Skip to Content

 چەند تێزێک سەبارەت بە گرفتەکانی ڕەخنەی مارکسیستیی.. نووسینی : ئەناتۆلی ڤاسیلیڤیچ لۆناشارسکی

 چەند تێزێک سەبارەت بە گرفتەکانی ڕەخنەی مارکسیستیی.. نووسینی : ئەناتۆلی ڤاسیلیڤیچ لۆناشارسکی

Closed
by تشرینی دووه‌م 20, 2022 General, Literature

                                                               

                                                               وەرگێڕانی بۆ ئینگلیزیی : ی گانوسکین

                                                               وەرگێرانی بۆ کوردیی : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

یەک

ئەدەبی ئێمە بە گرنگترین ساتەوەختی گەشەکردنی خۆیدا تێدەپەڕێ. ژیانێکی نوێ لە وڵاتەکەمان بنیادنراوە و ئەدەبیش زیاتر و زیاتر دەسازێت کە چۆن ئەم ژیانە لەشێوە نادیار و ناجێگیرەکەی خۆیدا ڕەنگ ڕێژ بکات. بەوپەڕی ڕوونیشەوە دەتوانێت ئاستەنگەکان  لە بەرزترین ئاستی سیاسیدا بگوازێتەوە و بە تایبەتیش کاریگەری مۆراڵ لەسەر سەرجەم پرۆسەی بنیادنانەکەدا دەبێت.

هەرچەندە لە وڵاتەکەمان کەمترین جیاوازی لە نێوان تاک(ئیندیڤیجواڵ) ی چینەکانی هەیە بەبەراورد بە چینەکانی وڵاتانی تر، بەڵام هێشتا مەحاڵە وا بیربکەینەوە کە بەتەواوەتی ناچینایەتییە. بەلەبەرچاوگرتنی حەتمییەتی جیاوازی مەیلەکانی نێوان ئەدەبی جووتیاری و ئەدەبی پرۆلیتاری لەم وڵاتەدا؛ چەند ڕەگەزێک هەیە کە هەڵوێستە کۆنەکانی خۆیان پاراستووە، ڕەگەزگەلێک کە بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ بەرژەوندییەکانی دیکتاتۆرییەتی پرۆلیتاریا ناسازێت و وە ناشتوانێت لەگەڵ ئاراستە بنچینەییەکانی بیناکردنی سۆشیالیزم لەلایەن پرۆلیتاریاوە، هەڵبکات.

ململانێی نێوان کۆن و نوێ بەردەوامە. کاریگەری ئەوروپا ، ڕابردووی ئەوروپا، پاشماوەی چینە حاکمەکان، بۆرژوازی نوێ کە گەشەی زیاتر لەژێر ڕێنماییە ئابوورییە تازەکان دەکات، هەموو ئەمانە وا لە خۆیان دەکەن؛ هەستیان پێ بکەین. ئەمانە پەردەیان لەڕووی نە تەنها تەنینەوەی میزاجی تاک و گروپ و خەڵک هەڵداوەتەوە، بەڵکو لە ئاوێتەبوونی هەموو ئەم جۆرانەوە هاتونەتە بوون. پێویستە بیرمان نەچێت بە لە بەرچاوگرتنی ڕەوتە بەرهەڵستکارە بۆرژوازییەکان؛ ڕاستەوخۆ و بەدەستی ئەنقەست، توخمێکی تر هەیە ڕەنگە زۆر  مەترسیدارتر بێت؛ کە بەزاندنی ئاسان نییە؛ ئەویش هەڵوێستی بۆرژوازی بچووکە لەهەمبەر ژیانی ڕۆژانەوە. ئەمەش بەقووڵی شوێنپێی خۆی لە هەڵوێستە ڕۆژانەییەکانی خودی پرۆلیتاریا و تەنانەت لای زۆربەی کۆمۆنیستەکانیش دەکاتەوە. ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە بۆچی خەباتی چینایەتی هەر لەسەر شێوەی خەبات لەپێناو بنیادنانی شێوازی ژیانێکی نوێ کە نەک هەر تەنها هەڵگری جێپەنجەی خواستە سۆشیالیستەکانی پرۆلیتاریا بێت، ڕاناوەستێت، بەڵکو لەگەڵ دەستگرتن بە هێزی ڕابردووی خۆی کە لەهەرکات زیاتر شکڵ و شێوەی وردتر و قووڵتر دەسەپێنێت. ئەمە ئەو دۆخەیە کە وا دەکات چەکی هونەر؛ بەتایبەتی ئەدەب لەمڕۆدا زۆر گرنگ بێت. هەورەها دەبێتە هۆی دەرکەوتنی بنیادنانی ئەدەبێکی دوژمنکارانە؛ شانبەشان ئەدەبی پرۆلیتاری و ئەدەبی خێڵەکیی. مەبەستم لەم دژە توخمە تەنها و تەنها دژە توخمە بە هۆشیاری، بەڵام لەولاشەوە دژە توخمی ناهۆشیاریشمان هەیە کە دژە لە نیگەتیڤیی و ڕەشبینیی و ئیندیڤیجواڵیی و بێلایەنیی و شێواندنەکانی خۆیان.

دوو

لەگەڵ ئەو ڕۆڵە بەرچاوەی کە ئەدەب لەژێر هەلومەرجی لەم جۆرەدا دەیگێڕێ، ڕەخنەی مارکسیستی بەرپرسیارێتێکی گەورەی دەکەوێتە سەرشان. ڕەخنەی مارکسیستی شانبەشانی ئەدەب کە ئێستا بێگومان ئەرکییەتی بەوپەڕی هێز و تواناوە بەشداری چڕ و بەهێز لە پرۆسەی شکلگیری ئینسانی نوێ و شێوازی نوێی ژیاندا بکات.

سێ

ڕەخنەی مارکسیستی بە پلەی یەکەم بەوەدا لە هەموو جۆرەکانی تری ڕەخنەی ئەدەبی جیا دەکرێتەوە کە ناتوانێت سروشتی سۆسیۆلۆژی نەبێت – بێگومان بە ڕۆحی کۆمەڵناسی زانستی مارکس و لینین. هەندێکجار جیاوازی لەنێوان ئەرکی ڕەخنەگری ئەدەبیی و ئەرکی مێژوونووسی ئەدەبی دەکرێت. ئەم جیاوازیکردنە پشت بە شیکردنەوەکانی ڕابردوو و ئێستادا نابەستێت، ئەوەندەی کە مێژوونووسی ئەدەبی هەڵدەستێت بە شیکردنەوەی بابەتییانەی بنبەماکانی کارکردن و جێوشوێنی لە ڕایەڵەی کۆمەڵایەتی و کاریگەری بەسەر ژیانی کۆمەڵایەتییەوە. لەکاتێکدا بەنسبەت ڕەخنەگری ئەدەبییەوە هەڵدەستێت بە هەڵسەنگاندنی کارەکە؛ لەڕوانگەی دەستکەوت و هەڵە تاسەر شکڵیی و کۆمەڵایەتییەکان.

بۆ ڕەخنەگری مارکسیستی ئەم جیاوازیکردنە دەبێتە هۆی لەدەستدانی نزیکەی هەموو سەڵاحییەتەکانی. هەرچەندە ڕەخنە بەمانای وردی وشەکە دەبێت وەک پێویستییەک بەشێک بێت لەکاری ڕەخنەی مارکسیستی و دەبێت لێکدانەوەی کۆمەڵایەتی توخمێکی بنچینەیی گرنگی ئەو ڕەخنەیە بێت.

چوار

ئەی ڕەخنەگری مارکسیستی چۆن شیکردنەوە کۆمەڵناسییەکەی بەئەنجام دەگەێنێت؟ مارکسیزم پێیوایە کە ژیانی کۆمەڵایەتی وەک هەر بەشە جواداکانی ئەندامێکی ئۆرگانیکیی پشت بەیەکتر دەبەستن. لێرەوە یارییەکان ڕۆڵی یەکلاکەرەوە دەگێڕن لە خیلال پەیوەندییە ئابوورییە زۆر سروشت و مادییەکاندا و لەپێش هەمووشیانەوە شێوازەکانی کارکردن. بۆ نموونە لەشیکردنەوەی گشتی سەردەمێکی دیاریکراودا، پێویستە ڕەخنەگری مارکسیستی تێبکۆشێت تا وێنەیەکی تەواوی گەشەی کۆمەڵایەتی ئەو سەردەمە نیشان بدات. کاتێک کە گفتوگۆی نووسەرێک یان کارێکی ئەدەبی دەکرێت هیچ پێویست ناکات هەلومەرجی بنەرەتی ئابووری شیبکرێتەوە. لەبەرئەوەی بۆچوونی هەمیشە سوودبەخش کە دەتوانین بە بۆچوونی پلیخانۆف ناوزەدی بکەین بەهێزێکی تایبەتەوە دێتە پێشەوە. کەدەڵێت کارە هونەرییەکان زۆر بەکەمیی بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ پشت بە شێوازەکانی بەرهەمهێنان لە کۆمەڵگەیەکی دیاریکراودا دەبەستن. ئەوان لە خیلالی ڕایەڵە نێوەندگیرەکانی وەکو سەرخانە چینایەتییەکان و سایکۆلۆژیای چینایەتی کەلەئەنجامی بەرژەوەندییە چینایەتییەکان پێکدێن، پشتیان پێدەبەستن. هەر کارێکی ئەدەبی هەمیشە ، هۆشیارانە یان ناهۆشیارانە، ڕەنگدانەوەی سایکۆلۆژیای چینایەتییە کە نووسەرەکە نوێنەرایەتی دەکات ، ئەگەر نا وەک زۆربەیجار ڕوودەدات ڕەنگدانەوەی تێکەڵییەکە لەو توخمانەی کە کاریگەری چینە جیاوازەکان لەسەر نووسەر نیشان دەدەن. ئەمەش دەبێت بخرێتە ژێر شیکردنەوەیەکی ورد.

پێنج

لەهەر ئیشیکی هونەرییدا، بەشێوەیەکی بنچینەیی پەیوەندی بە سایکۆلۆژیای ئەم یان ئەو چین، ئەم یان ئەو کۆڕ و کۆمەڵی کۆمەڵایەتی فراوان لەڕێگەی ناوەڕۆکەوە دیاری دەکرێت. ئەدەب، هونەری وشە، هونەری نزیک لە فیکر، لەشێوەکانی تری هونەر زیاتر بەوە جیا دەکرێتەوە کە بەبەراورد بە شێوە، بایەخێکی زۆر بە ناوەڕۆک دەکات. لە ئەدەبدا بەشێوەیەکی تایبەت ئەوە ڕوونە کە ئەوە ناوەڕۆکی هونەرییە کە بیروڕا و هەستەکان لەشێوەی وێنە یان پەیوەند بە وێنەوە؛ وەک توخێکی یەکلاکەرەوەیە لەسەرجەم کارەکە، فڕێ دەداتە دەرەوە. ناوەڕۆک هەوڵ دەدات لەخودی خۆیدا شێوەیەکی دیاریکراو بەدی بهێنێت. دەتوانین بڵێین لە یەک شێوەی نموونەیی زیاتر بوونی نییە کە لەگەڵ ناوەڕۆکێکی دیاریکراودا بگونجێت. نووسەر دەتوانێت بڕێک زیاتر یان کەمتر بۆ بیروباوەڕ و ڕووداو ئەو هەستانەی کەجێی بایەخین، شێوازی گوزارشتکردن بدۆزێتەوە کە زۆرترین بڕ لە ڕوونی و بەهێزترین کاریگەری لای ئەو خوێنەرانەی کە بەرهەمەکەیان لەپێناودا نووسراوە، جێبێڵێت.

بەم شێوەیە ڕەخنەگری مارکسیستی بابەتی شیکردنەوەی ناوەڕۆکی کارەکە و ئەو کرۆکە کۆمەڵایەتییەی کە بەرجەستەی دەکاتەوە،  بەپلەی یەکەم وەردەگرێت. پەیوەندی ڕەخنەگری مارکسیستی لەگەڵ ئەم یان ئەو کۆمەڵە کۆمەڵایەتییە و ئەو کاریگەرییەی کاری ئەدەبی لەسەر ژیانی کۆمەڵایەتی هەیەتی، دیاریدەکات. دوای ئەوە بەشێوەیەکی بنچینەیی دەچێتە سەر شێوە لەگۆشەنیگای شیکردنەوەی چۆنییەتی جێبەجێکردنی ئەم نموونانە لەپێناو ئامانجەکانی دەق. ئەمەش بەو مانایەیە کە تێدەکۆشێت تا کارەکەی بەپێی توانا گوزارشتکەر و جێی باوەڕ بێت.

شەش

بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا مەحاڵە ئەرکی تایبەتی شیکردنەوەی شێوازە ئەدەبییەکان، فەرامۆش بکرێت و ڕەخنەگری مارکسیستیش نابێت چاوپۆشی لەم مەسەلەیە بکات. لەواقیعدا، شێوەی هەر کارێکی ئەدەبی هەر بە ناوەڕۆکەکەی دیاری ناکرێت، بەڵکوو کۆمەڵێ توخمی تر هەن کەناکرێت ڕۆڵیان لەبەرچاو نەگیرێن. پرۆسە یان کرداری بیرکردنەوە و گفتوگۆی سایکۆلۆژی کە مرۆڤ دەتوانێت ناوی بنێت شێوازی ژیانی چینێکی دیاریکراو ( یان کۆڕوکۆمەڵی چینایەتی کە کاریگەری بەسەر دەقەکەوە هەیە)، ئاستی گشتی ڕۆشنبیری کۆمەڵگەیەکی دیاریکراو و کاریگەری دەوروبەر و بێتاقەتبوون بۆ ڕابردوو و هەوڵدان بۆ نوێبوونەوە، کە دەشێت لەسەر سەرجەم لایەنەکانی ژیان دەربکەون، هەموو ئەمانە دەتوانن کاریگەری لەسەر شێوە دابنێن و دەکرێت وەکو هۆکاری یارمەتیدەری دیاریکردنی شێوە لەبەرچاو بگیرێن. زۆربەیجار شێوە بە تەنها کارێکەوە پەیوەست نییە، بەڵکوو بە قوتابخانەیەکی تەواو یان سەردەمێکی تەواوەوە پەیوەستە. لەوانەشە ببێتە هێزێک زیان بە ناوەڕۆک و ئەوەی دژی دەوەستێتەوە، بگەێنێت. هەندێکجار دەکرێت لەناوەڕۆک جیا بکریتەوە و ئەوکات سروشتێکی گۆشەگیر و بزێو وەردەگرێت. ئەمەش کاتێک ڕوو دەدات کە کارە ئەدەبییەکان گوزارشت بن لەو تێڕوانینە چینایەتییەی کە خاڵین لە ناوەڕۆک و سڵ لە ژیانی واقیعی دەکەنەوە و سروشتێکی خۆبەدەستەوەبەدەر و گۆشەگیریان هەیە. بەپێچەوانەی سروشتی ئاسانخوازی و بێهودەیی، هەموو ئەم توخمانە پێویستە بەشێک بن لە لێکدانەوەی مارکسیستی. وەک خوێنەر دەبینێت کە ئەم توخمە شێوەخوازانە کە بەرەنگاری شێوازی ڕاستەوخۆیی لەهەر شاکارێکی هونەری دەکەن، بەتەواوەتی شێوە لەڕێگەی ناوەڕۆکەوە دیاری دەکەن. هەورەها هەر کارێکی ئەدەبیش دەیەوێت ببێتە شاکار بەهەر حاڵێک دابڕاو نییە لە ژیانی کۆمەڵایەتی. ئەمانە بەڕۆڵی خۆیان دەبێت کۆمەڵایەتییانە شی بکرێنەوە.

حەوت

ئێمە تا ئێستا سەرنجی خۆمان بەشێوەیەکی بنەڕيتی لەبواری ڕەخنەی مارکسیستی وەک ئەرکی لێکۆڵینەوەی ئەدەبی، قەتیس کردووە. ڕەخنەگری مارکسیستی لێرەدا وەکو زانا و لێکۆلەرەوەیەکی کۆمەڵناسی بەدیار دەکەوێت، کە زۆر بە وردی میتۆدی شیکردنەوەی مارکسیستی لەبوارێکی دیاریکراودا (واتە ئەدەب) پیادە دەکات. دامەزرێنەری ڕەخنەی مارکسیستی بلیخانۆڤ؛ بەتوندی پێداگری لەسەر ئەوە دەکات و دەڵێت ئەمە ئەو ڕۆڵە ڕاستەقینەیە کە ڕەخنەگری مارکسیستی دەبێت پێی هەڵبسێت. بلیخانۆڤ جەغد دەکاتەوە و دەڵێت مارکسیستێک بەوەدا لە ڕۆشنگەر جیا دەکرێتەوە کە ئامانج و داواکاری تایبەت بۆ ئەدەب دیاری دەکات، بەڵام ڕۆشنگەر لەگۆشەنیگای ئایدیایەکی تایبەتەوە حوکمی بەسەردا دەدات، ڕەخنەگری مارکسیستی هۆکارە سروشتییەکانی دەرکەوتنی ئەم یان ئەو کاری ئەدەبی ڕوون دەکاتەوە.

لەبەرەنگاربوونەوەی میتۆدی بابەتییانە و زانستییانەی مارکسیستی بۆ ڕەخنەگرتن لە خودگەرایی کۆن و میتۆدی هەڵگێڕدراوەی ئیستاتیکا و چێژ، پلیخانۆف نەک هەر لەسەر هەق بوو، بەڵکوو گەلێ کاری ئەنجامدا لەپیناو دۆزینەوەی ڕێڕەوی ڕاستەقینەی داهاتووی ڕەخنەی مارکسیستی و هەنگاوەکانی ئەو ڕەخنەیە.

لەگەڵ ئەوەشدا نابێت بەهیچ شێوەیەک بیر لە تایبەتمەندییەکانی پرۆلیتاریا بکرێتەوە وەک تەنها دیاریکردن و لێکدانەوەی کۆمەڵێ زانیاری دەرەکیی چاوی لێبکەین. مارکسیزم هەر بەتەنها تێزێکی سادەی کۆمەڵایەتی نییە، بەڵکوو بەرنامەیەکی چالاکە بۆ بنیادنان، بنیادنانێکی لەوجۆرە بەبێ هەڵسەنگاندنێکی بابەتییانەی ڕاستییەکان بیری لێناکرێتەوە. ئەگەر مارکسیستێک نەتوانێت بە شێوەیەکی بابەتیانە هەست بە پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دیاردانە بکات کە دەوری دەدەن، ئەوا وەک مارکسیستێک تەواو بووە. بەڵام لە مارکسیستێکی ڕاستەقینە و گشتگیرەوە ئێمە داوای زیاتریش دەکەین ئەویش کاریگەری دانانە لەسەر ئەم ژینگەیە. ڕەخنەگری مارکسیستی زانای فەلەکناسی ئەدەبی نییە تا یاساکانی جووڵانەوەی حەتمی تەنی ئەدەبی لە گەورەوە تا زۆر بچووک شیبکاتەوە، ئەو زۆر لەوە زیاترە. ئەو جەنگاوەر و بنیادنەرە. ئەمەش بەو مانایەیە کە پێویستە هۆکاری هەڵسەنگاندن لە ڕەخنەی مارکسیستی هاوچەرخ بە گرنگ و پڕبایەخ بزانین.

هەشت

ئەی ئەو پێوەرانە چین کە دەبێت هەڵسەنگاندنی کاری ئەدەبی لەسەر بنیادبنرێت؟ با پێش هەموو شتێک لە ڕوانگەی ناوەڕۆکەوە لەم بابەتە نزیک ببینەوە. لێرەدا بەگشتی هەموو شتێک ڕوونە. پێوەرە بنەڕەتییەکە لێرە هەمان پێوەری ئەخلاقی پرۆلیتاریای لەدایکبووە. هەمووشتێک کە یارمەتیدەر بێت بۆ گەشە و سەرکەوتنی پرۆلیتاریا بدات باشە و ئەوەشی زیانی پێبگەێنێت، خراپە. ڕەخنەگری مارکسیست دەبێت هەوڵ بدات ڕەوتی کۆمەڵایەتی بنەڕەتی لە بەرهەمێکی دیاریکراودا بدۆزێتەوە؛ دەبێت بزانێت بەرەو کوێ دەڕوات، ئایا ئەم پرۆسەیە ئارەزوومەندانەیە یان نا. وە دەبێت هەڵسەنگاندنی خۆی لەسەر ئەم بیرۆکە بنەڕەتی و کۆمەڵایەتی و دینامیکییە بنیات بنێت. تەنانەت لەبواری هەڵسەنگاندنی ناوەڕۆکی کۆمەڵایەتی هەر کارێکی ئەدەبیی هەموو شتێک لە سادەخوازییەوە دوورە. ڕەخنەگری مارکسیستی دەبێت زۆر زیرەک و هەستیار بێت، ئەمەش بە تەنها بەمانای مەشق یان ڕاهێنانی مارکسیستی نییە، بەڵکو دەبێت کۆمەڵێ بەهرەی تیا بێت، کە بەبێ ئەم بەهرانە ناکرێت هیچ ڕەخنەیەک بوونی هەبێت. لەحاڵەتی کارێکی ئەدەبی بەڕاستی مەزندا گەلێ لایەنی جیاجیا هەیە کە دەبێت هەڵبسەنگێنرێن. لەم حاڵەتەدا زۆر زەحمەتە هیچ تەرازوو و پێوانەیەک بەکار بهێنرێت. ئەوەی لێرە بەدواوەین پێی دەوترێت هەستیاری کۆمەڵایەتی، ئەگەرنا بێگومان هەڵە ڕوودەدات. لەسەر ڕەخنەگری مارکسیستییە کە نابێت تەنها دڵی بەو کارانە خۆش بێت کەباس لە گرفتەکانی ساتەوەختیی دەکەن، بەبێ ئەوەی ئینکاری گرنگی تایبەتی کێشەکانی ئێستا بکەین، بە تەواوی مەحاڵە گرنگییەکی گەورەی ئەو پرسانە پشتگوێ بخەین کە لە یەکەم بینیندا زۆر گشتی و دوور دەردەکەون بەڵام لە ڕاستیدا لە وردبوونەوە لێیان کاریگەرییان لەسەر ژیانی کۆمەڵایەتی هەیە.

لێرەدا هەمان دیاردەمان لەبەردەستدایە کە لە زانستدا هەیە. خواستی ئەوەی کە زانست بە تەواوەتی دەستبەرداری ئەرکە پراکتیکییەکان بێت، ئەوە هەڵەیەکی گەورەیە. ئەوە راستییەکی حاشاهەڵنەگرە کە ئەبستراکترین کێشە زانستییەکان لەکاتی شیکارکردنیاندا ڕەنگە هەندێکجار ببنە هۆی زۆرترین گرفت و ئاریشە. ئینجا لەگەڵ ئەوەشدا، کاتێک نووسەرێک یان شاعیرێک پەنا دەباتە بەر شیکاری ئەرکە گشتییەکان، ئەگەر نووسەرێک پرۆلیتاریی بێت هەوڵ دەدات بۆ دووبارە هەڵسەنگاندنەوەی پرۆلیتارییانە پەنا بۆ بنەما ڕۆشنبیرییەکان ببات، کە ڕەنگە زۆر بە ئاسانی ڕەخنەگر تووشی سەرلێشێوان بکات. ئەویش یەکەم : چونکە لەم حاڵەتانەدا هیچ پێوەرێکی ڕاستەقینەمان نییە. دووەم : ڕەنگە گریمانەکان لێرەدا بەهایەکیان هەبێت؛ بوێرترین گریمانەکان لەبەرئەوەی بایەخ بە شیکاری کۆتایی کێشەکان نادات، بەڵکو کێشەکان دەخاتە بەرچاو و شیدکاتەوە. لەگەڵ ئەمەشدا هەموو ئەمانە تا ئاستێک ئاماژە بەو کارە ئەدەبییانە دەدەن کە بایەخی تەواو بابەتییانەیان هەیە. ئەو نووسەرەی کە لە کارەکانیدا خاڵەکانی بەرنامەی ئێمە ڕوون دەکاتەوە و گەشەی پێدەدات، ئەوە بەکردەوە هونەرمەندێکی خراپە. نووسەر کاتێک بەهادارە کە زەوییەکی دەستلێنەدراو بکێڵێت و بەشێوەیەکی هەستیارانە بوارێک بدۆزێتەوە کە زەحمەت بێت بۆ لۆژیک و ئامار بتوانن بچنە ناوییەوە. بڕیاردان لەسەر نووسەر لەسەر هەقە یان نا،یان بە ڕێگەیەکی دروست؛ ڕاستی و خواستە بنچینەییەکانی کۆمۆنیزم پێکەوە کۆدەکاتەوە کارێکی هەروا ئاسان نییە لەوانەیە نەتگەێنێتە بڕیارێکی دروست تەنها لەحاڵەتی بەریەککەوتنی بیروباوەڕی خوێنەر و ڕەخنەگر نەبێت. بەڵام هەموو ئەمانە کاری ڕەخنەگر بێبایەخ و ناپێویست ناکەن.

فاکتەرێکی زۆر گرنگ هەڵسەنگاندنی ناوەڕۆکی کۆمەڵایەتی کارە ئەدەبییەکان  ئەوەیە کە بەپێی حوکمی دووەم لەسەر کارەکە؛ دەبێت قەزاوەت بکرێت. ئەویش لە هەنگاوی یەکەمدا پێدەچوو کە سەر بە کۆمەڵێ دیاردەی نامۆ بێت و هەندێکجاریش دژ بە خۆمان بێت. وە لەڕاستیدا زۆریش گرنگە هەڵوێستی دووژمنانی بناسین و سوود لە قسەی ئەو گەواهیدەرانە وەربگرین کە پاشخانیان لە پاشخانی ئێمەوە جیاوازە. ئەمانە ڕەنگە زۆربەی کات بمانگەێننە ئەنجامگەلێکی قووڵ. لەهەرحاڵەتێکدا دەبێتە هۆی دەوڵەمەندبوونی زیاتری مەعریفەی کەڵکەکراومان دەربارەی دیاردەکانی ژیان. ڕەخنەگری مارکسیستی کە دەڵێت ئەو نووسەرە یان ئەو بەرهەمە ئاوا و ئاوایە،بۆ نموونە بڵێت ئەوە دیاردەی وردەبۆرژوازییە و ڕەخنەگر نابێت هەرگیز ئەو کارە یان ئەو نووسەرە بە جووڵەیەکی دەستی ڕەت بکاتەوە. دەشێت لەزۆربەی کاتدا سوودێکی زۆری لێببینرێت. لەبەر ئەم هۆیە، هەڵسەنگاندنی دووەم لەدیدگایەکەوە بێت کە نە لە دیدگای ئەسڵ و ستایشی کارێکی تایبەتەوە ،بەڵکوو لە ئەگەری بەکارهێنانی هەوڵە بنیادنەرەکانمانەوە بێت کە ڕەنگە ئەرکێکی ڕاستەوخۆی ڕەخنەگری مارکسیستی بێت.

من دەمەوێت پڕ بە پێستی ئەم کارە بم، دیاردە نامۆ و دووژمناکارەکانی دەقی ئەدەبی تەنانەت ئەگەر بەو مانایەی سەرەوەش هەندێک سوودیان هەبێت، بێگومان دەتوانن لەڕادەبەدەر زیانبەخش و ژەهراوی بن و دەرکەوتنی مەترسیدارانەی پڕوپاگەندەی دژە شۆڕش بن. ئەمەش بێ هیچ وتنێک سەردەکێشێت بۆ دەرکەوتنی نەک ڕەخنەی مارکسیستی؛ بەڵکوو بۆ دەرکەوتنی سانسۆری مارکسیستی.

نۆ

ئەرکی ڕەخنەگری مارکسیستی لەوانەیە زۆر ئاڵۆزتر بێت کاتێ لە هەڵسەنگاندنی ناوەڕۆکەوە بەرەو هەڵسەنگاندنی شێوە وەردەچەرخێ. ئەم ئەرکە زۆر گرنگە و پلیخانۆفیش جەغدی لەسەر گرنگییەکەی کردۆتەوە. کەوابوو لێرەدا پێوەری گشتی بۆ هەڵسەنگاندن چییە؟ پێویستە شێوە تا دەکرێت لەگەڵ ناوەڕۆدا بگونجێت. ئەمەش زۆرترین توانای گوزارشتکردنی پێدەبەخشێت و زۆرترین دڵنیاییش دەدات لەسەر ئەو خوێنەرانەی کە دەقەکەیان لەپێناودا نووسراوە. وە لەسەرووی هەموو شتێکیشەوە، پێویستە ئاماژە بەو پێوەرە فەرمی و زۆر گرنگە بدرێت کە پلیخانۆفیش لێرەدا بانگەشەی بۆ دەکا. ئەدەب هونەری وێنەکانە و هەر دەستدرێژییەک دژ بە ئایدیا پەتییەکان و پروپاگەندە؛ هەمیشە زیان بە بەرهەمەکە دەگەێنێت. ئاشکرایە کە ئەم پێوەرەی پلێخانۆڤ ڕەها نییە. بۆ نموونە بەرهەمی نایابی سالتیکۆڤ-شچێدرین، ئوسپێنسکی و فورمانۆڤ هەن، کە بە ڕوونی لە بەرامبەر ئەم پێوەرەدا خەتا دەکەن و ئەمەش بەو مانایەیە کە کارە ئەدەبییە تێکهەڵشێلدراوەکان کە وتارە ڕەخنەییەکان لەگەڵ بیری جاڕدان تێکەڵ دەکەن، ئەدەب و ڕای گشتی پێکەوە کۆ دەکەنەوە، دەکرێت لە مافی گشتی خۆیاندا بوونیان هەبێت. بەڵام بەگشتی مرۆڤ دەبێ خۆی لەم شتانە بەدوور بگرێت. بێگومان ئەدەبی کاروباری گشتی یان(جاڕدان) کە لە فۆرمدا درەوشاوەیە، جۆرێکی نایابی پڕوپاگەندەی ئەدەبییە بە فراوانترین مانا وشەکە، بەڵام بە پێچەوانەوە، وتارە ڕەخنەییە هونەرییەکان کە بارگاوی بوون بە توخمە تەنیا جاردانەکان، خوێنەر بە ساردیی دەهێڵنەوە، هەرچەندە ئارگیومێنتەکانیشیان درەوشاوە بن. ئەمەش بەم مانایەیە کە ڕەخنەگر هەموو مافێکی هەیە باس لە ناتەواوی هەرسکردنی ناوەڕۆکەکە لەلایەن نووسەرەوە بکات ئەگەر ئەم ناوەڕۆکە لەبری ئەوەی بە ئازادی لە بەرهەمی هونەریدا لە وێنەی کانزای تواوەی درەوشاوەدا بڕژێت، لەدەرەوەی ئەم ڕێڕەوەدا پرشنگدار و گەشاوە دەمێنێتەوە.

 پێوەرە تایبەتەکەی دووەم کە لە پێوەرە گشتییەکەوە سەرچاوە دەگرێت وەک لە سەرەوە پێناسە کراوە، پەیوەندی بە ڕەسەنایەتی فۆرمەکەوە هەیە. ئەم ڕەسەنایەتییە دەبێ لە چی پێک بێت؟ رێک لەم بابەتەدا: جەستەی فەرمی بەرهەمێکی دیاریکراو دەبێ لەگەڵ بیرۆکەکەیدا، لەگەڵ ناوەڕۆکەکەیدا تێکەڵ بە یەک کۆی دابەشنەکراو بێت. بێگومان کارێکی هونەری ڕاستەقینە دەبێ لە ناوەڕۆکدا نوێ بێت. ئەگەر ناوەڕۆکەکە تازە نەبێت، بەرهەمەکە بەهایەکی کەمی هەیە. ئەمەش ئاشکرایە. هونەرمەند پێویستە شتێک دەرببڕێت کە پێشتر دەرنەبڕدراوە. دووبارە؛ بەرهەمهێنانەوە هونەر نییە (هەندێک لە نیگارکێشان بە زەحمەت دەتوانن لەم بابەتە تێبگەن) بەڵکو تەنها پیشەیەکی دەستییە، هەرچەندە هەندێک جار زۆر وردە. لەم ڕوانگەیەوە ناوەڕۆکی نوێ لە هەموو بەرهەمێکی نوێدا داوای فۆڕمی نوێ دەکات.

دەتوانین ئەم ڕەسەنایەتییە ڕاستەقینەیەی فۆرم لەگەڵ چیدا بەراورد بکەین؟ لە پلەی یەکەمدا فۆڕمی کۆنەپەرستانە هەیە کە ڕێگری دەکات لە بەڕاستی جێگیرکردنی بیرۆکەیەکی نوێ لە کارەکەدا. نووسەر دەتوانێت بە فۆرمەکانی پێشتر بەکارهێنراو سەرسام بێت و هەرچەندە ناوەڕۆکەکەی نوێیە، بەڵام دەڕژێتە ناو کووندەی شەرابی کۆنەوە. ناتەواوییەکانی ئەم جۆرە ناتوانرێت سەرنجیان نەدرێت. لە پلەی دووەمدا، ڕەنگە فۆرمەکە بەوپەڕی سادەییەوە لاواز بێت، بۆ نموونە بە نیەتێکی نوێ و سەرنجڕاکێشەوە، ڕەنگە نووسەر خاوەنی وشەسازی، بنیاتنانی دەستەواژەکە، تەواوی چیرۆک، بابەت، ڕۆمان، شانۆنامە و هتد نەبێت؛ و بە مانای ڕیتم و جۆرەکانی تری شیعر. هەموو ئەمانە دەبێت لەلایەن ڕەخنەگری مارکسیستەوە ئاماژەیان پێبدرێت. ڕەخنەگری مارکسیستی ڕاستەقینە – جۆرێکی یەکپارچە، دەتوانین بڵێین ڕەخنەگرێکی لەو جۆرە – دەبێ مامۆستا بێت، بە تایبەت مامۆستای نووسەرانی گەنج یان تازە دەستپێکردووان بێت.

لە کۆتاییدا، سێیەم گوناهی سەرەکی دژی یاسا تایبەتەکەی سەرەوە بۆ ڕەسەنایەتی فۆرم، “زیادە ڕەسەنایەتی” فۆڕمە، کە تێیدا بەتاڵی ناوەڕۆک بە داهێنان و ڕازاندنەوەی فەرمی دەشارێتەوە. ئەو نووسەرانەی کە لەلایەن فۆڕمالیستەکانەوە تووشی بوون، ئەو نوێنەرە تایبەتانەی داڕمانی بۆرژوازی، بەو شێوەیە ناسراون کە هەوڵدەدەن ناوەڕۆکی ڕاستگۆ و قورسیان بە فێڵی جۆراوجۆر بڕازێننەوە، بەمەش کارەکانیان تێکدەدەن.

هەروەها مرۆڤ دەبێ بە وریاییەوە لە پێوەری سێیەمی سروشتێکی فۆرماڵی – گشتگیربوونی کارەکە – نزیک بێتەوە. تۆلستۆی بە عەزمەوە قسەی لەسەر ئەمە دەکرد. ئێمە کە لەڕادەبەدەر ئارەزووی دروستکردنی ئەدەبێکین کە ئاراستەی جەماوەر بکرێت، و بانگەوازیان بۆ بکەین سەبارەت بە خولقێنەرانی سەرەکی ژیان، هەروەها گرنگی بەم گشتگیرییەشمان هەیە. هەموو شێوەکانی خۆبەدوورگرتن، لە گۆشەگیری، هەموو شێوەکانی مەبەست لێی بازنەیەکی بچووکی جوانیناسە تایبەتمەندەکان، هەموو ڕێکەوتن و وردبینییەکی هونەری دەبێ لەلایەن ڕەخنەی مارکسیستەوە ڕەت بکرێنەوە. ڕەخنەی مارکسیستی نەک هەر دەتوانێت، بەڵکو دەبێت لە ڕابردوو و ئێستادا ئاماژە بە شایستەییەکانی ناوەوەی ئەم جۆرە بەرهەمانە بکات، لە هەمان کاتدا چوارچێوەی عەقڵی ئەو هونەرمەندەش شەرمەزار بکات کە هەوڵدەدات بەو جۆرە میتۆدە فۆرماڵییانە خۆی لە واقیع داببڕێت.

 بەڵام وەک لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا، دەبێت بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ پێوەرەکانی گشتگیریدا بکرێت. لە چاپەمەنییەکانی ئێمەدا، لە ئەدەبیاتی پڕوپاگەندەخوازی خۆماندا، لە کتێب و گۆڤار و توێژینەوە زۆر ئاڵۆزەکانەوە داوای زیرەکییەکی بەرچاو لە سەرەتاییترین ئاستی جەماوەری خوێنەر دەکەن. بە هەمان شێوە ناتوانن هەموو ئەدەبیاتەکانمان بگەیەننە ئاستی جەماوەری جووتیاری کەم فەرهەنگ یان تەنانەت کرێکاران. ئەمەش هەڵەیەکی زۆر کوشندەیە.

نووسەری شکۆدار دەتوانێت بە سادەیییەکی هونەریی؛ هێندە بەهێز گوزارشت لە بیرۆکەیەکی کۆمەڵایەتی ئاڵۆز و بەنرخ بکات کە بگاتە دڵی ملیۆنان کەس. هەروەها نووسەری شکۆدار دەتوانێت بە ناوەڕۆکێکی بەراوردکاری سادە و سەرەتایی بگاتە دڵی ئەم ملیۆنان کەسە؛ ڕەخنەگری مارکسیست دەبێ بەهایەکی زۆر بە نووسەرگەلی لەو شێوەیە بدات. لێرەدا سەرنجی تایبەتی ڕەخنەگری مارکسیست و یارمەتی ژیرانەش پێویستە. بەڵام بێگومان نابێت ئینکاری بەهای ئەو بەرهەمانە بکات کە بۆ هەموو کەسێکی خوێندەوار بە ڕادەیەکی پێویست؛ تێگەیشتنیان ئاسان نییە، کە ئاراستەی چینی سەرەوەی پرۆلیتاریا، ئەندامە ئاڵۆزەکانی حیزب، ئەو خوێنەرەی کە گەیشتووەتە ئاستێکی بەرچاو لەفەرهەنگ؛ دەکرێت . ژیان چەندین کێشەی گەرموگوڕ  دەخاتە بەردەم ئەم حیزبی ئەو خەڵکەی کە ڕۆڵێکی بێئەندازە گرنگ دەگێڕێت لە بنیاتنانی سۆسیالیزمدا؛ وە بێگومان نابێت ئەم کێشانە بەبێ وەڵامێکی هونەری بمێننەوە تەنها لەبەر ئەوەی هێشتا ڕووبەڕووی جەماوەری بەرفراوان نەبوونەتەوە یان لەبەر ئەوەی هێشتا ناتوانرێت بە فۆڕمی گشتگیر کاریان لەسەر بکرێت. بەڵام پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە ئێمە زۆر بە پێچەوانەوە ڕۆیشتین، نووسەرانمان سەرنجیان لەسەر ئەرکێکی ئاسانتر چڕکردووەتەوە – نووسین، بۆ بازنەیەکی فەرهەنگی لە خوێنەران لە کاتێکدا دووبارەی دەکەمەوە، ئەدەب بۆ باشبوونی ژیانی کرێکاران و جووتیاران، بە مەرجێک ئەدەبێکی بەتوانا و سەرکەوتوو بێت، دەبێ بە تایبەتی بەهایان پێ بدرێت.

دە

وەک پێشتر وترا ڕەخنەگری مارکسیستیش تا ڕادەیەکی بەرچاو مامۆستایە. ڕەخنەگرتن بێمانایە مەگەر ڕەخنەکە هەندێک چاکە، جۆرێک لە پێشکەوتن بەرهەم بهێنێت. وە دەبێت ئەم پێشکەوتنە چی بێت؟ یەکەم: ڕەخنەگری مارکسیستی دەبێ لە پێوەندی لەگەڵ نووسەردا مامۆستا بێت. تەواو ئەگەری ئەوە هەیە کە دەنگی تووڕە لەم بارەیەوە بەرز بکرێتەوە و بڵێت کەس مافی بە ڕەخنەگر نەداوە کە خۆی لە نووسەر بە باڵاتر بزانێت و هتد. کاتێک پرسیارەکە بە دروستی دادەڕێژرێت، ئەم جۆرە ناڕەزایەتیانە بە تەواوی بێبەها دەبن. یەکەم: بە سەرنجدان بەوەی کە ڕەخنەگری مارکسیست دەبێ مامۆستای نووسەران بێت، ئەوە بەدوای خۆیدا دێنێت کە دەبێ مارکسیستێکی لەڕادەبەدەر خاوەن ئیرادە بێت، کەسێکی زانا و سەلیقەی بێ ئیدانە بێت. دەوترێت ئێمە ڕەخنەگرێکی لەو جۆرەمان نییە یان تەنیا ژمارەیەکی زۆر کەم نەبێت. لە حاڵەتی یەکەمدا نەیارەکانمان هەڵەن؛ لە دووەمدا لە ڕاستییەکان نزیکتر دەبنەوە. بەڵام تەنها یەک دەرەنجام هەیە کە لەمەوە دەربهێنرێت؛ ئەویش ئەوەیە : پێویستە فێر بین. لە نیشتمانە گەورەکەماندا نیازپاکی و بەهرە کەم نابێتەوە، بەڵام فێربوونێکی زۆر سەخت هەیە کە دەبێ ئەنجام بدرێت. دووەم: بێگومان ڕەخنەگر نەك هەر نووسەر فێر دەكات بەبێ ئەوەی بە هیچ شێوەیەك خۆی بە باڵاتر بزانێت، بەڵكو زۆر شتیش لە نووسەرەوە فێر دەبێت. باشترین ڕەخنەگر ئەو کەسەیە کە بتوانێت بە سەرسامی و جۆش و خرۆشەوە لە نووسەر بڕوانێت و لەهەر ئاستێکدا نیازی باشی هەبێت بەرامبەری. ڕەخنەگری مارکسیستی دەتوانێت و دەبێ لە دوو ڕووەوە مامۆستا بێت بۆ نووسەر: یەکەم: دەبێت ئاماژە بە نووسەرە گەنجەکان بکات – و بە گشتی بۆ ئەو نووسەرانەی کە توانای ئەنجامدانی ژمارەیەکی زۆر هەڵەی فەرمییان هەیە – هەڵەکانی ناو بەرهەمەکانیان. جاران بە شێوەیەکی بەرفراوان دەگوترا کە ئێمە پێویستمان بە هیچ (بێلینسکی)یەک نییە، چونکە نووسەرانمان چیتر پێویستیان بە ڕێنمایی نییە. ڕەنگە ئەمە پێش شۆڕش ڕاست بووبێت، بەڵام دوای شۆڕش بە سادەیی دەبێتە شتێکی پێکەنیناوی، کاتێک جەماوەر سەدان و هەزاران نووسەری نوێ دێنێتە دەرەوە. ڕەخنەیەکی پتەوی ڕێنماییکەر، بێلینسکی هەموو عەیارەکان، ئەو کەسە بە ویژدانەی کە زانیارییەکی باشی لەسەر پیشە ئەدەبییەکەی هەیە – هەموو ئەمانە بە تەواوی جەوهەرین.

لە بەرامبەردا ڕەخنەی مارکسیست دەبێ بە مانا کۆمەڵایەتییەکەی مامۆستا بێت بۆ نووسەر. نەک هەر نووسەری غەیرە پرۆلیتاریا کە زۆرجار تەنیا منداڵێکە لە هەڵوێستە کۆمەڵایەتییەکانیدا، کەکاڵوکرچترین هەڵە ئەنجام دەدات لە ئەنجامی بیرۆکە سەرەتاییەکانی سەبارەت بە یاساکانی ژیانی کۆمەڵایەتی و تێنەگەیشتنی لە بنەماکانی سەردەم و هتد، بەڵام ئەمەش زۆرجار لەگەڵ نووسەرێکی مارکسیست و پرۆلیتاریاشدا ڕوودەدات. ئەمە وەک سووکایەتییەک بە نووسەر ناگوترێ، بەڵکو بەشێکی نزیکە لە ستایشکردنی. نووسەران بوونەوەرێکی هەستیارن، یەکسەر کاریگەرییەکانی واقیع لەسەریان ڕەنگ دەداتەوە. لە زۆربەی حاڵەتەکاندا نووسەران نە بەهرەیەکی تایبەتیان هەیە بۆ بیرکردنەوەی ئەبستراکت و زانستی و نە گرنگییەکی تایبەتیش بە بیرکردنەوەی ئەبستراکت و زانستی دەدەن : بێگومان هەر لەبەر ئەم هۆکارەیە کە هەندێکجار بە بێ تاقەتییەوە هەر پێشنیارێکی یارمەتی لەلایەن ڕەخنەگرەوە ڕەتدەکەنەوە. بەڵام زۆرجار دەتوانرێت ئەم جۆرە یارمەتییەی پێشکەش دەکرێت بەو شێوازە کەللەپووتییە ڕوون بکرێتەوە. بەڵام لە ڕاستیدا ئەوە رێک لە ئەنجامی هاوکاری نێوان نووسەرانی ناودار و ڕەخنەگرانی ئەدەبی بەهرەمەندە کە هەمیشە ئەدەبیاتی گەورە بەڕاستی سەریهەڵداوە و بەردەوامیش سەرهەڵدەدات.

یانزە

لە هەوڵی فێرکردنی سەرکەوتووانەی نووسەر، ڕەخنەگری مارکسیستی لەسەریەتی خوێنەرانیش فێر بکات. بەڵێ دەبێت خوێنەر فێری خوێندنەوە بکرێت. ڕەخنەگر وەک شرۆڤەکارێک، وەک ئەو کەسەی هۆشداری دەدات لە ژەهر کە ڕەنگە تامی شیرین بێت، وەک ئەو کەسەی کە توێکڵێکی ڕەق دەشکێنێت بۆ ئەوەی مروارییەکەی ناوەوە دەربخات، وەک ئەو کەسەی گەنجینەی لە سێبەر  نێژراودا دەدۆزێتەوە، وەک ئەو کەسەی کە هەموو خاڵێک دەکات بە خاوەندارێتی، کە گشتاندن لەسەر بنەمای مادەی هونەری دەکات – ئەمە ئەو ڕێنماییەیە کە ئێستا جەوهەرییە، لە کاتێکدا کە زۆر خوێنەری بەنرخ، بەڵام هێشتا بێ ئەزموون دەرکەوتوون. ئەمه پەیوەندی ڕەخنەگرە به ڕابردووی ئەدەبیاتی ڕووسی و جیهانییەوه و دەبێ بەو شێوەیه پەیوەندی به ئەدەبی هاوچەرخەوه هەبێت. بۆیە ئێمە جارێکی دیکە جەخت لەسەر ئەو داواکارییە ناوازانە دەکەینەوە کە سەردەمەکە لە ڕەخنەگری مارکسیستی دەخوازێت. ئێمە هیچ ئارەزوویەکمان نییە بە تێزەکانمان کەس بترسێنین. ڕەخنەگری مارکسیست دەتوانێت خاکییانە یان تەنانەت دەتوانێت بە هەڵە دەستپێبکات، بەڵام لەبیریەتی پێش ئەوەی بگاتە یەکەم نیشتنەوە دەبێت بە پلیکانەیەکی درێژ و بەرزدا سەرکەوێت و تەنانەت ئەو کاتەش دەبێت تەنها وەک شاگردێک سەیری خۆی بکات. بەڵام مەحاڵە حساب بۆ ئەو شەپۆلە زەبەلاحەی بەرزبوونەوەی کلتووری فراوانمان نەکەین، لەسەر کانیاوی ئەدەبی بەتوانا کە لە هەموو شوێنێکدا سەرهەڵدەدات؛ مەحاڵە باوەڕ نەکەین کە دۆخی ئێستا – کە بە تەواوی جێگەی ڕەزامەندی نییە – ڕەخنەی مارکسیزم بەم زووانە زۆر باشتر بەرەوپێش دەچێت.

دوانزە

حەز ئەکەم وەک دەرئەنجامێک دوو پرسیاری تر بوروژێنم . یەکەمیان؛ زۆربەی کات ڕەخنەگرانی مارکسیست تاوانبار دەکرێن بەوەی کە دادەبەزنە ئاستی ڕاگەیاندنەکان. ئێستا بەڕاستی جێی مەترسییە کە بە نووسەرێک بڵێین کە چێژ لە باوەڕە نا هۆشیارەکان و نیمچە هۆشیارە دژە بە شۆڕشەکان دەبێنێت. لەم دۆخانەدا کاتێک نووسەر بە ڕەگەزێکی نامۆ دەستنیشان دەکرێت، یان بەرەو ڕاست وەرچەرخاوە، یان کاتێک یەکێک لە نووسەرەکانمان بە هەندێک لادان یان شتی تر تاوانبار دەکرێت، ئەوکات سەرجەم ئیشەکە تا ئاستێک جێی گومان دەبێت، بەڕاستی خەڵکی دەپرسن ئەی مافی ڕەخنەگر نییە بڵێت کە ئەم یان ئەو نووسەرە لەڕووی سیاسییەوە جێی گومانە و یان لەڕووی سیاسییەوە دروست هەنگاو نانێت یان دووچاری شکستی سیاسیی بووە. ئێمە دەبێت بە تووندی ئەمجۆرە ناڕەزایەتییانە ڕەت بکەیەنەوە. ئەو ڕەخنەگرەی میتۆدی لەمشێوەیە دەگرێتە بەر بۆ یەکلاکردنەوەی کێشە شەخسییەکانی یان بە ئەنقەست بوختان کردن بەکەسێکدا، ئەوا ئەو ڕەخنەگرە شەڕانگێزە و ئەوجۆرە شەڕانگێزییانەش درەنگ یان زوو دەردەکەون. ئەوە ڕەخنەگری بێباکە کە ئەمجۆرە بوختانانە بێ بیرکردنەوە و بێ هیچ پێوەرێک دەبەخشنەوە. بەڵام ئەو کەسەی جەوهەری ڕەخنەی مارکسیستی دەشێوێنێت، لەبەرئەوەی دەترسێت بە دەنگی بەرز ئەنجامی لێکدانەوە کۆمەڵایەتی و بابەتییەکانی رابگەێنێت،پێویستە لەڕووی سیاسییەوە بە خەمسارد و نێگەتیڤ وەسف بکرێت.

ئەمە بەو مانایە نییە کە ڕەخنەگری مارکسیستی بەدەنگی بەرز هاوار بکات و بڵێت : ئاگادار بن! خۆ ئەمە بانگەوازێکی دەزگا فەرمییەکانی دەوڵەت نییە، بەڵکوو ئەمە هەڵسەنگاندنێکی بابەتییانەیە بۆ بەها و بنیادنانی هەندێک کار و شتی لەوجۆرە. نووسەر دەبێت خۆی لە دەەنجامەکان قورتار بکات و هەڵەکانی ڕاست بکاتەوە. ئێمە لە بواری ململانێی بیروڕاکانداین. ناکرێت کەسێکی خاوەن ویژدانی کۆمۆنیستی و ڕاستگۆ، ئینکاری سروشتی خەبات لە پرسی ئەدەبی ئێستا و هەڵسەنگاندنی بکات.

سیانزە

دواجاریش ئەم پرسیارە : ئایا مشتومڕ یان(گفتوگۆ)ی تاڵ و زبر ڕێگەپێدراوە؟ بەشێوەیەکی گشتی، گفتوگۆی تووندوتیژ سوودبەخشە لەبەر ئەوەی خوێنەر بە سەرنجەوە دەهێڵێتەوە. بابەتی مشتومڕ بەتایبەت لەو شوێنانەی کە هەردوو لا هەڵەن و هەموو شتەکانی تر یەکسانن، کاریگەرییەکی زیاتری لەسەر جەماوەر هەیە و باشتریش تێی دەگەن. بێجگە لەمەش بوونی روحی جەنگین لەلای ڕەخنەگری مارکسیستی  وەک شۆڕشگێڕێک پاڵی پێوە دەنێت بۆ گوزارشتی تووند لە بیروباوەڕەکەی، بەڵام لەهەمان کاتیشدا دەبێت ئەوەمان بیر نەچێت شاردنەوەی لاوازییەکان بەبیانووی درەوشاوەیی جەدەلی، یەکێکە لە هەڵە گوناهەکانی ڕەخنەگر. بەگشتی، کاتێک کە ئارگیومێنتگەلێکی زۆر لەئارادا نین بەڵکو کۆمەڵێک تێبینی توندڕەوی جۆراوجۆر، بەراوردکردن، هاوارکردنی گاڵتەجاڕانە و پرسیاری فێڵبازانە، ئەوا ڕەنگە کاریگەرییەکە دوولایەنە بێت بەڵام بە هیچ شێوەیەک جددی نەبێت. ڕەخنە دەبێ بۆ خودی ڕەخنە کارپێکراو بێت، چونکە ڕەخنەی مارکسیستی لە هەمان کاتدا زانستییە، و بە جۆرێک کارێکی هونەرییە. توڕەیی باشترین ڕێنوێنیکەر نییە لە ڕەخنەدا و زۆر جار مانای ئەوەیە ڕەخنەگرەکە هەڵەیە.

دەبێت دان بەوەدا بنێین کە هەندێک جار نوقورچەگرتنی گاڵتەئامێزییانە و قسەی ناشیرین لە دەرەوەی دڵی ڕەخنەگرەکەوە دەدڕێت. گوێی کەم تا زۆر تێگەیشتوو لە ڕەخنەگرێک یان خوێنەرێک یان بە تایبەتی نووسەرێکی دیکە؛ هەمیشە دەتوانێت جیاوازی بکات لە نێوان تووڕەیی سروشتی و سنووری بەدخوازی. لە هەوڵە بنیاتنەرەکانماندا دەبێت تا دەتوانین خراپەکاری کەم بێت. نابێت تێکەڵ بە ڕق و کینەی چینایەتی بکرێت. ڕقی چینایەتی بە مەبەستەوە لێدەدرێت، بەڵام وەک هەورێک بەسەر زەویدا و لە سەرووی خراپەکاری کەسییەوەیە. بەگشتی ڕەخنەگری مارکسیست، بەبێ ئەوەی بکەوێتە ناو ئاسانکاری دڵخۆشەوە، کە لەلایەن خۆشییەوە زۆر هەڵەیە، دەبێت بە شێوەیەکی پێشوەختە ئاسانکار بێت. چێژی باڵای ئەو دەبێت لە دۆزینەوەی ئەرێنی و ئاشکراکردنی بۆ خوێنەر بە هەموو شکۆمەندیەکەیەوە بێت. یارمەتی دەبێ یەکێکی دیکە لە ئامانجەکانی بێت – لە کەناڵکردن و ئاگادارکردنەوە – و تەنیا بە دەگمەن پێویستە هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی خراپەکارەکە بدات بە تیری کونکەری پێکەنین یان سووکایەتی یان بە ڕەخنەی سەرسەخت، کە دەتوانێت بە ئاسانی هەر غەیرە بوونێکی پفکراو لەناو ببات.

١٩٢٨

 ئەناتۆلی ڤاسیلیڤیچ لۆناشارسکی ڕەخنەگری ڕووسی شۆڕشگێڕ و یەکەمین وەزیری ڕۆشنبیری حکومەتی شوراکانی خەڵک لە یانزەی تشرینی دووەمی ساڵی ١٨٧٥ لە شاری پۆلتاڤا لە ئۆکرانیا لە ئیمپڕاتۆریەتی ڕووسیا لە دایک بووە. لەتەمەنی پانزە ساڵی ئاشنایەتی لەگەڵ مارکیسیزم پەیدا دەکات و دەبێتە هەڵگری ئەو بیروباوەڕە. بۆ ماوەی دوو ساڵ لە زانکۆی زیورخ دەخوێنێ بێ ئەوەی بڕوانامە بەدەست بهێنێت. ئەو کاتەی لە زانکۆ دەبێت هەریەک لە ڕۆزا لۆکسەمبۆرگ و لیۆ جۆگیش دەناسێت و پەیوەندی دەکات بە حیزبی کرێکارانی سۆشیال دیموکراتی ڕووسیاوە. لە مانگی شوباتی ساڵی ١٩٠٢ لەگەڵ ئەلکسەندەر بوگدانۆڤ دەژێت و دواتر لەگەڵ خوشکی بۆگدانۆڤ هاوسەرگیری دەکات. ساڵی ١٩٠٣ کاتێک حیزب دەبێتە دوو بەش؛ بەلشەفیکەکان و مەنشەفیکەکان، لۆناشارسکی لایەنگیری بەلشەفیکەکان دەکات بە ڕابەرایەتی لینین. ساڵی ١٩٠٧ بەشداری کۆنگرەی شۆشیالیستی نێونەتەوەیی دەکات. ساڵی ١٩٠٩ لەگەڵ بۆگدانۆڤ و مەکسیم گۆرکی دەستیان کرد بە وانە وتنەوە لە قوتابخانەی کرێکارانی سۆسیالیستی ڕووسی و تا ساڵی ١٩١١ بەردەوام بوون. ساڵی ١٩١٣ دەچێتە پاریس و حەلقەی فەرهەنگی پرۆلیتاریا دادەمەزرێنێت. دوای هەڵگیرسانی جەنگی جیهانی یەکەم لۆناشارسکی شانبەشان لینین و لیۆن ترۆتسکی هەڵوێستی دژەجەنگی وەردەگرێت. ساڵی ١٩١٥ لەگەڵ پاڤێڵ پۆلیانسکی ڕۆژنامەی بۆ پێشەوەی سوشیال دیموکرات دەردەکەنەوە و پێ لەسەر فەرهەنگی پرۆلیتاریا دادەگرن. دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئۆکتۆبەر دەگەڕێتەوە ڕووسیا و دەبێتە وەزیری ڕۆشنبیری حکومەتی سۆڤیەت و تا ساڵی ١٩٢٩ بەردەوام دەبێت. ساڵی ١٩١٩ شانۆی درامای بەلشەفی لەگەڵ مەکسیم گۆڕکی و ئەلکسەندەر بلۆک و ماریا ئەندەریاڤ دادەمەزرێنێت. دواجار ئەم ڕەخنەگرە مارکسیستە شۆڕشگێڕە لە بیست و شەشی کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٣٣ بۆ یەکجاری ماڵئاوایی لە مارکسیزم و شۆڕش و پرۆلیتاریا دەکات.

تێبینی : ئەناتۆلی ڤاسیلیڤیچ لۆناشارسکی ئەم نووسینەی لە ساڵی ١٩٢٨ دا نووسیوە و دواتر لە کتێبی  دەربارەی ئەدەب و هونەری پێشکەتووخواز لە ساڵی ١٩٧٣ بڵاوبۆتەوە.

سەرچاوەکان :

Thesese on the Problems of Marxist Criticism

Harrison Fluss for marxists.org, February 2008.

https://en.wikipedia.org/wiki/Anatoly_Lunacharsky

mm

ساڵی 1964 لە شاری کەرکوک لە دایک بووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی وپاشان پەیمانگای تەکنەلۆجیای لە ساڵی 1986 هەر لە کەرکوک تەواو کردووە. لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردووەوە شیعر دەنووسێ و لە زۆربەی گۆڤار و رۆژنامەکانی کوردستان و دەرەوەی کوردستان و سایتە ئەلەکترۆنییەکان شیعر و وتاری رەخنەیی ئەدەبی و سیاسی و جەماوەری بڵاو کردۆتەوە.

Previous
Next
Kurdish