمی لەبەر کرد و منیشی تووند پێچایەوە، جاجمێکی بچووکمان ھەبوو، قاوەیی بوو نەخشەکانی زۆر جوان بوو، بەڵام زۆر زبر بوو، دایکم لەشەوانی زستان وەکوو بەتانی بە ئێمەی دادەدا، بەڵام من دەمگووت دەبێت لە ژێریەوە بەتانیەکی نەرمم پێدابدەیت، دایکم دەیگووت ھی نەنکیەتی لە جۆرە-یەکی مەسیحی کڕیوە، کە وەک دێوەرە دەھاتنە گووندی مورتکە.

ڕاڤیاری بچوکی خستە باوەشی من، لامپاکەی کوژاندەوە و دەرگاکەی کڵۆم دا، دەرگای حەوشەی زۆر بەھێمنی کردەوە سەرێکی لە دەرەوە ھەڵبڕی و بەھەمان شێوە دەرگای حەوشەشی کڵۆم دا، ڕاڤیاری لە من وەرگرت و خستیە ژێر جاجمەکە، ئامۆژگاری کردم بە شوێن پێیەکانی ئەو دابڕۆم، باران بێ ڕەحمانە لە سروشتی خۆی بەردەوام بوو، ھەموو گیانمان تەڕ ببوو، ھەر نزام دەکرد خوایە باران نەمێنێ تا دێینەوە، لەگەڵ بارانەکە بایەکی بەھێز دەھات، منیش لچکی مەکسی دایکم گرتبوو، لە کووچەی کۆڵانەکە قاچی چەپەم خزی و خۆم بە دایەم گرتەوە، ئەو قسەی نەکرد، بە نیگای لۆمەکەر سەیری کردم. کارەبامان نزیک بە سێ ھەفتە نەبوو، تاوەکوو گەیشتینە بەردەم نۆرینگەی دکتۆر، دایەم ئەوەندە لە چواردەورەی خۆێ دەڕوانی، وەک ئەوەی کەسێک لە بۆسەمان بێت. دایەم زۆر بەھێز دەرگای ماڵی دکتۆری دەکوتا، دکتۆریش بەھەمان شێوەی دایکم بەر لەوەی دەرگا بکاتەوە گووتی ئەوە کێیە؟
– منم گولیزار.
– ئاخر ماڵت ئاوا بی، ئەوە وەختە ھاتووی.
– دکتۆر منداڵە بچووکەکەم نەخۆشە.
دکتۆر بەخێرایی دەرگای کردەوە و سەرێکی ھەڵبڕی لە دەرەوە، لەبەر خۆمەوە گووتم ڕەنگە دکتۆریش چاودێری ئەو دەرگایە بکا وەک دایکم.
– ئاخر پێم ناڵێی بەو کاتە بۆچی ھاتووی، خۆ ھێشتا دەڵێن لە گەڕەکە.
– بمانبوورە دکتۆر ڕاڤیار زۆر نەخۆشە، ڕەنگە ئێستا ڕۆیشتبێت، شەش سەعات بەسەر ھەواڵەکە تێپەڕیوە.
– ئەی سامان ھیچ خەبەری نیە؟
– ناوەڵا لەو کاتەوەی ھاتوەتەوە لە شاخ، ئەو ھەواڵەی بڵاوبوەتەوە گوایە ئەو لەگەڕەکە، سامان خۆی وون کردوە.
– دەی ئینشالا زوو دێتەوە.
لە ژوورەوە قوڕگی براکەمی تۆزێک کووشی، فانۆسەکەی بڵند کرد و سەیری نێو گەرووی کرد.
گووتی:- گەروەستورەی گرتووە، ئەو شڕوبە ببەن ھەموو جەمێک سەرێکی پێبدەن و ئیستاش با سەرێک فڕ بکات و جوان دایپۆشن با سەرمای نەبێتەوە.
بارانەکە نەمابوو، سەیری ئاسمانم کرد، ساماڵ بوو، مانگ خڕ خڕ خۆی دەرخستبوو، ھەموو شوێنێک تەڕ دیار بوو، بەڵام بایەکی زۆر ساردی دەھات، دکتۆر ئێمەی بەڕێکرد و بەھێواشی دەرگاکەی داخست، تاوەکوو گەیشتینەوە ماڵەوە ھەموو قاچەکانمان ببووە قوڕ و لیتە، دەرگای حەوشەمان داخست و بۆ دواجار بەر لەوەی شڕوبەکە بداتە ڕاڤیار و لامپاکە بکوژێنێتەوە، سەیری دەرگای حەوشەی کرد و ئینجا خەوتین، منیش لە ژێر جێگاکەمەوە، بیرم لە قسەکانی دکتۆر و دایەم کردەوە دەبێت ئەو کێ بێت، باوکم لە بەر ئەو ڕۆیشتووە! نزام کرد باوکم سەلامەت بێ، بۆ دواجار ھەستم کرد ئەو- ئەو شتەیە دایکم لە پشت دەرگاکە چاودێری دەکا.
بەیانیەکەی ڕۆیشت و نیوەڕۆش ڕۆیشت و دوای ئێوارە بارانێکی زۆر بە ھێز دایدەکرد، دڵۆپی بنمێچەکە زیاتر و زووتر تەشتەکەی ژورەوەی پڕ ئاو کرد، دایەم دەیگووت دەبێ زوو ئاوەکەی نێوی بڕێژین ئەگەر نا ژوورەوە پڕ ئاو دەبێت، ھاشەی بایەکەی دەرەوە بەردەوام دەرگای حەوشەی دەلەقاند و چەندین دەنگی جۆراو جۆر ئەمشەو دەھات دایەم لەھەموو شەوێک زیاتر پەرێشان و وریاتر بوو، کەمێک بەر لە ئیستا زۆر بەھێز دەکێشرا بە دەرگامان، دایکم چوو دەرگا بکاتەوە،
مام سمایلی جیرانمان بوو، کە ھاتە ژوورەوە زۆر بەخێرایی لەگەڵ دایکم ھاتنە بن ھەیوانەکە،
مام سمایل گووتی:- ئەوان چەندین پێشمەرگەیان گرت دوای ئێوارە.
دایەم دەپاڕایەوە:- تخوا مام سمایل لەگەڵ خۆت بمبە بۆ دەوروبەری مەنزومە، بەڵکو سۆراغێکی سامان بکەین..
مام سمایل قایل بوو، دایکم ھاتە ژوورەوە، چاوەکانی بەرەو ئاسمان بڵند کرد و بە سینگی خۆی کێشا و نزای کرد:- یاڕەبی خوایە ئیبراھیم خانەقینی وەک سەگ بتۆپێنیت…
ھەر زوو گوتی ماریا کچە بچکۆڵانەکەی خۆم، ئاگات لە ڕاڤیار بێ، زوو دێینەوە، دەرگا لەکەس مەکەوە تاوەکوو نەزانیت کێیە، سۆباکە کز بکەن و یاری بە ئاگر مەکەن، لەگەڵ مام سمایل ڕۆیشتن.
منیش ئیستا ئەو قسانە بۆ ڕاڤیار دەکەم و مێشوولەکان چتر ناکوژم، تەنیا ھەلیاندەفڕێنم و لە ڕاڤیار دەپرسم، ئیبراھیم خانەقینی کێیە؟ ئەویش ھەر یاری بە شەق شەقەکەی دەکا و لە ناکاو دەنگی زیک زیکەیەک دێت ئەو بەتەواوی ھاتوەتە نزیک ئێمە، دەعبایەکی ڕەشە باڵەکانی دوو ئەوەندەی لەشیەتی، کە ڕووناکی فانۆسەکەی نزیک دەخەمەوە بێدەنگ دەبێت.

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish