
تانیا, تانیا تۆ له‌كوێیت؟… ئەدیب نادر
به‌ر له‌وه‌ی بمرێت گوتی: فایق..فایق, من وه‌كو سه‌گێك دوای خاوه‌نه‌كه‌ی بكه‌وێت, ملكه‌چانه چاره‌نووس جێ پێی خۆی پێ هه‌ڵگرتم. ویستم بیر بكه‌مه‌وه, به‌ڵام خه‌م و كه‌سه‌ر هاریكارم نه‌بوون. له په‌نجه‌ره‌كه‌وه بۆنێكی سه‌یر هورووژمی ده‌هێنایه ژووره‌وه و له‌گه‌ڵا دوا تیرێژه داهێزراو و سسته‌كانی ئه‌و عه‌سره دره‌نگه ئاوابوون شانازی به ئێواره‌یه‌كی زستانیی سپی ده‌به‌خشی, به ده‌نگێك كه هه‌ر خۆم گوێبیستی بووم وتم: خۆزگه مردن گه‌یشتن بوایه به ماڵی خهونهكان, ئه‌و خه‌ونانه‌ی…به‌هه‌رحاڵا, مادامه‌كێ دوورگه‌یه‌كه كه‌س لێی نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه و هه‌تاهه‌تایی تێیدا ده‌مێنینه‌وه, ده‌بێ خه‌ونی هه‌تاهه‌تایی بیڕازینێتهوه..نه‌یسه, له ژێر باڵی تاریكییه لووتبهرزهكهدا ڕاسپارده‌كه‌ی خۆی ڕاگه‌یاند, تابڵێی به ئاسته‌م گۆی پێده‌كرا, ده‌یه‌ویست به ده‌فته‌ری یاداشتهكانییهوه, به ده‌فته‌ری گوناهه كانییه‌وه, هه‌ر وه‌كو ئه‌و ناوزه‌دی ده‌كرد, به ده‌فته‌ری هه‌ناسه سارد و ناكامهكانییهوه, كۆكه‌ره‌وه‌ی ئه‌و وشانه‌ی نیشتیمانێكی له‌كیس چوویان دهڕسكاندهوه, بۆ, بۆ هه‌تاهه‌تایه به‌ره‌و ئه‌و دوورگه‌یه به‌ڕێ بخرێت. وتی: دره‌نگ, زۆر دره‌نگ دركم به‌وه كرد كه له دانی دنیا ته‌نها و ته‌نها خودانی ئه‌و تۆزه یادوه‌رییه‌م, تازه چۆن بۆم مه‌یسه‌ر ده‌بێت قه‌ره‌بووی گوناهه‌كانی ئه‌و به هه‌ند وه‌رنه‌گرتنه‌ی ئه‌وسا بكه‌مه‌وه؟!
به‌ڵام به‌چی ده‌یتوانی لێیان پاقژ بێته‌وه؟
دره‌نگ, زۆر دره‌نگ زانیبووی, كه نه‌ده‌بوو ده‌ستبه‌رداری ئه‌و نیشتیمانه بێت, نه‌ده‌بوو به تاقوته‌نیا به‌دوای خۆدا جێی بهێڵێت, هیچ نه‌بێ له‌وه په‌شیمان بوو كه هه‌وڵی نه‌دابوو له‌گه‌ڵا خۆیدا په‌لكێشی بكات تاكو بیره‌وه‌رییه‌كانی نه‌وه‌ستن و ژیانیشی له‌وێدا نه‌پسێت!! چونكه ده‌فته‌ره‌كه‌ی له‌و خاڵه تۆخه به‌ولاوه پیتێكیشی تێدا به‌رچاو نه‌ده‌كه‌وت.
ئه‌و ڕۆژانه, توانای جموجووڵی كه‌م ببووه‌وه, به‌ڵام له گه‌ڕان نه‌كه‌وتبوو, به پێ: به‌رده‌م نه‌خۆشخانه‌ی جمهوری, تا نزیك پارێزگا, به لای به‌ڕێوبه‌رێتی ئاو و ئاوه‌ڕۆدا ڕۆیشتبوو, ئینجا لۆژ لۆژ گه‌ڕابووه‌وه جاده‌ی ئه‌تڵه‌س, به ئه‌حمه‌د ئاغادا چبووه قۆرییه, گه‌ڕابووه‌وه شه‌قامی جمهوری, به‌لای ئوتێلی سهمیرئهمیسدا گه‌یشتبووه سه‌ر كۆڕنیش, به پردهكهیشدا ئه‌وبه‌ری خاسه‌ی كردبووه ئامانج, لای ماڵه‌كه‌ی ئهوساتان, كه‌چی سه‌رپاكی گه‌شت و منهكردنهكانی چرووك ده‌رچبوون..
پێشتر قه‌تاوقه‌ت له‌وه تێنههزری بوو ڕۆژێك له به‌تانییه‌كه‌وه ده‌پێچرێت و..به‌ڵام كه دكتۆر دی جه‌ی پێی گوت: بیمارییهكهت كوشنده‌یه, ئه‌وپه‌ڕه‌كه‌ی هه‌ر دوو ساڵا هه‌ناسه‌ت دێت و ده‌چێ..جا بۆیه بارگه و بنه‌ی خۆی پێچایه‌وه و گه‌ڕایه‌وه تا له شاره ئه‌فسانه‌ییه دوورهدهستهكهی بچێته ناو سوباتی جاویدانه‌وه. نامه جوان پێچراو و قهدكراوهكانی من و ده‌فته‌ره‌كه و سیانزه نامه داهێزراوهكهی تۆیش كه هه‌ر به لێشاوی شینباوی ڕووبارێك ده‌چوون كه هه‌رگیز ڕه‌وتی خۆی لێ گومڕا نابێت و نازانم چی دیكه‌یشی خستبووه توێی جانتا سه‌رشانییه شین ئاماڵه “فیتنێس فێرست”له‌سه‌ر نووسراوه‌كه‌ی و ڕێی دووری گرتبووه‌به‌ر. ئه‌و ئێواره مه‌یله و خه‌مگین و مه‌لووله هه‌ستی خۆی ڕاگرت, له‌ناو سینه‌یدا, گوێی له زڕه و زایه‌ڵه‌ی وردوخاشبوونی شتێكی ناوازه كرد, ئازار چاوی تواندبووهوه, له مۆبایهڵهكهیدا به‌دوای ژماره‌كه‌ی نیهادی برایدا گه‌ڕا, چاوه‌كانی كه‌شه‌نگ و دڵیشی ملكه‌چی بێباریی ببوو, هیچی بۆ نه‌دركاند, هه‌ر پێی گوت: تاسه‌ی بینینی منداڵه‌كان ته‌نگیان پێ هه‌ڵچنیووم. ئه‌ویش بێده‌ربه‌ستانه گوتی: با ئۆتۆمبیله‌كه له ناوچه‌ی پیشه‌سازی بێنمه‌وه, سه‌ردانیت ده‌كه‌ین..هێنده‌ی دی دڵی گوشرا و دنیای لا ڕه‌ش تر بوو, ده‌نگی ناڕه‌زاییه‌ك له ناوه‌وه‌یدا خرۆشا و تا گه‌یشته ده‌ره‌وه وه‌كو دوا هه‌ناسه‌كانی ئاوزینگدهرێك كزكز هه‌ڵگه‌ڕا: چیم بۆت نه‌كرد؟! ئیدی ده‌ستبه‌جێ ڕه‌شمه‌ی گریانێكی به كوڵا به‌رهه‌ڵدا بوو..دوای قه‌ده‌رێك به‌سۆزه‌وه گوتی: كه‌ی دنیا وابوو؟! ئه‌گه‌ر بمزانیبایه بۆ چوونه ژێر گڵیش نه‌ده‌هاتمه‌وه ئێره!! به‌ڵام تازه چی؟
ئێواره‌یه‌كی تابڵێی نووته‌ك له چاوماندا خۆی داڵده‌دا, به بێ هێزییهكی ئیفلیج ئاساوه هه‌ستا, گڵۆپه‌كه‌ی دایسان و دیواره‌كه بوو به گۆچان و بۆ لای نوێنه‌كان بردی, له توێی دۆشه‌كێكی ئیسفه‌نجی ته‌نك هه‌ڵگه‌ڕاوی ژێری ژێره‌وه‌دا ده‌فته‌ره‌كه‌ی ده‌رهانی, بزه‌یه‌كی به گیانه‌ڵا لێوڕێژی له‌سه‌ر لێو وشك بوو, وه‌ك ئه‌وه‌ی گاڵته‌جاڕانه به خۆی بڵێت: ئێ خۆ پاره نییه, بۆچی ئاوها له توێی ئه‌و نوێنانه تهقهتت كردووه, جا كێ به ته‌نگ ده‌فته‌ره كۆنێكهوهیه كه شێ ته‌نگی پێ هه‌ڵچنیووه و بزڕكاندووێتی؟ ئه‌و سه‌ركۆنه‌یه ئازارێكی قامچی گه‌یێنی به ده‌روونیدا په‌رش وبڵاوكردهوه, هێواش هێواش به‌رگه‌كه‌ی ئاوه‌ڵا كرده‌وه و كه‌وته وره‌ور, وه‌ك بڵێی دووباره له‌و پێوه‌ندییه كورتخایهنهدا ئاماده‌بێته‌وه, كه‌وته هه‌ناسه‌دانێكی ئاسایی و جۆشێكی ساخته‌ی تێگه‌ڕا, وه‌ك ئه‌وه‌ی جارێكی كه تووڕههڵدرابێته ئه‌و سه‌روبه‌نده‌ی ئه‌وسا..
به‌ر له‌وه‌یش به نشێوی سهرهاتهكان شۆڕم بكاته خواره‌وه, بوو به خانه‌خوێی گریان. سه‌یر نه‌بوو, چونكه ده‌مێك بوو ده‌مزانی ئه‌وانه‌ی كه نزیكبوونه‌وه‌ی مه‌رگی خۆیانیان لا ئاشكرایه, زوو زوو ده‌سته‌ویه‌خه‌ی گریان ده‌بنه‌وه, ته‌نانه‌ت تا ده‌مرن به بارته‌قای هه‌موو ته‌مه‌نیان فرمێسك شاباش ده‌كه‌ن..ئیتر باسی ئه‌و ڕۆژه‌ی كرد كه له پێچه‌كه‌ی دادگای گه‌وره‌ی شار و سینه‌ما عهلهمێنی خوالێخۆشبوودا بینیتی, به‌و كووچهیهی كه نانی جۆ و ترشیات و گیراوه‌ی فه‌لافل و شتی تریش ده‌فرۆشن وه‌ك تارمایی ونبوویت, مه‌راقی دۆزینه‌وه‌ت سه‌رله‌نوێ خرۆشاندی, تینوێتییهك لێوه‌كانی كرد به سنووری زراوێكی وشك هه‌ڵگه‌ڕاو, به‌ڵام تێهه‌ڵچووه‌وه و گوتی: ده‌تگۆ دێوه‌زمه‌یه‌ك مۆخی ناو ئێسكه‌كانیان هه‌ڵمژیم و جووڵانه‌وه‌ی ئه‌و هه‌موو ساڵه‌ی له‌یاد بردمه‌وه, كه‌سیره بووم, وه‌ك ئه‌وه‌ی ته‌نێك یان شتێكی كڕهك بم, نهكارام یه‌ك مللیمه‌تر چییه ببزوێم..بیرم كرده‌وه, كه‌واته ئه‌و هه‌موو ژنه‌یش كه كه‌وتنه نشێوی ژیانمه‌وه پێیان نه‌كرا كاڵی بكه‌نه‌وه, ئه‌مه ئه‌گه‌رچی چركه‌ساتێك درێژه‌ی كێشا, كه‌چی به‌قه‌ده‌ر ئه‌به‌د بێكۆتا بوو, ئای! ئه‌و شته بێكۆتایانه له ژیانی مرۆڤدا چه‌ند كه‌من! ئیتر هاتمه‌وه سه‌رخۆ و به هه‌ڵه‌داوان به هه‌موو ئاقارهكاندا كه‌وتمه چاوگێڕان, به یه‌كه به یه‌كه‌ی دوكانه‌كاندا سه‌رم برده ژووره‌وه, لێ هوودهیهكم ده‌سته‌به‌ر نه‌كرد..ده‌ستێكی نیگه‌رانی به جڵدی ده‌فته‌ره ماندووهكهدا هێنا, وه‌ك ئه‌وه‌ی ده‌ست به‌سه‌ر گژوگیایه‌كی نهرمونۆڵدا بێنێت, هه‌ستی كرد ده‌فته‌ره‌كه‌ی ئه‌و به‌هاره‌یه كه به درێژایی ئه‌و ساڵانه‌ی ده‌ربه‌ده‌ری و تاراوگه‌نشینی ئاره‌زووی كردووه له تانوپۆی ژیانیدا ده‌ربكه‌وێت و هه‌رگیزیش ده‌رنه‌كه‌وتووه.
