Skip to Content

ڕۆمانی باڵندەکانیش دەنیشنەوە و سەرنجێکی کورت.. سەدیق سەعید ڕواندزی

ڕۆمانی باڵندەکانیش دەنیشنەوە و سەرنجێکی کورت.. سەدیق سەعید ڕواندزی

Closed
by تشرینی دووه‌م 20, 2022 General, Literature

هیچ ژانرێکی ئەدەبی وەکو ڕۆمان، پێویستی بە وردەکاریی لە چنینی ڕوداوەکان و گێڕانەوە و وەسف نییە. بە جۆرێک کە ڕۆمان، بە هونەری گێڕانەوە و وردەکارییەکان دەناسرێت. بە بڕوای من، ڕۆماننووس وەک ئەو ئەندازیارەیە، کە نەخشەی کارێکی ئەندازەیی ڕێک دادەڕێژێت و ئەگەر بچووکترین لایەنی ئەو نەخشە و ئەندازەسازییە لە بەرچاو نەگرێت، ئەوا ڕەنگە کارێکی هونەری سەرکەوتوو، نەخشەیەکی هونەرییانەی جوان دەرنەچێت. ڕۆمانیش بە هەمان شێوە، ئەگەر ڕۆماننووس لە گێڕانەوەی ڕووداوەکان و وەسف و نیشاندان و ناساندنی کارەکتەرەکان، بەو شێوەیە ورد نەبێت، بێگومان دەکەوێتە هەڵەی وەها کە خۆشی درکی پێ ناکات. لە میانەی ئەزموونی خۆم وەک خوێنەرێک و لە پەراوێزی خوێنەوەی ڕۆمانەوە، گەیشتوومەتە ئەو بڕوایەی، کە زۆربەی هەرە زۆری ڕۆماننووسەکانی ئێمە، لەو وردکارییە شارەزا نیین و دەکەونە هەڵەوە. بە جۆرێک وەسفی شتێک دەکەن، کەچی لە درێژەی ئەو وەسفەدا، بێ ئەوەی هەستی پێ بکەن، دەکەونە هاودژییەوە. ڕۆماننووسەکانی ئێمە، زۆر جار(وەسف) کە توخمێکی سەرەکی و بنەڕەتی ژانری چیڕۆک و ڕۆمانە، وەک پێکهاتەیەکی هونەری و یەک وێنەیی دەبینن و ناچنە نێو ئەو وردەکارییەی کە دەبێ لە نێو ئەو وەسفەدا هەبێت. بۆ نموونە: تۆ کە باسی وەرزی زستان دەکەیت، دەبێ ئەوەت لە خەیاڵ بێت، کە بەفر و باران و ڕەهێڵەش لە زستان هەن. کە باسی هەڵەی میکانیکی فڕۆکەیەک دەکەیت کە بە ئاسمانەوەیە و دەفڕێت، دەبێ باسی ئەوەش بکەیت، کە سەرنشینانی لە چ دۆخێکی ترس و دڵەڕاوکێ و مەترسی ژیان دان لەو کاتەدا. ئەم جۆرە لە وەسفکردن زۆر گرنگە، لە ژانری ڕۆمان و چیڕۆکدا. چونکە بە هۆیەوە، گێڕانەوەی ڕووداوەکان مەودایەکی تر وەردەگرن و لە پەراوێزیشیەوە خوێنەر وردتر دەچێتە نێو بینای هونەری ڕۆمانەکەوە. لەو ڕوانگەیەوە، لە ڕۆمانی ( باڵندەکانیش دەنیشنەوە) جۆرێک لە پارادۆکسی لە وەسفی ڕووداو کارەکتەر و تیمەی ڕۆمانەکە بە گشتی دەبینین. بە شێوەیەک کە ڕۆماننووس لە یەک دەربڕیندا، بە دوو جۆر وەسفی پێچەوانەوەی دژ بە یەکی شتێک دەکات.ئەم ڕۆمانە، چیڕۆکی پەناهەندەیی چەند کەسێک دەگێڕێتەوە، کە بە هۆی شەڕ و نالەباری ژیانیانەوە، ڕووە و ئەوروپا بە ڕٍێگەیەکی ناساغ و پڕ نەهامەتی کۆچ دەکەن و سەرەنجام لە کەمپێکی پەنابەراندا یەکدەگرنەوە. ئەوکەسانە، قوربانی شەڕ و نەهامەتییەکنی ژیانی نێو وڵاتەکەیانن و بەو خەونەوە دەچنە ئەوروپا، وەک ئەوەی لە دۆزەخێکەوە بچنە بەهەشتێک، کە چی کاتێ ئەو ژیانەی ئەوێش ئەزموون دەکەن، درک بەوە دەکەن کە ئەوروپاش ئەو بەهەشتە نییە، وەک ئەوەی خۆیان وێنایان کردبوو، بەڵکو لەوێش وەک نامۆیەک دەبینرێن و لە بەریەکەوتن دان لەگەڵ ژیانێ ئەوێش. لێرەدا، بە کورتی ئاماژە بەچەند توخمێکی بینای هونەری ڕۆمانەکە دەکەین.
گێڕانەوە:_
یەکێک لە خەوشەکانی ئەو ڕۆمانە ئەوەیە، کە کۆی ڕووداوەکان لە سەریەک ڕیتمی گێڕانەوە دەڕۆن. بە جۆرێک کە ڕۆمانەکە دەخوێنینەوە، هەست بەوە دەکەین کە ئەوە ڕۆماننووسە دەدوێت و قسە دەکات، نەک کارەکتەرەکان. ئەگەرچی چەندین کارەکتەری جیاواز لە یەکتری، لە ڕووی سایکۆلۆژیی و پەروەردەیی هەن، بەڵام لە میانەی بینینی ڕۆڵەکانییان، وەک یەک دەدوێن و بیر دەکەنەوە، وەک ئەوەی هەموویان کۆپی یەکتری بن. هەریەک لە (ئازاد، شەیما، ئامێز، کەریمە، مەریوان، فەرهاد، ساماڵ، کامەران، ڕەغدە) کارەکتەری ڕۆمانەکەن، بەڵام ئەگەر سەرنج لە زمانی ئاخاوتن و دوانییان بدەین، هەست بە جیاوازییەکی ئەوتۆ ناکەین. تەنانەت ڕۆماننووس تێبینی شێوەزار و دیالکتیکی زمانەوانی کارەکتەرەکانیشی نەکردووە. بۆ نموونە: لە لاپەڕە (22) دا، کاتێ ئەفسەری لێکۆڵینەوە پرسیار لە (فەرهاد عامر) دەکات کە خەڵکی (عەفرینە) و پێی دەڵێت پیشەت چییە؟ فەرهاد لە وەڵامدا دەڵێت:(ئەوجا لێرە دەبێ پیشەم چی بێت) بێگومان ئاخاوتنی کوردێکی عەفرین، جیاوازە لە کوردێکی باشوور. کەچی لێرەدا فەرهاد وەک هەولێرییەک وەڵامی پرسیارەکەی داوەتەوە، نەک عەفرینییەک. ئەم درک نەکردنە بە جیاوازی زمان و ئاخاوتنی کارەکتەرەکان، هەڵەیە و دەبێ ڕۆماننووس، بە وردەکارییەوە ڕەچاوی بکات. بە هەمان شێوە، کاتێ ئەفسەرەکە بۆ ئەوەی لە هۆکاری هاتنی ئەو پەنابەرانە بگات، بانگی وەرگێڕێکی کورد دەکات، کەچی دواتر دیالۆگەکان تەنها دەبنە هی پەناهەندەکان و ئەفسەرەکە و ڕۆڵی وەرگێڕەکە هەر ون دەبێت. چونکە دیالۆگەکان، لە بری ئەوەی شێوازێکی سێیانەیی ( ئەفسەرە فەرەنسییەکە پەنابەرە کوردەکان_ وەرگێڕە کوردەکە) وەربگرێت، بە پێچەوانەوە دەبێتە دیالۆگی ڕاستەوخۆی نێوان ئەفسەرەکە و کوردەکان، لە کاتێکدا لە وەرگێڕانی دوو زمانی جیاوازی دوو کەس، کەسی سێیەم ڕۆڵی سەرەکی هەیە کە وەرگێڕەکەیە. دەکرێ خوێنەران لەم ڕووەوە، سەرنج لە گفتوگۆکە لە نێوان لاپەڕەکانی ( 21 تاکو 29) بدەن. بۆیە زۆرگرنگە لە میانەی گێڕانەوەی ڕووداوێکدا، دەنگی ڕۆماننووس نەبێتە بگێڕەوەی سەرەکی، بەڵکو دەبێ سەربەستی بە کارەکتەرەکان بدرێت، کە خۆیان بدوێن و ڕۆڵەکەیان وازی بکەن.
وەسف:_
وەسف، یەکێکی دیکەیە لەو توخمە سەرەکییانەی لە پاڵ ڕەگەزەکانی دیکە، بینای هونەری دەقی ڕۆمان پێکدەهێنن و ڕۆڵێکی سەرەکی لە میانەی گێڕانەوەی ڕووداوەکان دەبینێت. زۆر جار لە ڕێگەی وەسفەوە، دەچینە نێو وردەکاریی ڕووداوەکان و کارەکتەرەکان و دیمەنەکانەوە. بەڵام هەر تەنها وەسفکردنی شتێک گرنگ نییە، لەوە گرنگتر ئەو وردەکاریەیە، کە لە وەسفکردنەکەدا هەیە، بە جۆرێک کە ڕووێکی لۆژیکی و بابەتی هەبێت. وەسفەکان، دەبێ لەگەڵ ژینگەی دەورووبەرو واقیعی ڕووداوەکان و ڕۆڵی کارەکتەرەکان بگونجێن. لەو ڕۆمانەدا، لە گەلێک شوێن، وەسفی دژ بەیەکی یەک ڕوداو، یان کردار و هەڵسوکەوتێک هەن. بۆ نموونە:

  • لا 27 نووسیویەتی:_( پەنجەرەکە لە خۆیەوە شکا نازانم خەوتبووم لە وادەی هەڵسانم ئەو شکابوو) ڕۆماننووس لێرەدا، جێناوی (ئەو) کە کەسی سێیەمی تاکە، بۆ (جام) بەکار هێناوە، ئایا ئەمە وەسفێکی گونجاو و بابەتییە؟
  • لا 33 نووسیویەتی:( ئازاد گوتی بۆیە لە نیشتمان دەرچووم، چونکە هیچم نەبوو، باوکم بێ دەرامەت بوو) بەڵام پێشتر و لەلاپەرە (18) دا دەڵێت:( باوکی ئازاد، لە نێو بازاڕی سلێمانی دوکانی پێڵاو فرۆشی هەبوو) ئایا ئەم دوو وسفە، هاودژ و پێچەوانەی یەکتری نین؟ کەسێک دوکانی پێڵاو فرۆشی هەبێت بێ دەرامەتە؟ بێگومان نەخێر، دەرامەتێکی هەر هەیە، جا ئەگەر کەمیش بێت.
  • لا 34 نووسیویەتی:_( پۆلیس بە پەنابەرەکەی گوت، دەزانی ئەمە تاوانە و حوکمی لە سەرە) لێرەدا پۆلیس ڕۆڵی دادوەر دەبینێت، لە کاتێکدا هەموومان دەزانین ئەرکی پۆلیس نییە حوکم بۆ تاوانبار دەربکات، بەڵکو ئەوە ئەرکی دادگایە.
  • لا 76 نووسیویەتی:_( دوای چەند مانگێک، ئامێز لە زیندان ئازاد کرا، نیوە مردوو، لوتی شکابوو، ڕەنگی سپی ببوو، دەتگوت چی خوێنە لێیان هەڵمژیوە، خواردنی سەموونی عەسکەری خوساویش کێشی زۆر زیاد کردبوو) ئەم وەسفە، وێرای ئەوەی هاودژ و نالۆژیکییە، هاوکات بێ ئاگایی ڕۆماننووسیش لە دۆخی زیندانەکانی سەردەمی بەعسی فاشی دەردەخات. ئاخر کەسێک، لە سەردەمی بەعس زیندانی بووایە، وەک ئەوەی لە دۆزەخ بێت، ئیدی چۆن ئەوەندە ئاسوودە و بێ خەم دەبێت، کێشی زیاد بکات؟
  • لا 78 نووسیویەتی:_(خۆی کوتایە ناو سەمونخانەیەک و گەرمای تەنوورەکانی پێ گەیشت) لێرەدا، چونکە باسەکە پەیوەستە بە وەسف لە زمانی کوردیدا، ئیدی دەبێ لە سەر وردەکارییەکان بوەستین. سەمون، بە تەنوور دروست ناکرێت ، بۆیەشە سەمونخانە و نانەواخانە، هەردووکییان لە زمانی کوردی بە کار دێن.
  • لا 113 نووسیویەتی:(یەکێکییان بە ئینگلیزی سڵاوی کرد، بایی خۆی ئینگلیزییم دەزانی) لێرەدا مەبەستی گفتوگۆی نێوان (فرانسواز) ی پیرە مێردە فەرەنسییەکە و پەنابەرە کوردەکانن، وەسفەکە دیارە کە بایی ئەوەندە ئینگلیزی زانیوە، کەچی یەک لاپەڕە دواتر، واتا لە لاپەڕە (115) دا، ئەمجارەیان دەڵێت:( زمانی ئینگلیزییەکەی ئەوان و هی منیش بایی ئەوەندە نەبوو، لەو بەیت و بالۆرانەیان بگەم) دیارە ڕۆماننووس دوو وەسفی دژ بە یەکی زانینی زمانی کردووە.

زمان:_
بە درێژایی ئەو ڕۆمانە، زمانی گێڕانەوەی ڕووداوەکان، لە زمانێکی ڕۆژنامەوانیی و ڕۆژانەیی دەچێت نەک زمانی ڕۆمان، کە هونەرێکی باڵای گێڕانەوەی زمانییە. ڕووداوەکان، دیالۆگی نێوان کارەکتەرەکان، بە زمانێکە کە کەسێک لە نێو فەرمانگەی تایبەت بە پەنابەرانەوە یاداشتی کردبن. لە کەمترین جێگەی ڕۆمانەکە، هەست بە دیوێکی دیکەی هونەرییانەی زمان ناکەین، کە ئاماژە بێت بۆ زمانی نووسینی ڕۆمان. دەکرێ خوێنەران بگەڕێنەوە سەر لاپەڕەکانی (100 تاکو 115) ی ڕۆمانەکە و لە وێوە باشتر ئەو بۆچوونەی ئێمە دەردەکەوێت. وێرای ئەمەش، تەنانەت لە ڕووی ڕێسکانی ڕێزمانیشەوە، لە چەندین شوێنی ڕۆمانەکە، هەڵەی زەقی زمانەوانی هەن، وەک:_

  • لا 28 نووسیویەتی:( من نازانم کەسم گوێ لێ نەبوو وا بڵێت) ئەم ڕستەیە، پێویستی بە ئامرازی پەیوەندی (لە) هەیە، تا مانای تەواوەتی بگەیەنێت، بۆیە دەبوو بڵێت:( من نازانم، لە کەسم گوێ لێ نەبوو وابڵێت).
  • لا 47 نووسیویەتی:(سەیری دوو پیاویان کرد،کە لەگەڵیان چاوەڕوان گەیشتن ئەسانسۆرەکە بوون، کە گەیشت پیاوەکان بە زمانی لووس پێشنیاری پێشکەوتنیان کردن) ئەم شێوازە زمانییە لە داڕشتن، لەنگییەکی زۆری تێدایە، بۆیە گونجاوتر بوو بنووسێت: (دوای سەرکەوتنی ئەسانسۆرەکە، چونکە ئەسانسۆر سەردەکەوێت و دادەبەزێت، پیاوەکان بە زمانە لووسەکانییان (چونکە کۆیە) پێشنیاری ئەوەیان بۆ کردن، کە سەرەتا ئەوا ن بچنە نێو ئەسانسۆرەکە).
  • لا 49 نووسیویەتی:_( ئینجا دوا بە دوای ڕاکێشانی هەواڵە پێویستەکان لە شوفێرەکانییان) سەرنج لە ڕستەکە لە ڕووی ڕێزمانییەوە بدەن و شایەنی ئاماژە کردنە لە گەلێک شوێنی ڕۆمانەکە، کەموکورتی لە لایەنی ڕێزمانی زمانی ڕۆمانەکە هەیە، بەڵام ئێمە تەنها ئەو نموونانەمان هێنایەوە.
    دواجار دەمەوێت ئاماژە بەوە بدەم، کە لەم ساڵانەی دواییدا، دەیان چیڕۆک و ڕۆمانی، نووسەرە ناودارەکانی کوردم خوێندوونەتەوە، بە داخەوە زۆربەی هەرە زۆریان، هەڵەی سەیر و زەق دەکەن و بە سەریان تێ دەپەڕێت. نازانم ئەمە لە بێ ئاگایە، یانیش پەلەپەلی چاپ و بڵاوکردنەوەی ڕۆمان ؟
  • پەراوێز: باڵندەکانیش دەنیشنەوە، ڕۆمان، نووسینی: بە یان سەلمان، بڵاوکراوەی: نێوەندی ڕەهەند _سلێمانی 2021
  • ئەم بابەتە، لە ژمارە(279) ی گۆڤاری ڕامان، لە 5/10/2022 بڵاوکراوەتەوە.
Previous
Next