Skip to Content

کۆتاییهێنان بە ڕژێمی بۆرژوا ئیسلامی و قەومی لە عێڕاق، هەنگاوێکی بنەڕەتیە ڕووەو ڕزگاری ژنان

کۆتاییهێنان بە ڕژێمی بۆرژوا ئیسلامی و قەومی لە عێڕاق، هەنگاوێکی بنەڕەتیە ڕووەو ڕزگاری ژنان

Closed
by ئازار 7, 2021 General


لە کاتێکا لەمساڵدا پێشوازی لە ھەشتی مارس، ڕۆژی جیھانی خەباتی ژنان دەکەین، کە زیاتر لە ساڵێکە مرۆڤایەتی لەژێر باری پەتای کۆرۆنا و دەرھاویشتە ئابووری و کۆمەڵایەتیە کارەساتبارەکانیدا دەناڵێنێت.
ئەم پەتایە تا ئێستا بۆتە ھۆی گیان لەدەستدانی نزیکەی دوو ملیون و نیو ئینسان لە جیھاندا کە زۆربەیان لە چینی کرێکار و توێژە ھەژارکراوەکانن، وە قورسایی کارەساتە ئابووری و کۆمەڵایەتیەکانیشی کەوتوەتە سەر شانی ئەم چینە و بێبەشکراوان، بەتایبەتیش ژنانی کرێکار و زەحمەتکێش. هەروەها کەرەنتین و قەدەغەکردنی ھاتوچۆش بۆتە ھۆی زیاد بوونی توندوتیژی دژ بە ژنان و کچان و حاڵەتەکانی کوشتن و خۆکوژی لە تەواوی جیھان و لە نێویشیاندا لە عێراقدا.
ھەژدە ساڵە ژنان لە عێراقدا بارمتەن بەدەست جەنگی ئەمریکا و داگیرکاری و سیاسەت و ستراتیژە ئیمپریالیستیەکانیەوە، کە میلیتاریزەی شارەکان و وێرانکردنی بناغەی مەدەنی کۆمەڵگە و نەهێشتنی ئاسایش و توندوتیژکردنەوەی کێشمەکێشی ھێزە ناوچەیی و نێودەوڵەتیەکانیشی بەدوای خۆیدا هێناوە بۆ کۆنترۆڵکردنی ڕێڕەوی ڕوداوەکانی ووڵاتەکە و دامەزراندنی ئەم ڕژێمە تائیفی و قەومیەی کە لە ئارادایە.
زنجیرەی سەرکوت و کوشتار و فڕاندن و دەستگیرکردن و سووکایەتی کردن بە ژنان، ھەمیشە وەڵامی ڕەوتەکانی ئیسلامی سیاسی و حیزب و میلیشیا دەسەڵاتدارەکانی بووە بەرامبەر بە ھەر بەرگریەکی تاک وەیان بە کۆمەڵی ژنان بۆ بەھرەمەندبوونیان لە سەرەتایی ترین ماف و ئازادیەکی شەخسی وەک پیاوان. ئەم ھێزانە بەزەبری چەک و ترۆر پارێزگاری لە دەسەڵاتی مەرجەعە ئاینیەکان و ھێما و بەھا و دابونەریتە خێڵەکی و تائیفیە پیاوسالارە دژ بە ژنەکان دەکەن، وەک کۆڵەگەیەکی ستراتیژیانەی فەرمانڕەوایەتیان، ئەمە جگە لە ھەوڵدانی بەردەوامیان بۆ داڕشتنی یاسا تائیفی و مەزھەبیەکانی دژ بە ژنان.
داعش، هەرشوێنێک دەستی تاوانکارانەی پێڕاگەیشتتبێت هەڵساوە بەسڕینەوەی ئینسانیەتی ژن و خوڵقاندنی تڕاژیدیایەکی گەورەی ئینسانی لە شوێنەکانی ژێر دەسەڵاتیدا. ھەزاران ژن و کچی یەزیدی و نا یەزیدی قەلاچۆکردوە و زۆرێکیشی کردوە بە کۆیلە و وەک کاڵا خستونیەتە بازاڕی کڕین و فرۆشەوە، وە لەلایەکی تریشەوە میلیشیاکانی ئیسلامی سیاسی شیعە هەڵساون بە سووکایەتی پێکردن و توندوتیژی نواندن دژ بە ژنان و کوشتوبڕی لەسەر بنەمای ناسنامە لە ڕێگەی شەڕی تائیفیەگەریەوە.
لە ھەرێمی کوردستانیشدا، حیزبە ئیسلامیەکان دوای زنجیرەیەک شەڕ و پێکدادان لەگەڵ هێزە قەومیە فەرمانڕەواکاندا، ئێستا ساڵانێکی دورودرێژە بوونەتە تەواوکەری ڕژێمی سیاسی بورژوا قەومی هەرێمەکە و بە بەردەوامی و بەئازادیەکی تەواوەویشەوە هەڵدەستن بە دژایەتی ژنان و خەباتی ڕزگاریخوازانەیان بە پشتیوانی بورژوا قەومی فەرمانڕەوا و ئەوانەش کە لە ئۆپۆزیسیۆندان، ئەمەش وەک ستڕاتیژێکی ڕژێمی هەرێمەکە لە ڕۆڵ دابەشکردنی نێوان خۆیاندا لە پێناو خنکاندنی خەباتی سۆشیالیستی کرێکاران و زەحمەتکێشان و ژنانی پڕۆلیتاریا و خەباتی ڕزگاریخوازانەیان لە کوردستاندا.
