Skip to Content

گەنجان و ئینتیمای حزبیی.. ستیڤان شەمزینی

گەنجان و ئینتیمای حزبیی.. ستیڤان شەمزینی

Closed
by ئازار 27, 2023 General, Opinion

پارتی وەک دەزگایەکی مودێرن کۆرپەى منداڵدانی قۆناغی مۆدێرنێتەیە، یان بە مانایەکی تر بەرهەمێکی راستەوخۆی قۆناغی سەرمایەدارییە، بە بۆچوونی مۆریس دوڕژە (لە رۆژئاوا دروستبوونی پارتەکان دەگەڕێتەوە بۆ دەرەنجامی گەشەسەندنی دەنگدان و بە گشتیبوونی هەڵبژاردن). روون و ئاشکراشە چەمکی هەڵبژاردن و دەستاودەستکردنی دەسەڵاتی رامیاریى پایەیەکی سەرەکی و سترۆکتۆرى دیموکراسییە، دیموکراسیەتیش لەگەڵ ئەوەى مێژووى بوون و سەرهەڵدانی وەک چەمک زۆر دێرینە، بەڵام لە بوارى کردارییدا بوونی هاوکاتە لەگەڵ قۆناغی کاپیتاڵیزم. دروستبوونی پارتەکان لە خۆرئاوا لە درێژەى پرۆسەیەک بووە کە تیایدا پێویستییەکانی ژیانی هەڵبژاردن و ئاڵوگۆڕی دەسەڵات هێناویەتییە پێش، بەڵام سەرهەڵدان و گەشەسەندنی پارتەکان لە کوردستان لەسەر ئەو بنەما ستاندارە نەبووە و کاردانەوەیەکی نا هۆشیارانە و نامونسەجیمی ستەمی نەتەوەیی سەر گەلی کورد بووە.
لەلایەکی ترەوە تاوەکو ئێستا (ئەم چەند ساڵەى دواى ڕاپەڕینی 1991ى لێدەرچێت) نیشتمانی کوردستان بەهۆی داگیرکاریى دەوڵەتانی ناوچەییەوە، بوارى ئەوەى نەبووە سەرەتاکانی دیموکراسیەت دەست پێبکات تا پێویستییەکانی دەنگدان و کێبڕکێی هەڵبژاردن پارتی سیاسیی بە جیاوازیى بیروڕا و بۆچوونەوە بەرهەم بهێنێت. لەگەڵ ئەوەى حزبەکانی کوردستان سەر لەبەریان کۆمەڵێک میلیشیا و یاخیبوو بوون لە دژی ئەو دەسەڵاتە داگیرکەرانەى کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە، ئەم ماوەیەى دواى راپەڕینیش وێنایان نەگۆڕاوە بۆ کۆمەڵێک دامودەزگاى مەدەنی و شارستانی کە ئەرکیان رێکخستنی خەڵکانێکی دیاریکراو بێت لە چوارچێوەى گووتارێکی سیاسیی و حزبی هاوبەشدا، بەڵکو کۆمەڵێک دیوەخان و تەکێی فراوانن بۆ بەندایەتیکردنی ئەندامان تیایاندا. مەبەستم لەوەیە پێتان بڵێم پارتی کوردیی، حزبێک نییە لە چەشنی ئەو پارتانەى لە ئەوروپا و ئەمەریکادا هەن، هەر ئەوەیە تەریقەتەکانن و پۆڵیش و ماکیاژێکی سەردەمانەیان بۆ کراوە، هەر بۆیە ئەم پارتە دەزگایەک نییە بتوانێت لەگەڵ هەموو ئەو ئاڵوگۆڕە نوێیەدا شانبەشان بڕوات لە بەستێنی کۆمەڵگادا روو دەدەن، بگرە خۆى رێگرێکی جیددی ئەو شەپۆلە هاوچەرخەیە لە دنیابینی مۆدێرن بەهۆی شۆڕشی پەیوەندیی گرتن و گڵۆبالیزمەوە ئەگەر دەرگاکانیشی لێ دابخرێت لە پەنجەرەکانەوە دێتە ژوورەوە.
ئەم پارتە لەسەر هەمان قەوانی کۆن و بە هەناسەى سێ چوار دەیەی رابردوو و بەهەستی قۆناغی بەرەنگاریى و چەکدارییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو واقیعە نوێیەدا دەکات کە لەۆدێر زەمانەوە مرۆڤەکانی ناوی جێیانهێشتووە و باى باى یەکجاریان لێکردووە، گەنجانی ئەمڕۆمان گرنگترین ئەو توێژەن لە ریفراندۆمێکی نافەرمیدا ئەو مۆدێلە لە پارتەکانیان رەت کردۆتەوە و ئامادە نین لە ژێر چەترەکانیاندا خۆیان سازمان بدەن، بەڵکو لە رووى دەروونی و عەقڵییەوە لەگەڵیدا ناکۆکن و هەمیشە لێی دەسڵەمێنەوە. تاوانەکە (ئەگەر قەرارە تاوان بێت) هی نەوەى نوێ نییە کە خوێنی نوێ و جۆگەى بیری نوێ ناڕژێتە گۆمی لیخنی پارتی کوردییەوە، سوچەکە سوچی حزبەکان خۆیان و بیرکردنەوەی سیاسیی و پارادایمی دیسپلین و فۆرمی کاریانە، کە ناکۆکە لەگەڵ سروشت و خەسڵەتی نەوەى نوێ و بوارى کارکردنیان پێ نادات، مەگەر لە کاتێکدا نەبێت ئەو گەنجە خۆی لە خەسڵەتی راستەقینەى گەنجانە دابڕنێت و وەک پیر بیر بکاتەوە و بدوێت و رەفتار بکات، کاتێک دەڵێین پیر مەبەستمان لەو خەڵکانە نییە کە موەکانی سەر و ریشیان سپی بووە، بەڵکو مەخسەد لەو جۆرە کەسە نەریت پارێزانەیە بەشێوەیەکی دۆگما خویان بە نەریتەوە گرتووە و بوونەتە پاسەوانی کولتوورى کۆن و بەسەرچوو، هەموو کات بە فەرهەنگی سەلەفی و داڕزیو شاگەشکە دەبن.
پارتە کوردییەکان تا نوکە لەوە نەگەیشتوون بۆچی گەنج لە حزبەکانیان تووڕەیە و چارەیان ناوێن؟ بۆیەکا لە خۆڕا بەبێ هەڵوێست و ناهۆشیار و گەنجانی بێ ئەزموون تاوانباریان دەکەن، بەڵام بە پێچەوانەوە گەنجی کورد کائینێکی زیندووە نەک دێوێکی نوستوو، تەنیا هێز و پارتێکی نوێی دەوێ وەک خۆی بیجوڵێنێت و بیهێنێتە سەر سکەى راستەقینەى کارى مۆدێرن و مەدەنی. بۆ سەلماندنی ئەم بۆچوونەشم ناڕەزایەتییە مەدەنییەکانی گەنجانی خوێندکار و خۆپیشاندانەکانی ساڵی پار و ئەو ناڕەزایەتیانەى لێرە و لەوێ دەیانبینین، وەک نموونە دەهێنمەوە، کە ئەم گەنجە ویستی بۆ کارکردن هەیە و ئامادەیە وزەى خەفەکراوى کارایانە بەکار بهێنێت، بەڵام بە رێگە سواو و تەقلیدییەکان نا، بەڵکو بە رێگەیەکی مەدەنی و شارستانی کە هارمۆنی بێت لەگەڵ جۆرى ژیان و واقیعی نوێی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیی لە کوردستان.
پارتەکانی کوردستان مەکینەیەکی ژەنگاویی و لە کارکەوتووى کۆنن، هەر لەو شەمەندەفەرانە دەچن بە خەڵووز کاریان دەکرد کە لە سەردەمی داهێنراوە تەکنۆلۆژییەکانی ئەمڕۆماندا بە کەڵکی هیچ نایەن، مەگەر لە مۆزەخانەدا وەک کەلەپوور دابنرێن. کۆتا قسەم، قسەیەکی زۆر قورس و رەقە، لانیکەم ئازایەتیم بۆ دەربڕینی دەگەڕێتەوە بۆ بی َغەمیم لە ترسی نان بڕین، ئەویش ئەوەیە بە دیتنی من پارتەکانی کوردستان (راست و چەپ)یان لە پەراسووى چەپی بەعسەوە وەرگیراون و خوڵقێنراون، بۆیە کاتێک بەعس تەواو دەبێت هەڵبەتە پارتە هاوشێوەکانی (وەک پارتە کوردییەکان) دەبێت وەک شنەبایەک بڕۆن و واقیع خۆی دەرگا دەخاتە سەر پشت بۆ هێزى نوێ و مۆدێرن کە گەنج داینەمۆ و بزووێنەرى بێت.

ستیڤان شەمزینی
ستوكهولم – سولنا

*ئەم وتارە لە بنەڕەتدا گۆشەیەکی بەردەوام بووە بەناوی (ورتە ورت) لە ژمارە (16)ی رۆژنامەی (ئاڵا) لە رۆژی 2-4-2007 بڵاوبووەتەوە.

Previous
Next
Kurdish