Skip to Content

فڕینی پیدرۆ لەبێکۆتادا.. ن: ئەنریک ئەندرسن ئەمبێرت ئەنەلەیز و: یوسف عزەدین

فڕینی پیدرۆ لەبێکۆتادا.. ن: ئەنریک ئەندرسن ئەمبێرت ئەنەلەیز و: یوسف عزەدین

Closed
by نیسان 23, 2021 General, Literature

کورتە ئەنەلەیزێکی تێکستی فڕینی پیدرۆ لەبێکۆتادا

{نووسەر ئەوە دەنووسێت کەدەتوانێت و خوێنەریش ئەوە دەخوێنێتەوە کەدەیەوێت} بۆرخیس

ئەم تێکستە گێڕانەوەیەی نووسەری ئەرژەنتینی ئەنریک ئەندرسن ئەمبێرت، بەسەرهاتی ئەو پیاوەیە کەبا لەگەڵ خۆی بردی، تێکستێکە دەیەوێت قەناعەتت پێبکات کەهەر بەڕاستی کەسێک هەیەو ناوی پیدرۆیەو پاش تووش بوونی بەنەخۆشییەکی نەناسراو و دەستنیشاننەکراو لەڕووی زانستییەوە، هێدی هێدی کێشی بەرەو کەم بوون و دابەزین دەچێت و تا دواجار وەک پەڕی باڵندە یان باڵۆنێک با دەتوانێت بەرزیبکاتەوەو لەگەڵ خۆی بیبات!؟
دانەری ئەم تێکستە لەگەڵ شاراوەترین و کاریگەرترین خەونی دێرینی بنیادەماندا مامەڵە دەکات؛ ئەویش حەز و خولیای فڕینە.. توانیوویەتی ناوازەترین تێکستێکی ڕیالیزمی جادووییمان بۆ بخووڵقێنێت و لەفەزایەکی فراوان و بەرینی داهێنەرانەدا، فڕینی پیدرۆ بکاتە ڕووداوێکی نامەئلوف و سامناک!؟
دەکرا خودی نووسەر، ئەم بیرۆکە ناوازەوسەیرو سەمەرەیەی کەبەدابەزین وکەمبوونەوەی کێشی پیدرۆ دەست پێدەکات و دواجار دەبێتە هۆکاری بەرزبوونەوەو فڕینی؛ لەنووسینەوەی نۆڤڵێت و نۆڤێللا و ڕۆمانێکدا بەکاربهێنێت، بەڵام ئەنریک ئەندرسن ئەمبێرت وای نەکردووەو ئەگەر کەسێکیش بیەوێت ئەم بیرۆکەیە بدزێت و لەژانرێکی ئەدەبیدا تەوزیفی بکات، بەبێ ئاماژەدان و کەشفکرنی سەرچاوەی دزییەکەی، تەسەوردەکەم پێش هەر شتێک، بێ ئەدەبی و بێ ڕێزی بەرانبەر بەخوێنەرانی خۆی کردووە.. کەواتە هەرگیز نەیویستووە بۆ ئەو خوێنەرە نموونەییە بنووسێت کەئیمبێرتۆ ئیکۆ باسی لێوەکردووە!؟ یان تەسەووری نەکردووە، خوێنەرێکی زیرەک هەبێت و دزییەکەی کەشف بکات و ئیتر لێرەوە هەموو دیوارەکانی ئەو کۆشکەی ساڵانێکە بەدزینی ئەدەبیاتی جیهانی پێکەوەی ناوە، وەک پوولی دۆمینۆ یەک لەدوای یەک دەڕووخێت!؟