لەژێر سایەی گەشەکردنی سەرمایەداری لە عێراق و سیاسەتە ئابووریە نیولیبرالیەکانی دەوڵەتدا، ژنانی پرۆلیتاریا، بەتایبەت نەوەی گەنج و کچانی دەرچووی خوێندنگە و پەیمانگە و زانکۆکان، بەدەست بێکاریەکی لەڕادەبەدەر و کولەمەرگی ئابووری و پەراوێزخراوی کۆمەڵایەتیەوە دەناڵێنن. خۆدزینەوەی دەوڵەت لە فەراھەمکردنی بیمەی کۆمەڵایەتی بۆ بێکارانی کچ و کوڕ و ھەژارکراوان و بەردەوامبوونیشی لەسەر سیاسەتەکانی داسەپاندنی سکهەڵگوشین و بەرتەسککردنەوەی خزمەتگوزاریە بنەڕەتیەکانی هاوڵاتیان و داڕووخاندنی کارەساتباری کەرتەکانی تەندروستی و خوێندنی گشتی، دابین نەکردنی خانووبەرە، ھەموو ئەمانە بەشێوەیەکی تڕاژیدیایی ڕەنگدانەوەیان هەبووە لەسەر دۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی ژنان، کە بونەتە هۆکاری ڕێگر لە ئازادبوونیان لە کاری سەختی ناوماڵ و لە کۆتوبەندی پشتبەستن بە خێزان و ئەو بازنە کۆمەڵایەتیە خنکێنەرەی کە دەوریداون لە پێناو دابینکردنی گوزەراندا.
بۆیە ڕازی بوون بە کاری تاقەت پڕوکێن و کاتی و بودەڵە لە بازاڕەکاندا، لە رێستورانت و ئوتێل و کارگە بچووکەکاندا یان لە ماڵان و لە کەرتی کشتوکاڵدا، وە بە کرێیەکی زۆر کەمەوە، بۆتە دۆخێکی ناچاری بۆ ژمارەیەکی فراوان لە ژنانی کرێکار و زەحمەتکێش و کچانی لاوی پرۆلیتاری. ئەمە جگە لەوەی کە بەشێک لە کچانی گەنجی توێژە پڵیشاوە و ھەژارکراوەکانی کۆمەڵگە دەکەونە داوی تۆڕەکانی بازرگانیکردن بەژنان و بەهرەبەرداری سێکسی و توندوتیژی و مادە ھۆشبەرەکانەوە.
ئەو زەمینە کۆمەڵایەتی و مێژووییەی کە وەستاوە لەپشت دەستپێشخەری شۆڕشگێڕانە و بەشداری چالاکانە لە ڕاپەڕینی ئۆکتوبەری ٢٠١٩ دا لەلایەن ژنانی کرێکار و کچانی گەنجی بێکار و دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکان، بریتیە لەو گۆڕانکاریانەی کە لەژێر سایەی ڕژێمی سەرمایەداری لە عێراقدا بەسەر دۆخی ژنانی کرێکاردا هاتووە کە بەشێکن لە تایبەتمەندیەکانی پێکھاتەی ناوخۆیی چینی کرێکاری ھاوچەرخ. ڕاپەڕین و بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانە سەرکەوتن بەدەست ناھێنێت بەبێ بەشداری چالاک و کاریگەری ئەم ھێزەی ژنانی پرۆلیتار و سەرکەوتنی خەباتە ڕزگاریخوازانەکەی و بەدەستھێنانی ئازادی و یەکسانی ژنان.
ڕزگاری ژنان لە عێراقدا، بەشێوەیەکی بابەتی بەستراوەتەوە بە ڕزگاری ژنانی کرێکار و زەحمەتکێش و ھەژارکراو و خەباتەکەیان دژ بە کولەمەرگی ئابووری و پەراوێزیی کۆمەڵایەتی و قێزەونیەکانی پیاوسالارانە کە لە کۆمەڵگەدا ڕووبەڕووی دەبنەوە، هەروەها ئەم ڕزگاریەی ژنان لە عێراقدا، بەشێوەیەکی بابەتیش بەستراوەتەوە بە ڕۆڵی ڕابەرانەی ژنانی کرێکار و زەحمەتکێش لە بەرەوپێشبردنی خەباتی ڕزگاریخوازانەی ژنان بەگشتی لەپێناو هێنانەدی ماف و ئازادی و یەکسانبوونیان لەگەڵ پیاواندا. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە پێویستە پەیوەندیەکی پتەو دابین بکرێت لەنێوان خەباتی ڕزگاریخوازانەی ژنان و خەباتی سۆشیالیستی چینی کرێکار و جەماوەری زەحمەتکێش لەسەرتاسەری عێراق و لە ناوچەکەدا.

ئەی جەماوەری ژنانی کرێکار و چەوساوە
ئەی جەماوەری کرێکاران، ئەی شۆڕشگێڕان و ئازادیخوازان
با ھەشتی مارس بکەینە ڕۆژی بەرزکردنەوەی ئاڵای خەباتی شۆڕشگێڕانەمان بۆ ڕزگاربوون لە ڕژێمی بۆرژوا ئیسلامی و قەومی فەرمانڕەوای قەیرانگرتوو کە گەورەترین ڕێگرە لەبەردەم هێنانەدی ئازادی و یەکسانی ژنان لە عێراقدا.
با ڕیزی خەباتی ئابووری و سیاسی ژنانی کرێکار و زەحمەتکێش و کچانی گەنجی شۆڕشگێڕ بەھێزکەین، با ئەم خەباتەیان ڕێکخراوکەین لەناو ئەو کۆڕوکۆمەڵ و تۆڕ و ڕێکخراوە سەربەخۆیانەدا کە بەرگریکارن لە بەرژەوەندی چینایەتیان و لە ئامانجی فێمێنیستی ئازادیخوازانەیان.
با ھەشتی مارس بکەینە ڕۆژی خەباتی یەکگرتووی ژنانی پرۆلیتاریای ئازادیخواز لەگەڵ خەباتی چینی کرێکار و جەماوەری زەحمەتکێش و ڕێکخراوە سۆشیالیستەکانیان لەسەرتاسەری عێراق و لەئاست ناوچەکەدا.
با ھەشتی مارس بکەینە ڕۆژی یەکخستنی خەبات دژ بە سیاسەتە نیولیبرالیە ئابوریەکانی دەوڵەت و ھێرشە بەردەوامەکانی بۆسەر کرێکاران و زەحمەتکێشان و بێبەشکراوان و ژنانی پرۆلیتاریا، با بیکەینە ڕۆژی یەکخستنی خەبات بۆ داسەپاندنی داواکاریە ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسیە دەستبەجێکانیان.
ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی پیرۆزبایی ھەشتی مارس لە ژنانی عێراق و ژنانی تەواوی جیھان دەکات، پیرۆزبایی لە ژنانی کرێکار و چەوساوەی هەر وڵاتێک دەکات کە لە عێراقدا دەژین، وە پێداگرانەش خەبات دەکات لەپێناو هێنانەدی ئازادی و یەکسانی تەواوی ژنان.

بژی ھەشتی مارس
بژی ئازادی و یەکسانی ژنان
بژی سۆشیالیزم
ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق
٢٧/٢/٢٠٢١

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish