Skip to Content

زمانی داڕشتنی هەواڵ لە میدیاكاندا.. سەدیق سەعید ڕواندزی

زمانی داڕشتنی هەواڵ لە میدیاكاندا.. سەدیق سەعید ڕواندزی

Closed
   
                                 

لە هەرێمی كوردستاندا، لە ماوەی سی و چوار ساڵی ڕابردووی دەسەڵاتی كوردی، هیچ هەوڵێك نەدراوە بۆ یەكخستن و بەرجەستەكردنی زمانی فەرمی دەوڵەت، یاخود زمانێكی ستاندارد كە لە نووسین وداڕشتن، وەك زمانی هاوبەش و یەكگرتووی كوردی بەلایەنی كەمەوە لەوبەشەی كوردستان پەیڕەو بكرێت. لەو ڕوانگەیەوە دەبینین كە زمانی داڕشتن و نووسین لە دەزگا ڕاگەیاندنەكان و بڵاوكراوەكانی ئێمەدا، زمانێكی یەك جۆر و یەك شێوە نییە. لە ڕاستیدا یەكخستنی زمان بە پلەی یەكەم ئەركی حكومەتە كە لە ڕێگەی نێوەندە ئەكادیمییەكان و لە چوارچێوەی پلانی فەرهەنگی كاری لە سەربكات، یاخود چەندین ڕێنمایی و ڕاسپاردە بە مەبەستی یەكخستنی زمانی نووسین و دەربڕین لە ڕاگەیاندنەكاندا دەربكات، بەڵام كاتێ گرنگیدان بە زمان لەپلانی حكومەت نابێت، ئەوا بەرپرسیاریەتییەكە دەكەوێتە ئەستۆی دەزگا ڕاگەیاندنەكان كە كار بۆ بە ستانداربوونی زمان بكەن.
مەرج نییە ڕێكخستنی زمان هەرتەنها بە بڕیاری سیاسی بێت، بەڵكو دەتوانرێت لە ڕێگەی نووسینەوە زمانی هاوبەش بێتە كایەوە. شكسپیری نووسەری گەورەی ئینگلیز و جیهان، لە ڕێی بەرهەمەكانییەوە ڕۆِڵێكی هەرە گەورەی لە پێشخستن و بە ستانداربوونی زمانی ئینگلیزیدا بینی، یاخود زمانی فەرمی ئێستای فەرەنسا، لە بنەڕەتدا زمانێكی زۆر لۆكالی و بچووك بوو كە لە خوارووی پاریسەوە، لە ناوچەیەكی جوگرافی زۆربچووك بەكار دەهات، كەچی دواجار بووە زمانی فەرمی وڵات، بەڵام دەزگاكانی ئێمە و بگرە بەشێكی نووسەرانیش، بە هۆی نووسینەكانیانەوە ئەوەندەی تر زمانی كوردی پەرپووتترو وێرانتر دەكەن، بەو پێیەی كەمترین یاخود هیچ شارەزایەكیان لە سەر زمان و بونیادی ڕێزمان و داڕشتنی ڕستە نییە. ئەمە وێرای نەبوونی زانیاری لە سەرئاماژە و ماناكانی وشە، چونكە مەرج نییە ئەوەی نووسەربێت یاخود چەند كتێبێكی وەرگێڕابێت ئیدی شارەزایی لە هەموو كە لە بەرێكی زماندا هەبێت. لەو سۆنگەیەوە، لە دەزگاكانی ڕاگەیاندن، هەواڵ هەرتەنها داڕشتنی ڕستە و چەند دەربڕینێك نییە، بەڵكو گەیاندنی ماناو پەیامە. كاتێ بە وردی سەرنج لە زمانی هەواڵ و داڕشتنی هەواڵیش دەدەین لە بەشێكی زۆری میدیاكاندا، ئەوكات درك بەوە دەكەین كە لە بەرامبەر چ وێرانكاریەكی زمانی كوردی داین.
بە داخەوە بەشێك لە كەناڵەكانی ڕاگەیاندن بە بێ لە بەرچاوگرتنی هیچ بنەمایەكی واتایی و زمانەوانی هەواڵ دادەڕێژن، بە بێ ئەوەی زانیاریی وردیان لە ڕووی ناوەڕۆكی هەواڵەكە و پەیوەندی هەواڵ بە ڕووداو، یان ژینگەی كۆمەڵایەتی و ژیارییەوە هەبێت. میدیاكانی ئێمە، زۆرجار هەڵەی هێندە زەق و نابابەتی و زمانەوانی دەكەن، كە ڕەنگە لە ڕووبەرە كۆمەڵایەتیەكەدا و لە نێو پەیوەندی میللی و جەماوەریدا، ئەم جۆرە هەڵانە نەكرێن. بۆ نموونە: دەیان جار گوێبیستی ئەوە بوومە كە ڕۆژنامەنووسێك لە میانەی ڕووماڵی خنكانی هاووڵاتییەكدا، گوتوویەتی:( خۆشبەختانە تەرمی ناوبراو دۆزرایەوە !) ئەم ڕۆژنامەنووسە، بە تێگەیشتنی خۆی بۆیە خۆشحاڵی دەردەبڕێت، چونكە دواجار تەرمەكە دۆزراوەتەوە، واتا ئەوەی لێرەدا بە خەیاڵی دادێت تەرمەكەیە، نەك ئەوەی مرۆڤێك لەو نێوەندەدا بە داخەوە مردووە و مردنیش ڕووداوێكە، پێویستی بە هاوسۆزیی مرۆیی، دڵتەنگی و هاوبەشی خەم و نیگەرانییەوە هەیە و نابێ مردنی خەڵكی ئاسایی ببێتە جێی دڵخۆشی مرۆڤ! یاخود دەنووسن:( تەرمی ناوبراو بە مردوویی دۆزرایەوە) تەرم خۆی ئاماژەی ئەوەیە كە مردووە، یەكێك بمرێت هەردەبێ تەرمەكەی بە بێ گیان مابێت، مەگەر كەسی زیندوو تەرمەكەی بە زیندووی لەوێ دەكەوێت؟! یاخود دەپرسن (چۆن مامەڵە لە گەڵ گەرما دەكەی؟) ئەوانە وا دەزانن گەرما كاڵایە تا سەودا و مامەڵەی لەگەڵ بكرێت. لە ڕاستیدا گەرما شتێكی بەرجەستەیی نییە تا مامەڵەی لەگەڵ بكرێت ! مرۆڤ مامەڵە لەگەڵ گەرما ناكات، بەڵكو خۆی لێ دەپارێزی. ئێمە بەشێوەیەكی نا بەرجەستەیی بەرگەرما دەكەوین و هەستی پێ دەكەین، بۆیە دەبێ بپرسین چۆن خۆت لە گەرما دەپارێزی؟ مەگەر لە زستانیش ئەو پرسیارە ناكرێت چۆن خۆت لە سەرما دەپارێزی؟ تا ئێستاش زۆربەی هەرە زۆری دەزگا ڕاگەیاندنەكانی ئێمە، شوناسی كۆمەڵایەتی و پیشەیی چین و توێژەكان لە یەكتری جیا ناكەنەوە، دەنووسن:( چینی قوتابی، چینی مامۆستا، چینی ئافرەتان، چینی پارێزەران و پزیشكان) لە كاتێكدا لە بنەڕەتەوە كۆمەڵگە دوو چینی هەیە ئەوانیش (چینی پرۆلیتار و چینی سەرمایەدارن) و ئەوانی تر هەموویان توێژن، بۆیە دەبێ بگوترێ توێژی لاوان، خوێنكاران، مامۆستایان، پزیشكان. تەنانەت ئەو كەناڵەشی كە گوایا خۆی پێ یەكەمی بێ ڕكابەرە، زۆرجار هەڵەی زمانەوانی و بابەتی وا دەكات، كە ڕاگەیاندنە زۆر لۆكال و ئاساییەكانیش نایكات! بۆ نموونە دەنووسن: (100دۆلاربەرانبەرئەوەندە دینارە) بەرانبەر چ مانایەكی لە و ڕستەیە هەیە ؟ چۆن سەد دۆلار، بەرانبەر ئەوەندە دینارەیە؟ ئایا هەردووكیان بەرانبەر یەكتری ڕادەگرین؟ بەراوردیان دەكەین؟ كێشی قەبارە و پێوانەیان دەكەین؟ بێگومان دراو بەهای هەیە، بۆیە دەبێ بنووسن: (بەهای سەدی دۆلاری ئەمریكی یەكسانە بە سەد هەزاردیناری عێراقی) چونكە پارە، نرخی كاڵاكان دیاری دەكات و خۆی نرخی نییە، بەڵكو بەهای ماددی هەیە . بەشێكی زۆر لە میدیاكان، تا ئێستاش پلەی سەربازی ئەفسەران لە یەكتری دەرناكەن. پلەی ئەفسەرەكە لیوایە، دەنووسن عەمید، عەمیدە دەنووسن عەقید، فەریقە دەنووسن فەریقی یەكەم ! سەیر لەوەدایە ئەم هەڵانە گەلێك جار لە كەناڵە ئاسمانییەكان دەكرێن، كە پەخشیان بۆ ملیۆنان مرۆڤی دەرەوە دەڕوات ! كە ئەمەش لە ڕووی میدیا و زمانی كوردی بە گشتی خەوشێكی گەورەیە. ئەگەر نموونەی تر بێنمەوە، ئەوەندەن ڕەنگە بە وتارێك تەواو نەبن. بە داخەوە كاركردن لە ڕاگەیاندنەكان و پیشەی ڕۆژنامەنووسی بووە بە دیاردە. لە كاتێكدا دەبێ ڕۆژنامەنووس ئەنسكلۆپیدیا بێت، بۆ ئەوەی نەكەوێتە ئەو هەڵانەی لە سەوەرە ئاماژەمان پێداون. دەبێ ئەوەندە پاشخانێكی ڕۆشنبیری گەورەی هەبێت، كاتێ سەرنجی پلەی سەربازی ئەفسەرێك دەدات، بزانێت پلەكەی چییە؟ دەبێ نرخ و بێ بەها لە یەكتری جیا بكاتەوە! بزانێت مامۆستا توێژە نەك چین ! ئەمەش ئەركی دەزگا ڕاگەیاندنەكانە، كە كەسانێكی ڕۆشنبیر، زمانزان، پڕ زانیاریی لە میدیاكاندا بكەنە ڕۆژنامەنووس و پەیامنێر، بۆ ئەوەی لە كاتی ڕووماڵی هەواڵێك نەكەونە هەڵەوە و یان بای ئەوە ڕۆشنبیریی گشتیان هەبێت، بزانن هەواڵ و زمانی هەواڵ چۆن دەگەیەنرێت، ئەمە لەلایەك، لەلایەكی دیكەوە، گرنگە دەزگا ڕاگەیاندنەكان، زمانزانێكیان هەبێت و وەك فلتەری زمان و داڕشتن، هەواڵ و نووسینەكان، هەڵبسەنگێنێت و لە ڕووی واتاییەوە، لێكدانەوە بۆ داڕشتنی ڕستە و دەربڕینەكان بكات، بەو مانایەی هەر تەنها شێوەی زمانیان لە ڕووی ڕێزمانییەوە بەلاوە جێی مەبەست نەبێت، بەڵكو ناوەڕۆكەكەی چۆن ئاراستە دەكرێت، ئەوەیان گرنگە.

*ئەم بابەتە لەڕۆژنامەی كوردستانی نوێ ژمارە (9485) لە 27/ 8/2025 بڵاوكراوەتەوە.

mm

سەدیق سەعید ڕواندزی، لە ساڵی 1972 لە شارۆچکەی ڕواندز لە دایکبووە. خوێندنی سەرەتایی و دواناوەندی هەر لەو شارە و ساڵی 1993 _1994، بەشی کوردی _ پەیمانگای مەڵبەندی مامۆستایانی لە هەولێر تەواو کردووە. هەر لە ڕواندز دەژیت و خولیایەکی گەورەی بۆ کتێب و خوێندنەوە هەیە و زۆرجاریش وەک خوێنەرێک سەرنجەکانی لە بارەی پرس و بابەتە ئەدەبی و ڕۆشنبیرییەکان و کتێب و تێکست دەخاتە ڕوو.

Previous
Next
Kurdish
Powered by TranslatePress