ئاشکراشە دزین جیایە لەکەوتنە ژێر کاریگەری، یان ئیلهام وەرگرتن لەنووسەرانی تر و یان زۆر شێوازی تری ڕێگەپێدراوی ئاشکرا، وەک تەوزیفکردنەوەی فیکرەیەک بەئاماژەکردن بەئەسڵ و فەسڵی سکچڕاڵە نێرێتیڤەکەی و دانەرەکەی.. وەک جەلالەددینی ڕۆمی دەفەرمووێت؛ هەرچییەک فێربووین بەهەڵەکانیشمانەوە، لەعەتارەوە فێربووین.. مەبەستی لەعاریف و شاعیر؛ عەتاری دانەری لۆژیکی باڵندەیە.
ئەنریک ئەندرسن ئەمبێرت، زۆر بەسادەیی و بێ گرێ و گۆڵ، بەخوڵقاندنی فانتازیایەکی تایبەت و تا ڕاددەیەک هاوشێوەی ئەو ئاڵوگۆڕەی بەسەر کەسایەتی گریگۆری سامسای کەسایەتی نۆڤێللای مەسخ- ی کافکادا دێت، ئاڵوگۆڕێکی تایبەت بەسەر پیدرۆی کەسایەتی سەرەکی کورتە نێرێتیڤی، فڕینی پیدرۆ لەبێکۆتادا دێت.. هەرچەند پیدرۆ وەک گریگۆری سامسا، نابێتە قالۆنچە؟! بەڵکو پیدرۆ هەر پیدرۆیە، لەشکڵ و شێوە بنیادەمییەکەی خۆیدایە و گەورەترین گرفتیشی دابەزینی بەردەوامی کێشیەتی، تا کار دەگاتە بەرزبوونەوەو فڕینی.. ئیتر بەناچاری پیدرۆ داوا لەژنەکەی دەکات:
{- هیبە.. بێزەحمەت لاقم بەدۆڵابی کتێبەکانەوە ببەستەرەوە.. تا پزیشکەکە دێت و چارەیەک بۆ ئەم دەردەی من دەبینێتەوە..
هیبە گوریسێکی قەوی و پەیژەیەکی هێنا، بەتوندی گوریسەکەی بەلاقییەوە گرێداو توند بەرەوخوار ڕایکێشا.. جەستەی لەبنمیچەکە جودا بۆوەو وەک باڵۆنێک بەنێو ژوورەکەدا فڕی و پاشان نیشتەوە}.
ئەو گەمەیەی ئەم نووسەرە ئەرژەنتینییە لەگەڵ خوێنەری دەکات، جیاوازە لەگەڵ زۆر شێوازی دیکەی نووسینی ئەدەبیات، کەکەم تا زۆر و لەزۆر کاتدا بەمەبەستی درێژکردنەوەی مەودای تێکست، کۆمەڵێک وەسفی بێ کەڵک و پەرەگرافی زیادەو دیالۆگی بەزیاد تێ ئاخنراو و هەندێک شتی تری تێکەڵ دەکرێت؛ تا هێندەی نووسەر مەبەستییەتی درێژ ببێتەوە.
لەم تێکستەو تێکستە نێرێتیڤەکانی تریشیدا، ئەنریک ئەندرسن ئەمبێرت لەپانتاییەکی زۆر بەرتەسک و لەمیانی کەمترین وشەو دەربڕیندا؛ فراوانترین و بەرینترین شێوازەکانی گێڕانەوە دەخووڵقێنێت، ئەمە جگە لەوەی لەم تێکستەدا، پیدرۆ تا ئەوپەڕی فڕین؛ لەبێکۆتادا دەفڕێت و کۆتایی تێکستەکەش دەبێتە سەرەتاو دەسپێکێکی تری گێڕانەوەکە و بەتەواویی خوێنەر ڕووبەڕووی چەندین پرسیاری دیکە دەکاتەوە!؟

ئەلبێرتۆ مانگوێل دەڵێت:
{ کاتێک کیبڵینگ بەگەنجی لەهیندستان، هەوەڵین نێرێتیڤەکانی خۆی نووسی، دەبا پەیوەست بایە بەو مەودایەی کەڕۆژنامەیەک بۆی دیاریدەکرد. بابڵێین ڕۆژنامەکە ڕێی داوە لەنووسینەکەیدا هەزار وشە تێپەڕنەکات؛ بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا سەرکەوتوو بوو لەنووسینی ئەو تێکستە ناوازانەدا، کاتێک پانتایی نووسین بەرتەسک کرایەوە، واتای ئەوە نییە ناتوانیت بنووسیت؟!}.
کەواتە هەرچەند درێژ دادڕی و زۆر بڵێی قەوارەیەکی بەرچاو لەدنیای ئەدەبیاتی گێڕانەوەدا داگیر دەکات، بەتایبەتیش لەئێستادا، بەڵام هەمیشە کەم تا زۆر کۆمەڵێک نووسەری زۆر باش لەدنیای ئەدەبیاتدا هەبوون، کەتوانیویانە لەمەودای کۆمەڵێک وشەو پەرەگرافی دیاریکراودا، فەزایەکی زۆر گەورەتر و کاریگەرتر لەفەزای زۆرێک لەڕۆمانە درێژەکان بخووڵقێنن! ئەنریک ئەندرسن ئەمبێرت، یەکێکە لەو گێڕەڕەوە دەگمەنانەی کەبەمەبەست و لەپێناو دروست کردنی شێوازێکی نوێی گێڕانەوەی ئەنتی؛ بەهەر درێژدادڕی و زۆر بڵێییەک، جۆرێک لەکورت و چڕ و پوختکردنەوەی هاوچەرخانەی لەدنیای گێڕانەوەدا دا‌هێناوە کەهەر لەسەرەتاوە هەڵتدەداتە دەریایەکی بێ کۆتا لەماناو دەلالەت و سیمبۆل و خوێندنەوەیەکی نوێی کەڵچەریانە، بۆ هەموو ئەوەی لەدنیادا دەگوزەرێ!؟
چەند سەیرە هێدی هێدی پیاوێک کێشی کەم بکات و دواجار بفڕێت!؟ چەند سەیرە پێویست بکات وەک باڵۆنێک بەپەتێک بەشوێنێکەوە شەتەکی بدەیت، یان بەدەستتەوە بیگریت و بترسیت لەوەی کەنابێت پەتەکەت لەدەست دەربچێت، چونکە بوونی ئەو پەتە لەدەستدا گرەنتی مانەوەی ئەو کەسەیە لای تۆ و لەنێو خانەوادەو کۆمەڵەکەیدا.
دەشێت خوێندنەوەیەکی سەرپێی تێکستی فڕینی پیدرۆ لەبێکۆتادا، بەتایبەت ئەگەر خوێنەرەکەی وریاو بەڵەد نەبێت لەدۆزینەوەی کۆدەکاندا، بەلاڕێدا بمانبات و نەزانین ئەم تێکستە چەند سامناکەو بگرە زۆر سامناکترە لەو بەیانییەی کەگریگۆری سامسای تێدا دەبێتە قالۆنچەو دواتر چۆن دەنگی دەگۆڕێت و چۆن چۆنی لەشەرماندا لەپشت کەلوپەلەکانی ژوورەکەیدا خۆی دەشارێتەوەو چۆن چۆنی وامان لێدەکات، وەک خۆی هەست بەنامۆبوون و ترازانە ئەنتۆلۆژی و کولتووری و ژیارییەکان بکەین.
پیدرۆ لەجوگرافیایەکی بەرفراوانتر بەبەراورد لەگەڵ پانتایی ژوورەکەی کەسایەتی سەرەکی نۆڤێللای مەسخ هەڵدەسووڕێت؟ بەڵام سامناکیی کێش سووک بوونی بەردەوامی و ترسی لەفڕین، بەجۆرێکە کەخوێنەر دەزانێت، فڕین لای ئەو کارەسات و نەگبەتی و بەربوونەوەو خزان و هەڵدێرانە بۆ نێو بۆشاییەکی بێکۆتا!؟
نووسەری ئەم تێکستە لەساڵی ١٩١٠دا هاتۆتە دنیاوەو لە ٢٠٠٠دا کۆچی دوایی کردووەو لەدنیای ئەدەبیاتی جیهانیدا نووسەرێکی بەنامێیەو تێکست و کتێبەکانی لەوانە کتێبی (میتۆدەکانی هەڵسەنگاندنی ئەدەبی)و (کورتە نێرێتیڤ / تیۆر و تەکنیک) وەرگێڕدراونەتە سەر زۆربەی زمانە زیندووەکانی دنیا.
لەزانکۆی هارڤاردی ئەمریکی ئوستادی ئەدەبیات بووەو لەساڵی ١٩٦٧دا بۆتە ئەندامی ئەکادیمیای ئەمریکی و لەساڵی ١٩٨٧یشدا بۆتە ئەندامی ئەنجومەنی ئەدەبیاتی ئەرژەنتین.


فڕینی پیدرۆ لەبێکۆتادا

دوو مانگە وەک خۆیەتی، تا ئەو پەڕی مەترسیداربوون دەردەدارە، پزیشکەکەی لەم حاڵەی بێزارە، چونکە هێشتاکە نەخۆشییەکەی پیدرۆ، جۆرێکی پەنهان و نەناسراوە؛ هەر بۆیە نەیتوانی چارەسەری بکات و چاکبوونەوەی نەخۆشەکەشی دایە دەست قەدەر و ئەویش وردە وردە، ئارامی دڵ و دەروون و ئەو سوکنایەتییەی کەلەدەستی دابوو، بەدەست هێنایەوە.. بەڵام زۆر لەڕو لاواز بوو بوو، ئەمەش هەموو شتێک بوو.. پاش چەند هەفتەیەک لەخۆ مەڵاس دانی لەنێو جێگەدا، بەتەواویی شیفای بۆ هات و چاک بۆوە.. هەوڵیدەدا بیر لەلەڕ و لاوازییەکەی نەکاتەوە، بەڵام کاتێک گەیشتە ئەوەی هەست بەکێشی خۆی نەکات، بەژنەکەی وت:

  • هەست دەکەم ڕندو تەندروستیم باشە.. بەڵام نازانم بۆ وا هەست دەکەم، ڕواڵەت و شێوەم هیچ پێوەندییەکی بەمنەوە نەبێت!! کێشم سووک و لۆژە لۆژ هەر دەڵێی خەریکە ڕۆحم جەستەم جێ بهێڵێت.
  • پیر بوویت (لەوەڵامدا ژنەکەی وتی).
  • لەئێستادا پێدەچێت وابێت.

لەسەرەخۆیی خۆی پاراست و لەپانتایی خانووەکەیدا لەجموجۆڵدا بەردەوام بوو.. خواردنی دایە مریشکان و ئالیکی لەبەردەم بەرازاندا ڕۆکرد، پاشان قەفەزی چۆلەکەکانی بەڕەنگێکی کەسک بۆیەکرد، دواتر دارو تەختەکەی بڕیەوەو بەعەرەبانەیەکی یەک چەرخەیی کەلەگەراجەکەوە هێنابووی گواستییەوە.
ڕۆژان دەڕواو جەستەی پیدرۆ تادێت سووکەڵەتر دەبێت.. شتێکی زۆر نامۆیە.. چاڵ و کلۆریی و بۆشاییەک لەناوەوەڕا، وایلێکردبوو هەست بەخاوبوونەوەیەکی بێزارکەر بکات.. ئەم خاوبوونەوەیەی بەباڵۆن و بڵقەهەوا دەچوو.
بەتوانستێکی باڵا؛ توانی باز هەڵبداتە سەر دیوارەکەو بەپەڕاندنی پێنج پلە، بەسەر پەیژەکەدا سەرکەوێت و بەخۆ هەڵدانێک سێوێکی لەبەرزایی درەختەکە کردەوە.
{- خاسبوونەوەت لەنەخۆشی، لەجاران زێدەتر دەچێتە پێش!!}

پیدرۆ زۆر ترسا، خێرایی جموجۆڵی؛ تووشی دڵەڕاوکێی کرد، چونکە بەلای ئەوەوە ئەو خێرایی جموجۆڵەی کەهەیبوو شتێکی ئاسایی نەبوو.. بەبێ ویستی خۆی لەسەر ئەم ڕیتمە بەردەوام بوو.. ڕۆژێکیان لەبازدانێکدا سەرکەوتوو بوو کەبەسەر پانتایی مەیدانی خانووەکەیانەوە، لەهەوادا بەهەڵواسراوی مایەوە.. ئەمە شتێکی نائاسایی بوو، بەڵام جێگەی سەرسامی نەبوو..
ئەو سەیرو سەمەرەیەی کەبەسەریدا هات، لەو بەیانییەدا بوو کەوەک هەر بەیانییەکی تر، ڕاهاتبوو بەوریایی و ئاگاییەوە هەنگاو بەرەو تەویلەی ئەسپەکان بنێت.. چونکە دەیزانی یەک پێداکێشانی بنەپێی بەعەرددا، بەس بوو بۆ ئەوەی هەڵبەزێتەوەو بەدرێژایی هۆڵی تەویلەی ئەسپەکان بەهەوادا بفڕێت.. هەر بۆیە قۆڵی لێهەڵکردو پاش ئەوەی خۆی دایە پاڵ قەدی درەختەکە، دەستی دایە تەورەکەو لەناکاو خۆی بەفڕێدراوی دوور لەتەورەکە بینییەوە.. تەورەکە هەڵیخەڵەتاند.. هەستیکرد کەئیدی دەفڕێت.. تاوێک ڕاوەستا، تا بڕوانێتە جێگیربوونی تەورەکە؛ ئینجا هێندەی بەرزایی بنمیچەکە لەهەوادا بەرزبۆوە، وەک پەڕێک هەوای پانکە بەرزیکردبێتەوە، کەوتەفڕین و پاشان بەهێوری گەڕایەوەو جارێکی تر لەشوێنجێگەیەکی سەر عەردە ڕەق و تەقەکە ئۆقرەیگرت. بەدەنەی کەوتەلەرزین و کاتێک باوەشی بەقەدی درەختەکەدا کردبوو، ڕەنگی مردووان لەڕووکاری نیشت.
خێرا ژنەکەی گەیشتە لای..

