Skip to Content

فەلسەفەی ئیسلامی پارادیگمایەکى نوێ ئیبن سینا- ئولریش ڕودۆلف.. کاوە جەلال لە ئەڵمانییەوە

فەلسەفەی ئیسلامی پارادیگمایەکى نوێ ئیبن سینا- ئولریش ڕودۆلف.. کاوە جەلال لە ئەڵمانییەوە

Closed
by ته‌مموز 25, 2023 General, Opinion, Slider

سەربارى ئەو بایەخە زۆرە کە لە نیوەى سەدەى دەیەمەوە لەنێو هزرپێگەیشتووان و ئەدیباندا بە فەلسەفە درا، هێشتا هەر پێگەکەى لە جڤاکی ئیسلامیدا پتەو نەکرا بوو. ئاخر هیچ کام لەو نووسەرانە کە لەم کاتەدا تێکستى فەلسەفەیی دەنووسی، نەیتوانی بڕوا بە خوێنەرانى فراوانتر و بەتایبەتیش بە زانایانى ئایین بهێنێت کە هزرینەکانى ئەو پێویستن بۆ گەڕان بەدووى ڕاستى و گەیشتندا بە بەختیاریى مرۆڤ. چیدی لایەنگرانى کندى نەیان دەتوانى ئەمە بسەلمێنن (ئەوە بێگومان گەر بەگشتی لەو بڕوایەدا بووبێتن کە فەلسەفە نەشیاوى دەستبەردارییە)؛ کاریگەریی ئەوان – نووسینە بەناوبانگەکەى میسکاویى لەبارەى ئێتیک لێدەربچێت – ئێستا لە باکورى خۆرهەڵاتى ئێران بوو. هەروەها نەدەکرا ئیسمائیلییەکان بە هەڵگرى بزاوتێکى فەلسەفەیى دابنرێن. گەرچی ئەمان لە زۆر ناوچەى جیهانى ئیسلامیدا لایەنگرانیان بەدەستهێنا، وەلێ لەبەر ئەوەی ڕێبازەکەیان بەزۆریى قەرزى لە فەلسەفە وەرگرتبوو، ئەوا فەلسەفە لە چاوى زۆرینەى موسڵمانانی سوننیدا جێی گومان بوو. تەنانەت پاشەوارانى فارابی نەیانتوانی لەنێو بەشە فراوانەکانى جڤاکدا شکۆفە بە گرنگیدانێکى بەردەوام بە زانستەکەیان بدەن. بێگومان ئەوان لە بەغداد کاریان دەکرد و دیراسەکانیان لە ئاستێکى بەرزدا ئەنجام دەدا، وەلێ بابەتى لێهزرینیان فەلسەفە نەبوو وەک سەرجەم یان هیچ نەبێت سەرجەمى ئەو بەرنامەیە بووایە کە فارابى خستبوویە بەردەست، بەڵکو چەند پرسیارێکى تایبەتى بوون (وەک گۆتمان بەتایبەتى لە کایەکانى لۆگیک و فیزیکدا)، کە بەتایبەتى پەیوەند بە پەلهاویشتنى ترادیسیۆنەکەى ئەڕیستۆتێلیسەوە دانوستانیان دەکردن نەک لە خەریکبووندا بە ئالەنگارییە هزرییەکانی سەردەمەوە.
جگە لەوە ئێستا توانرا هەندێک پرسیارى ڕەخنەیى ئاڕاستەى خودى مۆدێلەکەی فارابى بکرێت. گەرچی ئەو داوای کردبوو کە گەرەکە هەروەها و بەتایبەتیش لە ژینگەیەکى ئیسلامیدا خۆ بە فەلسەفەوە خەریک بکرێت، وەلێ ئەم داواکارییەی بە گۆتەی ئەوتۆوە گرێدابوو کە لاى هەندێک خوێنەری موسڵمان بەزۆرى سەرلێشێوانیان خستەوە.

بۆ نموونە ئەو قورساییە زۆرە کە فارابی لە پرسیارى خەڵاسی ئاییندەى مرۆڤدا خستبوویە ئەستۆی دەوڵەت و بەتایبەتیش دامەزرێنەرى دەوڵەت، کێشاوی بوو. ئەمەش بەوەدا ئاشکرا دەبوو کە ئەو لە فەلسەفەى سیاسیدا پەیڕەویی میراتەکەى پلاتۆنی دەکرد. وەلێ مرۆ لێرەدا دەیتوانى لە خۆى بپرسێت کە داخۆ کۆنسێپتێکى بەم چەشنە لە سەردەمێکدا، کە جیهانى ئیسلامى هەمیشە ناسەقامگیرتر دەبوو و دەخزایە ژێر کاریگەریى میرانی ناوچەیی و سەردارانی جەنگەوە، بتوانێت لە لایەنی خۆیەوە رۆڵێکی دروست بۆ تێگەیشتن لە ژیان بگێڕێت (مەگەر مرۆ ئەم سووربوونەی لەسەر واتاى دەوڵەت بە ڕەخنەى دەسەڵاتدارى یان بە یوتۆپیا دابنایە). نەخێر، کێشەیەک پەیوەند بە فارابییەوە ئەوە بوو کە چەند کەم ئەو بایەخی بە مێتافیزیک (چە ئۆنتۆلۆگى و چە تیۆلۆگى) و پرسیار سەبارەت بە تاکى مرۆڤ (کە وەک باو بوو لەنێو چێوەى دەروونناسیدا کارى تێدا دەکرا) دابوو. ئەو پەیوەست بە بابەتی یەکەمەوە مۆدێلێکی گەردوونناسیانەى خستە بەردەست، وەلێ ئەم مۆدێلە بەدەگمەن بە ڕێبازی ئیسلامییانەی ئافراندن دەگونجا. هەروەها فارابی، پەیوەست بە بابەتی دووەمەوە، شرۆڤەیەکى وردی زەینى ئەنجام دا، وەلێ ئەم شرۆڤەیە، وەک پێشتر گۆتمان، بەو ڕێیەوە ڕێژەیەتیى پێدرا کە هۆی بەختیاریی مرۆڤى هزرڤانی نەدەگەڕاندەوە بۆ مەئریفەی تاکەکەسی (یان نەک تەنیا بۆ ئەم مەئریفەیە)، بەڵکو دەیگەڕاندەوە بۆ تێڕوانین و باوەڕپێکراوییەکەی خودی دامەزرێنەرى یان ڕێبەرى دەوڵەت. جگە لەوە پرسێکی دیکە لەگۆڕی بوو: فارابی ڕیشەییانە فەلسەفەى گشتگیر و ئایینى یان تیۆلۆگی ی بەشەکی (پارتیکولار)ی جوودا لە یەک دانا، وەلێ دەشیا گومان بکرێت کە داخۆ ئەم جیاکردنەوەیە بەڕاستی ئامانجی خۆی بهەنگێوێت. بێگومان گەرەک بوو جیاکردنەوەکە تایبەتمەندیی زانستى فەلسەفەیى پێشان بدات و مێتۆدیانە داواکارییەکەی بۆ چواندنی گشتگیری خۆی مسۆگەر بکات، وەلێ کۆنسێپتەکە لێوەشاوەییەکی لە فەلسەفە کردەوە لەبریی ئەوەی بەڕاستی بیسەلمێنێت. ئاخر جیاکردنەوەکە ئەو سەرئەنجامەی هێنا کە فەلسەفە، سەربارى داواکارییەکەى بۆ گشتگیری و هەروەها بۆ ڕوونکردنەوەى گشتگیرى سەرجەم فێنۆمێنەکان، بەدەگمەن هەندێک کایەى کردەکێتی بەهەند وەردەگرت کە بەتایبەتی بۆ ئیمانداران گرنگ بوون. ئەمە لە پرسیارى پەیامهێنیدا خویا بوو کە فارابی تەنیا لە ڕوانگەیەکى سنووردارى سیاسییەوە لێى دەڕوانی، ئەمە هەروەها لە بابەتی دیکەدا بەردەوامیی پێدرا (وەک: سروش، ئەزموونکردنى خودا، ئەزموونکردنى بەڕێکەوتی/ شیمانەیی بوون، بەرپرسیاریى کەسیى لە بەردەم خودادا). ئەم بابەتانە لاى ئەو نزیکەى وەلاوەنرابوون.

هیچ کەس هێندە ڕۆشن وەک ئەبو ئەلى ئیبن سینا (نزیکەى 980-1037، ئاڤێسینای چەرخی نێڤینی لاتینی) ئەو کێماسانەی دەستنیشان نەکرد، پاشان هەنگاوى نا بۆ ئەوەی جارێکی دی بنەماییانە پرسیارەکە سەبارەت بە ئەرک و شیمانەکانى فەلسەفە بکاتەوە، ئەمەشی بە چەشنێک بەجێگەیاند کە ئیدی مۆرکى خۆى دا لە سەرجەم هەوڵ و خەریکبوونەکان بەم بابەتەوە. بێگومان ئیبن سینا تواناى بۆ ئەنجامدانى ئەم کارە سەختە هەبوو، ئەوەش دەگەڕایەوە بۆ پەروەردە یەکجار فراوانە فێرگەییەکەی پێکەوە لەتەک توانستى تێگەیشتنیدا کە تەنانەت هاوچەرخانى پێی هۆشسام بوون. گەر باوەڕ بە ئۆتۆبیۆگرافییەکەی بکەین، ئەوا دەتوانین ببێژین کە لای ئەو هەردوو توانستەکە لە سەرەتاى لاوێتییەوە دیاریان دا، ئەویش کاتێک ئەو لە بوخارا دەژیا و لەوێ بە خوێندنی بەرفراوانەوە خەریک بوو، لەم ڕەوتەشدا بە کورتترین کات لە ئاستى سەرجەم فێرکارانى تێپەڕی. وەلێ ئەو درەنگتریش، کاتێک بەهۆى پشێوییە سیاسییەکانەوە بەناچاری ژیانێکى بێپشووی بەڕێوە دەبرد و وەک پزیشک و وەزیر بەدووی یەکدا دەچووە خزمەتى میرانى جیاوازى ئێرانییەوە، هێشتا هەر گرنگیدانەکانى بە توێژینەوە و هێزى بەدیهێنانى خۆى پاراست و هەردەم بە زانستەکانەوە پابەند مایەوە.

بەرهەمى ئەم کۆششە جێی سەرنجە، ئەمەش بەتایبەتى دوو کایەى زانین دەگرێتەوە کە ئیبن سینا – گەر سەرفرازیی دواتری ئەو بە پێوەر وەربگرین – لەبارەیان “کارە ستاندارتەکان”ى خۆی بە زمانى ئەرەبى نووسى. یەکێک لەم کارانە پزیشکییە کە ئەو لەپاڵ کورتە گۆتاری جیاوازدا کتێبە قەبەکەى بەناونیشانى “کانۆنى پزیشکى” لەبارەوە نووسى و تێیدا زانینى سەردەمەکەى بە سیستەماتیکێکى بێوێنە و لێهاتووییەکی فێرکارییانە کۆکردەوە. کایەکەی دیکە بریتى بوو لە فەلسەفە کە ئیبن سینا نەک تەنیا سیستەماتیکییانە ڕێکیخست و فێرکارییانە خستییە بەردەم، بەڵکو هەروەها لە نوێوە هزراندییەوە، بەڵێ لە هەندێک ڕووەوە سەرلەنوێ بناغەی ڕشتەوە. ئەمە لە ژمارەیەکى زۆر کاردا هاتە دەربڕین کە لە نێویاندا بەتایبەتى دوو دانە بەواتاترینن: 1) “ئەلشیفا” (نزیکەى لە نێوان 1020-1027دا نووسراوە)، کە بریتییە لە دوائەنجام- (Summa)ێکى فەلسەفەیی پێکهاتوو لە چوار بەش (لۆگیک، فیزیک، ماتماتیک، مێتافیزیک) و داڕشتنى بەندە بە نووسینە بناغەییەکانى ئەڕیستۆتێلیسەوە (کاتێگۆرییەکان، هێرمینیۆتیک و هتد)؛ ئەم کارە درەنگتر لە وەرگێڕانە لاتینییە (تەواونەکراو)ەکەیدا (بە ناونیشانى Liber Sufficientiae) بوو بە بناغەى وەرگرتنى (ڕێسەپسیۆنى) ئیبن سینا لە ئەوروپا. 2) “ئەلئیشارات وەلتەنبیهات” (نزیکەى لە نێوان 1030-1034دا نووسراوە)؛ ئەمیش نووسینێکە کە هاوشێوەی دوائەنجام بەرنامەی بۆ داناوە (ئەم جارە لە دوو بەشدا: 1- لۆگیک، 2- فیزیک و مێتافیزیک)، وەلێ پرسەکان لەم کارەدا نەک پابەند بە دەستنووس و موحازەرە بڵاونەکراوەکانی ئەڕیستۆتێلیسەوە (Corpus Aristetelicum)، بەڵکو بە هزرینێکى ئازاد و هێزێکى زمانییانەى سەرنجڕاکێش گۆڕان پێدەدرێن، بۆیە ئەم نووسینە زۆرتر لە “ئەلشیفا” کاریگەریی نواند لەسەر وەرگرتنى ئیبن سینا لە ناوچەى کولتووری ئیسلامیدا.

ئەم دوو کارە بە ئەندازەیەکی زۆر ڕەسەنن، جا گەرچی ئیبن سینا لە لێهزرینەکانیدا لەو کۆنسێپتانەوە دەردەچێت کە لاى نووسەرانى کۆنتر ناسیبوونى. ئەڕیستۆتێلیس بە پلەى یەکەم سەر بە سەرچاوەکانى ئەوە (وەک پێشتر گۆتمان، نزیکەى سەرجەم دەستنووس و موحازە بڵاونەکراوە بە ئێمە گەیەنراوەکان کە هەروەها “تیۆلۆگیى ئەڕیستۆتێلیس”یان دراوەتە پاڵ) پێکەوە لەتەک ڕاڤەکارانى ئەودا، ئەوجا فارابى کە ئیبن سینا سەربارى گومانە پێشتر ئاماژەپێدراوەکان بەئاشکرا وەک کەسی سەرەکی بۆ ڕەوتی پێگەیشتنى فەلسەفەیی خۆی ناوى دەبات. بۆیە ئێمە هەندێک جار لە ئەدەبیاتى لاوەکیدا دەخوێنینەوە کە نزیکییەکى زۆر لە نێوان هەردوو هزرڤاندا هەبووە، لێرەشدا جەخت لەوە دەکرێت کە ئیبن سینا هەندێک کۆنسێپتى دیاری فارابیى هێناوەتە نێو سیستەمە فەلسەفەییەکەى خۆیەوە (بۆ نموونە مۆدێلى گەردوونناسى بە دە زەینەوە). ئێمە ناتوانین نکۆڵی لەم جۆرە وەرگرتنانە بکەین، سەرباری ئەوە گەرەکە بپرسین کە داخۆ وەرگرتنەکان لە چە مەغزایەکدا ئەنجامدرابن و چە دەرئەنجاماندنێک وەک پێشنیار بخەنە بەردەم. گەر نزیکتر بڕوانین، دەبینین کە ئیبن سینا زۆر کۆنسێپتى وەرگیراوى خستە نێو هەڤرایەڵێکی (کۆنتێکستێکى) نوێوە و جیاواز لە هزرڤانانى پێش خۆى ڕاڤەى کردن و نرخاندنى. ئەوە کە فارابى واتایەکى نێوەندیى پێدابوو (واتا فەلسەفەى سیاسى)، ئیبن سینا تەنیا لابەلا ناوی دەبات. ئەوە کە فارابى وەک خشتەی کۆنسێپتییانەی سەرجەم مۆدێلەکەی (واتا جیاکردنەوەى فەلسەفە و ئایین بە دەرئەنجاماندنە تیۆرى-زانستییەکانەوە) داینابوو، ئیبن سینا وەک بنەڕەتی سەرەکی وەریدەگرێت، سەربارى ئەوە زۆر جار لە ئەنجامدانى لێهزرینەکانیدا سەربەخۆ دەیگوازێتەوە. بە پێچەوانەشەوە ئەو پرسانە کە فارابى بەتایبەتى گرنگیى پێنەدابوون (ئۆنتۆلۆگى، تیۆلۆگى، پسیکۆلۆگى، بەتایبەتى تیۆریى دەروونى تاکەکەسى / خۆیى) لاى ئیبن سینا دێنە نێوەندى لێهزرینەوە. بەم شێوەیە فەلسەفەیەکى نوێ سەرهەڵدەدات و لە زۆر ڕووەوە ڕێگەى خۆى دەگرێتە بەر.
دەرچەی ئۆنتۆلۆگیى ئیبن سینا بریتییە لەم تێڕوانینە: شت بە بەڵگەوە هەیە، وەلێ ئەم ئۆنتۆلۆگییە لە ڕوون و ئاشکرایی (ئێڤیدێنسی) دەرککردنى دەرکەوەرەکانەوە ئاوەڵاناکات، وەک چۆن لاى هزرڤانانى پێشینى ئیسلامى باو بوو، بە پێچەوانەوە ئیبن سینا لە بناغەڕشتنى لێهزرینەکانیدا هەر لە سەرەتاوە پشت بە ئۆتۆنۆمیى زەین دەبەستێت. بۆ ئەو چە “بوون” و چە “شت” بریتین لە پریما ئینتەلیگێبلیا، واتا تێگەى ئاپریۆرین و هەموو زەینێکی سەلیم لە ساتى پێگەیشتوویی مرۆڤەوە هەیەتى (ئەو لە “زەین بە ڕیزبەندیی پێکهێنراوییەوە” دەدوێت). تەنیا چۆنێتیی (مۆدالێتیى) بوون ى تایبەت بە شتەکان جێى پرسیارە. ئایا پێویستە شتەکان هەبن؟ یان ئایا شتەکان دەتوانن هەبن؟ بە شێوەیەکی دیکە ببێژین: ئایا بوونى شتەکان، گەر بۆ خۆی بەدابڕاوی لێبڕوانرێت، زەروورییە یان تەنیا شیاوە (مومکینە / پۆتێنسیەلە)؟ – وەک چۆن ئیبن سینا بەگوێرەی مێتافیزیکى ئەڕیستۆتێلیس دەریدەبڕێت. سەبارەت بەمە سەرنجدان و ئەزموونەکانمان وەڵامێکمان دەدەنەوە: فێرمان دەکەن، سەرجەم ئەو شتانە کە ئێمە دەتوانین بە دەرکەوەرەکانمان دەرکیان بکەین، وەرگۆڕینیان بەسەردا دێت، بەڵێ زۆرتر لەوەش: هەر یەکێکیان دروست دەبێت، هەر یەکێکیان لەناودەچێت، کەواتە لێرەبوونیان (ئێکزیستێنسیان)، گەر بۆ خۆی بەدابڕاوی لێبڕوانرێت، تەنیا شیاوە. لێرەوە ئیدی پرسیار سەبارەت بە بناغەى بوونیان سەرهەڵدەدات و ئیبن سینا دەگەیەنێت بە لێهزرینەکەى دیکەى: بەڵگەهێنانەوە بۆ هەبوونى (ئێکزیستێنسی) خودا.
ئیبن سینا لەم گریمانەیەوە دەردەچێت: هەموو بوونەوەرێک کە بوونى لە خۆدا تەنیا شیاوە (= A)، دەبێت هۆیەکى هەبێت. ئەم هۆیە (= B) هەبوونی A زەروور دەکات، ئەویش کاتێک سەبارەت بە نا-هەبوونى شیمانەیی A (کەواتە هەروەها نا-هەبوونی لە خۆدا شیاوى ئەو) پتر کێش دەخاتە سەر هەبوونی. وەلێ هەمان پرسیار هەروەها B دەگرێتەوە: ئەو دەتوانێت، گەر بۆ خۆی بەدابڕاوی لێبڕوانرێت، بەزەروورى یان بەشیمانەیى هەبێت. لە ڕەوشی یەکەمدا بەڵگەهێنانەوەکەمان کۆتایى هاتووە، چونکە ئەوسا خودا، بونەوەرە-زەروورى، دەبینینەوە. لە ڕەوشى دووەمدا دەبێت گریمانە بکەین کە هۆیەکى دیکە (= C) هەیە و لە لایەنى خۆیەوە هەبوونى B دەخاتەوە و زەروور دەکات. لێرەش سەرلەنوێ هەمان پرسیار سەرهەڵدەداتەوە، بەڵێ، مرۆ دەتوانێت ئۆپەراسیۆنە هزرییەکە بە ئارەزووی خۆی چەندبارە بکاتەوە (بۆ D و E و هتد). تا ئەو کاتەی ئێمە تەنیا لە هۆی ئەوتۆ بدوێین کە بوونەکەی – گەر بۆ خۆی بەدابڕاوی لێبڕوانرێت – تەنیا شیاوە، ناتوانین بەڕاستی هەبوونی شتان ڕوونبکەینەوە. وەلێ بەڕاستی بوونەوەر هەیە، بۆیە هەروەها هۆیەک هەیە و بوونى– گەر بۆ خۆی بەدابڕاوی لێبڕوانرێت – سەرجەم شتە شیاوەکان زەروور دەکات. ئەو هۆیە دەبێت لە زنجیرەى هۆکان کە ئێمە تا ئێستا لێمان ڕوانیون، جیاواز بێت. ئاخر ئەو ناشێت لە هەبوونى خۆیدا بەندبێت بە شتێکى دیکەوە، بەڵکو دەبێت لە خۆیەوە هەبێت. بۆیە بوونەوەرە-زەروورى (واجیب ئەلوجود) هەیە کە هەموو شتێکى دیکە دەهێنێتە ئاراوە و بە زمانى ئایینى ناو دەنرێت خودا.
کەواتە لە ڕوانگەی ئیبن سیناوە بە ساغکردنەوەی هەبوونى شتێکەوە هەروەها گریمانەى هۆیەکى یەکەمین و بەزەروورى هەبوو و بەزەروورى کاریگەر گرێدراوە. ئاخر تەنیا گەر هۆیەکى بەو چەشنە لە بنەڕەتى بووندا بێت، ئیدی ڕووندەکرێتەوە کە شتە بەڕێکەوتەکان / شیمانەییەکان (کۆنتینگێنتەکان)، کە ئێمە لە جیهاندا دەرکیان دەکەین، بەگشتی هەن. وەلێ ئەم گریمانەیە سەرئەنجامێکى دیکەشى هەیە: گریمانەکە نەک تەنیا زەروورەى هەبوونى خودا لە خۆ دەگرێت، بەڵکو ئەو واتایەش دەگەیەنێت کە هەر شتێک لە لایەن ئەوەوە وەک ئەنجام بخرێتەوە، بەزەرووری بە هەبوونى ئەوەوە گرێدراو دەمێنێتەوە. کەواتە دەبێت شتەکان کە لە لایەن ئەوەوە دەهێنرێنە ئاراوە، هاوکات لەتەک ئەودا هەبن (چونکە ئەنجامى ڕاستینە لە هۆکەی جیاناکرێتەوە). وەلێ خودا لە ئەزەلەوە هەیە، چونکە ئەو، وەک ئێستا بینیمان، بوونەوەرە-زەروورەییە. کەواتە جیهانیش هەمیشە هەر لە ئارادا بووە (ئەزەلییە – و)، چونکە بوونى ئەو لە ئەزەلەوە لە لایەن خوداوە وەک ئەنجام خراوەتەوە.

ئیبن سینا بەهۆی ئەم دەرئەنجامەوە ڕەخنەى توندى ئاڕاستەکرا، ڕەخنەى ئەوەى لێگیرا کە دژبێژیى دەربڕینەکانى نێو قورئان دەکات و ڕێژەیەتی بە جیاوازییە بنەماییەکەى نێوان خودا و ئافرێنراو (مەخلوق) دەدات. وەلێ ئەمە بە هیچ شێوەیەک مەبەستى ئەو نەبوو، بەڵکو مەبەستی هزرینی ئەو کارکردن بوو لە جیاوازیی ئۆنتۆلۆگییانەی خودا و ئافرێنراودا تاکو تێگەییانە وردتر لەوەی پێشتر ئەنجامدرابوو دەریبخات. بە تێگەیشتنی ئیبن سینا خودا تاکە بوونەوەرێکە کە بەزەرووری هەیە. لە ڕەوشی ئەودا نابوون نەشیاوە، چونکە هەبوون وەک پێویست سەر بە کرۆکێتی (وەک بوونەوەرە-زەرووری). بە پێچەوانەشەوە مەسەلەکە پەیوەند بە سەرجەم بوونەوەرانی دیکەوە بە چەشنێکە کە ئەوان هەروەها شیمانەی نابوونیان هەیە. کەتواری هەبوونیان لەنێو ئەوان خۆیاندا نییە، بەڵکو دەگەڕێتەوە بۆ هۆیەکی دەرەکی کە هەبوونیان زەروور دەکات. کەواتە جیاوازیی نێوان خودا و ئافرێنراوان جیاوازییەکی کاتەکی نییە (ئەزەلییەت بەرانبەر کاتەکێتی)، بەڵکو لەوەدایە کە ئافرێنراوان بە هەر شێوازێک بوونیان پێدەدرێت. لای خودا کرۆک و بوون، ئێسێنس و ئێکزیستێنس، یەکانگیرن، بە پێچەوانەشەوە لای سەرجەم بوونەوەرانی دیکە لە یەک جیابوونەتەوە، چونکە ئێمە سەبارەت بە شتێک کە داخۆ “چی” بێت یان بشێت “چی” بێت، ناتوانین دەربئەنجامێنین “کە” شتەکە بەڕاستی هەیە.
جگە لەوە ئەو جووتەتێگەیە نوێ نەبوو لەو واتایەدا کە هەروەک ئیبن سینا بۆ یەکەم جار هێنابێتییە نێوانەوە. کاتی خۆی ئەڕیستۆتێلیس لەوە ئاخڤی بوو کە ئێمە دەتوانین جیاوازی لە نێوان کرۆک و بوونی شتێکدا بکەین. وەلێ ئەم جیاوازیکردنە لای ئەو تەنیا دەستوێژێک بوو بۆ شرۆڤەکردنی هزری، جیاوازیکردنەکە دەستوێژێک بوو بۆ دابەشاندنی ئەدگارە جیاوازەکانی بابەتێک، ئەویش کاتێک ئێمە جارێک لەوە دەهزرێین کە داخۆ بابەتەکە چی بێت، جارێکی دیکەش لە هەبوونی خودی بابەتەکە. بە پێچەوانەشەوە ئەڕیستۆتێلیس ئەو جیاوازیکردنەی لە ڕووی ئۆنتۆلۆگییەوە بە نەشیاو دادەنا. ئاخر ئۆنتۆلۆگی، بەگوێرەی پێناسەکەی، خۆی بە بوونەوەرەوە خەریک دەکات، بوونەوەریش هەموو شتێکی بەرجەستە دەگرێتەوە، ئەوە بێگومان بە شێوازی خۆیی لێرەبوونی (ئێکزیستێنسی). بۆیە تاکە شتە بەرجەستەکان (ئەوانە کە ناودەنرێن “یەکەم گەوهەرەکان”) بۆ ئەڕیستۆتێلیس فۆرمی کرۆکی نین و ئیدی بشێت بهێنرێنە نێو بوونەوە، بە پێچەوانەوە، ئەدگاری سەرەکییان ئەوەیە کە ئەوان لەگۆڕێن (existieren) و “پێش” هەر ئەوەکەیەکی دی (تێگە، ڕێگەی مەئریفە و بەگوێرەی کات) بوونیان هەیە (sind).

ئیبن سینا ئەوها ناهزرێت. ئەم لە گۆشەنیگایەکی دیکەوە لە بوونەوەر دەڕوانێت. بێگومان ئەمیش پێشمەرجێک دادەنێت: شتان هەن (بڕوانە سەرەوە)، وەلێ شتان بۆ ئەو بنەڕەتییانە لەگۆڕێ نین (کەواتە یەکەمین گەوهەرەکان نین لە مەغزایەکی ئەڕیستۆتێلیانەدا)، بەڵکو ئێنتیتێی (قەوارەی) بەڕێکەوتن و گەرەکە پرسیار لەبارەی بنەڕەتیان بکرێت. ئیبن سینا لە ڕەوتی خەریکبوونیدا بەم پرسیارەوە گۆڕان بە جیاوازیکردنێک دەدات کە ئەڕیستۆتێلیس نەیدەناسی. جیاوازیکردنەکە کاتێگۆریانە دوو کایەی بوون لەیەک جیادەکاتەوە: لە لایەک خودای بۆ خۆ هەبوو ی بەزەرووری-هەبوو کە کرۆکی هاوکات هەبوونیشی لە خۆ گرتووە، لە لایەکی دی ئافرێنراوە بەڕێکەوتە بەشیمانەیی-هەبووەکان، وەلێ کرۆک و لێرەبوون لای ئەم ئافرێنراوانە لە یەکدی جیادەبنەوە. بەمەش ئیبن سینا دیشۆتۆمییەکی (دووفاقییەکی) نوێی هێنایە نێوانەوە، بەڵێ بەگشتی گۆڕانی بە مێتافیزیکێکی نوێ دا. ئێستا ئەم مێتافیزیکە بەند نییە بەو پێشبینییانەوە کە ئەڕیستۆتێلیس (و نوێپلاتۆنییەکان) گۆڕانیان پێدابوون، بە پێچەوانەوە شرۆڤەی ترادیسیۆنیانەی بوون بەو ئاڕاستەکارییە کۆنسێپتییانەوە (بەتایبەتی هینی ئەزموونکردنی کۆنتینگێنس و دانانی خوداوە لە سەنتەردا) گرێ دەدات کە تیۆلۆگیی ئیسلامی فۆرمولەی کردبوون.
بەقەد ئەوەش دەنگدانەوەی مێتافیزیکی ئیبن سینا لە ناوچەی کولتوری ئیسلامی (و ئەوروپای لاتینی)دا لای فەیلەسوفان و تیۆلۆگان مەزن بوو. وەلێ کەمێک ئەوە لەبیرچۆتەوە کە هەر خودی ئیبن سینا هەروەها پاڵهێزی وروژێنەری گرنگی بۆ کەرتەکایەی دیکەی فەلسەفە هەبووە. ئەمە بەتایبەتی پرسیارەکانی پسیکۆلۆگی دەگرێتەوە. گەر دیدێک ئاڕاستەی لیستی کارەکان بکەین، دەبینین کە ئەو پرسیارانە ئەویان بەدرێژایی ژیانی خەریک کردبوو. ئەو بەردەوام سەرلەنوێ هەوڵی دەدا سەرنجی خوێنەرانی بەلای پرسی دەروونی ڕاسیۆنالدا ڕابکێشێت، چونکە بە دیدی ئەو سەرجەم پرسیارە بنەڕەتییەکانی بوونی مرۆڤ (شوناس، بنەڕەت و دوایەمین مەغزای ژیان) بە دەروونی ڕاسیۆنالەوە بەستراون.