ئه‌و شه‌وه كه بینیم, شانه‌كانی لارلار ببوونه‌وه, ده‌تگۆ تابووتی خۆشه‌ویستێكیان هه‌ڵگرتووه, كاتێكی زۆر گوزه‌را به‌ر له‌وه‌ی بڵێت: من بێهووده به‌و كۆڵان و شوێنانه‌دا ده‌گه‌ڕێم كه پشتم تێ‌یان كرد و هه‌موو شتێكیش هه‌ر ئه‌و كاته له‌بارچوو! چۆن نه‌مزانی؟ كه من لێره ڕۆیشتم ئیتر هه‌موو شتێكم مرد, ته‌نها و ته‌نها حه‌سره‌ته حه‌وت ڕۆحهكانم نه‌بن..چۆن دركم به‌وه نه‌كرد كه بڕیاری وا به‌رده‌وامیی به گه‌مه‌كانی سه‌رنوێشت ده‌به‌خشێت, چۆن؟
زۆری نه‌خایاند تێفكرینی زۆر چڕ‌وپڕ بووه‌وه, سه‌رزه‌نشت بوو به دڕنده‌یه‌كی برسی و چاوی لێ زه‌ق كرده‌وه. ئاخۆ چۆن ژیان و ئه‌و په‌نجا و سێ ساڵه‌ی ته‌مه‌نه بابردهڵهكهی له‌و یاده‌وه‌رییه بێده‌نگانه‌ی سه‌ر لاپه‌ڕه‌ی ده‌فته‌ره شه‌كه‌ته‌كه‌ی بنه و بارگه‌یان خستبوو؟ ئه‌و چه‌ند مانگه ئاوێته به ترس و له‌رز و چێژ و خۆشی خۆدزینه‌وه له كامێرای پیسی ئیره‌یی كاره‌كان و ژاوه و پڕاوپڕ له ژیانه و سه‌رده‌رهێنانی ئاژوهری ئۆتۆمبیله‌كان و فیكه كێشان و هۆڕن لێدانیان هه‌ر ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دوو ده‌ستی شه‌رمن چبوونه كلیله, دوو ڕه‌وه په‌نجه نه‌خته یارایهكیان تێگه‌ڕابوو ڕه‌شبه‌ڵه‌ك بگرن..له هه‌موو شتێك شێلگیر تر بوو! چما قه‌تاوقه‌ت ئه‌وه‌ی له‌یاد نه‌په‌نی ده‌بوو كه چۆن شوفێرێك وتبووی: كچێ ئه‌و كۆسه‌یه چییه تۆ به‌گه‌ڵی كه‌وتووی, وه‌ره به شه‌رت له به‌رزترین ترۆپكه‌وه دنیا ببینه..ئه‌وه ئاوڕێك بوو له ژیانی خۆی دایه‌وه و هه‌ر ته‌نها ئه‌و چه‌ند مانگه له‌ناو پانتایی یادیدا قورساییان بۆ گه‌ڕایه‌وه, له‌ناو ڕابردوویه‌كی به كوێره‌وه‌ری و جه‌نگ و سه‌ربازییه‌كی ڕۆحكێش قانگدراو, به‌ڵێ! ئه‌و چه‌ند مانگه بێهاوتایهیان ته‌فروتونا كرد و ته‌نانه‌ت نه‌یانهێشت توانای بیرلێكردنه‌وه‌یشی بمێنێت..ئه‌وه‌تانێ كه ده‌چێته‌وه ناو مه‌زرای یادوه‌رییه‌كانی له‌پشت خۆیه‌وه زیوانی سیی ساڵا ئاواره‌یی و سه‌رگه‌ردانی و تاڵاو چه‌شتن ده‌دوورێته‌وه, نازانێت هۆی ژن نه‌هێنانی بۆچی بگێڕێته‌وه, ئه‌ی هاوسهرنهگیرییهكهی تۆ, له‌به‌رده‌م ئه‌ویشدا دۆشداماوه! ده‌یه‌وێ به ڕسته‌یه‌كی ساده خۆی قایل بكات, له‌و ڕستانه‌ی كه له فیلیمهكاندا ده‌رباره‌ی خۆشه‌ویستی ده‌وترێت و تا ئه‌وپه‌ڕیشی سوواون, كه‌چی..ناتوانێت.
ڕۆحی خه‌ریكبوو یاخی ده‌بوو. هه‌ستی كرد گریانێكی ڕانه‌گه‌یه‌نراو له ههوكیدا دێت و ده‌چێت, ته‌ماوی به هه‌نسك وتی: پێم وت وه‌ره با بڕۆین..ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵمدا بهاتبایه نه‌مانده‌هێشت قه‌ده‌ر له‌سه‌ر حسێبی ئێمه به‌رده‌وامیی به سته‌مه‌كانی خۆی بدات. ئیدی به چاوی لێڵه‌وه له‌و ده‌فته‌ره‌ی ڕوانی كه به كه‌شكۆڵی شاعیرانی سه‌ده‌ی نۆزده ده‌چوو, ده‌ستخه‌تی شپرزه‌ی خۆی شه‌یدایی ئه‌و كاتانه‌ی هێنایه‌وه یاد, به‌ر له هه‌ر شتێك سه‌یری بهروار و مێژووه‌كانی كرد, كه ئاماژه‌یان به دوا ساڵی په‌یمانگای…و سه‌ره‌تای به سهربازگرتنهكهی ده‌دا. كونه لووته‌كانی نه‌ختێك گوشاد بوونه‌وه, ده‌یه‌ویست بۆنی شتێكی سه‌یر و سه‌مه‌ره بكات, شتێك به هاڵاوی ئه‌و وشانه بچێت كه ئه‌شق به‌رزیان ده‌كاته‌وه, ئه‌وانه‌ی كه له‌به‌رده‌م ئه‌شقدا ئه‌ركه‌كانی خۆیان بیرده‌چێته‌وه و ده‌بنه بۆسۆیهكی خالیس و په‌تیی..به‌ڵام هیچ بۆن و به‌رامه‌یه‌كی جیاوازی ههڵنهلووشی, چونكه ساڵه دهعجاو و شێواوه‌كان ڕوخساری یادوه‌ری و شته‌كانی هه‌ناویشیان شهمزاندبوو, بۆیه به تاسووقه‌وه, به ئهڵهاوه كه‌وته ناو یاداشته‌كان, قه‌ت هێنده به سهنگو سووژ نه‌ببوو, ئاكام بۆی ده‌ركه‌وت ئه‌مانه هه‌مووی هینی تۆن, تۆ..ئیدی پڕ به ده‌م هاواری كرد: تانیا, تانیا تۆ له‌كوێیت؟
ئه‌و شه‌وه دره‌نگێ قۆڵی چه‌پی سڕییهكی نامۆ دایپۆشی, ده‌تگۆ به سكڵا دا‌غ ده‌كرێت, وێڕای ئه‌وه‌یش ئه‌و دوانیوه‌ڕۆیه‌ی به بیر هاته‌وه كه له سه‌ر پرده‌كه‌ی خه‌باته‌وه ده‌ڕۆیشتن پێی وتی: ئه‌مشه‌و به ڕاده‌یه‌ك دڵم توند و بێبار بوو, وه‌ك بڵێیت ئاگردانێكی له پۆڵوو تژی بێت, هێنده‌ی نه‌مابوو دان به شتێكی ناخانه بنێت, وه‌لێ ده‌ستبه‌جێ قسه‌یه‌كی باوكی له ئاوه‌زیدا زرینگایه‌وه, ده‌ستوبرد هه‌نسكه‌كانی په‌رده‌پۆش كرد, تۆ له ناخیدا هه‌ستت