Skip to Content

پاپا لە عێراق، پەیامێکی سیاسی بۆ ناوچەکە!.. کامل احمد

پاپا لە عێراق، پەیامێکی سیاسی بۆ ناوچەکە!.. کامل احمد

Closed
by ئازار 7, 2021 General



سەردانی چەند ڕۆژەی پاپای ڤاتیکان، پاپا فرانسیس، بۆ عێراق و کوردستان دەکرێت لێکدانەوە و شرۆڤەی جۆراوجۆری بۆ بکرێت کە مەبەستی من لێرەدا ئەوە نیە کە ئەوانە بدەمە بەر لێکۆڵینەوە، بەڵکو تەنها ئامانجە سیاسی یەکانی پشتی ئەم سەردانە لە چەند خاڵێکی کورتدا دەخەمە ڕوو.
پاپا و سیستانی و هەر فیگورێکی کەی دینی، سەر بە هەر دین و تائیفە و مەزهەبێک بن، لە جیهانی ئەمڕۆی سەرمایەداریدا تەنها و تەنها بریتین لە نوێنەرانی پاراستنی قازانجەکانی نیزامی سەرمایەداری و وەبەرهێنانەوەی ئەو نامۆییەی کە مرۆڤەکان لە یەکتری دوور دەخاتەوە و وەک تاکی بێ ئێرادە بەرامبەر خوداوەند ڕایاندەگرێت تا نەتوانن لە هێزی یەکگرتووی خۆیان هەم تێبگەن و هەم بەهرەمەندبن بۆ کۆتاییهێنان بە ژیانی مەینەتباری ئەمڕۆیان. ئەمە ئەو ئەرکە سەرەکییەیە کە دین دەیگێڕێت لە دوورخستنەوەی دەسەڵاتی بورژوازی لە دوژمنی ڕاستەقینە و چینایەتی خۆی، چینی پرۆلیتاریا. بۆیە هەر کات ئەمە پێویستی بە تەبایی بوو، ئەوا بە تەبایی دەیکەن و هەرکاتیش پێویستی بە جەنگی خوێنین بوو ئەوە مرۆڤەکان بەردەدەنە گیانی یەکتری و تا ئاستی پاکتاوی ئایین و مەکتەب و مەزاهیبە جیاوازە دینیەکان دەیبەن. مێژوو شاهیدی ئەم ڕاستییەیە.
پەیامێکی تری ئەم سەردانە پاڵپشتیکردنی پرۆسەی ئاشتەوایی و ئاسایکیردنەوەی پەیوەندیییەکانی ئیسرائیلە لەگەڵ ووڵاتانی ناوچەکەدا. پرۆسەیەک کە لەژێر ناوی پێغەمبەری هەرسێ ئایینە ئاسمانییەکەدا، ابراهیم، دەیانەوێت بیبەنە پێشەوە و ناوی ئەویان لێناوە بۆ ئەوەی نە شیش بسوتێ و نە کەباب. تا دوێنی بە ناکۆکی و ئەمڕۆ بە ئاشتەوایی و ئاساییکردنەوە، چونکە ئەمڕۆ پێویستیەکانی بازاڕ و بەرژەوەندیەکانی سەرمایە لە ناوچەکەدا پێویستی بەم جێگیریە سیاسی و ئابورییە هەیە بۆ ئەوەی بتوانێت گەشەبکات و خۆی بەرهەمبهێنێتەوە. پەیامی پاپاش لە سەردانیکردنی بۆ ئور و مەنزڵگای ابراهیم نیشاندانی ئەم پشتیوانییە یە. مەسەلەکە ئەوەیە ئەمریکا دەیەوێت لە چوارچێوەی ئاشتەوایی لەگەڵ ئیسرائیل دا ناوچەکە ڕێکبخاتەوە بە عێراق و سوریا و ئێرانیشەوە.
