![سەردەمێک کە زوو دێت و ئاسان تەواو دەبێت … شەنگار سابیر سەردەمێک کە زوو دێت و ئاسان تەواو دەبێت … شەنگار سابیر](https://dengekan.info/wp-content/uploads/2020/02/Shangar-Saber.jpg)
سەردەمێک کە زوو دێت و ئاسان تەواو دەبێت … شەنگار سابیر
ھەمووی بەھۆی تەنیایی قوڵی بەشەرەوەیە
کە قیامەت زوو دێت و ژیان زوو تەواو دەبێت،
بەھۆی ساردیی زەمەنەوەیە
کە زستان زوو دێت و خودا زوو تەواودەبیت.
ھەرشتێک کە وێران دەبێت
سەرەتاکەی وا لە بێباکی قوڵی ژیاندایە،
کە بێ ھیچ حیکمەتێک دێت و گەمژانە زوو تەواو دەبێت.
ئەم ھەموو تاریکییەی کە دێت و
رۆحمان بە قەترانی خۆی رەش دەکات،
بەھۆی دڵتەنگی ئەبەدی ئێمەوەیە
کە بەیانیان زوو دێت و شەوان ئاسان تەواو دەبێت.
ھەرکات دەستدەبەین بۆ گوڵێکی غەمگین
ھەرکات بۆنی تریاکێکی شێدار دەکەین
بەھۆی تەزیوی حیکایەتەکانمانەوەیە،
کە گوڵ زوو سیس دەبێت و جوانی ئاسان خۆی وندەکات،
ئیشراق خێرا تەواو دەبێت.
دەچینە ھەر بەھارێکەوە
بۆن بە تەری ھەر شەوبۆیەکەوە دەکەین،
بەھۆی وەحشەتی دێرینی مێژوومانەوەیە
کە بەھار زوو دەروات و گیا حەکیمانە زەرد دەبێت.
لەھەر چەمێک…بەئاوی ھەر کانییەک روخسارمان
دەشۆین،
بەھۆی ئەم تەپوتۆزە دێرینەی خوداوەیە
کە جەھەنەم زوو دێت و بەھەشت لە گوماندا ئاسان تەواو دەبێت.