  • هیبە، هەڵگەڕامەوەو بەرەو ئاسمان فڕیم!
  • قسەی پڕوپووچ! هیچ بنیادەمێک نییە بەرەو ئاسمان هەڵگەڕێتەوە.. چیت لێ بەسەرهاتووە!؟

پیدرۆ دەستیکرد بەباس و خواسی ئەوەی بەسەریدا هاتبوو، تا قەناعەتی پێبهێنێت.. بەڵام ژنەکەی باوەڕی بەڕوودانی ئەو موعجیزەیە نەکردو سەرکۆنەی کردو وتی:

  • ئەمەت بۆیە بەسەردا هات، چونکە هەمیشە بیر لەوە دەکەیتەوە ببیتە یاریزانێکی سێرک.. چاوەڕێی ئەمەم لێدەکردیت.. ئەزیزەکەم یەک بازی لەم جۆرە، ڕۆژێک لەڕۆژان ملت دەشکێنێت.
  • نا.. نا.. (پیدرۆ جەختی کردەوە).. من ئێستا لێرەوە دەخزام و ئاسمان لەلای من وەک هەڵدێرێکی لێهاتبوو!!

پیدرۆ دەستی لەنێو قەدی ئەو درەختە بەردا کەخۆی پێ ڕاگیرکردبوو، باوەشی کرد بەژنەکەیداو لەڕێگەی بەرەو ماڵەوەیاندا، کردییە کۆڵەکەی خۆڕاگیرکردنی.

  • مێردە خۆشەویستەکەم (هیبە وتی).

لەکاتێکدا باوەشی بەجەستەیدا کردبوو، وەک ئەوەی حەیوانێکی بچووک بێت، ئاوا دەیگوشی.. خوازیار بوو، بەرەو مێرگەکە هەڵبێت و لەوێندەر خۆی حەشار بدات.

  • پیاوەکە، تۆ منیش لەگەڵ خۆتدا ڕادەکێشیت.. ئەوەتا بەمەبەستی هەڵفڕین، هەڵدەبەزیتەوە!!
  • دەبینیت، چەند ترسناکە لەمەوداکانی بینین بترازێیت! هیبە تەنها یەک جووڵەی ساناو سەفەری ئاسمان دەست پێدەکات.

دەمەو عەسر، پیدرۆ بەهێمنی دانیشتبوو، گاڵتەوگەپەکانی ڕۆژنامەیەکی دەخوێندەوە، لەناکاو لەناخەوە توند پێکەنی.. ئەم پێکەنینە ڕۆچووە نێو هەناوییەوەو پاشان وەک بڵقێک، بەچەشنی خستنەکاری بزووێنەری مەکینەیەک، لەهەڵکشانی بەرەو سەریدا تەقەی لێهەڵسا.. خۆشنوودیی و شادییەکەی، بەفڕینی؛ بووە ترس و هاوارکردن.
هیبە بەخێرایی فریای کەوت و توانی لایەکی پانتۆڵەکەی بگرێت و بەرەو زەمین ڕایکێشێت.
ئیدی هیچ گومانێکی نەما.. گیرفانەکانی پڕ لەبارستەقورسایی؛ بزماری گەورەو وردە ئاسن و قوڕقوشم و بەرد کرد.
بەهەرحاڵ، ئەم سەنگ و قورساییانە، کێشێکی زۆریان بۆ جەستەی زیادکرد.. خواروخێچ بەپلیکانەکاندا بەرەو ژوورەکەی ڕێیکرد.
بەناڕەحەتی توانی جلەکانی لەبەر خۆی دابکەنێت.. ژنەکەی گیرفانەکانی لەسەنگ و قورسایی خاڵیکردەوە.. پیدرۆ لەسەر جێگەکەی ڕاکشا، بەڵام چۆن ئەم دیوو ئەو دیو بکات لەپێخەفەکەیدا!؟ لەکاتێکدا دەستی بەکۆڵەکەی سیسەمەکەوە گرتبوو، بەژنەکەی وت:

