Skip to Content

سوودەکانی وێنەکێشان بۆ منداڵان.. محەمەد بەرزی

سوودەکانی وێنەکێشان بۆ منداڵان.. محەمەد بەرزی

Closed
by تشرینی یه‌كه‌م 3, 2023 General, Kids Literature

بە گشتی لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا منداڵان زیاتر حەزیان لە سەیرکردنی تەلەفزیۆن و ڤیدیۆ و یارییە ئەلکترۆنییەکانە ، کە سوودیان زۆر کەمترە لە وێنەکیشان ، چونکە وێنەکیشان دیاردەیەکی هیوا بەخشە ، مێشکی منداڵان چالاک دەکات ، شێوازێکە بۆ دەربڕینی تێگەیشتنی خۆیان دەربارەی جیهان و هەموو ئەو شتانەی گرنگن لایان . یان کردارێکە ، کە هەموو منداڵیک لە تەمەنی دە مانگییەوە تا تەمەنی گەورەیی ، بە شێوەیەکی سروشتی بەشداری تێدا دەکەن ، بە تایبەتی لەو کاتەوەی بۆ یەکەمجار پێنووس دەگرن بە دەستییانەوە و لەسەر پارچە کاغەز و ڕووبەرێکی بەردەمیان هێڵێک ، یان چەند هێڵێکی خواروخێچی ڕەنگاوڕەنگ دەکێشن و بە ڕەنگەکانیش سەرسام دەبن . سەرئەنجامیش بە شێوەیەکی خۆرسکی بەشداری لە وێنەکێشاندا دەکەن و لەگەڵ بەسەرچوونی کاتدا پەرە بەو هێڵانە دەدەن . پاشان وردە وردە وێنەکانیان باشتر و جوانتر دەبێ و سەرەتایەکیش دەبێ بۆ فێربوونی نووسین . بە گشتیش سوودەکانی وێنەکێشان بریتیین لەم خاڵانەی لای خوارەوە :

١- وێنەکێشان ماسولکەکانی دەست و پەنجەکانی منداڵان بەهێز دەکەن ، وەرزشێکە بۆ ماسولکە گەورەکانی شان و قۆڵیان ، لە ئەنجامیشدا مەشقی جوڵاندنی دەست و پەنجەکانییان ، یارمەتیدەرێکی زۆر چاکن بۆ فێربوون و ئاسانکردنی نووسین . هەر بۆیە پیویستە بە گوێرەی توانا ، ئامراز و
کەرستەی جۆراوجۆریان بۆ دابینبکرێت ، تا هێزی پەنجە و گرتنی پێنووس و جووڵەی دەستیان باشتر بێت و بتوانن فێری نووسین بن .
٢ – لە سەرەتای منداڵیدا بە خێرایی پەیوەندی لە نێوان دەمارەکانی مێشکی منداڵدا دروست دەبێ . کاتێک وێنە دەکێشن زۆرێک لە هەستەکانییان بەکاردەهێنن ، بەمەش مێشک دەکەوێتە بیرکردنەوە ، وەک ناسینەوەی ڕەنگ و نەخش و هێڵکاری … و هتد . بەگشتیش وێنەکێشان و ڕەنگکردن ، نیشانەی گەشەکردنی ئاستی بیرکردنەوەی منداڵانە و مێشکیان ڕادەهێنن باشتر و وردتر بیربکەنەوە و پەرە بە بەهرە و داهێنانەکانیان بدەن .
٣ – وێنەکێشان وا لە منداڵ دەکات چاوەکانی بە ئاڕاستەی جوڵاندنی دەستەکانی بەکاربهێنێ . هەماهەنگی چاو و دەستیش خۆی لە خۆیدا وەرزشێکە و سودی بۆ نووسین و خوێندنەوە و کاری ڕۆژانە هەیە ، وەک گرتنی : پێنووس ، کەوچک ، چەقۆ ، چەتاڵ ، فڵچەی دان و بەکارهێنانی ئامێرەکانی مۆسیقا و پۆشینی جلوبەرگ و داخستن و کردنەوەی قۆپچە و بەستن و کردنەوەی قەیتانی پێڵاوەکانیان .
٤ – لە ڕێگای وێنەکێشانەوە هەلی پەیوەندی لە نێوان وشە و ئەو وێنانەدا دروستدەبێت ، کە دەیکێشن و ناویان لیێ دەنێن . زۆرجار لەگەڵ گەورەکان و هاوتەمەنەکانیاندا باسی ئەو وێنانە دەکەن ، کە دەیانەوێت ئەنجامی بدەن . لەکاتی وێنەکێشانیشدا بیر لەو وشانە دەکەنەوە ، کە لە مێشکیاندایە . دوای تەواو بوونیێش باسی وێنەکان دەکەن . گفتوگۆش دەربارەی وێنەکانیان پەرە بە تواناکانی زمانیان دەدات ، کارێکیش دەکات بە شێوەی زارەکی بیرۆکەکانییان دەرببڕن . بێگومان وا باشترە داوا لە منداڵان بکرێت سەیری وێنەکانیان بکەن و هەر خۆشیان ناویان لیێ بنێن .
٥ – هونەری وێنەکێشان ئاسۆی خەیاڵی منداڵان فراوان دەکات . مێشکی بچووکیان دەست دەکەن بە تێگەیشتن لە جۆرە جیاوازەکانی ڕەنگەکان ، بە تایبەتی کاتێک ڕەنگەکان تێکەڵ دەکرێن . لەوەش دەگەن کاتێک دەست لە پێنووس دادەگرن ، هێڵەکان تۆختر دەبن ، کاتێکیش دەست سـووک دەکــەن کـاڵ دەبنەوە .
٦ – لە تەمەنێکی بچووکدا چێژ لە وێنەکیشان و ڕەنگکردن وەردەگرن ،
ئەمەش کارێک دەکات منداڵ بیربکاتەوە و باشتر وردبێتەوە و زووتریش فێری نووسین و خوێندنەوە بێ و پێویستی بە کاتی زۆر و بێزارکەری بۆ ئەو دوو بوارە نەبێ . لە ڕاستیدا توێژینەوەکانیش زۆر بە جوانی ئەو ڕاستییەیان سەلماندووە ، ئەو خوێندکارانەی خەریکی وێنەکیشان و هونەرن ، لە چاو ئەو منداڵانەدا ، کە بەلای وێنەکێشاندا ناچن ، لە بابەتەکانی : بیرکاری و زانست و دۆزینەوەی چارەسەری کێشەدا ، ئاستێکی زۆر بەرز و باشتریان هەیە .
٧ – منداڵان لە کاتی وێنەکێشاندا ئاشنای شێوە جیاوازەکان دەبن . دروستکردنی ئەو شێوانەی ، کە چەمکی بیرکاری لە خۆ دەگرن ، کارێک دەکەن تا ڕادەیەک لە ئەندازە تێ بگەن . ئەمەش یارمەتی منداڵان دەدات بۆ ڕێکخستنی زانیارییە بینراوەکان و گرنگی دان بە وردەکارییەکان . هەر بۆیە واباشترە باسی ئەویان بۆ بکرێت ، کە خۆر لە تۆپی باسکە دەچێت ، یان هەندێک شەو مانگی ئاسمان لە بازنەیەکی تەواو دەچێت و هەندێک جاریش لە نیوبازنەیەکی چەماوە دەچێت . پاشان یارمەتییان بدرێن شێوەکانی دەوروبەریان بناسنەوە و لەسەر کاغەزیش وێنەیان بکێشن .
٨ – وێنەکیشان و ڕەنگکردن کاریگەریان لەسەر هێورکردنەوە و پاراستنی تەندروستی دەروونی منداڵاندا هەیە ، هەر بۆیە پێویستە یارمەتییان بدرێن و بە شارەزایی ڕینموونی بکرێن ، تا وێنەکێشان ببێت بە بەشێک لە خولیاکانییان و لە کاتی پەستی و بێزاریدا خەمەکانییان لە بیربکەن .
٩ – منداڵی بچوک لە هەندێک شت تێناگات ، وەک دووری ، بەراوردکردنی قەبارە و جیاوازی نێوان پێکهاتەکان . بێگومان وێنە کێشان دەرفەتێکی تەواو بۆ منداڵ دەڕەخسێنێت ئەو چەمکانە فێربێ . هەر بۆیە وا چاکە هانی منداڵ بدرێت ئەو جۆرە وێنانە بکێشێت ، کە جیاوایان لە نێواندا هەیە . وەک : وێنەی گەورە و بچوک ، ڕاست و خوار ، زبر و ساف و دوور و نزیک و… هتد.
١٠ – منداڵ ئەو توانایەی نییە بە وشە هەستەکانی خۆی دەرببڕێت . بێگومان وێنەکیشان ڕێگا دەدات بە منداڵ هەست و بیرکردنەوەکانی دەرببڕێت . جگە لە دەربڕینی هەستەکانی ، دەتوانێ خەیاڵەکانیشی بخاتە بەرچاوی هاوڕیێ و ئەندامانی خێزانەکەشی . ڕۆڵێکی سەرەکیشی هەیە بۆ پەرەپێدانی کەسایەتییەکەی و بە ئاسانیش پەیوەندی لەگەڵ دایک و باوک و هاوتەمەن و دراوسێکانی دا بۆ دروست دەکات .
١١ – وێنەکێشان یارمەتی منداڵان دەدات تواناکانی جوڵەی ورد ( دقیق ) ی دەست و چاوەکانیان باشتر بێ . دیارە جوڵەی وردیش بریتییە لە بەکارهێنانی جوڵەی مەچەک و دەست و پەنجەکان بۆ : پۆشینی جلوبەرگ ، خواردن ، پاککردنی سەوزە و میوە ، بەکارهێنانی مەقەست ، ڕێکخستنی کەلوپەلەکان ، ژەنینی ئامێرەکانی مۆسیقا و وەرزشکردن و .. هتد. بێگومان وێنەکیشان هۆکارێکە بۆ پەرەپێدانی ئەو جوڵەیە .
١٢ – دروستکردنی پێشانگایەکی تایبەت لە ناو ماڵدا ، وەک دانانی وێنەکانی منداڵان لەسەر دیوار ، یان لە شوێنێکی دیاریکراوی ماڵدا ، ورە و خولیا و ئارەزووی منداڵ بەرزدەکەنەوە و زیاتر باوەڕیان بە خۆیان دەبێ ، پاڵنەرێکیش دەبی بۆ بەردەوامی و دروستکردنی وێنەی نوێ ، لە هەمان کاتدا دیکۆرێکی جوانی دڵڕفێنیش بۆ ماڵەکە زیاد دەکات . پاشان ئەگەر منداڵەکەت توانا کێبڕکێی هەبوو ، وا باشترە لە پیشانگاکاندا هاوبەشی بکات ، تا وزە و حەز و ئارەزووی زیاتر بێ و بە شەوقەوە بەردەوام بێ .
لە دوجاردا و بۆ ئەوەی هانی منداڵەکەت بدەی لە وێنەکێشاندا بەردەوام و سەرکەوتوو بێ ئەوا :
١ – هەموو پێویستییەکانی وێنەکێشانی بۆ دابین بکە .
٢– وێنەی لەگەڵدا بکێشە ، تا بزانێ تۆش حەز و ئارەزووی وێنەکێشانتان هەیە.
٣ – گرنگی تەواو بدە بە وێنەکانی ، پرسیار و قسە لەسەر شێوە و ڕەنگ و هیڵ و بیرۆکەی وێنەکانی بکە .
٤ – پرسیاری ئەوەی لێ بکە بەنیازە لە داهاتوودا چ وێنەیەک دەکێشێت ، تا هاندەرێک بێت بۆ بەردەوامی و وێنەی زیاتر .
٥ – نابێ بەهێج جۆرێک وێنەیەکی دیاریکراوی بەسەردا بسەپێنیت ، پێویستە خۆی لە وێنەکیشاندا بە تەواوی ئازادبێ .
٦ – وەک سایە لە دەوری بە ، هانی بدە و وێنەکانی بە هەند وەربگرە ، هەمیشە دەرگای دڵ و مێشکی خۆتی بۆ بخەرە سەر پشت ، تا ئەستێرەی بەختی بەرەو دواڕۆژێکی گەش و ڕووناک بکشێت .


تێبینی : ئەم بابەتە لە چەند سایتێکی ئینگلیزییەوە وەرگیراوە . وێنەکەش منداڵە جوانەکانی ( باخچەی دڵسۆزی ) ی سلێمانییە .

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish