چاوخشانێک بە ململانێی چەکداری لە ئۆردوگای حیزبی کۆمەڵی کوردستان.. وەرگێڕانی کاوە عومەر
دیانەی خەلیل کەیوان لە بەرنامەی وەڵام لەگەڵ حەمید تەقواییدا
وەرگێڕانی کاوە عومەر
ئەم دەقە بە پشت بەستن بە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ کەناڵێکی جەدید ئامادەکراوە
خەلیل کەیوان هەفتەی ڕابردوو ڕوبەڕوو بوونەوەی چەکداری لەنێوان پێشمەرگەی هەردوو باڵی کۆمەڵەی کوردستان لە هەرێمی کوردستانی عێراق ڕوویدا، کە بەداخەوە دوو کوژراو و بریندارێکی لێکەوتەوە. ئەمە یەکەمجار نییە کە چەک لە ناکۆکییە ناوخۆییەکانی ئەم ڕێکخراوەدا بەکاردەهێنرێت. پێشتریش لە کاتی جیابوونەوەی ئەم ڕێکخراوەدا ڕووداوی هاوشێوە ڕوویان دابوو. لە ساڵی ٢٠٠٧ دوو لایەن بە ڕابەری عومەر ئیلخانیزادە و عەبدوڵڵا موهتەدی پەنایان بردە بەر لێدان و تفەنگیان بەسەر یەکتردا کێشا و بەنێوەندگیری یەکیەتیی نیشتمانی ڕێگری لە خوێنڕشتن لەم ڕێکخراوەدا کرا.
پێش ئەمەش هەر لە پێوەند بەو ناکۆکییانەی لەگەڵ کۆمەڵە ڕێکخراوی کوردستانی حزبی کۆمۆنیستی ئێران هەیانبوو، لەکاتی جیابوونەوەدا پەنایان بۆ چەک وملهوڕی بردبوو. لەم بەرنامەیەدا باس لە هۆکار و چوارچێوەی ئەو ڕووداوانە دەکەین.
حەمید تەقوایی، ململانێیەکی سەربازی وەک دیارە لە نێوان هێزی پێشمەرگەی ڕێکخراوێک، حزبی کومەڵە ڕوویدا. نزیکەی حەوت مانگ لەمەوبەر ڕێکخراوی کۆمەڵەی زەحتکاشان کە پێشتر لە حیزبی کۆمەڵە جیا بووبووەوە، پەیوەندی بەم حزبەوە کردەوە و ململانێی ئەم دواییە لە نێوان پێشمەرگەی ئەو دوو کوتلەیەدا بوو. چ جیاوازییەک بنچینەی ئەم ململانێیە بووە؟ ئایا ئەم ڕووبەڕوو بوونەوەیە سەرچاوەی لە ناکۆکی کۆنی نێوان ئەم دوو گرووپەوەی گرتووە، یان بارودۆخ و هاوکێشەکانی ئێستای دوای شۆڕشی مەهسا هۆکاروبنەمای ئەم ڕووداوە بووە؟
حەمید تەقوایی: هەر وەک وتت بەداخەوە ئەم جۆرە ململانێیە یەکەمجار نییە لەنێو هێزەکانی ئەم ڕێکخراوەدا ڕووبدات، بەڵام ئەمجارە هەلومەرج و بەستێن و هۆکارە سیاسییەکان جیاوازن. لە ڕووی نەریت و لە ڕووی چەک هەڵگرتن لە ناکۆکی ناوخۆییدا، ئەمە بە داخەوە میتۆد و پرۆسەیەکە لەم ڕێکخراوەدا کە دەتوانین دواتر زیاتر باسی بکەین، بەڵام چۆن ئەم پرۆسەیە ئەمڕۆ بەم شێوەیە خۆی نیشان دا و ڕووبەڕوو بوونەوەیەکی لەو شێوەیە ڕوویدا.. ئەمە بەتەواوی پەیوەستە بە دۆخی سیاسی ئەمڕۆوە.
لە لێکۆڵینەوە لە چوارچێوەی ئەم ململانێیەدا دوو خاڵ جێگەی سەرنجن. سەرەتا ئەم دوو فراکسیۆنە، کە وەک ئاماژەت پێدا، پێشتر جیابوونەوە و بوون بە دوو ڕێکخراو بە دوو ناوەوە، لەم دواییانەدا یەکتریان گرتەوە و ئەم پرۆسەی یەکگرتنەوە بە ڕواڵەت لەلایەن هەموو ئەندامانی ڕێکخراوی زەحمەتکێشانەوە قبوڵ نەکرا. ئەمڕۆ بەشێک لە ڕابەرایەتی باڵی زەحمەتکێشان لە ڕوونکردنەوەی ئەم ڕووداوەدا باس لە ناڕازیبوونیان لە پڕۆسەی یەکگرتنەوە دەکەن.
خاڵی دووەم و لایەنی گرنگتر ئەوەیە کە لە دڵی ئەم شۆڕشی ژن ژیان ئازادیەدا عەبدوڵڵا موهتەدی کە سکرتیری گشتی ئەم حیزبەیە، دبارە یەکگرتووە لەگەڵ شاخوازەکان و لەپەنای ڕەزا پەهلەوی و هێزەکانی دیکەدا لە هاوپەیمانییەتیەکدا بەشداری کرد، کە کۆبوونەوەی جۆرج تاون سەرەتای دەستپێکردنیان بوو، جاڕنامەیەکی لەگەڵ ئەوان واژۆ کرد کە ئێستا ئەم بزووتنەوە و پڕۆژەیە بە تەواوی شکستی هێناوە. ئەمڕۆ هێزەکانی ئەو جاڕنامەیە و ئەو کۆبوونەوەیە کەتوونەتە گیانی یەکتری. و ئەمەش بووە هۆی ناکۆکی و ناڕەزایی لە ڕیزەکانی ئەم ڕێکخراوەدا، کە دواجار گەشتووەتە ئێرە.
هەروەها دەبێ بڵێم لەم ڕووداوەدا، هەروەک لە بەڵگەکان و لە چاوپێکەوتن و سەرنجی ڕابەرەکانی ئەم ڕێکخراوە، عەبدوڵڵا موهتەدی و عومەر ئیلخانیزادە کە ڕابەرانی ئەو دوو گرووپە بوون و دوای ئەوەی یەکیان گرتەوە عومەر وەک جێگری عەبدوڵڵای موهتەدی سکرتێری گشتی دەستنیشانکرا، لەم ڕوداوەدا پێکەوەن. سەبارەت بە سیاسەتی هاوپەیمانی لەگەڵ شاه خوازەکاندا هیچ ڕەخنەیەکم لە عومەر ئیلخانیزادە نەبیست، بەڵام دیارە لە ناو ڕێکخراوەکەدا وا نەبووە و بەشێک لە هێزەکانی ڕێکخراوی زەحمەتکێسان دژی ئەو سیاسەتە بوون. بۆیە ناکرێ بگوترێ دوو کوتلەی زەحمەتکێشان و حیزبی مەهتەدی ڕووبەڕووی یەک بوونەتەوە. وا دیارە و لە وقسەوباسی ئەندامێکی دیاری ڕێکخراوی زەحمەتکیشاندا، کەئەویش ڕەزا کەعبیە، کە لە چاوپێکەوتنێکدا گوێم لێ بوو، دەردەکەوێت کە، پێش هەموو شتێک، ئەم هاوپەیمانییە کە دروست بووە، بڕیار بووە کە هەمووان بیزانن و لە کۆمیتەی ناوەندی و لە پلینۆمی ئەم ڕێکخراوەدا پێشنیار بکرێت و پەسەند بکرێت و نەکراوە. و دووەم: بابەتێکی تری مشتومڕاوی بەشداریی عەبدوڵڵای موهتەدیە لە هاوپەیمانی جۆرج تاون، کە ڕەزا کەعبی دەڵێت هیچ گفتوگۆ و کۆدەنگییەک لەسەر ئەم بابەتە نەبووە و عەبدوڵڵا موهتەدی هەندێک جار ڕایگەیاند کە بە شێوەیەکی شەخسی بەشداری ئەم هاوپەیمانییە دەکات، هەندێکجاریش وەک سکرتێری گشتی حیزب و هتد. ئەمەش یەکێک بووە لە حاڵەتەکانی ناڕازیبوون.
وەک ئاماژەم پێدا، بەتایبەتی دوای مایەپووچبوونی پرۆژەی جۆرج تاون، پێدەچێت ئەم ناڕەزایەتیانە بەرزببنەوە و ئەم ململانێ چەکدارییە لە نێوان پێشمەرگە ناڕازیەکان بەرامبەر بەم سیاسەتانە و ئەوانەی لەگەڵ ئەو سیاسەتانەدان بووە و عومەر و عەبدوڵڵا هەردووکیان سەر بەم گروپەی دووەمن.
خەلیل کەیوان ئەگەر جیاوازی لە نێوان لایەنگران و نەیارانی سیاسەتەکانی ئەم دواییە هەبووایە، ڕۆڵی ڕابەرایەتی ئەو ڕێکخراوانە لەم بابەتەدا چی بووە؟
حەمید تەقوایی: لە ڕوانگەی سیاسییەوە ڕوونە کە سیاسەتەکانی ڕابەرایەتی ئەم ڕێکخراوە دۆخەکەی گەیاندووەتە ئەم ئاستە. لەوانەش سیاسەتی هاوپەیمانی لەگەڵ هێزە شاخوازەکاندا یان پرۆسەی نادیموکراتیکی پەیوەستبوون بەم هێزانە کە من ڕوونم کردەوە. ڕوونە کە بەم مانایە ڕۆڵی سیاسی ڕابەرایەتی بە تەواوەتی چارەنووسسازە.
بەڵام پێناچێت خودی ئەم ململانێیە بەشێوەیەکی خۆبەخۆو لە خوارەوە دروست بووبێت. بۆ نمونە باس و گفتوگۆ لە نێوان پێشمەرگەکاندا توندتر بووەتەوە و چەکیان لە بەرامبەر یەکتردا ڕاکێشاوە. پێدەچێت ئەم ململانێیە پلان بۆ داڕێژراو بێت. هەروەها ڕەزا کەعبی لە چاوپێکەوتنەکەیدا باس لەوە دەکات کە ئەم ململانێیە بە ئاگاداری ڕابەرایەتی ڕوویداوە. بەم مانایە ڕابەرایەتی ڕۆڵی ڕاستەوخۆی بینیوە. ئەوەی کە لەم ململانێیەدا، کام لایەن هێرشی کردووەتە سەر کام لایەن و کێ یەکەم تەقەی کردووە، هێشتا بابەتی گفتوگۆیە. بۆ نموونە ئەو باڵەی کە لێیان کوژراوە دەڵێن کە ئەوان هێرشیان کراوەتە سەر و تەنیا بەرگریان لە خۆیان کردووە. دەڵێن ململانێی دوولایەنە نەبووە، بەڵکو پێشمەرگەی بالێک کە ئەویش باڵی بەرژەوەندی هێڵی ڕابەرایەتییە (واتە هێڵی عەبدوڵڵا لەگەڵ عومەر) هێرشی کردە سەر پێشمەرگەی فراکسیۆنی بەرامبەر. لە لایەکی دیکەوە عومەر ئیلخانیزادە باس لەوە دەکات کە ماڵەکەی لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە گەمارۆ دراوە. من ناچمە ناو ئەم بابەتە چونکە وردەکارییەکانی کێ بەڕاستی هێرشی کردووەتە سەر کێ هێشتا نازانرێت. وە ئەوەندە کاریگەری لەسەر باسەکەمان نییە. لە هەر حاڵەتێکدا، ڕاستیەکە هەرچییەک بێت، مشتومڕەکە ئەوەیە کە ئەمە دووەم جارە کە ناکۆکی ناوخۆیی ئەم ڕێکخراوە دەبێتە هۆی ململانێی چەکداری لە نێوان فراکسیۆنەکاندا. وە بۆ تێگەیشتنێکی دروست لەم پرۆسەیە پێویستە ئاماژە بە بابەتی بنەڕەتیتر و سەقامگیرتر بکات لە سیاسەت و نەریتی ئەو هێزانەدا.
خەلیل کەیوان با ئەم بابەتەی نەریت و سیاسەتەکان بخەینە ڕوو. پرسیاری من ئەوەیە، تا چ ڕادەیەک هۆکاری سیاسەتەکانی ئەم هێزەیە و تا چەند پەیوەندی بە پرسی نەریتی ناسیۆنالیستی پێشمەرگایەتیەوە هەیە؟ بۆچی ئێمە لە ڕێکخراوێکی وەک حیزبی کۆمەڵەدا شاهیدی ئەو جۆرە ڕووداوانە دەبین؟
حەمید تەقوایی: پێموایە فاکتەرێک بێتوانایی ڕابەرایەتییە لە هەماهەنگی و ڕازیکردن و سەقامگیرکردنی دەسەڵاتی سیاسی خۆی لە ڕێکخراوەکەدا. بەڵام بۆچی ئەمە وایە؟ هۆکارەکەش بە بڕوای من ئەوەیە کە دواجار ئەم هێزانە لە بزووتنەوەی چەپەوە سەرچاوەیان گرتووە. کۆملە بەشێک بوو لە سازمانی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و پێش ئەوەش کۆمەڵە سەرئەنجام حسابی خۆی بەتەواوی لە حیزبی دێموکرات و هێزە ناسیونالیستی ڕاستڕەوەکان جیا کردبووەوە، خۆی بە چەپ و کۆمۆنیست دەزانی.لە مانگەکانی سەرەتایی هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامیدا ڕۆڵێکی پرشنگداری لە درێژەی شۆڕشی ٥٧لە بەرامبەر ئەو کۆنەپەرستیەی کە تازە بەدەسەڵات گەیشت بوو گێڕاو و هتد. ئەمە سەرچاوەی هەموو ئەم کۆمەڵانەیە کە ئەمڕۆئێمە دەیان بینین. باشە، ڕوونە کە ناتوانیت لە پاشخانێکەوە، لە کۆنتێکستێکەوە، لە خاڵی دەستپێکی چەپەوە بجوڵێیت و بگەیتە سیاسەتی ڕاستڕەوی توند؛ ئەو سیاسەتانەی کە بزووتنەوەی عەبدوڵڵا موهتەدی و هەروەها زەحمەتکێشان نوێنەرایەتیان دەکرد. بەشی خوارەوەی ئەم حیزبە، پێشمەرگەکان، کە بە هۆی ئەم مێژووەوە چوونەتە ناو کومەلە، بە ئاسانی ئەم ناسیۆنالیزمە توندڕەوە قبوڵ ناکەن. لە ڕاستیدا ڤیدیۆ کلیپێکم بینی کە دوای ئەم شەڕە چەکدارییە بەشێک لە پێشمەرگە ناڕازیەکان ناڕەزایەتیان دەربڕی بەرامبەر بەم دۆخە و بە دروشمی “بژی سۆسیالیزم” کۆتاییان بە وتارەکەیان هێنا. واتە هێشتا پێشمەرگە لە ڕیزەکانی ئەو هێزانەدا هەن کە خۆیان بە سۆسیالیزمەوە دەناسێنن و پەیوەست دەکەن. لە کاتێکدا ڕابەرایەتی ئەم ڕێکخراوە تەنانەت توێکڵێکیش لەم سیاسەتە چەپگەراییانەی بۆ نەماوە و سیاسەتە ناسیونالیستییە ڕاستڕەوەکانی تەنانەت پێشەنگییان لە حیزبی دێموکرات دزیوە. حیزبەکەی عەبدوڵڵاش هەمان ئەو ڕێکخراوەیە کە ڕایانگەیاند کە نابێت منداڵان لە کوردستان لە قوتابخانەدا بە زمانی فارسی قسە بکەن و ئێمەش چەندین سیاسەتی هاوشێوەمان بینیوە. سیاسەتگەلێک کە بەتەواوەتی لەسەر بنەمای نەتەوەیی و وەک کوردەکان خودیان دەڵێن “کۆردایەتی” دامەزراون. نەریتە ناسیۆنالیستیەکان لەم حیزبەدا بە تەواوی زیندووە. باشە ئاسان نییەحزبێک کە لە چەپەوە دەستی پێکردبێت بیبەیت بۆ لای ئەوپەڕی ڕاست. ناکۆکی و بەریەککەوتن ڕوودەدات، ململانێ ڕوودەدات و لەبەرئەوەی نەریتی خەباتی چەکداری لەنێوانیاندا بەهێزە و لەڕاستیدا جۆرێک لە چەک هەڵگرتن بوونی هەیە، کاتێک بێ توانا دەمێننەوە لە هێڵ کێشان و قەناعەت پێکردن و ڕێنمایی کردنی ڕیزەکانیان دەست بۆ چەک دەبەن.
خەلیل کەیوان با کەمێک باسی پێگەی چەک و هێزی پێشمەرگە بکەین. هەروەک دەزانن حزبە چەکدارەکان و هێزی پێشمەرگە لە کوردستاندا نەریتێکی کۆنە، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا دەبینین حزبەکان ئۆردوگایان هەیە لە هەرێمی کوردستانی عێراق کە چالاکیی چەکداری زۆریان نییە. دەکرێ بگوترێ سەردەمی خەباتی چەکداری و ژیانی ئۆردوگایی کۆتایی هات؟ وە حزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی کوردستان پێویستە ڕوو لە خەباتی مەدەنی و سیاسی لە دژی کۆماری ئیسلامی بکەن؟
حەمید تەقوایی: با سەرەتا باسی نەریتی خەباتی چەکداری بکەم. لە هەموو پارچەکانی کوردستاندا نەریتێکی کۆنە کە چەک هەڵگرتن بۆ خەبات لە دژی حکومەتی ناوەند و نەهێشتنی هەڵاواردنی نەتەوەیی. نەریتێکی کۆن و شێوازێکیجێ کەوتووە لە دژی زۆرداری وملهڕیەکانی دەوڵەتی ناوەندی و لەشکر کێشیەکانی دەوڵەتی ناوەندی. هەموو حزبەکانی کوردستان لقێکی چەکداریان هەیە. بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە ئێمە لەم هەرێمەدا یەک بزووتنەوەمان بە یەک شێوە خەباتی چەکدارییەوە هەیە. لە کوردستانیش وەک هەر کۆمەڵگایەکی تر چەپ و ڕاست هەیە. هەم هێزی ئۆپۆزسیۆنی ڕاست و ناسیۆنالیست و هەم هێزی چەپ خەباتی چەکداری وەک میتۆد بەکاردەهێنن و تا ئێستاش کەمپ و هێزی چەکداریان هەیە. بەڵام خەباتی چەکداری بۆ چەپ و ڕاست بەتەواوی دوو مانای جیاواز و دوو هەڵوێستی جیاوازی هەیە. ئەگەر بمەوێت بە ناوی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران پێش جیابوونەوەی کۆمۆنیزمی کرێکاری و لە ڕوانگەی کۆمەڵەوە وەک تەشکیلاتی کوردستانی ئەو حیزبە قسە بکەم ، دەبێ بڵێم خەباتی چەکداری تەنیا یەکێکە لە شێوازەکانی خەبات ئێمەی کۆمۆنیستە لە دژی کۆماری ئیسلامی و ئەویش شێوازی سەرەکی نییە. هەمیشە جەختمان لەوە کردووەتەوە کە هێزی پێشمەرگە باڵی سەربازیی تەشکیلاتی کوردستانی حیزبە، واتە باسکی چەکداری ئەو حیزبەیە کە لە پێناو سۆسیالیزمدا خەبات دەکات و پشتیوانی و میحوەری خەباتی ئەو حیزبە بزووتنەوەی کرێکاری و بزوتنەوەی حەقخوازانە و بزووتنەوە مەدەنی و سیاسییەکانی شارەکانە ودژی جیاکاریە،. لەم قۆناغەدا کە بەسەر پێکهێنانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریدا تێپەڕیوە، خەباتی کرێکاری، بزووتنەوە شارنشینەکان، خەباتی مەدەنی-کۆمەڵایەتی-سیاسی لە شارەکانی کوردستاندا زۆر بەربڵاوتر و بەرچاوتر بوون و هەربۆیە ئەمڕۆ ئەم خەباتانە پێگەی زۆر زیاترو گرنگ و یەکلاکەرەوەتری لە بزووتنەوەی کۆمۆنیستدا.لە کوردستاندا بەدەستهێناوە. ئەمڕۆ خەباتی نێوشارەکان بنەمای چالاکیی حیزبی ئێمە لە کوردستان پێکدەهێنن.
ڕوونە کە جەختکردنەوە لەسەر خەباتی سیاسی – مەدەنی لە شارەکاندا بە مانای دەستشۆردن لە هێزی چەکدار نییە. نابێ بگوترێ، لەبەر ئەوەی شار بەرجەستە بووە، ئەبێت چەک و ئەم نەریت و شێوازی خەباتی چەکداری وازی لێبهێنرێت. ئەم نەریتە کاتێک دەڕوات کە حکومەتێک بێتە سەر دەسەڵات کە ستەمی نەتەوەیی ڕابگرێت و دان بە مافەکانی خەڵکی کوردستاندا بنێت و کێشەی هەڵاواردنی نەتەوەیی چارەسەر بکات. تا ئەو کاتەی ئەمە ڕوونەدات، خەباتی چەکداری و هێزی چەکدار جێگا و بابەتێتی خۆیان هەیە. بەڵام وەک وتم دوو پێگەی بەتەوەتی جیاواز. بۆ ناسیۆنالیزمی کورد، خەباتی چەکداری بابەتی شوناسنامەیی و سەرەکیە. وە ئەم مەسەلەی ناسنامەیەش کاریگەری لەسەر پەیوەندییە ناوخۆییەکانی حزبەکاندا هەیە. جۆرێک لە کولتوری چەکداری دروست دەبێت، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە بینا و پلەبەندی و هەرەمی ڕێکخراوەیی وردە وردە سێبەری فەرماندەیی سەربازی و هێزی سەربازی و پێشمەرگەی لەسەر بێت. ئەمە ڕەوەندەیە کە ناوبەناو لە حیزبەکەی عەبدوڵڵا موهتەدیدا لە شێوەی ڕوبەڕووبوونەوەی چەکداری ناوخۆی ڕێکخراوەدا دەردەکەوێت.
لە حیزبە چەپەکاندا کە کارەکانیان لەسەر بنەمای خەباتی کۆمەڵایەتی لە شارەکان و بزووتنەوەی کرێکاری و خەباتی کۆمەڵایەتی کە ئەمڕۆ لە کوردستان بە شێوەیەکی بەرفراوانتر و بەهێزتر لە جاران بەڕێوە دەچێت، خەباتی چەکداری تەنها شێوازێکە بۆ خزمەتکردنی بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە سۆسیالیستیە کە ناوەندەکەی لە شارەکاندایە. بە تایبەتی پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە نەریتی پێشمەرگە لەو کاتەوە دەستی پێکرد کە کۆمەڵگای کوردستان هێشتا فیۆداڵی بوو و پێشمەرگە لە بنەڕەتدا لە گوندەکانەوە سەریان دەرهێنا، بارەگاکانیان لە شاخ بوو، تەنانەت ئەوانەی دەیانویست لە شاردا شەڕ بکەن، دەبوو وەک دەڵێن بچن بۆ شاخەکان.
ئەم بارودۆخە کۆمەڵایەتیانە ئەمڕۆ بەتەواوی گۆڕاون. چالاکوانان لە بوارە جیاوازەکاندا لە خودی شارەکاندا خەبات دەکەن. وەک نموونە، بزووتنەوەی کرێکاری لە کوردستاندا پێگەیەکی گرنگی لە بزووتنەوەی کرێکاریدا لە سەرتاسەری ئێراندا دۆزیوەتەوە و پەیوەندییەکی قووڵ لە نێوان خەباتی کرێکارانی کوردستان و باقی ئێراندا هەیە. سەبارەت بە بزووتنەوەی ژنان، بزووتنەوەی خوێندکاری، بزووتنەوەی مامۆستایان، بزووتنەوەی دادگاییکردن و هتد و هتد، هەمان شتە. ئێمە ڕۆژانە ئەمە دەبینین. بۆیە بە تایبەت لەم دۆخەدا پێناسەکردنی میحوەر و ناسنامە وەک هێزی چەکدار و خەباتی چەکداری تەواو دواکەوتوانەیە و کارێکە کە دوورە لە واقیعی کۆمەڵگای ئەمڕۆی کوردستان.
فاکتەرێکی تر، وەک ئێوە وتتان ئەوەیە کە هێزە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆن ماوەیەکی زۆرە لە کوردستانی ئێران کراونەتە دەرەوە و چالاکیەکی ئەو تۆیان ئەنجام نەداوە. لە سەردەمێکدا پێشمەرگە ناوچە ئازادەکانی بەدەستەوە بوو و لە خودی ئێراندا چالاکی دەکرد. بەڵام ماوەیەکی زۆرە وەدەرنراون بۆ خاکی عێراق و کۆماری ئیسلامی توانیویەتی بە هێزەکانی خۆی بەسەر کوردستاندا بسەپنێت. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەمانە ئۆردوگای سەربازییان پاراستووە. ئێمە هیچ شتێکی نادروست نابینین کە ئۆردوگای چەکداری هەبێت، ئەمە دەتوانێت خاڵێکی بەهێزی هێزە چەپەکان بێت، کە لە سبەینێیەکدا ئەگەر هەلومەرج ڕێگەی پێبدات ئەم هێزە دەتوانێت یارمەتی شۆڕش و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە لە کوردستان و لە سەرتاسەری ئێران بدات ،. بەڵام وەک ئاماژەم پێدا پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە کاری سەرەکی و بنەمای خەباتی هێزە چەپەکان لە کوردستان شارەکان و بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی ژنانە و ئەمڕۆش بزووتنەوەی دادگاییکردن و بزووتنەوەکانیترە. هێزی چەکدار لە خزمەتی ئەو بزووتنەوەیانەدا هەرکاتێک بتوانرێت بەکاربهێنرێت.
ئەوەندەی پەیوەندی بە کەمپەکانی عێراقەوە هەیە، هێشتا ئەو کەمپانە بە فەرمی بارەگای پێشمەرگەن. ئۆردوگای هێزە چەکدارەکانی لایەنە جۆراوجۆرەکانی کوردستان، حزبی دیموکرات و حزبەکانی کۆمەڵە و هتد کە لە هەرێمی کوردستانی عێراق جێگیر بوون.
بەڕای من ئەم کەمپانە لە ڕاستیدا دوو ڕۆڵ دەگێڕن. یەکێکیان بارەگای هێزە چەکدارەکانی ئەو ڕێکخراوەیە کە بە ڕەسمی بەم شێوەیەیە و ئەوی تریان جۆرێکە لە کەمپی پەنابەران، کە لە ڕاستیدا ئەم پێگەیەی هەیە. هەم بنەماڵەی پێشمەرگە و هەم ئەو کەسانەی کە بە هۆکاری جۆراوجۆر لە شارەکانی کوردستان دەکەونە ژێر چاودێریەوە و دەیانەوێت خۆیان ڕزگار بکەن، پەنا بۆ کوردستانی عێراق دەبەن و ئەو پەتەش کە پەنای بۆ دەبەن پەیوەست بونیانە بە ڕیزەکانی پێشمەرگەوە. (من لێرەدا ناچمە ناو باسی چەپ و ڕاستەوە، ئەم هەلومەرجە بۆ هەموو هێزەکان بوونی هەیە) هەندێک خێزان هەیە بەشداری خەباتی چەکداری ناکات. ئەو دەسەڵاتەیان نییە و پیر و منداڵن. وە لە هەر حاڵەتێکدا خێزان هەیە کە لەم کەمپانە یان دەوروبەریان لە کەمپەکانی نزیک و پەیوەندیدار لە ناوچەکانی هەرێم نیشتەجێ بوون. لەم ڕوانگەیەوە ئەم کەمپانە بۆ خەڵکی کوردستان وەک شوێنی نیشتەجێکردنی ئاوارەکان گرنگن. شوێنێکە کە پەنابەران دەتوانن ژیانێکی تاڕادەیەک سەلامەتیان هەبێت. ئەمە بە بڕوای من باشترە لە کەمپی ئاسایی پەنابەران، کە هەموو ڕێکخستنەکان لە دەستی حکومەتی هەرێمدایە یان تەنانەت لە دەستی نەتەوە یەکگرتووەکاندایە. لە کۆتاییدا هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران لە کوردستانی عێراق کۆنترۆڵی ئەو کەمپانە دەکەن و ئەمەش فاکتەری ئەرێنییە بۆ ژیانی کۆمەڵایەتی ئاوارەکان. لە ئەنجامدا پێویستە دان بەوەدا بنرێت کە ئەم کەمپانە تەنها کەمپی سەربازی حزبی نین و هەروەها بانکەی ئاوارەکانیشە.
بەگشتی بەڕای من تا ئەوکاتەی حزبەکان مەبەستم حزبە چەپەکانە، لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمدا، سیاسەتەکانیان سازشکارانە نەبێت، سیاسەتەکانیان نەخەسێنرێت، سیاسەتەکانیان نەگۆڕێت تەنها بۆ دیپلۆماسیەت و ئۆردوگا بەڕێوبردن ، هەبوونی ئەم کەمپانە بابەتێتی هەیە و پێویستە وەکو پەناگە بۆ پەنابەران بەکاربهێنرێت و بپاریزرێنتێیدا . ئەمەش تایبەت نییە بە کوردستانیش. لە هەموو جیهاندا ئۆردوگای هێزی سیاسی هەیە. کاتێک هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی وڵاتێک ڕووبەڕووی سەرکوتی حکومەتەکەی خۆیان دەبنەوە، پەنا بۆ وڵاتانی دراوسێ دەبەن و ئەگەر سیاسەتی وڵاتی دراوسێش داوای ئەوە بکات، ئەوا ڕێگەیان پێدەدات کەمپێکیان هەبێت. لەم حاڵەتەشدا هەمان شت ڕوویدا، بەڵام مەرجی بنەڕەتی ئەوەیە کە سیاسەتەکانی ئەو ڕێکخراوەی کە لەوێ بنیات دەنرێت، بە ڕەچاوکردنی دیپلۆماسی و سازش کاری و تەنازول کردن لەبەردەم حکومەتی هەرێمدا نەوەستن،. ئەمەش مەرجێکی گرنگە.
بە لەبەرچاوگرتنی هەموو ئەم فاکتەرانە، بۆ حیزبێکی سیاسی چەپ و کۆمۆنیستی کە خەباتی بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانە لە کوردستان و لە هەموو ئێراندا و ئەمڕۆش شۆڕشێکی هەمەلایەنەی دیکەی وەک شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی داناوە هێز چەکداری و کەمپەکە دەتوانێت پەیوەندی و ڕۆڵێکی ئەرێنی هەبێت. به ڵام ئه و هێزانه ی له ناوچه که دا ده مێننه وه یان ناوچه گەری و که مپ بەڕیوەبردن و چه ک هەڵگرتنیان کردوەتە ته مه سه له ی ناسنامه ی بۆیان به ته واوی له چوارچێوه ی بزوتنه وه و نه ریتی ناسیۆنالیستیدان و هیچ په یوه ندییه کیان له گه ڵ نه ریته ڕادیکاڵ و کۆمۆنیسته کاندا نییه . لە شیکاری کۆتاییدا، ململانێ سەربازییەکان لە ڕێکخراوێکی وەک حیزبەکەی عەبدوڵڵا موهتەدیدا، بە دەرئەنجامی ئەو جۆرە سیاسەتانە هەژمار بکرێن.
٢٨ی جون٢٠٢٣، ٧ی تیر ١٤٠٢