  • هیبە.. دەبێت بەجێگیری بمێنمەوە، ناماقووڵە بەنووساوی بەبنمیچی ژوورەکەوە بخەوم.. سبەینێ بەیانی بانگهێشتی پزیشکەکە بکە، تا بزانێ چیمە؟! تا سەقامگیرو جێگیر بم؛ هیچم لێ بەسەرنایەت.. بەڵام کەمترین جووڵەو لەرزین دەمخاتە فڕین.
  • حەز دەکەیت کەمێک بەرەوسەر بەرزت بکەمەوە؟
  • نا سپاس ئاوا باشە.
  • هیوادارم شەوێکی شاد بەڕێبکەن.
  • هیبە گڵۆپەکە بکوژێنەرەوە.

بەیانی کاتێک هیبە چاوی کردەوە، پیدرۆی بەنووساوی بەبنمیچەکەوە بینی، وەک باڵۆن یان زارۆکێک بەباوەش هەڵگیرابێت خەفتبوو!!

  • پیدرۆ (هاواریکرد) لەبنمیچەکە وەرەخوارێ.

پیدرۆ بەترس و تۆقینەوە وەخەبەرهات.. گشت بەشەکانی جەستەی دەئێشان.. پێش ئەوەی بخەوێت، ماوەیەکی زۆر لەژێر پەتۆکەدا ئەملاو ئەولایکردبوو.. ویستبووی خۆی ئاوەژوو بکاتەوە.. هەوڵیدابوو بەرەوسەر خۆی هەڵبدات، بەڵکو بکەوێتە خوارەوە، بەڵام پەتۆکەی سەری بەرەو خوارەوە ڕایکێشابوو.

  • هیبە.. بێزەحمەت لاقم بەدۆڵابی کتێبەکانەوە ببەستەرەوە.. تا پزیشکەکە دێت و چارەیەک بۆ ئەم دەردەی من دەبینێتەوە.

هیبە گوریسێکی قەوی و پەیژەیەکی هێنا، بەتوندی گوریسەکەی بەلاقییەوە گرێداو توند بەرەوخوار ڕایکێشا.. جەستەی لەبنمیچەکە جودا بۆوەو وەک باڵۆنێک بەنێو ژوورەکەدا فڕی و پاشان نیشتەوە.
دەرکەی ژوورەکە کراوەبوو، تەوژمێکی هەوا جەستە سووکەڵەکەی پیدرۆی گسک داو وەک پەڕێک بەرەو پەنجەرەکە بەرزیکردەوە؛ هەموو ئەمە بەخێراییەکی سەرسامکەر ڕوویدا..
کاتێک گوریسەکە لەنێو دەستی خلیسکا، هیبە قیژاندی.. دەیبینی چۆن مێردەکەی بەپەنجەرەکەدا چووە دەرێ و لۆژە لۆژ وەک باڵۆنێکی ڕەنگاوڕەنگ، بەئاسمانی ئەو بەیانییەدا، توندو خێرا بەرەو سەر بەرزبۆوە.. دوورکەوتەوە تا بووە خاڵێک و پاشان لەبەر چاوان بزر بوو.

ژێدەر
1- سەرچاوەی وەرگێڕانەکەمان https://www.almothaqaf.com/index.php?option=com_content&view=article&id=62942&catid=162&Itemid=305
2- سەرچاوەی نێرێتیڤەکە بەزمانی زگماکی نووسەرەکەیhttps://ciudadseva.com/texto/el-leve-pedro/

ئەنریک ئەندرسن ئەمبێرت ئەنەلەیز


Previous
Next
Kurdish