به ململانێیه‌ك كرد, به‌ڵام وه‌كو كۆسپێك به‌سه‌ریدا بازت دا. ئه‌وه‌ت بۆ گێڕایه‌وه كه چۆن له‌به‌ر داڵغه‌لێدان خاڵت سزای داوی و كۆمه‌ڵێ جلوبه‌رگی پێ ئوتوو كردوویت,كه قۆڵت هه‌ڵماڵی جێگای هه‌ڵقرچان و به ئوتووهوه چزانی پێوه دیار بوو, وتت: جارجار كه قووڵا به هێدمهدا ڕۆده‌چووم, زه‌فه‌ری پێده‌بردم, منیش له دنیاكه‌ی خۆمدا ده‌ستی تۆم گرتبوو به‌ره‌و فێنكاییه‌ك ده‌ڕۆیشتین. ئه‌وه دانپێدانانه‌كه‌ی تۆ بوو, به‌ڵام ئه‌و, ئه‌و درۆی له‌گه‌ڵا ترپه‌كانی خۆی و بهتڵهكانی ئه‌و چه‌ند شه‌وه‌ی پێشوودا كرد كه شایه‌دحاڵی ئه‌و شیفته بوونه ناوازه‌یه‌ی بوون, كه‌چی قسه‌كه‌ی باوكی بوو به به‌ربه‌ست, نه‌یشیزانی بۆچی متمانه‌ی به‌و گوزاره‌یه‌ی باوكی كرد كه زوو زوو ده‌یگوت: هه‌موو شتێكت بۆ ئافره‌ت مه‌دركێنه..تاڵییهكی كتوپڕ وه‌كو لیك زایه ناو ده‌می, خۆزگه‌یه‌كی دیكه‌ی خواست, وه‌لێ كارله‌كار ترازابوو, تازه نه‌یده‌توانی هیچ شتێكی ئه‌و تێپه‌ڕیووه بگۆڕێت..چونكه هه‌ستی كرد په‌یكه‌رێكی كۆنكریتییه و له قاڵبێكی وادا داڕێژراوه ئیتر هیچی له‌گه‌ڵدا ناكرێت. حه‌زی كرد ده‌مه‌ته‌قێیه‌ك له‌گه‌ڵا باوكی‌دا بكات, پێی وتم: فایق..فایق, سبه‌ینێ بمبه‌ره سه‌رقه‌بران. له‌وێ كه‌وته سه‌رزه‌نشت و ده‌رده‌دڵا, زێوانه‌كه له دووره‌وه ده‌ركه‌وت, چنگ له‌سه‌رشان به‌ره‌و ئێمه هات و یه‌كسه‌ر وتی: ده‌مێكه كه‌سم له‌سه‌ر ئه‌م گۆڕه نه‌دیتووه, باش بوو بینیتانم, ئه‌گینا, ته‌ماشا چۆن چۆنی تلیساوه‌ته‌وه, ئه‌و قه‌برانه‌ی كه له‌و حاڵوبارهدان سه‌رله‌نوێ هه‌ڵده‌درێنه‌وه و مردووی تازه‌یان تێدا ده‌نێژرێت, ئه‌گه‌ر ده‌تانه‌وێ وای لێ به‌سه‌ر نه‌یه‌ت نۆژه‌نی بكه‌نه‌وه, چونكه جێگای تر….ئه‌و قسانه زۆر گوێیان ناڕه‌حه‌ت نه‌كرد, چونكه سوور ده‌یزانی ڕۆح پاش ده‌رچوونی ئیدی هیچ په‌یوه‌ندییه‌ك به‌م دونیایه‌وه به‌رقه‌رار ناكات.
كه هاتینه‌وه, تا دره‌نگانێ هه‌ر لای بووم, دیسانه‌وه خۆی ڕاده‌ستی شه‌پۆله‌كانی ده‌ریا خه‌یاڵییه‌كه‌ی ئه‌و وشانه كرده‌وه كه ڕووپه‌له ڕه‌نگ میزاوی و داهێزراوهكانی یاداشتنامه‌كه‌ی كردبووه ئاسمانێكی پاییزی و كه‌وتبووه ژێر سێبه‌ری..به قورسیی لاپه‌ڕه‌كانی هه‌ڵده‌دایه‌وه, لاپه‌ڕه‌كان هه‌ر به چه‌رخی ئه‌و گالیسكه‌یه ده‌چوون كه به ڕێگایه‌كی تابڵێی دژوار و به‌رده‌ڵاندا ده‌گوزه‌را, چونكه لێوان‌لێو بوون له‌و شتانه‌ی ته‌نانه‌ت ترپهكانیشیان هێوور ده‌كرده‌وه, ههناسهكانیشیان ده‌خسته به‌رده‌م كۆسپی بێڕاده و وایان لێده‌كرد بگه‌ڕێته‌وه ساته‌وه‌ختی نووسینی ئه‌و وشانه, ئه‌و وشانه‌ی كه له یادی ئه‌ودا دووباره یه‌كیان ده‌گرته‌وه و ده‌بوون به دیمه‌ن, به كردار, به وێنه‌ی جووڵاوه و ده‌یان گێڕایه‌وه نێو ڕووبه‌ری ئه‌و ڕابردووه زیندووه‌ی له‌مێژ بوو جێی هێشتبوو. ئیتر گه‌یشته په‌ره‌گرافێك كه شوێنێكی مه‌حاڵی ئه‌وتۆ بوو هه‌موو شته‌كانی له وه‌ستان گرێدابوو, ئه‌وه دنیای په‌یگیری ئه‌وبوو, ده‌تگوت نه‌خشه‌كه‌ی له‌به‌ر ده‌ستیدا داڕێژراوه و قه‌ت لێڵا نه‌ده‌هاته به‌ر دیده‌ی..وه‌ك ترووكه ترووك, وه‌ك جووڵانه‌وه‌ی پێڵوو, وه‌ك, وه‌ك.. ئاشنایان بوو. شتێكیش نه‌بوو ئه‌و ده‌ره‌نجام, یان تێڕامانه‌ی ئاوه‌ژوو بكاته‌وه و وایلێبكات ئه‌و ئاسه‌وارانه‌ی پێیه‌كانی خۆی نه‌ناسێته‌وه..ئه‌گه‌ر وابا, ئه‌وا ده‌بوایه نكووڵیی له خۆی بكات, ئه‌گه‌ر وابا, ئه‌وا كه‌سێكی دی ده‌بوو , نه‌ك ئه‌وه‌ی كه هه‌میشه بووه.
چاوێكی دیكه‌ی به نێو پیته یهكانگیرهكاندا گێڕایه‌وه, هه‌ستی كرد ئه‌و وشانه‌ی به نووكی قه‌ڵه‌مێك نووسیووه خه‌نجه‌رئاسا ویستوویه‌تی دڵی مه‌حاڵی پێ ئه‌نجن به ئه‌نجن بكات, به‌ڵام..هه‌ستی كرد بووه به لمێكی بێ‌سنوور, به تینووێتییهكی له‌ڕاده‌به‌ده‌ره‌وه هاواری لێ هه‌ستا: فایق..فایق, یادت نه‌چێ به‌ر له…سێ جار به ته‌پپه‌ی مه‌لا عه‌بدوڵڵاو به‌ئاقاری ئه‌وبه‌ری خاسه‌دا گه‌شتم پێبكه..ئاخر ماڵی خوا هه‌میشه لێره بووه..بمبه‌ره ئه‌وێ, ئه‌وێ..تانیا , تانیا تۆ له‌كوێیت؟ تانیا من هه‌رگیز نه‌ژیاوم نا, نه‌ژیاوم..ئیدی گریانێكی شارراوه هاواره‌كه‌ی تاساند و به‌ر له‌وه‌یش خۆی ڕابگه‌یه‌نێت كه‌فێك ئه‌و وشانه‌ی سڕییه‌وه كه له‌سه‌ر كه‌ناری ئه‌و ژیانه‌دا نووسرابوون كه من به‌تانییه كه‌م به‌سه‌ریدادا.
ئۆكتۆبه‌ری 2013: له‌نده‌ن