Skip to Content

فایلی بیرکاری.. ئامادەکردنی: عەلی حەمەڕەشید

فایلی بیرکاری.. ئامادەکردنی: عەلی حەمەڕەشید

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 8, 2022 General


هەمیشە وەک سەرپەرشتیاری پەروەردەیی/بیرکاری،حەزمکردووە لەکاتی سەردانەکانمدا بۆ قوتابخانەکان و بۆ لای مامۆستایان،هەم وەکو هاوڕێ هەڵسوکەوتیان لەگەڵدا بکەم بە شێوەیەکی نەرم و نیان و هەم بەپێی ئەزمونی خۆم کە ساڵانێکی زۆر مامۆستا بووم و زیاتر لە دە ساڵیشە سەرپەرشتیارم ،زانیاری نوێ و شتێکیان پێ بڵێم کە بتوانن لە ژیانی ڕۆژانەیاندا وەک مامۆستا لە قوتابخانەدا بتوانن خۆیان سودی لێوەربگرن و مامۆستایانی تریش.لێرەدا نمونەیەک باس دەکەم کە خۆم بەکرداری جێبەجێم کردووە هەم وەک مامۆستا و وەک سەرپەرشتیاریش توانیومە بیگەیەنم بە مامۆستایان.لە کاتی سەردانمدا داوام لێکردوون کە فایلێک یان بۆکسێک دابنێن بۆ بیرکاری و لێشی بنوسن(بیرکاری) یان (فایلی بیرکاری) کە تیایدا ئەم پێداویستییانە دابنرێت و هەڵبگیرێت:

  1. پلانەی ساڵانەی سەرجەم مامۆستایانی بیرکاری قوتابخانەکە.
  2. ئەو ڕێنماییەی کە تایبەتن بە بیرکاری،کە پەروەردە یان سەرپەرشتیاری پسپۆڕی بیرکاری ئاراستەی کردوون،وەک شێوازی پرسیاردانان،تۆماری نمرەی هەڵسەنگاندن و زانیاری تر.
  3. هەر زانیارییەک کە مامۆستایانی بیرکاری دەستیان دەکەوێت،لە ڕێی ئینتەرنێت یان ڕۆژنامە یان گۆڤارەوە بینوسن و دایبنێن.
  4. پرسیار و وەڵامی کۆتایی وەرزەکانی هەردوو خولەکە.
  5. زانیاری دەربارەی دانانی پلانی ڕۆژانە.
  6. بۆ هەر مامۆستایەک فۆرمێکم دروستکردبوو،کە زانیاری تەواوی دەربارەی مامۆستاکە تێدابوو بە دوو نوسخە کە خشتەیەکی تێدا بوو ڕۆژەکانی سەردانەکان و تێبینی تیابوو کە نوسخەیەکیش لای خۆم هەبوو چیم لەو بنوسیایە لای خۆیشم دەمنوسی.
    دواتر ئەم فایلە وەک سەرچاوەیەکی لێدەهات کە مامۆستایان خۆیان سودیان لێوەردەگرت و هەر مامۆستایەکی نوێی بیرکاری بهاتایە بۆ قوتابخانەکە سەرچاوەیەکی باشی پڕ زانیاری بوو بۆی،هەروەها بۆ مامۆستایانی ڕاهێنەر کە بۆ ماوەی ڕاهێنان دەهاتنە قوتابخانەکە دەیانتوانی تەماشای بکەن و یەک یەک زانیارییەکان ببینن کە بۆ ئەوانیش سەرچاوەیەکی بەسود دەبوو، ئەم فایلە بۆ ساڵی داهاتووش هەر بەکار دەهات و دووبارە ئەوانەی باسمان کرد تیایدا هەڵدەگیران و زیادیشی دەکرد.من باسی دانانی ئەم فایلەم بۆ مامۆستایانی بیرکاری قوتابخانەکە دەکرد،جاری وا هەبوو بەڕێوەبەر ئاگای لەم گفتوگۆیەمان بوو ،جاری واش هەبوو دواتر لای ئەویش باسم دەکرد تا کارئاسانی بۆ مامۆستایان بکات..بیرمە جارێکیان لە قوتابخانەیەک لەگەڵ پێدانی ڕێنمایی بە مامۆستایانی بیرکاری ئەوەشم بۆ باسکردن،بەڕێوەبەری قوتابخانەکەش بەسەرنجەوە گوێی گرتبوو،دیاربوو کە بەلایەوە کارێکی بەسود و باشبوو،هەم تازەش بوو،چووم بۆ بینینی وانەی مامۆستایەک ،کە هاتمەوە،بەڕێوەبەرەکە وتی مامۆستا دەزانی ئەو فایلەی کە تۆ بۆ بیرکاری باستکرد من ئەم ماوەیە بۆ هەموو بابەتەکانی تریشم دروستکرد چونکە بەلامەوە کارێکی گرنگ بوو،لە هەمان کاتیشدا ئاسانکارییەکی باشە،بەپێکەنینەوە وتی مامۆستا منیش خاڵێکی ترم بۆ زیاد کرد،با تاقیکردنەوەی نیوەی وەرزەکانیشی بە وەڵامەوە تیابێت.دەستخۆشیم لێکرد و وتم هەر شتێک بزانن گرنگ و باش و بەسودە دەتوانن تیایدا هەڵی بگرن.

ئامادەکردنی:عەلی حەمەڕەشید
سەرپەرشتیاری پەروەردەیی/بیرکاری

Previous
Next
Kurdish