ئیبن سینا لە پسیکۆلۆگیشدا جەخت لە پێشتریی هۆشەکێتی دەکات. چۆن ئۆنتۆلۆگییەکەی لە زانیارییە دەرکییەکانەوە دەرنەچوو، بەڵکو تێگەی ئاپریۆرییانەی وەک دەرچە دانا، بە هەمان شێوە دەروونناسییەکەی لەسەر بناغەی جەختییەکی زەینمەندانە (ئینتەلێکتوێل) بنیاتدەنێت نەک لەسەر بناغەی دەرککردنی دەرکەوەرەکان. ئەمە بەتایبەتی لە لێهزرینێکدا ڕووندەبێتەوە کە وەک ئەرگومێنتی “مرۆڤی فڕۆک” ناوبانگی دەرکردووە و لە “ئەلشیفا”دا، هەروەها لە تێکستی دیکەی جیاوازدا، دەبینرێت، وەلێ ئیبن سینا بەتایبەتی ڕۆشنتر وەک لە هەر جێیەکی دی لە “ئەلئیشارات وەلتەنبیهات”دا دایدەڕێژێت. لە جێیەکی گرنگی ئەم نووسینەدا هاتووە:
“بگەڕێرەوە بۆ لای خودی خۆت و لەوە بهزرێ … کە داخۆ بتوانیت نکۆڵی لە لێرەبوونت و خودت بکەیت. من مەبەستم لەوە نییە کە ئەمە تەنیا بۆ لێڕوانەرێکی ئاگامەند دەلوێت. تەنانەت نووستوویەک یان مەستبوویەک بە مەی هەرگیز کرۆکی / خودی (زاتی) خۆی لێ بزر نابێت، جا گەر تەنانەت لە زاکیرەیدا هەردەم دەروێنەیەکی ئەوی نەبێت. (هۆی ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ:) گەر تۆ پێشبینی بکەیت کە کرۆکت / خودت هەر لە سەرەتاوە بە زەینێکی سەلیم و پێکهاتەیەکی سەلیم (واتا تەواو پێگەیشتوو) چێبووە، (گەر تۆ هێشتا هەر پێشبینی بکەیت) کە خودت ئەوها سازاوە کە نەتوانێت بەشە (جەستەییە)کانی خۆی ببینێت و چوارپەلی بەر یەک نەکەون، بەڵکو جیاکراوە لە یەکدی و بۆ ساتێک لە هەوای واڵادا هەڵواسرابن، ئەوسا دەشێت بتوانیت تێبگەیت کە کرۆکت / خودت لە هیچ شتێک بەئاگا نییە – جگە لەوە کە ئەو لەگۆڕێیە (existiert)”.
ئیبن سینا پرسیارێک بەم لێهزرینەوە گرێ دەدات: ئایا ئێمە لە ڕاستیدا بە چی دەرکی خۆمان دەکەین؟ ئەوە هەڵبەتە نەک بە دەرکەوەرەکانمان، بە کردارێک، بەڕێی لەشەوە، ئەوە بە هیچ شێوەیەکیش بە دەستوێژێکی یاریدەدەری دەرەوەی کەسمان ڕوونادات، نەخێر، بەڵکو هێزێکی ناجەستەیی هەڵگری خودئاگاییمانە و ناوی دەنێین دەروون. ئەوە دەروونە کە بەسەر لەشماندا سەروەرە و دەیئاژوێت؛ ئەو لەنێو ئێمە خۆماندایە، هەروەها هەردەم یەکە. بەڵێ، وەک چۆن ئیبن سینا لە کۆتاییدا دەیخاتە پێش چاوانی خوێنەرانی، ئەو بە هیچ شێوەیەک لە ئێمە جیاناکرێتەوە، چونکە: “ئەو لە ڕاستیدا تۆیە”.
مەبەستی ئەرگومێنتەکە ڕۆشنە: دەیەوێت بەبەڵگەوە هەبوونی کرۆکێک / خودێک لە هەر مرۆڤێکدا بسەلمێنێت. ئەم خودە هەردەم لەگۆڕێیە، تەنانەت لەکاتی نووستن (ئەمە ترۆپکێکی تیژکراوەیە دژی تیۆلۆگەکانی ئیسلام) و هەروەها لە ڕەوشی مەستیدا، ئێمەش لە دابی دێرینەوە ناومانناوە “دەروون”. بێگومان چەند سەرئەنجامێکیش بە هێڵی سەرەکیی ئەرگومێنتەکە تێکەڵ دەبن، چونکە ئیبن سینا نایەوێت تەنیا بەبەڵگەوە بیسەلمێنێت کە ئێمە دەرووندارین، بەڵکو هەروەها دەیەوێت پێشانی بدات کە چۆن دەروون پێکهاتووە، لێرەشدا ئێمە ئەزموونی چەند تایبەتمەندییەکی تەواوکەری یەکدی دەکەین: یەکەم، دەروون ناجەستەییە (ئاخر سەلماندنی بەند نییە بە دەرککردنی دەرکەوەرێکەوە)؛ دووەم، دەروون سەربەخۆیە لە لەش (و بۆیە دەتوانێت دوای مەرگ بمێنێتەوە)؛ سێیەم، دەروون تاکەکەسییە (ئیندیڤیدوێلە)، چونکە نەک تەنیا لای هەر تاکە مرۆڤێک شیاوی سەلماندنە، بەڵکو هەروەها بریتییە لە خود و تاکەکەسێتیی ئەو.
بەمەش ئیدی پرسێک دەڕاستێنرێت: دەبێت سەرجەم هزرین لەبارەی مرۆڤ لە دەروونی ڕاسیۆنالەوە دەربچێت کە “سەرەتا”ی مرۆڤە، چونکە ئەمە کە مرۆڤ وەک کەس و سەبژێکتی هزرڤان بنیاتدەنێت؛ دەروونی ڕاسیۆنال هاوکات هەڵگری دوایەمین مەبەستی ژیانی مرۆڤە، چونکە کرۆکی ڕاستینە و لەناونەبری ئەوە. گەر مرۆڤ لە ڕەوتی ژیانیدا بۆی بلوێت دەروونی ڕاسیۆنالی خۆی بە یاریدەی مەئریفە کامیل بکات، ئیدی بەو ئامانجە دەگات کە بۆی دەستنیشانکراوە، ئەوسا ئیدی بە بەختیاریی ئەبەدی شاد دەبێت – وەک خەڵاتێکی شایستە بۆ ئەو کۆششە هۆشەکییانە کە ئەو تاکەکەسییانە ئەنجامی داون (نەک وەک ئەنجامی ژیان لە دەوڵەتێکی نموونەییدا، وەک چۆن فارابی گۆتبووی).
ئیبن سینا بە پەیڤی جەختلێکەر، پەیڤی تا ڕادەیەک بانگەوازدەر بۆ ڕامان و ئەزموونکردنی میستیکی، ڕێگەی دەروونی ڕووەو مەئریفە داڕشت (بەتایبەتی لە کۆتایی “ئەلئیشارات وەلتەنبیهات”دا). ئەمە بوو بە هۆیەک کە هەندێک ڕاڤەکاری مۆدێرن تانوتی نوێنەرایەتیکردنی دوو ڕێبازی لێبدەن: ڕێبازێکی ڕاسیۆنال کە بەگوێرەی فەلسەفەی ئەڕیستۆتێلیس ئاوەڵا دەبێت و لە “ئەلشیفا”دا دەگات بە ترۆپکی خۆی، ئەوجا ڕێبازێکی “باڵاتر”ی دانایی کە میستیک و نەزەری ڕاستەوخۆ ئیلهامیان پێبەخشیوە؛ ئەمیان، پەیوەندکراو بە نووسینێکی سەردەمی درەنگترییەوە (بە ناونیشانی خۆرهەڵاتییەکان کە بەشی هەرە زۆری بزر بووە) وەک “فەلسەفەی خۆرهەڵاتی / مەشریق” دیاری دەکرێت. وەلێ ئەمڕۆ دەتوانین ببێژین کە ئەم جۆرە ڕاڤەکردنە بەسەرچووە. ئاخر هیچ نیشانەیەک بۆ ئەوە لەگۆڕێ نییە کە ئیبن سینا لە هیچ کاتێکدا لە چێوەی ئەو جۆرەی ئەرگومێنتهێنانەوە دەرچووبێت کە ئاوەزمەندانە شیاوی لێتێگەیشتنە. بە پێچەوانەوە ئەوە ڕاستە کە ئیبن سینا لەو شیمانانە توێژییەوە کە ئەم چێوەیە دەیانخاتە بەردەم، ئەمەش بەو ڕاستییە خویا دەبێت کە ئەو لە کارەکانیدا نەک تەنیا بە شێوەی جیاوازی داڕشتن کاری دەکرد (بەڵگەهێنانەوەی سیلۆگیستی، “ئیشارات”، “وەبیرهێنانەوە”، ئاللێگۆری و هتد)، بەڵکو ئەمە هەروەها بە ڕێبازی مەئریفەکەی خودی ئیبن سینا ڕووندەبێتەوە، کە هاوفۆرمییانە بنیاتی نەناوە، بەڵکو ڕێ بە شێوازی جیای ڕاسیۆنالێتی دەدات.

یەکێکی شێوازەکان بەو ڕێگەیەی مەئریفە دەگونجێت کە ئێمە لەم نێوانەدا لە ڕێبازی ترادیسیۆنیانەی زەینەوە دەیناسین. ئیبن سینا لێرەدا لەسەر ئاڕاستەکارییەکانی کندی و فارابی دەڕوات (…)، چونکە ئەمیش هاوشێوەی ئەوان چوار پلەی تێگەیشتن وەردەگرێت، هێندە نەبێت کە جیاواز لە ئەوان ڕاڤەیان دەکات. دەبێت بەگوێرەی دابەشاندنەکەی ئیبن سینا ئەم چوار قۆناغەی پرۆسەی مەئریفە جیابکەینەوە: زەینی شیمانەیی / هێزەکی، واتا توانستی پەتیی مرۆڤ (هەروەها زارۆکیش) بۆ هزرین کە جارێ گۆڕانی نەبینیوە؛ زەین بە ڕیزبەندیی پێکهێنراوییەوە کە لە پریما ئینتێلیگیبلیا، واتا لە تێگە “ئاپریۆری”یەکان” (بوون، شت، شیمانە، زەروورە و هتد) و هەروەها لە پرنسیپە بەڵگەنەویستەکان (یاسای سێیەم بەدەرکەر و هتد) بەئاگا هاتووە؛ زەینی کردەکی (ئەکتوێل) کە هەروەها لە سێکوندا ئینتێلیگیبلیا (تێگە لێکدراوەکان، بەڵگە و هتد) تێگەیشتووە؛ ئەوجا زەینی بەدیهێنراو کە تێیدا دەروونی ڕاسیۆنال خۆی وەک هزرکەری کردەکی و بەتەواوەتی زانەر ڕیالیزە دەکات. بەمەش هەر چوار پلەکە (نەک سێ پلە وەک لای کندی و فارابی) دەدرێنە پاڵ ڕێگەی مەئریفەی تاکە مرۆڤ. بە پێچەوانەوە زەینی چالاک کە ئیبن سیناش گەردوونییانە ڕاڤەی دەکات، لای ئەو لە ڕیزی قۆناغەکانی مەئریفەدا نییە، بەڵکو وەک لایەنی پێنجەم (یان پرنسیپی ڕێبەر) بەرانبەریان دایدەنێت.
بێگومان ئیبن سینا هەروەها ئاشنای شێوەیەکی دیکەی ناسینە و ناوی دەنێت ئینتوئیتسیۆن (حەدەس). ئەمە هەندێک جار تێڕوانینێکی ئەوتۆی لەتەک خۆیدا هێناوە کە هەروەک مەبەستی ئەو لەم شێوەیەی ناسین نەزەری نا-ڕاسیۆنال و میستیکی بێت، کەچی ئەوەی ڕاستی بێت باڵاترین فۆرمی ڕاسیۆنالێتییە، ئەویش چونکە ئیبن سینا کۆنسێپتەکەی لەسەر تێگەی ژیریی ئەڕیستۆتێلیس (بە گریکی: ئانخینۆیا، بە ئەرەبی: زەکائ) بنیات دەنێت. ئەو لەم تێگەیەوە گۆڕان بە تێگەیشتنێک لەبارەی ناسین دەدات کە ڕۆشنتر توانستە ڕاسیۆنالەکان دەردەخات. کێ حەدەسی هەبێت، ئەو کەسە بەسانایی لە سەرجەم تێگەکان و سەرجەم پەیوەندییەکانی سەلماندن (بەتایبەتی لە نێوانەتێگەی سیلۆگزمێک) تێدەگات. ئەو کەسە خۆی بە هیچ شێوەیەک لەو ئۆپەراسیۆنە لۆگیکییانە لانادات کە ئێمە لە “ئۆرگانۆن” و ڕاڤەکردنەکانییەوە دەیانناسین، بەڵکو خێراتر لەوە کە باوە بەنێویاندا ڕەتدەبێت. بەڕاستیش ئیبن سینا ڕوونی دەکاتەوە، هەمیشە سەرلەنوێ مرۆڤان هەن کە تێڕوانینەکانیان زۆر لە زانینی مامۆستایان و هاوچەرخانیان تێدەپەڕن. ژمارەیەکی زۆر لە فەیلەسوفانی ڕابردوو سەر بەو کەسانە بوون، پێش هەموویان ئەڕیستۆتێلیس، بەبێ گومان ئەو خۆیشی، وەک چۆن لە هەندێک جێی ئۆتۆبیۆگرافییەکەیدا دەردەکەوێت.

جگە لەوە کۆنسێپتی حەدەس دەرفەتی جیاکارییەکی دیکە بۆ ئیبن سینا دەڕەخسێنێت. ئەمیان پەیامهێنی (پێغەمبەرێتی) دەگرێتەوە کە لە جڤاکی ئیسلامیدا هەروەها وەک ڕێگەی مەئریفە ناسێنرابوو، بۆیە دەبوو لە تیۆرییەکی مەئریفەدا کە نیازی بەهەندوەرگرتنی سەرجەم شێوەکانی زانینی هەبێت، ئاوڕ لە ئەمیش بدرێتەوە. فارابی ئەم پرسەی بەوە ڕوونکردبۆوە کە پەیامهێنان توانستێکی زۆر تایبەت بەهێزی پێشبینیکردنیان هەیە، ئەمەش دەرفەتی بۆ ڕەخساندوون کە سروش (واتا وێنە و هێما) لە زەینی چالاکەوە وەربگرن و بیگەیەنن بە لایەنگرانیان. بێگومان ئەم ڕوونکردنەوەیە لەنێو چێوەی کۆنسێپتی ئاییندا لای فارابی (…) لۆگیکی بوو، وەلێ هاوکات نیشانەی ئەوەش بوو کە فارابی ڕێزێکی تایبەتی لە پەیامهێنان نەدەنا، بۆیە کاریگەری و توانستی نەزەری ئەوانی لەسەر ئاستی توانستی پێشبینیکردن سنووردار کرد. لەبەر ئەم هۆیە ئیبن سینا هەنگاوی نا تاکو پەرە بە تێگەیشتن لە پەیامهێنی بدات، لێرەشدا گۆڕانکارییەکی گرنگی کۆنسێپتییانەی ئەنجام دا کە بریتی بوو لە وەرگرتنی دوو ئاستی پەیامهێنی. یەکێکیان بەو توانستە دەگونجێت کە فارابی دایڕشتبوو. کەواتە لێرەش سەرلەنوێ مەبەست لە شکۆفەی تایبەتی توانستی پێشبینیکردنە کە توانا بە پەیامهێنان دەدات وێنە و هێما لە زەینی چالاک وەربگرن. ئاستەکەی دیکە بە پێچەوانەوە ڕاسیۆنالە. ئاخر بە دیدی ئیبن سینا زەینی پەیامهێنیش (واتا دەروونە ڕاسیۆنالەکەی) لە پەیوەندیدایە بە زەینی چالاکەوە وەک ڕێبەری سەرجەم پرۆسە هۆشەکییەکان. بۆیە پەیامهێن نەک تەنیا لە شێوەی هێما و دەروێنەی بەشەکیدا ڕاستی دەناسێت، بەڵکو هەروەها وەک پاشهاتی دەرئەنجامگیری و سەلماندن کە چواندنی گشتگیریان هەیە، کەواتە لەو شێوە بورهانییەدا (دێمۆنستراتیڤەدا) کە فەیلەسوفەکان بایەخی پێدەدەن. بێگومان پێویست نییە کە پەیامهێن زۆر تێبکۆشێت بۆ ئەوەی فێری هەر ئەرگومێنتێک و یەک بە یەکی سیلۆگیزمەکان ببێت تاکو ئیدی لە ڕاستی تێبگات؛ ئەوە پێویست نییە چونکە پەیامهێن خاوەنی حەدەسە، بۆیە -هاوشێوەی مامۆستایانی نێو فەیلەسوفان – هەر لە یەکەم تێگەیشتندا پەی بەوە دەبات کە گۆتەیەک لە چە پەیوەندییەکی لۆگیکیدایە.
نموونە زۆر بەجوانی پێشانی دەدات کە چۆن ئیبن سینا لەو چاوەڕوانییە جیاواز و دەستپێکە هزرییە (ئایینی و تیۆلۆگی و فەلسەفەییانە) دەدوێت کە ڕووبەڕووی بووبوونەوە، لێرەشدا ناخزێتە ڕاڕاییەوە لە نێوانیاندا و وەک ئەلتەرناتیڤی هاوبەها لێیان ناڕوانێت. هەمیشە فەلسەفە چێوەی کۆنسێپتییانەی ئەو دەمێنێتەوە. وەلێ ئەم فەلسەفەیە، لە ڕووی کایەی بابەت و ئاگایی کێشەکانەوە بەربژێر نییە، بەڵکو کراوەیە بۆ خواستە ئاینی و پرسیارکردنە تیۆلۆگییەکان. ئەمە دەشێت – جگە لە پەیامهێنی – بە ڕیزێک پرسی دیکە بسەلمێنرێت (نوێژ، خەون و هتد). وەلێ پێدەچێت ئەم پرسە ئاشکراترین بێت، گەر بڕوانین کە چۆن هەڵوێستەکە سەرکەوتووانە لە مامەڵەکردن لەتەک قورئاندا بەجێدەگەیەنرێت.
نموونەیەکی جوان بۆ ئەم مامەڵەکردنە بریتییە لە جۆری تەئویلکردنی سورەتی 24 (ئەلنور – و)، ئایەتی 35، لە لایەن ئیبن سیناوە. لەو ئایەتەدا دەگۆترێت: “ئەڵڵا نوری ئاسمانەکان و زەمینە، نوری ئەو هاوشێوەی تاقێکە چرای تێدا داگیرسێنرابێت، چراکە لە گڵاسێکی شووشەییدا بێت، گڵاسەکە هێندە درەوشاوە بێت هەروەک ئەستێرەیەکی تروسکەدار بێت، (چراکە بە زەیتی) دارزەیتونێکی پیرۆز داگیرسابێت کە نە خۆرهەڵاتی و نە خۆرئاواییە، و زەیتەکەی نزیکەی ڕووناکی دەخاتەوە بەبێ ئەوەی هەرگیز ئاگری بەرکەوتبێت – نور لەسەر نور…”(1).
ئەم ئایەتە بە درێژایی کات چەندین جار تەئویلکراوە، لێرەشدا هیچ هۆشسووڕهێنەر نییە کە لە نێویاندا ڕیزێک تەئویلی میستیکی یان غەیبانی هەیە. وەلێ ئایەتەکە بۆ ئیبن سینا (بەگوێرەی “ئەلتەئشیرات وەلتەنبیهات”) “ئاماژەیەکە” بۆ ڕاسیۆنالێتیی ئێمە: ئەو – بە ئاللێگۆری – ئەدگاری تایبەتی مەئریفەمان دادەڕێژێت. ئاخر بە دیدی ئیبن سینا هەر بابەتێکی ناوبراوی نێو تێکستەکەی قورئان دەتوانێت توخمێکی گرنگی تیۆریی مەئریفەکەی ئەو دیاری بکات: “نور” هێمای مەئریفەیە، “ئاگر”ەکە هێمای زەینی چالاکە، “چرا”ی نێو “تاق”ەکە کە تێیدا ڕوناکی دەخرێتەوە، هێمایە بۆ زەینی شیمانەیی تاکە مرۆڤ؛ بۆ ئەوەی زەینی شیمانەیی دابگیرسێت، پێویستی بە زەیت یان بە “دارزەیت”ە و بەمەش مەبەست لە لێهزرینی ئێمەیە. ئەوجا “زەیت”ێکی دیکە لەوێدایە کە “نزیکەی ڕوناکی دەخاتەوە بەبێ ئەوەی هەرگیز ئاگری بەرکەوتبێت”. ئەمیان هیچی دیکە نییە جگە لە ئینتوئیتسیۆن / حەدەس. وەلێ ئەمە بە بڕوای ئیبن سینا – وەک چۆن ئێستا دەزانین – تەنیا مۆرکی فەیلەسوفە بەواتاکان نییە، بەڵکو هاوکات مۆرکی پەیامهێنانیشە.
————————————-

تێبینیی وەرگێڕ:
(1) بۆ وەرگێڕانی ئەم ئایەتە سوودم لە وەرگێڕانەکەی هەژار موکریانی وەرگرتووە.

گلۆسار
ئاللێگۆری: واژەیەکی گریکییە بەواتای “زمانی ڕووپۆشراو”، لەبەر ئەوەی وێنەییانە دادەڕێژێت، ئەوا هاوشێوەیی لە خوازە / مێتافۆر هەیە، وەلێ تایبەتمەندییەکەی بەتایبەتی بە بەراورد لەتەک سیمبۆلدا ڕووندەبێتەوە. سیمبۆل تەنیا یەک ئەدگاری هەیە: تایبەتێتی دەکات بە گشتێتی (“دڵ” بریتییە لە هێمای “خۆشەویستی”). ئاللێگۆری بە پێچەوانەوە داڕشتنی وێنەیی تێگەیەکی ئەبستراکتە، کەواتە گشتێتی دەکات بە تایبەتێتی و بەزۆریش بە کەساندن دایدەڕێژێت، کە دەشێت لە نێویدا چەند سیمبۆلێک هەبن و تەئویل بکرێن؛ بۆ نموونە لە شێوەسازیدا تێگەی یان گشتێتیی “مەرگ” دەکرێت بە پەیکەرێکی ئێسکی کە داسێکی بەدەستەوە گرتووە.
ئاپریۆری: تێگەیەکی تایبەتیی کانتە لە “ڕەخنەی ئاوەزی پەتی”دا، بە واتای: پێشئەزموونی بە پێچەوانەی ئاپۆستەریۆری = پاشئەزموونی. لەم ڕوانگەیەوە ئێمە دەشێت لە لایەک تەنیا بەڕێی زەینی پەتییەوە مەئریفەمان هەبێت بەبێ ئەوەی دەرکەوەرەکانمان بناغەی بن، وەلێ لە لایەکی دیکەوە دەشێت مەئریفەمان دوای دەرککردن بێتە ئاراوە.
بەڕێکەوت: شیمانەیی. بڕوانە “کۆنتێنگێنت” لە خوارەوە.
بەشەکی (پارتیکولار): تەنیا بەشێکی یان ڕوویەکی شتێک دەگرێتەوە. “زەیندەوەر” گشتگیرە، “کۆتر” تەنیا کەرتێکە لەنێو زیندەوەراندا.
دەرکەوەر: بەگوێرەی “زاراوەسازیی پێوانە”ی مەسعود محەمەد سازێنراوە وەک تێگەیەک بۆ “سێنس”ی لاتینی کە ئۆرگانییە (هەست نییە!!)، وەک: دەرکەوەری بینین، بیستن، بۆنکردن، چێژتن، گرتن.
ئێکزیستێنس: لێرەبوون (Dasein)ی شتێک بەبێ ئەوەی جارێ بەوردی دیاریکرابێت.
ئێسێنس: (بەتایبەتی لە ئۆنتۆلۆگیدا) بریتییە لە کرۆکی، سروشتی ناخەکی یان ئەوها-بوونی شتێک.
ئەدەبیاتی لاوەکی: ئەو نووسینانەن کە بۆ نموونە لە فەلسەفەدا وەک توێژینەوە لەبارەی فەیلەسوفێکی بەواتا نووسراون. لێرەدا کارەکانی ئەو فەیلەسەفە دەبن بە ئەدەبیاتی سەرەکی.
ئەزموونکردنی بەڕێکەوت: ئەزموونکردنی شیمانەیی نەک زەرووری. مەبەست لە ئەزموونکردنی شتەکان یان قەوارەکانە کە هەبوونیان یان نا-هەبوونیان نە زەروورییە و نە نەشیاوە (مەحاڵە).
فەلسەفەی خۆرهەڵاتی (مەشریق): فەیلەسوفەکانی بۆ نموونە بریتین لە کندی، ڕازی، ئیخوان ئەلسەفا، فارابی، ئیبن سینا، بە پێچەوانەی فەلسەفەی خۆرئاواییەوە (مەغریبەوە) کە بۆ نموونە فەیلەسوفەکانی بریتین لە ئیبن باجە، ئیبن توفەیل، ئیبن ڕوشد.
گەوهەر (زوبستانس): ئەوەکەیەک کە بۆ لێرەبوونی خۆی پێویستی بە لێرەبوونی ئەوەکانی دی نەبێت، بەڵکو خۆی بناغەی خۆی بێت.
گۆتە: لە لۆگیکی ئەڕیستۆتێلیسدا (هەروەها ناودەنرێت پرنسیپی دوو-بەهایی ئەڕیستۆتێلیس) بریتییە لە پێکهاتەیەکی زمانییانە (ڕستە / دەربڕین) و پەیوەند پێوەی باش دەبێت کە لەبارەی بپرسرێت داخۆ ڕاست یان هەڵە بێت، کەواتە داخۆ لەبارەوەگۆتراو بگرێتەوە یان نەگرێتەوە.
هەڤرایەڵی (کۆنتێکست): مەبەست لە هەڤ-پەیوەستبوونێکە کە بابەتێک / ڕەوشێک / فێنۆمێنێک خۆی تێدا دەبینێتەوە و گەرەکە لە نێویدا بەهەند وەربگیرێت. بۆ نموونە: “ئەز دەڕۆم بۆ دوکان”، یان: “ئەز لە دوکانی باوکم خەریکی فرۆشیاریم”. بەم دوو ڕستەیە دەشێت دەربخرێت کە بە وشەی “دوکان” مەبەست لە چییە، ئایا مەبەست لە “شارۆچکە” یان “فرۆشگە”یەکە.
هزرپێگەیشتوو: (بە ئەڵمانی gebildet)، واتا کەسێتییەک کە بە خوێندنەوە، توێژینە و خۆپێگەیاندن بووە بە خاوەنی هۆشێکی پێگەیشتوو، کە دەشێت “ڕۆشنبیر” بێت (گەر خۆی لە گۆشەنیگای ڕۆشناییەوە پێگەیاندبێت)، وەلێ دەشێت “تاریکبیر” (بۆ نموونە فەیلەسوفێکی ڕەشبین) بێت.
ئینتوئیتسیۆن (حەدەس): ناسینی یان لێڕوانینی ڕوون و ئاشکرا وەلێ کتوپڕ و ڕاستەوخۆی ڕەوشێک یان بابەتێک، ڕاستەوخۆییەکەش نیشانەی ئەوەیە کە ناسینەکە/لێڕوانینەکە بە هزرین یان پەرچاندن بەدینەهێنراوە، واتا نا-دیسکورزیڤە.
کۆنسێپت: مۆدێل، بەرنامەی پوختی مۆدێلێک یان تیۆرییەک.
کۆنتینگێنت (ئاوەڵناوە)، ناوەکەی بریتییە لە: کۆنتینگێنتس، بە لاتینی “کۆنتینگێنتسیا”، واتا “ئەوە کە ڕوودەدات” یان “ڕێکەوت”. ڕوودان شیمانەییە، بەڕێکەوتە، کەواتە دەشێت شتێک ڕووبدات یان ڕوونەدات، بە پێچەوانەی ڕوودانی زەروورییەوە
میستیک: پڕنهێنی. جیهانبینییەکی ئایینییە کە تێیدا کەس کۆشش دەکات بۆ ئەوەی بە ڕامان و زوهد لەتەک خوددا یەکانگیر ببێت، بۆ نموونە لە تەسەوفی ئیسلامیدا.
ئۆنتۆلۆگی: جۆرێکی فەلسەفاندنە کە لە بارەی بوونی بوونەوەرەکان دەپرسێت.
ئۆرگانۆن: ناونیشانی نووسینە لۆگیکییەکانی ئەڕیستۆتێلیسە.
پرنسیپی بەڵگەنەویست (ئەکسیۆم): بنەڕەتێک کە بەڕەهایی وەک ڕاست ناسێنراوە، یان ڕاستییەک کە پێویستی بە سەلماندن، بەڵگەبۆهێنانەوە، نییە، هاوکات گۆزارە نییە و لۆگیکییانە دەرئەنجامێنرابێت. بۆ نموونە لە ئەندازەدا: لە نێوان دوو پنتدا تەنیا دەشێت ڕاستەهێڵێک هەبێت.
پریما ئینتەلیگێبلیا: ئینتێلیگیبل وەک ئاوەڵناو ئەوەیە کە تەنیا هۆشەکییانە بە زەین دیاریدەکرێت، کەواتە ئێمە ناتوانین بە دەرکەوەرەکانمان دەرکی بکەین، وەک قەوارە هۆشەکییەکانی “بوون”، “شت”، یان “ئیدێ”.
ئێنتیتێ (قەوارە): واتا هەبوو، لەگۆڕێبووی بەرجەستە، وەلێ هەروەها کرۆکێکی هۆشەکیش. مەبەست لە یەک تاکە بوونەوەرە، بۆ نموونە کەسێک، بابەتێک، ڕووداوێک.
سیلۆگیزم: پێوەرناسی (عیلم ئەلقیاس)، کە ئەڕیستۆتێلیس گۆڕانی پێدا و کلاسیکییانە (واتا کۆن-نەبوو) چەسپاندی. گەر ئێمە دوو پێشدانراومان / پرێمیسمان وەک سەرڕستە و ژێرڕستە هەبێت و هەردووکیان خاوەنی نێوانەتێگەیەک بن، ئەوا دەتوانین لێوەیان دەربئەنجامێنین. سەرڕستە: سۆکرات مرۆڤە؛ ژێرڕستە: مرۆڤ بمرە؛ دەرئەنجام: سۆکرات بمرە. لە سەرڕستەدا سۆکرات بکەرە / سەبژێکتە، مرۆڤ دراوەپاڵە / پرێدیکاتە؛ لە ژێرڕستەدا مرۆڤ بکەرە، بمر دراوەپاڵە. مرۆڤ لە سەرڕستە و ژێرڕستەدا نێوانەتێگەیە.
تێگە: (بە ئەرەبی “مەفهوم”، بە ئەڵمانی “بێگریف / Begriff”. ئەم واژەیە دەگەڕێتەوە بۆ جەمال نەبەز، ئەز لەبریی واژەی هەڵبەستڤانییانەی “چەمک” بەکاریدەهێنم کە بەهۆی نادیاریی کرۆکییەوە نازانرێت چی دەگەیەنێت، بۆیە بەزۆریی خواوەکیلی یان ڕەوانبێژییانە بەکاردەهێنرێت.
خشتەی کۆنسێپتی (konzeptueller Rahmen): مەبەست لە بونیادێکی بەخشتەکراوە کە وەک زەمینەی توێژینەوە لە ڕەوشە یان لە فێنۆمێنە ئاڵۆزەکان دادەنرێت.
یاسای سێیەم بەدەرکەر: یەکێکە لە یاساکانی لۆگیکی ئەڕیستۆتێلیس کە دەبێژێت: لە نێوان بوون و نابوونی شتێکدا سێیەمێک ناشێت. شتێک یان هەیە یاخود نییە. گۆتەیەک تەنیا بۆ خۆی و پێچەوانەکەی چواندنی هەیە، چواندنی سێیەمێک نەشیاوە. بۆ نموونە: هەموو شتێک (گەردوون) دەبێت هەبێت یان نەبێت، یان: “گەردوون ئەزەلییە”، “گەردوون ئافرێنراوە”، سێیەمێک لە نێوان ئەم دووانەدا نییە.
زەین: هێزی هزرین
زەینی چالاک: ئەم تێگەیەی ئەڕیستۆتێلیس کە تا ئێستا لە داڕشتنی هزری هەندێک فەیلەسوفی ئیسلامیدا بەردەوام ئاماژەی پێدەدرێتەوە، ڕوونکردنەوەی وردتری بۆ پتر لێتێگەیشتن گەرەکە.
ئێمە لای ئەڕیستۆتێلیس دوو جۆر زەینمان هەیە و بریتین لە زەینی ناچالاک و چالاک، ئەم تێڕوانینەش بەندە بە جیاوازیکردنی نێوان “کەرەسە” و “فۆرم”ەوە. کەرەسە شیمانەییە، پۆتێنسیەلە، وەلێ فۆرم کردەکییە، ئەکتوێلە، و ئەڕیسۆتێلیس ناوی دەنێت “ئێنێرجێیا”. هەردووکیان گەوهەرن (زوبستانسن). یەکەمیان لە تاکەکاندا دەردەکەوێت، بۆ نموونە یەک تاکى مرۆڤ، درەختێک، وەلێ دووەمیان (فۆرم) گشتییە و جۆر و ڕەگەزى یەکەم گەوهەر دیارى دەکات، بۆ نموونە: مرۆڤ، زیندەوەر. کەواتە گشتێتی / فۆرم لە تاکە شتەکان سەربەخۆ نییە، چونکە لە نێوان تاکێتی و گشتێتیدا، کەرەسە و فۆرمدا، پەیوەندییەکی هۆئەنجامی (تێلیۆلۆگیانە) هەیە. لێرەدا دەرککردن دەستپێکی پرۆسەی مەئریفەیە.

سەرەتا دەرککردن فۆرمێک بە هۆش دەناسێنێت کە لەنێو شتێکى جیهانى ماتەریدایە. ئێمە لێرەدا گشتێتییەکى سەرەتاییمان لەنێو هۆشدا هەیە و ئەڕیستۆتێلیس ناوى دەنێت “فۆرمى دەرکی”. ئەوجا گەر ڕیزێک پێشبینیى هاوجۆر لەنێو یادوەریماندا کۆببنەوە، ئەوسا لێوەیان پێشبینیى دیکە دەسازێنین و گشتێتییەکەیان بەرزترە لە گشتێتیی پێشبینییە دەرکییەکان. بۆ نموونە سەرەتا پێشبینیى ئاژەڵێکى تایبەتیمان هەیە کە ئەسپێکە. ئەم پێشبینییە بریتییە لە گشتێتییەک. گەر پاشان کۆمەڵێک پێشبینیى دیکەى لەم جۆرە کۆ ببنەوە، بۆ نموونە پێشبینیى ئەسپ، کەر، شێر، گورگ و هتد، ئیدی بەڕێی کارایی زەینەوە دەگەین بە پێشبینیى ئاژەڵ کە ئاستێکی باڵاى گشتێتیی هەیە. ئەڕیستۆتێلیس ئەم پێشبینییە ناو دەنێت “تایبەتمەندیى زەینى”، وەلێ جارێ لە ناوەرۆکدا پێشبینییەکی دەرکییە و لەنێو دەروونى نزمى بمردایە. ئەمە بریتییە لە زەینی ناچالاک کە پاشان زەینى چالاک (نووس) دەستى بەسەردا دەگرێت و لێوەى کرۆکی تێگەیى (ئیدیەل) دەردەکێشێت. کەواتە کرۆکی تێگەیی بەشیمانەیی (پۆتێنسیەل / هێزەکییانە) لەنێو پێشبینییەکاندایە و زەینی چالاک دەیکات بە کردەکی (ئەکتوالیزەی دەکات). گەرچی زەینی چالاک بەبێ پێشبینییەکان ناهزرێت، وەلێ خۆی پرنسیپێکى ئافرێنەرە و بەبێ کاریگەریى پێشبینییە ماتەرییەکان گۆڕان بە تێگەکان دەدات، چونکە هیچ شتێک پێی تێکەڵ نەبووە، بەڵکو سەربەخۆیە. لەبەر ئەم هۆیە ئەڕیستۆتێلیس بە ئەزەلى و نەمری دادەنێت.

mm

Lives in Braunschweig From As Sulaymaniyah, Iraq

Previous
Next
Kurdish