مەسەلەیەکی تری ئەم سەردانە مۆلەقەیی و ناجێگیریی باری سیاسی عێراق و ساغنەبوونەوە و یەکلایینەبوونەوەیەتی کە لە چ بەرەیەکدا سەقامگیردەبێت. لە لایەک ئەمریکا و خۆرئاوا دەیانەوێت پێگەی ئێران لە ناو عێراق دا لاوازبکەن و بە قازانجی خۆیان بیشکێننەوە. لە لایەکی تریشەوە ئێران لە هەوڵی ئەوەدایە کە ئەم پێگە بەهێزەی خۆی بهێڵێتەوە. مانەوەی پێگەی بەهێزی ئێرانیش واتە فراوانبوونەوە و جێبەجێبوونی پرۆژەی چینی کە بووەتە ترس و دڵەڕاوکێی خۆرئاوا. بۆ لێدان لەم پێگەیەی ئێران، پاپا سەردانی سیستانی دەکات و بە بەردێک دەیەوێت دوو چۆلەکە بپێکێت. لە لایەک دەیەوێت بڵێت ئێمە لەگەڵ هیچ پێکهاتەیەکی دینی کێشەمان نیە و لەلایەکی ترەوە دەیەوێت وا نیشانبدات کە مەرجەعیەتی شیعە سیستانی یە نەک ئێران بۆیە لەگەڵ ئەوپەیوەندیدەگرین. بە مانایەکی تر یانی پەراوێزخستنی ئێران وەک مەرجەعیەتێکی شیعی و ڕۆلی لە ناوچەکەدا. ئەمە شەڕێکی بەردەوامە لە نێوان زلهێزە جیهانیەکان و نوێنەرە ناوچەییەکانیاندا کە ئەوروپا دەیەوێت ڕۆڵێکی زیاتر ببینێت تیایدا وێڕای جەڕانی لە نێوان ئەمریکا و چین دا.
چونی پاپا بۆ کوردستانیش وێڕای ئەوەی کە لەڕووی تەشریفاتی یەوە شوێنێکی ئامنترە لە چاو سەرجەم شوێنەکانی تری عێراقدا و بۆ ئەو کارە گونجاوە، بوونی ژمارەی زیاتری مەسیحیەکان و نزیکایەتیەتی لە موسڵ و شارۆچکە مەسیحی نشینەکانی دەشتی نەینەواوە. هاوکات دەیەوێت پەیامێک بدات بە مەسیحیەکان کە بگەڕینەوە شوێنەکانی خۆیان و لەوێدا ژیانیان دەستپێبکەنەوە و موسڵ ئاوەدانبکەنەوە بە جێگای ئەوەی کۆچبکەن و ڕوو لە ووڵاتانی ئەوروپا بکەن. پەیامی کەمکردنەوەی مەسەلەی کۆچ و ڕووکردنە ئەوروپایە، کە ئەمە پەیامی ئەوروپایە و ڤاتیکانیش بەشیکە لێی. سەیریش لەوەدایە کە مەسعود بارزانی هیچ پۆستێکی نیە، بەڵام دەڵێی هەر سەرۆکی هەرێمە و پاپا و هەموو میوانەکان دەبینێت.
لە کۆتاییشدا دەتوانم بڵێم ئەم سەردانەی پاپاش لە چوارچێوەی هەمان ئەو کێشمەکێشانەدایە کە لە ئەمڕۆی جیهاندا لەسەر دووبارە دابەشبوونەوەی دەسەڵات و بەشکردنی کێکەکە لە لایەن زلهێزە جیهانیەکانەوە بەڕێوەدەچێت. هاوکات سەردانەکەشی لە چوارچێوەی سیاسەتی ئەمریکی و خۆرئاوادایە وەک لەسەرەتاوە باسمانکرد کە ئەویش ئاشتبوونەوەیە لەگەڵ ئیسرائیل دا لەژێر ناونیشانی تەبایی لە نێوانی دیانەتی ئیبراهیمی دا.

کامل احمد
07.03.2021
kamil.ahmed.f@gmail.com

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish