
ئالینگاری مه‌رگ له شیعری (من ده‌زانم ده‌كوژرێم) ی دڵشاد مه‌ریوانیدا.. سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی
مه‌رگ یه‌كێكه له‌و بابه‌تانه‌ی به شێوه‌یه‌كی هه‌میشه‌یی ڕه‌نگدانه‌وه‌ی له دنیابینی شاعیرانی ئێمه و گوتاری شیعره‌كانیاندا هه‌یه. یه‌كێكه له‌و تیمه شیعرییانه‌ی، له هه‌موو قۆناغه‌كانی شیعری كوردی و لای زۆربه‌ی شاعیران ده‌بینرێت و گوزارشتی لێكراوه. ئه‌و ئاماده‌یی و نزیكییه‌ی شاعیرانی ئێمه له مردن، په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه هه‌یه كه ئێمه وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌ك، هه‌میشه مه‌حكوم بووینه به مه‌رگ و مردن. هه‌ڵومه‌رجی مێژوویی و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی ئێمه وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌ك ، پڕ بووه له مه‌رگدۆستییه‌ت. ئه‌وه‌نده‌ی له ژێر سایه‌ی مردن ژیاوین، ژیان ئه‌وه‌نده باوه‌شی بۆ نه‌كردینه‌وه، مردن و ژیان ئه‌گه‌رچی هه‌میشه وێنایه‌كی جێگیر و چه‌سپاویان هه‌یه، كه ئه‌ویش ئه‌و ئاماژه ڕوحی و لاهوتیه‌یه كه هه‌یانه، وه‌لێ هه‌میشه مردن پرسیارێكی بێ وه‌ڵامه و ڕووبه‌ڕووی چاره‌نووسێكی نادیارمان له ده‌ره‌وه‌ی لێكدانه‌وه ئاینییه‌كان ده‌كاته‌وه. بۆیه ترس له مردن، ترسێكی سرووشتی و هه‌میشه‌یی و شاراوه‌یه و به ده‌گمه‌ن مرۆڤێك هه‌یه، ئاره‌زووێكی گه‌وره‌ی بۆ ژیان و هه‌ڵاتن له مردن نه‌بێت. له دنیابینی هه‌موو مرۆڤه‌كاندا، هه‌میشه ئاره‌زووێكی بێ كۆتایی بۆ ژیان و ژین هه‌یه. مرۆڤ هه‌میشه ده‌یه‌وێت ته‌مه‌نی نوحی هه‌بێت و ژیانی به هه‌موو ناخۆشی و سه‌ختییه‌كانه‌وه، له پێشتره له مه‌رگ. به ده‌گمه‌ن مرۆڤێك ده‌بینین، كه هیچ هیوایه‌كیشی بۆ ژیان نه‌مابێت، ئاره‌زووی ئه‌وه‌ی هه‌بێت بمرێت و ژیان جێبێڵێت. ئه‌م هه‌سته، ئه‌گه‌ر به‌شێكی بۆ مانا شاراوه‌كانی ئه‌و دیو چه‌مكی مه‌رگ و مردن بگه‌ڕێته‌وه، به‌و پێیه‌ی مرۆڤ نازانێت، دوای مردن چاره‌نووسی چی ده‌بێت، ئه‌وا دیوێكی تری په‌یوه‌ستبوونی مرۆڤ به ژیانه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت، كه ئه‌میش هه‌ر ده‌ره‌نجامی ئه‌و ترسه‌یه كه له مه‌رگ هه‌یه‌تی كه هه‌ر چۆنێك بێت، ئاره‌زووی ئه‌وه ده‌كات بژیت له‌وه‌ی بمرێت. به‌ڵام له شیعری (من ده‌زانم ده‌كوژرێم) ی دڵشاد مه‌ریوانیدا، ئه‌و هاوكێشه‌یه سه‌ره و ژوور ده‌بێته‌وه. له‌و ده‌قه‌دا، ئێمه وێنه‌ی مرۆڤێك ده‌بینین كه نه‌ك هه‌ر ژیانی به‌لاوه ئاسایی و مه‌زن و پیرۆز نییه، بگره بێ باكانه به‌ره و ڕووی مردن ده‌بێته‌وه و مردنی لا ده‌بێته ڕووداوێكی زۆر ئاسایی و ساده‌ی ژیان و به‌تاڵ ده‌بێته‌وه له‌و هه‌موو فۆبیایه‌ی هه‌یه‌تی. وێنه‌ی مرۆڤێك له‌و ده‌قه‌دا ئاماده‌یه كه ( ته‌حه‌دایه‌كی) گه‌وره‌ی مردن ده‌كات و جه‌خت له سه‌ر مردنی حه‌تمییانه‌ی پێش وه‌خته‌ی خۆی ده‌كاته‌وه. به‌مه‌ش، مردن ده‌بێته چاره‌نووسێكی دیار و بژارده‌یه‌ك كه له ده‌ستی مرۆڤ خۆی دابێت، نه‌ك ڕووداوێكی په‌نهان و بزر. به ده‌ربڕینێكی تر، ئه‌گه‌ر واده‌یه‌ك بۆ مردنی هه‌ر یه‌كێكمان هه‌بێت و له سه‌ره‌تاوه دیاریكرابێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی له ئایینی ئیسلامدا ده‌بینرێت، ئه‌وا مردنی شاعیر مردنێكه بژارده‌كه‌ی له ده‌ستی خۆی دایه و ده‌زانێت ده‌كوژرێت و ته‌رمه‌كه‌شی وه‌ها ده‌شێوێنرێت، كه كه‌س نایناسێته‌وه. شاعیر، مانفێستی مه‌رگی خۆی له ڕێی ده‌قه‌كه‌وه ڕاده‌گه‌یه‌نێت. من ده‌زانم، كه فرمانی ڕانه‌بردووی به‌رده‌وامی ڕاگه‌یاندنه، ئاماژه‌یه بۆ ڕووداوێكی پێشبینكراو كه ده‌م و ساتی دیار نییه، به‌ڵام ئه‌گه‌ری ڕوودانی سه‌د له سه‌د هه‌یه. شاعیر به شێوه‌یه‌ك جه‌خت له مردنی پێش وه‌خته‌ی خۆی ده‌كاته‌وه، كه هیچ دوودڵی و گومان و ترسێك هه‌ڵنه‌گرێت و له سه‌ره‌تاوه، خۆی ساز و ئاماده كردووه بۆ ئه‌و كوشتنه و مانفێستی ده‌كات. ئه‌مه‌ش جۆرێكه له یاخیبوونێكی گه‌وره، كه تیایدا شاعیر وه‌ك مرۆڤێك به ڕووی ئه‌ویتری نه‌یاردا ده‌رده‌كه‌وێت. یاخیبوونێك كه ئالیناگارییه‌كی گه‌وره‌ی مه‌رگ ده‌كات و مردن به‌تاڵ ده‌كاته‌وه له هه‌موو ئه‌و ترس و فۆبیایه‌ی هه‌یه‌تی. پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه، ئه‌وه چییه ئه‌و هه‌سته لای شاعیرێك دروست ده‌كات كه هیچ باكی به مردن نه‌بێت و ئاسایی بیبینێت؟ بۆچی ئه‌ویش وه‌ك هه‌موو مرۆڤێك، ژیانی پێ له پێشه‌وه‌ی مردن نییه؟ چی وا له مرۆڤێك ده‌كات مردنی خۆی به لاوه ڕووداوێكی زۆر ئاسایی بێت ؟ لێره‌دا له به‌رامبه‌ر مه‌رگدۆستی و ژیاندۆستیدا، بژارده‌ی دیكه نییه و هاوكات مرۆڤ ناتوانێت له یه‌ك كاتدا ژیاندۆست بێت، به‌ڵام ترسی له مردن نه‌بێت. مه‌ریوانی، هیچ ترسی له مه‌رگ نییه، بۆیه به ئاساییه‌وه چیڕۆكی مه‌رگی خۆی ده‌گێڕێته‌وه و وێنا ده‌كات، وه‌ك ئه‌وه‌ی دڵنیابێت له‌وه‌ی ئه‌مڕۆش نا به‌یانی، هه‌ر ده‌یكوژن. ڕه‌نگه ئه‌مه په‌یوه‌نده‌ی به‌و یاخیبوون و سڵنه‌كردنه‌وه‌ی شاعیر له فاشییه‌كانه‌وه هه‌بێت. چونكه جارێكییان (شیرینك) هاوسه‌ری له نووسینێكیدا، باسی ئه‌وه‌ی كردبوو كه دڵشاد زۆر (ئینتیحاریانه) ده‌ژیا. واتا باكی به مه‌رگ و ترسی له مه‌رگ نه‌بوو. بێگومان مرۆڤیش كه ترسی له مه‌رگ نه‌بوو، ئیدی مه‌رگی لا ده‌بێته ڕووداوێكی زۆر ئاسایی ناكاریگه‌ر و مردنی به لاوه زۆر ساده ده‌بێته‌وه، له‌و ڕه‌هه‌نده ترس هێنه‌ره‌ی كه هه‌یه‌تی. كه واتا مرۆڤ ناتوانێت ترسی له مردن نه‌بێت، ئه‌گه‌ر له سه‌ره‌تادا، ژیان ڕه‌ت نه‌كاته‌وه. مرۆڤ ئه‌و كاته به‌ره و مه‌رگ ده‌چێت, كه مه‌رگ وه‌ك بژارده‌یه‌كی جوانتر له ژیان ده‌بینێت و فه‌رزی ده‌كات به سه‌ر ژیان. به بڕوای من، مرۆڤ ناتوانێت له یه‌ك كاتدا، ژیانی خۆش‌بووێت و مه‌رگیش، به‌لایه‌وه ئاسایی بێت بمرێت و حه‌زیشی له ژیان بێت به‌ختیار عه‌لی له باره‌ی (شێركۆ بێكه‌س) ه‌وه ده‌نووسێت:*( مردن هه‌میشه به‌شێكی گرنگی جیهانبینی شێركۆ بووه، به‌ڵام شێركۆ له‌و شاعیرانه‌یه كه ده‌توانین به شاعیری ژیان ناوی به‌رین) به بڕوای من، پارادۆكسێكی گه‌وره له‌و ده‌ربڕینه‌دا هه‌یه، كه تیایدا وێنای مرۆڤێكمان بۆ ده‌كێشێت، كه له نێوان مه‌رگ و ژیاندایه و هه‌ردووكیشیان لای ئه‌و هاوشێوه و هاومان و هاوپیرۆزن، كه ئه‌مه نه‌گونجاوه. چونكه مرۆڤ ناتوانێت. مه‌رگ و ژیانی وه‌ك یه‌ك خۆش‌بووێت. ئه‌و كاته‌ی مه‌رگ ده‌بێته بژارده‌ی یه‌كه‌م و كۆتایی و چاره‌نووسێك كه خۆمان هه‌ڵیده‌بژێرین، ئه‌و كاتانه مه‌ودایه‌ك بۆ ژیانكردن نه‌ماوه‌ته‌وه. مرۆڤ ناتوانێت ترسی له مه‌رگ نه‌بێت، ئه‌گه‌ر له سه‌ره‌تادا ژیان لای خۆی نه‌سڕێته‌وه. ژیان نابێت ئه‌و هێزه‌ی هه‌بێت، جارێكی دیكه مرۆڤ له مه‌رگ په‌شیمان بكاته‌وه، به‌ڵكو ده‌بێ هه‌موو به‌هایه‌كی ژیان له ئاستی بوون و پێگه‌دا، به‌تاڵ بكاته‌وه ئه‌و كات ده‌توانێت ئازادانه، به‌ره‌و مه‌رگ بچێت. دڵشاد مه‌ریوانی، حه‌تمیه‌تی مه‌رگی خۆی، وه‌ك دوا بژارده‌ی ژیانی به‌یان ده‌كات، بۆیه هیچ ترسێكی له مه‌رگ نییه و دڵنیاییه ده‌كوژرێت، له سه‌ره‌تای شیعره‌كه‌یدا ده‌ڵێت:_
من ده‌زانم ده‌كوژرێم
من ده‌زانم ته‌رمه‌كه‌م له سارایه‌ك فڕێ ده‌درێ
بێگومان له نێوان مردن و كوشتندا، جیاوازی هه‌یه. له مردن‌دا بكه‌ر نادیاره، گه‌رچی به پێی ئایینی ئیسلامه‌وه بێت، ئه‌وا فریشته‌یه‌ك تایبه‌ت به كێشانی ڕوحی مرۆڤه‌كان هه‌یه و هاوكات خودا ته‌مه‌نی هه‌موو مرۆڤه‌كانی له ڕۆژی بوونیانه‌وه تاكو دواچركه‌ساتی ژیانیان، دیاریكردووه. بۆیه مردن كرده‌یه‌ك نییه مرۆڤ ده‌ستكاری بكات و واده‌ی هاتنی یا دواخستنی، به خواستی خۆی بگۆڕێت، كه كه‌ی واده‌ی مه‌رگی دێت. به‌ڵام له كرده‌ی كوشتندا، بكه‌ر دیاره، چونكه ده‌بێت ئه‌وی دی (بكوژ) بوونی هه‌بێت. به بێ بوونی بكوژێك، نه كرده‌ی كوشتن ئه‌نجام ده‌درێت، نه مه‌رگی كوژراوێكیش بوونی ده‌بێت. واتا كوشتن كرده‌یه‌كی سێ سه‌ره‌یه ( بكوژ/كوژراو/ مۆتیڤی كوشتنه‌كه) به بێ بوونی هه‌ریه‌كێكییان، كرده‌كه ئه‌نجام نادرێت. ده‌كرێ له‌م هێلكارییه ڕوونی بكه‌ینه‌وه:
كوژراوشاعیر.
بكوژ به‌عسییه‌كان.
مۆتیڤی كوشتن_ كاركردن به نهێنی و كوردایه‌تی.
من__ جێناوی یه‌كه‌می تاك.
ده‌كوژرێم__ فرمانی ڕانه‌بردووی به‌رده‌وامی ڕاگه‌یاندنه.
ئه‌مه وێرای ئه‌وه‌ی كه ده‌بێت، زه‌مینه و زه‌مه‌نی كرده‌كه‌ش بوونییان هه‌بێت، كه بگونجێت له‌گه‌ڵ كات و ساتی ڕووداوه‌كه. به پێچه‌وانه‌وه له مردن‌دا، ته‌نها بكه‌ری ڕوح كێشانه‌كه (ئیزرائیل) و مردووه‌كه بوونیان هه‌یه. بۆیه شاعیر له كوشتنی خۆی به ده‌ستی بكوژانی، دڵنیا بووه‌وه ئه‌مه‌ش له سۆنگه‌ی هه‌بوونی كارێكی نهێنی، یان كرده‌یه‌ك كه دواجار كاردانه‌وه لای بكوژ دروست بكات و ڕه‌وایه‌تییه‌ك، به كوژرانی بدات. بۆیه گه‌ر سه‌رنج له شیعره‌كه بده‌ین، ده‌بینین شاعیر چاره‌نووسی خۆی به (كوشتن) وێنا كردووه نه‌ك به (مردن)، كه وه‌ك وتمان جیاوازیان هه‌یه، چونكه كوشتن، ده‌شێ كاردانه‌وه‌ی بكوژ بێت، به تێگه‌یشتنی خۆی. بۆیه كه شاعیر دڵنییایه له‌وه‌ی ده‌كوژرێت، هه‌ڵبه‌ته پێشتر دڵنییاش بووه له‌وه‌ی ئه‌و كاره‌ی ده‌یكات، سه‌ره‌نجامه‌كه‌ی به مه‌رگی خۆی كۆتایی دێت. لێره‌دا، ڕووبه‌ڕووی ئه‌و پرسیاره ده‌بینه‌وه، كه شاعیر كاتێ دڵنییا بووه له‌وه‌ی هه‌ر ده‌كوژرێت، بۆچی له بری هه‌ڵاتن له‌و كوشتنه، به‌ره‌و پیری كوشتنه‌كه ده‌چێت؟ بۆچی ئه‌و كاره ده‌كات كه ڕه‌وایه‌تی به كوشتنی (هه‌ڵبه‌ته به تێگه‌یشتنی فاشییانه‌ی به‌عس) لای ئه‌وان ده‌دات؟ بێگومان ئه‌وانه‌ی هیچ ترسێكییان له مردن نییه و مردن وه‌ك ڕووداوێكی تۆقێنه‌ر نابینن، ئه‌وانه‌ن كه خۆیان بۆ مردن یه‌كلایی كردۆته‌وه. شاعیریش دڵنییایه له‌وه‌ی ده‌كوژرێت و كوشتنه‌كه‌شی له سۆنگه‌ی هه‌بوونی په‌یامێكی سیاسی و مرۆیی و نه‌ته‌وه‌یی و شۆڕشگێڕییه، كه دواجار باجی هه‌ڵگرتنی ئه‌و په‌یامه ته‌نها كوشتنه. به‌مه‌ش ڕاده‌ی پیرۆزیی و هاوكات بڕوای شاعیر به‌و په‌یامه‌ی خۆی ده‌رده‌خات، كه ئاماده‌یه سه‌ری له پێناودا دابنێت و هه‌رواشی كرد. دڵشاد مه‌ریوانی له‌و شیعره‌یه‌دا، چیڕۆكی كوشتنی خۆی باس ده‌كات و دوای ئه‌وه‌ی ده‌كوژرێت، چی به سه‌ر لاشه‌كه‌ی دێنن. هه‌ڵبه‌ته مرۆڤ كه مرد، ئیدی له ئاستی بووندا، ئاماژه‌یه‌كی زیندووبوونی نامێنێت تا بتوانێت وێنای دوای مردنی خۆی بكات، به‌ڵكو ئه‌وانیتر واقیعی دوای مه‌رگی ئه‌و ده‌بینن و ده‌گێڕنه‌وه، به‌ڵام شاعیر له‌و شیعره‌یدا، وێنای دوای كوشتنی خۆی ده‌كات. واتا مه‌رگی خۆی وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ به‌رده‌وامی ژیان ده‌بینێت. ده‌كرێ بڵێن شاعیر به دوو كاره‌كته‌ری جیا له‌و شیعره‌دا ده‌دوێت. یاخود دۆنایدۆنی ڕوحی ده‌كات. به پێی كرداری دۆنایدۆن كه زه‌رده‌شتییه‌كان و بوزییه‌كانیش باوه‌ڕیان پێیه، مرۆڤ كه مرد، ڕوحی به پێی كرده‌وه‌كانی ده‌چێته ڕوحی مرۆڤێكی دیكه. له‌م ده‌قه‌شدا، شاعیر له ئاستی جه‌سته و بوونی فیزیكیدا ده‌سڕدرێته‌وه، به‌ڵام له ئاستی ڕوحی و زمان و گێڕانه‌وه‌دا، هه‌ر زیندووه و مۆتیڤی پشت ئه‌و زیندووه‌تیه‌ش، دۆنانیدۆن بوونی ڕوحه‌كه‌یه. ئه‌گه‌ر له سه‌ره‌تای شیعره‌كه‌دا، كرده‌ی كوشتن هێشتا ئه‌نجام نه‌درابێت و شاعیر وه‌ك بگێڕه‌وه‌یه‌ك ساته‌كانی پێش ئه‌و كرده‌یه، بۆ ئێمه بگێڕێته‌وه، ئه‌وا له دواتر، كرده‌كه ئه‌نجام ده‌درێت و ئه‌مجاره‌یان وێنای شاعیر له دوای كوشتنییه‌وه ده‌بینین. به‌مه‌ش له‌به‌رده‌م دوو زه‌مه‌نی جیاداین. زه‌مه‌نێك ڕانه‌بردووه، كه شاعیر باس له كوژرانی خۆی ده‌كات، زه‌مه‌نێكیش، كرده‌ی دوای كوشتنه‌كه‌یه كه تیایدا لاشه‌كه‌ی فڕێدراوه. هه‌روه‌ك شاعیر ده‌ڵێت:_
هاوڕێیانم نامناسنه‌وه.
ده‌ڕواننه لاشه‌ی له سارا كه‌وتووم
له یه‌كتری ده‌پرسن بۆچی سه‌گی بێ خاوه‌ن به بێ خانه و سه‌گی برسی
له‌له‌شیان نه‌خواردووه؟ بۆ ده‌میان بۆ نه‌بردووه؟
لێره‌دا، كرده‌كه ئه‌نجام دراوه و زه‌مه‌نه‌كه له ڕانه‌بردووه‌وه بۆته ڕابردوو. لاشه‌ی شاعیر فڕێدراوه. سه‌گیش وه‌ك ئاژه‌ڵێكی گۆشت خۆر، له سه‌ر پاشماوه‌ی زبڵ و كه‌ڵاكی بۆگه‌ن ده‌خوات و برسیه‌تییی خۆی تێر ده‌كات، به‌ڵام شاعیر لێره‌دا وه‌ك مرۆڤێك، هه‌ڵگری وێنه‌یه‌كی ئه‌وه‌نده پیرۆز‌و گه‌وره‌یه، كه ته‌نانه‌ت دوای كه‌وتنی لاشه‌كه‌شی، سه‌گه‌كان نه‌یانویستووه له‌لاشه‌ی بخۆن. به‌ڵكو وه‌ك ته‌رمێكی پیرۆز، ته‌رمی مرۆڤێكی خاوه‌ن په‌یامێكی سیاسی و شۆڕشگێڕی گه‌وره و مرۆڤدۆست، له‌وێ ده‌مێنێته‌وه و هیچ سه‌گێك به‌لایه‌وه ناچێت. بێگومان شاعیر لێره‌دا، خوێنه‌ر له به‌رده‌م دوو وێنه‌ی شیعری په‌نهان و پڕمانای شیعری ڕاده‌گرێت. له وێنه‌ی یه‌كه‌مییان، مرۆڤگه‌لێك هه‌ن، ده‌ستییان ده‌چێته گیانی مرۆڤێك و ژیانی لێ ده‌سێنه‌وه و له سارایه‌ك فڕێی ده‌ده‌ن، له وێنه‌ی دووه‌میاندا، ئاژه‌ڵێك كه نه هۆش و بیر، نه هه‌ست و سۆزی هه‌یه، كه‌چی ئاستی مرۆڤدۆستی و ژیاندۆستی، له‌و مرۆڤانه زیاتر و به‌رزتره. سه‌گه‌كان، دڵیان نایه‌ت به مردووییش له ته‌رمی بێ گیانی مه‌ریوانی نزیك ببنه‌وه و قه‌پاڵی لێ بگرن، كه‌چی به ناو مرۆڤانێك به زیندووه‌تی ده‌ست بۆ ژیانی ده‌به‌ن و ده‌یكوژن. به‌مه‌ش شاعیر له نێوان سه‌گ و پیاوه فاشییه‌كانی به‌عسدا، وێنه‌یه‌كی باڵاتر به سه‌گ ده‌دات. وه‌ك ئه‌وه‌ی زۆر جار ئیدیۆمێك له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه هه‌یه كه ده‌ڵێت:( سه‌گ له مرۆڤ به وه‌فاتره) شاعیر مرۆڤبوونی ئه‌وان ده‌خاته ژێر پرسیاره‌وه و ناڕاسته‌وخۆ له شیعره‌كه‌یدا، ئه‌و به ناو مرۆڤانه به ئه‌وانیتر ده‌ناسێنێت. بۆیه له شیعره‌كه‌یدا ده‌ڵێت:
گه‌ر لاشه‌م جێ گه‌سته‌ی سه‌گ بوو
بزانن سه‌گی پۆلیسه
گه‌سته‌ی سه‌گی بۆرژووایانی نه‌گریسه.
لێره‌دا جیهانبینی شاعیرمان، وه‌ك مرۆڤێك كه بڕوای به خه‌باتی چینایه‌تی و دژی چینی بۆرژووایه بۆ ده‌رده‌كه‌وێت. شاعیر نوێنه‌ری ئه‌وانه، واتا چه‌وساوه و پاڵه و ڕه‌نجده‌ران، كه دروشمه سه‌ره‌كیییه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی ڕه‌نجده‌ران بوون، ده‌كات و بۆرژوواكانیش، وه‌ك نوێنه‌ری ڕژێمی سیاسی و فاشی به‌عس پیشان ده‌دات. به‌مه‌ش جه‌خت له‌و خه‌باته چینایه‌تی و شۆرشگێڕییه‌ی و مرۆڤدۆستییه‌ی خۆی ده‌كاته‌وه، كه وه‌ك په‌یامێكی سیاسی گه‌وره و پیرۆز، له سه‌ره‌تادا هه‌ڵیگرتووه و دواتریش له‌و ڕێگه‌یه‌دا ده‌كوژرێت. دوای كوژرانیشی، لاشه‌كه‌ی له به‌رده‌م ده‌می دوو جۆره سه‌گ دایه، كه یه‌كێكییان، سه‌گ وه‌ك ئاژه‌لێكی وه‌فادار و سرووشتی زینده‌ییانه‌ی خۆی نیشاندراوه، ئه‌وی تریان، سه‌گ وه‌ك مرۆڤێكی خوێن‌ڕێژ و داماڵدراو له هه‌موو جۆره به‌هایه‌كی مرۆیی وێنا كراوه. چونكه سه‌گه‌كان له كاتێكدا ئاوه‌زو هه‌ست و سۆز و تێگه‌یشتنییان نییه، كه‌چی هێشتا له ته‌رمی فڕێدراوی مرۆڤێك نزیك نابنه‌وه و نایشێوێنن. له به‌رامبه‌ردا، مرۆڤانێك هه‌ن، كه ناویان مرۆڤه و هه‌ست و سۆز و ئاوه‌زیان هه‌یه، كه‌چی ده‌ستیان ده‌چێته خوێنی مرۆڤێكی دیكه‌ی هاوشوناسیان و ده‌یشێوێنن. به‌مه‌ش شاعیر، ڕاده‌ی دڕنده‌یی و ماهیه‌تی سیاسی ڕاسته‌قینه‌ی ڕژێمی به‌عسی، وه‌ك ڕژێمێكی فاشی و دژه ئازادیخواز، وێنا كردووه.كه ماهییه‌تی مرۆڤدۆستانه‌یان، زۆر نزمتره له ڕاده‌ی سۆز‌و وه‌فای ئاژه‌ڵێك كه هێمای وه‌فاداریی و بیرهێنانه‌وه‌ی مرۆڤه. شاعیر دوای ئه‌وه‌ی ده‌مرێت و چیڕۆكی مردنه‌كه‌ی بۆ ئێمه ده‌گێڕێته‌وه، ده‌بینین له دوای مردنیشی، هه‌مان ئه‌و ڕوحه نه‌ترسه ویاخی و شۆرشگێڕییه به‌رده‌وامی هه‌یه و ده‌بێت، كه به‌رله مه‌رگی، وه‌ك په‌یامێك هه‌ڵیگرتووه و دوای مه‌رگشیش به‌رده‌وامی ده‌بێت، وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ به‌رده‌وامی خه‌بات و تێكۆشان لای ئه‌وانیتر. بۆیه له كۆتایی شیعره‌كه‌یدا ده‌ڵێت:
سه‌گی برسی
گاز له‌لاشه‌ی من ناگرن
هه‌ر ئه‌وه‌شه هێشتوومه‌تییه‌وه و دوژمنانم به‌رگه‌م ناگرن.
لێره‌دا، لاشه‌ی به جێماوی شاعیر دوای كه‌وتنی، ده‌بێته هێما و ئاماژه بۆ دوو په‌یامی سیاسی و نه‌ته‌وه‌ی. ممانه‌وه‌ی لاشه‌كه، به دیوێكی وه‌ك ئاماژه‌یه‌كه بۆ مانه‌وه‌ی به‌رگریی شاعیر و نه‌ترسانییه‌تی له مردن و ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وان، به دیوه‌كه‌ی تریش مانه‌وه‌ی ئه‌و لاشه‌یه، مانه‌وه‌ی په‌ڵه‌یه‌كی ڕه‌شه به ته‌وێڵی ڕژێمێكه‌وه، كه كوشتنی مرۆڤ و فڕێدانی ته‌رمه‌كانییان به كارێكی ئاسایی ده‌زانێت. له‌و ڕێگه‌یه‌شه‌وه دڵشاد مه‌ریوانی به هه‌موو جیهان ده‌ڵێت:_(ئه‌مه‌یه به‌عس و ئه‌و وڵاته‌ی تیایدا ده‌ژیم). دواجار ده‌ڵێم له ژیانی مرۆڤدا، هیچ شتێك هێنده‌ی مردن وه‌ك ڕووداوێك، مایه‌ی ترس و تێرامان، پرسیار و لێكدانه‌وه‌ی فه‌لسه‌فی و هزری نییه. بۆچی ده‌ژیم و بۆچی ده‌مرم، مردن و ئه‌زموونی ژیانكردن، هه‌میشه ئه‌و پرسیارانه‌ن، كه مرۆڤی له خۆی ده‌كات و گه‌لێك جاریش بێ وه‌ڵام ده‌مێنێته‌وه. به‌ڵام له‌م ده‌قه‌ی مه‌ریوانیدا، پرسیار له باره‌ی ژیانه‌وه نییه، به‌ڵكو جوانی و قووڵایی مه‌رگێك نیشان ده‌دات، كه له پێناو مرۆڤ و خاك، نیشتمان و هه‌مووان دایه‌و به مردنیشی، هه‌م كرده‌ی مردن جوان ده‌كات و له ترس دایده‌ماڵێت، هه‌میش ئه‌وانیتر ڕیسوا و بێ شكۆ ده‌كات.
په‌راوێزه‌كان:
.** شیرین كافی هاوسه‌ری شاعیر، له نووسینێكیدا كه ڕۆژانی شه‌ممه له دوا لاپه‌ڕه‌ی كوردستانی نوێ بڵاو ی ده‌كاته‌وه، ئه‌مه‌ی باس كردبوو.
*** ڕۆڤار ژماره 79 نووسینێكی به ختیار عه‌لی له باره‌ی شێركۆ بێكه‌سه‌وه.
**** وشه‌ی ئالینگاری، له به‌رانبه‌ر وشه‌ی (تحدی ) عه‌ره‌بی به‌كار هاتووه، ئه‌گه‌رچی بڕوام وایه هاوواتای ته‌واویش نییه، به‌ڵام بێ گومان لێره‌دا، كوردیكردنه‌كه گرنگه.
- ئه‌م بابه‌ته له ژماره (3) ی گۆڤاری ئه‌ده‌بی (وانه‌ر) ئه‌یلولی 2021 بڵاوكراوه‌ته‌وه.