یەکەم کۆڕى ناساندنى ڕۆمانى فڕینى پردەکان لە هەولێر بە ڕێوەچوو
ئەمڕۆ ڕۆژى شەممە رێکەوتى 23\12\2023 بە ئامادەبوونى ژمارەیەک نووسەر و ڕۆماننووس و لە ناوەندى ڕۆشنبیرى مەم و زین لە هەولێر یەکەم کۆڕى ناساندن و بڵاوکردنەوەى ڕۆمانى فڕینى پردەکانى ڕۆماننووس دڵشاد کاوانى بەڕێوەچوو.
ڕۆمانى فڕینى پردەکان ڕۆمانێکى یوتۆبیاى خەیاڵییە و تێکەڵ بە ئایین و فەلسەفە و مێژووى سیاسیى کراو، ڕۆمانەکە براوەى پێشبڕکێى ڕۆمانە لە ڤیم فاوندەیشن بۆ ساڵى 2023 ڕۆمانی فڕینی پردەکان سەرجەم بنەما و پێکهاتەکانى ڕۆمانی باوی تێکشکاندووە، لە کاتى بڵاوبوونەوەى هەواڵى ڕۆمانەکە سەر ئاستى ناوەندەکانى ئەدەبی کوردی و عەرەبى و ئینگیلیزییەوە لە بارەیەوە نووسراوە و دەنگدانەوەیەکى گەورەى بەدواى خۆیدا هێناوە.
لە میانەى کۆڕکەدا لەلایەن هاوکار جمیل مامۆستاى زانکۆى سەلاحەددین ڕانانێکى ورد و ئەکادیمى بۆ کرا و تیشکى خستە سەر لایەنە شاراوەکانى ڕۆمانەکە. هاوکار جەمیل ئەمەى خستەڕوو کە ڕۆمانى فڕینى پردەکان بۆ خوێنەریکى ئاسایى نەنووسراوە و بەڵکو پانتاییەکى زۆرى بۆ توێژەران لێکۆڵەرانى زانستى و ئەکادمىى تەرخانکردووە و سەرجەم ڕەهەندە جیاوازەکانى لە خۆگۆتووە بۆ ئەوەى توێژەران بتوانن لە ڕوانگەى جیاوازەوە توێژینەوەى لەبارەوە بکەن. هەروەها ئەمەشى گوت: کە ڕۆمانى فڕینى پردەکان بە تەواوى شێوەى تەکنیکى رۆمانى باوى ڕەتکردۆتەوە و بنەماکانى ئایین و فەلسەفە و عیرفان و دەروونشیکارى و تێکشکاندووە و پڕە لە ڕەمز و کۆد و وێنا و ڕوئیای نوێ و بۆ ئایندەسازیىى ژیانى مرۆڤایەتى هەیە.
ئەم مامۆستایەى زانکۆ بە پیویستشى زانى هەرچى زووە ئەم ڕۆمانە بچێتە سەر زمانەکانى دیکەى جیهان خزمەتێکى گەورە بە ئەدەبیاتى ڕۆمانى کوردى و جیهانى بە گشتى دەکات.
ڕۆمانی فڕینی پردەکان، ڕۆمانێکی فرە ڕەهەندی سادیستی، مێژویی سیاسییە، دەروونی و فەلسەفیی عرفانییە، کە تێیدا کوشتن و دەسەڵات و ململانێی مانەوە، پێکهاتەی سەرەکی ڕۆمانەکەیە. هەروەها باس لە دروستبوونی میتۆلۆژیا و ئایینێک دەکات، کە دوای کۆتای هاتنی ئاییەنەکان بەناوی ئەهلی حەق و کتێبی قینات کە لە سێ لەوحەکانی سوور و ڕەش و شین، پێکهاتووە و هێمان بۆ فەلسەفە و سیستەم و دەسەڵات.
دڵشاد کاوانى نووسەرى ڕۆمانەکەش لەبارەى ڕۆمانەکەیەوە دەڵێت: کە ڕۆمانەکەى لە تەکنیک و زمان و کارکەتەرسازیىى بەتەواوى جیاوازە لە ڕمانەکانی کە تائێستا نووسراوەتەوە. ڕۆمانى فڕینى پردەکان باسى سەرەداوەکانى ئەنفال و کۆمەڵکوژى و ڕووخانى پردى گەیشتنى نێوان مرۆڤەکان دەکات و دەرد و نەهامەتییەکانى کۆمەڵگەى مرۆڤایەتى خستۆتە ڕوو.
لە کۆتایی کۆڕەکەشدا لەلایەن ڕۆماننووس واژوو لەسەر کتێبەکان کرا.